ئەدەبیات ڕەهایەتی و یاخیبوونە لە قاڵب
١
ئەدەبیاتی لەقوتوونراو… ڕەتکردنەوەی قاڵب و ڕەهایەتیی نووسین
ئەدەبیات لە قاڵب نادرێت. ئەم ڕستەیە تەنیا درووشمێکی بریقەدار نییە، بەڵکو کرۆکی ئەو هێزە یاخی و ئازادەیە کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بەردەوام لە بەرانبەر هەر هەوڵێکدا بۆ کۆتکردن و سنووردارکردنی وەستاوەتەوە. تەنانەت لە سەردەمی شیعری کلاسیکیشدا کە کێش و سەروا و بەحر وەک چوارچێوەیەک بۆ جوانیی دەق دەبینران، هەمیشە “باری شاز” و دەرچوون لە یاسا باوەکان نیشانەی لێهاتوویی و داهێنانی گەورەترین شاعیران بووە. کەواتە، ئەگەر لەو سەردەمەدا لەوپەڕی پابەندبوون بە یاسا و ڕێساوە یاخیبوون نیشانەی لووتکە و داهێنان بێت، دەبێت ئەمڕۆی شیعر و چیرۆک و ڕۆمان چۆن بێت؟ بێگومان، ئەدەبیاتی ڕاستەقینە ڕەهایە و مل بۆ هیچ یاسا و ڕێسا و قاڵب و قوتوو و پاکەتێک نادات. بە باڵی خەیاڵ دەفڕێت و بە لاقی حەزی دڵ شەقاو دەهاوێژێت.
ئەو بیرۆکەیەی کە دەبێت نووسین بەگوێرەی ڕێنوێنی و قاڵبی ئامادەکراو بێت، لە بنەڕەتدا دژ بە فەلسەفەی داهێنانە. هیچ یاسایەکی مسۆگەر نییە بۆ درێژی و کورتیی ڕستە و پەرەگراف. هیچ کارگەیەکی تایبەت نییە کە قوڕی شیعر، چیرۆک یان ڕۆمانێکی تێدا هەڵشێلین و چاوەڕێ بین بە ئەندازە و قەبارەیەکی دیاریکراو وشک ببێتەوە و بێتە دەرەوە. نووسەر، جا شاعیر بێت یان چیرۆکنووس و ڕۆماننووس، لە بنەڕەتدا بوونەوەرێکی ئازادە و لە ڕێگەی هەوەسی دڵی خۆیەوە شێواز دادەهێنێت، ڕێڕەوی نوێ دەکاتەوە و فۆڕمی تازە دەئافرێنێت.
ئەوانەی بانگەشە بۆ ئەدەبیاتێکی لەقاڵبدراو دەکەن، یان لە جەوهەری ئەدەبیات نەگەیشتوون، یان بە ئاگایییەوە هەوڵی بەرهەمهێنانی “ئەدەبیاتی لەقوتوونراو” دەدەن؛ ئەدەبیاتێک کە وەک گۆشتی ئامادەکراو تەنیا بۆ بەکاربردنی خێرا و بێبیرکردنەوە دەشێت. ئەم جۆرە لە “بەرهەم” خوێنەرێکی سادەی خوار مامناوەند دروست دەکات کە وەک منداڵی نەستەلەخۆر تەمبەڵانە چاوەڕێیە هەموو شتێکی بۆ ئامادە بکرێت، پاک بکرێت و بخرێتە دەمیەوە. بەڵام ئەدەبیاتی ڕاستەقینە خواردنێکی ئامادەکراو نییە، بەڵکو گەشتێکی پڕ سەرکێشییە کە خوێنەر و نووسەر پێکەوە دەیکەن.
فەلسەفەی ڕەخنەییی سەدەی بیستەم بە شێوەیەکی بنەڕەتی ئەم چەمکەی چەسپاند. ڕەخنەگری فەڕەنسی، ڕۆلان بارت لە وتارە بەناوبانگەکەیدا “مەرگی نووسەر” ڕای گەیاند کە بەخشینی یەک مانای دیاریکراو بە دەقێک لە ڕێگەی مەبەستی نووسەرەکەیەوە، سنووردارکردنی دەقەکەیە.[1] [2] بارت پێی وایە “دەق بریتییە لە شانەیەک لە وەرگیراوەکان کە لە هەزاران سەنتەری کولتوورەوە سەرچاوە دەگرن” و یەکێتیی دەق لە سەرچاوەکەیدا (لە نووسەردا) نییە، بەڵکو لە مەبەستەکەیدایە (لە خوێنەردایە).[3] ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە خوێنەر لە پرۆسەی خوێندنەوەدا دەبێتە بەرهەمهێنەری مانا، نەک تەنیا بەکاربەرێکی ناچالاک و مرێنەر. هەر خوێندنەوەیەک دەتوانێت مانایەکی نوێ بە دەق ببەخشێت و ئەمەیش ڕەهایەتیی ئەدەبیات مسۆگەر دەکات.
هاوکات، فەیلەسووف و ڕۆماننووسی ئیتاڵی، ئومبێرتۆ ئێکۆ، چەمکی “کاری کراوە” (Open Work)ی هێنایە ئاراوە. بە بڕوای ئێکۆ، زۆرێک لە بەرهەمە هونەرییە مۆدێرنەکان بە ئانقەست ناتەواو یان فرەمانا بە جێ دەهێڵرێن تا وەرگر (خوێنەر یان بینەر) بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداری لە تەواوکردن و لێکدانەوەیدا بکات. بەرهەمە “کراوەکان” وەک کێڵگەیەکی پڕ لە پەیوەندی چاوەڕوانی وەرگر دەکەن تا بە شێوازی خۆی ڕێکیان بخات، لە بەرانبەردا بەرهەمە “داخراوەکان” (کە دەکرێت بە ئەدەبیاتی لەقوتوونراو ناوی ببەین) هەوڵ دەدەن خوێنەر بەڕێڕەوێکی دیاریکراودا بەرن و تەنیا یەک لێکدانەوەی دیاریکراوی بەسەردا بسەپێنن.
ئەم ئازادییە ڕەهایە لە ڕۆمانی مۆدێرن و پۆستمۆدێرندا گەیشتە لووتکە. بزووتنەوەی پۆستمۆدێرنیزم لە بنەڕەتدا ڕەتکردنەوەی “گێڕانەوە گەورەکان” (grand narratives) بوو؛ واتە ڕەتکردنەوەی هەر بیرۆکەیەکی گشتگیر و مسۆگەر کە هەوڵ بدات جیهان و مرۆڤ لە چوارچێوەیەکی داخراودا پێناسە بکات. ئەدەبیاتی پۆستمۆدێرن گومان لە ڕاستییە ڕەهاکان دەکات و فرەیی و جیاوازی پیرۆز دەکات.
ڕۆمانی “ئولیس” (Ulysses)ـی جەیمس جۆیس بە یەکێک لە شاکارە هەرە مەزنەکانی ئەدەبیاتی مۆدێرن دادەنرێت کە تێیدا هەموو یاسا و ڕێسایەکی باوی گێڕانەوەی تێک شکاندووە. جۆیس بە بەکارهێنانی تەکنیکی “تەوژمی هۆش” (Stream of Consciousness) ڕاستەوخۆ خوێنەر دەخاتە ناو ئاڵۆزی و پچڕپچڕی و لێشاوی بیرکردنەوەی کارەکتەرەکانەوە، بێ ئەوەی هیچ گێڕەرەوەیەکی دانای هەمووشتزان هەوڵ بدات ڕووداوەکان بە شێوەیەکی لۆگیکی و ڕێکوپێک بگێڕێتەوە.[4] [5] لەم ڕۆمانەدا ڕستەکان درێژ و ناتەواون، ڕووداوەکان بەبێ ڕیزبەندیی کاتی دەردەکەون و زمان خۆی دەبێتە بابەتی سەرەکی. جۆیس بەم کارەی سەلماندی کە ڕۆمان دەتوانێت لاساییکردنەوەی ئاڵۆزیی خودی ژیان بێت، نەک تەنیا گێڕانەوەیەکی ڕێکوپێکی ژیان.
ڤێرجینیا وۆڵف هاوشانی جۆیس بە یەکێک لە پێشەنگەکانی بەکارهێنانی تەکنیکی تەوژمی هۆش دادەنرێت.[6] [7] لە ڕۆمانەکانی وەک “خاتوو دالۆوەی” (Mrs Dalloway) و “بەرەو منارە دەریایییەکە” (To the Lighthouse)، وۆڵف لە گێڕانەوەی ڕووداوە دەرەکییەکان دوور دەکەوێتەوە و تیشک دەخاتە سەر جیهانی ناوەوەی کارەکتەرەکانی.[8] لای ئەو ڕاستەقینەییی ژیان لە ڕووداوە گەورەکاندا نییە، بەڵکو لەو هەست و بیرکردنەوە و یادەوەرییە ورد و پچڕپچڕانەدایە کە لە یەک چرکەدا بە مێشکی مرۆڤدا دێن. ئەو بە ڕەتکردنەوەی پێکهاتەی باوی ڕۆمان توانیی قووڵایییەکی دەروونیی وا بە کارەکتەرەکانی ببەخشێت کە پێشتر لە ئەدەبدا وێنەی کەم بوو.
