چۆنە تا ئێستا هیچ ڕووی نەداوە؟

خەونی ئێمە بۆ ڕوودانی شتێک، قەومانێک، ڕزگارکەرێک، مێژووی دوورودرێژی هەیە. قەومانێک بتوانێت دنیا سەروژێر بکات، لەزەتێکی خشۆک و نهێنی هەیە. مرۆڤ بەپێی سات و سەدەکان ئەو خواستەی خۆی دەستکاری کردووە. ئەمڕۆ بەجۆرێک گەشەی هەواڵ و ژۆرنالیزم دەبینین کە سەرتاپای دنیا وەرگەڕاوەتە سەر ڕۆژنامەیەک. دنیا بۆتە دۆڵابێکی بێ بنی هەواڵ، کەچی ئەو لەزەتە نەک پاشەکشە ناکات، بەڵکوو ڕۆژ دوای ڕۆژ بە هەست و هێزی گەورەوە گەشە دەکات. قەومانی شتێک کە لە ئایندەوە دێت، تەماحێکی دێرینی مرۆڤە. هاتنی سەفینەیەک، مەهدییەک، مەسیحێک، تەنیا سیحر و پێداگۆکییەکی دینیی سادە نییە، بەڵکوو دیوە زۆر سێکولارەکەی مرۆڤیش لە هەمان ئینتزاردا دەرگیر بووە. گرینگ نییە چی لە ئایندەوە دێت، گرینگ ئەوەیە شتێک دێت.

ئەو چاوەڕوانییەی بەیانی شتێک دێت و ڕزگارمان دەکات، ڕووداوێک دێت و دەیتەقێنێتەوە، پاڵنەرێکی دەروونیی قووڵی لەپشتە. لە سەردەمێکدا کە دونیا نوقمی (هەواڵە) بە مانا میدیایییەکەی، پێناچێت چیتر چاوەڕێ نەکەین. سەدەی ئێمە سەدەی خەبەرە، سەدەی کلیک و دیتنی هەموو بەشەکانی دنیایە، کەچی قەومانە گەورەکە لە زەینی ئێمەدا هێشتا ڕووی نەداوە. مرۆڤی نوێ هەموو ژێرخانی عەقڵی و دەروونیی خۆی لەسەر چاوەڕوانی دەستکاری کردووە؛ مرۆڤێکە زۆربەی شتەکان دەخاتە بەیانییەوە. لەو سەردەمەدا، ئەوەی لە بەیانییەوە دێت هەمیشە گرانتر و دەگمەنترە لەوەی لەناو دەستماندایە. سبەی ئەفسانەکە دێت، سبەی دەتەقێتەوە!

شاعیری یۆنانی، قوستەنتین کافافیس (١٩٣٣-١٨٦٣)، زۆر زوو ئەو کیشوەرە نهێنییەی لە هەناوی مرۆڤدا دۆزییەوە. لای کافافیس، چاوەڕوانی بارووتی مانەوەیە. چاوەڕوانی بڕێکی زۆر لە هەست و خەونەکانمانی داگیر کردووە. تێکستی (لە چاوەڕوانیی بەربەرییەکان) دیوە هەم کۆمیدی و هەم زۆر غەمگینەکەی مرۆڤە بە دەست چاوەڕوانی. بەربەرەکان کۆمەڵێک وەحشین بڕیارە بێن و شارەکە وردوخاش بکەن. هات و نەهاتی ئەو بەربەرانە هەموو شارەکە دەخاتە چاوەڕوانییەکی ئەبەدییەوە، بەجۆرێک خەڵکی خۆیان دەڕازێننەوە لە دەروازەی سەرەکی تا بەربەرەکان بیانخۆن. ئەو ڕۆژەشی بەربەرەکان نایەن، بە نائومێدییەوە دەڕۆنەوە ماڵەکانیان. کافافیس یارییەکی ترسناک لەگەڵ ڕۆحی خوێنەر دەکات. ئەو تێکستەی کافافیس جگە لە شیعر، لە هەر ژانرێکی دیکەدا بنووسرابا، مرۆڤی بە قووڵی دەخستە پێکەنین. مرۆڤ ئەگەر چاوەڕوانیش بێت، چاوەڕێی شتێکی بێ گرێ و باشە، چاوەڕێی ڕزگارکەرێکە لە پووچی و داتەپینەکانی مانا قورتاری بکات، وەک لای ساموێڵ بێکیت دەیبینین. چاوەڕوانیی ئیستراگۆن و ڤلادیمێر چاوەڕوانییە بۆ مەسیح، بۆ مەخلوقێک ئەفسانەیی کە نەجاتیان دەدات. گۆدۆ دەستکردێکی وەهمییە لە خەیاڵی هەردووکیان، بەڵام ئیستیعارەی ڕزگارییە؛ ڕەمز و ساتی لابەلا بوونەوەیە لەگەڵ ژیان و بەدبەختییەکانی. گۆدۆ سەمبول و ناوێکە بە هاتنی، ڕزگارییش دێت. لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا، مرۆڤ خواستێکی ئەرێنی و گەشبینی هەیە لەو هێزەی کە چاوەڕێیەتی.

