دوو وێنا
بەشی یەکەم
ئەمە بەشی یەکەمی کتێبی (دوو وێنا- Zwei Darstellungen)[1]یە کە نووسەر بە زمانی ئەڵمانی نووسیویەتی. کتێبی (دوو وێنا) لە شەش بەش پێک دێت و سەد و چل لاپەڕەیە. لەلایەن دوو پرۆفیسۆری فاکەڵتیی فەلسەفەی زانکۆی کوێلن لە ئەڵمانیا هەڵسەندگاندنی بۆ کراوە. نووسەر لە داهاتوودا بەشەکانی تری کتێبەکە دەکاتە کوردی. کتێبی (دوو وێنا) بەشێوەی کیندڵ KDP بە ئۆنلاین و بەشێوەی کتێبی چاپکراو لە ئەمازۆن بڵاو بووەتەوە و بەردەستە، بۆ ئەوانەی زمانی ئەڵمانی دەزانن و خوازیارن ئەم کتێبە بخوێننەوە لێرە بەستەرەکان دادەنێین.
بەستەری کتێبی دوو وێنا بە زمانی ئەڵمانی (چاپکراو)
بەستەری کتێبی دوو وێنا بە زمانی ئەڵمانی بە شێوەی کتێبی کیندڵ
***
دوو وێنا لەسەر هۆکار و کاریگەریی تاوان
مانای “تاوان” و “سزا” لە دەقە هەڵبژێردراوەکانی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی و فرانتس کافکادا
١. دەستپێک
١.١. پاشبنەما و گرنگی بابەتەکە
٢.١. ئامانج و پرسیاری ئەم لێکۆڵینەوەیە
٣.١. میتۆدی شیکاری هێرمێنۆیەتیکی
٤.١. تیۆریی ئەدەبی بەراوردکاری
٥.١. پێکهاتەی لێکۆڵینەوەکە
١. دەستپێک
١.١ پاشبنەما و گرنگی بابەتەکە
شیکاریکردن بۆ بابەتەکانی تاوان و سزا هەزاران ساڵە بەشێکی سەرەکیی مێژووی ئەدەبیاتە. ئەم بابەتانە زۆرجار لە کۆنتێکستی مێژووییی جیاوازدا بە شێوازی جۆراوجۆر مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. هەروەک چۆن ئێمە لە ئینجیلەوە ئاشنای چیرۆکی قابیل و هابیل دەبین، هەروەها ئەو دەرفەتەی لەوێدا بۆ تۆبەکردن و پاکبوونەوە لە تاوانی براکوژی روون کراوەتەوە، کە ئەویش بریتییە لە دانپێدانان بە تاوانەکە و پەشیمانبوونەوە. لە ئیسلامدا گوناه و لەگەڵیدا تاوانی ئادەم و حەوا دەگێڕدرێتەوە. بەپێچەوانەی ئینیجل و تەوراتی کرستیانی-جووەوە خودا لەڕێگەی بەزەییی خۆیەوە لە هەڵەی هەردووکیان واتە ئادەم و حەوا خۆش دەبێت. بەم شێوەیە لە ئایینەکانی دیکەشدا چەمکەکانی تاوان و سزا لە شوێنێکی بەرچاو و سەرەکیدا دەبینرێنەوە.
دوو لە کاریگەرترین نووسەرەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەم، کە بەقووڵی سەرقاڵی ئەم پرسیارانە بوون و لێانکۆڵیوەتەوە، ئەوانیش بریتیین لە فرانتس کافکا و فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی. بەرهەمەکانیان بیرکردنەوەی قووڵ ئەخەنەڕوو لەبارەی ڕەهەندە بوونگەرایی، مۆراڵی، دەروونی، یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانی تاوان و سزا و کاریگەریی بەرفراوانیان لەسەر ئەدەب و فەلسەفەی مۆدێرن لە سەردەمی ئێمەدا هەیە.
