قەرەنی جەمیل، شێوەکارێکی باڵا و پەروەردەکارێکی بە ئەزموون
(کاتالیستی گۆڕانکاری لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان)
گۆڕەپانی هونەر و پەروەردەی کوردی لە ماوەی ڕابردوو یەکێک لە پایە هەرە بەهێز و پتەوەکانی لەدەست دا، کە ڕۆڵی گرنگی گێڕا لە دروستکردنی نەوەیەکی جیاوازی هونەری. دوای ڕووخانی سەدام ساڵی ٢٠٠٣، لەگەڵ گەڕانەوەی کوردستان لە ساڵانێک دابڕان و ململانێ سیاسی و ئابوورییەکان، دواتریش هاوشانی گۆڕانکاریی سیاسی و ئابووری و زۆر لایەنی دیکەی وەک کۆمەڵایەتی و کولتووری بەر ئەو تەوژمە کەوت، کە ناونرا کرانەوە بە ڕووی دەرەوە. یەکێک لەو لایەنانە بریتی بوو لە گەڕانەوەی ئەو کارەکتەرانەی کە ساڵانێکی زۆر ژیانیان لە دەرەوە ئەزموون کردبوو، بۆ هێنانەوەی بەرهەمی ئەو ئەزموونە بۆ ناو کوردستان. مامۆستا قەرەنی جەمیل، شێوەکارێکی باڵا و پەروەردەکارێکی بە ئەزموون بوو، لە کاتێکی گرینگدا گەڕایەوە بۆ کوردستان و ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ پەروەردەکردنی گەنجەکان و گۆڕینی شێوازی خوێندنی هونەر.
لەم نووسینە هەوڵدەدەم باسی ئەزموونی ئەو چەند ساڵە بکەم، وەک قوتابیی مامۆستا قەرەنی، کە لەم ڕێگایەوە شێوازی ئەو، وەک هونەرمەند و مامۆستا لە دیدگای خۆمەوە پیشان بدەم.

- یەکەم دیدار
بەیانییەکی سەرەتاکانی دەوامی قۆناغی دووەم لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر ساڵی ٢٠٠٣، دەنگۆی ئەوە هەبوو لە وانەی ڕەنگ لەگەڵ مامۆستایەکی تازە دەبین، کە لە دەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە، بۆیە لەگەڵ هاوپۆلەکانمان لە چاوەڕوانیی زانین و ناسینی ئەو مامۆستایە بووین.
ئیتر لە بەردەم پۆلەکەمان ڕاوەستابووین، پیاوێکی پاک و خاوێن و شیک بە قژێکی نیمچە درێژی ڕەش و سپی و قەمیسێکی سپی و پانتۆڵێکی کاوبۆی شین لەگەڵ جانتایەکی ستاچی قاوەیی سەرشانی، تێپەڕی بۆ ژووری سەرۆک بەش، دوای کەمێک ئەو پیاوە شیکە لەگەڵ مامۆستا عەزیز پیرداودی سەرۆکی ئەو کاتی بەشی شێوەکاری هاتە هۆڵەکە و یەکترمان ناسی، کە بوو بە یەکەم دیدار لەگەڵ مامۆستا قەرەنی جەمیل وەک مامۆستای وانەی ڕەنگ.

