لە پەراوێزی کتێبێکی دەستی دوودا
دەنگێک لە پەراوێزی شاردا
عەسری مانگی هەشت بوو. خۆر وەک مێخێکی داغ بە کەللەسەری مەولەوییەوە چەقێندرابوو. قیرەکە دەکوڵا و شار تامی ئاسنی گەرمی لێ دەهات. لەسەر پردەکە، پاقلەم دەخوارد کە بۆنی تەپوتۆز و غەریبیی دەدا. لەناکاو “هێدی” وەک وەهمێکی ماندوو لە تەکمدا شێوەی گرت؛ دەستێکی بۆ گیرفانم ڕایەڵ کرد و بە نووزە کورتەکەی، بێدەنگیی عەسرەکەی کونکون کرد. کە هیچم نەدایێ، بە پێڵاوە زلەکانی و جەستە بچووکەکەیەوە، لە ناو جەنجاڵییەکەدا ون بوو. پاشان منداڵێک، بە ئامێزێک دەبەی ئاوی ساردەوە کە مرواریی شەونمی لێ نیشتبوو، لێم نزیک بووەوە. دیمەنی ئەو، کاتێک پاقلەکەی دەخوارد، تاقە کانیی ئارامی بوو لە ناو ئەو بیابانە بێبەزەیییەدا.
بەرەو کەناری کتێبفرۆشەکان هەنگاوم نا؛ ئەو جێگەیەی کە تێیدا شار هێشتا بۆنی “مانا” و “کاغەزی کۆن” دەدات. مێزەکەی کاک کەریم وەک جەستەیەکی ماندوو، پڕ بوو لە مەعریفەی هەڕاجکراو. لە ناو ئەو هەموو تەپوتۆزەدا، سێ کتێبی ئەدۆنیس وەک سێ گەوهەری لەبیرکراو چاوەڕێی دەستی منیان دەکرد. کاک کەریم بە زەردەخەنەیەکی کەمڕەنگەوە گوتی: “با ئەم سێ دانەیە بە پێنج هەزار بێت بۆ تۆ.”
بەرەو سینەما کۆنەکان شۆڕ بوومەوە. دیوارەکان وەک پەردەی سینەمایەکی لێڵ، وێنەی منداڵیی منیان تێدا ڕەنگ دەدایەوە. “ڕەشید” و “سیروان” و “دڵشاد”… ئەو شوێنانەی جاران قارەمانەکان تێیدا دەجەنگان، ئێستا تەنها سێبەری منی تێدا دەجووڵایەوە. تەلەفۆنەکەم لەرایەوە و خەیاڵمی پچڕاند، هاوڕێیەکم بوو گوتی: “لە چاخانەکەی سەهۆڵەکەین، وەرە.”
لەسەر سەکۆی نزیک چوارپەیکەرەکە، لە بەردەم لێوانێ چای ڕوونی بێ شەکردا، ئەدۆنیسم کردەوە: “دەقی قورئان و ئاسۆکانی نووسین”. لە لاپەڕەی یەکەمدا، نەخشی لێوێکی سوور وەک مۆرێکی ئەبەدی بە کاغەزەکەوە لکابوو. لە ژێریدا نووسرابوو: “نینۆکە درێژەکانتم خۆشدەوێ ئەی خۆر.” دێڕە شیعرێکی ئەدۆنیس بوو، بەڵام بە خەتێکی ناسک و لەرزۆک. لە ناوەڕاستی کتێبەکەدا، وێنەیەکی سێڵفیی کچێکی قوتابی بە قژی ئەڵقەئەڵقەوە دۆزییەوە. لە پشتی وێنەکەدا، لە ژێر سێبەری “ئیمام”ێکی ناو پۆلەکەدا، پەنجەیەکی یاخی بۆ سەرۆکی ناو وێنەکە ڕاکێشابوو.
لە دامێنی وێنەکەدا، “سەحەر” بە خەتێکی شینی کاڵ، برینێکی مێژوویی جێهێشتبوو:
”ئایا ئەو کەسەی هەمیشە چاوەڕێیە، ئازاری زیاترە لەوەی هەرگیز چاوەڕێی هیچ کەسی نەکردووە؟”
بێ واژۆ، بێ بەروار. سەیری هەڵمی چاکەم کرد و سەیری ئەو خەڵکەی وەک مێروولە بە شەقامی سەهۆڵەکەدا دەهاتن و دەچوون. تێگەیشتم کە ئەم شارە پڕە لەو نامانەی هەرگیز ناگەن و ئەو چاوەڕوانییانەی کە لە ناو بەرگی کتێبێکی دەستی دوودا دەخنکێن. ئێستا منیش، بووم بە بەشێک لە غەریبییەکەی سەحەر؛ چاوەڕێی کەسێک کە ڕەنگە هەرگیز نەبووبێت.