فرانتس کافکا، جوویەکی ئەڵمانی زمانە لە پایتەختی بۆهێمی پراگ، زۆرجار بە یەکێک لە گرنگترین نووسەرانی سەدەی بیستەم دادەنرێت. کافکا جیهانێکی ئەدەبیی ناوازەی دروست کرد، کە بە پوچێتی(ئەبسورد)، نامۆبوون و نادڵنیایی ناسرابوو. بەرهەمەکانی وەک “حوکمدان”، “دادگایی” و “لە کۆلۆنی سزادا” گەڕانێکی ئاڵۆزن بۆ بوونی مرۆڤ لە جیهانێکی ناڕوون و تەمومژاویدا و زۆرجار تێنەگەیشتوودا. کافکا پرسیار لەبارەی مانای تاوان لە کۆمەڵگایەکدا دەخاتەڕوو، کە تێیدا ڕێکخستنە مۆراڵییە نەریتییەکان لەرزۆک بووە. هەروەها کافکا پرسیار لە سروشتی سزادان دەکات لە سیستەمێکدا، کە بیرۆکراتی بەسەریدا زاڵ دەکرێت و نە دادپەروەرانە دەردەکەوێت و نە تێگەیشتووانە.

لەبەرانبەردا فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی هەیە، نووسەری سەدەی نۆزدەهەمی ڕووسی بوو، کە بەرهەمەکانی بە قووڵی لە ناکۆکییە مۆراڵی، ئایینی و دەروونییەکانی سەردەمی خۆیدا ڕەگیان داکوتابوو، لە ڕۆمانەکانی وەکوو تاوان و سزا و برایانی کارامازۆڤدا دۆستۆیڤسکی بەدواداچوون بۆ ململانێی ناوەوەی کارەکتەرەکانی دەکات، کە لەنێوان گوناه و ڕزگاربوون، تاوان و تۆبە و پاکبوونەوەدا دابەش بوون. کارەکتەرەکانی دۆستۆیڤسکی لە ململانێیەکی بەردەوامدان لەگەڵ ویژدانی خۆیان، حوکمدانی خودایی و یاسایی و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان.
گرنگی بابەتەکە نەک هەر لەو ڕەهەندە فەلسەفی و دەرونییانەوە سەرهەڵدەدات، کە کافکا و دۆستۆیڤسکی لە بەرهەمەکانیاندا لێیانکۆڵیوەتەوە، بەڵکوو لە بەردەوامی پێدانی هەنووکەیییانەی ئەم تەوەرانەشەوە سەرچاوە دەگرێت. لە جیهانێکدا، کە بەشێوەیەکی گەشەسەندوو تادێت بە نادڵنیایی، هەڵچوون و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و دووفاقی مۆراڵیی دەناسرێتەوە، بەرهەمەکانی ئەم نووسەرانە تێڕوانینێکی پڕبەها لەبارەی سروشتی مرۆڤ و ئەو ئاستەنگییانەی، کە ڕووبەڕووی تاک و کۆمەڵگاکان دەبنەوە پێشکەش دەکەن. لێکۆڵینەوە لە تاوان و سزا لەلای کافکا و دۆستۆیڤسکیدا ئەوە دەڕەخسێنێت، بۆ ئەوەی سەر لەنوێ تیشک بخرێتەسەر پرسی دادپەروەری، بەرپرسیارێتی، شکۆی مرۆڤ و پەرەسەندنی سیستەمە نادیارەکان و هەروەها جێگرتنی لەناو کۆنتێکستێکی مۆدێرندا.
کاتێک بەرهەمەکانی کافکا و دۆستۆیڤسکیم خوێندەوە، تێبینیم کرد، کە چۆن وێناکردنەکانیان بۆ تاوان و سزا دابەشبوون و دووبەرەکییەکی سەرنجڕاکێش پێک دەهێنن: تاوان لەلای کافکا بارگرانییەکی نزیک لە سوریال و بێ شرۆڤە و ڕێگری لێنەکراوە، لەکاتێکدا تاوان لەلای دۆستۆیڤسکی ڕەگێکی قووڵی لە واقیع و ڕێکخستنی مۆراڵی جیهاندا داکوتاوە. ئەم بەراوردکارییە بووە پاڵنەرێک، بۆ ئەوەی قووڵتر بچمە ناو بەرهەمەکانی هەردوو نووسەر و دیدگاکانیان سەبارەت بە تاوان، سزا، تۆبە و پاکبوونەوە و ڕزگازبوون شیکاری بکەم. تێزی توێژینەوەکەم تەرخان دەکرێت بە لێکۆڵینەوە لە تاوان و سزا لە بەرهەمە ئاماژەپێکراوەکانی هەردوو نووسەردا. بابەتێک، کە نەک هەر لە ئەدەبی مۆدێرندا بەڵکوو لە ئەدەبی کلاسیکیشدا بەبەردەوامی پرسە سەرەکییەکانی بوونی مرۆڤ دەوروژێنێت. بەتایبەتی ئەوەی بەلای منەوە سەرنجڕاکێشە، کە چۆن دوو نووسەری ناودار، کە بەرهەمەکانیان هەمیشە کاریگەری لەسەر خولیای ئەدەبیی من هەبووە، هەریەکەیان بە شێوازی ناوازەی خۆیان تیشک ئەخەنە سەر ئەم بابەتە.