- ئەزموونی هونەری و کاریگەری لەسەر قوتابییانی هونەر
هەرچەندە گۆڕەپانی هونەری هەولێر مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەبوو، بەڵام بە هۆی بارودۆخی درێژخایەنی ناسەقامگیری سیاسی و دابڕانی کولتووری کوردستان و ناوچەکە لەو سەردەمە، وایکردبوو کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بزاڤە هونەرییە جیهانییەکان سنووردار بێت، لە ڕووی کەرەستە و تەکنیکەوە، دوای ڕووداوەکانی ناوچەکە لە ساڵی ٢٠٠٣ و ئاشنابوونی زیاتری خەڵک بە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستان، هەنگاوی یەکەمی گۆڕانکارییەکان دەستی پێ کرد. دەشێ دەستبەکاربوونی قەرەنی جەمیل وەک مامۆستا لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان وەک خاڵی وەچەرخان هەژمار بکەین بۆ شێوازی خوێندنی هونەر لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان لە ڕووی تەکنیکەکانی وێنەکێشان و هەروەها میتۆدی وانەگوتنەوەی مامۆستا لەناو پۆل، کە ئەمە وەک کرانەوەی دەروازەیەک بوو بۆ جیهانێکی فراوانتری فێربوونی هونەر. چونکە لەگەڵ هاتنی بۆ پەیمانگا، قەرەنی تەنها بریتی نەبوو لە مامۆستایەکی نوێ، بەڵکوو هێزێک بوو بۆ گۆڕانکاری و ئەزموونی دیدێکی نوێ بۆ میتۆد و ژینگەی فێربوونی هونەری، بە شێوەیەکی گشتی پەرەی دا بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و ئەزموونگەرایی و فەزای دەربڕینی تاکەکەسی بۆ قوتابییان، هەروەها هانی داین بۆ بنیاتنانی شوناسی هونەریی خۆمان نەوەک بە تەنها دووبارەکردنەوەی شێوازەکانی پێشووتر، کە ئەمەشی لە ڕێگای کاری پێکەوەیی و گفتوگۆی کراوە لەگەل قوتابییەکان لە کاتی وانەکانیدا ئەنجامی دەدا. هەروەها ئەرشیڤە دەوڵەمەندەکەی لە کتێب و فیلم و پۆستەرە شێوەکارییەکانی بۆ قوتابییان فەراهەم کرد. بۆ یەکەمجار بوو بەم ئاستە بەرزە بەر تابلۆی هونەرمەندەکان بکەوین، لەگەل ڕەخساندنی کات بۆ سەیرکردنی فیلم لەسەر ژیانی هونەرمەندان کە ئەمە ئەزموونێکی تا ڕادەیەک نوێ بوو لە پەیمانگا.
هەگبەی پڕی مامۆستا قەرەنی لە زانیاری لەسەر بزووتنەوە و قۆناغە هونەرییە جیاوازەکان لە ئیمپریشینیزمەوە تا ئێکسپرێشنیزمی ئەبستراکت و چەمکگەرایی، تێگەیشتنی قوتابییانی لەسەر مێژووی هونەری جیهانی و تەکنیکە مۆدێرن و هاوچەرخەکان دەوڵەمەندتر کرد. هەردەم ڕێنمونی ئێمەی کردووە کە لە فۆرمە تەقلیدییەکانی هونەر دەرچین و بەدوای کەرەستە و تەکنیک و تەوەری نوێدا بگەڕێین، کە ئەمەش دەرگای کردەوە لەبەردەم فراوانبوونی دیدگای هونەری ئەو کاتەی هەولێر و دواتریش لە کوردستان بە گشتی.
مامۆستا قەرەنی لە پۆلدا کەشێکی جیاوازتری رەخساند بەجۆرێک ئاشنای قۆناغە جیاوازەکانی شێوەکاری و هونەرمەندەکانی، تەواو ئاوێتەی ژیانی ئاسایی هەموو قوتابییان کردبوو، هەمیشە هەستمان بەوە کردووە زۆر نزیکین لە هونەرمەندەکان و ئاشنای تەواوی وردەکاری ژیانیان بووین، کە ئەمە رێگاخۆشکەر بوو بۆ ئێمە تا باشتر لە مانای هونەرمەند بوون تێبگەین و چەمکی کارکردنی هونەرمەندان و کاری هونەری لە ڕاومێکی کراوەترەوە ببینین. ئەو بەردەوام چیرۆکی ژیانی هونەرمەندانی جیهانی بە ژیانی رۆژانەی ئێمە دەبەستەوە بۆ ئەوەی لە وەهمی پیرۆزکردن دەربچین، تا ئاسایی بێت بەراوردی قۆناغ و کارکردنی هونەریمان لەگەل هەر هونەرمەندێکی دیکەی جیهانی بکەین یان خۆمان لەو ئاستە ببینین.
