ڕۆمان چییە؟

لە ئینگلیزییەوە: داستان گەڵاڵەیی

ڕۆمان چیرۆکێکی خەیاڵی (fiction) پەخشانییە کە درێژییەکی دیاریکراوی هەیە. تەنانەت پێناسەیەکی سادە و ساکاری وەک ئەمەش ناتوانێت بە تەواوی ڕۆمانمان پێ بناسێنێت، چونکە هەموو ڕۆمانێک بە پەخشان نەنووسراوە. ڕۆمان هەیە بە زمانێکی شیعری نووسراوە وەک ‘یۆڤگێنی ئۆنێگین’ی پوشکین (١٧٩٩-١٨٣٧) و ‘دەروازەی زێڕین’ی ڤیکرام سێت. کێشەیەکی دیکە کە ئەم پێناسەیە لەخۆی دەگرێت، کێشەی خەیاڵە. چونکە جیاکردنەوەی خەیاڵ لە ڕاستی شتێکی ئەوەندە ئاسان نییە. هەروەها، ئەم پێناسەیە ئاماژە بە درێژییەکی دیاریکراو دەکات. هەر بە ڕاست دەبێت ڕۆمان بە ژمارەی لاپەڕەکانی دیاری بکەین! جیاوازیی ڕۆمانۆکە (novella) و چیرۆکێکی درێژ لەگەڵ ڕۆمان چییە؟ ‘ڕەوشتسز’ی ئاندرێ ژید (١٨٦٩-١٩٥١) بە ڕۆمان دادەنرێت لەکاتێکدا ‘بەربەرەکانێ’ی ئانتۆن چێخۆڤ (١٨٦٠-١٩٠٤) بە کورتە چیرۆک ناو دەبرێت هەرچەندە هەردووکیان ژمارەی لاپەڕەکانیان زۆر لە یەکەوە نزیکە.

ڕاستییەکەی، ڕۆمان ژانەرێکە کە ناتوانین پێناسەیەکی دیاریکراوی بۆ بکەین. ئەمەش زۆر جێی سەرسووڕمان نییە، چونکە زۆر شتی تریش هەیە ناتوانین پێناسەیەکی دیاریکراویان بۆ بکەین وەک جۆری یارییەکان یان ئاستی تووکنێتی مرۆڤێک دیاری بکەین کە چەندە لە مەیمونێک دەچێت. بەڵام ئەوەی لێرەدا ڕۆمان جیا دەکاتەوە، ئەوەیە ڕۆمان نەک هەر پێناسەیەکی دیاریکراو لەخۆ ناگرێت بەڵکوو پێناسەکان لەخۆیدا فڕێ دەدات. ڕۆمان ژانەرێکی دژە ژانەرە. هەموو شێوازە ئەدەبییەکانی تر تێکدەشکێنێت و شتێکی نوێ و جیاوازتریان لێ دروست دەکات. ڕۆمان دەکرێت لە یەک کاتدا هەموو ئەمانە لەخۆ بگرێت: شیعر، دیالۆگی ورووژێنەر، داستانی قارەمانێتی، هەڵبەستی شوانان، تەنز، مێژوو، شیعری ماتەمینی، تراژیدی و چەندان شێوازی تری ئەدەبی. هەر بۆیە ڤێرجینیا وۆڵف (١٨٨٢-١٩٤١) لە شوێنێکدا ڕۆمان بە “ڕامترین شێوازی ئەدەبی” پێناسە دەکات. ڕۆمان سوود لە ژانەرە ئەدەبییەکانی تر وەردەگرێت، و دەیانکات بە شتێکی تەواو جیاواز یان دەکرێت بڵێین دەیانگۆڕێت بۆ پێکهێنەرەکانی خودی ڕۆمان خۆی. بۆیە دەکرێت بڵێین ڕۆمان شاژنی ژانەرە ئەدەبییەکانە، هەرچەندە ئەم ناونانە ڕەنگە بە قەدەر ئەو وشانەی لە کۆشکی بەکینگهام گوێمان لێ دەبێت ئاست بەرز نەبن.

ڕۆمان وەک چێشتی مجێور وایە. هیچ شتێک نییە نەتوانێت لەخۆی بگرێت. دەتوانێت لە هەشت سەد لاپەڕەدا بە شێوەیەکی بنکۆڵکارانە باسی ویژدانی مرۆڤت بۆ بکات. یان سەرکێشییەکانی پیاوێکت بۆ بگێڕێتەوە، مێژووی شەش نەوەی خێزانێکت پێ بڵێت و دووبارە جەنگەکانی ناپلیۆنت پیشان بداتەوە. ڕۆمان ئەو شێوازە ئەدەبییەیە زۆربەی کات گرێدراوی چینی نێوەڕاستە چونکە ئەم چینە حەزی لە ئازادییەکی ڕەهای بێکۆتوبەندە. لە جیهانێکدا کە هەروەک دۆستۆیێڤسکی دەڵێت گەر خودا مردبێت هەموو شتێک ڕێگەپێدراوە. بە هەمان شێوە لە جیهانێکدا کە دەسەڵاتی فەرمانڕەواییی ڕەها باوی نەماوە، چینی نێوەڕاست هەوسارەکەی گرتووەتە دەست. ڕۆمان ژانەرێکی ئەنارکییە[1] و پەیوەستی هیچ یاسا و ڕێسایەک نییە یان دەتوانین بڵێین یاساکانی دژەیاسان. ئەنارکیست کەسێک نییە تەنیا یاساکان دەشکێنێت، بەڵکوو کەسێکە یاساکان دەشکێنێت لەبەر یاساییبوونیان. ڕۆمانیش هەمان شت پەیڕەو دەکات. لە کاتێکدا ئەفسانەکان (myths) دووبارە دەبنەوە، ڕۆمان وەک شێوازێکی ئەدەبی پێشبینینەکراو دەردەکەوێت. ڕاستییەکەی، ڕۆمان بێسنوور بیرۆکە و شێوە لەخۆ دەگرێت، بۆیە دەتوانین بڵێین دنیای ڕۆمان دنیایەکی زۆر بەرفراوانە.

هەروەک چۆن سەختە بڵێین ڕۆمان چییە، سەختیشە بڵێین ڕۆمان کەی سەری هەڵداوە. زۆرێک لە لێکۆڵەران باوەڕیان وایە یەکەم ڕۆمان لەلایەن میگێل دی سێرڤانتێس (١٥٤٧-١٦١٦) و دانیال دێفۆوە (١٦٦٠-١٧٣١) نووسراوە. ئەم باوەڕەیان هەرچەندە عەقڵانیش بێت بەڵام بە تەواوەتی ڕاست نییە. ئەگەر مامۆستایەک لە پۆلدا بڵێت فاقە (paper-clip) لە ساڵی ١٩٠٥ داهێنراوە، کەسێک لە دواوەی پۆلەکە هەڵدەستێتەوە و بە گاڵتەوە پێی دەڵێت گۆڕێکی ئیتروسکانت[2] هەڵداوەتەوە. بیردۆزەوانی کولتووری ڕووسی وەک میخائیل باختین (١٨٩٥-١٩٧٥) سەرەتای سەرهەڵدانی ڕۆمان بۆ ئیمپراتۆرییەتی ڕۆما و داستانی ئەڤینداری (romance) یۆنانییەکان دەگەڕێنێتەوە، لە کاتێکدا مارگرێت ئان دوودی لە کتێبی ‘چیرۆکی ڕاستەقینەی ڕۆمان’دا باوەڕی وایە ڕۆمان لە منداڵدانی شارستانییەتی دێرینی وڵاتانی دەریای نێوەڕاستەوە لەدایک بووە. ڕاستە گەر نەشتوانین پێناسەیەکی ڕوون بۆ مێژووی سەرهەڵدانی ئۆتۆمبێل بکەین، سەخت نییە بی ئێم دەبڵیو بە جۆرێک لە جۆرەکان بە گالیسکەی ڕۆمانی بیبەستینەوە، بەڵام ئەمە بۆ ڕۆمان کاری نەکردەیە. ڕەنگە ئەمە هاوکارمان بێت بۆ ڕوونکردنەوەی بۆچی ئەو هەموو ئاگادارینامانە لەبارەی مردنی جۆرێکی ڕۆمان و سەرهەڵدانی جۆرێکی تر نووسراون. سەرباری هەموو ئەوانە شتێکی وەک ڕۆمان لە سەردەمە دێرینەکاندا دەبینرێت. لە سەردەمی مۆدێرندا سەرهەڵدانی ڕۆمان بە سەرهەڵدانی چینی نێوەڕاستەوە بەستراوەتەوە. بەڵام ئەوە کەی بووە؟ هەندێک لە مێژوونووسان بۆ سەرەتای سەدەی دوازدە و سێزدەی دەگەڕێننەوە.

زۆربەی لێکۆڵەران هاوڕان لەبارەی ئەوەی ڕۆمان ڕەگێکی لە داستانی ئەڤینداریدا هەیە. بێگومان ئەم ڕەگەشی هەرگیز لێ نەبووەتەوە. ڕۆمان داستانی ئەڤیندارین، بەڵام جۆرە داستانێکن سەروکاریان لەگەڵ شارستانییەتی مۆدێرندا هەیە. ڕۆمان پێکهاتەکانی داستانی ئەڤینداریی وەک پاڵەوان و بەدکار، خەیاڵپڵاوی و حیکایەتی پەریانی (fairy-tale) لەخۆی فڕێ نەداوە، بەڵام شێوازی جیاوازتری پێداون. شێوازەکانی دەبێت لە چوارچێوەی ڕەگەز و موڵکایەتی، پارە و هاوسەرگیری، بزووتنی کۆمەڵایەتی و خێزاندا بێت. ڕەنگە یەکێک بڵێت ڕەگەز و موڵکایەتی لە سەرەتاوە تا کۆتایی تێمای ڕۆمانی مۆدێرنن. کەواتە ڕۆمانی ئینگلیزی لە دێفۆوە تا وۆڵف جۆرێکە لە داستانی ئەڤینداری. ڕاستییەکەی ئەگەر بتەوێت وەک ڕۆماننووسێکی سەردەمی ڤیکتۆریا[3] لە نێو ئەو هەموو تەنگوچەڵەمەیەی سەردەمی مۆدێرندا کۆتایییەکی دڵخۆشکەرت هەبێت، هیچ شتێک ئەوەندەی داستانی ئەڤینداری هاوکار نابێت. ڕۆمانەکانی خوشکانی برۆنتێ[4]، جۆرج ئێلییەت (١٨١٩-١٨٨٠)، تۆماس هاردی (١٨٤٠-١٩٢٨) و هێنری جەیمس (١٨٤٣-١٩١٦) تێکەڵەیەکن لە شێوازی پێشمۆدێرنەی وەک ئەفسانە، حیکایەت، داستانی فۆلکلۆر و ئەڤینداری لەگەڵ شێوازی مۆدێرنەی وەک کەتوارخوازی[5]  (realism)، شرۆڤەکاری  (reportage)، بنکۆڵکاری دەروونناسیانە و ئەوانی دیکە. کەواتە ئەگەر ڕۆمان جۆرێکیش بێت لە داستانی ئەڤینداری ئەوا دابڕێنراوە لەو وەهمانەی لەو جۆرە داستانەدا هەیە.

داستانی ئەڤینداری پڕە لە چیرۆکی سەرکێشی و جەربەزەیی، لە کاتێکدا ڕۆمانی مۆدێرن ڕەمەکی دەردەکەوێت بەوەی وێنای دنیایەکی سێکولار و مادییانە دەکات لە جیاتی ئەوەی باس لە دنیایەکی ئەفسانەیی و سەرووسروشتی بکات. هەروەها، تیشک دەخاتە سەر کولتوور نەک سروشت یان بانسروشت. خۆی دەپارێزێت لە ئەبستراکت و ئەزەلیبوون و باوەڕی بەو شتانە هەیە کە لە جیهانی بەرجەستەدا دەتوانێت دەستیان لێ بدات و تامیان بکات. ڕەنگە هەندێک باوەڕی ئایینی لەخۆ بگرێت، بەڵام بە وریایییەوە مامەڵەیان لە تەکدا دەکات و جڵەویان بۆ شل ناکات. ڕۆمانی مۆدێرن لە جیاتی گەردوونێکی هێماییی قەتیسبوو، مێژوویەکی گۆڕاو و بێکۆتاییمان پێشکەش دەکات. کات و چیرۆکبێژی کرۆکی ڕۆمانی مۆدێرنن. لە سەردەمی مۆدێرندا بەر کەمترین نەگۆڕ دەکەوین و هەموو دیاردەیەکیش – تەنانەت خودیش – ڕەگێکی لە مێژوودا هەیە. ڕۆمانی مۆدێرن شێوازێکە مێژوو تا ئەوپەڕی لەخۆ دەگرێت.

هەموو ئەوانەی باسکران لە داستانی ئەڤینداری زۆر جیاوازن، هەروەک لە دۆن کیشۆتی سێرڤانتێسدا بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت. زۆرجار بە هەڵە دۆن کیشۆت بە یەکەم ڕۆمان ناو دەبرێت. ڕاستییەکەی، دۆن کیشۆت یەکەم ڕۆمان نییە، بەڵکوو ڕۆمانێکە لەبارەی یەکەم ڕۆمانەوە. ئەمەش زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت کاتێک کاراکتەرە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە دۆن کیشۆت و سانچۆ پانزا بەر کەسانێک دەکەون کە بە ڕاستی لەبارەی ئەوانەوە خوێندوویانەتەوە. شاکارەکەی سێرڤانتێس ئەوەمان پیشان دەدات کە چۆن لە ڕۆماندا ئارمانخوازی (idealism) ڕۆمانتیک لەگەڵ جیهانی ڕاستەقینەدا دەرگیر دەبێت. سێرڤانتێس یەکەم کەس نییە بەم شێوەیە بەرەنگاری داستانی ئەڤینداری ببێتەوە. ڕۆمانی پاڵەوانبازی (picaresque novel) پێشتر ناڕاستەوخۆش بووبێت ئەم کارەی کردووە، بەڵام جیاوازییەکەی دۆن کیشۆت لەوەدایە ئەم بەریەککەوتنەی نێوان داستانی ئەڤینداری و کەتوارخوازییەی کردووەتە بابەتی سەرەکیی خۆی.

