سەرۆکێک لەناو ڕیشاڵەکان: ئەحمەد شەرع لەنێوان دکتۆر جێکڵ و بەڕێز هاید
دەرکردنی ئەحمەد شەرع و گرووپەکەی [هەتەشە] لە لیستی تیرۆری ئەمریکا و ئەوروپاوە پرسیارێکی لەمێژ و شێلگری نوێ کردەوە: ئەرێ خۆرئاوا هیچ پەرگاڵێکی مۆڕاڵی هەیە؟ ئایا هەڵوێستێکی لەم شێوەیە قەیرانێکی قووڵ لەناو خۆرئاوادا ئاشکرا ناکات لەمەڕ توانستی ناسینەوە و پێناسکردنی “چاکە” و “خراپە”؛ “دۆست” و “دوژمن”؟
“گەر بڕوامان بە نەگۆڕیی جەوهەری شتەکان هەبێت، ئەوا ئەم هەڵگەڕانەوە ڕادیکاڵ و کتوپڕەی سیاسەتی خۆرئاوا بەئاسانی نایەتە ڕوونکردنەوە. ئەوەی لەژێر ئەم ئاوەژووبوونەوە ڕادیکاڵ و لەناکاوەدا ڕاکشاوە، دنیابینییەکە وا دەیەوێت ئەمە ڕابگەیەنێت: بۆ یەکجارەکیی هیچ دۆخێکی سەقامگر بوونی نییە، هیچ جەوهەرێک نەگۆڕ نییە، و هیچ پەیوەندییەکیش لە مێژوودا تاهەتایە نییە.”
پرسیارەکە هەمیشە ئاشکرا بووە، بەڵام بوونی پرسیارەکە لە ئەمڕۆدا بەڕاشکاوی لەناو ژیانمان دەردەکەوێت کاتێک تیرۆریستێکی وەک ئەبو محەمەد جۆلانی هاوشێوەی پاڵەوانێکی نوێی سەدەی بیست و یەک دەنوێندرێتەوە. جێی پرسیاریشە ئایا هەر بەڕاست ئەمە دەکرێت پێی بگوترێت مۆڕاڵ یان شتێکی تر؟ مۆڕاڵێک گەر دابشکێندرێت، لەت ببێت و بۆ ناو ئامرازێکی بەرژەوندتەوەریی سیاسەت ڕەنگڕێژ بکرێتەوە، بەنێویشیدا خۆرئاوا پۆلێنبەندیی دۆست و دوژمنەکانی تیادا بکات. سیاسەتێک کە لە چوارچێوەیدا تەنانەت قێزەوەنێکی کۆمەڵکوژیش دەکرێت چۆڵەچرا و نیشانەیەکی وەک “دۆستێکی بەکەڵک” وەربگرێت؟
پێدەچێت ئەم شکستە ئاکارییە هەلێک بێت بۆ پەیپێبردن بە ڕیشەگەلی قووڵتر، گەیشتن بێت بۆ ناو چەقی دنیابینیی سیاسیی خۆرئاوا، لەپێناو هەڵسەنگاندنی ئەوەی، کە ئاخۆ ئەمە تەنیا ناتەواویی مۆڕاڵی چینێکی تایبەتی سەرمایەدار و سیاسییە خۆرئاوایییەکانە، یانیش پرسەکە پەیجوورییەکی وردتر دەخوازێت لەمەڕ شێوازی تێڕوانینی خۆرئاوا لە مێژوودا بەرانبەر مرۆڤایەتیی بەگشتی و “ئەویتری گەورە” بەتایبەتی؟
پرسەکە بە ئاراستەی پرسیارێکی زۆر بنچینەییتردا دەڕوات، کە بەردەوام فیکر و ئەدەبی خۆرئاوای سەرقاڵ کردووە: ئەوانیش هەردوو چەمکی پێناسکردن و خەسڵەتپێدانن. بە مانایەکی تر، ئایا شتەکان خاوەن جەوهەرێکی بێخەوش و جێگیرن، یانیش لە ئەسڵدا هیچ شتێک نییە خاوەن جەوهەرێکی جێگیر بێت، و بەم بارەش ئەوەی هەیە شتێک نییە جگە لە لێشاوێکی بەردەوام و گۆڕاو؟ بەڕاست دۆخێکی داکوتراو، پەتیی و جێگیر بوونی هەیە؟ یانیش تەنیا خاوەنی گواستنەوە، ناجێگری و جیاوازیین؟

گەر بڕوامان بە نەگۆڕیی جەوهەری شتەکان هەبێت، ئەوا ئەم هەڵگەڕانەوە ڕادیکاڵ و کتوپڕەی سیاسەتی خۆرئاوا بەئاسانی نایەتە ڕوونکردنەوە. ئەوەی لەژێر ئەم ئاوەژووبوونەوە ڕادیکاڵ و لەناکاوە ڕاکشاوە دنیابینییەکە وا دەیەوێت ئەمە ڕابگەیەنێت: بۆ یەکجارەکیی هیچ دۆخێکی سەقامگر بوونی نییە، هیچ جەوهەرێک نەگۆڕ نییە، و هیچ پەیوەندییەک لە مێژوودا تاهەتایە نییە.
