دانانی بەردەباز بۆ کیسەڵان

ئەم وتارەی بەردەستت سەرنج‌دان و وردبوونەوەیەکە لە وتاری “ئایدیای دیموکراسیخوازی مرۆڤی کورد لە نێو دەوڵەتە سەردەستەکاندا” کە بەڕێزان هیوا خاکپوور و توورەج محەمەدی نووسیویانە. وتاری ناوبراو شەش مانگ پێش لە ماڵپەڕی “ژنەفتن”دا بڵاو کراوەتەوە.[1] خوێنەران دەتوانن وتارەکە بە ئاسانی دەست بخەن و بیخوێننەوە.

ئامانج لە نووسینی وتاری “دانانی بەردەباز بۆ کیسەڵان” چییە؟ ئامانجی ئەم وتارە ئەوەیە دەقی کوردی بە وردی بخوێنرێتەوە کە ئەمە خۆی بەستێن دروست دەکات بۆ ئەوەی دەقی هزریی کوردی بە وردی بنووسرێت. بنووسی ئەم دەقە پێی وایە خوێندنەوەی وردی هەر دەقێک ڕەسەنترین جۆری ڕێز و دەستخۆشیە لە ماندووبوونی نووسەرانی ئەو دەقە. وتاری بەرباس لە ڕووی هەڵبژاردنی وشە و داڕشتنی ڕستەوە کێشەی ئێجگار زۆری هەیە. بەڵام بۆ ئەوەی سەرنجەکان لەسەر بابەتە هزرییەکان بێت نەک هەڵەی زمانی، لەم نووسینەدا تەنیا باسی ناوەڕۆکی وتارەکە دەکەین.

کۆڵەکەی سەرەکی یان ئەستووندەکی تاوڵی نامرادیی وتارەکە ئەو پۆلێنبەندییەیه بۆ هزری سیاسیی هاوچەرخی کورد دەیکات کە گوایە لە سەردەمێکدا ئایدیا و ئایدیالی ڕووناکبیرانی وەک قانع سەروەری بووە و بە بندەست کەوتنی کوردستان و گۆڕانی ژیۆپۆلیتیک، ئەو ئایدیاییە بووە بە سەروەریخوازی. لێرەدا پارادۆکسێک دروست دەبێت؛ خودی قانع بەشی زۆری ژیانی لە سەردەمی دوڵەت-نەتەوەکاندا بەسەر بردووە!

نووسەران باس له دوو چرکەسات دەکەن، بەڵام کە دەقەکە دەخوێنینەوە تێدەگەین له ڕاستیدا باسی یەک چرکەساتە کە مێژووەکەی به دوو سەردەمی پێش و پاش خۆی دابەش کردووە و ئەو چرکەساتەش کاتی سەرهەڵدانی دەوڵەتە تۆتالیتێرە مۆدێڕنەکانە. کەواته دروست ئەوەیه بڵێین دوو سەردەم، نەک دوو چرکەسات!

کورد له هەر دوو سەردەم یان قۆناغدا ــ واته چرکەساتی یەکەم و دووەمی ئەو وتاره ــ کۆیەکی یەکسان و یەکدەست نەبووه و به هۆکارگەلی ئەتنیکی، ئایینی، سیاسی و ژیۆپۆلیتیک لێکدابڕاو و پەرتەوازه ماوەتەوە. ئەو کارەی ئەو دەقه کردوویە ئەمەیه: بۆ دابەشکردنی مێژووی هزری سیاسی بەسەر ئەو دوو قۆناغەدا هەندێک شیعر، وته و هەڵوێستی سیاسی دەهێنێتەوە که تەنیا نوێنەری “بەشێک” له ئیلیتی کوردن. بۆیه دەڵێم بەشێک چونکه ئیلیتی کۆمەڵگا تەنیا ئیلیتی ڕۆشنبیر و ئیلیتی سیاسیی سەر به بزووتنەوە کوردییەکان نین، بەڵکوو دەبێ ئیلیتی سیاسیی سەر به دەوڵەته سەردەستەکان، ئیلیتی ئابووری، ئیلیتی ئایینی و ئیلیتی سەربازی و هتدیش له بەرچاو بگرین که ئەو دەقه ئاوڕیان لێ ناداتەوە و پشتگوێیان دەخات. بۆ نموونه نووسەرانی وەکوو ڤان براوینسن و ڕۆبرت ئۆڵسن کاتێک دیدی کۆمەڵگای کوردی لەمەڕ بزووتنەوەیەکی تایبەتی کورد لێک دەدەنەوە، ڕوانگە و بەرژەوەندیی ڕێبەرانی ئایینی و تەریقەتەکان، دەرەبەگ و مالیکی گەوره، سەرۆک عەشیره، گەوره بازرگانەکان، ئیلیتی سەربازی (لەوانه ئەفسەرانی سوپای حەمیدییه و ئەفسەرانی سوپای تورکیا)، هەروەها ڕۆشنبیرانی ئەستەمبۆڵ لە بەرچاو دەگرن. کە ورد دەبینەوە دەبینین له هیچکام لەو دوو قۆناغەدا هزری سیاسیی کورد یەکدەست نەبووه و له هەردوو قۆناغەکەدا ئەندێشەی دیموکراسیخوازی و سەروەریخوازی بوونی هەبووه و بەسەر بەشه جیاجیاکانی کۆمەڵگا و ئیلیتەکانیدا دابەش بووه. تەنانەت سەرچاوە مێژوویییەکان پەرتەوازەییی ئەندێشەی سیاسیی ئیلیتی کورد به یەکێک له هۆکارەکانی شکستی بزووتنەوەکانی کورد دەزانن. مێژووی حیزبی تەعالی و تەرەقی، خۆیبوون، هیوا، ئازادی و هتد، لێوانلێوه لە ناتەباییی هزری بەتایبەت له نێوان دوو ئامانجی سیاسیی سەرەکی واته ئۆتۆنۆمیخوازی و سەربەخۆییخوازیدا. بەڕای من ئەو دوو چەمکە – سەربەخۆییخوازی و تۆتۆنۆمیخوازی – بابەتیتر و عەینیترن و به بەراورد لەگەڵ سەروەریخوازی و دیموکراسیخوازی میسداقەکانیان ئاسانتر دیاری دەکرێن. بە دابەشکردنی مێژووی پێش شەڕی سارد بەسەر دوو ڕوانگەی خودموختاری و سەربەخۆییدا دەتوانین پۆلێنبەندییەکی وردتر بۆ مێژووی ئەندێشەی سیاسیی هاوچەرخی کورد بکەین.