ئەگەر شوێنێک هەبێت کە تێیدا ئارمانخوازی ڕۆمانتیک و کەتوارخوازی لە وەهم دەرچوو بە یەک بگەن، ئەوە مەیدانی جەنگە. بەدەگمەن دیاردە هەیە وەک ئەوە هەم دنەی ڕەوانبێژییەکی (rhetoric) بەرز و هەم ڕقێکی سەختگیرانەی دابێت. بەڵام ڕۆمانەکەی سێرڤانتێس جەنگێکی بەرپا کردووە کە لە هیچ لەوانە ناسڵەمێتەوە. دۆن کیشۆت کە بە هۆی خوێندنەوەی زۆری داستانی ئەڤیندارییەوە شێت بووبوو، ژیانی خۆی لەسەر بنەمای ئەو کتێبانە ڕێک دەخات کە خوێندبوونییەوە، لە کاتێکدا کەتوارخوازی کتێب لەسەر بنەمای ژیان دادەنێت. دۆن کیشۆت لە کتێبدا دەژی و وەک کاراکتەری نێو کتێبانیش قسە دەکات، بەڵام چونکە ئەو کاراکتەرێکە لە کتێبێکدا، ئەم خەیاڵەش هەر جۆرێکە لە کەتوار. هەر بۆیە لەم ڕۆمانەدا بەر ژیانێکی تەنز لە داستانی ئەڤینداری و دژەئەدەب دەکەوین. ئەم ڕۆمانە لە ڕوانگەیەکی کەتوارخوازییانەی زۆر تووندەوە، خەیاڵ و ڕەوانبێژی بەر ڕەخنە و توانج دەدات. بەڵام چونکە ڕۆمان خۆی بریتییە لە ڕەوانبێژی و خەیاڵ، ئەمە لە خۆیدا دژیەکییەک دروست دەکات. سێرڤانتێس لە دژی کتێب پشتگیریی جیهانی کەتوار دەکات، بەڵام لەنێو کتێبدا ئەو کارە دەکات. بۆ ڕۆماننووسێک کە گاڵتە بە زمانی ئەدەبی بکات، وەک ئەوە وایە قەل بە قەل بڵێ ڕووت ڕەش بێت. ئەو ڕۆمانەی لە دژی ئەدەب پشتگیریی ژیان بکات وەک ئەو خانەدانە (count) وایە بە شێوەزاری کۆکنی[6] قسە بکات.

سێرڤانتێس دەیەوێت دڵنیامان بکاتەوە ئەو مێژووەی بۆمان دەگێڕێتەوە ڕوون و ڕەوانە و هیچ کەرەستەیەکی ئەدەبی تێیدا بەکار نەهاتووە، بەڵام ستایلی نووسینی ڕوون و ڕەوان خۆی ستایلێکی ئەدەبییە. هەڵەیە ئەگەر باوەڕمان وابێت ستایلێکی نووسینی دیاریکراو لە ڕووی ئەدەبییەوە لە جیهانی ڕاستەقینە لەوانی دیکە نزیکترە. بۆ نموونە: لە زمانی ئینگلیزیدا وشەی نەتەر[7] نزیکتر نییە لە جیهانی ڕاستەقینە لە نیەفایت[8]. ڕەنگە نزیکتر بێت لە ئاخاوتنی گشتیی ڕۆژانە بەڵام ئەمە جیاوازە. پەیوەندیی نێوان زمان و کەتوار پەیوەندییەکی واڵا نییە، وەک ئەوەی بڵێیت هەندێک وشە تەواو لە کەتوار دابڕاون و هەندێک وشەش تەواو پێیەوە بەستراون. بەهەمەحاڵ، ئەوەی لای نووسەرێک زمانێکی ڕوون و ڕەوانە لای نووسەرێکی تر زمانێکی تیف‌تیفەدراوە. بە هەمان شێوە، هەندێک کەتوارخواز باوەڕیان وایە قژوشککەرەوەیەک ڕاستترە لە دیاردەناسیی ڕاڤەکارانە (hermeneutical phenomenology) . ڕەنگە دیاردەناسیی ڕاڤەکارانە بەسوودتر بێت بەڵام لە ڕووی ڕێژەی ڕاستەقینەبوونەوە جیاوازە لە قژوشککەرەوەیەک.

کەواتە یەکێک لە یەکەمین ڕۆمانە مەزنەکان (دۆن کیشۆت) لەبارەی خودی ڕۆمان خۆیەوە هۆشداریمان پێ دەدات. خوێندنەوەی خەیاڵی ئەدەبی (fiction) دەتوانێت شێتت بکات. ڕاستییەکەی، ئەوە خەیاڵ نییە بەرەو شێتبوونت دەبات، بەڵکوو لەبیرکردنی خەیاڵیبوونی ئەو خەیاڵەی کە دەیخوێنیتەوە بەرەو شێتیت دەبات. کێشەکە ئەو کاتە سەرهەڵدەدات کە وەک دۆن کیشۆت خەیاڵ و کەتوار تێکەڵ بکەیت. خەیاڵێک ئاگاداری خەیاڵیبوونی خۆی بێت، خەیاڵێکی زۆر ژیرانەیە. هەر بۆیە لەو کاتانەدا تەنیا تەنز (irony) فریادڕەسمان دەبێت. سێرڤانتێس بە پێچەوانەی دۆن کیشۆتی نێو ڕۆمانەکەی نایەوێت داهێنراوەکانی خۆی بە حەرفی وەربگیرێن. سێرڤانتێس نایەوێت هەڵمانبخەڵەتێنێت. ڕۆماننووسان درۆ ناکەن چونکە وای دانانێن ئەوەی ئەوان دەینووسن ئێمە بە ڕاستەقینەی بزانین. ئەمەش بە هەمان شێوەی ئەو دروشمی ڕێکلامەیە کە دەڵێت “ئەم جۆرە بیرەیە ئەو شوێنانەی جەستەت دەبووژێنێتەوە کە بیرەکانی تر پێی ناگەن،” ئەم قسەیە هەرچەندە درۆ نییە بەڵام ڕاستیش نییە.

خاوەن میوانخانەیەک لە بەشی یەکەمی دۆن کیشۆتدا دەڵێت ئاسایییە داستانە ئەڤیندارییەکان چاپ بکرێن چونکە کەس ئەوەندە نەزان نییە بە ڕاستەقینەیان بزانێت. ڕاستییەکەی، دۆن کیشۆت خودی خۆی تژییە لە داستانی ئەڤینداری. بەڵام داستانی ئەڤینداری ئەوەندەش بێمەترسی نییە وەک ئەوەی خاوەن میوانخانەکە دەیڵێت، بەڵکوو داستانی ئەڤینداری جۆرێکە لە خۆشەیدایی (narcissism) ترسناک (هەروەک دۆن کیشۆت لە شوێنێک ئاماژەی پێ دەکات) کە دەتوانیت باوەڕ بەوە بهێنیت ژنێک پاک و جوانە تەنیا لەبەر ئەوەی دەتەوێت باوەڕ بەوە بهێنیت. لێرەدا داستانی ئەڤینداری هیچ پێویستی بەوە نییە شتەکان وەک خۆیان ببینێت. هەرچەند ئارمانخوازی ڕۆمانتیک زۆر چاکەخوازانە دەردەکەوێت بەڵام ڕاستییەکەی زۆر خۆپەرستانەیە بەوەی جیهان لەبەردەمتدا دەکاتە قوڕێکی خەست و بە ئارەزووی خۆت چیت بوێت لێی دەکەیت. ئەو جۆرە خەیاڵکارییەی (fantasy) لە داستانی ئەڤینداریدا هەیە زۆر فریودەرە بەوەی ڕەگێکی لە تاکخوازیدا (individualism) هەیە و جیهان بەو شێوەیە لە قاڵب دەدات کە خۆی دەیەوێت. ڕەتی دەکاتەوە دان بەو شتانە دابنێت کە کەتوارخوازی جەختی لەسەر دەکاتەوە، شتانی وەک سەربزێویی کەتوار بەرامبەر بە ئارەزووەکانمان. دژەکەتوارخوازان ئەوانەن کە ناتوانن بەقووڵی بیر بکەنەوە. ئەمەش جۆرێک لە لێڵبینی (astigmatism) ئاکاری دێنێتە کایەوە. ئەوەندە هەیە کە تاکخوازی لەڕێدەرچووی دۆن کیشۆت لە شێوازی نەریتی مێگەلی و دەرەبەگیدا دەردەکەوێت.

 شتێکی پەسەند لەبارەی ئارمانخوازییەوە هەیە – وەک ئەو ئارمانخوازییەی لای دۆن کیشۆت هەیە لە پاراستنی هەژار و لێقەوماوان – بەڵام بە هەمان شێوە شتێکی پووچیش (absurd) هەیە. کەواتە ئاریشەکە تەنیا ئەوە نییە گاڵتەجاڕانە ئارمانی بین، بەڵکوو بەرزکردنەوە و نزمکردنەوەی بەهای ئارمانە بە هەمان نەفەس. ئەوانەی ناتوانن ڕاست و ڕەوان جیهان ببینن، داری بەسەر بەردەوە ناهێڵن. کەتوارخوازی ئەدەبی، ئاکاری و مەعریفەناسی پێکەوەبەستراون. لە دۆخی دۆن کیشۆتدا خەیاڵ (fantasy) ئیمتیازێکی کۆمەڵایەتییە. ئەو پیاوەی بە هەڵە ژنێکی ئاسایی بە کچێکی خانەدان دادەنێت، هەمان ئەو پیاوەیە کە باوەڕی وایە جیهان قەرزداری ئەوە. دەسەڵات تا سەر ئێسقان سەیر و نامۆیە. خەیاڵیش تا سەر ئێسقان پەیوەستە بە مامەڵەی بازرگانییەوە یان دەکرێت بڵێین “کاڵایەکی لەفرۆشهاتوو”ە وەک ئەو قەشەیەی لە بەشی یەکەمی دۆن کیشۆتدا ئاماژەی پێ دەکات. پەرچوو و بازاڕ زۆر ئاشنان بە یەکتری. خەیاڵ کەتوار لە بەرژەوەندیی خۆی بەکار دەهێنێت، کەتواریش بە ناوی مامەڵەی بازرگانییەوە خەیاڵ بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکار دەهێنێت.

وا پێ دەچێت کەتوارخوازی باوی نەمابێت چونکە خوێنەری ئێستا حەز بە شتی سەیروسەمەرە دەکات. سەیر ئەوەیە ڕۆمان شێوازێکە تەواو بەستراوە بە ژیانی ئاساییی خەڵکی ڕەمەکی، بەڵام خەڵکی ڕەمەکی حەز ناکەن وێنەی خۆیان لە ئاوێنەی هونەردا ببیننەوە. ئەوەندە لە ژیانی ئاسایییان بێزارن، تاقەتی ئەوەیان نییە لەکاتی بەتاڵیدا تێیڕامێنن. کرێکاران زیاتر لە پارێزەران پەنا دەبەنە بەر خەیاڵ (fantasy) هەر بۆیە قەشەکەی نێو ڕۆمانی دۆن کیشۆت باوەڕی وایە کرێکاران هێندەی نان و کار پێویستیان بە سێرک و سەرگەرمییە. ئەوە تەنیا کەمینە ڕۆشنبیرەکانن حەزیان لە هونەرێکی عەقڵانییە. هەر بۆیە سێرڤانتێس بە هۆی جەختکردنەوە لە ڕاستینوێنی (Verisimilitude) لە نووسینەکانیدا پێگەیەکی ئەدەبی بەرزی بەدەست هێنا. لە هەمان کاتدا بە دروستکردنی پاڵەوانێک کە لە خۆیان بچێ، توانی هەستی خەڵکی ڕەمەکیش بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.

ئەگەر ڕۆمان ژانەرێک بێت پەیوەست بێت بە ژیانی ئاساییی خەڵکەوە، بە هەمان شێوە ژانەرێکیشە بەهاکانی جۆراوجۆر و ناکۆکن. ڕۆمان لە دێفۆوە تا وۆڵف بەرهەمی مۆدێرنیتەیە. مۆدێرنیتەش قۆناغێکە ئێمە تەنانەت ناتوانین لەسەر شتە بنەڕەتییەکانیش هاوڕابین و بەها و باوەڕەکانمان ناکۆک و لێکدابڕاون. ڕۆمانیش ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخە ناهەموارەیە. ڕۆمان فرەچەشنترین شێوازی ئەدەبییە، ئەو شوێنەیە دەنگ، دەستەواژە و سیستەمە باوەڕییەکان بەردەوام تێیدا بەریەک دەکەون. لەبەر ئەم هۆیە کەسیان ناتوانن بێ ململانێ بەسەر ئەوی دیکەدا زاڵ بن. ڕۆمانی کەتوارخواز زۆرجار ڕوانگەیەک لەو ڕوانگانە بۆ سەیرکردنی دنیا لێوەی هەڵدەبژێرێت، بەڵام بە شێوەیەک کە لەگەڵ خۆی بگونجێت. لە ڕوانگەیەکەوە باز دەدات بۆ ڕوانگەیەکی تر، گێڕانەوەکەی دەداتە چەندین کاراکتەری لێکجیاواز و هاوسۆزی ئێمە بەدەست دەهێنێت چونکە لەکاتی خوێندنەوەیدا ژیان بەبەر ئەو دۆخ و کاراکتەرانەدا دەکەین کە ناڕەحەتمان دەکەن. ڕاستییەکەی، ئەوە یەکێکە لەو هۆیانەی کە بۆچی ئەو جۆرە شێوازی ڕۆمانە بە چاوێکی گوماناوییەوە لێی دەڕوانرێت. کەتوارخوازی ئەندێشەئاسا دەتوانێت مێشێک بکاتە گامێشێک.