کێشەکە سەرەتا لە فیکری گریکدا دەردەکەوێت.
لای ئەفلاتوون، ئارەزووی گەڕان بەدوای ئاڕکەتایپ[جۆرەهێڵ]ە نەگۆڕ و پێناسە جێگیرەکان بەشێکی بنچینەیین لە پڕۆژە فەلسەفییەکەیدا. لە کارەکانیدا، دەکرێت شت لەڕاستیدا خاوەن جەوهەر و پێناسێکی نەگۆڕ بێت. جیهانی ئەفلاتوونی فۆڕمەکان نیشتنگەی جەوهەرە چەسپیو، ڕەسەن و ڕاستەقینەکانە؛ لەناو ئەم پانتایییە ئایدیاڵەدا، شتەکان خاوەن جەوهەری چەسپاو و فۆڕمێکن وا هیچ کاتێک گۆڕانیان بەسەردا نایەت. لەدوای ئەفلاتوون، دیدە جەوهەرگەرایییەکە لەلایەن ئەرستۆوە بایەخی زیاتری پێدرا. لای ئەرستۆ شتەکان خاوەن جەوهەرێکن، کە گرنگ نییە کەتواری دەوروپشتی چۆنچۆنی لە گۆڕاندایە و دەگۆڕدرێت، جەوهەرەکە هەر بە دەستلێنەدراو و نەگۆڕی دەمێنێتەوە. ئەم تێڕوانینە کلاسیکەی لەمەڕ نەگۆڕی، چەسپاوی و جێگیریی دۆخی شتەکان لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕۆشنگەری گورزێکی ڕووخێنەری ئەزموون کرد.
ڕۆشنگەری لەگەڵ هاتنیدا زنجیرەیەک تێڕوانینی نوێی هێنا. هەر لەو ساتەوەش تاوەکو ئێستا، باڵی ڕاستڕەوی فیکری خۆرئاوا بەدەگمەن خۆی بە مانا و دەستنیشانکردنێکی نەگۆڕەوە لکاندووە؛ ئەمەش وای کرد کۆمەڵگە لە جۆرە بیروباوەڕگەلی وەک جەوهەری بێخەوش و نەگۆڕ دوور بکەوێتەوە. هەر پەیوەست بەمەوە: لە سەردەمی مۆدێرن، وێنەی پیادەکردنی لۆژیکی جەوهەرگەرایی لەلایەن خۆرئاواوە هەمیشە بووەتە هۆی ئەوەی کارەسات بخوڵقێنێت. بۆ نموونە، لە ئەڵمانیای نازی، کاتێک جووەکان وەک تاقە یەکەیەکی یەکتەرز داندران لەوەی هەموویان بە جەوهەر هەڵگری خراپەن، خراپەیەکی گریمانەیی کە بە خوێن و ڕەگەزییانەوە گرێدرابوو.