بە گشتی ئەو دەقە لەوێدا ناڕوونه که نازانین دەیەوێت مێژووی ئەندێشەی سیاسی له ناو ئیلیتی کورددا تاووتوێ بکات یان له ناو کۆمەڵگای کوردیدا به گشتی. چونکه له چەند شوێنی دەقەکەدا وشەی “خەڵک” بەکار دەهێنێت و لەوێشدا خەڵک وەکوو کۆیەکی یەکگرتوو دەبینێت و دیاریی ناکات مەبەستی کام بەشی خەڵکه. باشترە ئاوا بڵێین، لاوازیی ئەو وتارەیە کە خۆی نادات له قەرەی ئەو ڕاستییە که خەڵکی کورد له چین و توێژ و ئەتنیک و زار و بنزار و کۆمەڵەی ئایینی و ناوچەییی جۆراوجۆر پێک هاتووە.

لێرەدا مەبەست ئەوە نییه کورد کۆیەکی گشتی نەبووه یان به مانا مۆدێڕنەکەی نەتەوە نەبووه، بەڵکوو مەبەست ئەوەیه کورد وێڕای بوونی وەکوو کۆیەکی گشتی، وەکوو هەموو نەتەوەیەکی تر دابەش بووه بەسەر چین و توێژ و گرووپی کۆمەڵایەتیی جۆراوجۆردا و تاکەکان بەپێی ئاخێزگه و پێگەی کۆمەڵایەتییان کەوتوونەتەوە ژێر کاریگەریی گوتارانی جیاوازی سیاسییەوە.

گەرچی وتارەکە ئەمه ڕوون ناکاتەوە، بەڵام به خوێندنەوەی بۆ خوێنەر دەردەکەوێت که مەبەستی نووسەران تەنیا ئیلیتی کورده و لەم بەشەشدا تەنیا ڕۆشنبیر و ڕێبەره سیاسییەکان له بەرچاو دەگرن. کاتێک باسی هزری سیاسی و پارادایمی سەروەری دەکات، شیعر و دەقی ئەدیبان و ڕووناکبیران دەکات بە پێوەر، بەڵام کاتێک باسی پارادایمی دیموکراسیخوازی دەکات قسە و گوتەی سەرکردەی سیاسی دەهێنێتەوە. له قۆناغی یەکەمدا ڕێبەره سیاسییەکانیان پشتگوێ خستووه و تەنیا باس له ڕۆشنبیر یان باشتر بڵێین شاعیرانی وەکوو حاجی قادر، پیرەمێرد، قانع، بێکەس و ئەحمەد موختاری جاف دەکات. له قۆناغی دووەمدا باس له ڕێبەرانی سیاسی دەکەن و بێجگه گۆران ناوێک له ڕۆشنبیران و شاعیران ناهێنن. ئەو بابەتە وا دەکات دابەشکارییەکە وردبینانه و زانستی نەبێت و پۆلێنبەندییەکەی بەقای پێ نەکرێت و ئابروومەند نەبێت. دروست وایه هەڵوێستی ڕۆشنبیری سەردەمی یەکەم لەگەڵ ڕۆشنبیری سەردەمی دووەم، ئیلیتی سیاسیی سەردەمی یەکەم لەگەڵ ئیلیتی سیاسیی سەردەمی دووەم بەراورد بکرێت و بەمەش نەوەستێت و له هەڵوێستی ئیلیتیەکانی تری کۆمەڵگاش له هەردوو سەردەمەکەدا بکۆڵێتەوە. هەڵوێست و ڕوانگەی شێخ عێزەدین دەبێت لەگەڵ هەڵوێست و ڕوانگەی شێخ سەعید و شێخ مەحموود و سمکۆدا بەروارد بکرێت نەک لەگەڵ قانع و پیرەمێرد و حاج قادردا.

نووسەران هەڵوێستێکی قانع دەهێننەوە که گوایە داوای له مەلا مستەفا کردووە دروشمی برایەتیی کورد و عەرەب وەلابنێت. ئەم نموونەیە بۆ خۆی لەگەڵ پۆلێنبەندییەکەی نووسەراندا دژە. چونکه سەرەڕای ئەوەی قانع وەکوو ڕۆشنبیرێکی سەروەریخواز دیاری دەکات، بەڵام هەڵوێستەکەی – لە ڕووی کاتەوە – له قۆناغی دووهەم واته قۆناغی دیموکراسی‌خوازیدا ڕوو دەدات.

ئێستا دەتوانین بپەرژێینه سەر ئەوەی که ئەو پۆلێنبەندییەی مێژووی ئەندێشەی سیاسیی کورد دەبێ چۆن بێت؟ له ڕاستیدا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی دوو سەدەی پێشووی کورد، چرکەساتێکی ئەوتۆ که بتوانین مێژووی ئەندێشەی سیاسیی کورد بکەین به پاش و پێش ئەو چرکەیه، نادۆزینەوە. بەڵکوو بە درێژاییی ئەو سەردەمه دوورودرێژه، ئەندێشەی سیاسیی کورد به سەر چەند بەرەدا دابەش بووه: 1. سەربەخۆییخوازی 2. خودموختاریخوازی 3. ئیسلامی سیاسی 4. پەیوەست بوون به نەتەوەی سەردەست. واته بە ڕای من هەموو ئەم گوتارانە به درێژاییی ئەو سەردەمه، هاوکات و شانبەشانی یەک له گۆڕەپانەکەدا ئاماده بوون و تەنانەت دەتوانین باس له بوونی وردەگوتاری تریش بکەین. به گشتی دۆخەکە ئاڵۆزتر بووه لەوەی که وتاری بەرباس بۆ ئێمەی دەگێڕێتەوە و به سادەکردنەوەیەکی هەڵه، دەیشێوێنێت. ڕەهبەر مەحموودزاده له وتاردانێکی خۆیدا پۆلێنبەندییەک بۆ “چۆنێتیی پێوەندیی کورد لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندیدا” دەخاته ڕوو که جۆری پێوەندییەکان بەسەر شەش مۆدیلدا دابەش دەکات:

