لەبارەی ڕەخنەی ڕۆمانەوە
بابەتی ڕەخنەی ئەدەبی بە گشتی، یەکێکە لەو باسانەی بەردەوام جێی دیالۆگ، ڕوانین و ڕامان بووه. ڕێگە و هێڵی گەشەی ڕەخنەی ئەدەبی لە شوێنێک نەوەستاوە و نایشکرێت قۆناغێکی ڕەخنەی ئەدەبی بەلاوە بنرێت، یان وەک ئایدیا و باوەڕێکی لەکارکەوتوو و بەسەرچوو تەماشا بکرێت، بهڵکوو هەموو قۆناغەکان ههردهم وەک ئەگەر، دەکرێت سوودیان لێ وەر بگیرێت و بۆیان بگهڕێینهوه. لەو دیدگایەوە بیرمەند و فەیلەسووفان بەردەوام گەشەیان بە تیۆری و ئایدیاکانی یهکدی داوە.
با بپرسین ئایا بۆ ڕهخنهگرتن له ڕۆمان پێویستمان به دیدگای فهلسهفی ههیه؟ ڕەخنەگرتنی ئەدەبی، بەتایبەتی ڕەخنەگرتن لە ڕۆمانەکان، تەنیا هەڵسەنگاندنێکی سادەی باش و خراپیی بەرهەمێکی هونەری نییە، بەڵکوو چالاکییەکی فەلسەفییانەی قووڵیشە و پێوەندیی بە سروشتی زمان، گێڕانەوە، هەقیقەت، خودی مرۆڤ و پێوەندیی نێوان هونەر و ژیانیشەوە هەیە. کاتێک ڕۆمانێک دەخوێنینەوە و پاشان هەوڵی لێکدانەوەی دەدەین، ئەوە لەگەڵ کۆمەڵێک پرسیاری فەلسەفیدا ڕووبەڕوو دەبینەوە. لێکۆڵینەوە لە جیهانی ناوەکییانەی ڕۆمان، شیکردنەوەی زمان وەک پێکهاتهیهکی فەلسەفی، تێگەیشتن لە تاک و پرسیارە بنهڕهتییهکان و بەشداریکردن لە دیالۆگێکی بێکۆتایی لەگەڵ تێکستهکهدا، ئیشی ڕهخنهیه. ڕەخنەی ڕۆمان کۆشان نییه، تا وەڵامی پرسیارەکان بداتهوه، بەڵکوو تهقهلایه بۆ ورووژاندنی پرسیاری نوێ، تاکوو ئاسۆکان فرهوانتر ببن و خوێنەر به جووڵه بکهوێت، تا بە قووڵی و لە بازنهی فەلسەفییەوە لە ڕۆمان بڕوانێت وەک ئەوەی پێوەندیی بە ژیانەوە هەیە. بهگشتی ئامانجی ڕەخنە ئەوە نییە ڕۆمانێک بخاتە ناو قاڵب و کڵێشهوه، بەڵکوو دەرفەت بۆ مانا نوێیەکان فهراههم دهکات.
ڕۆمان، پێش ئەوەی ببێتە فۆڕمێکی گێڕانهوه یان پەیامێک، دنیایهکی ناوەکی دروست دەکات، کە خاوەنی یاسا و واقعی تایبهت به خۆیهتی. کاتێک ڕەخنەگر ڕۆمانێک شڕۆڤه دهکات، لە ڕیالیزمهوه تا خەیاڵی زانستی و فەنتازیا، ئەوە هەوڵێکە و دەیەوێت لە ڕێیەوە لەم دنیا ئهفرێنراوه تێبگات. پرسیارەکانی وەک: ئایا ئەم گێڕانهوهیه باوەڕپێکراوە؟ یاساکانی چین و چۆن کار دەکەن؟ پێوەندیی کاراکتەرەکان لەگەڵ ئەم دنیایه چۆنە؟ زمان تەنیا ئامرازێک نییه بۆ گێڕانەوەی چیرۆک، بەڵکوو فەلسەفەیەکیش لە خۆ دهگرێت. شێوازی بەکارهێنانی زمان لە لایەن نووسەرەوە، هەڵبژاردنی وشەکان، ڕستەسازی، ڕیتم و ستایل، هەموویان ڕەنگدانەوەی دیدگای جۆراوجۆری فەلسەفین. ڕەخنەکار پێویستە شارەزایییەکی قووڵی لە زمان هەبێت، تا تێبگات چۆن زمان دەتوانێت هەقیقەت بشێوێنێت، چۆن دەتوانێت واقعیهتێکی نوێ بئافرێنێت. شیکردنەوەی زمان لە ڕۆمانێکدا بریتییە لە شیکردنەوەی ئەو فەلسەفەیەی کە لە ناوهخنی زمانەکەدا حەشار دراوە.
ڕۆمانەکان زۆرجار ڕووبهرێکن بۆ لێکۆڵینەوە لە خودی مرۆڤ و پرسی ناسنامە. کاراکتەرەکان بە ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانیانەوە وەک ئاوێنەیەکن بۆ خوێنەر، تا لە خۆی بڕوانێت. ڕەخنەگر پێویسته پرسیار بکات: ئەم ڕۆمانە چۆن تاک وێنا دهکات؟ ئایا پرسی ناسنامە شتێکی جێگیرە یان گۆڕاوه؟ چۆن کاراکتەرەکان لەگەڵ فشارەکانی جڤاتدا مامەڵە دەکەن؟ ڕۆمانەکان زۆرجار بوارێکیشن بۆ گهنگهشهی پرسیارە ڕەوشتییەکان. بڕیاری کاراکتەرەکان، بهرههمی کردارەکانیان، هەڵبژاردنەکانیان لەنێوان ڕهش و سپیدا، هەموویان بابەتێکن بۆ لێکۆڵینەوە له چوارچێوهی پرسی (فهلسهفهی ڕەوشت)دا. ڕەخنەگر دهکۆشێت لەو پرسیارە تێبگات کە ڕۆمانەکە دهیخاته ڕوو، نەک تەنیا بڕیار لەسەر باش یان خراپیی کاراکتەرەکان بدات، بەڵکوو دەیەوێت لەو ئاڵۆزییە تێبگات کە ژیانی مرۆڤی پێک هێناوە. ئەمەیش پێوەندیی بە (فهلسهفهی ڕەوشت)ەوە هەیە، چۆن نووسەر لە ڕێگەی کاراکتەرەکانیەوە دیدگایەکی ڕەوشتییانە پێشکەش دەکات، یان پرسیار لەبارەی ڕوانینه باوەکانەوە دەخاتە ڕوو.