٢.١. ئامانج و پرسیاری ئەم لێکۆڵینەوەیە
ئامانجی ئەم لێکۆڵینەوەیە شیکاریکردن و بەراوردکردنی وێناکردن و لێکدانەوە جیاوازەکانی تاوان و سزایە لەلای کافکا و دۆستۆیڤسکی. ئەکرێت لەڕێگەی بەکارهێنانی میتۆدەکانی شیکاری ئەدەبی و تیۆریی ئەدەبی بەراوردکاریی ئەوە بخرێتەڕوو، کە چۆن ئەم دوو نووسەرە تەنها ڕەنگدانەوەی سەردەمی خۆیان نین، بەڵکوو تاوتوێ و مامەڵە لەگەڵ پرسە بنەڕەتییە مرۆیییەکانیش دەکەن، کە پرسیارەکان زۆر لە کۆنتێکستە تایبەتە مێژوویییەکانی سەردەمی خۆیان تێدەپەڕن.
یەکێک لەو پرسیارانەی لەم تێزەدا ئاماژەی پێکراوە ئەوەیە: چۆن تەوەری تاوان و سزا لە بەرهەمەکانی کافکا و دۆستۆیڤسکیدا وێناکراون و کام جیاوازی و لێکچوونانە دەتوانرێت لە لێکدانەوەی ئەم کۆنسێپتانەدا دەستنیشان بکرێت؟ ئەم پرسیارە چەندین ڕەهەند لەخۆ دەگرێت، لەوانە وێناکردنی پاڵەوانەکان، مانای تاوان و هەروەها ئەو شێوازەی کە هەردوو نووسەر مامەڵە لەگەڵ لێکەوتە و کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و تاکەکەسییەکانی سزادا دەکەن.
هەروەها لە چوارچێوەی ئەم پرسیارەدا لێکۆڵینەوە لەوە دەکرێت، کە چۆن هەریەک لە کۆنتێکستە مێژوویی و کولتوورییەکان کاریگەرییان لەسەر تێگەیشتن لە تاوان و سزا لە بەرهەمەکانی هەردوو نووسەردا هەبووە. ئامانجی توێژینەوەکە، شیکردنەوەی ئەو میتۆدە ئەدەبی و تەکنیکە گێڕانەوەیییە جیاوازانەیە، کە کافکا و دۆستۆیڤسکی لە ڕیگەیانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بوونگەرایییانەدا دەکەن. مەبەستی توێژینەوەکە گەڕانە بەدوای ئەوەی، چۆن بەرهەمەکان ڕەنگدانەوەی ڕەفتارەکان و پەیوەندیی مرۆڤ بە مۆراڵ، دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتە باڵاکانن.
٣.١. میتۆدی شیکاریی هێرمێنۆیەتیکی
ئەم لێکۆڵینەوەیە شیکارییەکی هێرمێنۆیەتیکی بۆ چەمکەکانی تاوان و سزا ئەهێنێتە ئەنجامدان، وەک چۆن لە ڕۆمانەکانی “تاوان و سزا” و “برایانی کارامازۆڤ “ی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی و ڕۆمانی “دادگایی” و چیرۆکەکانی “حوکمدان” و “لە کۆلۆنی سزادا”ی فرانتس کافکادا بەدی دەکرێن. ئامانجی توێژینەوەکە ئەوەیە پوختە و کورتکردنەوە ڕووکەشییەکان تێپەڕێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت پەیوەندییە واتایییەکان ئاشکرا بکرێن، کە ئەم نووسەرانە لەسەر بنەمای ئەزموونە مرۆیییەکان هێناویانەتە بنیادنان.