1. هاوکاری

2.  هاوکاریکردن وێڕای دژایەتیکردنی بەرژەوەندییه نەتەوەیییەکان

3. هاوکاریکردن به ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییه نەتەوەیییەکان

4. هاوکاریی سەرەتایی و هەڵگەڕانەوەی دوایی بەبێ هۆکاری نەتەوەیی

5. هاوکاری سەرەتایی و هەڵگەڕانەوەی دوایی به هۆکاری نەتەوەیی

6. بەڕەسمی نەناسین

گەرچی ناتوانین بڵێین مژار و بابەتی هەر دوو پۆلێنبەندییەکە یەک شتن، بەڵام له یەک نزیکن. بە ڕای من پۆلێنبەندییەکەی مەحموودزاده وردبینانەتره و دۆخی ئەندێشەی سیاسیی ئەو سەردەمه دروستتر نیشانی خوێنەر دەدات.

مێژوو به شێوەیەکی گاڵتەئامێز – چمان بۆ ڕەتکردنەوەی پۆلێنبەندییەکەی ئەو وتاره وای کردبێت – سمکۆی خولقاندووه که له قۆناغی یەکەمی ژیانی سیاسیی خۆیدا هەڵگری ئاڵای ڕاپەڕین دژی دەسەڵاتی ناوەندی و زوڵم و زۆرەکانی بووه (دیموکراسیخوازی) و له قۆناغی دووەمدا بوو بە ناسیۆنالیستێکی سەربەخۆییخواز که بۆ دامەزراندنی کیانێکی سیاسیی کوردی تێدەکۆشێت (سەروەریخوازی). هەروەک دەبینن ڕەوتی ئاماژەپێکراوی ئەو وتارە واته “سەرەتا سەروەریخوازی و دواتر دیموکراسیخوازی” تەنانەت له ناو ژیانی سمکۆشدا ڕاست دەرناچێت و پێچەوانەکەی دەبینین.

له بەشێک لەو وتارەدا دەیخوێنینەوە که: “لە ئەندێشەی مۆدێرنی کوردیدا، ڕۆشنبیرێ وەک حاجی قادر کۆیی (١٨١٦-١٨٩٧) دوو وشەی “میللەت” و “دەوڵەت”ی لە مانای پێش مۆدێرنەکەیەوە، شیفت پارادایم کردووە بۆ مانا مۆدێرنەکەیان(مەحمودی، ٢٠٢٠: ٦٣-٦٩). بۆ میناک، تێگەیشتنی حاجی قادر وەک ئایدیۆلۆژیستی جووڵانەوەی نەتەوەیی( جەعفەر، 2009: 449) لە وشەی میللەت لەم شیعرەدا چەند ڕاستییەک ئاشکرا دەکات:

“میللەتە باقی مابەقی  فانی/ هەر لە جافی هەتا گۆرانی”. حاجی وشەی میللەتی بە مانا مۆدێرنەکەی بەکار هێناوە و هەروەها تێگەیشتنێکی هەمەلایەنەی لە نەتەوەی کورد نواندۆتەوە کە هەموو ئەتنیکە کوردەکان لە جافیەوە تا گۆران و… لەخۆ دەگرێت.”

لە ڕاستیدا ئەو شیفت پارادایمە له مێژووی ئەدەبی کوردیدا له لایەن ئەحمەدی خانی و له سەدەی حەڤدەی زایینیدا کراوه. بەڕای ڕەهبەر مەحموودزاده شیعرەکانی خانی له لایەکەوە لێوانلێون له بەکارهێنانی ناڕاستەوخۆی چەمکی مۆدێڕنی وەکوو نەتەوه، بەرژەوندیی نەتەوەیی و ستراتیژ و له لایەکی ترەوە به ئاماژەدان به بەشه جیاجیاکانی کورد وەکوو، گۆران و لوڕ و … “تێگەیشتنێکی هەمەلایەنەی له نەتەوەی کورد” نواندووەتەوە. کەواتە هەردوو ئارگیۆمێنتی نووسەران بۆ ئەوەی که حاجی قادر شیفت پارادایمی کردووه بۆ ئەحمەدی خانیش ڕاستن.

سەرنجی ئەم بڕگەیە بدەن: “لە ڕوانگەی قانعی بەرابەری خوازەوە، کورد مرۆڤێکی لەتلەتکراوی بێدەوڵەتی بێخانومانە “ئەوەی بێدەوڵەتە سووکتر لە کایە” کە بە هەموو شێوازێک تەفروتوونا کراوە. بەڵام لە پاش بەرەی یەکەمی ڕۆشنبیرانی کورد، هەروەک ئاماژەی پێ درا، تا ئاستێک هاوکات لەگەڵ هاتنی بیری مارکسیزم بۆ کوردستان، مەسەلەی کورد لە سەروەریخوازییەوه پارادایم شیفت دەکات بۆ لای دیموکراسیخوازی. جا زەینییەتی قانع بەراوەرد بکەن لەگەڵ زەینییەتی گەورە شاعیری نوێخوازی کورد، مامۆستا “گۆران” کە دەڵێت:

من گەلم گەلی عێراقم / عەرەب ئەم لاق، کورد ئەو لاقم

ئینجا بە ڕوونی ئەو شیفت پارادایمە کە باسی دەکەین بە زەقی دەردەکەوێت”.

باسکردن لە پارادایم شیفت لە پارادایمی سەروەریخوازیی قانعەوە بۆ هاوعەراقیبوونی کورد و عەرەب لای گۆران؛ لەوەدا هەڵە دەردەکەوێت کە بزانین گۆران و قانع هاوتەمەن و هاوسەردەم بووگن و دوور نییە خشتەی “گەلم، گەلی عێراقم …” پێش خشتەی “ئەوەی بێدەوڵەتە سووکتر لە کایە” نووسرابێت.