ڕەخنەگرتن لە ڕۆمان تەنیا شیکردنەوەیەکی تاکلایەنە نییە، بەڵکوو دیالۆگێکی فەلسەفییشه لەنێوان خوێنەر، ڕەخنەگر و تێکستهکەدا. هەر خوێندنەوەیەک، وەک ئهوهی گادامەر باسی دهکات، بریتییە لە تێکەڵکردنی ئاسۆکان، ئاسۆی خوێنەر و ئاسۆی تێکست تێکهڵ دەبن. واتە ڕەخنەگر تێکست بەپێی تێگەیشتنە فەلسەفییەکانی خۆی و ئەو چوارچێوە فیکرییەی کە تێیدا دەژی، لێک دەداتەوە. لەم ڕایەڵهوه، کاتێک ڕۆمانێک دهخوێنینهوه، هیچ خوێندنەوەیەکی ڕەها و کۆتایی له بەرچاو ناگرێت. هەر ڕەخنەیەک بریتییە لە خوێندنەوەیەکی نوێ، گومانکردنێکی نوێ، دۆزینەوەیەکی نوێ لەو واتا بێکۆتاییانەی کە لە تێکستهکهدا حەشار دراون. دهشێ بڵێین: ئامانجی ڕەخنەگرتن له ڕۆمان ئەوە نییە چیرۆکهکه ڕوون بکاتەوە، بەڵکوو گرنگه ئاڵۆزییەکانی تێکست دەربخات و پرسیاری نوێ بورووژێنێت.
وهک گوتمان ڕهخنه خۆی له دیدگایهکی فەلسەفی ههڵدهقوڵێت، بهڵام دەبێت ئاگاداری سنوور و چوارچێوهکانیش بین. یەکێک لە سهرنجهکان ئەوەیە کە ڕەخنەگر لەناو تیۆرییە فەلسەفییەکاندا نوقم بێت و تهواو له ئەزموونی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە دوور بکەوێتەوە. واتا كارهكهی زۆرتر گواستنهوهی تیۆرهكان بێت، له جێیی پڕاكتیك و شڕۆڤه. ڕەخنە نابێـت سهکۆیهک بێت بۆ كۆپیكردنی تیۆرهكان و نمایشکردنی زانیارییەکانی ڕەخنەگر لەبارەی فەلسەفەوە، بەڵکوو دهبێت دیالۆگ لهگهڵ ئهو سهرچاوانه دامهزرێنێت و خزمەت بە تێگەیشتنێکی قووڵتر لە ڕۆمانەکە بکات. سهرنجێکی دیکه بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی ڕۆمانەکە و گواستنهوهی بۆ ئاستی گێڕانهوهی جهماوهریی و كۆڵان، بەبێ ڕەچاوکردنی بایهخی ئێستاتیکا و لایەنی هونەری، لایهنی جوانیی زمان و کاریگەرییە سۆزدارییەکان به لاوه بنرێن. ڕۆمان، لە هەموو شتێک زیاتر، ئەزموونێکی ئێستاتیکی و هونەرییە. ڕەخنەگر پێویسته هاوسەنگییەک لەنێوان شیکردنەوەی فەلسەفی قووڵ و لایەنی هونەری و ئێستاتیکی تێکستهکه ڕابگرێت.
ڕۆمان ئاوێنەیەکە کە لێیەوە دەڕوانین و خۆمان و جیهانەکەمانی تێیدا دەبینینەوە، بەڵام ڕەخنە هونەرێکە کە فێری دەبین چۆن بە هۆشیاری و قووڵی بڕوانینە ناو ئەو ئاوێنەیە، چۆن لایەنە شاراوەکانی بدۆزینەوە و چۆن لە تەنیا وەرگرتنی چێژ و کاتبهسهربردنهوه بچینە ئاستی تێگەیشتنی قووڵترەوە. ڕەخنەگرتن لە ڕۆمان تەنیا دۆزینەوەی کەموکووڕی نییە، ههوڵدان نییه تا سکانداڵی تێکست بدۆزیتهوه، بەڵکوو گفتوگۆیەکی بەهادارە لەگەڵ تێکستدا، لەگەڵ نووسەر و لەگەڵ کولتوورێک، کە ڕۆمانەکە لێیەوە سەری هەڵداوە.
لەم وتارەدا نامەوێت ڕیشە مێژووییەکەی پرسی ڕەخنەی ئەدەبی دەربخەم، نایشمەویت لق و بەش و جۆرەکان بە سەر بکەمەوە، بەڵکوو ئەوەی مەبەستمە، بازنەی کارەکە لە پرسی ڕەخنەگرتن لە ڕۆماندا لێک بدەمەوە. لە سپهیسی ئەدەبیدا ئەم ژانرە ئێستاکە قورسایییەکی گرنگ و بایەخێکی زۆری هەیە. ئێمەی کورد بە بەراورد بە مێژوو و گەشەی ڕۆمان و وردەکارییەکانی ڕۆماننووسین، تەواو نوێین. واتا ئەزموون و تێکەڵبوونمان بەم ژانرە، بە بەراورد بە مێژوو و سەرهەڵدانی ئەم ژانرە، کەمە. هەڵبەت هەمان ڕوانینیش بۆ دۆخی ڕەخنە و گەشەی ڕەخنەگرتن لە ڕۆمان ڕاستە. بەخێرایی ئاماژە بە قۆناغی گەشە و بەشێک لەو خەسڵەتانە دەکەین، کە لە پێوەندیی نێوان ڕەخنە و ڕۆماندا ڕوویان داوە. زۆر ناگەڕێینەوە دواوە، گهر لە ڕەخنەی شێواز و فۆڕمەوە دەست پێ بکەین، کە سەرنج دەخاتە سەر پێکهاتە و شێوازی تێکست، وەک: ڕێزمان، زمان، ڕێکخستنی چیرۆک و هونەری نووسین. لهم مۆدێلهی ڕهخنه، ناوەڕۆک و کارتێکەرە دەرەکییەکان پشتگوێ دەخرێن، بهڵام ڕەخنەی کۆمەڵایەتی جیاوازە، ئەمەیان پێوەندیی نێوان ڕۆمان و کۆمەڵگا شڕۆڤە دەکات و بە دوای قووڵبوونهوه له کێشە و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، بابەتی چینایەتی و گۆڕانکارییە خێزانییەکان و ڕۆڵ و کاریگهرییان له کۆمهڵگهدا دهگهڕێت. لە ڕەخنەی دەروونشیکاریدا گرنگی بە دەروونی کارەکتەرەکان و نووسەر دەدرێت، بە پشتبەستن بە تیۆرییەکانی فرۆید، یۆنگ و دەروونناسەکانی دیکە. هەروەها لە ڕێگەی ڕەخنەی مێژوویییەوە، ڕۆمان لە چوارچێوەی سەردەم و دۆخی مێژووییی خۆی دەخوێنرێتەوە و کاریگەریی ڕووداوە مێژوویییەکان لەسەر تێکست لێک دەدرێتەوە. ڕەخنەی فیمینیستی بایەخی بە ڕۆڵ و ستهمی سهر ژنان داوە. چهند جۆری دیکهیش له ڕهخنه تایبهتمهندێتی و چوارچێوهیان پێ دراوە. دەتوانین بڵێین ئەم هەنگاوانە دیدگا و ڕەوتی ڕەخنەیان گەیاندووەتە ئاستێک، کە لە زیاد لە گۆشەیەکەوە ڕەخنە و خوێندنەوە بۆ ڕۆمانهکان بخرێنە ڕوو. له سهرهتاوه بۆ ئێستاکه ڕەخنە بەگشتی و فۆڕمی ڕەخنەگرتن لە ڕۆمانەکان، گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە، لە هەڵسەنگاندنی تاکەکەسی و هەست و سۆزەوە بۆ دۆزینەوەی یاسا و پێکهاتەکانی تێکست، کە لە ناوەخنی گێڕانەوەیەکدا شاردراونەتەوە.
