قوفڵێک کلیله‌کانی له زریان‌دا بزر بووه
خوێندنه‌وه‌یه‌کی ڕۆمانی "له‌وێ مه‌مره"ی ڕه‌زا عه‌لیپوور
١. “من بکوژێکم به دوای کوژراوه‌که‌دا ده‌گه‌ڕێم.”
له نه‌ریتی ئه‌ده‌بی مۆدێرندا، ڕۆمان ته‌نیا شێواز و ستایلێکی هونه‌ری نییه، به‌ڵکوو ئامرازێکه بۆ ناسین و ناساندن و نواندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه، مێژوو، بیره‌وه‌ریی بەکۆمه‌ڵ، ده‌سه‌ڵات و ئه‌زموونی ژیا‌و و نه‌ژیاوی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا. له‌م ڕووه‌وه ڕۆمان هه‌ڵگری دوو فانکسیۆنی ته‌واوکه‌ری یه‌کتره؛
یه‌که‌م: به داکیومێنت‌کردنی ئه‌زموونی ژیاوی تاک، گرووپ و چین و توێژه جۆراوجۆره‌کان.
دووه‌م: نواندنه‌وه‌ی ترس و هه‌یه‌جان و هیوا و بێهیوایی و ئه‌و ئێش و برینانه‌ی که مێژووی ڕه‌سمی، یان له‌بیریان ده‌کا یان سه‌رکوتیان ده‌کا.
له وه‌ها کهشێکا ڕۆمان ڕۆڵی “ئا‌ڕشیڤی ونبووه‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌گێڕێ. ئاڕشیڤێک که لەلایه‌ن سه‌رچاوه فه‌رمییه‌کانه‌وه پشتگوێ خراوه و ده‌خرێ. به‌م پێودانه ڕۆمان ئاوێنه‌ی ڕۆحی نه‌سره‌وتووی ده‌نگه کپکراوه‌کان و خنکاوه‌کانه. له رۆمان‌دا عاشق بوون، ئاوێزانی، شۆڕش و سه‌رهه‌ڵدان و … بڤه نییە. یان باشتره بڵێین ڕۆمانی ڕاسته‌قینه لانیکه‌م به بۆچوونی منی خوێندکاری کۆمه‌ڵناسی، ئاوێنه‌ی ته‌واو نوێنی بڤه‌کانی مرۆ و کۆمه‌ڵگایه. ڕۆمان له ئاوێنه ده‌چێ.، هاوکات جیهان به‌رین و نامۆ ده‌کاته‌وه، جاریش هه‌یه جیهانی نامۆ ئاشنا ده‌کات.
٢. “پیاوان له زستاندا پیر ده‌بن و کچان له هاویندا پێده‌گه‌ن”
تا ئه‌و جێگه‌ی ئاگام لێبێ “له‌وێ مه‌مره” دووهه‌مین ڕۆمانی ڕه‌زا عه‌لیپووره.
له‌م ڕۆمانەدا زه‌مان و زمان به شێوه‌ی تایبه‌ت و نوێ به‌کار براون.
ئه‌گه‌ر ڕه‌وتی گێڕانه‌وه و ڕۆمان به سێ که‌رتی جیا دابه‌ش که‌ین، واته کۆن و کلاسیک، نوێ و مۆدێرن، ئه‌وپه‌ڕ نوێ و پۆست‌مۆدێرن، “له‌وێ مه‌مره” ده‌چته خانه‌ی سێیه‌م واته پاش یا ئه‌وپه‌ڕ نوێوه.
له “له‌وێ مه‌مره”دا ئیتر گێڕانه‌وه له بازنه‌ی خه‌تیدا ده‌رباز ده‌بێ.
