رۆحە کوتراوەوکانی خەیاڵ:

گێڕانەوەی دەروونی لە "ئەفسانەی مانگ"ی عادڵ قادریدا

لەم ماوەیەدا، بەشێک لە ڕەوتی چیرۆکنووسیی هاوچەرخی کوردی ڕێچکەیەکی گرتووەتەبەر کە تێیدا لە دووبارە گێڕانەوەی ڕاستەوخۆی ڕووداوەکان دوور دەکەوێتەوە و زیاتر بەرەو ئەزموونی دەروونی، هەستی و زەینییەکان دەڕوات. لەم ڕێبازەدا، چیرۆک نەوەک ڕاپۆرتێک لەسەر واقیعە دەرەکییەکان، بەڵکوو وەک ڕەنگدانەوەی شێوازی ژیان، هەستپێکردن و بەبیرهێنانەوەی جیهان بیچم دەگرێ. کۆمەڵەچیرۆکی “ئەفسانەی مانگ” دەکرێ لە بەستێنێکدا بخوێنرێتەوە کە تێیدا واقێع، پێش ئەوەی لە چوارچێوەی ڕووداو یان کاردانەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا دەربکەوێ، بە ڕێڕەوی جەستە، یادگە و زماندا تێدەپەڕێت. ئەم گواستنەوەی ناوەندی گێڕانەوە، ڕێگەی داوە چەندین شێوازی جیاوازی دەربڕین دروست ببن کە پێویستیان بە خوێندنەوەیەکی ورد هەیە لە ئاستی زمان و پێکهاتەی گێڕانەوەدا. لەناو ئەم کۆمەڵە چیرۆکەدا، جووڵەی گێڕانەوە کەمتر لەسەر بنەمای یەک‌لەدوای‌یەکی ڕووداوەکانە و زیاتر لەسەر ئەوەی کە چۆن دێنە فام کرن، ڕێکخراوە. لەم پێکهاتەیەدا، چیرۆک لەبری ئەوەی لە دەرەوە بڕوانێتە کارەکتەر، لە دەروونی ئەزموونی کەسایەتییەوە قسە دەکات و جیهان بە پێوەری زەین پێناسە دەکاتەوە.

ڕووبەرگی (ئەفسانەی مانگ)، عادڵ قادری. کۆمەڵەچیرۆک، ٢٠٢١، چاپی ماڵی کتێب

کەشی زاڵی “ئەفسانەی مانگ” چەشنێ مەودا خستنە لە گێڕانەوەی واقیعە کۆمەڵایەتییەکان بەرەو پیشاندانی تەمسیلی واقیعە مرۆیییەکان، یان بە واتایەکی تر گواستنەوەیە لە “واقیعی خاو” و ساکار بەرەو واقیعە ئاڵۆزەکان؛ یان دیسان بە زمانێکی سادەتر تێپەڕینە لە کۆمەڵناسیی واقیعەکان بەرەو دەروونناسیی ئەوان. لە بنەڕەتەوە وا دەردەکەوێ جیهانی دەروون سەرنجڕاکێشترە تا جیهانی دەرەوە. دیارە مەبەستم لە پشتبەستن بە لایەنی دەروونی واقیع، بەو مانا نییە کە واقیعە زەق و بابەتییەکانی کۆمەڵگە بە شێنەیی لەم چیرۆکانەدا لەبیر دەکرێن یان کاڵ دەبنەوە، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە کە نوێنەرایەتی واقیع لەسەر ئەو شتەی کە ڕوویداوە جێگیر نییە و لەسەر ئەوەی شتەی لە دەروونی کارەکتەردا بنەنیشتە بووە، دامەزراوە.