لە دۆخی پۆستمۆدێرندا ئەم گۆڕان و جووڵەیە درێژەیان پێ دراوە. ئەمجارە لە ڕەخنەدا پرسیار لە هەقیقەت، مانا و دەستەڵات کرا و سەرنج خرایە سەر فرەواتایی و شکاندنی چوارچێوە کلاسیکییەکان، لەو ڕێگەیەوە ڕەخنەی سیمۆتیکی پەیدا بوو و نیشانە و ئاماژە و هێماکان و چۆنیەتیی دروستبوونی واتا لە ڕێگەی نیشانەکانەوە بڕهوی پێ درا. لە کۆتایییەکانی سەدەی بیست، قوتابخانەیەکی دیکەی گرنگ کەوتە نێو بابەتی ڕەخنەی ئەدەبییەوە، بەتایبەت لە بازنەی ڕەخنەگرتن لە ڕۆماندا، ئەویش ڕەخنەی پێکهاتەخوازی بوو. ئەم جۆره ڕەخنەیه یەکێکە لەو قوتابخانانەی بە کاریگەرییەکی گەورە و بەهێزهوه دهرکهوت.
هەموو تێکستێکی ئەدەبی بەپێی پێکهاتە و سیستەمە نیشانەیییەکانی ناوەوەی کار دەکات، نەک بەپێی مەبەستی خوێنەر یان ژیانی نووسەر. تێکست بە سەربەخۆیی لێک دەدرێتەوە و زانیاریی دەرەکی پشتگوێ دەخرێت. لەبەرانبەردا بایەخدان بە پێکهاتە و سەرنجدان لە وردەکاریی ڕێکخستنەکانی نێو تێکست و پێوەندیی نێوان توخمەکانی تێکست، هەڵکۆڵینی تێدا دەکرێت.
لەم قۆناغەدا سیستەمی زمانەوانی بایەخی پێ درا و تێکستەکان خرانە بەردەم جۆرێک لە دووانەی دژیەک، کە بنەڕەتن و پێوەندییان بە دروستبوونی تێکستەوە هەیە، وەک: باش-خراپ، ڕووناکی-تاریکی، ژیان-مردن. لە ڕێگەی کۆد و ئاماژەکان و ئهو دژیهکییهوه مانا دروست دهبێت. (تزڤیتان تۆدۆرۆڤ) ڕەخنەگری فەرەنسی-بولگاری، وەک یەکێک لە پێشەنگەکانی قوتابخانەی پێکهاتەگەراییی فڕەنسی، بیرۆکەیەکی گرنگی خستە ڕوو، کە ڕەخنە نابێت تەنیا وەسفکردنی کارێکی هونەری بێت، بەڵکوو پێویستە بە دوای زانستێکدا بگەڕێت لە ئەدەبیاتدا، زانستێک کە بتوانێت ئەو خەسڵەتە نهێنییەی کە تێکستێک دەکاتە ئەدەب، دەستنیشان بکات. ڕەخنەی ڕۆمان، وەک پیشە و هونەرێکی سەربەخۆ، پشت بە ڕێگەچارە فەلسەفی و شیکردنەوە بنچینەییەکان دەبەستێت. یەکێک لە گرنگترین ئەو ڕێگەچارانە شیکردنەوەی پێکهاتەیی(Structuralism)ە.
تۆدۆرۆڤ له وتاری شیکردنەوەی پێکهاتەییی گێڕانەوە(Structural Analysis of Narrative)دا کە لە ساڵی ١٩٦٩ بڵاوی کردهوه، ڕۆڵێکی بنەڕەتیی بینی لە گۆڕینی تێگەیشتنمان لە ڕەخنەی ڕۆمان و ڕێگایەکی نوێی خستە بەردەم ڕەخنەگران: مامەڵەکردن لەگەڵ گێڕانەوەدا، نەک وەک دیاردەیەکی کولتووری یان کۆمەڵایەتی، بەڵکوو وەک سیستمێکی زمانەوانی، کە ڕێزمانێکی تایبەتی خۆی هەیە. لهم ئاراستهیهوه تۆدۆرۆڤ بنەمای زانستی گێڕانەوەی (Narratology) دامەزراند و ڕەخنەگرتن لە ڕۆمانی لە بواری هەست و سۆز و کەسێتییەوە بۆ بواری تیۆریی گواستەوە.
گرنگترین بیرۆکەی تۆدۆرۆڤ، پێداگرییە لەسەر ڕێبازی ناوەکی (Internal Approach). ئەو بە ڕوونی دەڵێت: “ئەدەب پێویسته لە خهسڵهته تایبەتەکەیدا، وەک ئەدەب لێی تێبگەین، پێش ئەوەی بە دوای دیاریکردنی پێوەندییەکەیدا بگەڕێین لەگەڵ هەر شتێکی تردا.” تۆدۆرۆڤ ڕەتی دەکاتەوە کە ڕۆمان تەنیا وهک بەرهەمی پێکهاتە دەرەکییەکان تەماشا بکرێت، وەک کۆمەڵناسی مارکسیستی، دەروونناسیی فرۆیدی. ئەو پێی وایە ئەم ڕێبازانە هەرچەندە گرنگن، بەڵام خودی کاکڵه و مۆخی ئەدەب پشتگوێ دەخەن. تۆدۆرۆڤ بە ڕێبازی پێکهاتەخوازی داوا لە ڕەخنەکاران دەکات سەرنج بدەنە پێکهاتەی زمان، کە ههوێنی دروستکردنی تێکستە. ئەمە واتای ئەوە نییە بەهای کۆمەڵایەتی یان دەروونی له ڕۆماندا نکۆڵیی لێ بکرێت، بەڵکوو جهختکردنهوهیه لەوەی شیکردنەوە پێویسته لەسەر چۆنیەتیی دروستبوونی گێڕانەوە بێت، نەک لەسەر فاکتەری دروستبوون. ڕۆمان یەکەم جار تێکستێکی زمانەوانییە، پێکهاتەیەکە لە نیشانە، کۆد و هێما، پاشان کاریگەرییەکی کۆمەڵایەتی یان دەروونییە.