عه‌لیپوور به سه‌رنجی تایبه‌ت به نواندن و تهوسیفکردنی لۆکه‌یشن و به‌تایبه‌ت یه‌کێ له دیارده به‌رچاوه‌کانی سنه، واته کۆنه ماڵ و عه‌ماره‌ت به شێوازێکی پڕ ورده‌کاری که له سیناریۆ ده‌چێ، حه‌ولی داوه ئه‌م دیارده‌یه بۆ خوێنه‌ر به‌رچاو بکا. به‌رز و نه‌وی بوونی دیواره‌کان، ته‌نگه‌به‌ریی کۆڵانه‌کانی قه‌تارچیان و چواربا‌غ، نایسه‌ر و شاڵمان و ڕه‌نگ و مه‌تریاڵی ده‌رگا و په‌نجه‌ره و حه‌وشه و حه‌وز و کانی و کاشی و قادرمه و هتد. زۆرتر له قه‌ڵه‌می مێعمار، یان لانیکه‌م خوێندکاری مێعماری ده‌چێ.
وه‌ک ئاماژه‌م پێدا رۆمانی “له‌وێ مه‌مره“ له زۆر ڕووه‌وه رۆمانێکی”ئه‌ودیو نوێ”یه. رۆمانێک که ده‌چته خانەی رۆمانی پۆست‌مۆدێرن. زمان و زه‌مان دوو توخمی سه‌ره‌کیی رۆمانی “لهوێمهمره”یه. زمان ئیتر ته‌نیا ئامرازێکی خه‌سیو بۆ گێڕانه‌وه نییه. به‌ڵکوو خۆی زمان ڕۆڵی کاره‌کته‌رێکی کارای سه‌ره‌کی ده‌بینێ. به‌تایبه‌ت له فۆڕمی شاعیرانهیی، گێڕانه‌وه‌ی پچڕپچڕ و ئاماژه‌ی ورد به شوێن وه‌ک کۆڵان و شه‌قام، عیماره‌ت و… هتد. که‌وابوو زمان ته‌نیا بۆ وه‌سفکردن نییه هه‌رچه‌ند به‌باشترین شێوه و به ورده‌کاریی زۆره‌وه ئه‌م ڕۆڵه‌ش ده‌گێڕێت به‌ڵام من پێم وایه هاوکات له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ی شوناس، خودی شوناسیشه! له ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵناسییه‌وه له وه‌ها گێڕانه‌وه‌یه‌کدا، زمان هه‌ڵگری بیره‌وه‌رییه نه‌وتراو و خنکاوه‌کانی به کۆمه‌ڵه,(unsaid collective memory).
ڕه‌نگه تایبه‌تمه‌ندیی ڕۆمانی پۆست‌مۆدێرن له گێڕانه‌وه‌ی پچڕپچڕ و دژه هێڵی، لێڵبوون و نادیاریی ده‌سپێک و کۆتایی، تێکههڵچڕژانی ساته‌وه‌خت، ڕابردوو و داهاتوو و… بێت که به ڕوونی له ڕۆمانی “له‌وێ مه‌مره“دا به‌رچاوه. دیاره “له‌وێ مه‌مره” ڕه‌نگه زۆر جێی سه‌رنج و چێژی خوێنه‌ری ئاسایی نه‌بێ که به فیلم و ڕۆمانی مۆدێرن و کلاسیک هه‌ست و زۆقی گۆشدراوه.
تایبهتمهندییتری له‌وێ مه‌مره، پۆلی‌فۆنی واته فره‌ده‌نگییه، سارا، دایکی، تیمسار، سۆراب و جه‌هانگیر و … هه‌رکامیان ده‌نگی خۆیان و گێڕانه‌وه‌ی تایبه‌تیان هه‌یه.
هه‌روه‌ها شێواندنی سنووری نێوان ئه‌مری واقیع و خه‌یاڵ، له ڕۆژنامه‌گه‌ری، سه‌رچاوه و ڕێفرێنس و بیره‌وه‌رییه‌وه تاکوو فانتازیا و خه‌یاڵ، هه‌روه‌ها “بینامهتنیهت”ًواته ئینتێرتێکستچواڵیتی، ڕێفرێنس (ئیرجاع) به مێژوو، به بیره‌وه‌ری و داکیۆمێنت و … تایبه‌تمه‌ندیی شازی رۆمانی “له‌وێ مه‌مره”یه.
