خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی “پەندۆڵی فۆکۆ” و کاریگەرییەکانی لەسەر ئەقڵیەتی کوردی

ڕۆمانی “پەندۆڵی فۆکۆ”ی ئومبێرتۆ ئێکۆ تەنیا کتێبێک نییە، بەڵکو دەریای بێبنە؛ ئینسایکلۆپیدیایەکە لە بەرگی ڕۆماندا. کاتێک دەست دەدەیتە خوێندنەوەی ئەم بەرهەمە، وەک ئەوە وایە بچیتە کەناری دەریا و مل بدەیتە بەر شەپۆل؛ شەپۆلێک لە زانیاریی مێژوویی، نهێنییە دێرینەکان، زانستی نیشانەکان (سیمیۆتیک) و فەلسەفەی زمان. ئێکۆ لەم شاکارەدا کە ساڵی ١٩٨٨ بڵاو کراوەتەوە، گەمەیەکی مەترسیدار لەگەڵ مێژوو و ئەقڵی مرۆڤ دەکات. ئەو پێمان نیشان دەدات کە چۆن مرۆڤ لە ترسی “بۆشایی” و بێماناییی ژیاندا پەنا دەباتە بەر دروستکردنی ساوێر (وهم) و ئەفسانە، تا ڕادەیەک کە ئەو ساوێرانە دەبنە جێگرەوەی ڕاستی و دواجار مرۆڤەکە قووت دەدەن.

بۆ خوێنەری کورد کە هەمیشە لەناو جەرگەی ململانێ مێژوویی و سیاسییەکاندا ژیاوە و زۆر جار مێژووەکەی لێڵ کراوە، ئەم ڕۆمانە وەک چرایەک لە شەوی تاریکدا وایە. نەک تەنیا چێژێکی ئەدەبیی بێوێنە دەبەخشێت، بەڵکو ڕێبازێکی بیرکردنەوەی نوێمان فێر دەکات بۆ ئەوەی ئیتر بە هەموو بایەک شەن نەکەین و بتوانین جیاوازی لە نێوان “ڕاستی” و “پیلان”ـدا بکەین.

 گرنگیی وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە بۆ کوردی و پڕکردنەوەی کەلێنی مەعریفی

وەرگێڕانی ڕۆمانێکی لەم چەشنە بۆ زمانی کوردی تەنیا گواستنەوەی دەقێک نییە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر، بەڵکو هەڵگەڕانە بە کێوی قافدا. زمانی کوردی لە بواری شیعر و ئەدەبی فۆلکلۆردا دەوڵەمەندە، بەڵام لە بواری زاراوەسازیی فەلسەفی، سیمیۆلۆجی و، عیرفانگەراییی بەراوردکاریدا هێشتا پێویستی بە دەوڵەمەندکردنە.

کتێبخانەی کوردی پێویستی بە ڕۆمانێکە کە تەنیا باسی خۆشەویستی یان خەباتی شاخ نەکات. ئێمە پێویستمان بە ڕۆمانێکە کە خوێنەر ناچار بکات بچێتە سەرچاوەکانی تر و بە دوای زانیاریدا بگەڕێت. ئەم ڕۆمانە نووسەری کورد فێر دەکات کە ڕۆمان دەتوانێت شوێنی کۆکردنەوەی مێژوو، زانست و هونەر بێت. وەک دەڵێن “هەموو گوڵێک بۆنی خۆی هەیە”، ئەم ژانرەیش بۆنی تایبەتی خۆی هەیە کە لە ئەدەبی کوردیدا کەمە.

خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە خوێنەری کورد لە بازنەی ناوچەیی دەردەهێنێت و دەیخاتە ناو جەرگەی فەرهەنگی ئەورووپایی و مێژووی جیهانی. تێ دەگات کە خورافیات و باوەڕ بە جادوو تەنیا تایبەت نییە بە ڕۆژهەڵات، بەڵکو ئەورووپایش مێژووەکی پڕ لە تاریکی و نهێنیی هەیە.

گرنگترین بەشی ئەم وتارە ئەوەیە: “ئایا ئەم ڕۆمانە ئیتاڵییە ئاڵۆزە چی بە ئێمەی کورد دەبەخشێت؟” وەڵامەکە لە دەربڕینێکدا چڕ دەبێتەوە: “ڕەخنە لە خود”.