تۆدۆرۆڤ زمان دەکاتە ژێرخانی بنەڕەتی بۆ شیکردنەوەی گێڕانەوە. چۆن لە ڕێگەی هەڵکۆڵینی زمانەوە بناخەی سروشتیی ڕێزمان دەدۆزینەوە، ئەوهایش لە ڕێگەی ڕەخنەی ئەدەبی، دەگەینە ڕێزمانی گێڕانەوە. کۆمەڵە یاسایەک هەن، بهرچاوڕوونیمان دهدهنێ، چۆن چیرۆکێک دروست دەبێت، چۆن کاراکتەرەکان جووڵە دەکەن، چۆن کات و شوێن ڕێک دهخرێن. بەم شێوەیە تۆدۆرۆڤ دەتوانێت چیرۆکە ههره ئاڵۆزەکان بخاتە خانەیەک و شڕۆڤهیان بکات، هەروەک چۆن زمانەوانێک ڕێزمانییانه ڕستەکان شی دەکاتەوە.
ڕەخنەگرتن له ڕۆمان، کارێکی لەخۆڕا (ڕهندۆم) نییه. شیکردنەوە و ڕامانه لە تەکنیک و نێوهڕۆک له ڕووی: پێکهاتە و چیرۆک، ئایا گیڕانهوهکه چەندە بە سەرکەوتوویی داڕێژراوه و چەند جێی باوهڕه؟ ئایا ڕووداوەکان بە چ شێوازێک ڕێک خراون؟ ئایا گرژی و خاوبوونهوه باش دوای یهکتر خراون؟ ئایا کەسێتییەکان سەرنجڕاکێشن و ههست به ههبوونیان دهکرێت؟ ئایا گەشەسەندنی کارهکتهر ڕووی داوە؟ کارهکتهرهکان چەندە نزیکن لە مرۆڤی ڕاستینە؟ ئایا ئەو بیرۆکانە چۆن پێوەندیان لەگەڵ کۆمەڵگە و مێژوو و فەلسەفە دامەزراندووە؟ ئایا نەخشەی گێڕانهوه وهک ڕاستی خۆی دهردهخات؟ ئایا ژینگە یارمەتیی دەدات بۆ گەیاندنی بارودۆخی ڕووداو و کەسێتییەکان؟ ئایا زمانەکە خاوەنی تایبەتمەندێتییە؟ نووسەر چەندە سەرکەوتوو بووە لە بەکارهێنانی میتافۆر، پارادۆکس، ڕێزمان و ڕستەسازیدا؟ دیالۆگەکان چەندە سروشتین؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە، دەبێتە ڕێگەیەک کە دەکرێ ناو بنرێ: ڕەخنەی ناوەکی. ئەم ڕەخنەیە تیشک دەخاتە سەر هۆکارە ناوەکییەکانی ڕۆمانەکە خۆی، وەک پێکهاتە، زمان، کەسێتی و ناوەڕۆک. لێرەدا ڕەخنەگر کار لەسەر تەکنیک و هونەری نووسەر دەکات، بەڵام ڕەخنەی دەرەکی پێوەندیی نێوان ڕۆمانەکە و جیهانی دەرەوە شڕۆڤه دهکات. وەک پێوەندیی ڕۆمانەکە بە مێژوو، کۆمەڵگە، ئابووری، فەلسەفە، ئایین و سیاسەتەوە.
با وردتر سهنج بدهین، ئهوانهی بایهخ به ناوهڕۆك دهدهن، دهپرسن: چۆن ڕۆمانەکە داڕێژراوه و وردهکارییه تەکنیکییەکان کامانهن؟ بنیات، کاراکتەر، ڤهگێڕ، زمان، سیمبۆل و ڕێتم چۆن ڕێك خراون؟ ئایا بنیاتەکە یەکگرتووە؟ ئایا کاراکتەرەکان گەشە دەکەن؟ ئایا کارهکتهر و ڤهبێژەر باوەڕپێکراون؟ ئایا زمانەکە بههێز و گونجاوە؟ ئایا سیمبۆلەکان بە شێوەیەکی ئۆرگانی لە تێکستدا ڕەگیان داکوتاوه یان بە زۆرەملێ داچێنراون؟ ڕستەکان چۆن دروست بوون؟ دەنگی گێڕانەوەکە چۆنە؟ زمان تەنیا ئامرازێک نییە، بەڵکوو خودی هونەرەکەیە، بۆیە دەبێت بپرسرێت ئایا زمانەکە سادە و ڕوونە یان ئاڵۆز و چڕە؟ هەردووکیان دەتوانن کارامە بن، بەڵام دەبێت بە مەبەست بە کار بهێنرێن. ئایا زمانەکە گونجاوە لەگەڵ بابەت و کاراکتەرەکاندا؟ ئایا ڕیتم له گێڕانهوهکهدا ههیه؟ ڕستە درێژ و کورتەکان دەتوانن بیرکردنهوه و هەست دروست بکەن؟
له بهرانبهردا ئهوانهی بایهخ به پێوهندییهکان و کاریگهرییه دهرکییهکان دهدهن، دهپرسن: ئایا ڕۆمان لە بۆشاییدا دروست دهبێت؟ ئایا هەر ڕۆمانێک بەرهەمی سەردەمێک، شوێنێک و کولتوورێک نییه؟ ڕۆمان ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگای خۆیەتی؟ ڕۆمان چۆن وەڵامی بارودۆخە مێژوویی و سیاسییەکان دەداتەوە؟ ڕۆمان چۆن لەگەڵ ئەدەبیاتی پێش خۆیدا دەدوێت؟
تۆدۆرۆڤ باوەڕی وایە هەموو چیرۆک و گێڕانەوەیەک ڕێسا و پێکهاتەیەکی بنهڕهتیی هەیە، هەروەک چۆن زمان ڕێسا و ڕێزمانی هەیە. ئەرکی ڕەخنەکاره ئەم پێکهاتە نھێنیانە بدۆزێتەوە. تۆدۆرۆڤ دەڵێت: پێکهاتەی چیرۆک دەکرێت وەک پێکهاتەی ڕێزمانی نێو ڕستهیهک بخرێتە ڕوو. پاڵەوانەکانی ڕۆمان وەک – ناو (Noun)، کردەوەکانیان وەک – کار(Verb)، خەسڵەتەکانیان وەک – ئاوەڵناو (Adjective) تهماشا بکرێن. پریپۆزیشن(Proposition) بچووکترین یەکەی پێکهاتەی گێڕانهوه و ڕووداوه. واتا پێکهاتەی گێڕانەوەکان پێک دێن لە کەسێتییەک (ناو) و کردەوەیەک (کار) و وهسفی ناو و کارهکان (ئاوهڵناو- ئاوهڵکار). بۆ نموونە: پیاوێک (ناو) دەچێتە دەرەوە (کار)، چۆن دهیکات و پیاوهکه چۆنه-(وهسفه). ڕۆمانێکی تەواو لە ڕیزبەندی و پێکەوەگرێدراوی ئەم یەکه بچووکانە دروست دەبێت. پریپۆزیشنەکان خۆیان کۆ دەبنەوە و زنجیرە دروست دەکەن. ئەم زنجیرانە یەکەیەکی تەواو لە چیرۆکەکە پێک دەهێنن، وەک تاقیکردنەوە، تۆڵەسەندنەوە یان ههوڵدان و ئاشتبوونهوه.