بۆ میخائیل باختین ڕۆمان وەک ڕووبارێک کە دەیەوێ ڕێی خۆی لەنێو بەردەقسڵدا بکاتەوە بەردەوام لە دەرکەوتن و بزربووندایە. باختین پێی وایە ڕۆمان ئەو کاتانە دەردەکەوێت کاتێک دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری دادەڕمێت. لەو کاتانەدا ئایدیۆلۆژیایەکی خۆسەپێن باوی نامێنێت وەک ئیمپڕاتۆریەتەکانی یۆنان یان ڕۆما یان کەنیسەی سەدەکانی نێوەڕاست، کە باختین پێی وایە ڕۆمان لەو کاتانەدا سەری هەڵداوە. ڕەگداکوتاویی شێوازی سیاسی، زمانی و کولتووری دەبێتە هۆی ئەوەی کە باختین پێی دەڵێت هەمەچەشنیی زمانەوانی (heteroglossia)، ئەمەش هەمووی لە ڕۆماندا بەدی دەکرێت. بە بڕوای ئەو ڕۆمان لە بنەڕەتدا دژەپێودانگەیە و شێوازێکی یاخییە کە دژی هەموو بانگەشەیەکی ڕەهایە بۆ حەقیقەت. بێگومان ئەوەش وا دەکات ڕۆمان سەربزێو دەربکەوێت. ئەمەش جۆرە دژایەتییەک لە خۆیدا هەڵدەگرێت چونکە ڕۆمانێکی وەک ‘پارکی مانسفیڵد’ی جەین ئۆستن (١٧٧٥-١٨١٧) هیچ جۆرە یاخیبوونێکی تێدا بەدی ناکرێت و ڕۆمانێکی وەک ‘شەپۆلەکان’ی ڤیرجینیا وۆڵف هەمەچەشنیی زمانەوانی تێدا نابینرێت. بەهەمەحاڵ، هەموو هەمەچەشنییەک پەڕگیر نییە و هەموو دەسەڵاتێکیش سەرکوتکەر نییە. بەڵام باختین ڕاست بوو لەوەدا کە ڕۆمان لە کولتوورێکدا لەدایک دەبێت کە تژییە لە پارچە و لەتی شێوازەکانی تر. لێرەدا ڕۆمان شێوازێکی مشەخۆرە کە لەسەر پاشماوەی کولتوورە باڵاکانی تری پەیوەست بە ژیانەوە بوونی خۆی دەردەخات. ئەمەش ناسنامەیەکی نەرێنی پێی دەبەخشێت. لە تێکەڵبوونی بە زمان و شێوازەکانی ژیاندا. ڕۆمان شێوازێکە لە کۆمەڵگەی مۆدێرن نەک ڕەنگدانەوەی ئەم کۆمەڵگەیە.

هیگڵ ڕۆمانی وەک داستانێکی پاڵەوانێتیی پەخشانی سەردەمی مۆدێرن دەبینی. ڕۆمان، جگە لە ڕەهەندە بانسروشتییەکەی، هەموو تایبەتمەندییەکی داستانی پاڵەوانێتی تێدایە. ڕۆمان لە داستانی پاڵەوانێتی کلاسیک دەچێت لە بەکارهێنانی چیرۆکگێڕی، ڕووداوی هەستبزوێن و جیهانی ماددیدا. بەڵام لەوەدا جیاوازە کە ڕۆمان سەر بە گوتاری ئێستایە نەک ڕابردوو چونکە ڕۆمان پێش هەموو شتێک شێوازێکی هاوچەرخە. هەر بۆیە ڕۆمان ئەوەندە لە گۆڤاری زە تایمزەوە نزیکە ئەوەندە لە شاعیرێکی یۆنانی وەک هۆمیرۆسەوە نزیک نییە. کاتێکیش ڕابردوو لە ڕۆماندا ڕەنگ دەداتەوە لە پێناو نۆستالژیا و هیوایەکی وەهمی نییە. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین کەتوارخوازی ئەدەبی بە هەمان شێوە کەتوارخوازی ڕەوشتیشە. گەر لە ڕوانگەیەکی سیاسییەوە لێی بڕوانین دەتوانین بڵێین ئەو ڕەتکردنەوەیەی ڕۆمانی کەتوارخواز بۆ نۆستالژیا و یووتۆپیا نیشانەی ئەوەیە ئەو جۆرە ڕۆمانە نە کۆنەپەرستە و نە شۆڕشگێڕانەیە، بەڵکوو لە ڕۆحی خۆیدا چاکسازیخوازە (reformist) و پابەندە بە ئێستا بەڵام ئێستایەک کە بەردەوام لە گۆڕاندایە. دیاردەیەکە پەیوەستە بە دنیای ئێستا نەک دنیای ئەولا، بەڵام چونکە گۆڕانی بەردەوام بەشێکە لەم دنیایە، بە چاوێکی کەمەوە سەیری دنیای ئەولاش ناکات.

کەواتە گەر ڕۆمان شێوازێکی مۆدێرن بێت، هەرچەندە ڕەگێکیشی لەنێو سەردەمی دێریندا بێت، ڕەتی ئەوە دەکاتەوە ببەسترێتەوە بە ڕابردووەوە. بۆ ئەوەی مۆدێرن بیت دەبێ هەموو ئەوەی دە خولەک بەر لە ئێستا ڕوویداوە بخەیتە ڕابردووەوە. مۆدێرنیتێ تاکە قۆناغە لە مێژوودا تەواو خۆی بە ئێستاوە دەبەستێتەوە. وەک هەرزەکارێکی یاخی، مۆدێرن تەواو خۆی دادەبڕێت لە باوانی. ئەوەش وەک چۆن ئەزموونێکی ئازادانەیە، ئەزموونێکی داخورپێنەریشە. شێوازێکە تەواو خۆی دادەبڕێت لە شێوازە نەریتییەکان. چیتر ناتوانێت پشت بەو نموونانە ببەستێت لەلایەن داب و نەریت، ئەفسانەناسی، سروشت، کۆناری  (antiquity)، ئایین و کۆمەڵگەوە پێشکەشی دەکرێن. ئەمەش زۆر پەیوەستە بە سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێی تاکخوازی کە هەموو ئەوانەی سەرەوە بە هەڕەشە بۆ سەر ئازادی دەزانێت. لە کاتێکدا لە داستانی پاڵەوانێتییدا نووسەری دەق دیار نییە کێیە، لە ڕۆماندا نووسەرەکەی دیارە و خاوەن شێوازی تایبەت بە خۆیەتی. بەو پێیەی بەهاکان بە هۆی فرەچەشنییان یەکگرتنەوەیان ئەستەمە، ئەم بەربەرەکانێکردنەی شێوازە نەریتییەکانیش پەیوەندی بە سەرهەڵدانی فرەخوازی (pluralism)یەوە هەیە. بەهاکان چەندە زۆر بن ئەوەندە زیاتر کێشەی بەهاکانمان بۆ دروست دەبێت.

ڕۆمان لە منداڵدانی زانستی مۆدێرنەوە لەدایک دەبێت و لە ڕووی سەنگینی، سێکولاربوون، کەلەڕەقی، ڕۆحی بنکۆڵکاری و گومان لە دەسەڵاتی کلاسیک، لەگەڵیدا هاوبەشە. به‌لاوەنانی دەسەڵاتی دەرەکیش واتە دۆزینەوەی دەسەڵات لە نێوەوەی خۆیدا. ئەوکاتەی هەموو سەرچاوە نەریتییەکانی دەسەڵاتت فڕێ دا دەبێ خۆت جڵەوی دەسەڵات بگریتە دەست. دەسەڵات لێرەدا واتە خۆت بە بنەوانێک (origin) نەبەستیتەوە، بەڵکوو خۆت ببیتە بنەوان.

ئەمەش گرنگیی بنەوانبوونمان بۆ دەردەخات هەر وەک لە خودی وشەی ڕۆمان خۆیدا دەردەکەوێت. بەو واتایەی کە دەسەڵاتی ڕۆمان لە دەرەوەی خۆیدا بێ‌بنچینە و لەرزۆکە، هەر بۆیە ڕۆمان نیشانەیەکە لە بابەتی مرۆڤی مۆدێرن. ئەویش وەک ژنان و پیاوانی مۆدێرن کە بەرپرس و بڕیاردەرن لە بوونی خۆیان بە هەمان شێوە بنەوانە. چیتر خزم، داب و نەریت و پێگەی کۆمەڵایەتی بوونی تۆ دیاری ناکەن، بەڵکوو خۆت بوونی خۆت دیاری دەکەیت. بابەتە مۆدێرنەکان وەک پاڵەوانەکانی نێو ڕۆمانی مۆدێرن خۆیان بنیات دەنێن. خودبنچینە و خودبڕیارن، هەر لەمەشەوە واتا بە ئازادیی خۆیان دەبەخشن. هەرچەندە ئازادییەکەیان زۆر لاواز و نەرێنییە کە هیچ دەستەبەرییەکی نییە. هیچ شتێکیش نییە لە جیهاندا پشتگیری بکات. بەهای ڕەها لە سەردەمی مۆدێرندا تووڕ هەڵدراوە و جێگەی بۆ ئازادییەکی ڕەها خۆش کردووە، بەڵام هەر ئەمەیە وای لەم ئازادییە کردووە بەتاڵ و بێبایەخ بێت. گەر هەموو شتێک ڕێگەپێدراو بێت، واتای ئەوەیە هیچ شتێک لە خودی خۆیدا بەهایەکی باڵای هەڵنەگرتووە.

بینیمان کە ڕۆمان و داستانی پاڵەوانێتی جیاوازن لە ڕوانینیان بۆ ڕابردوو، بەڵام جیاوازییەکی تری بنەڕەتیش لەنێوانیاندا هەیە و ئەویش داستانی پاڵەوانێتی گرنگیی بە پاڵەوانە سەربازی و نەجیبزادەکان دەدات، بەڵام ڕۆمان خەڵکی ڕەمەکیی بەلاوە گرنگترە. ڕۆمان ئەو ژانرەیە بە زمانی خەڵکی ڕەمەکی دەدوێت. ڕۆمان ئەو هونەرە ئەدەبییەیە بە زمانێکی خۆجێیی دەنووسرێت و سەرچاوەکانی لە قسەکردنی ڕۆژانەی خەڵکەوە وەردەگرێت نەک لە زمانێکی ئەدەبی تایبەتمەندەوە. بێگومان ڕۆمان یەکەم شێوازی ئەدەبی نییە کە خەڵکی ڕەمەکی تێدا دەردەکەوێت، بەڵام یەکەم شێوازی ئەدەبییە کە خەڵکی ڕەمەکی کردبێتە سەنگی مەحەک. ئەوەی لە سەردەمی هاوچەرخماندا هاوشێوەی ئەوەیە سۆپ ئۆپێرایە[9] کە ئێمە چێژی لێی دەبینین نەک لەبەر دیمەنە ورووژێنەرەکانی بەڵکوو لەبەر ئەوەی ژیانی ئاسایی ڕۆژانەی خۆمانی تێدا دەبینینەوە. هاوتای مۆدێرنی ڕۆمانی ‘مۆڵ فلاندرس’ی دانیال دێفۆو زنجیرەدرامای بەریتانیایی ئیستئێندەرزە (EastEnders). ئەو جەماوەریبوونی ئەو زنجیرەدرامایانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆرێک لە ئێمە ئەوەندەی چێژ لە دیمەنی ڕۆتینی و دووبارەی ژیانی ڕۆژانەمان دەبینین ئەوەندە چێژ لە دیمەنێک نابینین کە پڕە لە سەرکێشی.

بەهای ژیانی ئاساییی ڕۆژانەی خەڵک لە ئەدەبدا بابەتی یەکێک لە کتێبە هەرە بەناوبانگەکانی بواری ڕەخنەی ئەدەبییە ئەویش کتێبی ‘لاسایی’ (Mimesis)  ڕەخنەگری ئەڵمانی ئێریک ئاورباخە (١٨٩٢-١٩٥٧). بۆ ئاورباخ کەتوارخوازی شێوازێکی ئەدەبییە کە ژیانی ئاساییی ڕۆژانەی خەڵک زۆر بە بەهادار دەزانێت. یەکێک لە نموونە سەرەتایییەکانی ئەدەبی ئینگلیزی کە ئەمەی تێدا ڕەنگداوەتەوە ‘چامە لیریکییەکان’ی ویلیام وۆردزوۆرس (١٧٧٠-١٨٥٠) و ساموێل تەیلەر کۆڵریجە (١٧٧٢-١٨٣٤). ڕۆمان لای ئاورباخ لە بنەڕەتەوە هونەرێکی دیموکراسییە و دژی هونەری سەردەمی کلاسیکی[10] (Classical antiquity) چەقبەستوو، پلەبەندیخواز، لە مێژووخستن و کۆمەڵگەی داخراوە. گەر دەستەواژەی فەیلەسوفی ئەڵمانی واڵتەر بنیامین (١٨٩٢-١٩٤٠) بەکار بهێنین دەڵێین ڕۆمان هونەرێکە کۆتایی بە خەرمانی هونەری کلاسیک دەهێنێت و ژیان لە ئێمە نزیکتر دەکاتەوە لەوەی وا بکات دەستی ئێمەی پێ نەگات. ئاورباخ لە کتێبەکەیدا ستایشی ئەو نووسەرانە دەکات کە بە زمانێکی سادە و بێگرێوگۆڵ نووسیویانە و ئەو نووسەرانە دەداتە بەر ڕەخنە بە زمانێکی ئاڵۆز، هەڵبژاردە و کەس تێنەگەیشتوو نووسیویانە.