لای دینۆ بۆتزاتی، بە هەندێک جیاوازیی گرنگەوە، هەمان دنیا دەدۆزینەوە. مرۆڤ چاوەڕوانیی شتێکە، ئەگەر ڕزگارکەریش نەبێت، لانی کەم سنووری چاوەڕوانییەکەی کاڵ بکاتەوە، وەک لە ڕۆمانی (سەحرای تەتار) دەیبینین. جیۆڤانی درۆگۆ، کە بەمەبەستی سەربازی دەبێتە پاسەوانی قەڵایەک، چاوەڕێیە ڕۆژێک تەتارەکان بێن و هێرش بهێنن. سەحرای تەتار هیچ نییە جگە لەو یارییەی ئێمە لەگەڵ چاوەڕوانیدا دەیکەین. جیۆڤانی درۆگۆ بەمەبەستی ئەوەی تەتار دێت، لە قەڵایەک دەبێتە ئێشکگری سەربازی. دۆخی قەڵاکە پڕە لە بازنە و دووبارەبوونەوە و پلەی سفری ڕووداو؛ هەموو ڕۆژ هەمان بازنە و بێمانایی. بەڵام بۆ بەرگەگرتنی ئەو دۆخە، دوژمنێکی دەستکردیان دروست کردووە. تەتارەکان هیچ نین جگە لە خەیاڵی ئەو سەربازانەی بێزارن لەو قەڵایە. درۆگۆ بە ڕادەیەک ئەشقی ئەو تەتارانە دەچێتە ڕۆحییەوە، نزیکەی سی ساڵ لەو قەڵایە دەمێنێتەوە. زۆربەی ڕۆژە جوانەکانی لە سەیرکردنی ئەو بیابانە بەسەر دەچن کە بڕیارە تەتارەکان لێیەوە سەردەربهێنن. هات و نەهاتی تەتار سەرتاپای ساڵە سەوزەکانی درۆگۆ سیس دەکات. درۆگۆ دەزانێت تەتارەکان ئەگەر بێن، وێرانکار و بێڕەحمن. چاوەڕوانییەکەی درۆگۆ شتێک لە ترس و دوودڵیی گەورەی تێدایە، بەڵام چاوەڕێیە تەتار بێت، تەنیا لەبەر ئەوەی قەڵاکە پڕ بووە لە بێمانایی. ئەو چاوەڕوانییە نزیکەی سی ساڵ دەخایەنێت و درۆگۆ تەتار نابینێت.

لای کافافیس، چاوەڕوانییەکە زۆر دراماتیکیترە. کێشەی کافافیس ئەوەیە مرۆڤ بەڕادەیەک نوقمی ئەو ئینتزارە دەکات کە خەڵکی ئامادەن خۆیان بڕازێننەوە بۆ دوژمنەکانیان. سیناتۆر و سواڵکەرەکان بەیەکەوە لە دەروازەی شاردان تا بەربەرەکان بێن. کافافیس ئەو هەرێمە سەیرە کەشف دەکات کە لە شوێنە زۆر پەنهان و حەشارەکانی ناو قووڵاییی دەروونماندا جێی گرتووە. گرنگ ئەوە نییە ئەوەی دێت خراپە یان باش، ڕزگارییە یان دیلی، جوانە یان ترسناک؛ گرنگ ئەوەیە دێت. ئەو ئەشقە بەجۆرێک گەورە دەبێت بۆ بەربەرییەکان، دەگاتە ئەو سنوورەی خۆیان بۆ بەربەرییەکان جوان بکەن، خشڵ لەبەر بکەن و زیو و زمڕوت ببەنە دەروازەکە. لەخۆوە نییە لە هەر سێ تێکستە ئەدەبییەکەدا بەربەری و تەتارەکان نایەن.

وەهمی ئەو بەربەری و تەتارانەی کە قەت نایەن، جۆرێک ئازارشکێنە بۆ ئەو عەزابەی کەوتۆتە سەر تەونی کۆمەڵایەتی و دەروونیمان. بەشی زۆری ڕۆژنامەکانی دنیا لەسەر ئەو چاوەڕوانییەی مرۆڤ دەژین. بەپەلە و هات و نەهاتەکانی سەر ڕوخساری ڕۆژنامەکان، وەبەرهێنانێکی گەورەیە لەسەر ڕۆحی مرۆڤ و کۆمەڵگاکانی؛ وەبەرهێنانە لە هێزی ئەو لەزەتەی مرۆڤ هەیەتی بۆ قەومانی گەورە و کارەساتی گەورە. ڕووبەرە دینی و نادینییەکانی ئێمە لە ئینتزارێکی سەرتاسەریدا نوقم بوون. ئاشکرایە ئیمانێکی وەک یەک هەیە لەناو سەرجەم دیندارانی دنیا بۆ هەستانی قیامەت. ئیمانداران دەزانن هەستانی ئەو قیامەتە ژێرکەوتنی ژیانی ئیماندارانە لە دنیا، بەڵام ئامادە نین دەست لەو چاوەڕوانییە دوورودرێژە هەڵبگرن. ئەگەرچی دەستەواژەی قیامەت هێمایە بۆ داڕمان و کەوتن و هەرەس، بەڵام ئەو لەزەتەی مرۆڤ زۆر توندتر و گەورەترە لەو کارەساتەی بە حیساب دێت.