تۆدۆرۆڤ له بارهی ڕۆڵ و پێگهی کارهکتهرهکان، هاوڕای (ڤلادیمیر پڕۆپ)ە، لهبارهی تیۆریی (کەسێتی وەک ئهرک- فەنکشن). پڕۆپ ئهم تیۆرییهی لە شیکردنەوەی چیرۆکە خورافییە ڕووسییەکاندا خستە ڕوو. پێی وابوو کەسێتییەکان لە گێڕانەوەدا تەنیا بە تایبەتمەندێتییە تاکەکەسییەکانیان دیاری ناکرێن، بەڵکوو بە ڕۆڵ و کردەوەکانیان پێناسه وهردهگرن. لە ڕەخنەی کلاسیکیدا کەسێتییەکان وەک مرۆڤی ڕاستینە تهماشا دەکران، بە هەست و بیر و دەروونی ئاڵۆزهوه تێکهڵمان دهبوون، بەڵام تۆدۆرۆڤ دەڵێت کەسێتی لە بنەڕەتدا فەنکشنە. کارهکتهر لە چیرۆکدا بۆ ئەنجامدانی کارێکی دیاریکراو هەیە. تۆدۆرۆڤ ئەم بیرۆکەیە بەرفراوانتر دەکات و دەڵێت: لە هەر گێڕانەوەیەکدا، کەسێتییەکان بەپێی کار و کردەوەکانیان دیاری دەکرێن، نەک بەپێی بوون و ئامادەیییان. واتا: کەسێتی تەنیا (بکەر)ی کردارە وەک ئەوەی لە ڕستەدا (ناو) بکەری کردارە.
تۆدۆرۆڤ ویستیی چوارچێوەی ڕەخنە لە هەستەکان دوور بخاتەوە و نزیک بێتەوە لە زانست و ڕەوشت، کە تێیدا شیکردنەوەکە لەسەر بنەما و سیستەم و ڕێسایەک ڕێگهی خۆی بگرێت.
تۆدۆرۆڤ هەوڵی داوە (ڕێزمان)ێک بۆ گێڕانەوە دابڕێژێت و ڕێساکانی جێبەجێ بکات. لەم ڕێزمانەدا، جۆرە جیاوازەکانی کردار (کار) و پێوەندیی نێوان کەسێتییەکان دهربخات. بۆ نموونە: کردارەکان دەکرێت دابەش بکرێن بۆ (ئاکتی نەخشەدانان) و (ئاکتی ڕفتار)، پێش تۆدۆرۆڤ، زۆرێک لە ڕەخنەگران تیشکیان دەخستە سەر ناوەڕۆک و مانای ڕۆمان. تۆدۆرۆڤ ڕەخنەکەی کردە زانستی شیکردنەوەی پێکهاتە نھێنییەکانی گێڕانەوە. ئەمەیش یارمەتییەکی بەرچاوە تا له ڕێگەی شیکردنەوەی پێکهاتە، جیاوازی لەنێوان ڕۆمانەکان بدۆزرینەوە و قسهیان له بارهوه بکهین. تۆدۆرۆڤ ویستیی چوارچێوەی ڕەخنە لە هەستەکان دوور بخاتەوە و نزیک بێتەوە لە زانست و ڕەوشت، کە تێیدا شیکردنەوەکە لەسەر بنەما و سیستەم و ڕێسایەک ڕێگهی خۆی بگرێت.
مەبەستی سەرەکیی تۆدۆرۆڤ لەم وتارەدا، تەنیا شیکردنەوەی کارێکی ئەدەبیی دیاریکراو نییە، بەڵکوو ئامانج لێی دۆزینەوە و پێناسەکردنی ئەو پێکهاتە ئەبستراکتە و هێڵکارییە بنەڕەتییە گێڕانەوەییەیە، کە لە پشتی هەموو بەرهەمەکانەوەیە، واتە دۆزینەوەی (زمانی گێڕانەوە) نەک تەنیا پشکنین و شڕۆڤهی تاکهکهسییانه. جێبەجێکردنی ئەم بنەمایە بۆ ڕەخنە، واتا دهربازبوون له قسهی ساده و کڵێشهییی لهبارهی ڕۆمان، لێرهوه بازنهی ڕەخنە لە پێداههڵگوتن یان دژایەتیکردنهوه دەگۆڕێت بۆ شیکردنەوەی میکانیزم و ڕێزمان و شێوازەکانی دروستبوونی خودی گێڕانەوەکە.
ژانر بە پێکهاتەیەکی مۆدالیتیی زاڵ دیاری دەکرێت. واتا، هەر ژانرێک شێوازی دیاریکراوی مامەڵەکردنی هەیە لەگەڵ ڕاستی، گومان و باوەڕدا.
لایەنێکی دیکەی گرنگی تیۆریی پێکهاتهخوازی، تێگهیشتنه لە چهمکی ڕێگه- شێواز (Modality) له گێڕانەوەدا، شێواز تەنیا دەرخەری ڕووداوێک نییە، بەڵکوو شێوازی ڕووداوەکەیش دهگرێتهوه: ئایا ئەم ڕووداوە ڕووی داوە؟ ئهگهری ڕوودانی ڕووداوهكه چهنده؟ پێویستە ڕوو بدات، یان ئەستەمە ڕوو بدات؟ تۆدۆرۆڤ دوو جۆر مۆدالیتی- شێواز دیاری دەکات: ئاماژە بە ڕووداوه ڕاستینەکان دەکات کە ڕوویان داوە و ئاماژە بە ڕووداوە گرنگهکان، ئارەزوومەندەکان یان مەرجییەکان دەکات که ڕوویان نهداوه. ئەم جیاوازییە زۆر گرنگە لە شیکردنەوەی ڕۆمان. ژانر بە پێکهاتەیەکی مۆدالیتیی زاڵ دیاری دەکرێت. واتا، هەر ژانرێک شێوازی دیاریکراوی مامەڵەکردنی هەیە لەگەڵ ڕاستی، گومان و باوەڕدا.