ئاورباخ پێی وایە خەڵکی ڕەمەکی لە سەردەمی کلاسیکدا هیچ پێگەیەکی وا گرنگییان نەبووە. ئەمەش پێچەوانەی کتێبی پەیمانی نوێیە (New Testament) کە پلەیەکی باڵای کۆمەڵایەتیی بەرز دەداتە ماسیگرێکی وەک پیتەر. بە گوێرەی فەیلەسوفی کەنەدی چاڕڵز تایلۆر بیرۆکەی بەهاداربوونی ژیانی ڕۆژانەی ئاساییی خەڵک سەرەتا لەنێو ئایینی مەسیحییەتدا سەری هەڵدا. هەر وەک ئاورباخ باسی دەکات لە ئینجیلی مەسیحییەتدا بە ڕەنگدانەوەی وێنای خودا لە خەڵکی هەژار و ڕەش و ڕووت و بەکارهێنانی زمانێکی کارناڤاڵێسک (carnivalesque) [11]شێوازێکی کەتوارخوازیی خەڵکی ڕەمەکیمان پیشان دەدات. بۆ مەسیحییەت پاکبوونەوە لە گوناح پەیوەستە بە نانپێدانی هەژار و سەردانیکردنی نەخۆش نەک پەنابردنە بەر شێوازێکی پەرستشی نهێنی. ئەوەتا دەبینین مەسیح بە سواری کەرێکەوە وەک تاوانبارێکی سیاسی بەرەو مەرگی خۆی دەڕوات، ئەمەش بۆ پێغەمبەرێکی خودایی ڕەنگە وەک نوکتەیەک بێت.

لەگەڵ سەرهەڵدانی کەتوارخوازی خەڵکی ڕەمەکی دێنە نێو مەیدانی ئەدەبەوە زۆر پێش ئەوەی بچنە نێو مەیدانی سیاسەتەوە. ئەمەش یەکێکە لە قۆناغە هەرە گرنگەکانی مێژووی مرۆڤایەتی. سەختە بۆ ئێمە ئێستا بیر لە سەردەمێک بکەینەوە کە پەیوەندیی نێوان دایک و باوک و منداڵانیان  و ژیانی ئابووریی ڕۆژانە هیچ بایەخێکی کولتووریی ئەوتۆی نەبووە. ئاورباخ کە جوویەکی هەڵاتووی دەستی هیتلەر بوو لەو کاتەدا کە لە مەنفادا بوو لە ئیستانبوڵ ئەو کتێبەی لەبارەی ڕۆمانەوە نووسی، لە هەمان کاتدا باختین ئەو کاتەی هەڵاتوویەکی دەستی ڕژێمی ستالین بوو، لەبارەی ڕۆمانەوە دەینووسی. هەردوو نووسەریش ڕۆمانیان وەک گورزێکی کوشندە لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری دەبینی. لە ڕوانگەی باختینەوە کولتووری ڕەمەکی شێوازەکانی کەتوارخوازی لە سەردەمەکانی کلاسیک، سەدەکانی نێوەڕاست و مۆدێرن وەردەگرێت و لە شێوەی ڕۆمانێکدا دەریدەخاتەوە.

ئەم بانگەشەیەی سەرەوە کێشەدارە چونکە کەتوارخوازی و ڕۆمان یەک شت نین. هەر وەک ئاورباخ باسی دەکات نە هەموو کەتوارخوازییەک ڕۆمانە و نە هەموو ڕۆمانێک کەتوارخوازە. هەموو ڕۆمانێکیش ڕەنگدانەوەی خەڵکی ڕەمەکی نییە. هەر وەک لە کاراکتەری جۆرج نایتلی ڕۆمانی ‘ئێما’ی جەین ئۆستن و کاراکتەری خاتوو داڵۆوەی ڕۆمانێکی ڤیرجینیا وڵف دەبینرێت. لە هەموو دۆخێکدا سادەییبوون هەمیشە سەربزێوییە. بەرهەمە هونەرییەکان پەڕگیر نین تەنیا لەبەر ئەوەی ژیانی خەڵکی ڕەمەکیمان بۆ وێنا دەکەن. هەندێک جار وا دەبینرێت ئەو جۆرە کەتوارخوازییەی کە هەژاری و بێدەرەتانی خەڵکی ڕەمەکی دەردەخات بێ ئەملاوئەولا گێڕەشێوێنە. بەڵام ئەوەش پێمان دەڵێت خەڵک بەرانبەر بە هەژاران هەستیان نابزوێت چونکە لێیان بێ ئاگان. کەتوارخوازی لە ڕوانگەی ڕاستی‌نوێنییەوە – حەقیقەتی ژیان – شۆڕشگێڕانە نییە. هەر وەک شاعیر و شانۆنامەنووسی ئەڵمانی بێرتۆڵت برێخت (١٨٩٨-١٩٥٦) ئاماژەی پێی دەکات، کارگەیەک بخەیتە سەر سەکۆی شانۆ هیچ شتێکمان لەبارەی سەرمایەدارییەوە پێ ناڵێت.

ئەگەر کەتوارخوازی پیشاندانی جیهان بێت وەک ئەوەی هەیە – نەک وەک ئەوەی پیاوێکی میسری دێرین یان سوارچاکێکی سەدەی نێوەڕاست بینیویەتی – هیچ شتێکمان لەبارەی ئاریشەکانی جیهانەوە دەست ناکەوێت. با وای دابنێین لە شارستانییەتەکانی داهاتوو کۆپییەکی شانۆنامەی ‘ئێندگەیم’ی ساموێل بێکێت (١٩٠٦-١٩٨٩) دەدۆزرێتەوە کە باسی دوو پیاوی بەتەمەن دەکات کاتەکانی خۆیان لەنێو تەنەکەی زبڵدا بەسەر دەبەن. خەڵکانی سەر بەو شارستانییەتە ناتوانن تەنیا بە سەیرکردنی ڕووکەشەکەی لە شانۆنامەکەدا ئەوە دەرک بکەن کە ئایا ئەو شانۆنامەیە کەتوارخوازە یان نا. بەڵکوو دەبێ بزانن ئایا مانەوەی دوو پیاوی بەتەمەن لەناو زبڵدان نەریتێکی نێوەڕاستی سەدەی بیستەمی ئەوروپا بووە یان نا.

بۆ ئەوەی بە شتێک بڵێیت کەتوارخواز پێویستە دان بەو شتانەدا بنێیت کە ڕاستەقینە نین. تاقمە ددانێک دەکرێت ڕاستەقینە بێت بەڵام ئۆفیسێکی وەزارەتی دەرەوە نا. کولتووری مۆدێرن دەکرێت ڕاستەقینە بێت چونکە پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ژوورکەتواری (surreal)، شیزۆفرینیا و هەستە هەڕەمەکییەکاندا هەیە. هونەری کەتوارخواز وەک هەر هونەرێکی تر دەکرێت هونەرێکی دەستکرد بێت. ئەو نووسەرەی دەیەوێت کەتوارخواز دەربکەوێت، ڕەنگە ڕستەیەک وەک ئەوە بنووسێت “پایسکل سوارێکی دەموچاونوورانی بە لەرەلەر بە بەردەمماندا تێپەڕی” یان بنووسێت “کوڕێکی پرچ ڕەنگ‌گێزەری لە ژێر پەرژینەکەدا ئاودیو بوو و بە دەنگێکی جاڕسکەر فیکەی بۆمان لێی دەدا.” ئەم وردەکارییانە بۆ داڕشتنی ڕۆمانێک ڕەنگە هەڕەمەکی بن و تەنیا بۆ ئەوە بن پێیان بگوترێت کەتوارخوازانە نووسراوە. هەر وەک هێنری جەیمس دەڵێت ئەو جۆرە نووسینانە “ڕواڵەتی کەتوارن.” بەم واتایە دەکرێت کەتوارخوازی بە هەڵکەوت دابنرێت. کەتوارخوازی شێوازێکە کە دەخوازێت بە تەواوی خۆی لەگەڵ جیهاندا تێکەڵ بکات، تەنانەت گەر لە پێگەی خۆشی وەک هونەرێک دابماڵرێت. وەک ئەوە وایە ئەو شتانەی کەتوارخوازی دەیانخاتە ڕوو ئەوەندە ڕوون بن لێیانەوە سەیری جیهانی ڕاستەقینە بکەین. خستنەڕوویەکی ئەوەندە تەواو بێت ڕێک لەو شتە بچێت کە دەیخاتە ڕوو. بەڵام ئەوەش وەک ئەوە وایە هیچ شتێکت نەخستبێتە ڕوو. ئەو شاعیرەی لە شیعرەکانیدا سێو هەر سێو بێت و هەڵووژە هەر هەڵووژە بێت، شاعیر نییە، بەڵکوو میوەفرۆشە.

بۆ هەندێک لە لێکۆڵەرانی ئەدەبی کەتوارخوازی لە ئەدەبدا لە کەتوار خۆی زۆر کەتوارترە چونکە جیهانمان وەک ئەوەی هەیە پیشان دەدات. زۆر جار کەتوار بە گوێرەی چاوەڕوانییەکانی ئێمە نییە هەر وەک چۆن وا لە ڕۆبێرت ماکسوێڵ[12] (١٩٢٣-١٩٩١) دەکات لە زەریادا نوقم بێت لەوەی لەسەر کەشتی بێت. نە جەین ئۆستن و نە چاڕڵز دیکنز (١٨١٢-١٨٧٠) لە ڕۆمانەکانیاندا بەرگەی ئەو جۆرە کارەساتەیان نەدەگرت کە بەسەر ماکسوێڵدا هات و کۆتاییی وایان قبووڵ نەدەبوو. لە بارودۆخێکی ژوورکەتوارییدا هێنری کیسینجەر (١٩٢٣-٢٠٢٣) خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێی بەخشرا، بارودۆخێک کە هیچ ڕۆماننووسێکی کەتوارخواز بە خەیاڵیشیدا نایەت مەگەر وەک تەنزێکی ڕەش (black humor)[13] نەبێت.

کەواتە مەترسیدارە کەتوارخوازی وا دابنێن کە ژیان وەک ئەوەی هەیە پیشان دەدات یان وەبزانین کەتوارخوازی ئەزموونی خەڵکی ڕەمەکی دەگوازێتەوە. هەردوو بۆچوونەکە نابێت بە هەند وەرنەگرین. کەتوارخوازی پەیوەستە بەوەی دەیخاتە ڕوو و ناکرێت ئەو خستنەڕووانە بەراورد بکەین بە کەتوار بۆ ئەوەی بزانین چەندە کەتوارخوازن چونکە ئەوەی ئێمە پێمان وایە کەتوارە خودی خۆی کێشەی کەتواربوونی هەیە. بەهەمەحاڵ، بۆچی خستنەڕووی کەتوارخوازەکان ئەوەندە کاریگەری لەسەر ئێمە هەیە؟ بۆچی ئێمە بە وێنەی پارچە گۆشتێکی بەراز سەرسام دەبین کە لە پارچە گۆشتێکی ئاسایی نەبێت لە هیچی تر ناچێت؟ ڕەنگە ئەمە بەشێکی بە هۆی سەرسامبوونی ئێمە بێت بەو لێکچوواندنانەی لە مێشکی خۆماندا دەیکەین یان ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخە بێت لە دەروونماندا هەڵمانگرتووە. بەو واتایە کەتوارخوازی هەر وەک ئاورباخ دەیبینێت کە هەرچەندە پێگەیشتووترین شێوازی ئەدەبیش بێت لەوانەیە هەندێک جار دواکەوتووترینیش بێت. ئەوەی خۆی وەک جێگرەوەیەک بۆ ئەفسوون و جادووگەری دەبینێت ڕەنگە خۆی نموونەیەک بێت لەوان.

هەموو ڕۆمانێکی سەردەمی مۆدێرن کەتوارخواز نییە، بەڵام کەتوارخوازی شێوازی باوی سەدەی بیستەمی ڕۆمانی ئینگلیزییە. هەروەها، کەتوارخوازی پێوەرێکی ڕەخنە ئەدەبییەکانی سەدەی بیستەمە. ڕەخنەگرە ئەدەبییەکان هەمیشە ئەو کاراکتەرانەیان داوەتە بەر ڕەخنەی توند کە کەتوارخواز نەبوون و دەروونێکی ئاڵۆزیان هەبووە. ئەوە لە کاتێکدایە کە زۆرێک لە شاکارە جیهانییەکان کاراکتەرەکانیان کەتوارخواز نەبوون وەک تایریسیەسی سۆفۆکلێس، ژنە جادووکەرەکانی ماکبێسی شکسپیر، خوداکەی جۆن میڵتۆن، گەلیڤەری جۆناتان سویفت، فەیگنی چاڕڵز دیکنز و پۆزۆی ساموێل بێکێت. کەتوارخوازی ئەو هونەرەیە دانووی لەگەڵ چینی نێوەڕاستی باڵادەستدا دەکوڵێت بەو پێیەی کە ئارەزووی جیهانی ماددی دەکات و جیهانی سەرووسروشتی ڕەت دەکاتەوە. هەروەها، کەتوارخوازی پرسی خود و باوەڕێکی پتەوی بە بەرەوپێشچوونی مێژوویی هەیە. لە کتێبی ‘سەرهەڵدانی ڕۆمان’دا، ئیان وات (١٩١٧-١٩٩٩) هەموو ئەوانەی سەرەوە بە هۆکاری سەرهەڵدانی ڕۆمانی مۆدێرنی ئینگلیزی لە سەدەی هەژدەدا دادەنێت. واتا بەشێکی تری هۆکاری ئەوە بۆ گرنگییدانی چینی نێوەڕاست بە دەروونی تاک، ڕوانگەی سێکولار و ئەزموونخوازی (empiricism) تاک و گرنگییدانی بە بابەتیبوون دەگەڕێنێتەوە. دەکرێت بشڵێین ڕۆمانی کەتوارخوازی شێوازێک نییە وەک شانۆی هۆنراوەیی، چامەی گۆرانی و شیننامە، بە ڕێککەوت لەدایک بێت. ئەوە ئەریستۆکراتەکان بوون خولیای ئەم‌جۆرە هونەرە بوون.