ئەو کەسایەتییەکی هێمن و لەسەرخۆی هەبوو، هاوشانی کارکردن لە کاتی وانەکان کەشێکی خەندەئامێزی لەناو پۆل دروست دەکرد، کە قوتابییان لە کاتی پشووەکانیش لە پۆل دەرنەدەچوون، بە جۆرێک ئەو کاتانەیان بە هەل دەزانی بۆ گفتوگۆ لەگەل مامۆستا جا لەسەر هەر بابەتێکی هونەری بووبێت.
یەکێکی دیکە لەو کاریگەرییانەی قەرەنی جەمیل لەسەر قوتابییەکانی بریتی بوو لە پراکتیککردنی وێنەکێشان لە دەرەوەی پۆل و پەیمانگا، ئامۆژگاری بەردەوامی ئەو بۆ ئێمە بریتی بوو لەوەی قەڵەم و کاغەز و بۆردەکە بکەینە هاودەمی هەمیشەییمان. لەو فێری ئەوە بووین کە لە هەموو سات و شوێنێک بتوانین داڕشتنێکی هونەری بدۆزینەوە و بیگوازینەوە سەر کاغەزەکە، لە شێوەی ئەرکی ڕۆژانە دوای دەوامی پەیمانگا لە شوێنە گشتییەکانی وەک چایخانە و سەر قەڵای هەولێر و پارک و شەقامەکان، هەروەها گەڕەکە کۆنەکانی ناوشار و دەرەوەی شار بە شێوەی تیمی دوو یان سێ کەسی خەریکی وێنەکێشان دەبووین، تا وای لێهات بێجگە لە لایەنە پراکتیکییەکە بووین بە خاوەنی ئەرشیڤێکی دەوڵەمەندی کاری ڕەنگی ئاوی و هێڵکاری.
خاڵێکی دیکەی مامۆستا قەرەنی، دروستکردنی پردێک بوو بۆ بەستنەوەی هونەری لۆکاڵی بە پلاتفۆڕمە جیهانییەکان؛ کە بە سوودوەرگرتن لەو ئەزموونەی کە لە دەرەوە هەیبوو توانی بەرگێکی تازە بکاتە بەر شێوازی نمایشی شێوەکاری و دیدار و گۆڤار و سەرچاوە هونەرییەکان، یەکەم هەنگاویش چاپکردنی گۆڤاری شێوەکاری بوو دواتر گەلەریی مێرگ تا لە دوایین وێستگەی گەلەرییە تایبەتەکەی بوو لە گەڕەکی عەرەبان هەولێر، کە ئەمانە تەنها بۆ پیشاندان و پشتگیری هونەرمەندان نەبوو، بەڵکوو دەرگایەکی نوێ کردەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پیشەیی و نیشاندانی توانای هونەریی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە.
لە کۆتاییدا ئەگەر باسی گۆڕانکاریی ڕەوتی هونەر و پەروەردە لە کوردستان بکەین، ناتوانین ڕۆڵی قەرەنی جەمیل هەم وەک هونەرمەند و هەم وەک مامۆستا فەرامۆش بکەین، چونکە کاریگەرییەکانی بە ڕوونی درکیان پێ دەکرێت لە شێوازی وانەگوتنەوە، توانای گەیاندن و ئاڕاستەکردنی بیر و چەمکی قوتابییان، بەرهەمداری ئەو گۆرانکاڕییانە بە شێوەیەکن، کە کاریان کردووەتە سەر گەشەپێدانی میتۆدی فێربوون و تایبەتمەندیی هونەر و کولتووری لە باشووری کوردستان.