بەرچاوە کە ئەم جۆرە نوێنەرایەتییە پێویستی بە ئامرازێکی جیاواز هەیە کە نووسەر بتوانێ بەوە لە توێکانی ئەم واقیعە بکۆڵێتەوە. بەم پێیە پشتبەستن بە یادەوەری و وەبیرهێنانەوە و تێکدانی زنجیرەی لۆژیکی ڕووداوەکان پڕۆڤەیەکی باون لەم چیرۆکانەدا. بە چەشنێ کە لە جیاتی دووبارە گێڕانەوەی کۆمەڵگا، دەست دەکا بە گەڕان لە دەروونی مرۆڤدا و واقیعەکان نەک وەک ئەوەی دەبینرێ، بەڵکوو وەک ئەوەی ئەزموون دەکرێ، دەگێڕێتەوە. ئەو تایبەتمەندییانەی کە یارمەتی چیرۆک دەدەن بۆ گەییشتن بەم ئامانجە لە خوارەوە بە هەندێ نمونەی دەقەوە دێنە باس کرن؛ 

لیت‌موتیڤ(Leitmotiv

“لیتمۆتیڤ” لە ئەدەبیاتی داستانیدا بە واتای ماکێکی دووپاتەوەبووی مانادارە کە وەک تاڵێکی نادیار بەشە جیاوازەکانی گێڕانەوەیەک بەیەکەوە دەبەستێتەوە. لەم کۆمەڵە چیرۆکەدا، “بۆن” وەکوو لیتمۆتیڤ، هێمای بوونی بەردەوامی جەستە و بیرەوەری و شتە سەرکوتکراوەکانە؛ شتێکە کە زمانی فەرمی، ئەخلاق، یان گێڕانەوەی هێڵی هەوڵ دەدەن نادیدەی بگرن، بەڵام دووبارە دەگەڕێتەوە. لەم چیرۆکانەدا “بۆن” نەک چەمکێکی وەسفی، بەڵکوو یادەوەرییەکی یاخییە کە لە جەستە و شت و فەزادا تێدەپەڕێت و هەرجارە فۆرمێکی نوێی حەقیقەت لەخۆ دەگرێت. لەم کۆمەڵەچیرۆکەدا جیهانی چیرۆک بە هەستی “بۆنکردنەوە”، بیر دەکاتەوە.

لە چیرۆکی (ئەو ژنە کێ بوو سەمای دەکرد؟): “بۆنی تۆزێکی وێڵ و نەنیشتووم لێدەهات، ئەو بۆنی پەنجەرەی لێدەهات..”.  “توند و دڕ بوو… بۆن بوو!”.  “بۆنی ماچی بێ لەزەت دەهات”.  “چاوم سەگە، بۆن دەکات”.  “عەتری بۆن و سیگاری بۆن و ماچی بۆن و عارەقی گەردنی بۆن باغەڵ و وردە چپە و کۆکەی بۆنم دەبیست”.  “بۆن، باڵی بەسەر غەریزەی تالار کێشا بوو”.  “بۆن و دەنگ و تامی دارستان دەهات!”.  “بۆنی کتێبێکی کۆنی دەدا..”.  “نەمدەزانی ئەو بۆنە چۆن سەما دەکات..”.   “بۆنی کتێبێکی دڕ دەهات… بۆنی کتێبی ڕووتم دەبینی..”. ” بۆنی شەشەمین کەس..”.  “بۆنی سووڕەتی بەقەرە..”.  “بۆنێک دەیوت…”.

لە چیرۆکی (چیرۆکی جەمیل!): “بۆنی سێو دێت.”.  “بۆنیی شتێکی پیس دەهات.. وەکوو بڵێی کۆمەڵێک کرم تا سنووری ڕزین داویانەتە شتێک”.

لە چیرۆکی (پێدەچێ “با”ش لە گەڵاڕێزاندا کوژرابێت!): “نە بایەکی نادیار کە هەواڵدەری دەنگ و بۆنێک بێت”.

لە چیرۆکی (ئەفسانەی مانگ): “بۆنێکی توندی دوور لە شێ دەهات!”.