بۆ زۆرێک لە لێکۆڵەرانی ئەدەبی سەدەی هەژدەیەم ڕۆمان بریتییە لە “بەرهەمێکی خەیاڵیی بێمانا کە تەنیا بە کەڵکی خزمەتکار و مێینەکان دێت.” هەر بەو نەفەسەوە جاکی کۆڵینز (١٩٣٧-٢٠١٥) ڕۆمانەکانی نووسیوە، بەڵام ویلیام گۆڵدینگ (١٩١١-١٩٩٣) ئەو پێناسەیەی قبووڵ نەبووە. بۆ ئەو لێکۆڵەرانەی سەدەی هەژدەم ڕۆمان زیاتر لە ڕۆژنامەی وێنەیی نیوز ئۆف زە وۆڕڵد دەچێت تا گۆڤاری زە تایمز. ڕۆمان لای ئەوان زیاتر لە ڕۆژنامەیەک دەچێت کە کاڵایەکە یەکجار دەیکڕیت، دەیخوێنیتەوە و فڕێی دەدەیت، بە پێچەوانەی کتێبێکی فێرکاری کە دەبێت چەندین جار پێیدا بچیتەوە و بیخوێنیتەوە. ئەو لێکۆڵەرانە پێیان وابوو ڕۆمان سەر بە جیهانی زووتێپەڕیوە یان دەکرێت بڵێین وەک نووسینی ئیمەیڵێک لە ئێستادا وایە. ئەوان ڕۆمانیان بە خەیاڵێکی هەستبزوێن دادەنا هەر بۆیە ڕۆماننووسانی وەک هێنری فیڵدینگ (١٧٠٧-١٧٥٤) و ساموێل ڕیچاردسن (١٦٨٩-١٧٦١) بەرهەمە ئەدەبییەکانی خۆیان بە مێژوو ناو دەبرد نەک ڕۆمان. خانەدانەکانی سەدەی هەژدەیەم تازە بابەتەکانیان زۆر بەلاوە گرنگ نەبوو. پێیان وابوو ئەو ڕاستییانەی پێویستە مرۆڤ بیانزانێت زۆر دەمێکە دەرکیان پێکراوە. نوێ لای ئەوان بێبایەخ و پڕوپووچ بوو. ڕۆمان لای ئەوان نە ئەدەب بوو و نە هونەر بوو. لەو سەدەی هەژدەیەدا بۆ ئەوەی چیرۆکەکەت بایەخی پێی بدرابایە، دەبووایە شتێک بنووسیت دەرخەری ژیانی ڕاستەقینەی خەڵک بێت و هیچ هەست و سۆزێکی دڵدارییانەی تێدا نەبێت. تەنانەت گەر شتێکی زۆر جیددیشت نەنووسیبایە تەنیا ئەوەندە پەیڕەوت کردبایە ئەوا چیرۆکەکەت بە بەرهەمێکی زۆر جیددی دەبینرا.

لە کۆتاییدا ڕۆمانی ئینگلیزی تۆڵەی خۆی لەوانە دەکردەوە بە گاڵتەوە ڕۆمانیان بە ژانەرێکی مێیینە دادەنا. ئەمەش بە نووسینی چەند ڕۆمانێک کە کارەکتەری سەرەکییان ژن بوو، لەوانە کلاریسا هاڕلۆی ساموێل ڕیچاردسن، ئێما ودهاوسی جەین ئۆستن، مۆڵی بلوومی جەیمس جۆیس (١٨٨٢-١٩٤١)، و خاتوو ڕامزی ڤیرجینیا وۆڵف. هەروەها، لەو سەردەمەدا کۆمەڵێک ڕەخنەگری ئەدەبی ژنیش دەرکەوتن. ڕۆمان لە ڕووی شێوازی ئەدەبییەوە، گرنگییەکی ئەوتۆی پەیدا کرد چونکە شیعر لەو سەردەمەدا بوو به شێوازێکی زیاتر کەسیی و تایبەتی. دوای ئەوەی شیعر وەک ژانەرێکی گشتی کۆتایی هات – بە تایبەتی لەنێوان سەردەمی پێرسی شێلی (١٧٩٢-١٨٢٢) و ئەڵجیرنۆن سوینبێرن (١٨٣٧-١٩٠٩) – ئەرکی ئاکاری و کۆمەڵایەتی بۆ ڕۆمان بەجێ هێشت. تا نێوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم، شیعر زیاتر لەگەڵ هەستی ناوەکی و ڕۆحیی هاوواتا بوو یان تێڕامانی دەروونیی مرۆڤ کە ئەمەش بێگومان بۆ شاعیرانی وەک دانتێ (١٢٦٥-١٣٢١)، میڵتن و تەنانەت پاپاش مایەی سەرسوڕمان دەبوو. شیعریبوون لەو سەردەمەدا بە پێچەوانەی کۆمەڵگە، بەڵگەهێنانەوەیی، بیردۆزانە و عەقڵانی دادەنرا و هەموو ئەوانە خرابوونەپاڵ پەخشانی ئەدەبی. ڕۆمان گرنگی بە جیهانی دەرەوە دەدا و شیعر مامەڵە لەگەڵ جیهانی نێوەوەی ناخی مرۆڤ دەکات. بێگومان ئەو جیاوازییەی لەنێوان شیعر و ڕۆمان لەلایەن هێنری فیڵدینگ و تەنانەت بێن جۆنسنیشەوە (١٥٧٢-١٦٣٧) بەڕاست دانانرێت. دوورکەوتنەوەی ئەو دوو شێوازە ئەدەبییەیە لە یەکتر ڕەنگدانەوەی ئەو نامۆبوونەیەیە لەنێوان گشت و تایبەتیدا هەیە.

لێرەدا کێشەی شیعر – هەروەک کۆمەڵگەی سەرمایەداریی پیشەسازی پێناسەیان دەکرد – ئەوەیە بەردەوام دوور دەکەوێتەوە لە ژیان. ئاشکرایە لە جیهانی کۆمپانیاکانی بیمە و دروستکردنی کولێرەی بە قیمە هیچ جێگەیەک بۆ شیعر نییە. دەستەواژەی “دادپەروەری شیعری” ڕێک بە واتای ئەو جۆرە دادپەروەرییە دێت ئێمە لە ژیانی ڕاستەقینەماندا نایبینین. هەروەها لە ڕۆمانیشدا بە هۆی نزیکی لە کۆمەڵگەوە کێشەیەکی هاوشێوەمان تووش دەبێت. ئەگەر ڕۆمان پارچەیەک بێت لە ژیان، ئەی چۆن دەتوانێت حەقیقەتێکی گشتیمان پێ بڵێت؟ ئەمەش بە تایبەتی بۆ پرۆتستانتێکی تۆخی سەدەی هەژدەمی وەک ساموێڵ ڕیچاردسن کێشە بوو کە باوەڕی وابوو دەبێ ئەدەب حەقیقەتی ئاکاریمان فێر بکات، ئەگەر نا خەیاڵێکی پڕوپووچ و تەنانەت کۆنەپەرستیشە.

ئاریشەکە لێرەدایە چەندە کەتوارخوازییەکەت ئاشکرا و ڕۆشن بکەیتەوە، ئەوەندە لە حەقیقەتی ئاکاری لا دەدەیت، چونکە هەرچەندە خوێنەر سەرقاڵی وردەکارییە کەتوارخوازییەکان دەبێت، هەر ئەوەندە گوێ بە حەقیقەتە گەردوونییەکان نادات. لێرەدا ئاریشەیەکی تریش دێتەئاراوە، ئەویش ئەوەیە تۆ وەک ڕۆماننووسێک بێئەوەی پێمان بڵێیت کێشەی جیهان چییە، ناتوانیت داوای گۆڕینی جیهان بکەیت. بەڵام هەرچەندە بە شێوەیەکی کاریگەرانە ئەوەمان پێ بڵێیت، جیهان هەر ئەوەندە نەگۆڕتر دەردەکەوێت. ڕۆمانەکانی چارڵز دیکنز کۆمەڵگەیان ئەوەندە گەندەڵ و خراپەکار پیشان دەدا کە بۆمان زۆر سەخت بوو بیر لە گۆڕینی بکەینەوە.

ڕیچاردسن دەیزانی بە خوێندنەوەی ڕۆمانی کەتوارخواز خوێنەر لە یەک کاتدا باوەڕ بە گوتاری ڕۆمانەکە دەهێنێت و ناهێنێت. بە تەواوی خۆمان تەسلیمی گێڕانەوەکە دەکەین بەڵام لە هەمان کاتدا بەشێکی مێشکمان پێمان دەڵێت ئەوە تەنیا خەیاڵێکە و هیچی تر. ڕیچاردسن بەو نەفەسەوە قسەی دەکرد، کە “هەرچەندە ئێمە دەزانین ئەوەی دەیخوێنینەوە، بەشێک لە خەیاڵێکی ئەدەبییە، بەڵام هەر دەشیخوێنینەوە.” وەک ئەوەی ئەو بەشەی مێشکمان کە گیرۆدەی چیرۆکەکە نەبووە وانەیەکی ئاکاری لە چیرۆکەکە هەڵبهێنجێت. بەو شێوەیە دەتوانین پارێزگاری لە کەتوارخوازی بکەین، بەڵام دەکرێت کەتوارخوازی خزمەتی زیاتریشمان بکات. لە نووسینی ڕۆمانی ‘کلاریسا’دا، ڕیچاردسن نایەوێت لە پێشگوتەی ڕۆمانەکەدا ئاماژە بەوە بکات کە ڕۆمانەکەی لە خەیاڵێکی ئەدەبی زیاتر هیچی تر نییە، بە هەمان شێوە نایەوێت وەک چیرۆکێکی ڕاستەقینەش دەربکەوێت. لێرەوە بە تەواوی گیروگرفتی کەتوارخوازبوونمان بۆ ڕوون دەبێتەوە. نابێت خوێنەر پێی بگوترێت ئەو کتێبەی دەیخوێنێتەوە بریتییە لە خەیاڵێکی ئەدەبی چونکە سیحری کتێبەکە بەتاڵ دەکاتەوە. بەڵام ئەگەر خوێنەریش ئەو ڕۆمانەی دەیخوێنێتەوە بە خەیاڵی نەزانێت، ئەوا دووبارە ڕۆمانەکە هێزی وێژەییبوونی خۆی لەدەست دەدات. ئەگەر وا بێت، ‘ڕۆمانی کلاریسا’ی ڕیچاردسن دەبێتە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی لەبارەی دەستدرێژیی سێکسی، نەک ڕۆمانێک لەبارەی چاکە و خراپە و باڵادەستیی زایەندی.

ئەوە تەنیا نووسەرانی ئاکارباوەڕی وەک ڕیچاردسن نین ڕووبەڕووی ئەم تەنگەژانە دەبنەوە. بەشێک لەوەی ئێمە باوەڕمان وایە دەقێکی ئەدەبییە، خوێنەر هان دەدات بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی گشتی لێ هەڵبهێنجێت. هەربۆیە لە شوێنێکدا کە هێمای “دەرچوون قەدەغەیە” دەبینین – کە نووسینێکی خەیاڵیی ئەدەبی نییە – دەکرێت لێکدانەوەیەکی خەیاڵیی ئەدەبی بۆ دروست بکەین و بڵێین ڕەنگە کەسێکی گۆشەگیر ئەوەی لێرەدا هەڵواسیبێت بۆ ئەوەی کەس لێی نزیک نەبێتەوە. کەواتە خەیاڵی ئەدەبی بە واتای ئەوە نایەت، کە ڕاستەقینە نییە، بەڵکوو بە واتای ئەوە دێت، چیرۆکێک (ڕاستەقینە بێت یان نا) بە شێوەیەک لێی بڕوانرێت، کە گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ڕەنگە ئەمە گونجاوترین پێناسە نەبێت، بەڵام خاڵێکی گرنگیش دەخاتەڕوو. هەروەها، ڕەنگە ئەوە هاوکارمان بێت بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی خەیاڵی ئەدەبی زۆرجار (یان هەمیشە) زمان بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی سەرنج بۆ پێگەی وێژەییبوونی خۆی ڕابکێشێت. ئەمەش وەک ئەوەیە پێمان بڵێت “ئەم بەرهەمە ئەدەبییەیە بە حەرفی وەرمەگرە.” هەرچەندە بە ئاشکرا ئەوە بدرکێنیت، ڕەنگە کاریگەریی چیرۆکەکەت کاڵ بکەیتەوە. ئەمەش یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن خەیاڵی ئەدەبی دەبێتە سەرچاوەیەکی بەهێزی ئایدیۆلۆجیا، چونکە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئایدیۆلۆجیا ئەوەیە بارودۆخێک دروست بکات کە تێیدا وەک حەقیقەتێکی گەردوونی دەربکەوێت. گەر چەند قوتابییەکی کوڕ لە قوتابخانەیەکدا، کە بێسەرپەرشت بێت، لە یاری کریکێت سەر و گوێلاکی یەکتر دەربهێنن؟ ئایا ئەوە واتای ئەوە دەدات هەموو مرۆڤەکان دڕندە بن!