شیکارییەکە بە پرەنسیپەکانی هێرمێنۆیەتیکی فەلسەفی بەڕێوە دەبرێت، کە جەخت لەسەر کارلێکی هاوتەریب و کاریگەرییە چالاکەکانی نێوان بەش و گشت دەکاتەوە و هەروەها هەوڵدان و بەدواداچووون بۆ گەیشتن بە واتا بنەڕەتییەکان. هێرمێنۆیەتیک بەشێوەیەکی بەرفراوان بەکارهێنانی لە چەندین دیسیپلیندا هەیە، لەوانە فەلسەفە، تیۆلۆژی، یاساناسی هەروەکوو کۆمەڵناسی، مێژووناسی، موزیکناسی، هونەرناسی و ئەدەبناسی. ڕەگ و ڕیشەی لە سەردەمی کۆنەوە لە زانستی ئایینیدا چەسپاوە، کە تێیدا وەک میتۆدێک بۆ لێکدانەوەی دەقە پیرۆزەکان خزمەتی کردووە.
سەرباری شیکاری دەق هەروەها ڕێکارە هێرمێنۆیەتیکییەکان لە چارەسەری دەروونیدا بەکار دەهێنرێن. ئەم بەکارهێنانە هاوبەشەی نێوان زانستەکان گرنگی ئەم میتۆدە دووپات دەکاتەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە قووڵاییە دەروونییەکانی ناو بەرهەمە ئەدەبییەکان. بەکارهێنانی هێرمێنۆیەتیک لە چارەسەری دەروونیدا پردێکی میتۆدۆلۆژی دروست دەکات بۆ شیکردنەوەی ڕەهەندە دەروونییەکانی تاوان و سزا و دۆخ و پاڵنەرەکانی ناوەوەی کارەکتەرەکان لەلای دۆستۆیڤسکی و کافکادا. دۆستۆیڤسکی سەرنج دەخاتە سەر پشێوی و شڵەژانی ناوەکی و دەروونیی شێواو و ململانێ دەروونییەکانی کارەکتەرەکانی. بەرهەمەکانی کافکا دەرخەر و ڕەنگدانەوەی هەستی تاوانباری خۆی و پرۆسەیەکی قورس و تاقەتپڕوکێنی دەروونین.
ئەم پێکەوە گرێدان و پەیوەندییە لەنێوان هێرمێنۆیەتیک و لێکدانەوەی دەروونیدا، بیرکردنەوەی قووڵ لە پاڵنەرە نائاگاکان، خود و کاریگەرییەکانی تراومای منداڵی، کە دۆستۆیڤسکی لێی کۆڵیوەتەوە، هەروەک باجی دەروونیی ڕێوشوێنە یاسایییە ناڕوونەکان لەلای کافکادا پۆلێن دەکات. بەم پێیە چوارچێوەی هێرمێنۆیەتیک لێکدانەوەیەکی وردبینانە بۆ ئەم ئەسپێکتە ناوەکی و زۆرجار نەستییانەی تاوان و سزا دەڕەخسێنێت.
هەڵبژاردنی شیکاری هێرمێنۆیەتیک لێرەدا لە پێشینەی میتۆدەکانە، کە گەڕانێکی چڕ بۆ تیگەیشتن لە واتای کۆنتێکستەکان دەڕەخسێنێت. ئەمە بەتایبەتی دەگونجێت بۆ وێناکردنی ئاڵۆز و زۆرجار پارادۆکسەکانی تاوان و سزا لەلایەن ئەم نووسەرانەوە. میتۆدی بازنەی هێرمێنۆیەتیک، کە تێیدا تێگەیشتن لە گشت لەڕێگەی بەشەکانەوە هەروەها بەپێچەوانەشەوە دروست دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەرفەت دەدات بە دەرخستنی ئەو لێکەوتە و واتا فەلسەفی و دەروونییە قووڵانەی دەقەکانی نووسەران. ئەمەش بەکارهێنانی واتای هێماکان و سوودوەرگرتن لە زانیارییە پێشینەکان لەخۆ دەگرێت.