ناڕوونیی هەردوو چەمکی سەروەریخوازی و دیموکراسیخوازی که ڕۆڵێکی بنەڕەتی له وتارەکەدا دەگێڕن، سەرەتا لەوێوه دێت که نووسەران هەوڵ نادەن ئەم چەمکانه پێناسه بکەن. له دەقەکەدا وتراوه “دەیهەوێت ئایدیای دیموکراسیخوازی لەو شێوە وە بەر تیشکی ڕەخنە بدات”؛ ئاخۆ پێویست نییە سەرەتا ئەو شێوەیە لە دیموکراسیخوازی بۆ خوێنەر ڕوون بکرێتەوە؟ یان پێمان بڵێن به چ پێوەرێک شیعری شاعیرانی ناوبراو دەچنه خانەی سەروەریخوازییەوە و بۆ نموونه شیعری شێخ مەحموودی نەمر ناگرێتەوە که بەپێی پۆڵێنبەندییەکەی ئەوان دەکەوێته قۆناغی دیموکراسیخوازییەوە؟ لێرەدا هێنانەوەی چەند نموونه شیعری شێخ مەحموود دەتوانێت یارمەتیدەر بێت:

فەرهادی قەومی کوردم و فەریادی کورد ئەکەم

دوژمن بە کوتکی کاوە وەکوو شووشە ورد ئەکەم

بۆ بێستوونی مانیعی ئامالی کوردەکان

وەک کۆهکەن بە عەزمی مەتین دەستوبرد ئەکەم

یا کەشتی کورد ئەبەمە ساحیلی نەجات

یا ڕۆحی خۆم و ئالی پەیەمبەر بە پرد ئەکەم

مەحموودی فیکرەتم ئەخەمە دووی ئەیازی کورد

یا کەسبی وەسڵی میللییەت و نەیلی کورد ئەکەم

من کوردم و بە کوردی ئەڵێم و بڕایەوە

زیللەت نەما سەعادەتی کوردان گەڕایەوە

کاتێک شێخ دەڵێت “دوژمن” ئێمه دەتوانین بڵێین “ئەوی تر”ی کوردی دیاری کردووه و کورد وەکوو نەتەوەیەکی جیا دەبینێت و کاتێک دەڵێت “کەسبی وەسڵی میللییەت” دیاره پێناسه کردنی کورد وەکوو نەتەوە یان هەمان دیمۆس و دانپێدانانی له لایەن ئەوی ترانەوە یەکێک له ئامانجەکانییەتی.

موددەتێ عومرم بە تاڵان چوو لە سووچ و قوژبنا

پێمەلەم زۆر کرد لەبەر ئیمان لە بەحری بێ بنا

شاهبازێ بووم لە مەیدانی شکاری دوژمنا

جەهلی میللەت بوو بە زیللەت هات بەسەر شانی منا

سەیری جێگە زەخمی پەنجەم کەن بەدایم شاهیدە

دوودڵی لێم بۆتە زنجیر حەوسەڵەی داوم نییە

بۆ نەمانی ئەجنەبی ژینم لەبەر چاوم نییە

بۆیە ئیتر ئارەزووی دیداری قاڵاوم نییە

گورگی پیر کەڵبە شکاوم تاقەتی ڕاوم نییە

دڵ بەم ئەحواڵەش لە ڕێگەی میللەتمدا قاسیدە

ئێوە ناودارانی کوردن حەیفە دواکەوتن لەگەل

دەست بە دەست یەکتر بدەن بۆ گرتنی لوتکەی ئەمەل

عەزم و وریایی و سەباتە بۆ بەدەستهێنانی هەل

دوژمن و بێگانە حەققی میللەتی پێ نابێ حەل

خوێنی ئەوتانە لەلای خوا عەینی زوهدی زاهیدە

له نیودێڕی چوارەمدا شێخ گلەیی دەکات له دەست “جەهلی میللەت” که ئاماژەیه به نەبوونی وشیاریی نەتەوەیی یان لاوازیی گوتاری نەتەوەیی. ئەمه پێمان دەڵێت که ئەوە ئایدیای دیموکراسیخوازیی ئیلیتی کورد نەبووه که بووه به هۆی ئەوەی خەڵکی کورد خۆی له ناو دیمۆسی دەوڵەتە سەردەستەکاندا پێناسه بکات و ئەمەش ورده ورده ناوەکی بکاتەوە، بەڵکوو ئەوە نەبوونی وشیاریی نەتەوەیی یان لاوازیی گوتاری نەتەوەیی له ناو کۆمەڵانی خەڵکدا بووه پاڵی به ئیلیتی سیاسیی پاش شێخ مەحموودەوه ناوە بیر له ڕێگاچارەیەکی تر بۆ دۆزی کورد بکاتەوە. ئیلیتی سیاسیی کورد له پاش شێخ مەحموود به خوێندنەوە و تێڕامان لەو مێژووه و دیتنی بێهێزی و پەرتەوازەبوون و نایەکگرتووییی کورد و لاوازیی گوتاریی نەتەوەیی، ئامانجی سەربەخۆیی یان هەمان سەروەریخوازییان له ئاسۆیەکی دووردا بینیوه. هەروەها دووبارەکردنەوەی وشەگەلی وەکوو میللەت، دوژمن، ئەجنەبی و بێگانه، دیسان جەخت کردنەوەیه لەسەر بوونی نەتەوەی کورد و دیاری‌کردنی ئەوی تری کورد. له خشتەی “دوژمن و بێگانه حەققی میللەتی پێ نابێ حەل”دا به ڕوونی دەبینین که مەلیکی کوردستان به پێچەوانەی ئیدیعای نووسەرانی ئەو وتاره له دیموکراسی و گەیشتنی کورد به مافەکانی خۆی له چوارچێوەی دەوڵەتی سەردەست‌دا بێهیوا و نائومێد بووه.