بەڵام لێرەدا، پەیوەست بەم دنیابینییەی خۆرئاوا دیو و ڕایەڵەیەکی تر هەیە؛ دیوێک کە بڕوای بە گۆڕان، نەسرەوتوویی و فرەیییە ناکۆتاکانە. خۆی لە خۆیدا، پەرچەڕوانینێکی لەم شێوەیە بەڕاستی ئەرێنییە. هەرچۆنێک بێت، ئاکارێتیی نیولیبڕاڵ ئەم ڕوانینە جێمتمانە و ئەرێنییەی بۆ خۆی هەڵپەساردووە لە خزمەت بەرژەوندییەکانی پێچێکی پێ لێداوە، و ئاراستەکەی بۆناو ئامرازێکی پڕاگماتیکی گۆڕیوە، کە بەمە دژایەتی مانای ڕەسەنی ڕوانینەکە دەکات، و دژایەتییەکی قووڵتری چەمکی گۆڕان و فرەییش دەکات.
لە سەردەمی پۆستمۆدێرندا، دنیابینیی خۆرئاوا لەژێر سێبەری کەلتوورێکی ناجێگیر، نا-کێیەتی و شێوەگۆڕاندا نەخشەکێش بووەتەوە: گەر خۆرئاوا لە ساتێکدا بەدیاریکراوی کێیەتییەک پێناسە بکات، تەنیا بۆ ئەوەیەتی کە ناسنامەکە لە ساتی دواتردا ئیمکانی ئەوەی هەبێت هەڵبوەشێت و مەحف ببێتەوە. بەڕوونی بیڵێین، لە ڕەوتی فەلسەفیی هەرە گرنگی ئێستای خۆرئاوادا، هەموو شتەکان فرەبیچم و فرەناسنامەن. یانیش، وەک ئەو فەیلەسووفانەی سەر بە نەریتی هیگڵی و ماڕکسیستین، کە وەک هەرجار بانگەشە دەکەن: “هەمووشتێک لەناو خۆیدا دژەکەی خۆی هەڵگرتووە.”
ئەم دیدە فەلسەفییە لە سیاسەتیشدا ڕەنگی داوەتەوە. ڕێک وەک بەڕێز هایدی خراپ، کە دکتۆر جێکڵی باشی لەخۆدا هەڵگرتبوو، بەهەمان شێوە دەکرێت بەڕێز جۆلانی خراپ دکتۆر شەرعی باشی لەخۆدا هەڵگرتبێت.
هەندێکجار وێنەی مرۆڤ و شکڵی خود [سوبێکت][1] لەناو فیکر و ئەدەبیاتی خۆرئاوایی لە سیاسەتدا بەشێوەیەکی تەواو کوشندە پیشان دەدرێن و دەنوێنرێنەوە؛ کاتێک خود و کێیەتییەکەی تەنیا لەبەر ئەویتری گەورە بوونیان هەیە، و بەمجۆرەش وەک دژێک پێناس دەکرێت [دژ بە ئەویتری گەورە]. هەرکەسێک بیەوێت لە خۆرئاوا تێبگات دەبێت بزانێت کە گەڕان بەدوای ئەویتری گەورە بەشی هەرەگرنگی تینوتاوی سیاسی و فەلسەفیی خۆرئاوایییە. ئەحمەد شەرع بەئاشکرایی دوایین نموونەی ئەو گەڕانە بێبەزەیییەیە بەدوای ئەویتری گەورە[2].
دانانی ئەویتری گەورە بۆ نیشاندان هەمیشە بەشێک بووە لە پڕاکتیزەی سیاسیی خۆرئاوا لە خۆرهەڵات. لە ١٩٧٥، ئەمەریکییەکان بێ هیچ پێشینەیەک کتوپڕ دەستی لە شۆڕشی کوردی هەڵگرت و تەنیا جێی هێشت، کە لەناو مێژووی مۆدێرنی کورددا بووە هۆی یەکێک لە گەورەترین شکستە سیاسییەکان. بەر لە چەند ساڵانێک، هەمان ئەلفوبێیان لە ئەفغانستان دووبارە کردەوە. ئەمێستاش، لەسەر هەمان ئاواز سەما دەکەن و بە هەمان شێوە مامەڵە دەکەن، لەنێوان ناوبڕی چەند حەفتەیەکی کەمدا ناسنامە و کێیەتیی ئەبو محەمەد جۆلانی تیرۆریستییان بۆ ئەحمەد شەرعی پاڵەوان شێوەگۆڕ کرد.