بەشێوەیەکی پراکتیکی ئەمە بەو مانایە دێت، کە سەرەتا بە وردی بەرهەمەکان دەخوێنمەوە و تەوەر و پاڵنەرە سەرەکییەکانیان دەستنیشان دەکەم. پاشان لێکدانەوە زانستییە جۆراوجۆرەکان بەراورد دەکەم و بە تێبینییەکانی خۆمەوە دەیانبەستمەوە. ئەم پرۆسەیە یارمەتیم دەدات بۆ بەدەستهێنانی دیدگای جیاواز لەسەر دەقەکان و تێگەیشتن لە فرەڕەهەندییەکەیان. هەروەها ئەسپێکتێکی دیکەی گرنگی میتۆدی هێرمێنۆیەتیک ڕەچاوکردنی کۆنتێکستی مێژوویی و کولتوورییە. بەوپێیە دەقەکان لە ژێر ڕۆشناییی سەردەمی نووسینەوەیان تاوتوێ دەکەم، بۆیە دەتوانرێت مانا قووڵ و مەبەستە ئەگەرییەکانی نووسەران باشتر لێکبدرێنەوە.
٤.١. تیۆریی ئەدەبی بەراوردکاری
یەکێک لە ڕێبازەکانی تێزی توێژینەوەکە بریتییە لە تیۆریی ئەدەبی بەراوردکاری. بەرهەمەکانی فرانتس کافکا و فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی لە ڕووی مامەڵەکردنیان لەگەڵ تەوەری تاوان و سزا لەگەڵ یەکتردا بەراورد دەکرێن. زانستی ئەدەبی بەراوردکاری لە ڕوانگەی جۆراوجۆری کولتووری، مێژوویی، ئایینی و فەلسەفییەوە لە بەرهەمە ئەدەبییەکان دەکۆڵێتەوە، بەمەبەستی دۆزینەوەو دەستنیشانکردنی خاڵە لێکچوو و جیاوازییەکانی نێوانیان. لێرەدا بابەتەکە تەنها لەبارەی هاوتەریبییەکانی ناوەڕۆکەوە نییە، بەڵکوو ئەسپێکتە شێوازی و پێکهاتەیی و ئایدیۆلۆژییەکانیش لەخۆ دەگرێت.
لەڕێگەی بەکارهێنانی تیۆریی ئەدەبی بەراوردکاری دەتوانم بەرهەمەکان بە دابڕاو و جیا لەبەرچاو نەگرم، بەڵکوو بەرهەمەکان لە کۆنسێپتێکی نێوان کولتووری و نێوان دەقدا شیکارییان بکەم. بەهۆی ئەمەوە دەتوانرێت ببینرێت، کە چۆن نەریتە ئەدەبییە جیاوازەکان کاردانەوەیان بەرانبەر بابەتە هاوشێوەکان هەیە و دەتوانێت چ واتایەک لە پشت چیرۆکە گێڕدراوەکانەوە خۆی پەنهان بکات. ئەم ڕێبازە نەک هەر ڕێگەم پێدەدات باشتر لە کافکا و دۆستۆیڤسکی تێبگەم، بەڵکوو تیشک ئەخاتە سەر پرسی گشتگیر سەبارەت بە تاوان، بەرپرسیارێتی و بوونی مرۆڤ لە دیدی جیاوازی ئەدەبی و فەلسەفییەوە. تیۆریی ئەدەبی بەراوردکاری لەم کارەدا هاوکاریم دەکات، بۆئەوەی بە دیدێکی ڕەخنەگرانە بیر لە لێکدانەوە بەردەستەکان بکەینەوە، بەمەبەستی داڕشتنی ڕێچکەی نوێ بۆ لێکدانەوەکان و لە کۆتاییدا لە گرنگی فەلسەفی و ئەدەبیی ئەم بابەتانە بکۆڵینەوە..