تاکی کورد بە هۆی ئەوەی هەمیشە قوربانیی پیلانە نێودەوڵەتییەکان بووە (وەک سایکس-پیکۆ، لۆزان، ڕێککەوتنی جەزائیر، … هتد.)، تووشی جۆرێک لە بەدگومانی (Paranoia) بووە. ئێمە زۆر جار وا دەزانین هەر شتێک لە جیهاندا ڕوو دەدات، پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە یان دژی ئێمەیە. “پەندۆڵی فۆکۆ” پێمان دەڵێت: ئاگادار بە! زۆر جار ئەوەی تۆ بە پیلانی دەزانیت، تەنیا هەڵکەوتە. ئێکۆ گاڵتە بەو کەسانە دەکات کە دەیانەوێت مانا لە شوێنێکدا بدۆزنەوە کە مانای تێدا نییە.

ئەمە بۆ هزری کوردی زۆر گرنگە. دەبێت فێر ببین کە هەموو خڕێک گوێز نییە و هەموو ڕووداوێک بەشێک نییە لە پیلانێکی گەورە. ئەم ڕۆمانە یارمەتیمان دەدات لەو خەوی غەفڵەتە بێدار ببینەوە کە وای کردووە بەرپرسیارێتیی شکستەکانی خۆمان بخەینە ئەستۆی دەستی دەرەکی.

مێژووی کورد پڕە لە ئەفسانە و پاڵەوانبازی. فرە کەڕەت ئێمە ناتوانین جیاوازی بکەین لەنێوان ئەوەی “ڕووی داوە” و ئەوەی “حەزمان دەکرد ڕوو بدات”. لە ڕۆمانەکەدا کارەکتەرەکان مێژوو دەشێوێنن. نووسەر و ڕۆشنبیری کورد دەبێت لەمەوە فێر ببێت کە مێژوو زانستە، نەک چیرۆکی شەوان و حەکایەتی بەر ئاگردان. دەبێت فێر ببین سەرچاوەکان بپشکنین، نەک کوێرانە شوێن گێڕانەوە باوەکان بکەوین. ئەگەرنا، ئێمەیش وەک بێڵبۆ تەڵە بۆ خۆمان دادەنێینەوە و پێی پێدا دەنێین.

لە ڕۆمانەکەدا ئەوانەی باوەڕیان بە نەخشە و پیلانەکە هەیە، دەبنە بکوژ، چونکە وا دەزانن خاوەنی تاکە ڕاستیی ڕەهان. لەناو کایەی ڕۆشنبیریی کوردییشدا زۆر جار ئایدۆلۆجیاکان خۆیان بە خاوەنی هەق دەزانن و ئەوانی تر ڕەت دەکەنەوە. ئێکۆ فێرمان دەکات کە گومانکردن سەرەتای دانایییە.

جا سیاسەت لە دنیای ئێمەدا بە زۆری لەسەر بنەمای سۆز و درووشم بە ڕێوە دەچێت. ڕۆمانی “پەندۆڵی فۆکۆ” لەم ڕووەوە دەتوانێت وانەیەکی سیاسیی گەورە بێت. لە ڕۆمانەکەدا پاڵەوانەکان کۆمەڵەیەک دروست دەکەن بە ناوی “ترێس” (Tres) کە گوایە نهێنییەکەیان لایە. لە واقیعی سیاسیی کوردیدا زۆر چەل حیزبەکان بۆ مانەوەی خۆیان دژمنێکی وەهمی دروست دەکەن یان مەترسییەک گەورە دەکەنەوە تا خەڵک لە دەوریان کۆ ببنەوە. ئێکۆ پێمان دەڵێت: ئاگاداری ئەو گەمەیە بن، چونکە دواجار ئەو وەهمە دەبێتە ڕاستی و سەری خاوەنەکەی دەخوات.

ئومبێرتۆ ئێکۆ (١٩٣٢-٢٠١٦) فەیلەسووف و سێمیۆتێشن و ڕەخنەگری ئەدەبی و ڕۆماننووسی ئیتالیایی

سیاسەتمەداری زیرەک دەبێت وەک “کاسۆبۆن” بێت؛ واتە بتوانێت پەیوەندی لەنێوان ڕووداوەکاندا ببینێت، بەڵام نەکەوێتە داوی خەیاڵپڵاوییەوە. لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا کورد بە زۆری بە هۆی نەخوێندنەوەی دروستی هاوکێشەکانەوە، دەستبەتاڵ دەرچووە. ئەم ڕۆمانە ڕاهێنانە لەسەر بیرکردنەوەی ستراتیجی و دوورکەوتنەوە لە بیرکردنەوەی ڕووکەشانە.