وه‌ک وترا “له‌وێ مه‌مره” به پێکهاته‌یه‌کی دژه هێڵی و گێڕانه‌وه‌ی پچڕپچڕ و فلاشبهکی جۆراوجۆر، حه‌ول ده‌دا تا سنه‌ی ده‌یه‌ی په‌نجای هه‌تاوی، شۆڕش و پێشهاته‌کانی گوللە و خوێن و باڕووت
که له مێژووی فۆڕمیدا خنکاون و نهبیسراون به شێوازێکی هونه‌ری وه‌ک قاشێک له بیره‌وه‌ریی تاک و به‌کۆمه‌ڵی ئه‌و سه‌رده‌مه نیشان بدا.
ئه‌مه‌ش پوتانسیه‌لی گێڕانه‌وه‌ی پۆستمۆدێرنه بۆ هه‌موو ترس و ئێسترێس و توندوتیژی که مێژووی فۆرماڵ ناتۆانێ یان نایهه‌وێ بیگێڕێته‌وه. ئێسپیواک کوته‌نی ڕۆمان ده‌بێته ده‌نگی چین و توێژه کپکراو و ژێرده‌سته‌کان. لێره‌وه‌یه که ژێرده‌سته و له‌بیرکراوه‌کان ده‌توانن له نێو ڕسته‌کانی رۆمان‌دا ده‌نگ هه‌ڵبڕن و داکۆکی له بوونیان بکه‌ن.
دیاره پچڕپچڕبوونی گێڕانه‌وه حه‌ولێکه بۆ دیسان نواندنه‌وه‌ی پچڕپچڕبوونی ژیان و بیره‌وه‌رییه‌کانی خه‌ڵکی کورد و سنه له ساڵه‌کانی شه‌ڕ و شۆڕشدا.
دیاره وه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پێدا شێعری بوونی گێڕانه‌وه له ڕۆمانی “له‌وێ مه‌مره”دا ته‌نیا ئه‌مرازێکی دێکۆڕاتیڤ نییه، به‌ڵکوو تایبه‌تمه‌ندییه‌کی میتۆدۆلۆژیکه که له ڕێگه‌یه‌وه به دوای نواندنه‌وه‌ی مێژووی هاوچه‌رخی شاری سنه‌وه‌یه.
“مهلۆتکێک فڕێدراوه و که‌س له خۆی ناگرێ. ڕه‌نگه زۆڵ بێ و ڕه‌نگه نه‌شبێ.” دیاره ئه‌م ڕسته‌یه له شوێنی ڕووداوه‌کانی ڕۆمانی “له‌وێ مه‌مره” ده‌چێ. له سنه له کوردستان. چون جار هه‌یه مرۆ دوای ئه‌و گشت خوێن و عاره‌ق و هیلاکبوونه، ده‌ست به با ده‌مێنێته‌وه!
3. له کۆتاییدا ده‌بێ بڵێین “له‌وێ مه‌مره” به گێڕانه‌وه‌یه‌کی شێوه شاعیرانه و ڕۆژنامه‌وانی به ورده‌کاریی زۆره‌وه قاشێک له مێژووی هاوچه‌رخی سنه و کوردستان ده‌گێرێته‌وه.
دیاره ڕووداوه‌کان له ده‌سپێکی شۆڕشی گه‌لانی ئێران و ڕۆژهه‌ڵاته‌وه ده‌ست پێ ده‌کا و تا شه‌ڕی ئێران و عێراق و پاش جه‌نگ و “سازندگی!”ًدهخایهنێ.
دیاره چۆنیه‌تی و شێوازی گێڕانه‌وه‌ی دژه هێڵی و پچڕپچڕ له گه‌ڵ زمانی تایبه‌تی گێڕانه‌وه، “له‌وێ مه‌مره” ده‌باته بازنه‌ی ڕۆمانێکی سه‌رکه‌وتوو.
به‌و پێوودانه ده‌کرێ “له‌وێ مه‌مره” به ڕۆمانێکی داکیومێنتاری کۆمه‌ڵناسانه‌ی مێژووییی ده‌روونناسانه پۆلێنبه‌ندی بکه‌ین که شیاوی خوێندنه‌وه‌یه.