دەست بە دەست یەکتر بدەن ئەی لاوەکانی مەرد و قۆز

تاکوو کەی دوژمن لەناومانا ئەبێتە گورگی هۆز

بێن ببینە پشتیوانی یەکتر و بیکەینە تۆز

دەست بە داوێنی خوداوە بگرین و بگرین بە سۆز

تاکوو دوژمنمان لە جنّاتُ الإرَم بەرپا ئەکا

نامەوێ ژینی ئەسارەت، بەسمە عومری گومڕەهی

نایکەمە سەر خۆم بەدەستی موددەعی تاجی شەهی

قەد بە ئەمری دوژمنانم نامەوێ فەرماندەهی

نامەوێ تەختی کەی و بەختی جەم و شاهەنشەهی

تیشنەیی خوێنی عەدووم و بۆ حوقووقی وا ئەکا

تا بە ئازادی ئەگەم کوێری ئەکەم چاوی ڕەقیب

تا لە زوڵمی ئەجنەبی ڕزگار ئەبێ کوردی نەجیب

له خشتەی “قەد به ئەمری دوژمنانم نامەوێ فەرماندەهی”دا شێخ ئاماژه به بێمتمانەییی خۆی بەرامبەر به دوژمنان دەکات که لەگەڵ ئیدعای نووسەرانی وتار ناکۆکه، لەوێدا که دەڵێن: “بەڵام مرۆڤی کورد زۆربەی جار لە پێگەی بێدەسەڵاتی خۆیەوە و هەندێک جار لە ڕووی ئەخلاقی ژێردەستییەوە، مەسەلەی دیموکراسی و یان برایەتی و … بیرلێنەکراوە پەسەند دەکات و وا خەیاڵ دەکات کە نەتەوە سەردەستەکانیش بەراحەتی دێنە پێگەی دیمۆسی هاوسان و هاوشان لەگەڵ کورد و لە شەووڕۆژێکدا بەهەشتی بەڵێنپێدراوی دیمۆکراسی دەخولقێت. هەر ئەم سادەئەندێشییە و ئەم ئەندێشەنەکردنە لەمەڕ دیموکراسی، بووەتە هەوێنی خۆفریوی و لە ڕابردوو و لە ئێستەشدا بە ڕاحەتی بە پیلانی برایەتی و دیمۆکراسی و وردەماف و…، کورد بووەتە قۆچی قوربانی و لە ئاکامدا خەباتە ڕزگاریخوازییەکەی بەلاڕێدا براوە و یان خامۆش کراوە”.

ئەو بێ متمانەیییەی شێخ ئەوەنده دووره لەو سادەئەندێشییەوە وا نووسەران باسی دەکەن که مرۆڤی کورد هەست دەکات شێخ مەحموود لەودیوی بانەکەوە کەوتووەتە خوار و به بۆنەی بێمتمانەیی به دەسەڵاتی بەریتانیا نەیتوانیوە له مامەڵه لەگەڵ بەریتانیادا بە هەندێک دەسکەوتی سیاسی بۆ کورد ڕازی ببێت و بەبێ هیچ دەسکەوتێکی سیاسیی بەدامەزراوەکراو کۆتایی به تەمەنی سیاسی بێت.

وتارەکە لەگەڵ ئەوەی پێی وایە دیموکراسیخوازیی کورد ناچاری بووە؛ جۆرێک باسی بەدنیهادی و نیازپیسیی نەتەوەی تورک و ئێرانی و عەرەب دەکات، چمان هەرکەس بڕوای بەوە هەبێت دیموکراتیزەکرانی ئەو وڵاتانە بە سوودی کوردە، تووشی خۆفریوی و دوژمنشەیدایی بووە. چمان کورد هێندە گێل و کاڵفامه بەدنیهادی و شۆڤێنیست بوونی عەرەب و تورک و ئێرانی نابینێت.

سەرنجی ئەم پاراگرافە بدەن: “لێرەوەیە دەتوانین بڵێین کە دیموکراسیخوازان ئەو خاڵە گرینگە لە بیر دەکەن کە مرۆڤی کورد بە هۆی ئەوەی هەستی وەفاداری بە دەوڵەت-نەتەوە سەردەستەکان نییە ناتوانێت خۆی لە پەیمانی دیموکراسییەتی ئەوان گرێ بداتەوە و زۆر جار بگرە دەبێتە بەربەست بۆ یەکانگیری خۆسەپێنی نەتەوەییی ناو دەوڵەتە سەردەستەکان. لێرەوەیە کە مەسەلەی دیموکراسی و پێوەندارێتی بە نەتەوەی جودا، خاڵێکی یەکجار گرینگە کە ڕامانی زیاتری پێویستە”.

لەم پاراگرافەدا نووسەران بەپێی تێگەیشتنێکی بەرتەسک کە لە دیموکراتیزەکردن هەیانە؛ وەهای دەبینن کە هەر کەسێک هەوڵ بۆ دیموکراتیزەکردن بدات، دەبێت یان سوێندی وەفاداری بە یەکپارچەییی ئەو وڵاتە بباتە سەر؛ یان سوێندەکەی دەکەوێت و دەبێت کەفارەی بدات! مۆچیاری نووسەران ئاوایە؛ بۆ کورد چون ترسی کەوتنی سوێندەکەی زۆرە و ئەگەری هەیە کار بکێشێتە کەفارەدان؛ باشترە باسی دیموکراسیخوازی و دیموکراتیزەکردن نەکات! لە درێژەدا بە باسکردن لە ڕوانگەی کاڵهۆن پێیان وایە هەرکەس باسی دیموکراتیزەکردنی کرد؛ حەتمەن دەبێت سنووری ئەو وڵاتەی تێیدایە بە هەمیشەیی بزانێت. چمان ناکرێت باسی دیموکراتیزاسیۆن بکەیت و ئەو سنوورانە ببەیتە ژێر پرسیار. هەرچۆن نووسەران دێڕێک شیعری “کۆیی”یان کرد بە بەڵگەی دێرینتربوونی گوتاری ناسیۆنالیستی کورد؛ هەر بەوجۆره دێڕێک نووسینی کاڵهۆن و ئلیاسی دەکەن بە بەڵگەی ئەوەی هەرکەس دیموکراتیزاسیۆنی پێ باش و بەسوود بوو حەتمەن یەکپارچەییپارێزە.