تیۆریی ئەدەبی بەراوردکاری چوارچێوەیەکی میتۆدی دەخاتەڕوو، بۆئەوەی بەرهەمە ئەدەبییەکان لە گشتێتی خۆیاندا تێبگەین، بە تیشک خستنە سەر ڕەهەندەکانی پەیوەست بە ناوەڕۆک و شێواز و ئایدیۆلۆژییەوە. ئەم میتۆدە ڕێگە دەدات بۆئەوەی دەقەکان لە کۆنتێکستێکی کولتووری، مێژوویی و فەلسەفیی جیاوازەوە بەیەکەوە ببەسرێنەوە. بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرج و باردودۆی دروستبوون و شێوازە بنەڕەتییەکانی بیرکردنەوە و فۆرمی دەربڕینی تاکەکەسی، بەو شێوەیە دەردەکەوێت، چۆن نەریتە ئەدەبییە جیاوازەکان مامەڵە لەگەڵ بابەتە گشتگیرەکانی وەک تاوان، سزا و بەرپرسیارێتیدا دەکەن. لە هەمان کاتدا تیۆریی ئەدەبی بەراوردکاری دەرفەت دەدات بە ناسینەوەی شێوازە تایبەتەکان و پێکهاتە جیاوازەکان، کە ئاماژەن بۆئەوەی چۆن هەر نووسەرێک پەیامەکەی لە کۆنتێکستێکی کولتووری و مێژووییی تایبەتدا دابڕێژێت.
سەرباری ئەوەش ڕێبازی بەراوردکاری دەرفەت دەڕەخسێنێت بە تێڕوانین لە کارلێکەکانی نێوان بەرهەمە ئەدەبییەکان و ئەو گوتارانەی لە دەوروبەریدان. ئەم میتۆدە ئەوە دەردەخات، کە چۆن گەنگەشە و لێکدانەوەی بابەتە گشتگیرەکان- وەک تاوان و سزا- دەکرێت وەک ڕەنگدانەوەی ڕاستییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لێی تێبگەین. بەو شێوەیە ئەوە ڕوون دەبێتەوە، کە دەقە ئەدەبییەکان بەدابڕاوی بوونیان نییە، بەڵکوو بەشێکن لە دیالۆگێکی گەورەتر و فرەڕەهەندتر/نێوان زانستەکان، کە بەرکەوتنیان لەگەڵ پرسە فەلسەفی و سۆسیۆلۆگییەکانیشدا هەیە.
٥.١. پێکهاتەی لێکۆڵینەوەکە
پاش لێکۆڵینەوەیەکی وردی چەمکەکانی تاوان و سزا لە چوارچێوەی یاسایی، ئایینی، فەلسەفی و دەروونیدا بەدوایدا شیکارییەک دەکرێت بۆ ئەو بەرهەمانەی کە پێشتر ئاماژەیان پێکراوە بەگوێرەی هەردوو نووسەرەکە دەخرێتەڕوو. چەمکەکانی تاوان و سزا ڕۆڵێکی سەرەکی لەم شیکارییەدا دەگێڕن. ئەو شیکارییانەی لەبەردەستدایە دەریدەخەن، کە دۆستۆیڤسکی بە پلەی یەکەم تاوان وەک سەرپێچییەکی ئاگایییانەی مۆراڵی و ئایینی دەچەمکینێت، کە ئازاری ناوەوە و ئەگەری تۆبە و پاکبوونەوە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. لەبەرامبەردا کافکا تاوان وەک تێوەگلانێکی بوونگەراییی ئاڵۆز، لێ تێنەگەشتوو، ئەبسورد و زۆرجار بێ هۆکار دەخاتەڕوو، کە سزاکەی بە هەڕەمەکی و نامرۆڤانە و بەبێ هیچ ئامانجێکی پاکبوونەوە دەردەکەوێت. سەرەنجام بەراوردکردنی ئەنجامەکان بەپێی لێکچوون و جیاوازییەکان ئەنجام ئەدرێن.