لێرەدا، پەیامە شاراوەکە ڕوون دەبێتەوە، وەک بڵێی خۆرئاوا بەئاشکرا ڕایدەگەیەنێت: “هیچ شتێک لە بنچینەدا جێگیر و بێخەوش نییە؛ هەمیشە دیوێک هەیە چاوەڕێی هاتنەدەر و ئەنجامدانی نمایشی ناو گۆڕەپانەکەیە.” لە نموونەی وەک ئەفغانستان و سووریا، پیشانی دەدات کە خۆرئاوا پەیامێکی زێدە ئاشکرا و گومانهەڵنەگر بۆ هەموو ئەکتەرێکی سیاسیی خۆرهەڵات دەنێرێت: “هەمیشە دەتوانیت ببیت بە شتێکی تەواو جیاواز بەراورد بەو شتەی ئەمڕۆ پێی دەناسرێیتەوە. بۆ ئەمە ئامادەبە، چونکە دەشێت سبەینێ هەمووشتێک بگۆڕدرێت.”
لە ئاستی تیۆریی فەلسەفیدا، تێزی جیهانی بەردەوام-لە-گۆڕان و نەسرەوتوو بەدروستی خزمەت بە ئێمە دەکات، بەرمان پێدەگرێت لە سرەوتنمان بۆ پێناسێکی نەگۆڕ، لە دروستکردنی چێوەیەکی ئەبەدی و کڵێشەیەکی بەردەوام، لە ڕوانینی شتەکان بۆ تاهەتا لە یەک گۆشە.
هەرچۆنێک بێت، سیاسەتی خۆرئاوایی هەمان تێز ڕاکێشی ناو ئاراستەیەکی جیاوازتر دەکات و خستنەناوەکەشی لەپێناو بەکارهێنانیەتی بۆ مەبەستگەلی جیاواز. ئەم تێزە بۆ ئامرازێکی سیاسی بەرژەوەندخواز دەگۆڕێت، کە ڕێگە بە تەڵەزانیی سیاسی، لوواندن، خود-وێنەسازیی و پێودانگی دووانەییی مۆڕاڵ دەدات. سیاسەتی ئێستای نیولیبڕاڵ لە ڕێڕەوێکدا کار دەکات، کە بەرانبەر ئەو بەها مرۆییانەی لە فەلسەفەی خۆرئاوادا هەن تەواو ناتەبا و پێچەوانەیە. ڕێک لێرەدایە کە بەڕوونی دەبینین کەلتووری ئەدەبی و فەلسەفیی خۆرئاوا کەلتوورێکی مرۆیییە و خاوەن بەهای بەرزی مۆڕاڵە؛ کەچی لە خاڵێکی تەواو ڕووت و پێچەوانەدا، سیاسەتی خۆرئاوا سیاسەتێکی بەقەلەودەلەی فێڵاوییە، زۆربەی جار لە پرەنسیپ و ڕەوشت بێبەریییە.
ئەو ڕاستییەی کە سیاسییە خۆرئاوایییەکان ئایدیا فەلسەفی و دیدە ئەدەبییەکانیان لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان بە ئامراز کردووە چیتر وەک نهێنییەک نەماوەتەوە؛ دەیان و تەنانەت هەزاران نموونەی لەمجۆرە هەن. لە ڕاستیدا، بە بوێرییەوە دەیڵێم کە بەبێ تێگەیشتن لە فەلسەفە و ئەدەبیاتی خۆرئاوایی، ئەوا تێگەیشتن لە مۆڕاڵی سیاسیی خۆرئاوایی ئەستەم دەبێت.
ئەمە بەو مانایە نایەت کە سیاسەتی خۆرئاوا دەستوور و فەرمانەکانی لە فەلسەفە، هونەر و ئەدەبدا وەردەگرێت. بەپێچەوانەوە، ئەمە بەو مانایەیە کە سیاسەت ئەو هێزەی هەبووە دیدە فەلسەفی و ئەدەبییەکان هەڵبگرێتەوە و بۆ ئامراز بیانگۆڕێت، و بۆ شتێکی بەکەڵک [بەکەڵک بۆ بەرژەوەندیی خۆرئاوا خۆی] ڕەنگڕێژی بکاتەوە، دواتریش وەک کەرەستەیەکی پیادەکردن بۆ مەرامە تایبەتییەکانی خۆی بەکاریان بهێنێت.