کێشەی تری ئەو نووسینە ئەوەیە تەنیا یەک پێناسە بۆ نەتەوە بە پێشگریمانە دەگرێت. لە حاڵێکدا چەندین پێناسە بۆ نەتەوە هەن. پێناسەیەک کورد بە نەتەوە دەزانێت؛ بەم پێیە کوردێکی سنەیی و کوردێکی سلێمانی هاونەتەوەن. پێناسەیەکی تر ئێران بە یەک نەتەوە دەزانێت. بەم پێیە کوردێکی ئێستای ڕۆژهەڵات و تورکێکی زەنجان هاونەتەوەن. دەبێ بپرسین چون دیموکراسیخوازی لە ئێراندا هاونەتەوەبوونی کوردێکی ڕۆژهەڵات و تورکێکی زەنجانی بە پێشگریمانە دەزانێت؛ ئەمە بە مانای ئەوەیە کەسێکی دیموکراسیخواز خەریکی پارچەکردنی نەتەوەی کوردە؟ کوردێکی ڕۆژهەڵات تەنانەت ئەگەر دیموکراسیخوازیش نەبێت، بەپێی بڕێک پێناسە هاونەتەوەی تورکێکی زەنجانی دەژمێردرێت. نەخواستنی دیموکراسی، هاونەتەوەبوونی ئەو کوردە لەگەڵ تورکە زەنجانییەکە بەپێی هەندێک پێناسه لە ملی ئەو ناکاتەوە.

نووسەران ڕاستییەک دەڵێن ئەویش ئەوەیه؛ زۆربەی تاکی تورک و ئێرانی و عەرەب هەروەک دەسەڵاتەکانیان و بگرە فرەتریش دژی کوردن. ئەوە دروستە. بەڵام ئەو ڕاستییە کاتێک دەتوانێت دژ بە دیموکراسیخوازی بەکار بهێنرێت کە پێمان وابێت کوردانی دیموکراسیخواز و هیوامەندانی دیموکراتیزەکرانی وڵاتانی سەردەست ئەو ڕاستییە ئاشکرایە نازانن و بە شێوەی کوێرانە گەشبینن بە برایەتی و هاوسۆزی ئەوان. داوا یان دروستە بڵێم هیوای کورد بە دیموکراسی و دیموکراتیزەکردن؛ بۆ کورد هیچکات جێگرەوەی سەروەری نەبووە. بەڵکوو لە نەبوونی دەرفەت بۆ سەروەری و سەربەخۆیییە کە کورد هیوای لەسەر دیموکراتیزەکردن هەڵچنیوە. ئەوەی دواجار یارمەتیی کورد دەدات بتوانێت بە داوا و ئایدیالەکانی بگات؛ بەهێزبوونی گیان و بوونی کوردە. دیموکراسی – تەنانەت دیموکراسییەکی نوقسانی وەک تورکیا – بەستێنی خۆڕێکخستن و پتەوترکردنی بوونی کورد دروست دەکات. لە پاش بەهێزبوونی گوتار و بوونی نەرمئامێرانەی کوردە، کە کورد دەتوانێت بیر لە بوونێکی ڕەقئامێری و سەروەری بکاتەوە.

با بێینەوە سەر پێناسەنەکردنی ئەو چەمکانەی له وتارەکەدا ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕن، لەوانه دیمۆس و مێتافیزیک. وتارەکە دەڵێت لایەنگرانی ئایدیای دیموکراسیخوازی ئەوەندەی پەرژاونەتە سەر کراتوس و چۆنێتیی پێکهاتەی حکومەت، نەپەرژاونەتە سەر دیمۆس. ئەمەش وایکردووه کورد له چوارچێوەی دیمۆسی سەردەستدا پێناسه بکەن نەک دیمۆسی کورد. بەڵام پێمان ناڵێت پێناسەی ڕەسەنی دیمۆس له ڕوانگەی ئەوانەوە چییه که بەپێی ئەو پێناسەیه کورد بوونێکی جیای هەیه لەو سنوورە دەسکردانەی تێیدا ئەسیر بووه. پێناسەیەک که بتوانێت ئەم بابەتە ئاڵۆزه بەو جۆرەی ئەوان بڕوایان پێیەتی یەکلا بکاتەوە. تەنیا به وتنی ئەمه کۆتایی پێ دێنێت که کێشەی دیموکراسیخوازی لەبەرچاو نەگرتنی دیمۆسی کوردە کە گوایە حاکمیەت و سەروەریی کورد بە سەر خاکی کوردستاندا، لە بەرچاو ناگرێت. بۆ نموونەی هەڵگر و باوەڕمەند بە ئایدیای دیموکراسیخوازی؛ شێخ عێزەدین‌ حسەینی دەهێنێتەوە. شێخ عێزەدین باسی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان دەکات. ئاخۆ خودی ئۆتۆنۆمی بە لەبەرچاوگرتنی دیمۆسی کورد و سەروەریی کورد دروست نابێت؟

له شوێنێکی تریشدا ڕوانینی دیموکراسیخوازان بۆ دیموکراسی به ڕوانینێکی متافیزیکی دەزانێت و دەڵێت: “ئایدیای دیموکراسیخوازی پتر لە بیرێکی مێتافیزیکی دەچێت و لەسەر زەوی واقیع ناسووڕێتەوە”. بەڵام دیسان به هێنانی وشەی مێتافیزیک بەسەنده دەکات و لەسەری ناڕوات، له کاتێکدا چەمکێکی فەلسەفیی وەکوو میتافیزیک له مێژووی ئەندێشەدا پێناسەی جۆراوجۆری بۆ کراوه و ئاڵوگۆڕی زۆری بەسەردا هاتووه. نەک تەنیا پێناسەیەک له گۆڕێدا نییه، بەڵکوو بەڵگەیەکیش بۆ مێتافیزیک بوونی ئەو ئایدیایه لای ئەو بەرەیەوە ناهێنێتەوە و له ئاکامدا دەتوانین بڵێین ئەم ئیدیعایه وەکوو تیرێکه له تاریکیدا خرابێت. ڕەنگە مەبەستی دروستتری نووسەران لە وشەی مێتافیزیکی وشەی خورافی بێت. نووسەران پێیان وایە ئایدیای دیموکراسیخوازی وەک ستراتیژێک ئایدیایەکی ناواقعی و خورافییە.