لە بەشە سێکولارەکەی دنیاش، هەمان ئەشق بۆ ئەو قیامەتە دەدۆزینەوە؛ قیامەتێکی نادینی و نائیمانی کە سواخ دراوە بە هێزی زانستی. بەشێک لە پێشبینییە زانستییەکان پێیان وایە ڕەنگە ڕۆژێک بوونەوەرە ئاسمانییەکان بێن و کۆنترۆڵی جیهانەکەمان بکەن. زۆرێک وەک هەڕەشەی گەورە تەماشای دەکەن کە ڕەنگە لە ساتەوەختێکی دیاریکراودا قیامەتمان بۆ دروست بکەن. ئەوەی سەیرە، تەنیا ئەو چاوەڕوانییە درێژە نییە بۆ هات و نەهاتی ئەو بوونەوەرە فەزاییانە، بەڵکوو یارمەتیدانی بوونەوەرەکانیشە تا بێن و لەو ئینتزارە و ژیانە بێ شۆکە ڕزگارمان بکەن. لە ساڵی ١٩٧٤، کۆمەڵێک سیگناڵی ڕادیۆیی لەلایەن دەزگای ناساوە ڕەوانەی بۆشاییی ئاسمان کران تا بوونەوەرە ئاسمانییەکان بماندۆزنەوە. هەر لە هەمان ساڵدا، ناسا دیسکێکی ئاڵتوونی نارد کە پەیامی بە پەنجا و چوار زمان تێدابوو تا ئەو بوونەوەرانە بمانناسنەوە و بماندۆزنەوە. ئەو ئەشقە بۆ قەومانەکەی سبەی، هەمان ئەو ئەشقەیە کە خەڵکەکەی کافافیس هەیانە بۆ بەربەرییەکان. ناردنی سیگناڵ بۆ بوونەوەرە ئاسمانییەکان کە ڕۆژێک ڕەنگە بماندۆزنەوە، خێراکردنی سووڕی کات و پێشخستنی کارەساتەکەیە تا زووتر بێت.

چاوەڕێکردنی قیامەت، دەرکەوتنی گەردوونیی ئەو هێزەیە کە ترسناکانە ڕامان دەکێشێت بۆ چاوەڕوانیی ڕوودانێک، بۆ هەستانی قیامەتێک کە هەموومان بەسەریەکدا دەدات. چاوەڕوانی بۆ تەقینەوەی قیامەتێک، هاتنی ئیمامێک، بوونەوەرێکی ئاسمانی و دڕندە، بەنجێکی ڕۆحییە بۆ سادەکردنەوەی ئەو توندوتیژییەی بێمانایی دروستی کردووە لەسەر ڕووبەرەکانی دەروونمان. مرۆڤی ئەمڕۆ گوێقوڵاغە بۆ ڕوودانی شتی گەورە، بە حەسرەتی بیستنی هەواڵێکە لەم ژیانە بێ شۆک و ڕۆتینە دەریبێنێت. لە دێرزەمانەوە تا ئەمڕۆ، مرۆڤ بە لەزەت و بڕی جیاجیا لە هەست، چاوەڕێی قەومانی گەورە بووە. ئەو قەومانانە وەسوەسەی نهێنی و شاراوەمان تێدا دەبزوێنن. هەموو ئەو چاوەڕوانییەی ئێمە بۆ قەومان، فەرمانێکی ناو ستراکتۆری دەروونیمانە. ئەو هات و نەهاتە سەر بە ڕەچەڵەکی بێزاری و بێمانایییە و جۆرێک لە ڕێکخستنی عەزابە تا زۆرتر نەبێت. ئێمە چاوەڕێ ناکەین لەبەر ئەوەی تەتارەکان دێن؛ تەتارەکان هەن لەبەر ئەوەی ئێمە چاوەڕێ دەکەین.

قبوڵکردنی ئەو ڕاستییەی سبەی هیچ ڕوو نادات، سەختترین شتێکە مرۆڤ بتوانێت تەحەمولی بکات. بەیانی و دوو بەیانیش، بەربەرییەکان نایەن. بەربەرییەکان دەستکرد و چنینی وردی خەیاڵەکانمانن، نەک هەلومەرجێکی بابەتی. مرۆڤ بەرگەی ئەو ڕۆتین و بازنەیە ناگرێت کە سەردەمەکە گەورەتری کردووە، بەڵکوو دەست دەخاتە ناو پیشەسازییەکی سامناکەوە کە پیشەسازیی دروستکردنی دوژمنی وەهمی و چاوەڕوانیی وەهمی و دەیان دەستکردی تری خەیاڵییە، کە هیچ نین جگە لە میکانیزمەکانی بەرگەگرتن. بەربەرییەکان ئەو موسافیرانەن هەرگیز پێیان ناکەوێتە کۆڵانەکانمان. گرنگە ئەو ڕاستییە بزانین، لە ئایندەدا هیچ ڕوو نادات.