هەندێکجار فیکر و ئەدەب ڕاستەوخۆ دەگلێنە ناو تاوانی سیاسییەوە – ئێمە ئەو حاڵەتانە لە کەیسی ڕودیارد کیپلینگ، ماڕتن هایدگەر، یان فلیپۆ تۆماسۆ مارینێتیی[3]دا دەبینین، کە باوکی ئایندەگەرایی ئیتاڵییە، ئەمانە ڕاستەوخۆ لە بەرهەمهێنانی ئایدۆلۆژی فاشیست و ڕەگەزپەرستییدا بەشدارییان کردووە. لە هەندێک ساتی تردا دەرگیربوونەکە ناڕاستەوخۆیە: ئایدیاکان خێچ دەبنەوە، لە مەبەستە ڕەسەنەکەی خۆیان لادەدەن و دەخرێنە کارەوە – وەکچۆن ئەو وەختەی نازییەکان نیتچە و بێتهۆڤنیان بەکارهێنا. ئەم پێودانگە دوانەیییە شتێکی تیژپەڕ، کورتماوە و هەڵەیەکی مۆڕاڵی یانیش سیاسی نییە. بگرە ئەمە بەرهەمی مێژووی خۆرئاوا خۆیەتی، و ئەمە زۆر بەپتەوی بە گەشەسەندنە درێژ و بەردەوامەکانی دنیابینی خۆرئاوایییەوە بەستراوەتەوە بەرانبەر جیهان.
لە شێوازی پیشاندان و نواندنەوەی ئەحمەد شەرع، خۆرئاوا بێ پێچ و پەنا وێنەی خۆی بۆ مرۆڤ و ئەویتری گەورە دووبارە دەکاتەوە. ئەم تێڕوانینە لەمەڕ مرۆڤ وەک دروستکراوێکی دووبیچم و ناجێگیر بەقووڵی لەناو فیکری خۆرئاوادا ڕەگی داکوتیوە.
لە ئەدەبدا، ئێمە تەنیا خاوەنی دکتۆر جێکڵ[4]ی چاکەکار نین کە لە شەواندا بۆ بەڕێز هایدی خراپەکار دەگۆڕدرێت؛ ئەم نەخشەوێنەیەی کەرتبوون، ئەم پەرتبوونەی کارەکتەر، دووبارە و چەندبارە لە زۆرێک کاری بنچینەییتری ئەدەبیاتی خۆرئاوادا دەردەکەوێت. با وێنە کێشراوەکەی دۆریان گرەی بە نموونە وەربگرین. هەرچەندە دۆریان گرەی لە ژیانێکی خراپ و پڕتاوان دەژیت، کەچی ڕووخساری ئەو بۆ هەمیشە کەشخە، گەنج و بێتاوان دەردەکەوێت، بەبێ جێدەستی هیچ تاوانێک بەسەریەوە. بە هەرشێوەیەک بێت، لەگەڵ ئەنجامدانی هەر یەکێک لە تاوانەکانی، ئەو وێنەیەی وا هاوڕێیەکی کێشابووی ناشیرینتر و کۆنتر دەبێت. ڕووخساری ڕاستەقینەی دۆریان گرەی جگە لە ڕووبەندێک کە دیوەکەی تری دەشارێتەوە شتێکی تر نییە، شاردنەوەی شەیتانێک کە وێنە کێشراوەکە کەشفی دەکات.
زۆربەی جار، ئەو وەختەی سەیری پەیوەندیی نێوان خۆرئاوا و ئەحمەد شەرع دەکەین، وێنە کێشراوەکەی دۆریان گرەیمان دێتەوە یاد. سیاسییە خۆرئاوایی و خاوەن کۆمپانیا زەبەلاحەکان تەنیا مامەڵە لەگەڵ ئەحمەد شەرع / دۆریان گرەیە ڕووخۆش و بێخەوشەکە دەکەن، لەکاتێکدا پشکی میدیاکانی خۆیان وێنە کێشراوە ناشیرین و هێڵنجپێدەرەکە دەگوازنەوە. بە مانایەکی تر، کارەکە دابەش کراوە: وێنەی ڕاستەقینەی جۆلانی وەک وێنە کێشراوە ڕاستەقینەکەی دۆریان گرەی بێزاویی و قێزەوەنە، بەڵام سیاسەتی خۆرئاوا ئەم پۆرترەیتە ناشیرینەی بۆ میدیاکان جێهێشتووە؛ سیاسەت هەر خۆی بەردەوام دەبێت لەسەر مامەڵەیەکی ئاڵوگۆڕ لەگەڵ وێنە یەکڕەنگ و سافەکەی ئەحمەد شەرع، ئەوەی ڕووخسارەکەی هەڵگری هیچ پەڵەیەک نییە، ئەو کەسەی دۆناڵد تڕەمپ بەئاسوودەیییەوە وەک “کەسێکی مەزن” ستایشی دەکات.