تۆدۆرۆڤ له شڕۆڤهی گێڕانهوهدا بایهخ به سێ جۆر پێوەندی دهدات: یهکهم، (کات) کامە بهش و پاژ پێش کامەیە؟ ئایا گێڕانەوەکە بە ڕێکوپێکی کات دەڕوات یان بە شێوازێکی پچڕپچڕ- تێکهڵ؟ دووهم، (هۆکار): ئایا ڕووداوێک هۆکاری ڕووداوێکی دیکەیە؟ ئەم جۆرە پێوەندییە پایهی وهستانی پڵۆتە. بێ پێوەندیی هۆکار، گێڕانهوه تهنیا زنجیرهیهک ڕووداوی دوای یهکتر خراوه. سێیهم، (شوێن): کاراکتەرەکان لە کوێن؟ چۆن شوێن کاریگەری دەخاته سەر ڕووداوەکان؟ گرنگیی ئەم پێوەندییانە لەوەدایە کە بنیاتی چیرۆک دروست دەکەن. بهگشتی دهکرێ بپرسین، ئایا ڕووداوەکانی گێڕانهوهیهک یەک لە دوای یەک ڕوو دەدەن؟ ئایا چەند ڕووداوێک لە هەمان کاتدا ڕوو دەدەن (وەک دوو چیرۆکی هاوتەریب)؟ ئایا چیرۆکێک لەناو چیرۆکێکی دیکەدایه؟ ههروهها پێویسته بزانین، چیرۆک تەنیا لیستێک ڕووداو نییە، بەڵکوو زنجیرەیەک ڕووداوی بهیهکهوهپێوهستکراوه، کە هەر یەکەیان کاریگەریی لەسەر ئهوی دیکەیان ههیه. ئەم جۆرە شیکردنەوانە ڕێگە بە ڕەخنەگر دەدهن – نهخشهی گێڕانەوە، بە وردی بپشکنێت و ببینێت چۆن توخمەکان پێکەوە لکاون.
گرنگترین ئامانجی تۆدۆرۆڤ لە هەموو ئەم شیکردنەوانەدا، دۆزینەوەی ئهدهبیهت (Literariness)ە. ئەو تایبەتمەندێتییە شاراوەیەی کە تێکستێک دەکاتە ئەدەب و جیای دەکاتەوە لە مێژوو و زانست و دایدهبڕێت له گێڕانهوهکانی زمانی میللی و ڕۆژانە، وتاری ڕۆژنامەوانی و هیی دیکه. ئەم پرسیارە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە ڕووبەڕووی زۆرێک له ڕهخنهگران کراوهتهوه و بۆچوونی جیاواز له بارەیەوه خراوهته ڕوو.

تۆدۆرۆڤ لە ڕوانگەی پێکهاتەخوازییهوه ئەم تێگهیشتنه پاته دەکاتەوە، ئهدهبیهت لە پێکهاتە تایبەتەکانی تێکستدا حهشار دراوه، مهبهستی چۆنیەتیی بەکارهێنانی زمان و شێوازی ڕێکخستنی بەندەکانی گێڕانەوە و جۆری پێوەندییە کاتی و هۆکارییەکانه. بەم شێوەیە ڕەخنەی ئەدەبی لە هونەرێکی سۆزدارانهوە بۆ زانستێکی سیستێماتیک دەگۆڕێت. تۆدۆرۆڤ ئامانجی بووه- زانستی ئەدەب- دابمەزرێنێت، زانستێک کە میتۆد و پێوەری ڕوونی هەبێت، زانستێک بتوانێت یاسا گشتگیرەکانی بهرکار بکات و بخاته ڕوو. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، پشت بە بازنهی وردهکارییهکانی زمان دەبەستێت. واتا، ئەو زاراوه زمانەوانیانهی له بازنهی شیکردنهوه و ناسینهوهی زماندان وەک بکەر، کردار، ئاوهڵناو، مۆدالیتی، سینتاکس، دهکرێت بۆ شیکردنەوەی گێڕانەوە سوودیان لێ وهربگیرێت. ئەمە دوو سوودی بهرچاوی هەن:
یەکەم: زمانەوانەوانی، زانستێکی دامەزراوە بە میتۆد و زاراوەی ڕوون. بە بەکارهێنانی زاراوەکانی، ڕەخنەی ئەدەبی دەتوانێت لە سۆز و ڕای تاکەکەسی دوور بکەوێتەوە و ببێتە شیکردنەوەیەکی سیستێماتیک.
دووەم: چونکە زمان خودی کەرەستەی دروستکەری ئەدەبە، بەکارهێنانی زمانەوانی واتای ئەوەیە: زمان بە زمان شی دەکرێتەوە. لای تۆدۆرۆڤ ئەمە بابەتیانەترین ڕێبازە، چونکوو ئەدەب خۆی لە زماندا دروست بووە و زمانەوانی تاکه زانستە بتوانێت بە ڕاستی لە ماهیەتی ئەدەب نزیک بێتەوە. هەرچەندە ئهم ڕوانگهیه بایەخێکی گەورەی بۆ ڕەخنەی ڕۆمان هەیە، بەڵام ڕەخنەگران ئاماژە بە ههندێک کۆت و بهند و سنوور دەکەن. گرنگترین ڕەخنە ئەوەیە: پێکهاتەخوازی بایهخ و گرنگیی ڕۆڵی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و تایبەتمەندێتیی کولتووری ناهێڵێت. کاتێک لهو چوارچێوهیەدا ڕۆمانێک وەک سیستمێکی زمانی سەیر دەکهین، ئەوا دەرەوەی تێکست به تهواوی پشتگوێ دەخهین، له کاتێکدا دهزانین ڕۆمان تەنیا پێکهاتەیەکی ئەبستراکت نییە، بهڵکوو ڕۆمان بەرهەمی سەردەمێکە، دەنگی مرۆڤێکە، وەڵامێکە بە بارودۆخێکی کۆمەڵایەتیهوه، گوزارشته له ههست و دۆخی جیاوازجیاوازیش.
باختین پێی وایه ڕۆمان دایالۆگە و لهو دیالۆگهدا چەندان دەنگ بهر یهکدی دهکهون، وهک دەنگی کولتوورە جیاوازەکان، چینە کۆمەڵایەتییەکان، ئایديا سیاسییەکان.
