گسکدەرانی سەر شەقام
شارەکە لەناو بۆشاییدا نوقم بووە.
تریفەی لایتی ئۆتۆمبێلێک بەسەر چاوەکانمدا ڕادەبرێت.
شۆفێرەکە جوێنان دەدات، چونکە لەناو ئەو تاریکایییەدا منی نەدیبوو.
گسکدەرانی سەر شەقام خەریکی کارن.
ئەوان گڵۆپەکان گسک دەدەن، گسک لە شەقامەکان دەدەن بۆ دەرەوەی شارۆچکەکە، گسک لە زیندووەکان دەدەن بۆ دەرەوەی خانووەکان، گسک لە بیرکردنەوەکانی ناو سەرم دەدەن، لە لاقێکەوە گسکم لێ دەدەن بۆ ئەو لاقەی تر، هەنگاوەکانم لە ڕێڕۆیشتنم گسک دەدەن.
گسکدەران گسکەکانیان بە شوێن مندا دەنێرن، گسکە هەڵبەزودابەزکەرە وشکەڵەکانیان. بە تەقەتەق، کەوشەکانم لە جەستەم بەر دەبنەوە.
من لە دوای خۆمەوە ڕێ دەکەم، من لە خودی خۆم دەکەومە خوارەوە، دەکەومە سەر لێواری خەیاڵکردنم.
باخە گشتییەکەی تەنیشتم دەوەڕێت. بایەقووشەکان ئەو ماچومووچانە دەخۆن کە لەسەر کورسییەکان جێ ماون. بایەقووشەکان خۆیانم لێ نەبان دەکەن. خەونە ماندوو و شەکەتەکان لەناو دەوەنەکاندا خۆیان مات کردووە.
گسکەکان پشتم پاک دەکەنەوە، چونکە من گەلێک بە قورسییەوە پاڵم بە شەوەوە داوەتەوە.
گسکدەران بە گسکەکانیان ئەستێرەکان کۆما دەکەن، گسکیان دەدەنە سەر خاکەنازەکانیان و لەناو جۆگەلەکەدا بەتاڵیان دەکەنەوە.
گسکدەرێک بە دەنگی بەرز شتێک بە گسکدەرێکی تر دەڵێت و، ئەوی تریش بە یەکی دیکە و، ئەوەی دیکەیش دیسان بە یەکێکی دیکۆکە.
هەنووکە هەموو گسکدەرانی گشت شەقامەکان تێکەڵپێکەڵ قسان دەکەن. من بەناو قیژە و هاواریاندا، بەناو کەفی هەڵچوونەکەیاندا ڕێ دەبڕم، لێک هەڵدەوەشێم، دەکەومە ناو قووڵایییەکانی ماناکانەوە.
بە شەقاوی زل ڕێ دەکەم. بە ڕۆیشتن لاقەکانی خۆم لە بندا دەردێنم.
شەقامەکە بە گسک ڕاماڵراوە و نەماوە.
گسکەکان پەلامارم دەدەن.
هەموو شتێک سەرەوژێر دەبێتەوە.
شارۆچکەکە بەناو کێڵگەکاندا سەرگەردان دەبێت، بەرەو شوێنێک یاخود هەر جێگەیەکی تر مل دەنێت.[1]
[1] سەرنج و شرۆڤەیەکی کورت لەبارەی چیرۆکەکە. (وەرگێڕ)
لەم چیرۆکەدا نووسەر بۆ بەرجەستەکردنی ترس و سڕینەوەی مرۆڤ وێنەی دۆخێکی سورڕیالی و کابووسئاسا دەکێشێت. گوزارشتێکی ترسناکە لە دەسەڵاتی “سڕینەوە” و “ڕاماڵین”. “گسکدەران” لێرەدا کرێکاری پاککردنەوەی شارەوانی نین، بەڵکوو هێمایەکن بۆ دەسەڵاتێکی تۆتالیتار و ستەمکار (وەک پۆلیسی نهێنی یان سیستمی سیاسیی سەرکوتکەر). کارەکەیان پاککردنەوەی خۆڵ و خاشاک نییە، بەڵکوو پاککردنەوەی شارە لە “ژیان”، لە “ڕووناکی” و، لە “بیرکردنەوە”. کاتێک دەڵێت “گڵۆپەکان گسک دەدەن” و “بیرەکان لە سەرمدا گسک دەدەن”، مەبەست لێی سانسۆر و تاریککردنی ژیانە؛ دەسەڵاتێک کە دەیەوێت هیچ ڕووناکییەک (هیوا/ڕاستی) و هیچ بیرکردنەوەیەکی ئازاد لە مێشکی خەڵکدا نەهێڵێت.