ڕۆماننووسی ئەمریکایی، ویلیام فۆکنەر، لە شاکارەکەیدا “هەرا و تووڕەیی” چیرۆکێک لە ڕوانگەی چوار کارەکتەری جیاوازەوە دەگێڕێتەوە کە یەکێکیان کەمئەندامە و تێگەیشتنی لە کات و ڕووداوەکان بە تەواوی شێواوە. فۆکنەر بەم کارە یەکێتیی دەنگی گێڕەرەوەی تاک و هەمووشتزانی تێک شکاند و سەلماندی کە “ڕاستی” شتێکی ڕێژەیییە و لە ڕوانگەی جیاوازەوە بە شێوەی جیاواز دەبینرێت. خوێنەری ئەم ڕۆمانە ناچارە خۆی پارچەکانی ئەم مەتەڵە ئاڵۆزە کۆ بکاتەوە و هەوڵ بدات ڕاستییەکی فرەڕەهەند تێ بگات.
ڕۆماننووسی ئەرجەنتینی، خولیو کۆرتاسار، لە ڕۆمانی “یاریی خەتخەتێن” (Hopscotch)دا بە شێوەیەکی بناژۆخوازانە ئازادی دەبەخشێتە خوێنەر. ڕۆمانەکە دوو شێوازی خوێندنەوەی پێشنیار کردووە: یەکێکیان بەپێی ڕیزبەندیی ئاساییی بەشەکان و، ئەوی تریان بەپێی خشتەیەکی ئاڵۆز کە خوێنەر لە بەشێکەوە باز دەدات بۆ بەشێکی تر. کۆرتاسار بە مەبەستەوە دەڵێت کە ڕۆمان دەتوانێت یارییەک بێت و خوێنەریش یاریزانێک کە بە هەڵبژاردنەکانی خۆی ئەزموونێکی خوێندنەوەی تایبەت بە خۆی دروست دەکات.
لە ئەدەبیاتی عەرەبیدا ئەدۆنیس بە یەکێک لە گرنگترین ئەو شاعیرانە دادەنرێت کە دژی قاڵبە باوەکانی شیعری عەرەبی وەستایەوە.[9] ئەو لە ڕێگەی “شیعری پەخشان” (قصيدة النثر)ەوە کێش و سەروای بە تەواوی ڕەت کردەوە و بانگەشەی بۆ زمانێکی شیعریی ئازاد دەکرد کە لە خودی زمان و وێنە و ڕیتمی ناوەکییەوە سەرچاوە بگرێت، نەک لە یاسا دەرەکییەکان.[10] ڕەخنەگری بەناوبانگ خالیدە سەعید کە هاوسەری ئەدۆنیس بوو، ڕۆڵێکی گەورەی لە بەتیۆریکردن و بەرگریکردن لەم بزووتنەوەیەدا هەبوو و بە یەکێک لە نموونە بەرجەستەکانی ڕەخنەی نوێی عەرەبی دادەنرێت. ئەو پێی وا بوو ئەدەب تەنیا ڕەنگدانەوەی کەتوار (واقیع) نییە، بەڵکو داهێنان و هەڵکشانە بەرەو کەتوارێکی بەدینەهاتوو و، نوێگەرایی ئاسۆیەکی کراوەیە بەبێ هیچ کۆتایییەک.

شاعیری ئەمریکایی ئی. ئی. کەمینگز (E. E. Cummings) بە شێوەیەکی توندڕەوانە یاری بە یاساکانی ڕێزمان و خاڵبەندی و تەنانەت شێوازی نووسینی پیتەکانیشەوە دەکرد. ئەو پیتی گەورەی بە کار نەدەهێنا (تەنانەت بۆ ناوی خۆیشی)، وشەکانی لێک دادەبڕی یان پێکەوەی دەلکاندن و، خاڵبەندیی بە شێوەیەک بە کار دەهێنا کە ڕیتم و وێنەی بینراوی نوێی دروست دەکرد. کەمینگز سەلماندی کە شێوازی نووسین (typography) دەتوانێت ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لە مانا و جوانیی شیعر و هیچ یاسایەکی ڕێزمانی پیرۆز نییە کە نەتوانرێت لە پێناو داهێنانی هونەریدا تێک بشکێنرێت.[11]
ئەو نووسەرانەی بڕوایان بە ئەدەبیاتی لەقاڵبدراو و لەقوتوونراو هەیە، ئەوەی ڕاستی بێت لە داهێنان و بەرپرسیارێتی دەترسن. ئەوان پەنا بۆ قاڵبی ئامادەکراو دەبەن، چونکە ئاسانترە و دەستەبەری وەرگرتنێکی بێکێشە دەکات لە لایەن ئەو خوێنەرانەی کە بڕستی بیرکردنەوە و شیکردنەوەیان نییە. بەڵام نووسەری ڕاستەقینە، وەک میلان کوندێرا دەڵێت، بە دوای “داناییی نادڵنیایی” (the wisdom of uncertainty)دا دەگەڕێت. بە بڕوای کوندێرا ڕۆمان ئەو خاکەیە کە تێیدا هیچ کەس خاوەنی ڕاستی نییە، بەڵکو هەمووان مافی ئەوەیان هەیە لێیان تێبگەیت. ڕۆمانێک کە پارچەیەکی نەزانراوی بوون ئاشکرا نەکات، بەرهەمێکی نائەخلاقییە. ئەمە بە تەواوی پێچەوانەی ئەدەبیاتی لەقاڵبدراوە کە هەمیشە هەوڵ دەدات وەڵامی ئامادە و ڕاستیی ڕەها پێشکەش بکات.[12]
ئەدەبیاتی ڕاستەقینە خوێنەری چالاک و بیرکەرەوە دروست دەکات. تیۆرییەکانی وەرگرتن، وەک ئەوەی وۆڵفگانگ ئایزەر باسی دەکات، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دەقی ئەدەبی پڕە لە “کەلێن” (gaps) کە خوێنەر دەبێت بە خەیاڵی خۆی پڕیان بکاتەوە. کاتێک دەقێک هەموو شتێک بە ڕوونی و ئاشکرایی دەڵێت و هیچ کەلێنێک بۆ لێکدانەوەی خوێنەر ناهێڵێتەوە، ئەوا ڕەوتی خوێندنەوە دەبێتە ڕەوتێکی میکانیکی و بێزارکەر. خوێنەری ئەدەبیاتی لەقاڵبدراو و لەقوتوونراو ئەو کەسەیە کە فێرکراوە چاوەڕێی هەموو شتێک بکات و خۆی هیچ هەوڵێک نەدات.[13]
لە کۆتاییدا دەبێت جەخت لەوە بکرێتەوە کە ڕەتکردنەوەی قاڵب بە واتای پشتگوێخستنی تەکنیک و هونەری نووسین نییە. بە پێچەوانەوە، نووسەرە هەرە مەزنەکان ئەوانەن کە بە تەواوی شارەزای یاسا و ڕێساکانن، بەڵام بە ئاگایییەوە و لە پێناو گەیشتن بە ئامانجێکی هونەریی بەرزتردا ئەو یاسایانە تێک دەشکێنن. هونەرمەندی دیزاینەر، جۆرج لۆیس، لە کتێبی ” ئامۆژگاریی زۆر باش (بۆ خەڵکی بەهرەدار!)” (Damn Good Advice (For People with Talent!))دا دەڵێت: “دەتوانی وریا بی یان دەتوانی داهێنەر بی، بەڵام شتێک نییە بە ناوی داهێنەری وریاوە.” ئەدەبیات گۆڕەپانی سەرکێشی و داهێنانە، نەک پاتەوپاتکردنەوەی قاڵبە سواوەکان.
ئەدەبیاتی لەقوتوونراو لە قوتووی هیچ عەتارێکدا جێی نەبووەتەوە و جێی نابێتەوە، چونکە گیانی ئەدەب لە ئازادیی ڕەهادایە؛ ئازادییەک کە نە سنوور دەناسێت و نە ملکەچی هیچ قاڵبێک دەبێت. هەر نووسەرێک کە ئەم ڕاستییە لە بەرچاو نەگرێت، لە باشترین دۆخدا دەبێتە پیشەسازێکی لێهاتوو، بەڵام هەرگیز نابێتە هونەرمەندێکی داهێنەر.
٢
ئازادیی ستایل… لە مۆسیقای ڕستەوە بۆ جادووی وەسف
لە درێژەی باسی ئەدەبیاتی لەقاڵبدراو و لەقوتوونراودا دەگەینە یەکێک لە هەستیارترین و لە هەمان کاتدا ئازادترین ڕەهەندەکانی نووسین: ستایل. ستایل ئەو پەنجەمۆرە تایبەتەیە کە نووسەر لە دەقەکەی خۆی دەدات و جیای دەکاتەوە. ئەم پەنجەمۆرە لە وردترین توخمەکانی نووسیندا دەردەکەوێت، لە درێژی و کورتیی ڕستەکانەوە بگرە تا دەگاتە چڕی و تەنکیی وەسف و وردەکارییەکان. هیچ یاسا و ڕێسایەکی پیرۆز و نەگۆڕ نییە کە بە نووسەر بڵێت “دەبێت ئا وا بنووسیت”. ڕۆماننووس، چیرۆکنووس و شاعیر لەم گۆڕەپانەدا فەرمانڕەوای ڕەهان و بە گوێرەی پێویستیی دەق و گوڕاح (میزاج)ـی هونەریی خۆیان بڕیار لەسەر شێوازی داڕشتن دەدەن.
یەکێک لە دیارترین جیاوازییە ستایلییەکان لە درێژی و پێکهاتەی ڕستەدایە. هیچ قاڵبێکی ئامادەکراو نییە بڵێت ڕستەی باش درێژە یان کورت. دوو نووسەری گەورەی سەدەی بیستەم کە لە دوو جەمسەری تەواو پێچەوانەی یەکەوە وەستاون، باشترین بەڵگەن بۆ ئەم ڕەهایەتییە.
ڕۆماننووسی فەڕەنسایی، مارسێل پروست، بە نووسینی هەندێک لە درێژترین و ئاڵۆزترین ڕستەکانی مێژووی ئەدەبیات ناسراوە. لە شاکارەکەیدا “گەڕان بە دوای کاتی لەدەستچوودا”، ڕستەکانی پروست هەندێک جار چەندین لاپەڕە درێژ دەبنەوە. درێژترین ڕستەی لەم ڕۆمانەدا نزیکەی ٩٥٨ وشەیە. بەڵام ئەمە لە خۆڕا نییە؛ پروست ئەم ستایلە بە کار دەهێنێت بۆ ئەوەی لاساییی جووڵەی یادەوەری و تەوژمی هۆش بکاتەوە. ڕستە درێژ و لێکئاڵاوەکانی کە پڕن لە ڕستەی نێوانە و گەڕانەوە بۆ دواوە، ڕێک وەک شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤ کار دەکەن کە لە بیرەوەرییەکەوە باز دەدات بۆ دانەیەکی تر و لە هەستێکەوە دەچێتە ناو هەستێکی ترەوە. لای پروست ڕستە تەنیا ئامڕازێک نییە بۆ گەیاندنی زانیاری، بەڵکو خۆی دەبێتە ئەزموونێکی دەروونی کە خوێنەر تێیدا نوقم دەبێت.[14]
لەسەر جەمسەری بەرانبەر، ڕۆماننووسی ئەمریکایی، ئێرنست هێمینگوای، بە ستایلی مینیمالیستی و ڕستەی کورت و ڕاشکاو ناسراوە. هێمینگوای کە کاری ڕۆژنامەوانیی کردبوو، بڕوای بە ڕوونی و پوختی هەبوو. ئەو لە وشەی زیادە و ڕازاندنەوەی بریقەدار دوور دەکەوتەوە و دەیویست بە کەمترین وشە، زۆرترین مانا بگەیەنێت. ستایلە بەناوبانگەکەی کە بە “تیۆریی شاخە سەهۆڵەکە” (Iceberg Theory) ناسراوە، لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراوە: تەنیا بەشێکی بچووکی ڕاستییەکان لەسەر ڕووی دەق دەردەکەون و بەشە هەرە گەورەکەی لەژێر ئاودا بۆ تێگەیشتن و هەستی خوێنەر بە جێ دەهێڵرێت. ڕستە کورت و گورزلێدەرەکانی هێمینگوای ڕیتمێکی خێرا و گرژیی دراماتیک دروست دەکەن. ئەو دەیگوت: “یەک ڕستەی ڕاست بنووسە. ڕاستترین ڕستەیەک کە دەیزانیت.” ئەمە نیشانەی پابەندبوونی ئەو بوو بە سادەیی و ڕاستگۆیی لە نووسیندا.[15]
لێرەدا دەبینین کە هیچ ستایلێک لەوی تریان “باشتر” نییە. هەردووکیان لە خزمەت ئامانجێکی هونەریی جیاوازدان. پروست دەیەوێت خوێنەر لە قووڵاییی دەروونی کارەکتەرەکانیدا نوقم بکات، لە کاتێکدا هێمینگوای دەیەوێت ڕووداو و هەستەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و کاریگەر بخاتە ڕوو. نووسەر ئازادە کام ڕێگایە هەڵدەبژێرێت.

وەسفکردنی ژینگە، شوێن، کارەکتەر و شتەکان، یەکێکی ترە لەو گۆڕەپانانەی کە ئازادیی نووسەر تێیدا بێسنوورە. ئایا دەبێت وەسف چەندە ورد و درێژ بێت؟ ئایا دەبێت هەمیشە کەتوارەکی بێت؟ لێرەیشدا ئەدەبیاتی جیهانی نموونەی زۆر جیاوازمان پێشکەش دەکات.
ڕۆماننووسی میسری و براوەی خەڵاتی نۆبڵ، نەجیب مەحفووز مامۆستای وەسفکردنی ورد و کەتوارەکییە. زۆربەی کارەکانی ئەو لە کۆڵانە تەسک و قەرەباڵغەکانی قاهیرەدا ڕوو دەدەن. مەحفووز بە شێوەیەکی ئەوەندە ورد و زیندوو وەسفی ژیانی ڕۆژانە، بینا کۆنەکان، بۆنی قاوە و خواردنەکان و دەنگەدەنگی بازاڕ دەکات کە خوێنەر هەست دەکات خۆی لەوێیە. لای ئەو شوێن تەنیا باکگراوندێکی جوگرافی نییە، بەڵکو کارەکتەرێکی زیندووە و ڕۆڵێکی سەرەکی لە داڕشتنی چارەنووسی مرۆڤەکاندا دەگێڕێت. مەحفووز لە ڕێگەی ئەم وەسفە وردەوە کۆمەڵگەیەکی بچووککراوە (مایکرۆکۆزم) – کە قاهیرەیە – دروست دەکات کە ڕەنگدانەوەی هەموو جیهانە.[16]
لە بەرانبەر کەتوارەکیی وردی مەحفووزدا نووسەری کۆڵۆمبی و براوەی خەڵاتی نۆبڵ، گابریێل گارسییا مارکێز دەرگای بە ڕووی “ڕیالیزمی جادوویی”دا کردەوە. لە ڕۆمانی “سەد ساڵ تەنیایی” و کارەکانی تریدا شتە نامۆ و ئەفسانەیی و خەیاڵییەکان بە شێوەیەک دەگێڕێتەوە و وەسفیان دەکات کە وەک بەشێکی ئاسایی و ڕۆژانەی ژیان دەربکەون. کچێک کە بە هەوادا دەفڕێت، پیاوێک کە پەپوولەی زەرد بە دوایەوەن، یان بارانێکی چەندین ساڵە، هەمووی بە زمانێکی سادە و ڕاپۆرتئاسا دەگێڕدرێنەوە. مارکێز خۆی دەڵێت: “یەک دێڕیش لە هەموو کارەکانمدا نییە کە بنەمایەکی لە کەتواردا نەبێت.” ئەو بە تێکەڵکردنی کەتوار و خەیاڵ ڕەهەندێکی ئەفسانەیی بە ژیانی ئەمریکای لاتین دەبەخشێت و ڕەخنە لە مێژوو و سیاسەتی ناوچەکە دەگرێت.[17]
نووسەری بەریتانی، ڤێرجینیا وۆڵف ڕوو لە جیهانێکی تر دەکات: جیهانی ناوەوەی کارەکتەرەکان. وەسف لە کنە وۆڵف لە ڕێگەی تەکنیکی “تەوژمی هۆش”ـەوە وەسفی دەرەوە نییە، بەڵکو وەسفی هەست و بیر و یادەوەرییەکانە. لە ڕۆمانی “خاتوو دالۆوەی”دا خوێنەر پتر لەوەی شەقامەکانی لەندەن ببینێت، شەپۆلی بیرکردنەوە و هەستەکانی کارەکتەرەکان دەبینێت کە چۆن لە بینینی شتێکی سادەوە، بیرەوەرییەکی کۆن یان ترسێکی قووڵی دێتەوە یاد. ئەمە نیشان دەدات کە “وەسف” دەتوانێت بە تەواوی بابەتی (subjective) بێت و لە ڕوانگەی تاکەکەسەوە جیهان وێنا بکات.[18]
ئەم ئازادییە لە شیعردا دەگاتە لووتکە. ئەدۆنیس بڕوای وایە شیعر دەبێت تۆڕێک بێت نەک پەتێکی ڕێکی بیرکردنەوە؛ بۆیە هەوڵی تێکشکاندنی هێڵی ڕێکی دەقی شیعری داوە. لە ئەدەبیاتی فارسیدا ڕەخنەگری گەورە عەبدولحوسێن زەرینکووب لە کتێبە گرنگەکەیدا “ڕەخنەی ئەدەبی”، بە قووڵی شیکاریی ستایل و فۆرمە جیاوازەکانی ئەدەبیاتی فارسیی کردووە و بەمەیش دان بە فرەچەشنی و ئازادیی نووسەراندا دەنێت لە هەڵبژاردنی شێوازی دەربڕیندا.[19]
زۆرێک لە نووسەرە گەورەکان خۆیان دانیان بەوەدا ناوە کە هیچ یاسایەکی مسۆگەر بۆ نووسین لە ئارادا نییە. نیڵ گەیمەن دەڵێت: “یاسای سەرەکیی نووسین ئەوەیە کە ئەگەر بە متمانە و دڵنیاییەکی تەواوەوە بنووسیت، ڕێگەت پێ دەدرێت هەر شتێک بکەیت کە دەتەوێت. دڵنیانیم هیچ یاسایەکی تر هەبێت کە گرنگ بێت.”[20] ئێدواردۆ گالیانۆ، نووسەری ئۆرۆگوایی، دەڵێت “زانست بە پێوانەکردن پێش دەکەوێت، هونەر بە پێوانەنەکردن.”[21] ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە ئەدەب ناکرێت بخرێتە چوارچێوەی یاسای ڕەقەوە. خۆرخێ لویس بۆرخێس، نووسەری ئەرجەنتینی، کە بە وردی و پوختیی ستایلەکەی ناسراوە، بە گاڵتەجاڕییەوە لیستێکی لە ١٦ “قەدەغەکاری” بۆ نووسینی چیرۆک دانا کە لە ڕاستیدا ڕەخنەگرتن بوو لە خودی بیرۆکەی یاسادانان بۆ ئەدەبیات. بۆرخێس پێی وا بوو هەر نووسەرێک پێشینەکانی خۆی دروست دەکات؛ واتە کاری نووسەر تێگەیشتنی ئێمە لە ڕابردوو دەگۆڕێت، ئەمەیش بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەی کە ئەدەبیات ڕەوتێکی کراوە و بزێوە، نەک کۆمەڵێک یاسای نەگۆڕ.[22]
دواجار دەگەینەوە هەمان ئەو ڕاستییەی کە لە سەرەتاوە باسمان کرد: ئەدەبیات ڕەهایە. هیچ یاسایەک نییە بۆ درێژیی ڕستە و هیچ قاڵبێک نییە بۆ چۆنیەتیی وەسف. نووسەر ئازادە ڕستەی درێژی مارسیل پروستانە بە کار بهێنێت یان کورتییەکەی هێمینگوای؛ دەتوانێت وەک نەجیب مەحفووز وردترین وردەکاریی کەتوار وێنا بکات یان وەک مارکێز جادوو بکات بە کەتوار. تاکە یاسای ڕاستەقینە یاسای ناوەکیی خودی دەقەکەیە؛ ئەو پێویستییە هونەرییەیە کە وا لە نووسەر دەکات ستایلێک هەڵبژێرێت کە بە باشترین شێوە خزمەت بە گێڕانەوە و بینینە تایبەتەکەی بکات. هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی یاسای دەرەکی هەوڵێکە بۆ خەساندنی داهێنان و بەرهەمهێنانی “ئەدەبیاتی لەقوتوونراو”.
٣
یاخیبوونی نووکەقەڵەم: تێکشکاندنی یاساکانی شێواز
ئەدەبیاتی ڕاستەقینە لە بنەڕەتدا کردەیەکی یاخیبوونە؛ یاخیبوون لە چاوەڕوانی، لە باو و، لە هەموو ئەو قاڵب و ڕێسا ڕەقانەی کە هەوڵ دەدەن باڵی خەیاڵ ببەستنەوە. یەکێک لە دیارترین گۆڕەپانەکانی ئەم یاخیبوونە شێوازی نووسینە. نووسەرە مەزنەکان نەک هەر پابەندی یاساکانی خاڵبەندی و ڕێنوێنییەکانی داڕشتنی ڕستە و وەسف نابن، بەڵکو بە ئانقەست دەیانشکێنن تا کاریگەریی هونەریی نوێ و قووڵتر بئافرێنن. لەم گەشتەدا بەناو کارەکانی کۆمەڵێک نووسەری یاخیی جیهاندا دەڕۆین، لە ڕۆمانیای هێرتا مویلەرەوە تا دەگاتە ژاپۆنی کێنزابورۆ ئۆی، بۆ ئەوەی ببینین چۆن تێکشکاندنی “یاسا” دەبێتە خودی “هونەر”.
خاڵبەندی وەک پۆلیسی هاتووچۆی ناو دەق بۆ ڕێکخستنی جووڵەی مانا و دابینکردنی وەستانی پێویست دانراوە. بەڵام چی دەبێت ئەگەر نووسەرێک بیەوێت هەستی خنکان، پشووسواری، یان تێکەڵاوبوونی دەنگەکان بگوازێتەوە؟ لێرەدا پۆلیسەکە لەسەر کار لا دەبرێت.
هێرتا مویلەر، براوەی خەڵاتی نۆبڵ، کە لەژێر ستەمی ڕژێمی دیکتاتۆریی چاوشێسکۆدا ژیاوە، شێوازێکی نووسینی داهێناوە کە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی ئەو ژیانە پڕ لە ترس و چاودێرییەیە. مویلەر زۆر جار خاڵبەندی، بە تایبەت “فاریزە” (،)، بە کار ناهێنێت. ڕستەکانی درێژ، هەناسەبڕ و، لێکئاڵاون و وشەکان وەک لێشاوێک بە دوای یەکدا دێن، بەبێ ئەوەی خوێنەر دەرفەتی هەناسەیەکی ئاسوودەییی هەبێت. ئەمە لە خۆڕا نییە؛ ئەم شێوازە هەستی خنکان و فشار و ئەو دۆخە دەروونییە دەگوازێتەوە کە مرۆڤ تێیدا هەست دەکات ناتوانێت بوەستێت، چونکە وەستان مەترسیدارە. لە ڕۆمانی “دڵئاژەڵ”دا ئەم تەکنیکە دەگاتە لووتکە و خوێنەر هەست دەکات لەگەڵ کارەکتەرەکاندا لە هەڵاتندایە، تەنانەت ئەگەر لە ڕووی جەستەیییەوە جووڵەیش نەکەن. مویلەر بە لابردنی خاڵبەندی زمان دەکاتە ئاوێنەی دۆخی سیاسی و دەروونیی کارەکتەرەکانی.[23]
براوەیەکی تری نۆبڵ، خۆزێ ساراماگۆ، بە شێوازێکی تەواو جیاواز یاساکانی خاڵبەندی دەشکێنێت. لە ڕۆمانی “کوێری”دا نیشانەی پرسیار (؟)، نیشانەی سەرسوڕمان (!) و، نیشانەی گوتەی ڕاستەوخۆ (” “) بە کار ناهێنێت. گفتوگۆی نێوان کارەکتەرەکان بەبێ هیچ جیاکەرەوەیەک لەناو پەرەگرافە درێژەکاندا تێکەڵ دەکرێن و تەنیا بە پیتی گەورە لە سەرەتای قسەکەدا و دانانی فاریزەیەک لێک جیا دەکرێنەوە. ئەم کارە وا دەکات سنووری نێوان دەنگی گێڕەرەوە و دەنگی کارەکتەرەکان، یان تەنانەت دەنگی کارەکتەرە جیاوازەکان، لێڵ بێت. بەمە ساراماگۆ دەیەوێت هەستی گشتیبوون و تێکەڵاوبوونی چارەنووسەکان نیشان بدات؛ وەک ئەوەی هەمووان یەک چیرۆکی بەکۆمەڵ بگێڕنەوە کە لە کارەساتێکی گشتیدا وەک “کوێری” زۆر گونجاوە.[24]
کێنزابورۆ ئۆی، ڕۆماننووسی ژاپۆنی و براوەی نۆبڵ بە پێچەوانەی شێوازی باوی ئەدەبی ژاپۆنی کە بە کورتی و پوختی ناسراوە، ڕستەی زۆر درێژ و ئاڵۆز بە کار دەهێنێت کە هەندێک جار بە “ڕستەی ئەڵمانی” ناو دەبرێن. ئۆی کە کاریگەریی فەلسەفەی ئەورووپاییی لەسەرە، ئەم شێوازە بۆ گوزارشتکردن لە ئاڵۆزیی بیرکردنەوە و ململانێ هزری و دەروونییەکانی کارەکتەرەکانی بە کار دەهێنێت کە زۆر کەڕەت لەگەڵ کێشەی بوون و ناسنامە و بەرپرسیارێتیدا دەجەنگن.[25] ڕەخنەگری ئێرانی ڕەزا بەراهەنی لە کتێبی “چیرۆکنووسی” (قصه نویسی)دا (١٩٨٩)، کاتێک باس لە کاریگەریی ئەدەبیاتی جیهانی لەسەر نووسەرانی ئاسیا دەکات، ئاماژە بە نووسەرانی وەک ئۆی دەکات کە چۆن بە ئانقەست زمانێکی ئاڵۆز و فەلسەفی بە کار دەهێنن بۆ گوزارشتکردن لە نامۆبوونی مرۆڤی مۆدێرن کە ئەمەیش پێچەوانەی شێوازی سادە و کلاسیکییە.
کۆرماک مەکارسیی ڕۆماننووسی ئەمریکایی بە شێوازە زۆر مینیمالیستییەکەی لە خاڵبەندیدا ناسراوە. ئەو نیشانەی گوتەی ڕاستەوخۆ بە کار ناهێنێت و زۆر جار فاریزەیش فەرامۆش دەکات. ئەمە وا دەکات نووسینەکەی هەستێکی کتێبە پیرۆزەکان یان داستانە کۆنەکانی هەبێت؛ زمانێکی پوخت، ڕەق و، بەبێ کات. مکارسی باوەڕی وایە پێویست ناکات “پەڕەکە بەم نیشانە بچکۆلە سەیرانەوە ناشرین بکرێت” و هەر بۆیە نیشانەی گوتەی ڕاستەوخۆ بە کار ناهێنێت.[26]
یاسایەکی باو هەیە کە دەڵێت “ڕستەی کورت بۆ ئەکشن و ڕستەی درێژ بۆ وەسف باشە”. بەڵام نووسەرە گەورەکان ئەم یاسایە وەک گاڵتەجاڕییەک دەبینن و دەزانن کە شێواز تەنیا جوانکاری نییە، بەڵکو ئامڕازێکە بۆ گواستنەوەی ئەزموونێکی دەروونیی دیاریکراو.
یاسایەکی باو هەیە کە دەڵێت “ڕستەی کورت بۆ ئەکشن و ڕستەی درێژ بۆ وەسف باشە”. بەڵام نووسەرە گەورەکان ئەم یاسایە وەک گاڵتەجاڕییەک دەبینن و دەزانن کە شێواز تەنیا جوانکاری نییە، بەڵکو ئامڕازێکە بۆ گواستنەوەی ئەزموونێکی دەروونیی دیاریکراو. بۆیە ئەوان “یاسا باوەکان” وەک خاڵی دەستپێک دەبینن، نەک وەک کۆتاییی ڕێگاکە و، بە ئازادییەکی تەواوەوە یارییان پێ دەکەن.[27]
تۆلستۆی لە شاکارە گەورەکەیدا، “جەنگ و ئاشتی”، بە وردترین شێوە وەسفی دیمەنی جەنگ، ئاهەنگەکانی سەما و، دۆخی دەروونیی کارەکتەرەکانی دەکات. وەسفەکانی ئەوەندە درێژ و تێر و تەسەلن کە خوێنەر بە تەواوی لەناو دیمەنەکەدا نوقم دەبێت. تۆلستۆی بڕوای بەوە بوو کە بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤ و مێژوو دەبێت هەموو وردەکارییەکان بخرێنە ڕوو.[28]

لە بەرانبەر تۆلستۆیدا یاسوناری کاواباتای براوەی نۆبڵ شێوازێکی زۆر پوخت و شاعیرانەی هەیە کە نزیکە لە ڕۆحی شیعری هایکووەوە. ئەو بە چەند ڕستەیەکی کورت و ئاماژەیەکی بچووک دۆخێکی دەروونیی قووڵ یان دیمەنێکی پڕ لە جوانی دەئافرێنێت. کاواباتا زۆر شت ناڵێت و بۆشاییی زۆر بۆ خەیاڵی خوێنەر بە جێ دەهێڵێت تا خۆی پڕی بکاتەوە. ئەمە بنەمای جوانیناسیی ژاپۆنی “یوجین” (yūgen)ـە کە بریتییە لە جوانیی شاراوە و قووڵ.[29]
ئۆرهان پاموک کە ئەمیش براوەیەی خەڵاتی نۆبڵە و خەڵكی تورکیایە، مامۆستای تێکەڵکردنی ڕستەی درێژی لێکئاڵاو و ڕستەی کورتی بڕندەیە. لە ڕۆمانی “من ناوم سوورە”دا فرەدەنگی بە کار دەهێنێت و تەنانەت شتە بێگیانەکانیش دەبنە گێڕەرەوە. پاموک دەیسەلمێنێت کە نووسەری لێهاتوو بە گوێرەی پێویستیی دەق، ئاوازی ڕستەکانی دەگۆڕێت.[30]
مەحموود دەوڵەتئابادی لە شاکارە ١٠ بەرگیی “کەلیدەر”دا نەک هەر ژیانی خێڵەکی و گوندنشینانی خۆراسان دەگێڕێتەوە، بەڵکو بە شێوازێکی زمانەوانیی ناوازە جیهانێک دەئافرێنێت کە لە ئەدەبیاتی فارسیدا وێنەی کەم بووە. تایبەتمەندیی سەرەکیی شێوازەکەی بریتییە لە بەکارهێنانی ڕستەی زۆر درێژ، هەناسەبڕ و، لێکئاڵاو و بەناویەکداچوو کە هەندێک جار چەندین دێڕ و نیوە-لاپەڕەیەک دەگرنەوە. ئەم ڕستانە تەنیا بۆ درێژکردنەوە نین؛ بەڵکو ئامڕازێکن بۆ نوقمکردنی خوێنەر لەناو کات و شوێنێکی دیاریکراودا. دەوڵەتئابادی لەناو یەک ڕستەدا، وەسفی جووڵەی کارەکتەرێک، دەنگی بای ناو گژوگیا، بۆنی نان ، وردەکاریی جلوبەرگی کەسێک و، بیرکردنەوە ناوەکییەکانی پێکەوە گرێ دەدات. وەسفەکانی بۆ سروشت، ئاژەڵەکان و، دابونەریتی خەڵک ئەوەندە ورد و زیندوون کە لە وەسف تێ دەپەڕن و دەبنە ئەزموونێکی هەستەکی. بۆ نموونە، کاتێک وەسفی دۆشینی مەڕێک دەکات، تەنیا ناڵێت “مەڕەکەی دۆشی”، بەڵکو وەسفی دەنگی بەرکەوتنی شیر بەناو سەتڵەکە، بۆنی خوریی تەڕی مەڕەکە، جووڵەی پەنجەکانی بێرییەکە و، دەنگی هەناسەکانی ئاژەڵەکە دەکات. ئەم وردبینییە وای کردووە ڕەخنەگران شێوازەکەی بە “سینەمایی” یان “بەڵگەفیلمێک” بچووێنن. ڕاستییەکەی، “کەلیدەر” تەنیا ڕۆمان نییە، بەڵکو ئینسایکلۆپیدیایەکی زیندووی ژیانی کوردەوارییە: لە شێوەزاری خەڵکەکەوە بگرە تا دەگاتە جلوبەرگ، خواردن، بیروباوەڕی ئەفسانەیی و، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. هەموو ئەمانە لە ڕێگەی ئەو پەخشانە چڕ و تێر و تەسەلەوە پێشکەش دەکرێن. جا ڕەزا بەراهەنی لە کتێبی “چیرۆکنووسین”دا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم وردبینییەی دەوڵەتئابادی زیادە نییە، بەڵکو پێویستییەکی هونەرییە بۆ دروستکردنی جیهانێکی گەورە و باوەڕپێکراو کە تێیدا وردەکارییەکان بابەتە گشتییەکان دروست دەکەن. [31]
شێوازی نووسینی مۆ یان، کە براوەی خەڵاتی نۆبڵە و بە “ڕیالیزمی ساوێرزا” (hallucinatory realism) ناسراوە، بە تەواوی لەسەر ئەزموونێکی هەستەکیی چڕ دامەزراوە.
مۆ یان مامۆستای “وردەکاریی هەستەکیی سەرووکەتوارگەرایی” (Sensory Hyperrealism)ـە. بە پێچەوانەی تۆلستۆی یان دەوڵەتئابادی کە وردەکاریی بینراو و کەتوارەکی بۆ دروستکردنی وێنەیەکی ڕوونی بەڵگەنامەیی بە کار دەهێنن، وردەکارییەکانی مۆ یان بۆ وێناکردنی کەتوار نییە، بەڵکو بۆ وێناکردنی هەست و بۆن و بەرکەوتنە بە شێوەیەکی خاو و توند. بۆ نموونە: کاتێک باسی کێڵگەیەکی هەرزن دەکات لە ڕۆمانی “سوورهەرزن” (Red Sorghum)دا، تەنیا باسی ڕەنگە سوورەکەی یان شێوەی دانەوێڵەکان ناکات؛ بەڵکو باسی بۆنی تیژی هەرزنەکه دەکات کاتێک لەگەڵ بۆنی خۆڵ و خوێن و عارەقی کرێکارەکاندا تێکەڵ دەبێت. باسی هەستی لووسبوونی گەڵاکان لەسەر پێست و، گەرمییەکی خنکێنەر دەکات کە لە زەوییەکەوە هەڵدەستێت. لە دیمەنێکی شەڕدا وردەکارییەکان بریتین لە بۆنی بارووت، دەنگی هاواری بریندارەکان و، هەستی بەرکەوتنی خوێنێکی گەرمی لینج بە دەموچاودا. خوێنەر لێرەدا جیهانەکە نابینێت، بەڵکو بۆنی دەکات، دەیچێژێت و، هەستی پێ دەکات. ئەو شێوازێکی دڕندانە و جەستەییی هەیە.
ڕستەکانی مۆ یان زۆر جار درێژن، بەڵام بۆ ئامانجێکی شێتانە! لێ درێژییەکەیان لە هیی پروست یان فۆکنەر ناچێت. لای پروست ڕستەی درێژ بۆ گەشتێکی هزریی ئارامە بەناو یادەوەریدا. لای فۆکنەر بۆ گواستنەوەی لێشاوی ئاڵۆزی هۆشیارییە. بەڵام لای مۆ یان ڕستە درێژەکان وەک لێشاوێکی شێتانە وان کە هەموو شتێک لەگەڵ خۆیاندا ڕادەماڵن. ڕستە درێژەکانی زۆر جار پڕن لە جووڵە، دەنگ و، بۆنی جیاواز کە بە خێرایی و بەبێ وەستان بە دوای یەکدا دێن. هەستێکی خێرایی و ئاژاوە و وزەیەکی سەرکێشانە دروست دەکەن، نەک هەستی تێڕامان. وەک ئەوەی گێڕەرەوەیەک بە پەلە و بە هەناسەبڕکێ و بە تامەزرۆییەکی زۆرەوە چیرۆکێک بگێڕێتەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا دەتوانێت لە پڕێکدا پەنا بۆ ڕستەی زۆر کورتی بڕندە ببات، بەتایبەت بۆ وەسفکردنی کردارێکی توندوتیژ یان گەیاندنی وێنەیەکی کاریگەر.[32]
٤
پۆلیسی ئەدەبیات: مەترسیی ڕەخنەی قاڵبساز
لەناو کێڵگەی پان و بەرینی ئەدەبیاتدا کە دەبوو گۆڕەپانی ئازادیی ڕەها و داهێنانی بێسنوور بێت، جارجار هەندێک دەنگ دەردەکەون کە خۆیان وەک “پاسەوانی ڕێسا” و “پۆلیسی زمان” دەناسێنن. ئەم بە-ناو-ڕەخنەگرانە کە دەیانەوێت هەموو دەستەکان بکەنە یەک مشت، بە چەکوشی یاسا و قاڵبی ئامادەکراوەوە دەیانەوێت هەموو دەقێکی ئەدەبی بخەنە ناو چوارچێوەیەکی دیاریکراوەوە. ئەوان ڕەخنە لە ڕستەی درێژ، پەرەگرافی ئاڵۆز، وەسفی ورد و، یاخیبوونی نووسەر لە خاڵبەندی دەگرن. لە بنەڕەتدا ئەمانە لە جەوهەری ئەدەبیات نەگەیشتوون و بەبێ ئەوەی هەست بکەن، بانگەشە بۆ ئەدەبیاتێکی کاڵوکرچ و لەقوتوونراو دەکەن؛ ئەدەبیاتێک کە گیانی لێ سەندراوەتەوە و تەنیا ئێسکەپەیکەرێکی بێجووڵەی ماوەتەوە. ئەم جۆرە ڕەخنەیە نەک هەر مافی نییە، بەڵکو ژەهرێکە کە ئەدەبیات تووشی شەلەل و زڕی دەکات.
ئەگەر ئەم ڕەخنەگرە قاڵبسازانە دەرفەتیان هەبووایە، بێ گومان دەچوونە بەردەم گەورەترین نووسەرانی مێژوو و پێیان دەگوتن: “ئێوە هەڵەن!” با بزانین وەڵامی نووسەران چی دەبوو:
پۆلیسی ئەدەبیات دێت و دەڵێت: “ڕستەکانت زۆر درێژن، خوێنەر ماندوو دەکەن و تێیان ناگات.” ئەگەر ئەم قسەیە بە مارسێل پروست بگوترایە کە درێژترین ڕستەی ڕۆمانی “گەڕان بە دوای کاتی لەدەستچوودا” نزیکەی ٩٥٨ وشەیە، پێدەکەنی. پروست بە ئانقەست ڕستەی درێژ و تێکچڕژاو بە کار دەهێنێت بۆ ئەوەی لاساییی جووڵەی یادەوەری و تەوژمی هۆش بکاتەوە. یان ئەگەر ڕووبەڕووی خۆزێ ساراماگۆ ببنەوە، کە پەرەگرافەکانی هەندێک جار چەندین لاپەڕە درێژ دەبنەوە و ڕستەکانی بەبێ وەستان بە دوای یەکدا دێن، ساراماگۆ پێیان دەڵێت کە ئەمە شێوازی ئەو نییە، بەڵکو شێوازی خودی ژیانە کە بەبێ پچڕان بەردەوامە. لای ویلیام فۆکنەر ڕستە درێژەکان ئاوێنەی ئاڵۆزیی دەروونی کارەکتەرەکانن. هەروەها لاسلۆ کراسناهۆرکای کە بە “مامۆستای هاوچەرخی کۆتاییهاتنی جیهان” ناسراوە، بۆ گوزارشتکردن لە گەشتێکی هزریی ماندووکەر ڕستەگەلێکی ماراسۆنی و بێکۆتا دەنووسێت. کراسناهۆرکای نەک هەر باسی کۆتاییهاتنی مانایی و ڕۆحیی مرۆڤ دەکات، بەڵکو شێوازە زمانەوانییەکەیشی (ڕستەی درێژی بێکۆتایی) بە شێوەیەکی بلیمەتانە وا دەکات خوێنەر خودی ئەزموونی ئەو داڕمانە هێواش و خنکێنەرە بژی. لای ئەو فۆرم و ناوەڕۆک یەکن.[33]

پۆلیسی ئەدەبیات دەڵێت: “وەسفەکانت زۆرن و خوێنەر بێزار دەکەن. ڕاستەوخۆ بڕۆ سەر باسەکە.” ئەگەر ئەمە بە لێڤ تۆلستۆی لە “جەنگ و ئاشتی”دا بگوترایە کە چەندین لاپەڕە بۆ وەسفی جلوبەرگی ئاهەنگێک یان دیمەنێکی جەنگ تەرخان دەکات، دەیگوت “ئێوە لە ڕۆحی داستانی ناگەن”. ئەگەر بە نەجیب مەحفووز بگوترایە لە “سیانەی قاهیرە”دا، کە بە وردترین شێوە کۆڵان و بازاڕ و بۆن و دەنگەکانی قاهیرە وەسف دەکات، دەیگوت “شوێن لای من تەنیا باکگراوند نییە، بەڵکو کارەکتەرێکی زیندووە”. گابریێل گارسییا مارکێز بە وەسفە ورد و خەیاڵییەکانی جیهانێکی جادوویی لە گوندی ماکۆندۆ دروست دەکات کە بەبێ ئەو وردەکارییانە هەرگیز نە دەهاتە بوون.
پۆلیسی ئەدەبیات دێت و بە هێرتا مویلەر دەڵێت: “تۆ فاریزە بە کار ناهێنیت و ڕستەکانت هەناسەبڕن.” مویلەر بەرسڤی دەداتەوە: “من دەمەوێت هەستی خنکان و هەناسەبڕکێی ژیان لەژێر دیکتاتۆرییەتدا بگوازمەوە؛ ئایا دیکتاتۆرییەت فاریزە و پشوودان دەناسێت؟” یان کاتێک بە کۆرماک مکارسی دەڵێن: “بۆچی نیشانەی گوتەی ڕاستەوخۆ بە کار ناهێنیت؟” ئەو بە سادەیی دەڵێت کە پێویست ناکات و ناشرینە.
“ڕۆماننووس دۆزەرەوەی لایەنە نەزانراوەکانی بوونە، نەک پەیڕەوکەری یاسا کۆنەکان”
ئەم جۆرە ڕەخنانە لە چەند تێنەگەیشتنێکی بنەڕەتییەوە سەرچاوە دەگرن: تێنەگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان فۆرم و ناوەڕۆک. لای نووسەری داهێنەر شێواز (فۆرم) شتێکی زیادە و ڕازێنەرەوە نییە، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاوە لە ناوەڕۆک. شێوازی هەناسەبڕکێی مویلەر خودی ناوەڕۆکی ترسە. ڕستە ئاڵۆزەکانی پروست خودی ناوەڕۆکی یادەوەرییە. بۆیە ڕەخنەگرتن لە فۆرم بەبێ تێگەیشتن لە کارکردی لەناو ناوەڕۆکدا ڕەخنەیەکی ڕووکەشی و بێمانایە. بە پیرۆزکردنی یاسای ڕێزمان لەناو ئەدەبدا جێی نابێتەوە. زمانی ئەدەبی زمانی ڕۆژانە و زمانی زانستی نییە. نووسەر مافی ئەوەی هەیە یاری بە زمان بکات، بیشێوێنێت و، لە یاساکانی لا بدات بۆ گەیشتن بە کاریگەریی هونەری. وەک میلان کوندێرا لە کتێبی “هونەری ڕۆمان”دا دەڵێت، ڕۆماننووس دۆزەرەوەی لایەنە نەزانراوەکانی بوونە، نەک پەیڕەوکەری یاسا کۆنەکان.
ئەم ڕەخنەگرانە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ داوای ئەدەبیاتێک دەکەن کە ئاسان بخوێنرێتەوە و پێویستی بە بیرکردنەوە و ماندووبوون نەبێت. ئەوان خوێنەرێکی سادە و “لەقوتوونراو”یان دەوێت کە وەک منداڵ چاوەڕێی خواردنی ئامادەکراو بکات. ئەوا خوێنەری تەمبەڵ چێ دەکەن. بەڵام ئەدەبیاتی مەزن، وەک وۆڵفگانگ ئایزەر لە “تیۆریی وەرگرتن”دا باسی دەکات، پڕە لە “بۆشایی” کە خوێنەر دەبێت بە خەیاڵی خۆی پڕیان بکاتەوە. ئەدەبیاتێک کە هەموو شتێک بە ئامادەیی بداتە دەست خوێنەر، ئەدەبیاتێکی مردووە.
کاتێک ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە زاڵ دەبێت، ئەدەبیات تووشی چەند نەخۆشییەکی کوشندە دەبێت. کوشتنی داهێنان؛ نووسەرە گەنجەکان لە ترسی ڕەخنە ناوێرن ئەزموون و تاقیکاریی نوێ بکەن. ئەوان لە بری ئەوەی بە دوای دەنگی تایبەتی خۆیاندا بگەڕێن، هەوڵ دەدەن لاساییی قاڵبە پەسەندکراوەکان بکەنەوە. ئەمەیش دەبێتە هۆی وەستان و دواکەوتنی ئەدەبیات. ئۆرهان پاموک کە هەمیشە یاری بە فۆرمی ڕۆمان دەکات، یەکێکە لەو نووسەرانەی کە ئەگەر گوێی لەم ڕەخنانە بگرتایە، هەرگیز نەیدەتوانی شاکارەکانی بئافرێنێت.