هێشتا هیچ گۆڕانێکی ڕاستەقینە لە ئەحمەد شەرعدا ڕووی نەداوە. ئەبو محەمەد جۆلانی تیرۆریست ون نەبووە تاکو ئەحمەد شەرعی سیاسەتوان لەدایک ببێت. جۆلانی تیرۆریست بەشێکی ئەبەدیی ئەحمەد شەرعە. جیاوازییەکە تەنیا لێرەدایە گەر لەمەودوا وەک تیرۆریستێک یان سیاسەتوانێک دەربکەوێت، ئیتر هەڵبژاردنی دەرکەوتنەکە لە دەستی ئەودا نییە. ئەوان بڕیار دەدەن لەوەی چ وەختێک تیرۆریست بێت و چ وەختێکیش فریادڕەس. لە ئێستادا، شەرع جگە لە وێنەیەکی لەتوکوت کە هەموویان بەو شێوەیەی پێیان باشە بەیەکەوەی دەنێن شتێکی تر نییە: ئەمەریکا بەشێوەیەک وێنەکە لە قاڵب دەداتەوە، تورکیا بەشێوەیەکی تر، کەچی ئیسڕائیلیش بەشێوەیەک… و گەلێک شێوەی تر. شەرع کارەکتەر[کەسێتی]ێکە بەبێ کارەکتەر؛ خاوەنی هیچ ڕووخسارێکی خۆی نییە. ئەوانی تر ئەو ڕووخسارە بۆ شەرع دادەتاشن وا پێیان باشە بەوەوە بیبینن.
لە ڕۆمانی کەسێک، هیچکەس و سەت هەزار کەس (لە ١٩٢٦ بڵاو بووەتەوە)، لویجی پیڕندێلۆ[5] تەنگوچەڵەمەیەک دەگێڕێتەوە کە تا ڕادەیەکی سەرنجکێش هاوشێوەیە بە دۆخی شەرع. کارەکتەری سەرەکی، کە ڤایتینگێلۆ مۆسکاڕدایە، سەرلەبەری ژیانی بە سەرنجێکی سادەی هاوسەرەکەی لەمەڕ چەماوەییی لووتی دەگۆردرێت. ئیتر لەم تێبینییەوە، ئەو تێدەگات لەوەی خەڵکی بەجۆرێکی تر ئەو دەبینن بەراورد بەوەی ئەو چۆن خۆی دەبینێت. ئەو ئیتر لە چاوی ئەوانی تر دەست بە گەڕان دەکات بەدوای “خۆی” – لەوەی ئەو کێیە و ئەوانی تر چۆن لێی دەڕوانن. وردە وردە پەی بەوە دەبات کە هەمووکەس بە وێنەیەکی جیاوازەوە دەیبینن، هەر یەکێک لەو وێنانەش لەگەڵ ئەو وێنەیەی خۆی لەمەڕ خۆی داتاشیوە، پێکهەڵنەکردووە.
مۆسکاڕدا لە دەسپێکی گێڕانەوەکەدا وەک مرۆڤێکە کە خۆی دەناسێت، بەڵام بەئەسپایی خۆی [خودێتیی خۆی] ون دەکات. لە بوونی بە “کەسێک”ەوە دەبێت بە “هیچکەس”. مۆسکاڕدا دەبێت بە کەسێک کە سەد هەزار شێوەی هەیە – هیچ کامیشیان خۆی نین، کەچی لە هەمان کاتیشدا، هەموویان مۆسکاڕدان. ئەم هەڵوەشان و پەرتبوونە پاڵ بە مۆسکاڕداوە دەنێت بەرەو هۆڤێتی.