ڕەخنەگرانی مارکسیستی و مێژوویی- کۆمەڵایەتی وەک لۆکاچ و باختین بۆچوونیان لهگهڵ ڕهخنهی پێکهاتهخوازی یهک ناگرێتهوه. باختین پێی وایه ڕۆمان دایالۆگە و لهو دیالۆگهدا چەندان دەنگ بهر یهکدی دهکهون، وهک دەنگی کولتوورە جیاوازەکان، چینە کۆمەڵایەتییەکان، ئایديا سیاسییەکان. ئەم دیالۆگانه بە شیکردنەوەی پێکهاتەیی بێبایهخ دهکرێن. ههروهها له ڕهخنهی پێکهاتەخوازیدا، نووسەر و خوێنەریش تهواو پشتگوێ دەخرێن. ڕۆلان بارت لە (مەرگی نووسەر)دا باسی ئەوەى کرد، ئهوه خوێنەر تێکست به هۆی ماناکانهوه دروست دەکاتەوە، نەک تەنیا نووسەر، بەڵام لە شیکردنەوەی پێکهاتەییدا نە نووسەر شوێنی هەیە و نە خوێنەریش، بەڵکوو تەنیا پێکهاتەی تێکست گرنگە. (ڕەخنەی وەڵامی خوێنهر) پێی وایە هەر خوێنەرێک مانایەکی جیاواز دروست دەکات و هێزی خوێندنەوە لە مانای تێکست جیا نابێتهوه.
لە بەرانبەردا وهک پاڵپشتى بۆ پێکهاتەخوازیی تۆدۆرۆڤ، دهشێت بڵێین، مانا لە یاسا گشتگیرەکانی پێکهاتەدا دەستنیشان دەکرێت، نەک لە هێزی تاکەکەسیی خوێنەردا. پاشان دهپرسن پێش ئەوەی بزانین تێکستێک چۆن و بە کۆنتێکستەوە گرێ دراوە، پێویستە بزانین خودی تێکستهکه چۆن کار دەکات. تۆدۆرۆڤ ڕوونی کردووهتهوه، که دژی شیکردنەوەی مێژوویی یان کۆمەڵایەتی نییه، بەڵکوو پێی وایە ئەوە دەبێت دوای شیکردنەوەی پێکهاتەیی بێت، نەک پێشتر. ئەمە واتای وایه پێکهاتەخوازی خۆی بە (پلەی یەکەمی شیکردنەوە) دەبینێت. واته: ئەوکات دەتوانین بپرسین لەبارەی پێوەندییەکانی تێکست لەگەڵ مێژوو، کۆمەڵگا و کولتوور، که بنیاتی پێکهاتهکه ئاما دهبێت. وهک پوختهیهک دهکرێ ههردوو ڕوانگه له بهرچاو بگرین و بڵێین: ڕۆمان دوو دیووی ههن، لە لایەک پێکهاتەیەکی زمانەوانییە کە دەتوانرێت بە شێوەی زانستی شڕۆڤه و شیکردنهوهی بۆ بکرێت، لە لایەکی دیکەوه دەنگی مرۆڤێکە، کە چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە، وێنەی ئهو جیهانهیه تێیدا دەژیین، ههروهها جۆرێک گفتوگۆیە لەگەڵ خوێنەردا.
ڕەخنەگری بهئاگا، هەردوو ڕووخسارەکە دەبینێت. یەکەم جار لەگەڵ چاوی پێکهاتەخواز دەڕوانێت و دەپرسێت: چۆن ئەم تێکسته دروست بووە؟ کام یاسا بە کار هاتووە؟ دواتر دەپرسێت: ئەم تێکسته چیم پێ دەڵێت؟ چۆن تێگەیشتنم لە مرۆڤ و جیهان دەگۆڕێت؟
تۆدۆرۆڤ پێمان دەڵێت ڕۆمان – ڕێزمان- نییە، بەڵکوو -گێڕانەوە-یە، بەڵام بۆ ئەوەی چاکتر بگەین بە گێڕانەوەکە، پێویستە یەکەم جار ڕێزمانەکەی تێبگەین. تۆدۆرۆڤ له ڕۆماندا پێکهاتەی پڵۆت بە شێوەیەکی بنەڕەتی شرۆڤە دەکات. بە بڕوای ئەو پڵۆتی تەواو بریتییە لە: گواستنەوەی دۆخێکی هاوسەنگ بەنێو دۆخێکی شێواودا بۆ گەیشتن بە دۆخێکی هاوسەنگیی نوێ، کە له هاوسهنگیی سهرهتا دهچێت، بەڵام هەمان شت نییە. ئەم شێواندنە پێویستە وەک پێکهاتەیەکی بهردهوام جووڵاو تهماشا بکرێت، نەک تەنیا وەک ڕووداوێکی دەرەکی. لێرهدا ڕهخنهگری ڕۆمان له دۆخی نوێ ڕا دهمێنێت، ئایا ئەم هاوسەنگییە نوێیە چ جۆرە سپهیس و گۆڕانێکی هێناون؟ ئایا به چ جۆره ئهنجامێک گهیشتووه؟ ئایا ڕوویهکی نوێی کاراکتەرهکان دهبینین یان تەنیا پاشەکشەیە بۆ دۆخێکی وهستاو؟
گێڕانەوە لای نووسهری کوردی، یان گێڕانهوهیهکی سادهی کلاسیکییه یان پڕە لە ئاڵۆزیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژوویی.
دهمهوێت لهو ڕوانگهیهی تۆدۆرڤهوه لهبارهی دنیای ڕهخنه و گێڕانهوهی کوردییەوە چهندسهرنجێکی کورت بنووسم:
بەگشتی گێڕانەوە لای نووسهری کوردی، یان گێڕانهوهیهکی سادهی کلاسیکییه یان پڕە لە ئاڵۆزیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژوویی. ههڵبهت لێره و لهوێ جاروبار ڕۆمان بڵاو دهبنهوه، كه مرۆڤ چهقی ئیشكردنه و دۆخه ئێستاتیكییهكان ڕووی زاڵن، بهڵام ئهم ههوڵانه كهم و دهگمهنن. دهتوانین بڵێین: هاوسەنگیی سەرەتا، به مانای وێناکردنی ژیانی ئاسایییانەی تاکی کورده پێش ڕووداوێکی گەورە، بۆ نموونه ڕووداوی (ههڵگیرسانی شۆڕش، ئەنفال، کۆڕهو، شهڕی ناوخۆ، ڕاپەڕین) یان دۆخێکی کۆمەڵایەتیی (وەک ژیانی گوند و وردهکارییهکانی). دۆخی شێواندن ئەو پێکهاتە بنهڕهتیهیه زۆرینهی ڕۆمانی کوردی لەسەر دامهزراوه، وەک (شەڕ، ژنکوژی، زوڵم و دیکتاتۆریەت، ناپاکی له خهڵک و خاک). کاتێک دێین بهم ئاراستهیه شیکردنەوە دهکهین بۆ ڕۆمانی کوردی، له خاڵی یهکهمدا لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان به شێوهی کڕۆنۆلۆژی دادهبڕێین و دهچینه نێو بابەتی چۆنیهتیی شێواز و داڕشتنی گێڕانەوەکە و ئاستی هونهریبوونی گێڕانهوهکه. ئاوڕدانهوه له بنەماکانی (شیکاریی پێکهاتەیی گێڕانەوە)ی تۆدۆرۆڤ، چوارچێوهی ئهم فۆڕمه له خوێندنهوه و ڕهخنه ئاراسته دهکات. لهو ڕێگهیهشهوه ڕەخنە لە وەسفکردنی بابەتی سادە و بیروباوەڕی کەسێتییەوە دهگۆڕێت بۆ فۆڕمێکی کۆنکرێتی – زانستی و بابەتییانە. ئهم چوارچێوهیه بۆ ڕهخنهگرتن له ڕۆمان ئامرازێکه بۆ شیکردنهوه و شڕۆڤه و ئاوڕدانهوه لە فۆڕم و وردهکاری ناوەکی ڕۆمان.