لە چیرۆکی (پەری باڵابەرز!): “هەروەها بۆنی دڵەڕاوکێ و ئیستریس و..”.  “جەستە و گۆنا و ڕەنگ و بۆنی پشیلە بوو..”.  “بۆنی هاڵاوی زەڕاتی میکزیکی ختووکەی دابوو”.  “واتە دوور بێت لە بۆنی هێستر و قاتر و کەمینی پاسدار و بۆنی عارەق و..”.

لە چیرۆکی (“من” ناوی چی بوو؟!):“بۆنێکی نهێنی نازک و ئەفسووناوییان دەگەیاندە لووتم”.  “بۆنێکی تایبەتی تازەی بە لووتمدا دەدا.. لەگەڵ بۆنی توێژاڵی تەنکی عارەقی تاران و هەڵم و دووکەڵ”.

لە چیرۆکی (دێوانە پەپوولە): “شتێک لە مانای ژیان و غوربەتی دەدا بەدەستەوە وەکوو بۆنێک هەڵیمژی هەستت دەکرد”.

زمانی شیعری؛

گێڕانەوە لە زۆر ساتدا، لە زمانی ڕاپۆرتکردن دوور دەکەوێتەوە و بەرەو دەربڕینێکی شیعری دەڕوات؛ زمانی شیعری زمانی سەرەکیی دەقی چیرۆکەکانن و ئەمەش زۆر جار یارمەتی نووسەر دەدا بۆ کەڵک وەرگرتن لە تەکنیکی “شەپۆلی زەین”. “شەپۆلی زەین” شێوازێکی گێڕانەوەیە کە هەوڵ دەدات نوێنەرایەتی جووڵەی بەردەوام و زۆرجار ناڕێکی بیرکردنەوە و هەست و پەیوەندییە دەروونییەکان پێش ئەوەی لە لۆژیکی زمان و گێڕانەوەی هێڵکاریدا ڕێک بخرێن، بکات. لەم شێوازەدا زەینی کارەکتەرەکە ڕیوایەت ناکرێ، بەڵکوو لەگەڵ بازدان و دووبارەبوونەوە و نابەردەوامی و هاوکاتبوون جەرەیان پەیدا دەکات.

لە چیرۆکی (چیرۆکی جەمیل!): “-پیتەکان لە ئاوێنەدا لەوەی کە دەیانبینن نێزیکترن بە ئێوە! لە بەر ئاوێنەکە بە ڕوونی و بە دەنگی بەرز دەیوت: گوڵە هەرمەڵە! هەردوو لامەکەی قەڵەون! وەکوو،، جگەرەی بەرگ! :- دەیکێشا! با نیگارێک بکێشێ…”.  “هەندێک دەڵێن جەمیل خۆکوژی کرد چون بەرگەی چاوی کەژاڵی نەگرت. زەریایەکی شین بوو کە دارستانی کەزیە و زوڵفەکانی دەوریان گرتبوو. هەندێکیش دەڵێن ئەوەندەی خودا تێیدا مابووەوە کە خۆی بکوژێت و تەسلیمی شەیتانی عشقەکانی نەبێت”.

لە چیرۆکی (پێدەچێ “با”ش لە گەڵاڕێزاندا کوژرابێت!): “لە زەمیندا هاتوچۆ قەدەغەیە بەڵام ئاسمان هێشتا بەقەد پەنجەرەیەکی لێڵ لە نهۆمێکی چوارەمەوە شینی و ڕەشییەکەی نەگیراوە!”.  “بایەکی نەفرەتی نییە تۆزێ هەڵبکات و هەواڵێکی خەیاڵاوی پێدا هەڵواسم. یەکێکی بەر بوو لە نهۆمەوە گوتی: گوێدایین مەیلبڕە وەکوو خاک!”. ” “با”ی پاییز هەمیشە چووە بە قژ و سینگی یاردا. هیجریشی بە ڕاشەکاندنی قژی شۆڕەبی لێوار چۆمەکان و دڵتەنگیشی بە ختووکەدانی داربەڕووی سەر تەپۆڵکەکان و ویسالیشی بە جووتکردنی دوو چووزەرەڕێواسی ناو ڕیزی گردۆڵکەکان وەکوو شوێنپێی نادیاری خۆی جێهێشتووە”.