حاڵەتی ئەحمەد شەرعیش لە بنەڕەتدا لەوەی مۆسکاڕدا زۆر جیاوازتر نییە، مەگەر لە یەک خاڵی گرنگدا نەبێت، ئەویش ئەوەیە کە شەرع کارەکتەرێکی دروستکراوە، دروستکراوێکە هەر کاتێک بیەوێت بێ ڕاتڵەکان بە حەزی خۆی ماسک دەبەستێت، بەو جۆرەش باری دەروونیی شەرع بەپێچەوانەی مۆسکاڕداوە لە مەترسیدا نییە. ئەحمەد شەرع چیتر پرسیار ناکات: “من کێم؟” ئەو چیتر گومان ناکات و واقی وڕ نامێنێت لەوەی ئەو تیرۆریستە یانیش پاڵەوان. بۆ هەر شوێنێک کە دەچێت، بەئاسانی دۆڵابی ماسکەکانی دەکاتەوە، و ئەو ماسکە لە ڕووخساری دەبەستێت کە دۆخەکە دەیخوازێت و لەگەڵیدا دەگونجێت. ئیتر بەمجۆرە ماسکەکە لە ڕووخساری دەبەستێت و لە ڕۆیشتن بەردەوام دەبێت.
خۆرئاوا پێویستی بە ئەحمەد شەرعێکە، کە بەدروستی خاوەن گەلێک ڕووخسار و ئیمکانی ڕۆڵگێڕانە، تاکو بەردەوام بە سیاسەتوانانی خۆرهەڵاتی بڵێت: “دەسەڵاتی پێناس بەخشین، خەسڵەتپێدان و بەرچەسپکردن، و بڕیاردان موڵکی منن. لەم چرکەساتەدا، لەنێو گشت دیو و لایەنەکانتان، من ئەو هێزەم کە بڕیاری ئەوە دەدات کامە ناو و کامە بیچمتان لە ئێستادا بۆ گونجاو بێت.”
ئەحمەد شەرع تا ئەو وەختە بەکەڵکە کە بتوانێت هەم دکتۆر جێکڵ و هەمیش بەڕێز هاید بێت، و تا ئەو کاتەی هەڵگری بارێک ڕووخساری ئاڵووێر بێت، کە هەر کات پێویستی کرد یەکێکیان داکەنێت و ئەوەی تر ببەستێت.
سەرچاوە
[1] بوونی چەمکی خود لەبری سوبێکت لەم بەستێنەدا زیاتر بۆ ئەو مەبەستەیە، کە نووسینەکە بۆ خوێنەر خۆشخوێن ببێت. ئەگینا، لەم چوارچێوەیەدا کە نووسینەکە زیاتر دەچێتە ڕەهەندێکی لاکانییەوە، مەبەستەکەی نووسەر سوبێکتە کە لە بنچینەدا لە چەمکی خود جیاوازە و خود زیاتر مەبەستێکی بێ گرێ و یەکانگر پیشان دەدات. بە پێچەوانەوە، سوبێکت بەشێکە وا نایەکانگری و گرێی پێچەڵاوپێچ یەکێکن لە تایبەتمەندییە هەرە سەرەکییەکانی. سوبێکتیڤیتەی سوبێکت شتێکی جێگیر و گیراو نییە وەک ئەوەی تەنیا سەر بە دیوە ئاگایییەکەمانەوە بێت، بەڵکوو گرێدراوی زمان و نەستە، بۆیەشە هەرگیز بە خودشەفافییەتی خۆی ناگات، چونکە ئەوەی سوبێکتەکە ئارەزووی دەکات هەمیشە لێمانەوە پەنهانە. بەم بۆنەیەوە، سوبێکت وەک چەمکێک نە بۆ وشە و چەمکێکی سادەی وەک بکەر وەردەگێڕدرێت و نە کورتیش دەبێتەوە، لە بەستێنە دەروونشیکارییەکە سوبێکت لەنێوان زانینی ئاگایی و ئارەزووی ناگاییدا قڵیشاوە. سوبێکت بە زمان و نووقسانی و پەیوەندی بە ئەویترەوە جێکەوتی ناو پانتاییی ڕەمزی کراوە. بۆیەشە سوبێکت قسە ناکات، بەڵکوو زمان دەیخاتە قسەوە.