کاتێک سهرنج له ڕەخنەی ڕۆمان لە ئەدەبیاتی کوردیدا دەدهین، هێشتا زۆرینەی ڕەخنەکان لە ئاستی وەسفکردن و سۆزدان، له ئاستی دابهشکاریی باش و خراپدان، ئهو ڕهخنانه کهمن کە بە میتۆدێکی سیستماتیک کار لەسەر دیوی هونهریبوونی گێڕانهوه و وردهکارییهکانی بنیات، کاراکتەر، ڤهگێڕ و شوێن و کات بکات. زۆرجار ڕەخنەکان دووبارە گێڕانەوەی چیرۆکن یان باسکردنن لە نووسەر و خهسڵهتهکانی نووسهر، که به لای دیوی کۆمەڵایەتیدا شۆڕ دهبێتهوه. جاروبار دهبینین، پێداچوونهوه و ڕانان و کۆمێنت به ڕهخنه ئهژمار دهکرێن. وەک پێشتر گوتمان ئەمە لەوەوە دێت، کە ئەو ڕەخنەیە دایەڵۆگ لەگەڵ تیۆرییە جیاوازەکان دانەمەزرێنێت، تا لەو ڕێیەوە هێزی تر بە تواناکەی بدات.
بەکارهێنانی تیۆریی تۆدۆرۆڤ لە ڕەخنەی ڕۆمانی کوردیدا دەتوانێت دەرگایەکی نوێ بکاتەوە و ڕەخنه لە دۆخی سۆزداری و لایهنگرێتییهوه بگوازێتەوە بۆ شیکردنەوەی زانستی پێکهاتەیی. ڕێگای تۆدۆرۆڤ گهشتێکه لە وەسفەوە بۆ زانست، لە تاکەکەسییەوە بۆ گشتگیری، لە ناوەڕۆکەوە بۆ پێکهاتە- ڕێگایەکی گرنگ و پێویستە بۆ ڕەخنەی ڕۆمان.
هیچ ڕێباز و قوتابخانەیەکی ئەدەبی لە دەرەوەی ڕەخنە و سەرنجەوە نییە. تیۆریی پێکهاتهخوازیش ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە، چونکوو بایەخ و سەنگیی بۆ ئەزموونی نووسەر و خوێنەر نەبوو. ئەم چوارچێوە گشتییە، بەتایبەت لە دیوی کۆمەڵایەتی و مێژووییی تێکست، کەلێنی دروست دەکرد، بۆیە ئەم قوتابخانەیە گەشەی پێ درا و ڕەخنەی پاش- پێکهاتهخوازی دهرکهوت.
هەموو تێکستێک چەندان مانای جودا هەڵدەگرێت و تێکست لە دۆخێکێکی ناسەقامگیردایە و بێژمار مانا بەرهەم دێن.
ڕەخنەی پاش- پێکهاتەخوازی لە ساڵانی ١٩٦٠-١٩٧٠کان هاتە کایەوە وەک وەڵامێک بۆ سنوورداریەکانی پێکهاتەخوازی. خەسڵەتەکان گۆڕانیان بەسەردا هات، هەڵوەشاندنەوەی دۆخی دڵنیایی، بە مانای ئەوەی هیچ واتایەک جێگیر و کۆنکرێتی نییە، نووسەر دەستەڵاتی بەسەر واتادا نییە و خوێنەر واتا دروست دەکات. هەموو تێکستێک چەندان مانای جودا هەڵدەگرێت و تێکست لە دۆخێکێکی ناسەقامگیردایە و بێژمار مانا بەرهەم دێن. بازنەی تیۆرییەکانی مەرگی نووسەر-ی (ڕۆڵان بارت)، هەڵوەشاندنەوەگەرایی (ژاک دێریدا)، تێۆریی دەقئاویزانی (ژولیا کریستیڤا) و بەشدارییەکانی (مێشێل فۆکۆ) لەبارەی مێژووی بیرکردنەوە و دەسەڵات و زانیاریی بازنەی پۆست- پێکهاتەخوازی فرەوان کرد. ئهگهر به خێرایی ئاماژه به خاڵه دیار و جیاوازهکان بکهین، دهڵێین: بازنهی پێکهاتەخوازی پێک دێت له واتای جێگیر، ڕاستکردنهوهی پێکهاتە، سیستەمی داخراو، یاسا گشتییهکان. لهبهرانبهردا بازنهی – پاش-پێکهاتەخوازی پێک دێت له واتای ناسهقامگیر، هەڵوەشاندنهوهی پێکهاته، سیستەمی کراوە، پرسیارکردن لە یاساکان.
تۆدۆرۆڤ یهکێکه لهوانهی لهگهڵ ههردوو دۆخهکهدا خۆی گونجاندووه، ههم قۆناغی پێکهاتهخوازی و ههم قۆناغی پاش-پێکهاتهخوازی. تۆدۆرۆڤ دەستی کرد بە نووسین لەبارەی کۆلۆنیالیزم، مێژووی بیرکردنەوە و ئاکاری مرۆیییەوە. لە کتێبەکەیدا بهناوی داگیرکردنی ئەمریکا (The Conquest of America)دا لە ڕێبازی پێکهاتەخوازییهوه باز دهدات و دەگەڕێتەوە بۆ پرسیارەکانی مێژوو، دەستەڵات. ئەو خۆی دەڵێت: (من هەموو ژیانم خەریکی پێکهاتەخوازی بووم، ئێستاکه کاتی ئەوەیە بگەڕێمەوە بۆ ناوەڕۆک.) ئەم گۆڕانکارییە پرسیارێکی گرنگ دهوروژێنێت: ئایا پێکهاتەخوازی بهسهرچووه؟ کاتێک تۆدۆرۆڤ له کۆتایییهکانی تهمهنی گەڕایەوە بۆ پرسیارەکانی ناوهڕۆک، ئاماژه نییه بۆ بهلاوهنانی پێکهاتەخوازی، بهڵکوو مانای ئهوهیه، پێکهاتەخوازی گرنگ و پێویستە، بەڵام دهکرێ سنوورداریهکهی فرهوان بکرێت.