ئەگەر هەموو نووسەران پابەندی یەک کۆمەڵە یاسا بن، ئەوا هەموو بەرهەمەکان لە یەکدی دەچن و یەکڕەنگ دەبن. فرەچەشنی و فرەڕەنگی کە جوانیی سەرەکیی ئەدەبیاتی جیهانە، نامێنێت. جیاوازیی نێوان شێوازە داستانییەکەی مەحموود دەوڵەتئابادی لە “کەلیدەر”دا و شێوازە شاعیرانە و پوختەکەی یاسوناری کاواباتا لە “وڵاتی بەفر”دا ئەو سامانەیە کە ئەم ڕەخنەیە دەیەوێت لەناویان بەرێت.
ئەم بە-ناو-ڕەخنەگرانە میراتی ئەدەبی بێبایەخ دەکەن. ئەگەر ئەم یاسایانە ڕاست بن، ئەوا دەبێت زۆربەی شاکارە نەمرەکانی ئەدەبیاتی جیهان فڕێ بدەین. دەبێت بڵێین جەیمس جۆیس، فرانز کافکا، مارگریت دوراس، خولیو کۆرتاسار و، سەدانی تر هەڵە بوون. ئەمە گاڵتەجاڕییەکی گەورەیە.
٥
پۆلیسی زمانی ستاندارد – “زمانەکەت گوندییە!”
جۆرێکی تری پۆلیسی ئەدەبیات هەیە کە لەوانەی پێشووتر مەترسیدارترە، چونکە چەکوشەکەی تەنیا بەسەر شێوازەوە نییە، بەڵکو بەسەر گیان و ناسنامەی زمانەکەوەیە. ئەم پۆلیسە دێت و بە نووسەر دەڵێت: “زمانەکەت زۆر ناوچەیییە، خەڵکی شارەکانی تر تێی ناگەن،” یان “ئەمە زمانی ئەدەبیات نییە، زمانی گوند و لادێیە.” لە بنەڕەتدا ئەمە بانگەشەیە بۆ “زمانی لەقاڵبدراو”؛ زمانێکی ستانداردی سارد و سڕ کە لە هەموو ڕەنگ و بۆن و تامێکی ناوچەیی داماڵرابێت. ئەم بیرکردنەوەیە ژەهرێکە کە دەیەوێت باخچەی فرەڕەنگی زمانەکان بکاتە بیابانێکی تەخت و یەکڕەنگ. زمان بوونەوەرێکی زیندووە، لەناو خەڵک و لەسەر خاکی خۆی گەشە دەکات. سڕینەوەی شێوەزار و زمانی ناوچەیی لە ئەدەبدا وەک ئەوە وایە داوا لە نیگارکێش بکەیت تەنیا ڕەنگی خۆڵەمێشی بە کار بهێنێت. بەڵام نووسەرە هەرە مەزنەکانی جیهان نەک هەر گوێیان بەم پۆلیسانە نەداوە، بەڵکو شانازیی گەورەیان ئەوە بووە کە توانیویانە مۆسیقای تایبەتی ناوچەکەی خۆیان بگوازنەوە بۆ ئەدەبیاتی جیهانی.

هیچ نووسەرێک هێندەی ویلیام فۆکنەر خزمەتی بە زمانی ناوچەییی خۆی نەکردووە. ئەو ناوچەکەی خۆی، “یۆکناپاتۆفا کاونتی” (Yoknapatawpha County)، کە لەسەر نەخشەی ویلایەتی میسیسیپی داینابوو، تەنیا بە ڕووداوەکانی زیندوو نەکردەوە، بەڵکو بە زمانەکەیشی. کارەکتەرەکانی فۆکنەر، چ سپیپێست بن چ ڕەشپێست، چ دەوڵەمەند بن چ هەژار، هەریەکەیان بەو شێوەزارە تایبەتەی خۆیان قسە دەکەن کە پڕە لە ئیدیۆم، ڕستەی ناتەواو و، ڕیتمی تایبەتی باشووری ئەمریکا. فۆکنەر دەیزانی کە زمان تەنیا ئامڕازی گەیاندن نییە، بەڵکو ئاوێنەی مێژوو، چینی کۆمەڵایەتی و، دەروونی کارەکتەرەکانە. ئەگەر پۆلیسی زمانی ستاندارد دەسەڵاتی هەبووایە، شاکارێکی وەک “هەرا و تووڕەیی” دەبووە ڕۆمانێکی بێگیانی ستاندارد.[34]
بۆ دەیان ساڵ ئەدەبیاتی عەرەبی لەژێر هەژموونی زمانی عەرەبیی ستانداردی فوسحە (الفصحى)دا بوو کە زمانی نووسین و ڕاگەیاندن بوو. زمانی قسەکردنی ڕۆژانەی خەڵک (العامیة) بە زمانێکی “نزم” و ناشایستە بۆ ئەدەبیات دادەنرا. بەڵام نەجیب مەحفووز لە شاکارەکەیدا “سیانەی قاهیرە”، ئەم یاسایەی شکاند. گێڕانەوەکەی بە زمانی فوسحا دەنووسی، بەڵام کاتێک کارەکتەرەکانی قسەیان دەکرد، بە شێوەزاری قاهیرەیی قسەیان دەکرد. ئەمە شۆڕشێک بوو کە واقیعییەتێکی بێوێنەی بەخشییە کارەکانی و دەرگای بۆ سەدان نووسەری تر کردەوە تا زاتی ئەوەیان هەبێت بە زمانی زیندووی خەڵکی خۆیان بنووسن.[35]
ڕۆمانی “کەلیدەر”ی مەحموود دەوڵەتئابادی تەنیا چیرۆکی خێڵە کوردەکانی خۆراسان نییە، بەڵکو سروودی فەوتانی زمان و فەرهەنگی ئەو ناوچەیەیە. زمانی ڕۆمانەکە تەنیا فارسیی ستاندارد نییە؛ بەڵکو زمانێکە کە تێکەڵ بە وشە، ئیدیۆم و، پێکهاتەی ڕستەسازیی شێوەزاری خۆراسانی بووە. دەوڵەتئابادی زمانێکی نوێی لەناو زمانی فارسیدا داهێنا کە هەم داستانی بوو و هەم زۆر ناوچەیی. ئەو باوەڕی وا بوو کە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو خەڵکە دەبێت بە زمانی خۆیان بدوێت، زمانی ژیانی ڕۆژانە و سروشت و مەڕ و ماڵات و شاخەکانیان.[36]
لە ئەورووپا ئێرڤین وێڵش لە ڕۆمانی “چاودێریکردنی شەمەندەفەر” (Trainspotting)دا بە شێوەیەکی توندڕەوانە زمانی ستانداردی ئینگلیزیی فڕێ دا. ئەو ڕۆمانەکەی بە شێوەزاری خەڵکی چینی کرێکاری شاری ئێدینبرە نووسی، تەنانەت بە شێوەی فۆنەتیک (دەنگی). لە سەرەتادا خوێندنەوەی بۆ خوێنەری ئینگلیزیزمان کارێکی ئەستەم بوو، بەڵام ئەمە کردەیەکی هونەری و سیاسیی بەئانقەست بوو. وێڵش دەیویست بڵێت زمانی ئەم چینە پەراوێزخراوەیش هێندەی زمانی شاژن ئێلیزابێس شایستەی ئەدەبیاتە. ئەو بەم کارەی سەلماندی کە زمان دەتوانێت ببێتە چەکی بەرگریی فەرهەنگی.[37]
شێوازی نووسینی مۆ یان پڕە لە ژیانی لادێی ناوچەی “گۆمی” لە پارێزگای شاندۆنگ. هەرچەندە بە زمانی چینیی ستاندارد دەنووسێت، بەڵام زمانەکەی پڕە لە وشە، وەسف و، ئیدیۆمی ناوچەیی کە بۆنی خاک و گژوگیا و ژیانی گوندی لێ دێت. زمانی کارەکتەرەکانی زمانی فەیلەسووفەکانی پەکین نییە، بەڵکو زمانی خەڵکێکی سادەیە کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، زبر و، هەندێک جار زمانشڕانە بیر و هەستی خۆیان دەردەبڕن. ئەم زمانە “گوندییە” ئەو هێزە سەرەکییەیە کە وا دەکات کارەکانی مۆ یان ئەوەندە زیندوو و ڕەسەن بن.[38]
ڕەخنەگری ڕاستەقینە پۆلیس و یاسادانەر نییە، بەڵکو گەڕیدە و دۆزەرەوەیە.
ئەم نموونانە دەیسەلمێنن کە بەکارهێنانی زمانی ناوچەیی کەموكوڕی نییە، بەڵکو خاڵی بەهێزی داهێنانی ئەدەبییە. ئەو نووسەرانە جیهانین، نەک لەبەر ئەوەی بە زمانێکی ستانداردی بێناسنامە دەنووسن، بەڵکو لەبەر ئەوەی توانیویانە ناوچەییترین ئەزموونی مرۆیی بکەنە ئەزموونێکی گەردوونی. ئەوەی ڕاستی بێت، پۆلیسی زمانی ستاندارد داوای ئەدەبیاتێکی بێگیان، بێڕەگ و، بێمێژوو دەکات.