[2]مەبەست لەم ڕستەیەی نووسەر، ئەوەیە کە ڕاستە خۆرئاوا خۆی لەناو بونیادی جیهانگیریی ڕەمزییدا ئەویتری گەورەیە. بەڵام لەپێناو ناسینەوە، ناولێنان و خەسڵەتپێدان بە ئارەزووەکانی خۆی پێویستی بە ئەویترێکی گەورەی دەرەکییە. ئەم ئەویتری گەورە دەرەکییەش وا خۆرئاوا ئێستا دروستی کردووە ئەحمەد شەرعە، کە وەک ئۆبێکت هۆکاری ئارەزووی خۆرئاوا [ئەویتری گەورە] کار دەکات، و سووڕی ئارەزووەکانی خۆرئاوا بەوجۆرەی کە دەیەوێت لە بارێکی هاوسەنگدا بەردەوامی پێدەدات. هەر بۆیە دروستکردنی ئەویترێک تەنیا وابەستەی کردەیەکی وەک هاوشووناسبوونی دەرەکی نییە، بەڵکوو پڕۆسەیەکی پێویستە و بەنێویدا سوبێکتیڤیتەی خۆرئاوای لێوە دروست دەبێت، دروستبوونەکەش لەپێناو ئارەزووکردنێکی سیاسییە کە سەرتاپای بوونی سوبێکتی سیاسی لێ پێکدێت. دواجار ئەم ڕستەیەی نووسەر ڕوونی دەکاتەوە بۆچی گەڕان بەدوای ئەویتر وەزیفەیەکی نەبڕاوە و زێدەگرنگی ناو سیاسەتە [بەتایبەت سیاسەتی خۆرئاوا].
[3] : Filippo Tommaso Marinetti (1876-1944) شاعیر و تیۆریستێکی ئیتاڵییە، کە بە دۆزەرەوەی بزووتنەوەیەکی ئایدۆلۆژی وەک ئایندەگەرایی دادەنرێت. بزووتنەوەکە جەختی لە خێرایی تەکنەلۆژی و گەشەسەندنی داهێنانەکان دەکردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەتەواوی لەسەر پچڕانێک پێداگر بوو کە داهاتوو لە ڕابردوو جیا بکاتەوە.
[4] دۆسییە سەرەکییەکەی دکتۆر جێکڵ و بەڕێز هاید، کە کورتەڕۆمانێکی نووسەر ڕۆبێرت لویس ستیڤنسنە. نووسەر لە ڕێگەی کارەکتەرێکی ناو گێڕانەوەکەوە، بەوردی لەتبوونی سروشتی ناسنامەمان نیشان دەدات، لەوەی چۆنچۆنی دەکرێت دوو ناسنامەی دژیەک لەناو یەک کەسدا بوونیان هەبێت و ئەم کەسە بەرجەستەکەری هەردوو ناسنامەکە بێت. یەکێکیان لەڕووی دەرەکییەوە قبووڵکراو بێت و ئەوەی تریان تاریک، پەنهان و ترسناک. بەراوردکردنی ئەم کارەکتەرە بە ئەحمەد شەرع هەمان دیاردەی سیاسیی دەنوێنێتەوە: خۆرئاوا دوو ناسنامە لەناو کەسێکدا دروست دەکات و هەر کاتیک بیەوێت، ناسنامەکان دەخاتە دۆخی شوێنگۆڕکێوە. ئەمەش لە ڕیشەدا کینەڤین و هاودژێتییەک نیشان دەدات، کە خۆرئاوا تیایدا ئەویتری گەورەی دەرەکی پێ خەسڵەتمەند دەکات.
[5] : Luigi Pirandello (1867-1936) ڕۆماننووس، شانۆنووس، شاعیر و چیرۆکنووسێکی ئیتاڵییە. پیڕندێلو لە ١٩٣٤ دەبێت بە براوەی نۆبڵی ئەدەبیات. جێی ئاماژەیە، کە نووسەر هێندەی بە شانۆکانییەوە بەناوبانگ بوو، هێند بە ڕۆمانەکانییەوە ناسراو نەبوو.