کەواتە گەر بەم شێوەیە بێت، دەکرێت بڵێین کەتوارخوازی و نموونەییبوون هەرگیز لەگەڵ یەکتر ناسازێن. ئەگەر ئۆلیڤەر تویستی چارڵز دیکنز تەنیا ئۆلیڤەر تویستێکی ئاسایی بێت، ئەوا هەست بە سیحری تەواوی ئەو کارەکتەرە دەکەین. بەڵام ئەم کارەکتەرە پێناچێت هیچ ڕەهەندێکی سیمبولیی هەبێت. ئێمە ئاشناین بەو جۆرە کارەکتەرە وەک ئەوەی لە فیلمەکان دەبینین کەسێک هەرچەندە ئاشنای بکوژەکەی دراوسێی بێت. دەبینین بکوژەکە کەسێکی زۆر ئاسایی دەردەکەوێت و هەموو کاتێکیش کە دراوسێکەی دەبینێت، زۆر بە ڕێزەوە سڵاوی لێ دەکات. بەڵام گەر ئۆلیڤەر هێما بێت بۆ دڵڕەقی و چەوساندنەوە، ئەوا هەرچەندە گرنگیش دەربکەوێت، تایبەتمەندییەکانی خۆی لەدەست دەدات. ئەمەش بە تەواوی ڕۆمانەکەی چارڵز دیکنز دەگۆڕێت بۆ چیرۆکی هێمایی (allegory) .نموونەییبوون بێ کەتوارخوازی بەتاڵە، لە کاتێکدا کەتوارخوازی بێ نموونەییبوون کوێرە.

ئەوەی پێی دەڵێین خەیاڵی ئەدەبی ئەو شوێنەیەیە کە نموونەییبوون و کەتوارخوازی تێیدا بەیەک دەگەن. ئەگەر بێتو بتەوێت باس لە سیستەمێکی یاسایی بکەیت، باشترین ڕێگە ئەوەیە پەنا بۆ خەیاڵی ئەدەبی ببەیت، ئەمەش هەم بە هۆی کاریگەرییەکەی، هەم بە هۆی ئەوەی دەتوانیت بە ئارەزووی خۆت ئەو بەشانە هەڵبژێریت و جێگۆڕکێیان پێ بکەیت بەو شێوەیەی دەتەوێت بۆ ئەوەی خەسڵەتە نموونەیییەکانی سیستەمەکەت دەربکەوێت. گەر بێتو دەقاودەق باسی سیستەمێکی یاسایی بکەیت کە لە دادگەکان چی دەگوزەرێت، بابەتەکەت زۆر بێزارکەر دەبێت. هەر لەبەر ئەم هۆیانەیە زۆرجار دەگوترێت خەیاڵی ئەدەبی لە ڕاستیی ڕاستیترە. ئەگەر نەخشەی ڕواڵەتە دیارەکانیی ڕووداوێک یان کەسایەتییەک تا ئەو جێگەیەی کە دەتوانیت بکێشیت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە خۆت لە خەیاڵێکی ئەدەبیدا دەبینیتەوە. لەوانەیە بارودۆخێک دابهێنیت کە ئەم ڕواڵەتانە گەشاوەتر لە جاران دەربکەون.

ڕەخنەگری بەناوبانگی بەریتانیایی فرانک ڕایمۆند لیڤس (١٨٩٥-١٩٧٨) لە یەکێک لە کتێبەکانیدا بە ناونیشانی ‘کەلەپوورە مەزنەکە’ ڕۆمان بە دوو شێوە پێناسە دەکات: یەکەم، ڕۆمان دەبێت بە ڕووی ژیاندا بکرێتەوە. دووەم، پێویستە ڕۆمان دەرخەری شێوازێکی ئەنداموار (organic) بێت. کێشەکە ئەمەیە ئەم دوو داواکارییە بە ئاسانی لەگەڵ یەکتر ناگونجێن. یان ڕەنگە ئەو کاتە لەگەڵ یەکتر بگونجێن کە ژیان خۆی شێوازێکی ئەنداموار دەربخات. ئەو کاتە ڕۆمانیش بە ڕووی ژیاندا دەکرێتەوە. لە مێژووی ڕۆماندا کەمجار وا هەڵکەوتووە ئەم دووانە پێکەوە کۆ کرابنەوە. لە سەردەمی مۆدێرندا – سەردەمی هەرەگەشی ڕۆمان – ژیانی مرۆڤ لە جاران ناڕێکخراوتر بووە، کەواتە چۆن ڕۆمان دەتوانێت ژیانی مرۆڤ ڕێک بخاتەوە؟ چۆن لێرەدا ئەرکی کەتوارخوازیی ڕۆمان پووچەڵ ناکرێتەوە؟ چۆن ڕۆمان دیاردەیەکی دژیەک نابێت؟ ڕۆماننووسان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە وێنەیەکی دەقاودەقی جیهانمان پیشان دەدەن، بەڵام ئێمە دەرک بەوە دەکەین کە ئەم وێنەیەی ئەوان پیشانمان دەدەن، لە هەگبەی کەسیی خۆیانەوە دەرهاتووە. هەربۆیە دەکرێت بڵێین ڕۆمان ژانەرێکی توانجاوییە (ironic) و خۆوێرانکەرە. هەروەها، وا پێدەچێت شێوازی ڕۆمان ناکۆک بێت لەگەڵ نێوەڕۆکەکەی. ڕۆمان بە هۆی ئەوەی بەردەوام سەروکاری لەگەڵ جیهانێکی ناڕێک و تێکەڵوپێکەڵدا هەیە و هەمیشە هەڕەشەی ئەوەی لەسەرە کە یەکگیریی خۆی وەک خەیاڵێکی ئەدەبی لەدەست بدات.

ڕۆمانی ئینگلیزی هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانەوە تووشی ئەم کێشانە بووە. نووسەرانی وەک دێفۆو و ڕیچاردسن ئەم کێشەیەیان بە قوربانیکردنی شێواز بۆ نێوەڕۆک چارەسەر کردووە. دێفۆو زۆر بەدەگمەن هەوڵی دەدا ڕۆمانەکانی خۆی ڕێک بخاتەوە، بەڵکوو بێشێوازیی گێڕانەوەکەی دەرخەری ناڕێکوپێکی ئەو مژارانە بوون دێفۆو لە ڕۆمانەکانیدا دەیورووژاندن. لە ڕۆمانەکانی دێفۆودا هەمیشە لەسەر حیسابی نێوەڕۆک شێواز وەلاوەنراوە. ڕیچاردسن ڕێگەیەکی هاوشێوەی دەگرێتەبەر و تەکنیکێک بەکار دەهێنێت کە کارەکتەرەکانی ئەزموونی ژیانی خۆیان بەو شێوەیەی هەیە تۆمار بکەن. کارەکتەرەکانی ڕیچاردسن هەر لە لەدایکبوونەوە پێنووس و تێنووسێکیان پێیە بۆ تۆمارکردن. لێرەشدا نێوەڕۆک لە شێواز بەلاوەترە. ڕۆمانەکانی ڕیچاردسن هاوشێوەی ڕۆمانەکانی دێفۆو بەڕووی جیهانی دەرەوەدا کراوەن، بەڵام بۆئەوەی هونەریبوونی خۆیان لەدەست نەدەن، زۆر بە چاوێکی وریایانەتر نووسراون. ڕیچاردسن وەک پیوریتانێک[14] بە چاوێکی گومانەوە سەیری هەموو هونەرێکی دەرکرد. هەروەها، بەگومان بوو لە هەموو شێواز و نەریتێک کە دەستوەر بدات لەنێوان خۆی و ئەو جیهانەی لە ناخی خۆیدا هەڵیگرتووە. جیهانی ناخی خۆی ئەو جیهانەیە تێیدا پاکبوونەوە لە گوناح بەدەست دەهێنێت، بۆیە دەبێ بە هەموو شێوەیەک پارێزگاری لێ بکات.

هێنری فیڵدینگ ڕێگەیەکی جیاواز لەوانی گرتەبەر و هێڵێکی جیاکەرەوەی لەنێوان شێواز و نێوەڕۆکدا نەکێشا و دانی بە خەیاڵیبوونی ڕۆمانەکانیدا نا. فیڵدینگ ناخوازێت ئەو خوێنەرانەی ڕۆمانەکانی دەخوێنەوە لەبیر بکەن ڕۆمانێک دەخوێننەوە. ئەو ئاگادارە کە بۆچوونی باو لەبارەی نووسینی ڕۆمان ئەوەیە قارەمانەکانی سەربکەون و دژەقارەمانەکانی شکست بهێنن، بەڵام ئەم جۆرە شێوازە بە جیهانی ڕاستەقینە ناکۆکە. لە کۆمەڵگەیەکی نادادپەروەردا ناتوانی شتەکان وەک ئەوەی هەن بیانخەیتەڕوو و چاوەڕێی ئەوە بکەی جیهانێکی جوان و ڕێکوپێک وێنا بکەی. دڕندەییی مرۆڤ یەکێكە لەو هۆکارانەی ناتوانرێت تێیدا کەلێنی نێوان شێواز و نێوەڕۆک پڕ بکرێتەوە. یان دەکرێ ئەو کەلێنە پڕ بکەیەوە – وەک ئەوەی فیڵدینگ و ئەوانەی دوای ئەو هاتن کردیان – بەڵام دەبێ سەرەتا خوێنەر لەوە ئاگادار بکەیەوە کە ئەو کەلێنە تەنیا لەنێو ڕۆماندا پڕ دەکرێتەوە. ناکرێ خوێنەر ئەوە بە ژیانی ڕۆژانەی خۆی بەراورد بکات، هەربۆیە ڕۆمان شێوازێکی تەنزاوییە. چەندە ڕۆمان ڕەنگدانەوەی ژیانی ڕۆژانە بێت، ئەوەندە لێی دوور دەکەوێتەوە. لە جیهانی ڕاستەقینەدا کارەکتەرەکانی وەک فانی، جۆزێف و پارسن ئادەمسی ڕۆمانی ‘جۆزێف ئەندروس’ی هێنری فیڵدینگ دەکوژران. بەهەمەحاڵ، هەرچەندە وا دەردەکەوێت کە کەلێنی نێوان شێواز و نێوەڕۆک پڕ بکرێتەوە، بەڵام ئەوە تەنیا هیوایەکی بێهوودەیە. ڕۆمان وێنەیەکی یووتۆپیاییە، نەک لەبەر ئەو شتەی دەیخاتەڕوو، بەڵکوو لەبەر خودی خستنەڕوو خۆی. ڕۆمان کردەیەکە جیهان بەو شێوەیە وێنا دەکات خۆی دەیەوێت، بەبێ ئەوەی زیان بە کەتوارەکەی بگەیەنێت. کەواتە ڕۆمان کردەیەکی ئاکارییە.

ڕۆماننووسی ئێرلەندی لۆرنس ستێرن (١٧١٣-١٧٦٨) دەرکی بە مەحاڵی سازان لەنێوان شێواز و کەتوارخوازیدا کردبوو، ئەمەش لە ڕۆمانە دژە-ڕۆمانەکەیدا بەناوی ‘تیسترم شاندی’دا بەڕوونی دەردەکەوێت. گێڕەرەوەی ڕۆمانەکە تریسترم ناتوانێت مێژووی ژیانی خۆی بەڕاستی بگێڕیتەوە و چیرۆکێکی داهێنەرانەمان پێشکەش بکات. هەربۆیە ئەم ڕۆمانە ئەوەمان بۆ دەردەخات کەتوارخوازی خۆوێرانکەرە. لەمبارەیەوە ڕۆلان بارت (١٩١٥-١٩٨٠) دەڵێت:

کەتوار ناخسترێتەڕوو چونکە هەمیشە هەوڵدراوە بەجۆرێک بخسترێتەڕوو کە بەشێکە لە مێژووی ئەدەب… ئەدەب بێقەید و شەرت کەتوارخوازە بەوەی کە هەرگیز جگە لە کەتوار ئارەزووی شتێکی دیکەی نەکردووە. دەشتوانم بێ دژیەکبوون لەگەڵ بۆچوونەکەی خۆم بڵێم ئەدەب زۆر ناکەتوارخوازە، هەر بۆیەش ئارەزووی کەتوار دەکات، چونکە مەحاڵە پێی بگات.

 ئەگەر ڕۆمان داستانێکی پاڵەوانبازیی مۆدێرن بێت ئەوا هەروەک جۆرج لوکاس (١٨٨٥-١٩٧١) دەڵێت، “داستانی جیهانێکە کە خوا دەستی لێ بەرداوە.” ڕۆمان لەو سەردەمی مۆدێرنەدا دەبێ هەڵپەی دۆزینەوەی مانا بکات چونکە لەو سەردەمەدا هەم مانا و هەم بەهاکان بەو ئاسانییە خۆیان بەدەستەوە نادەن. ماناکان چیتر نابن بە دەقێک کە لەبارەی ئەزموونەوە نووسراوە. فەیلەسوفی نەمسایی ڕۆبێرت موزیل (١٨٨٠-١٩٤٢) لە بەرگی دووەمی کتێبی ‘ئەو پیاوەی هیچ تایبەتمەندییەکی نییە’ دەڵێت، “زۆر بەبەختە ئەو پیاوەی کە هێشتا دەتوانێت بڵێت ‘کەی,’ ‘پێشتر’ و ‘دواتر.’ ” هەروەها، موزڵ دەشڵێت بەحەسرەت ئەوەیە کەسێک لە سەردەمی مۆدێرندا بدۆزێتەوە بتوانێت ڕووداوەکان بە ڕیز یەک لەدوای یەک بگێڕێتەوە. ئەو فەیلەسوفە باوەڕیشی وایە لە پەیوەندیی تاکەکان بە ژیانی کەسیی خۆیانەوە زۆربەی خەڵک وەک چیرۆکبێژێک دەردەکەون، هەربۆیە حەزیان لە گێڕانەوەی یەک بەدوای یەکە. موزڵ باوەڕیشی وایە تاکە کێشەی جیهانی مۆدێرن ئەوەیە بووەتە جیهانێکی ناگێڕانەوەیی.