لە چیرۆکی (ئەفسانەی مانگ): “..گوڵێکی زەردی چەند پەل کە لە زەعفەران دەچوو بە سەر ڕووبەرگەکەمەوە بوو! دەتوت بە بەرماڵێک قامەتی بەستووە بۆ شوێنێکی نادیار و لە سەر بەردەنوێژێکی گوێی جۆگەلەیەک..”.

لە چیرۆکی (“من” ناوی چی بوو؟!): “-:لە ژیانی ناو مەرگدا کەس ناتوانێ درۆ بکات یانی درۆ هێشتا نەبووە بە کەلتوور وەکوو ژیان. و مەرگ زۆر ڕاست و سادقە. مەرگ ڕۆحێکی شووشەیی و ڕووتی هەیە. گۆڕستان هەمووی بە مەرگ ڕووتە!”.

دیالۆگ؛

لەبەر ئەوەی زۆربەی چیرۆکەکان بە شێوەی لێشاوی زەینن و هەر وا کە لە پێشەکیدا باسم کرد ئاوڕ لە دەروونی کەسایەتییەکان دراوەتەوە، زیاتری دیالۆگەکان لە نێوان خودی نابەئاگای کاراکتەر و دەنگی خودی نووسەر(وەکوو مێتافیکشێن) دەسووڕێتەوە. بەو پێیە کارکردی دیالۆگەکان جگە لە بەڕێوەبردنی گێڕانەوە، بووەتە گۆڕەپانێک بۆ دەرخستنی کەلێنی پەیوەندییەکان و توێ شاراوەکانی کارەکتەرەکان.

لە چیرۆکی (ئەو ژنە کێ بوو سەمای دەکرد؟): “من دەمزانی ئەگەر وەڵام بدەمەوە دەڵێم: بێ‌ماڵ و حاڵم بۆیە ماڵانگەڕم! دەی جا ئەوە کەی وەڵامە؟!”. “-مێروولە یان مێلوورە؟! ئەرێ!”.  “چاک بوو لە ناو بوتڵ هێنام ئەگینا بمکردایە کوێمەوە؟ یانی عەرەقەکە مەبەستمە!”

لە چیرۆکی (چیرۆکی جەمیل!): “- اللە الجمیل و یحب الجمال! –ئەرێ جەمالی خۆش دەوێ بۆیە جەمیل وای بەسەر هاتووە!”.  “+کوڕی چاک بن و مەبن بە فیلەسووفە کوردەکان لێمان. باسی جەمیل و عەشقە و تەواو!”.

لە چیرۆکی (پێدەچێ “با”ش لە گەڵاڕێزاندا کوژرابێت!): دەنگەکە وتی: :با قاوەیەکت بۆ بێنم! خۆشم کرگە! :خۆشمت گەرەکە؟ :ئەرێ…خۆشیشم کرگە!”.

لە چیرۆکی (ئەفسانەی مانگ): “:نووری ئەو گڵۆپە دەبێتە پردی پێوەندی نێوان تۆ و شیتان! :من یا تۆ؟!”.

لە چیرۆکی (“من” ناوی چی بوو؟!): “-: ناوی چیم لێ بنایە؟ لە ناوێکدا چڕ دەکرایەوە؟ -تا دەهاتم ناوێکی بۆ بدۆزمەوە دەگۆڕا بۆ جۆرە ڕەنگێکی دیکە کە لە جیوە دەچوو”.  “-:سڵاو، شتێک خشەی دێت!  ئاخر ئەو هەموو منە ڕەنگاڵەیی و لەتلەتە چۆن لێک بدەمەوە؟ ئەو تاپۆیە مەبەستی لە دیمۆکراسی چییە و منیش مەبەستم لە “کەس ناکوژم”؟”.

