د. ئیدریس شێخ شەرەفی
ناسیۆنالیزمی شیعر تێزێکە سەبارەت بە دەرکەوتنی خود-ئاگاییی سیاسیی کورد لە مێژووی هزردا، لە پێناو مانابەخشین بە بوون و شوناس لە چوارچێوەی وێنای دەوڵەت/نەتەوە بەرەو نیشتمان یان کیانێکی ویژدانی. شاعیرانی پێشەنگی ئەم ڕەوتە (خانی، حاجی، ئەحمەد موختار جاف، قانع و بێکەس) دامەزرێنەری ئاگاییی خودی و پرۆژەی بە سیاسیکردنی زمانن، هەوڵیان داوە دەستکاری ئەو واقیعە بکەن کە وەک حەقیقەت دەرکەوتووە. لە دیدی ئەوان دۆخی سیاسیی کورد بەرهەمی گوتاری سیاسیی دەسەڵاتی زاڵی “ئەوانی تر”ی سەر کوردستان بووە. لەم سۆنگەیەوە لە میانی پرۆژەی شیعری سیاسیی نەتەوەیی و ئاوێتەیەک لە کۆلاژی ئەفسانە و مێژوو و جوگرافیایەکی خەیاڵکرد، بنەڕەتی ئاگاییی کوردیان داڕشتووە. ئەمە ئەگەرچی ئاگایی بووە سەبارەت بە سەردەم و زەمەن و بوونی سیاسییانەی کورد لە مێژوودا، بەڵام هاوکات ئاوێتەی کێشەی فەلسەفەی خودof subject philosophy بووە. واتە ئیشکالیەتی سەرەکی لە ڕەوتی ڕۆنانی نەتەوە، گیرخواردنیەتی لە چوارچێوەی فەلسەفەی ئاگایی بەو جۆری لە فەلسەفەی ڕەخنەییی (یورگن هابرماس)دا تیۆریزە کراوە، کە تێیدا خود دەکەوێتە ڕامان و ڕاڤەی خۆی و جیهان و بەرەو مۆنۆلۆگ و داخران دەچێت. لە کۆنتێکستی کوردیدا کاتێ ئەمە لە ڕێگەی زمانی شیعری و تەکنیک و فۆڕمی ئامادە ئەنجام دەدرێت، کێشەکە ئاستێکی باڵاتری ئاڵۆزی بەخۆیەوە دەگرێت و دەشێت بیر لەقاڵب بدات و حوکمی پێشوەختە ناوەڕۆکەکەی بجووڵێنێ. بەم جۆرە پەیوەندیی نێوان زمان و ئایدیا و واقیع تووشی شێوان دەکات. بۆ دەرچوون لەم تەنگژەیە، فەلسەفەی نێوانخودێتی دەرچەیەک بۆ پەڕینەوە بەرەو سیاسەتێکی ئەلتەرناتیڤ دەکاتەوە کە ئەرگۆمێنتخوازی و زمانی هاوبەش و دیالۆگ بنەڕەتەکەیەتی بە ئاراستەی کردە و شۆڕش و دەرچوون لە ئەمری واقیع.

پڕۆژەی ناسیۆنالیزم کە هەمان دروستکردنەی نەتەوە و دەوڵەتە، لە کۆنتێکستی کوردیدا بەهۆی داخرانی بیاڤی نێوانی inter و کامڵنەبوونی پرۆسسی بەسیاسیکردنی هاوبەشەکان و ویستی ئازادیی خودەکان، لە جیاتی “بەرەی یەکبوونی نەتەوەیی” کە دوائامانجی بونیاتنانی نەتەوە/دەوڵەتە، بە ئاراستەی حزبی دەسەڵاتگەرا چووە کە کوردی لە ڕووی شوناس و ئینتماوە زیاتر پارچە پارچە کردووە، ئەمەش وەک واقیعگەرایی لێک دراوەتەوە، نەک دەرکەوتنی واقیع لە ئاگاییدا.
ماڵپەڕی ژنەفتن ئەم توێژینەوەیەی وەک کتێبی ئەلیکترۆنی (فایلی pdf) بڵاو کردووەتەوە. دەتوانن لە سەرەوە لە دوگمەی (داگرتنی کتێب) داوەنلۆدی بکەن.