یەکێک لەو ڕێگەیانەی ڕۆمانی مۆدێرن دەیەوێت بەسەر ئەم گرفتەدا سەربکەوێت، ڕێگای کارەکتەرە. کارەکتەر لێرەدا کۆمەڵێک ڕووداو و ئەزموونی هەمەجۆر یەکدەخات. ڕێگەیەکی دیکە کە ڕۆمانی مۆدێرن دەیگرێتەبەر کردەی خودی گێڕانەوەیە کە هەم شێوە و بەردەوامی و هەم گۆڕان و جیاوازیش لەخۆ دەگرێت. لەم جۆرە گێڕانەوەیەدا هۆ و هۆکرد و کار و کاردانەوە بەشێوەیەکی لۆجیکی بە یەکەوە بەستراون. گێڕانەوە لێرەدا وا پێدەچێت بەشێوەیەکی هەڕەمەکییانە جیهانێکمان بۆ بخوڵقێنێت.

بەڵام هەموو گێڕانەوەیەک لێرەدا ئەوەی لەخۆیدا هەڵگرتووە کە دەکرا بە شێوەیەکی‌تر بگێڕدراباوە. کەواتە هەموو ئەو گێڕانەوانە مایەی گۆڕانن. کەتوار هەموو حیکایەتێک لەبارەی خۆیەوە لەخۆ دەگرێت و ڕاستی و دروستیشیانی بەلاوە گرنگ نییە. چیرۆکەکان تەنیا یەک شێوازی گێڕانەوەیان نییە بەڵکوو دەکرێ بە چەندان شێواز بگێڕدرێنەوە. بۆ زۆرێک لە هونەرمەندە مۆدێرنەکان شێوازێکی گێڕانەوەی باڵادەست بوونی نییە کە پێویستمان بە کردنەوەی کۆدەکانی بێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی چۆنیەتیی داڕشتنی ڕۆمان گرنگییەکی ئەوتۆی نەمێنێت. ڕۆمانی مۆدێرن پێشوەختە ماناکانی خۆیان بەدەستەوە نادەن، چونکە لەسەر بنەمای پشکنین و بەدواداگەڕان نووسراون. پیادەڕەویی لیۆپۆڵد بلوومی ڕۆمانی ‘ئۆلیس’ی جەیمس جۆیس گەڕانێک نییە بەدوای هیچ شتێکدا بەڵکوو گەڕانە تەنیا لە پێناو گەڕان خۆی. گێڕانەوە پارچەکانی جیهان – وەک ژیاننامەیەک – لەیەک دەدات بۆئەوەی واتایەک بە ژیانی تاک ببەخشێت. نووسینی مێژووش بەهەمان شێوەیە بەڵام بە ڕووبەرێکی فراوانتر. بەڵام هەم نووسینی مێژوو هەم نووسینی ژیاننامە بەردەوام لە ململانێدان لەگەڵ کاتدا کە ڕێگرە لەوەی مانا بەتەواوی خۆی بەدەستەوە بدات. کات لە مێژوو و لە گێڕانەوەدا گرنگییەکی ئەوتۆی نامێنێت، چونکە ڕووداوەکان بێ ئەوەی پەیوەندییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ یەک هەبێت یەک بەدوای یەک ڕوو دەدەن. دەکرێ ئەمە لە ڕۆمانەکانی دێفۆودا ببینینەوە.

ڕۆمان هێمای ئازادیمانە. لە جیهانی مۆدێرندا تەنیا ئەو یاسایانە لە قاڵبمان دەدەن خۆمان بۆ خۆمانی دروست دەکەین. لە ڕووی سیاسییەوە بەمە دەگوترێت دیموکراسی. ئەوە ئێمەین شێواز و مانا بە کەتوار دەبەخشین، ڕۆمانیش مۆدێلێکی ئەم کردە داهێنەرەیە. ئەو کاتەی ڕۆماننووس بە شێوەیەکی دەمەلاسکانە (parody) بە ئافراندنی خوا جیهانێکی نوێ دەهێنێتە بوون، هەموو تاکێک دەتوانێت مێژووی ژیانی بێهاوتای خۆی تێدا بدۆزێتەوە. بۆ هەندێک لە لێکۆڵەرانی ئەدەبی ئەوە ئەو شوێنەیە کە کەتوارخوازی ڕۆمان بەشێوەیەکی بەرچاو تێیدا دەردەکەوێت. ڕۆمان ئەوەندە ڕەنگدانەوەی خودی جیهان خۆی نییە، ئەوەندەی ڕەنگدانەوەی ئەو شێواز و بەهایانەیە ئێمە بۆ جیهانی دروست دەکەین. ڕۆمان لەم ڕوانگەیەوە زۆر کەتوارخوازە لەبەر ئەوە نا کە لە ڕۆمانی ‘ئۆڵیڤەر تویست’ی چاڕڵس دیکنزدا گوێم لە قرچەقرچی باسترمەکەی فەیگن دەبێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەی ئەو حەقیقەتە دەردەخات کە هەموو بابەتی (objective) بوونێک ڕەگێکی لە ڕاڤەکردندا هەیە.

ئەمە هەواڵێکی ناخۆش نییە. ئایا گەر تاکە جیهان کە پێی ئاشناین ئەو جیهانەیە خۆمان بۆ خۆمانی بنیات دەنێین، ئەوا هەموو ماریفەیەک نابێتە دووبارەیەکی بێمانا؟ ئایا ئێمە تەنیا خۆمان دەناسین لەوەی کەتوارێکی سەربەخۆ لە ئێمە بناسین؟ ئایا ئێمە ئەو شتانە لە کەتوار ناستێنینەوە کە خۆمان پێمان داوە؟ ئەگەر کەتوار ئەوە بێت کە ئێمە دەیسەپێنین، کەواتە هێزی کەتوار لە چیدایە؟ ئەو ڕاستیەی کە من جیهانێک دەهێنمەبوون کە خۆم دەمەوێت وادەکات ئەو جیهانە بەنرختر بێت، بەڵام بەهای بابەتییانەی ئەو جیهانەش دەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە. ئەم دۆخە تەنزاوییە لە ڕۆمانەکانی ڤیرجینیا وۆڵفدا بەئاشکرا بەدیدەکرێت.

گەر بەها و مانا لە ناخی تاکەکاندا چەسپابن، ئەو هەستە دروست دەبێت کە ئەو شتانە سەر بە جیهانی ڕاستەقینە نین. ئەمەش وا دەکات بەهاکان نابابەتییانە دەربکەون. هەروەها، ئەمە کەتوار دەخاتە جیهانێکەوە کە خاڵییە لە مانا. بەڵام گەر جیهان لە مانا خاڵی بێت، مرۆڤ هیچ جێگەیەکی نابێت کە ئامانجدارانە تێیدا بژی و دەرک بە بەهای خۆیان ناکەن. هەروەها، مرۆڤەکان لێرەدا لە نێوەوەی خۆیانەوە دادەڕووخێن. ئەگەر کەتوار خاڵی بێت لە بەها، دەروونی مرۆڤ وێران دەبێت. لێرەدا مرۆڤەکان گەر بەهاشیان هەبێت، ئەوا لە جیهانێکی بێبەهادا ڕاستەقینە نابن. مانا و بەها لە جیهانی گشتی وەردەگیرێن، ئەو جیهانەی کە ئێستا لە ڕاستییەکی بێڕۆح زیاتر نییە، ئەو حەقیقەتانەش لە نێواخنی مرۆڤی مۆدێرندا دەچەسپێن و لەپڕ هەر لەوێدا ون دەبن. بەم شێوەیە جیهان دابەش دەبێت بە سەر ڕاستی و بەها، گشتی و تایبەتی، شت و مانا. جۆرج لوکاچ لە کتێبی ‘تیۆریی ڕۆمان’دا ناو لەوە دەنێت دۆخی نامۆبوونی سەردەمی مۆدێرن، ڕۆمانیش ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخەیە.

چۆن دەتوانی چیرۆکێک لەم بارودۆخەدا بگێڕیتەوە؟ ڕەنگە زۆر مەحاڵ بێت لە جیهانێکی بێڕۆح و دابڕاو لە ژیان بتوانی چیرۆکێک بگێریتەوە. هەر بۆیە ڕۆماننووسان بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکانیان دەبێ بگەڕێنەوە ژیانی ناخی خۆیان. بەڵام ئەم ژیانەش بەهۆی ململانێکردنی لەگەڵ جیهانی بێڕۆحدا ئەوەندە بە ئاسانی ناچێتە ژێر باری گێڕانەوە. دەتوانین ئەمە لە ڕۆمانەکانی هێنری جەیمسدا ببینین کە هەوڵیداوە لە یەک کاتدا بەبێ هیچ بنبەستێک زۆر شت بڵێت. کەواتە جیهانی دەرەوە بارتەقای گێڕانەوە نایەت و جیهانی نێوەوەش تژییە لە گێڕانەوە. گێڕانەوەکانی جیهانی نێوەوەش بێ‌کێشە نین چونکە دەروونی مرۆڤ چیتر وەک جاران یەک ڕەهەندی نییە. جاران گرنگ بوو باو و باپیرانت کێن و ئایا تۆ چەندە دەتوانی بیر و باوەڕی ئەوان بە منداڵەکانت بگەیەنیت. کەچی ئێستا ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو بەتەواوی پێکەوە بەستراون و هیچ شوورەیەک لە نێوانیان نییە. هەروەها، جیهانی نێوەوە پێت ناڵێت چی گرنگە و چی گرنگ نییە چونکە هەر شتێک کە ڕوو دەدات – چ گرنگ بێت یان نا –بەشێکە لە ژیانی تۆ. ئەمەش زۆر بە ڕوونی لە تاکگۆیی (monologue) نێوان لیەپۆڵد و مۆڵی بلوومی ‘ئۆلیس’ی جەیمس جۆیسدا دەبینرێت. ئەم تێکەڵێکەیەش تەنگەژەی بەها قووڵتر دەکاتەوە.

زانیمان بۆ لوکاچ ڕۆمانی بە بەرهەمی جیهانێکی نامۆ دەزانی. بەڵام جگە لەوە ڕۆمان بەرانبەر بەم جیهانە نامۆیە کاردانەوەیەکی یووتۆپیایشە. نامۆبوون ئەو دۆخەیە کە مرۆڤەکان بابەتیبوون (objective) و نابابەتیبوون (subjective) تێکەڵ دەکەن. نووسینی ڕۆمان چارەسەری ئەو دۆخی نامۆبوونەیە، چونکە ڕوانگەی بابەتییانەی ڕۆمان بۆ جیهان ڕەگەکەی لە نابابەتیبوونی نووسەرەکەی دایە. نووسینی ڕۆمان سنوورەکانی نێوان بابەتیبوون و نابابەتیبوون دەبەزێنێت. ڕۆمان لەو شتە دەگمەنانەیە لە کۆمەڵگەیەکی بە ماددیکراودا بەشێوەیەکی بابەتیانە نابابەتیبوونی خۆی دەردەخات. بەم شێوەیە، دەکرێت بڵێین بوونی ڕۆمان چارەسەرێکی خەیاڵکراوە بۆ ئەو کێشە کۆمەڵایەتییانەی دەیانخاتە ڕوو.

ئەو بارودۆخەی کە لوکاچ لە کتێبی ‘تیۆریی ڕۆمان’ وێنای دەکات، زیاتر بۆ ڕۆمانی مۆدێرنیستی سەدەی بیستەم ڕاستە تا ڕۆمانی کەتوارخوازی سەدەی نۆزدەیەم. شاکارە کەتوارخوازەکانی سەدەی نۆزدەیەم لە ‘لەخۆباییبوون و کینە’ی جەین ئۆستنەوە تا ‘میدڵماڕچ’ی جۆرج ئێلیەتەوە، هێشتا توانای پەیوەستکردنی ڕاستی و بەها، بابەتی و نابابەتی، نێوەوەی ناخی مرۆڤ و دەرەوەی، تاک و کۆمەڵگەیان هەیە، هەرچەندە بەشێوەیەکی سنوورداریش بێت. ئەمانەش لە مێژووی چینی نێوەڕاستەوە هەڵدەقوڵێن. هەر ئەم مێژووەشە کە لوکاچ لە نووسینەکانیدا لەبارەی ئەدەبی کەتوارخوازی دەیەوێت توێژینەوەی لەبارەوە بکات. ئەدەبی مۆدێرنیزم ئەو کاتە سەرهەڵدەدات کە شارستانیەتی چینی نێوەڕاست تووشی قەیرانێکی ناهەموار دەبێت – وەک ئەو قەیرانەی لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەیەمدا تا کۆتاییی جەنگی جیهانیی دووەم ڕوویدا – لێرەدا ڕۆمان لە کۆمیدیاوە بەرەو تراجیدیا دەچێت.