خودی ئەمەی کە نووسەران دەڵێن ناچاریی سیاسی، دیموکراتیزەکردنی وڵاتانی کردووە بە پرۆژە و ستراتیژی کورد، سەلمێنەری ئەوەیە ئەو ئایدیا تا ڕادەیەک پێی لەسەر ئەرزی واقیعە. بە پێی ئەو ناچارییە سیاسییەی نووسەران باسی دەکەن. دەپرسم؛ ستراتیژی دیموکراتیزەکردنی وڵاتانی سەردەست خورافیترە یان باسکردن لە سەروەری؟ کامیان بە ئەرزی واقیع نزیکترن؟

ئەو ئەنجامەی گوایە وتاری بەرباس پێی گەیشتووە ئەمەیە: “ئایدیای دیموکراسیخوازی ناچارییەکی سیاسییە نەک بژاردەیەکی دڵخواز”. ئەو ئەنجامەی سەرەوە هێندە ئاشکرا و لەبەرئەقڵه – بە پێوانەی لەبەردەست – کە پێویست ناکات وتاری لەسەر بنووسرێت. ئەمە وەک ئەوەیە کەرە بکێزیت و پێت وابێت ملەقووتت گرتووە. ئەو ڕاستییە نووسەران دوای ژماردنی کۆڵێک گوێز و هێنانەوەی گاڕانێک شێر و ڕێوی پێی گەیشتوون، هێندە ڕوونە کە دەیانجار سەرکردەی کورد بە ئاشکرا باسیان کردووە. لە تاڵەبانییەوە بگرە کە کوردستانی گەورەی بە خەونی شاعیر زانیبوو هەتا داننانی سەرکردەی ڕۆژهەڵات بەوەی کە – ئەوان – کۆماری ئیسلامییان پێ ناڕووخێت؛ هەموو خەریکن فوو دەکەنە بڵیندگۆدا کە ئایدیای دیموکراتیزەکردنی وڵاتانی داگیرکەر، ناچاریی سیاسییە نەک بژاردەی دڵخواز، سیاسەتێکه بەپێی ئەو واقیعەی تێیداین نەک دوائامانج.

کێشەی گەورەی سوپێرناسیۆنالیستی سەروەریخوازی کورد لەبەرچاونەگرتنی پوتانسیەلی سیاسیی خودی کوردە بۆ گەیشتن بە سەروەری. هەر ستراتیژێک کە هەر هێزێکی سیاسیی کوردی گرتوویەتیە بەر، – ئەگەر ئەو هێزە ڕیالیست بووبێت – لەبەر ناچاریی سیاسی بووە. ئەو ناچارییە تەنیا هێز و توانستی بەرانبەر دروستی نەکردووە، بەڵکوو بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئایدیای سەروەری و ئاگاییی نەتەوەیی لە ناو کورداندا بەگوڕ بووە یان بێگیان، ئەمه پێکهێنەری گەورەتری ناچارییە سیاسییەکەیە.

خاوەنانی ئەم جۆره تێگەیشتنانە دروشم و ئایدیا و ستراتیژ بە دەستنیشانکەری گەورە دەزانن و وای دەبینن خودی کۆمەڵگا هەمیشە بۆ هەر ئایدیایەک لەسەر پێیە. گۆڕینی ستراتیژی سیاسی لە بەدحاڵیبوون و وەهم و “بیری متافیزیکی”ـەوە نەهاتووە، بەڵکوو بە پلەی یەکەم لە ناچارییەکی سیاسییەوە دروست بووە کە نەبوونی ئامادەییی کۆمەڵگای کوردی بۆ سەروەری و سەربەخۆیی، دەستنیشانکەری گەورەی ئەو ناچارییەیە. کاتێک کۆمەڵگا بۆ سەروەری ئامادە نەکرابێت، کاتێک فێربوونی ڕێنووسی کوردی لە لای تاکی کوردی ڕۆژهەڵات وەک کونکردنی کێوە، بەرزکردنەوەی دروشمی سەروەریخوازی؛ بە قەد دانانی بەردەباز بۆ کیسەڵان گاڵتەجاڕانەیە.

ئەوە بەدحاڵیبوون و دروستحاڵیبوونی ئیلیتی سیاسی و ڕووناکبیری نییە کە دەستنیشانکەری ئاراستەی ڕووداوەکانە. بەهێزی و لاوازیی ئەو گوتارانەی کە کۆمەڵگا ئاراستە دەکەن؛ ئاراستەی ڕووداو و مێژوو دیاری دەکەن. بۆ ئەوەی ڕەوتی ڕووداوەکان بەرەو سەروەری کورد بڕوات؛ پێویستە گوتاری کوردی لە هەمبەر گوتاری داگیرکەرانی کوردستاندا بەهێز بێت. هێندە بەهێز کە ئەو گوتارە بتوانێت هەموو چین و توێژ و پێکهاته کوردستانییەکان ئاراستە بکات. بەهێزبوون و توانستی ئاراستەپێدانی هەر گوتارێک بە ڕەهایی نەبەستراوەتەوە بە تێگەیشتنی بڕێک ئیلیتی سیاسی یان ڕووناکبیرییەوە. گۆڕینی دروشم و ستراتیژ لە دیموکراتیزەکردنی وڵاتان بۆ سەروەری‌خوازیی ڕادیکاڵ؛ لە دۆخێکدا کە گوتاری کوردی لاوازە و کورد تووشی نەشناڵ ڕتاردەیشن یان گەشەنەری نەتەوەییە، جۆرێک derealization ی ڕووناکبیری کوردە.