ڕۆمانەکە باس لەوە دەکات کە “نهێنی” هێز دەبەخشێت. تەنانەت ئەگەر نهێنییەکە نەیشبێت، تەنیا ئەوەی خەڵک وا بزانن تۆ شتێک دەزانیت، دەسەڵاتت دەداتێ. سیاسەتمەدارانی کورد دەبێت تێ بگەن کە زانیاری گرنگترین چەکە. بەڵام دەبێت وریا بن کە ئەو هەویرە ئاوی زۆر دەوێت و یاریکردن بە زانیاری و چەواشەکاری دواجار متمانە لەناو دەبات.

شێوازی نووسین و هونەری گێڕانەوە

لە ڕووی هونەرییەوە “پەندۆڵی فۆکۆ” نموونەی باڵای پۆستمۆدێرنیزمە. ئومبێرتۆ ئێکۆ بەکارهێنانی تەکنیکی دەقئاوێزان دەگەیەنێتە لووتکە.

ڕۆمانەکە پڕە لە پارچە نووسینی کتێبە کۆنەکان، نامەکان و، بەڵگەنامەکان. ئەمە ڕۆماننووسی کورد فێر دەکات کە ڕۆمان تەنیا گێڕانەوەی ڕووت نییە، دەکرێت یاریکردن بێت بە فۆڕم.

ئێکۆ بە جددیترین شێوە باس لە گاڵتەجاڕترین بابەت دەکات. ئەم شێوازە لە ئەدەبی کوردیدا کەمە. زۆربەی بەرهەمەکانمان یان زۆر تراجیدین یان کۆمیدیای ڕووت. فێربوونی ئەم هونەرە دەشێت ڕەهەندێکی نوێ بە ئەدەبی کوردی ببەخشێت. وەک دەڵێن بە دەمێک پێدەکەنێت و بە دەمێک دەگری، ڕۆمانەکەیش ئا وا خوێنەر دەتاسێنێت.

ڕۆمانی “پەندۆڵی فۆکۆ” تەنیا چیرۆکێک نییە لە بارەی سێ نووسیار(ئیدیتەر)ی بێزارەوە، بەڵکو ئاوێنەیەکە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، بە تایبەتی بۆ کۆمەڵگەیەک کە لە قەیرانی ناسنامە و مێژوودا دەژی وەک کۆمەڵگەی کوردی.

ئەم ڕۆمانە پێمان دەڵێت، ڕاستی لە دەرەوە نییە، ڕاستی لەو ساتەدایە کە تێیدا دەژین. ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە گەڕان بە دوای “مانای شاراوە”دا زۆر جار دەمانبات بۆ ناو “بۆشایی”. باس لەوە دەکات کە ئەگەر ئەقڵ ئەگەر جڵەو نەکرێت، دەتوانێت دڕندەترین ئەفسانە دروست بکات.

وەرگێڕانی ئەم بەرهەمە بۆ کوردی، وەک ئەوە وایە گەنجی قاروون بدۆزینەوە، بەڵام گەنجینەیەک لە وشە و مەعریفە. ئەم کتێبە بۆ ڕۆشنبیری کورد دەبێتە مەحەکی زێڕ؛ توانای بیرکردنەوەمان دەپاڵێوێت و لە خڵتەی خورافیات پاکی دەکاتەوە. با ئیتر شوێن قسەی پووچ نەکەوین و فێر ببین بە چاوی ڕەخنەگرانە سەیری جیهان بکەین.

ئێکۆ پێمان دەڵێت: تاکە ڕاستی ئەوەیە کە پەندۆڵەکە دەجووڵێتەوە، زەوی دەخولێتەوە و، ئێمەیش دەبێت لەگەڵیدا بژیین بەبێ ئەوەی هەوڵ بدەین هەموو شتێک بە زۆر بە پیلانێکی نهێنییەوە گرێ بدەینەوە. ئەگەر ئەمە فێر نەبین، ئەوا بە دەستی خۆمان گۆڕ بۆ خۆمان هەڵدەکەنین.

هیوادارم ئەم خوێندنەوەیە توانیبێتی هەق بەم شاکارە مەزنە بدات و دەروازەیەک بێت بۆ گفتوگۆی جددی لەسەر پێویستیی وەرگێڕانی دەقە فەلسەفی و ئاڵۆزەکان بۆ زمانی شیرینی کوردی.