ناتۆرالیسم؛

بە ئاوڕدانەوە لە پێگەی دیاری جەستە و ئەزموونی “هەست”یی لەم چیرۆکانەدا، یەک لەو پێکهاتانەی کە لە ئاستی زماندا خۆی دەردەخات، لایەنی سروشتی (ناتورالیستی) گێڕانەوەکەیە؛ لایەنێک کە بابەتی مرۆیی، لە ڕەهەندێکی ڕاستەخۆ و ماددی و بایۆلۆژیدا دەخاتە ناو دەقەکە. هەڵبەت ناتۆرالیسمێ نەک لە شێواز یان پێکهاتەی گێڕانەوەدا، بەڵکوو لەسەر ئاستی زمان و وێنەسازی دەقەکەدا جێگیر بووە.

لە چیرۆکی(ئەو ژنە کێ بوو سەمای دەکرد؟): “چارەنووسی منی لە سەرچۆپی و لەرینەوەی هەموو گیانیدا دەبینی”.  “گوێم هیچی نەدەبیست. هەرچی بوو چاوم دەیبیست”. “گرینگ نەبوو بۆم کێیە شەرمین، لەشی چۆنە؟ مەمکی؟ یان بۆنی هەناسەی؟”.  “ژنێکم دیت چوار نینۆکی لاکی شەراوی لێدراوە.. هەستم کرد جێ ماچێکی پێوە دیارە..”.  “هاڵاوی ئاڵۆشی جەستە وەکوو مار قەف‌قەف بەرەو بن میچەکە دەڕۆشت”. “لقی قەدی و میوەی سینەی بانگی پەیکەرەیان دەکرد”.

لە چیرۆکی (چیرۆکی جەمیل!): “قونێکی خڕ و ئاڵۆشاوی هەبوو”.

لە چیرۆکی(ئەفسانەی مانگ): “بە حوزنێکی نەناسراوەوە تێر لە باوەشیدا[دار توو] ڕاکشام! کاتێ بە ئەرخەیانی و هاوکات خەفەت و ماندوویەتی لە سەر موزائیکەکان هەڵاژیام، مانگی چواردەم لە نێوان دوو لقیدا بینی. دوو لقی گەورە و دیار! دوو لقی زۆر ڕێک و خواکردوو! هەر دوو لقەکە پێکەوە حەوتێکیان دەکێشا..”. 

لە چیرۆکی(پەری باڵابەرز!): وەک ئەو حەوتەی کە کردم بە تۆدا! …:دیوونە اون الفە تو داری؟ مال من هشتە.. هفتم نیست!”.

لە چیرۆکی(ماچێ لە تاران یانێ چەن شەممە؟): “دوو لێوی ئاسایی کە بەو هاوینە گەرمە ئەگەر نووسەرێک یان شاعیرێک لە خەیاڵدانی خۆیدا سەرنجی بدایە دەیشوبهاندن بە تووت فەرەنگی، خوازراو و راکێشەر و بێتام!”. “دوو نەفەر بووین بە سات و پێوەری ماچ..من و مەرجان و ماچ و باوەش و سینە و مەمک و دەموچاوی من و هی ئەویش”.

لە چیرۆکی(دێوانە پەپوولە): “ژنانی ئەم شارە پەنجا چارشێویشیان لە خۆیان بدایە هەر کوڵۆک و لاقوونیان زل و زەق بوو”.

گەمەی زمانی؛

هاوکات لەگەڵ زمانی شیعری، میکانیزمی بانگهێشتکردن(تداعی) ڕۆڵێکی گرنگ لە ڕێکخستنی گێڕانەوەکەدا دەگێڕێت؛ بە شێوەیەک کە جووڵەی چیرۆکەکان نەک لەسەر بنەمای لۆژیکی هێڵی کات، بەڵکوو لەسەر بنەمای پەیوەندیی زەینی، بیرەوەری و “هەست”ییەکان بیچم دەگرن. هەروەها گەمەی زمانی وەک یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم دەقانە، سەقامگیریی واتاکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە و زمان لە پێگەی ئامێری دەربڕینەوە بۆ پێگەی واتادانەر بەرز دەکاتەوە. نووسەر بە کەڵک وەرگرتن لە گەمەی زمانی و بانگهێشتن، خوێنەر لەو بازنە دەروونییەی کە بۆی درووست کردووە بە وشیاری دەهێڵێتەوە.