دۆخی دەروونیی گێڕەرەوە دۆخی “لێکترازان” و “نامۆبوون”ـێکی قووڵە. کاتێک دەڵێت “من لە دوای خۆمەوە ڕێ دەکەم” و “لە خودی خۆم دەکەومە خوارەوە”، وێنەی کەسێک دەدات کە لەبەر زەبری ترس و گوشاری دەرەکی کەسایەتییەکەی بووە بە دوو کەرتەوە؛ جەستەیەک کە بە زۆر دەڕوات و ڕۆحێک کە لە دەرەوەی جەستەکە تەماشا دەکات. کەوتنی “پێڵاوەکان” لە بەرهەنگاو هێمایە بۆ لەدەستدانی پەیوەندی لەگەڵ واقیع و زەوی؛ مرۆڤێکە کە ئیتر جێپێی جێگیر نییە و لە هەڵوەشانەوەدایە.
کاتێک دەڵێت “باخە گشتییەکە دەوەڕێت”، واتە تەنانەت سروشت و شوێنە گشتییەکانیش دژی منن و هەڕەشەم لێ دەکەن. گێڕەرەوە هێندە نامۆ و تەنیایە، هەست دەکات هەموو چواردەوری بوونەتە دێوەزمە و پەلاماری دەدەن. وێنەی “بایەقووشەکان” و “ماچە جێماوەکان” یەکێکە لە جوانترین و غەمگینترین دیمەنەکانی دەقەکە. “ماچ” هێمای خۆشەویستی و سۆز و تایبەتمەندیی مرۆڤە، بەڵام لەم شارەدا ماچەکان لەسەر کورسییەکان جێ ماون و بوونەتە خۆراک بۆ باڵندەی شووم (بایەقووش). ئەمە واتای ئەوەیە کە لە شارێکی وا سەرکوتکراودا تەنانەت خۆشەویستییش دەمرێت و دەبێتە پاشماوەیەک کە سروشتێکی دڕندە دەیخوات. “خەونە ماندوو و شەکەتەکان” کە لەناو دەوەنەکاندا خۆیان مات کردووە، نیشانەی ئەوەیە کە تەنانەت لە کاتی خەوتنیشدا مرۆڤەکان ترساون و ناتوانن بە ئازادی خەون ببینن؛ خەونەکانیشیان وەک ئاژەڵی ڕاوکراو خۆیان دەشارنەوە.
گسکدەرەکان هێزێکی گەردوونیی وێرانکەریان هەیە؛ ئەوان تەنیا زەوی پاک ناکەنەوە، بەڵکو “ئەستێرەکان”ـیش ڕادەماڵن و دەیانڕێژنە ناو جۆگەلە و زێرابەکانەوە. ئەمە لووتکەی بێهیوایییە. ئەستێرە هێمای ئاسمان، جوانی، ڕێنیشاندەر و هیوایە. کاتێک ئەستێرەکان دەکرێنە ناو جۆگەلەی زێرابەوە، واتە ئیتر هیچ شتێکی پیرۆز و هیچ ئاسۆیەکی ڕووناک لە ئاسماندا نەماوە؛ زەوی و ئاسمان هەردووکیان بوونەتە زبڵدان.
زمان و دەنگەدەنگی گسکدەرەکان شتێکی مرۆڤانە نییە، بەڵکو “کەف” و “هەڵچوون”ـە؛ ژاوەژاوێکە گێڕەرەوەی تێدا نوقم دەبێت. کۆتاییی چیرۆکەکە دۆخێکی تەواو “بێشوێن” و “سەگەردانی” دروست دەکات. کاتێک دەڵێت “شەقامەکە ڕاماڵرا” و “شارەکە بەناو کێڵگەکاندا سەرگەردان دەبێت”، مەبەست ئەوەیە کە ئیتر نە جوگرافیا ماوە، نە مێژوو، نە شوێن. دەسەڵاتی گسکدەرەکان (سەرکوتکردن) گەیشتووەتە ئاستێک کە بناغە و بنچینەی شارستانەت و نیشتەجێبوونی هەڵتەکاندووە و هەموو شتێک، تەنانەت خانووەکان و شارەکەیش، وەک تارمایییەک سەرگەردان بوون و بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەڕۆن.