دوایین وەسوەسەکانی ڕەوایەت، سەرەتا ڕەوایەتەکانی سیمپتۆم دە ڕۆمانی ” لەوێ مەمرە”ی ڕەزا عەلیپووردا
خوێندنەوەیەکی بە پرتاوی نێوانبواری
ئەگەر بە گوێرەی ئەو دانپێدانانەی لاکان کە دەڵێ: دەروونناسیی فڕۆیدی نەست بە شوێنێکی هەبوو دەزانێ، دەبێ بە گوێرەی خودی لاکانیش ئەو ئاڕگیۆمێنتە بێنینەوە کە زمان تەنیا لە کاتێدا یەکانگیری وەردەگرێ کە دە ئاستێکی بەنەستاویکراودا بێ. ئەوە وێڕای ئەوەیکە یەقینێکی مەعریفی و زانستی یا سۆبیکتیڤێکی تەفسیری لێدەردەچێ هاوکات خۆی ناسێنەر و ئەو بەڵگەیە لەسەر واقع کە مرۆڤەکان دە سیمپتۆم و تڕۆما و دەردەچێژ و بونیان و پڕەنسیپە دەروونییەکاندا دەیبیننەوە و دە شکڵێکی تردا دەریدەخەنەوە. بوونی ڕۆمان و ئاراستەکردنی دە قەوارەیەکی ئێپیزۆدیک و مێتافێکشێندا، تا ئەو جێ دەو بەستێنەدا خۆی پرساژۆ دەکا کە دەلالەت بکاتە سەر دەوامی ئەو کردە واقیعەی کە خەریکە خۆی دە قاڵبی سیمپتۆم و نیشانەدەرد دا ئاراستە دەکا. بەو پێشەکییە پێشگوتراوە دەتوانم بڵێم ڕۆمانی “لەوێ مەمرە”ی ڕەزا عەلیپووردا، دەرخەری پاشکۆیەکی سیمپتۆماتیکە کە لە جومگە و جەمسەری ڕێئاڵ و ژوویسانسدا خەریکی خۆخەریککردنە بە بنیاتنانی دۆخ دە بەستێنێکی سیمپتۆماتیکدا و هاوکات خەریکی نیشاندانی سیمپتۆمیشە دە کوللییەتێکدا کە هاوکاتی و هاوزەمانییەکی نێوان زەینی(تکینگی) مردەوەژی دەکاتەوە بێ ئەوەی تووشی ئالەنگاری ئاناکڕۆنیسزم بێ. بۆیە وا دەردەکەوێ کە سیمپتۆم دە ڕۆمانی ” لەوێ مەمرە”دا، ناوبژی بناس و بەرناسە. واتە سووژە و ئۆبژە. سۆبێکتی مەیل تەنیا بە شێوەیەکی درزتێنەخراو بوونی هەیە. مەرجی ئەو درزتێنەخرانەش ئەوەیە نەک ئۆبژە یا ئۆبێکت و بەرناس، کە بەستێنی فانتزی لە سەرەتاوە دە پێشدا ئامادە نییە و لە کیس چووە. ڕۆڵی گرینگی بناس ئەوەیە خۆی دەبێ بەرناس تاشی لە ڕەوایەت بکا و ڕەوایەتیش بە تۆپۆلۆژی بسپێرێ تا ئەو بۆشایییە فانتزیکە پڕ کاتەوە و دەشیکاتەوە. ڕۆمانی “لەوێ مەمرە” وێڕای ئەوەی ڕۆمانێکی ئێپیزۆدیک و فراکتاڵە ئەو جۆرەی بۆدریار دەڵێ، هاوکات ڕۆمانێکی تۆپۆلۆژیکیشە. بەردەوام خەریکی دۆخ گۆڕین و ئیمکان فەراهەمکردنی مەرجدارە بۆ سووژەکان بێ ئەوەی لە ماتماتیک و هەندەسەی ڕەوایەت مایە دابنێ. ئەوە بەو واتایە دێ کە خوێندنەوەیە بڕیار بۆ دروستبوونی تیپۆلۆژی خوێنەر و هاوکات مەیلاژۆکردنی ئەو ئێپیدیمییە دەدا کە دە ڕۆمانەکەدا خەریکی ئەپیستمە و مەعریفەیەکی هەمەلایەن و ڕێزۆمیکی گێڕانەوەیە. بۆیە گێڕانەوە دە “لەوێ مەمرە”دا نەک ڕیتۆریک کە بووتیقایە دە فۆڕماتێکی دولووزی و دیرەندی بێرێگسۆنی دا. پەیتاپەیتا بوونی ڕەوایەت بەو شێوەیەی کە لۆژیکی ڕووداوەکان لێک دەبەستێ، سەلمێنەری ئەو ئیدعایەیە. دە ڕاستیدا گۆڕەپانی واقع دە “لەوێ مەمرە”دا، ڕێک ئەو بەستەرەیە کە بە وەپاشخستن و بێوەختکردن، ڕەوایەت ئەنگاوتە دەکا و دەیپێکێ. ڕێک لە یەکەم لاپەڕەدا کە ڕەوایەت خەریکی جومگەبەندی کردنی ڕووداوە دە