لەچیرۆکی (چیرۆکی جەمیل!): “هەوای هێرۆ بردی بەڵام لە ئانوساتێکدا هەوا پیس گۆڕا! هێرۆش هەروا”. “سەر بخاتە سەر خەزێنەی دڵ و دڵ بخاتە کوێ؟ دڵ.. دڵ… :دڵدڵ ناوی کەری پێغەمبەر بوو؟! -: گوڵگوڵ یان بایەقوشی بۆر؟!”.  “-:ئەی لە پاش فریشتە؟ +:ئیلهامت بۆ دێت؟ ئایا شاعیری؟ دەیوت ئیلهامیشی بۆ بۆنەی باڵایەوە خۆش ویستووە”.

لە چیرۆکی (پێدەچێ “با”ش لە گەڵاڕێزاندا کوژرابێت!): “-: مەسیح؟! ئەرێ. “م” یانی منارە. یانی مزگەوت. مەسیحیش یانی خاچ… لەو گۆڕستانەی پشت منارەوە حوکم خاچە!”.

لە چیرۆکی (پەری باڵابەرز!): “ئەودەم کتێبەکەم بە “ژانی گەڵ” گۆ دەکرد لە باتی “ژانی گەل”…بە کورتییەکەی گەڵ و گەلم جیا نەدەکرەوە لە یەک”.

لە چیرۆکی (ماچێ لە تاران یانێ چەن شەممە؟): “بەیانییەکەی لەگەڵ مەرجان لە شەقامی ویسال قەرارمان دانا. تاران شارێکە کە بەردەوام بێ قەراری تێی “دا”.”.  “ئەو ڕۆژە بوو کە ماچەکەی یەکشەممەی ناو کڵێساکەمان بە پیلان و مۆرکی شەیتان زانی و تەفسیرێکی شەیتانیمان بە”سەر”دا سەپاند… وەک وتم گرینگ ماچە نەک “سەر..” “. “بەڵام لە نێوان “کار” و”بێکاری”دا تەنها “بێ”یەک تۆفێر هەیە، دوا پەیامی ئەو ساتەم بۆ مەرجان تەنها ئەوە بوو: “بێ”. تەنها وشەیەکی کوردی کە مەرجان لەساتی ماچەکەدا فێری ببوو! زۆرینەی کوردەکان بە “بێ” دەڵێن “وەرە” بەڵام ئەم “بێ”یە دە قاتی “وەرە” کاریگەری و عیشوەکاریی زیاترە!”.

لە چیرۆکی (دێوانە پەپوولە)دا کایە کردن بە وشەی “پەپوولە” دەگاتە ئەوپەڕی خۆی. بە چەشنێک کە پەپوولەپاییزە بە پەپوولەی کرمی ئاورێشمین و پەپوولەی ئازادی خالقییەوە گرێ دەدرێتەوە. چاو لەم نموونانەی خوارەوە بکەن:

“کێشەی وەرزی پاییز ئەوەیە پەپوولەی هەیە. کاری پەپوولە پاییزە لە بنەمادا هەواڵبردنە”

“ئەوەی من بەرەو تێڕامان دەبات یەکەمین و دواهەمین بەرگری سەلیم دوای رووداوەکە بوو: بەسەری شێخ پەپوولە بوو!”

“کرمێک لە مێشکماندایە…دایکم دەیگوت: ئیتر ئەم کرمە کرمێکی ئاورێشمینی بەرەو پەپوولەچووگ بوو…”.