ڕەخنەگری ڕاستەقینە پۆلیس و یاسادانەر نییە، بەڵکو گەڕیدە و دۆزەرەوەیە. ئەرکی ئەو ئەوە نییە بە نووسەر بڵێت “دەبوو چۆن بنووسیت”، بەڵکو ئەوەیە بە خوێنەر بڵێت “نووسەر چی کردووە و بۆچی کردوویەتی”. ڕەخنەگری ڕاستەقینە پردێک لەنێوان دەق و خوێنەردا دروست دەکات، نەک دیوارێک لە یاسا و قاڵب لە بەردەم نووسەردا هەڵبنێت. ئەوانەی داوای ئەدەبیاتی لەقاڵبدراو دەکەن، لە ڕاستیدا لە ئازادی و لە ئاڵۆزیی ژیان دەترسن. ئەوان دەیانەوێت ئەدەبیات ببێتە حەبێکی ئارامکەرەوە، نەک ئاوێنەیەکی ڕاستگۆ کە ئاڵۆزی و جوانی و دزێوییەکانی بوونمان نیشان بدات. وەلێ ئەدەبیاتی زیندوو هەمیشە یاخی و ئاژاوەگێڕ و یاساشکێن بووە و هەر وایش دەمێنێتەوە. هەر دەنگێک پێچەوانەی ئەمە بڵێت، وەک ئەوەیە بە بێژنگ ئاو بێنێت، یان دەنگی نەزانییە یان دەنگی ترسە لە داهێنان.
[1] Barthes, Roland. “The Death of the Author”.
[2] Dr Oliver Tearle (Loughborough University), Interesting Literature. “A Summary and Analysis of Roland Barthes’ ‘The Death of the Author’”.
[3] هەمان دوو سەرچاوەی پێشوو.
[4] NASRULLAH MAMBROL, “Analysis of James Joyce’s Ulysses”, Literariness.org, June 27, 2020
[5] NASRULLAH MAMBROL, Stream of Consciousness, Literary Theory and Criticism, literariness.org, October 7, 2022
[6] هەمان سەرچاوەی پێشوو.
[7] Litcharts, Stream of Consciousness Definition, Mrs. Dalloway by Virginia Woolf
[8] هەمان سەرچاوەی پێشوو.
[9] https://www.poetryfoundation.org/poets/adonis
[10] هەمان سەرچاوەی پێشوو.
[11] E. E. Cummings: Rhyme, Form, and Meter, Shmoop University, Inc.
gradesfixer.com, Analysis of The Style of E.e. Cummings’ Poetry
Wikipedia, E. E. Cummings
[12] Milan Kundera, The Art of the Novel, Faber & Faber, 1988
[13] Wolfgang Iser, The Act of Reading: A Theory of Aesthetic Response, Johns Hopkins University Press, 1978
[14] Adam Watt, Marcel Proust’s Longest Sentence, observablehq.com
M. M. De Voe, How to Write Proustian Sentences with an Assist from, Yes, Monty Python, Writer’s Digest
Eric Chevillard translated by: Michael E. Johnson, In Search of Marcel Proust and the Knights Who Say Ni!, Numero Cinq Magazine
[15] Brandon Coward, Ernest Hemingway’s Writing Style: The Iceberg Theory, Medium (specifically the “The Writing Cooperative” publication), 2017
Ernest Hemingway, A Moveable Feast, 1964
[16] Professor Sture Allén, Award Ceremony Speech, Nobel Prize in Literature 1988
غالي شكري، المنتمي: دراسة في أدب نجيب محفوظ، 1969
د. حسين حمود، دلالة المكان في روايات نجيب محفوظ، 1993
[17] Lois Parkinson Zamora & Wendy B. Faris, Magical Realism: Theory, History, Community, 1995
Peter H. Stone, The Art of Fiction No. 69, The Paris Review, Issue 82, Winter 1981
The Swedish Academy, The Nobel Prize in Literature 1982 – Press Release, October 21, 1982
[18] Virginia Woolf, Modern Fiction, The Common Reader (First Series, 1925
Erich Auerbach, Mimesis: The Representation of Reality in Western Literature, translated by Willard R. Trask, 1953
Litcharts, Virginia Woolf’s Mrs. Dalloway: Stream of Consciousness, 2013
[19] أدونيس، الثابت والمتحول: بحث في الإبداع والاتباع عند العرب، ج ١، 1974
دکتر عبدالحسین زرینکوب، نقد ادبی: جستجو در اصول و طرق و مباحث نقد ادبی با مطالعه در تاریخ نقد و نقادان، انتشارات امیرکبیر، ١٣٤٥
[20] Neil Gaiman’s 8 Rules of Writing, Writer’s Digest, 2021
[21] Eduardo Galeano, The Book of Embraces, translated by Cedric Belfrage, W. W. Norton & Company, 1991
[22] Open Culture, Jorge Luis Borges’ 16 Rules for Writing, August 8, 2016
Jorge Luis Borges, Other Inquisitions, 1937–1952, Kafka and His Precursors, translated by Ruth L.C. Simms, University of Texas Press, 1964
[23] Grazina Paul, Herta Müller’s Language of Resistance, Boston Review, November 18, 2009
Brigid Haines, FROM INJURY TO SILENCE: METAPHORS FOR LANGUAGE IN THE WORK OF HERTA MÜLLER, German Life and Letters, Wiley-Blackwell, 1997, Vol. 50, No. 2
Larry Wolff, Where the Wind Is a Wolf, The New York Times Book Review, December 1, 1996
[24] José Saramago, Blindness, translated by Giovanni Pontiero, Harvill Press (UK), 1997
Dr. Asmaa Adnan Al-Atawi, Effect of Punctuation on Complexity of Blindness by Saramago, European Journal of English Language and Literature Studies (Vol.6, No.4), June 2018
Roz Morris, Find the style that fits the story – Jose Saramago’s Blindness, Nail Your Novel, May 14, 2012
[25] The Swedish Academy, The Nobel Prize in Literature 1994 – Press Release, October 13, 1994
Scott D. Vander Ploeg, Kenzaburō Ōe – Critical Essay, Twentieth-Century Literary Criticism, Vol. 123, Gale Group, 2002
Susan Napier, Escape from the Wasteland: Romanticism and Realism in the Fiction of Mishima Yukio and Oe Kenzaburo, Harvard University Asia Center, 1991
[26] Cormac McCarthy, The Oprah Winfrey Show, 2007
Bryan Garner, A Primer on the Punctuation of Cormac McCarthy, Texas Law Review, 2003
[27] Gary Provost, 100 Ways to Improve Your Writing, 1985
George Steiner, Tolstoy or Dostoevsky: An Essay in the Old Criticism, 1959
[28] Isaiah Berlin, The Hedgehog and the Fox, The Hedgehog and the Fox: An Essay on Tolstoy’s View of History, Weidenfeld & Nicolson (UK), 1953
[29] Van C. Gessel, Three Modern Novelists: Sōseki, Tanizaki, Kawabata, Kodansha International, 1993
Noriko Tachibana, The Aesthetics of Linked-Verse Poetry in Yasunari Kawabata’s ‘The Lake’, New Voices in Japanese Studies, Vol. 1, 2005
[30] Orhan Pamuk, My Name Is Red, translated by Erdag M. Goknar, Alfred A. Knopf (US), 2001
Gloria Fisk, Orhan Pamuk and the Good of World Literature, Columbia University Press, 2018
[31] رضا براهنی، قصهنویسی، انتشارات اشرفی، ١٣٤٨
هوشنگ گلشیری، باغ در باغ، انتشارات نیلوفر، ١٣٧٨
دکتر محمد رضا قربانی، بررسی ساختار زبان و روایت در رمان کلیدر، فصلنامه نقد ادبی، ١٣٩٢
[32] The Swedish Academy, The Nobel Prize in Literature 2012 – Press Release, October 11, 2012
Howard Goldblatt, The Real Mo Yan, Los Angeles Review of Books, February 4, 2013
د. عبدالله إبراهيم، السرديات الخادعة: مساءلة الإمبراطورية المتخيلة، المركز الثقافي العربي، بيروت/الدار البيضاء، 2016
دکتر مریم لاری، بررسی رئالیسم وهمآلود در آثار مو یان با تکیه بر رمان ذرت سرخ، فصلنامه پژوهشهای ادبیات تطبیقی، 2017
[33] James Wood, Madness and Civilization, The Guardian, May 24, 2012
Colm Tóibín, A Man of Headlong Sentences, The New Yorker, July 20, 2015
[34] David Minter, William Faulkner: His Life and Work, Johns Hopkins University Press, 1980
[35] غالي شكري، نجيب محفوظ: من القومية إلى العالمية، سينا للنشر، القاهرة، 1991
[36] رضا براهنی، گزیده نقدهای رضا براهنی بر ادبیات داستانی، انتشارات نگاه، تهران، ٢٠١٨
[37] Robert A. Morace, Irvine Welsh’s Trainspotting: A Reader’s Guide, Continuum, 2002
[38] Howard Goldblatt, The Real Mo Yan, Los Angeles Review of Books, February 4, 2013