واتای بەدیۆکەیدا. بەو پێیە بە گوێرەی ئەوەیکە لەگەڵ ڕووداو ڕووبەڕوویین، بەردەوام دە دۆخ و ئیمکانی نوێ و سەیر و سەمەرە دەکەوین. کاتێ نوتفە خەریکی گێڕانەوەیە، کاتێ شار پێناسە دەکرێ و کامێرا خەریکە بە فۆتۆڕایتێر(photowriter)، دەوری کاراکتێرێکی خۆتێهەڵقووتێنەر دەگێڕێ، لە مێتافۆڕ و مێتافیزیکی حزووری خێڵ و عەشیرەت تێدەپەڕێ و خۆ لە قەوارەی مێتافیکشێن و مێترۆپۆل دەدا. ئەوەیکە کاراکتێر و پێرسۆنا دە سەرتاپای ڕۆمانەکەدا بەنیازی خۆدەرخستن و خۆنیشاندانە، پێچەوانەی ئەو بەربژێرانەن که مەیل دەیانخاتە داوی فانتزی و ئەوەیکە ڕەوایەت و گێڕانەوە و بەرناس سازکردن بە شێوەی پڕۆسە دەردەکەون، مەیل بە شێوەیەکی تەواو گوتاریک دەخەنە ناو ڕەوەندی گێڕانەوەیەکی ئۆڕگانیک نەک مکانیکی. ڕیکۆر باسی ڕێکخستنی مژارێک دەکا لەژێر مانشێتی بیردۆزی یا واتاسازی کۆمەڵایەتی. پێشمەرجی ئەو واتاسازییە هەمان باڵانس ڕاگرتن و هاوکێشی دروستکردنە دە نێوان ئایدیا و یۆتۆپیادا. یۆتۆپیا نەک بە واتای ناشوێن بەڵکوو بە واتای ئەو ڕۆنانە نوێیە کە ڕۆمان بە نێوانگری ئەو خەریکی گوزارشتکردنە لەسەر کردەیەکی مێژوویی/سیاسی و هەروەها داهاتوویەکی ڕەنگە ناپێویست بەڵام مومکین و لواو. ئەگەر ڕۆمانی کوردی دە گشتییەتی خۆیدا تووشی ئەو غیابە ئاپاڕاتووسیکە بووە کە ڕیکۆر باسی دەکا، سەنتێزی ئایدیا و یۆتۆپیا دە “لەوێ مەمرەدا”، بە پێچەوانە ئیزنی مەشڕووعییەتدان بە ئایدیا نادا بەڵام تا ڕادەیەکی مەشڕووع مەیلاژۆی مازۆخیزم دەکا ئەویش بە ڕۆنانی یۆتۆپیا وەک ئەپۆخەکردن و هەڵپەساردنی مەعریفەی تاریخییەت و ڕۆمانسییەت بە مەبەستی داهێنانی مەعریفەی بە ڕۆمانییەتکردنی ڕووداو و ڕەوایەت. لەسەر ئەو حسابە، “لەوێ مەمرە”، ئەو زەروورتە مێژوویییەی پرساژۆ کردووە کە بەردەوام دژکردەوەیەکی پێویست بووە بۆ ئۆتیسمی نویساری کوردی. بەو پێیە، عەقڵانییەتی خوێندنەوە یەکێکە لەو مکافاتانەی کە ئیجابییەتی ڕووداو و ڕەوایەت بەسەر فۆڕمدا دەیسەپێنن. ئەوە بەدەر نییە لەو گرێچنەی کە بە گشتی دە ڕوودانی ڕۆمانی “لەوێ مەمرەدا”، دروستکەری خولیایەکی گشتین بۆ گێڕانەوە و گێڕدرانەوە. ئارەزووی گێڕانەوە بۆ وەدیهاتنی مەیلی کۆناتووس. ئەویش بە مەبەستی ئەوەی کە بیسەلمێنێ کە ڕۆمان دەو شکڵ و شمایلە پۆلی فۆنیکەدا، هەوڵ دەدات پچڕانی ڕواڵەتی نێوان پاڵنەرە ناتەبا و ناهەماهەنگ و جارجار سادیستییەکانی کاراکتێرەکان بۆ ڕێکخستنێکی گونجاو ڕوون کاتەوە. بە واتایەکی تر، دیالێکتی نێوان کایەی سوبژەکتیڤی ڕەمەک(غریزە) و کایەی ڕەوایەت، لەنێو گرێچنە زەینییەکانی سووژەکاندا، ڕۆڵی ژێرخان دەگێڕن. ئەوە بەو واتایە دێ کە ڕادەیەکی مەرجدار لە بە واڵاکردنێکی دێکاڕتی، بۆ تێکچنینی دەرئەنجامەکان دە “لەوێ مەمرە”دا هەیە کە خەریکی فەرمییەت بەخشینە بە ماهییەت و دواتر بوون و وجوود. دیالێکتیکێک کە تێیدا کاراکتێرەکان نەک بە نیازی خۆهەڵواسین و خۆچەسپاندن بە ڕەوایەت بەڵکوو بە