“ئەو شەوە ئەوق و مات بوو، زەبتەکەی “پەپوولەی ئازادی” خالیقی دەخوێند”.

“دوای ئەم ڕووداوە… لە دەروازەی شاردا تابلۆیەکی گەورە هەیە.. لە ژێر ڕستەی…”بە شهر شهیدپرور…خوش آمدید” نووسراوە شاری شەهید سەلیمە پەپوولە!”

“سکاڵا و گلەیی بردۆتە سەر شێخەکەی و ئەویش گووتوویە شەیتان لە کڵێشە و قاڵبی ئەو پەپوولەیەدا شەهوەتی سەلیمی جووڵاندووە”

“سەلیم ئێستا لە گۆڕێکی لاتەریکی کێلبچووک لەوپەڕی گۆڕستانی شار کپ کەوتووە و ئەو ڕاوکردنەی پەپوولە بۆ ئەو، دوا ڕاو کردن و دەستسوان لە شتێکی ئاوارەیی ئەفسووناوی بووە. ئێستا بە خەڵووزێکی ڕەش لە سەری بەردەکەی ئەلحەدی نووسراوە: دێوانە پەپوولە! دایەگەورەم دەیوت: دوای سەلیم هەموو کەس دەزانێ کە بە کێ دەڵێن پەپوولە. باوکیشم دەیوت: پەپوولە دەبێ بزانێ لە کوێ دەنیشێتەوە!

ئەنجام؛

لەو وتارەدا هەوڵ درا کە بە پشکنینی پێکهاتەگەلی وەک زمانی شیعری، میکانیزمەکانی بانگهێشتکردن، دەقی ناتورالیستی، دیالۆگ و گەمە زمانییەکان، ئەوە پیشان بدرێت کە ئەم چیرۆکانە بە ئاگاییەوە خۆیان لە گێڕانەوەی ڕاستەوخۆی واقیعە کۆمەڵایەتییەکان دوور دەخەنەوە؛ ئەو واقیعانەی کە نەک لە ئاستی پەیوەندییە دەرەکییەکاندا، بەڵکوو لە توێ دەروونییەکانی ئەزموونی ژیانی مرۆڤدا بیچم دەگرن. بە واتایەکی دیکە، ئەم گێڕانەوانە بەرەو واقیعە ئاڵۆز، چەندتوێ، و زۆرجار ناکۆکەکان هەنگاو دەنێن. لە وەها بەستێنێکدا، ئیتر چیرۆک ئاوێنەی کۆمەڵگا نییە، بەڵکوو گۆڕەپانی گرژیی مرۆڤە لەگەڵ خۆی، لەگەڵ ئەوی دیکە و لەگەڵ شتی نەوتراو و زمان ئیتر تەنها هەڵگری واتاکان نییە، بەڵکو خودی خۆی دەبێتە میکانیزمی شێوەگرتنی ئەزموونەکە. بەم بۆنەوە، خوێنەر نەک لە ڕێگەی ڕوونکردنەوەی ئاشکراوە، بەڵکو لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەوتی زمانی گێڕانەوەکە، دەگاتە توێ شاراوەکانی ئەزموونی کەسایەتییەکان.

بەم پێیە، لەم وتارەدا هەوڵدرا کە بە سەرنجدان لەسەر ئەم پێکهاتانە، شێوازەکانی دروستبوونی واتاکان لەم چیرۆکانەدا تاوتوێ بکرێن؛ شێوازگەلێک کە پیشان دەدەن ڕیوایەت، پێش ئەوەی ڕەنگدانەوەی جیهانی دەرەوە بێت، دەرەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی زەینە لەگەڵ جیهان. تاوتوێکردنی ئەم چەمکانە، دەرفەتی تێگەیشتنێکی وردتر لە لۆژیکی دەروونیی دەقەکان و پەیوەندییان لەگەڵ ئەزموونی مرۆڤایەتی دەڕەخسێنێت.