ئەم جیاوازییانە ڕەنگدانەوەی ئەو دژیەکییە قووڵە فەلسەفی و تیۆلۆژییانەن لە جیهانبینی هەریەکەیاندا، کە کاریگەرییان لەسەر تاک و کۆمەڵگا و میتافیزیکەوە هەیە. لەم شیکارییەدا پاشخانی ئاینیی هەریەکێک لە نووسەرەکان گرنگی تایبەتی هەیە بۆ تێگەیشتن لە هەردووکیان و سەردەمەکانیان. ژینگەی کولتووری هەریەک لە دۆستۆیڤسکی و کافکا، ژیاننامەیان، کەسایەتییان و بارودۆخە مێژوویییەکانیان دەرفەت بۆ وەڵامی پرسیاری توێژینەوەکە دەڕەخسێنێت. جارێکی تر دەرەنجامێک ئەنجامەکان پێکەوە گرێدەداتەوە و پوخت دەکاتەوە.
بەشی دووەمی کتێبی دوو وێنا
٢. بنەما تیۆرییەکانی تاوان و سزا
١.٢. پێناسەکانی تاوان و سزا
٢.٢. ئەسپێکتە فەلسەفی و ئاینییەکانی تاوان و سزا
٣.٢. ئەسپێکتە دەروونی و یاساییەکانی تاوان و سزا
چاوەڕوانی بەشی دووەمی کتێبی دوو وێنا بن.
[1] بەکورتی لەبارەی کتێبی (دوو وینا) Zwei Darstellungen
ئەم کتێبە لە ئەو پرسیارە سەرەکییە دەکۆڵێتەوە، کە چۆن دوو لە گرنگترین نووسەرانی ئەدەبیاتی جیهانی چەمکە بوونگەرایییەکانی وەک تاوان، تۆبە و پاکبوونەوە و سزا لە بەرهەمەکانیاندا بەشێوەیەکی ئەدەبی دادەڕێژن. لەسەر بنەمای واتای مێژوویی، ئایینی، فەلسەفی و دەروونیی ئەم چەمکانە توێژینەوەکە شیکاری بۆ وێناکردنی کافکا لە ڕۆمانی “دادگایی” و لە چیرۆکەکانی “حوکمدان” و “لە کۆلۆنی سزادا” دەکات، هەروەها شیکاری بۆ بەکارهێنانی ئەم چەمکانە لەلای دۆستۆیڤسکی لە بەرهەمەکانی “تاوان و سزا” و “برایانی کارامازۆڤ”دا دەکات. لە کاتێکدا پاڵەوانەکانی کافکا لە تاوان دەڕوانن وەک تێوەگلانێکی بوونگەراییی ئەبسورد و لێ تێنەگەشتوو و زۆرجار بێ هۆکار، لە بەرانبەردا دۆستۆیڤسکی لەڕێگەی کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکانییەوە وێنەیەک بۆ تاوان وەک سەرپێچییەکی ئاگایییانەی مۆراڵی و ئایینی دەکێشێت، کە لە ئەنجامدا ئازاری ناوەوە و ئەزموونی هەستکردنێکی بەهێزی بەرپرسیارێتی و قبوڵکردنی تۆبە و پاکبوونەوەی لێ دەکەوێتەوە. ئەم توێژینەوەیە میتۆدی هێرمێنۆیەتیکی بەکار دەهێنێت، کە پێسپێکتیڤە فەلسەفی، دەروونی و ئەدەبییەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئەم توێژینەوەیە ئەوە دەردەخات، کە چۆن هەردوو نووسەر کۆنتێکستی کولتووری و ئایینی و مێژووییی خۆیان دەگۆڕن بۆ فۆرمی ئەدەبی، کە تا ئەمڕۆش کاریگەرییەکی قوڵ بەجێدەهێڵن. لەڕێگەی تێڕوانینی تیۆریی ئەدەبی بەراوردکارییەوە لێکچوون و جیاوازییەکان دەستنیشان دەکرێن، کە بەر پرسیارە سەرەکییەکانی بوونی مرۆڤ دەکەون وەک دادپەروەری، بەرپرسیارێتی، ویژدان، پێکهاتەکانی دەسەڵات و پێگەی تاک لەبەرانبەر دەسەڵاتە ناڕوون و نەبینراوەکاندا. هەروەها بەوردی بەشێوەیەکی شیکاری و نێوان زانستەکان لە جیهانە جیاوازەکانی هەردوو نووسەرەکە نزیک دەبێتەوە، کە تێیدا تاوان و سزا مانایەکی یەکلاکەرەوەی لە ژیانی پاڵەوانەکاندا هەیە.