دوای شوێنکەوتوواندنی ڕەوایەتن بە شوێن خۆیاندا بە مەبەستی سەرقاڵکردن و گڕمۆڵەکردنی ڕەمەک. گرینگیدانی ڕەزا بە چەمکی پرساژۆکراوی ڕەوایەت، هاوکات کۆمەڵێک مەڕام و مەزاقی فەلسەفیشی لە پشتە. هەڵوەشاندنەوەی مانا وەدواکەوتووەکانی سووژەکان بەو پێیەی دێریدا باسی لێ دەکا، سووژەکان لە چەقبەستوویی دادەماڵێ و وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا، خەسڵەتێکی تۆپۆلۆژیکیان پێ دەدا. ڕەوایەت لێرەدا بریتی نییە لە مەیلەوئاگایییەکی ڕووتەڵە و بیۆلۆژیک بریتییە لە هەموو ئەو شتانەی کە خەریکن لە ئاگایییەوە دەخوڵقێن و دەکەونە ناو سنوور و بازنە و جەغزی ئەزموون و دەرککردنی ئەزموون وەک ڕووتبوونەوەیەکی ڕێئاڵ، وەک ڕووتاندنێکی کۆنکرێتـی دۆخ بەو جۆرەی پووپێر دە لۆژیکی دۆخدا و هۆسێرل دە دیاردەناسیدا ئاماژەی پێ دەکەن. لەو سووچەوە، “لەوێ مەمرە”، ئەو جیهانە مێتافیزیکییە نییە کە بەسەر خۆیدا دەڕووخێتەوە بەڵکوو ئەو ڕووخانەیە کە ڕەوایەت و گێڕانەوە تووشی ئالەنگارییەکی پۆستمۆدێڕن و مێتافیکشێن دەکا. لۆژیکی دۆخ دە “لەوێ مەمرەدا” ئانالیزی دۆخ نییە بە تەنیایی کە خەریکی دابەستنی تۆپۆفیلیا و سۆزداری بۆ شوێن و مەکان بێ بەڵکوو بەردەوام خەریکی گومانکردنە لە پیرۆزی شوێن. شوێن و مەکان بەو جۆرەی لیۆتار باسی لێدەکا، دە “لەوێ مەمرە”دا بەتاڵ دەکرێ لە چەقبەستوویی و دۆگماتیزم و وەک مارک ئۆژەش دەڵێ گۆڕانکارییەکە بە سوود و بەرژەوەندیی سۆسیۆلۆژیا. ئەوەیە کە گێڕانەوە دە “لەوێ مەمرە”دا، نە دەڕووخێ بەسەر دەرەنجامە بەردەست و دەپێشدا ئامادەکاندا، نە نواندنەوەی پەیتاپەیتای فەزا و سپەیسیش ڕەفز دەکا. بەو مەرجەی لە سەرەتای خوێندنەوەدا، پێبەند بین بە مکافاتی ڕەنج و ئۆنتۆلۆژی و ئاگایی و نەستێکی تەواو سیاسی کراو کە ئەو ناچارییەتە دروست دەکا، بەگوێرەی جێمسۆن دەبێ بیر بکەینەوە کە دەڵێ: دەبێ وەک لاکان پێداگر بین لەسەر ئەوەیکە: ئەوەی دە “لەوێ مەمرە”دا ئاخافتن دەکا نەک ئەوەی کە تەنیا سووژە و بەرناس بێ کە لە ڕەهەندی گێڕانەوەیەکی خۆکرد و خودبونیادەوە دەکرێ بەڵکوو بونیاد کردنی خود و ئیگۆگەلێکی ناهەڵپەسێراون کە بووتیقای گێڕانەوە دێننە گۆ. “لەوێ مەمرە” لەم سووچەوە تۆڵەی گێڕانەوە و ڕەوایەتە لە تڕۆما. تڕۆمایەک بە نێوی سنە کە خەریکە ژویسانس و دەردەچێژی کوللییەت و گشتییەتێک بە ناوی ڕەنج بە سەر خۆیدا دەکاتە شار. “لەوێ مەمرە” گێڕانەوەی ڕەنجە وەک جوودیت باتلێر دەڵێ: نیگارنویساری تۆپۆلۆژیکاڵ و تۆتۆلۆژیکاڵی هێگلییانەی ئانتیگونەیە کە بەسەر موسیبەت و مکافاتدا سنە و ڕووداو وێنا دەکا. لەوێ مەمرە” دابەشکردنی بناسانە و سابجێکتیوی “سنە”ییەتە بەسەر کوللییەتێدا کە لەسەرەتاوە ڕادیکاڵ بوو. دە “لەوێ مەمرەدا” ڕادیکاڵییەتی ڕووداو و گێڕانەوە، ڕۆنان و بەرساختسازییە لە ڕووداو و مەترسی سڕینەوەیە لە ئۆبێکت. “لەوێ مەمرە” نا/مردنە دە شوێنــ/کاتێدا کە زمان ناتوانێ لە ڕووداو دابماڵرێ.