کەواتە ئەو وەسفکردنەی لوکاچ بۆ ڕۆمان کە بەرەبەرە پێش دەکەوێت ڕاست بوو. ڕۆمان ئێستا بووەتە ئەو هونەرەی چیتر ناتوانێت شێوە بە دژیەکەکان بدات. بەڵکوو، هەروەک لە ڕۆمانەکانی هێنری جەیمس و جۆزێف کۆنراد (١٨٥٧-١٩٢٤) دەیبینین، دژیەکەکان ئێستا خۆیان خزاندووەتە نێو شێوازی ڕۆمان خۆی. دژیەکەکان لەو شێوازانەدا لە ڕۆمان دەردەکەون: تێکشکاندنی زمان، داڕمانی گێڕانەوە، لێدوانی باوەڕپێنەکراو، بەریەککەوتنی نەرێنییە کەسییەکان، لاوازیی بەهاکان و خۆبەدەستەوەنەدانی ماناکان. شێوازە ئەنداموارەکانی ڕۆمان لەو دۆخەدا یان هەر دەست ناکەون یان گەر دەستیش بکەون وەک ‘ئۆلیس’ی جەیمس جۆیس بەشێوەیەکی گاڵتەئامێز دەردەکەون. جیهانی مۆدێرن ئەوەندە لێک ئاڵاو و بەش بەشە کە سەختە بۆ ڕۆمان بتوانێت لە گشتێکدا کۆیان بکاتەوە. ئاستەنگێکی تری بەردەم ڕۆمان لە سەردەمی مۆدێرندا زاراوەی پسپۆڕانە (jargon) و پانتاییی مەعریفی فراوان و لە ژمارە نەهاتووە. ئەوەی  ڕۆمانی مۆدێرنیست پێمان دەبەخشێتن بریتییە لە دالێکی (signifier) خاڵی لە گشتێتی کە چیتر لە کردن نایەت، نموونەش بۆ ئەمە: زیوی ڕۆمانی ‘نۆسترۆمۆ’ی جۆزێف کۆنراد، دەستنووسەکەی ستیڤی لە ڕۆمانی ‘سیخوڕەکە’ی کۆنراد، ئەشکەوتەکانی مارابار لە ڕۆمانی ‘گەشتێک بەرەو هیندستان’ی ئی. ئێم. فۆڕستەر (١٨٧٩-١٩٧٠) و ڕۆمانی ‘منارەکە’ی ڤیرجینیا وۆڵف.

سەرهەڵدانی ڕۆمانی کەتوارخواز لە مێژووی مرۆڤدا شۆڕشێکی کولتووری مەزن بوو. چەندە بزوێنەری هەڵمی و کارەبا لە بواری ماددیدا و دیموکراسی لە بواری سیاسیدا گرنگن، ئەوەندەش ڕۆمانی کەتوارخواز لە بواری کولتووریدا گرنگە. ڕۆمانی کەتوارخواز لەبەر ئەوەی ئەو هونەرەیە کە جیهان بەو شێوەیەی کە هەیە وێنا دەکات، ئێستا مەحاڵە بیر لە جۆرێکی تری هونەری ڕۆمان بکەینەوە. هەر ئەو هونەرە بوو کە لە کۆتاییدا وای کرد خەڵکی ڕەمەکی بێنێتە نێو ئەدەبەوە و ئەو جیهانەیان پیشان بدات کە زەحمەتیان تێیدا کێشاوە. ئەم جۆرە شێوازە ئەدەبییە پێویستیی بە پسپۆڕی ورد نییە بۆ ئەوەی لێی تێبگەیت. ڕۆمانی کەتوارخواز بەتایبەتی دەرگای واڵایە بۆ ژنان کە پێشتر پەراوێز خرابوون بە هۆکاری ئەوەی ناتوانن سەر لە ئەدەبی باڵا دەربکەن.

ژنان لەنێو ڕۆماننووساندا جێگەیەکی باشیان گرتووە چونکە وا زانراوە کە ڕۆمان زیاتر لەبارەی ناخی مرۆڤەوەیە تا دەرەوەی ناخی مرۆڤ. لەبەر ئەوەی ژنان زیاتر بایەخ بە هەستەکانیان دەدەن، بۆیە زیاتر پڕژاونەتە سەر نووسینی ڕۆمان. بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نایەت کە ژنان پێویستیان بە شارەزایی و کارامەییەکی باش نییە بۆ نووسینی ڕۆمان. ژنان بۆ ئەوەی ڕۆمان بنووسن، دەبێت باشتر سەرنجی ئەو جیهانە سەختەی تێیدا دەژین بدەن. هەروەها، ژنان دەبێ هێماناسی باش بن بۆ ئەوەی بتوانن هێماکانی دەسەڵات، نیشانەکانی بەرهەڵستی و مانا شاراوەکان لێک بدەنەوە. هەموو ئەوانەش بە نووسینی خەیاڵی ئەدەبی دەکرێت.

بەو واتایە، ڕۆمان پەرەی بە بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتەکان دا هەر بۆیە بووە کەرەستەیەکی کولتووری چینی نێوەڕاست. ڕۆمان گەر خزمەتێکی باشی چینی نێوەڕاستی کردبێت لەبەر ئەوە نەبووە کە سەرمەشقی جوتیاران و کرێکاران بووبێت، بەڵکوو لەبەر ئەوە بووە وەک دادەوەرێکی کولتووری بۆ خستنەڕووی چی کەتوارە و چی کەتوار نییە بەکار هاتووە. ئەم شێوەیەی کەتوار پێویستی بە بڕێکی ئێجگار زۆر هەم هەڵەبڕیکردن و هەم بێهاوتاییبوون هەیە. هەروەها، پێویستیشی بە جۆرێک لە لادان لەو زمانە هەیە کە ئێمە پێی ئاشناین. یەکێک لە شتە سەرنجڕاکێشەکانی ڕۆمان ئەوەیە کە هەموو شێوازەکانی ئاخافتن لەخۆ دەگرێت بەبێ ئەوەی زمانێکی تایبەت بەخۆی دابهێنێت. لە جیاتی ئەوە ڕۆمان گوتارەکەی دەگونجێنێت لەگەڵ ئەو شوێن و کاتەی تێدا دەنووسرێت. ئەمەش بەرەوپێشچوونێکی دیموکراتییانەی ڕۆمانە. ڕۆمان جگە لەوەی ڕەنگدانەوەی گوتاری ڕۆژانەی خەڵکە بە هەمان شێوە بەشداریشە لە داڕشتنەوەی یاسا زمانەوانییەکان. ئەوە ڕۆمانە دیاریی دەکات چ شتێک لە ڕووی زمانەوانییەوە قبووڵکراوە و چ شتێک قبووڵکراو نییە.

لە هەندێک شوێن ڕۆمان لە وێژەییبوون لا دەدات. ئەمەش لەو خولانەی نووسینی داهێنەرانەی ئەمریکا دەردەکەوێت، بەتایبەتی ئەوانەی لەسەر ستایلی ئێرنست هێمینگوەی (١٨٩٩-١٩٦١) دەڕۆن. تیشکۆی ئەو خولانە لەسەر بەکارهێنانی ڕستەیە لای هێمینگوەی، ڕستەی وەک “لەسەر بۆنیتە قوڕاوییە چڵکنەکە دانیشتبوو، دەگریا و دەیناڵاند، ددانەکانی شەڵاڵی خوێنی خۆی ببوون، منیش قومێکی گەورەم لە براندییەکەم دا کە وەک بای سیرۆکۆ (بایەکی گەرم و شێدارە، لە ئەفریقاوە بەرەو باشووری ئەوروپا هەڵدەکات) گەرم بوو و گەدەی تەفنیش کردم.” ئەوەی کە جێی سەرنجە لەو زمانەدا وشکی و سواوییەکەیەتی. ئەو جۆرە زمانە ئەو گومانە لای خوێنەر دروست دەکات کە ئەدەب سست و لاوازە. کەتوارخوازی چەندە لە دەوڵەمەندکردنی زمان بەشدارە ئەوەندەش لە لاوازکردنی زمان بەشدارە وەک ئەو ڕۆمانانەی ئەمڕۆ دەبینین لە ئەمریکا و بەریتانیا چاپ دەکرێن. بەکارهێنانی کەتوارخوازی بۆ دەوڵەمەندکردنی زمان ڕواڵەتێکی ئەوەندە باوی کەتوارخوازی هاوچەرخ نییە.

گەر سەیرێکی ڕۆمانی ئینگلیزی بکەین دەبینین کە لە زمانە سادەکەی دێفۆوە بۆ زمانە خوازەییەکەی وۆڵف بەردەوام دەوڵەمەند بووە لە ڕووی پێکهێنانەوە. کاتێک کەتوار ئاڵۆزتر و بەش بەشتر دەبێت ئەوا کەرستەکانی خستنەڕووی ئەو کەتوارە کێشەدارتر دەبن، ئەمەش وادەکات هەم زمان و هەم گێڕانەوە خودئاگاتر بن. جیاوازییەکی زۆر لەنێوان زمانی بێچەندوچوونی هێنری فیڵدینگ و زمانی تەلیسماوی هێنری جەیمس هەیە. سەرەڕای ئەوانە، شاکارەکانی ڕۆمانی ئینگلیزی توانیویانە وێنای جیهانێک بکەن کە نە ئەوەندە سادە بێت وێژەییبوونی خۆی لەدەست بدات نە ئەوەندە ئاڵۆز بێت کەس لێی تێنەگات.

هەموو ڕۆماننووسێک – یان نووسەرێک – لە کاتی نووسینی هەر ڕستەیەکدا دەبێ بەرەنگاری ئەم ئاستەنگانە ببێتەوە. دەبێ هەموو ڕۆماننووسێک پێش نووسینی هەر ڕۆمانێک ئەو پرسیارانە لە خۆی بکات: چۆن بتوانم ئەو ڕۆمانەی کە دەینووسم هەم ڕاست و دروست بێت هەم داهێنەرانە بێت؟ چۆن بتوانم حەقیقەت نەکەمە قوربانی شێواز، بەبێ ئەوەی یەک چرکە لەبیری بکەم ئەوەی کە دەینووسم ڕۆمانە و هەموو ئەو شتانەشی کە تێیدا ڕوو دەدەن لەنێو ڕۆمانێکدا ڕوو دەدەن، جا ڕووداوەکان چەندە کارەساتبار و بەزەییهێن بن، تەنیا لەنێو ئەو زمانەدان ڕۆمانەکەی پێ دەنووسم؟ بینیمان کە شێواز و نێوەڕۆک، داڕشتن و خستنەڕوو لە گێڕانەوەدا ئەستەمە دانوویان لەگەڵ یەکتر بکوڵێت. بەڵام ڕەنگە لە ستایلدا یەک بگرنەوە. کەواتە ڕەنگە ستایل تا ڕادەیەک ئەو گرفتانەمان بۆ چارەسەر بکات کە ڕۆمان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ئەو گرفتانەی کە چەندە پێی بنێینە نێو قۆناغی مۆدێرنە قووڵتر دەبنەوە. هەر بۆیە کاتێک لە سەردەمی ڕۆشنگەری جەین ئۆستنەوە بەرەو سەردەمی مۆدێرنەی جەیمس جۆیس هەنگاو دەنێین، ستایل سەرنجڕاکێشتر و گرنگتر دەبێت.


[1] ئەناڕکی: دژە حکومەت و یاسا. پاشاگەردانی.

[2] ئیتروسکان: گەلێکی دێرینن کە شارستانیەتی تایبەت بەخۆیان هەبووە و لە باکوور و ڕۆژئاوای ئیتاڵیا ژیاون.

[3] سەردەمی ڤیکۆتریا: ئەو سەردەمەیە کە شاژن ڤیکتۆریا لە بەریتانیا لە نێوان ساڵانی ١٨٣٧ بۆ ١٩٠١ حوکمی کردووە.

[4] مەبەستی نووسەر چارڵۆت بڕۆنتێ (١٨١٦-١٨٥٥)، ئێملی بڕۆنتێ (١٨١٨-١٨٤٨) و ئان بڕۆنتێیە (١٨٢٠-١٨٤٩).

[5] زۆربەی نووسەرانی کورد ئەم وشەیەیان بە واقیعخوازی یان ڕاستەقینەخوازی وەرگێڕاوە. عەزیز گەردی لە وەرگێڕانەکانیدا وشەی کەتواری بەرانبەر واقیع بەکارهێناوە. هەروەها، لە فەرهەنگی کانیدا کەتوار واتەی واقیع دەدات. هەر بۆیە منیش ئەم وشەیەم وا وەرگێراوە. هیواخوازم لە زمانی کوردیدا جێی خۆی بگرێت.

[6] کۆکنی: شێوازێکی ئاخافتنی دانیشتوانی بەشی ڕۆژهەڵاتی لەندەنە. لێرەدا نووسەر مەبەستی ئەوەیە بۆ کەسیکی خانەدان شیاو نییە بە زمانێکی ڕەمەکی قسە بکات و ئەوە دەبەستێتەوە بە پەیوەندیی نێوان ژیان و ئەدەب.

[7] Nutter: شێت و گەوج

[8] Neophyte: تازەکار، تازەباوەڕ

[9] سۆوپ ئۆپێرا: زنجیرە درامایەکە لە رادیۆ یان تەلەفزیۆن پەخش دەکرێت، ژیان و ئاریشەی کۆمەڵە خەڵکێکی دیاریکراو پیشان دەدات.

[10] سەردەمی کلاسیکی: دەکەوێتە نێوان سەدەی ٨ی پێش زاین تا ٥ی زاینیی لە ئەوروپادا.

[11] ستایلێکی نووسینی ئەدەبییە کە بەشێوازێکی جەفەنگ و تێکەولێکە نووسراوە. نزیکە لە گەڕەلاوژەی نێو ئەدەبی کوردی.

[12] ڕۆبێرت ماکسوێڵ: سیاسەتمەدارێکی بەریتانیایی بوو کە لە بارودۆخێکی تەمومژاویدا لە ساڵی ١٩٩١ بە مردووی لە کەناراوەکانی دورگەکانی کەناری زەریای ئەتڵانتیک دۆزرایەوە. هۆکاری مردنەوەی تاکوو ئێستا بەتەواوی نەزانراوە.

[13] تەنزی ڕەش: جۆرە تەنزێکە کە شتە جددی و حەرامکراوەکان دەداتە بەر تانە و تەشەر.

[14] پیوریتان: گرووپێکی پڕۆتستانتی ئینگلیزی بوون له‌ كۆتایییه‌كانی سه‌ده‌ی شازده‌ و حه‌ڤده‌دا.‌ زۆر توندوڕه‌و و چه‌قبه‌ستوو بوون هاوشێوه‌ی سه‌له‌فییه‌كانی نێو ئیسلام.