کێشەیەکی گەورەتری ئەو نووسینە ئەوەیە ئایدیالی سیاسی و ستراتیژی سیاسی تێکەڵ دەکات. ئایدیالی سیاسی، ئیلیتی ڕووناکبیر و ئەدیبی کورد بڵاویان کردووەتەوە، ئەو ئایدیالە خۆی لە کوردستانی گەورە و نەتەوەیەکی یەکگرتوو و سەروەر بە سەر نیشتمانێکی یەکپارچەدا دەرخستووە. هەر لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەمەوە تا ئێستا – لە هەموو سەردەمێکدا – ئەم ئایدیالە هەبووە و نە تەنیا دانەمرکاوە بەڵکوو بەتینتر بووەتەوە.

ئەو دێڕ و دەقانەی نووسەرانی وتاری بەرباس وەک سەرچاوەی هزری سەروەریی سیاسی، پشتی پێ دەبەستن لە چاو شیعری “دوو کۆی دوو”ی خاڵە قازی و شیعری کاوەی کوڕمی جەلال مەلەکشا و لێتان نابینەوەی شێرکۆ بێکەس – لە ڕووی ئایدیالی سیاسی و بە یەک دیمۆس زانینی کورد – گەمەی منداڵانن.

دەقەکانی ئەحمەد موختار و قانع لەو ڕووەوە ناگەن بە تۆزی قولی ئەم دێڕەی ئیسماعیل خورماڵیدا:

دەبا دەنگی بانگی بابان

سابڵاخی شین بە نۆێژ بێنێ

بزەی قەڵای هەولێرەکەم

ماردینی تار بە نوور بێنێ

ئەم دێڕە کورد بە جۆرێک یەکپارچە و یەکنەتەوە دەبینێت کە باوەڕی وایە گەورەییی کورد لە سلێمانی و هەولێر کار دەکاتە سەر مەهاباد و ماردین. وەک دەبینن ئەگەر شیعری شاعیران بە سەرچاوەی هزری سیاسی وەربگرین شاعیرانی ئەم سەردەمە لە چاو شاعیرانی ئەوسا ڕوونتر و تەنانەت ئەدەبیتر بیری سەروەری و یەکدیمۆسی و یەکپارچەیی کوردیان دەربڕیوە. چۆنە دەقێکی قانع یان حاجی نووسەران دەگەیەنێت بەوەی جاران بیری سەروەریخوازی زاڵ بووە و ئێستا بیری دیموکراسیخوازی، بەڵام دەقی شاعیرانی ئەم سەردەمە باسی ناکرێت.

نووسەران دێڕێکی حاجی بە نرخی گوتارێکی ناسیۆنالیستی بە خوێنەر دەفرۆشنەوە! و ئەو دێڕە و با بێژین هەموو شیعری حاجی دەکەن بە بەڵگەی ئەوەی گوتاری ناسیۆنالیستی کوردی پێش گوتاری ناسیۆنالیستی ئێرانی و تورکی و عەرەبی دروست بووە و بەمە ئەوە ڕەت دەکەنەوە گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی، کاردانەوەیەک بوو بێت بە ناسیۆنالیزمی داگیرکەرانی کوردستان. لێرەدا دژوازییەک دروست دەبێت، دژوازییەک کە خۆی لە شووتی نانە بنبناڵی کورددا دەبینێت. لێرەدا نووسەران شیعری حاجی دەکەن بە پێوەری گوتاری کوردی، بەڵام بۆ نەتەوەکانی تر ئەوە ناکەن بە پێوەر. پرسیار ئەوەیە؛ ئاخۆ ئەگەر بگەڕێیت ناتوانیت بیری ناسیۆنالیزمی ئێرانی له ناو شیعری فارس، یان بیری ناسیۆنالیزمی تورکی لە شیعری تورکیدا یان ناسیۆنالیزمی عەرەبی لە ناو ئەدەبی عەرەبدا بەر لە حاجی بدۆزیتەوە؟ لێرەشدا نووسەران بەرواردێکی نەگونجاو دەکەن. کاتێک دێن کاتی نووسرانی شیعری حاجی لەگەڵ بزووتنەوەی سیاسیی مەشرووتەخوازی ئێرانی ــ کە هەڵگری توخمانێک لە ناسیۆنالیزمی ئێرانی بووە ــ هەڵدەسەنگێنن و بەو ئەنجامە دەگەن گوتاری ناسیونالیزمی کوردی پێش نەتەوەکانی تر بووە و کاردانەوەش نەبووە بەو ناسیۆنالیزمانە. بەرواردی ئایدیای سیاسی شاعیرێک لەگەڵ بزووتنەوەیەکی سیاسی ناڕەوایە.

هەر ئەوەی کە بزووتنەوەی سیاسیی مەشرووتەخوازی؛ ناسیۆنالیزمی ئێرانی تێدا بووە، خۆی نیشان دەدات ناسیۆنالیزمی ئێرانی پێشتر لەوە نەک هەر لە شیعردا بەڵکوو لە وتاری ڕۆژنامەڤانیشدا هەبووە.

پەراوێز:

ئەمانەی خوارەوە چەند نموونەن له هەڵه زمانییەکانی وتاری ناوبراو:

– مرۆڤ و هاتنەناوەوەی بۆ سەردەمی مۆدێڕن!

– مرۆڤی کورد هەوراز و نشێوی زۆری بە خۆیەوە بینیووە!

– دروستکردنی کرداری فۆرماسیۆن گرتن؛ کە لە شکڵ گرتن و بیچم‌گرتن خراوترە!

– باس لە حاجی وەک ئایدیۆلۆژیست دەکەن کە مەبەستیان ئایدۆلۆگە!


[1] https://jineftin.krd/2025/05/15/%D8%A6%D8%A7%DB%8C%D8%AF%DB%8C%D8%A7%DB%8C-%D8%AF%DB%8C%D9%85%D9%88%DA%A9%D8%B1%D8%A7%D8%B3%DB%8C%D8%AE%D9%88%D8%A7%D8%B2%DB%8C-%D9%85%D8%B1%DB%86%DA%A4%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF-%D9%84%DB%95/: