جەمیلە
شانۆنامەیەکی دۆکیومێنتاری
مۆنۆدراما
کارەکتەر
جەمیلە، ژنە کوردێکی ئێزیدی، تەمەن سی بۆ سی و پێنج ساڵ دەبێت.
مێزێک لە ناوەڕاستی ژوورێکی بچووكدایه، دوو کورسی لەم بەروئەوبەری مێزەکە دانراون. لامپایەک لە ناوەڕاستی ساپیتەی ژوورەکەوە بۆ ناوەڕاستی مێزەکە هاتۆتە خوارەوە، وەک ژووری لێپێچینەوەی پۆلیس. دەرگایەک لە سوچێکی ژوورەکەدا هەیە، پەنجەرەیەکیش بە بەرزایییەکەوە. هیچ شتێکی تر لە ژوورەکەدا نییە.
تاریکی.
دەرگاکە دەکرێتەوە، ڕووناکییەک لە دەرەوەی ژوورەکەوە کهمێکی ناو دەرگاکە ڕووناک دەکاتەوە. جەمیلە دێتە ژوورەوە، ڕوخساری دیار نییە، زیاتر وەک تارمایییەک، لەنێوان تاریک و ڕوونی ژوورەکە و ناو دەرگاکەدا دەردەکەوێت. چەند چرکەیەک لەناو دەرگاکەدا دەوەستێت، دێتە ژوورەوە و دەرگاکە لە دوای خۆیەوە دادەخاتەوە.
ڕووناکی.
جەمیلە
(سەیری ژوورەکە دەکات و ماوەیەک پشت دەنێت بە دەرگاکەوە و ناجووڵێت.)
ناوم جەمیلەیە
ژنێکی کوردی ئێزیدیم
تەمەنم
سی و پێنج ساڵە
دەمەوێت
چیرۆکی خۆمتان
بۆ بگێڕمەوە
(بێدەنگییەکی کورت.)
نازانم
لە کوێوە
دەست پێ بکەم
(وچان.)
ناتوانم ئەوەم بیربچێتەوە
ناتوانم
لە بیرم بچێتەوە
چۆن دەکرێت
ئەوە لە بیر
بچێتەوە
کە چییان لەو منداڵە کرد
منداڵێکی ساوا
نا بیر ناچێتەوە
هەرگیز
(وچانێکی کورت.)
ناتوانم تێبگەم
ناکرێت
چەند بیر دەکەمەوە
هیچ حاڵی نابم
چۆن بتوانم
حاڵی بم
حاڵی نابم
(دێتە ناو ژوورەکەوە و سەیرێکی مێز و کورسییەکان دەکات.)
دواجار
کەسێک گوێی
لێ گرتم
دوای ئەو هەموو
ساڵە
کەسێک گوێی لێ گرتم
کەسێک هات
گوێی لێ گرتم
(بێدەنگی.)
چی بگێڕمەوە
کەس باوەڕم پێ دەکات
باوەڕ ناکەم
وا چاکە بڕۆم
(دەیەوێت لە ژوورەکە بچێتە دەرەوە، بەڵام دەوەستێت و دەگەڕێتەوە ناو ژوورەکە.)
بوورامەوە و لە هۆش خۆم چووم
(بێدەنگییەکی کورت.)
دوای سێ جار
سێ جار
(دەست دەگرێت بە سکییەوە، وەک بیەوێت ناوسکی دەربهێنێت.)
(بە هەموو هێزی هاوار دەکات و دەکێشێت بە سکیدا.)
دوای سێ جار
لاقەکردن
(بێدەنگ دەبێت و یەکێک لە کورسییەکان ڕادەکێشێت و لەسەری دادەنیشێت.)
(بێدەنگی.)
ویستمان ڕابکەین
من و سێ ژنی تری
ئێزیدی
بەسەر دیواری ئەو ماڵەدا
هەڵگەڕاین
کە لە موسڵ
تیا بەند
کرابووین
دهستبهسهر بووین
کرابووینە کۆیلە
کۆیلەی چەکدارەکانی
داعش
کۆیلە بووین
(بێدەنگییەکی کورت.)
پاسەوانەکە
خەوی لێ کەوتبوو
بە فرسەتمان زانی
خێرا
بە دیوارەکەدا هەڵگەڕاین
(بێدەنگی.)
بەڵام لەپڕ
خەبەری بووەوە
پاسەوانەکە
داچڵەکی و خەبەری بووەوە
کە بینی
بەسەر دیوارەکەوەین
خەریکە
بازدەدەینە
ئەو دیوەوە
هاواری کرد
“نەجووڵێن دەتانکوژم”
لولەی تفەنگەکەی
تێگرتبووین
خێرا
پەیوەندی
بە چەکدارەکانی ترەوە کرد
(بێدەنگییەکی کورت خایەن.)
لەپڕ چەکدارەکان
چواردەوری
من و سێ ژنەکەی تریان
گرت
(دەستی بەرز دەکاتەوە، بەڵام نازانێت چی لێ بکات.)
گرتنیانین و کەوتنە
لێدانمان
(بێدەنگییەکی کورت.)
زۆریان لێ داین
دڕندانە
لێیان داین
دوایی بردینیانەوە بۆ ناو
ئەو خانووە گەورەیە
کە تیا دهستبهسهر بووین
هەر یەکەمان بە تەنیا
لە ژوورێکدا
بەند کراین
(وچان.)
دە چەکداری داعش
هاتنە
ئەو ژوورەوە
کە منی تیا بووم
پەلاماریان دام
بە هەموویان
لاقەیان کردم
دە چەکدار
(بێدەنگی.)
دوای سێ پیاوی یەکەم
لە هۆش خۆم چووم
ئەوەی دەیانوویست
کردیان
لاقەیان کردم
هیچ شتێکم دوای
سێیەم پیاو
بیر نەماوە
خوێنێکی زۆرم
لەبەر ڕۆیشت
تەواو لە هۆش خۆم چووم
(بێدەنگی.)
کە هۆشم هاتەوە
لە خەستەخانەیەک کەوتبووم
شوێنێکی پیس
(هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێت.)
بۆ سێ مانگ دەچوو
لای داعش
گیرابووم
لەسەر جێگای
خەستەخانەکە
هەر لەوێدا
فرۆشتیانم بە پیاوێک
خەڵکی موسڵ بوو
پیاوەکە
ژنێک و شەش منداڵی
هەبوو
من لە عەرەبی دەگەم
دەزانم بە چەند
فرۆشرام
(بێدەنگی.)
مامەڵەیان پێوە
دەکردم
دوایی
بە دووسەت دۆلاری
ئەمەریکی
پزیشکەکە
لە ژوورەکەدا بوو
کە فرۆشرام
بە دووسەت دۆلاری
ئەمەریکی
فرۆشرام
ئەمیرەکەی داعش
پارەکەی وەرگرت
(وچان.)
(جەمیلە بە کوڵ دەگری.)
(لە پەنجەرەی ژوورەکەوە تیشکی خۆرەکە دێتە ژوورەوە، دەنگی گۆرانییەک بە کزی لە تیڤییەکەوە، لە شوێنێکەوە دێت. گوێمان لە دەنگی ترافیکی دەرەوە و مرۆڤەکانن، قسە دەکەن و پێدەکەنن.)
ئێستا لە وڵاتێکی تر دەژیم
لێرەم
دواجار ڕامکرد
دەرباز بووم
(هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشت، وەک هەست بە خنکان بکات.)
چ زیندەخەونێک بوو
کارەسات و تاوانێکی گەورە
مانگی هەشت بوو
مانگی هەشتی ساڵی ٢٠١٤
کە داعش هێرشی کردە
سەرمان
هێرشیان کردە سەر سنجار
هەموو دێکانییان
وێران کردین
لە کۆجۆ کۆمەڵکوژییان
کردبوو
گەیشتنە بۆرک
دێکەی ئێمە
لەوێ بووم
لە بۆرک
لەگەڵ خوشک و براکانم
دایکم و باوکم
باوکم و براکەمیان
لە ئێمە جیاکردەوە
ناچاریان کردن ببن بە موسڵمان
شایهتمانیان پێ هێنابوون
بەنەزەری
ئەوان بوونەتە
موسڵمان
دوای ئەوە
ڕەمییان کردن
(هەردوو چاوی دەنوقێنێ و سەری بەرز دەکاتەوە.)
(هاوار دەکات.)
ڕێز و ستایش بۆ
فریشتەی پیرۆز
مەلیک تاوس
(بێدەنگییەکی کورتخایەن.)
چ ترسێک بوو
هەموو زەندەقمان چوو بوو
دەترساین
(بێدەنگی.)
(فرمێسک بە ڕوومەتەکانیدا دێنە خوارەوە.)
بۆ ماوەی شەش مانگ
کۆیلە بووین
لای چەکدارەکانی داعش
لە عێراق و سوریا
دەستبەسەر بووم
کۆیلە بووم
دوای سێ ساڵ
من و مێردەکەم
توانیمان
لە عێراق ڕابکەین
(بێدەنگی.)
لەو بڕوایەدا نەبووم
لەم وڵاتەش
تووشی هەڕەشەی
لایەنگرانی داعش ببمەوە
ئەو هیوایەی هەمبوو
لێرەش نەما
هەست بە ترسێکی زۆر
دەکەم
ترسێکی بەردەوام
ترس و توڕەیی
(بێدەنگییەکی کورتخایەن.)
لەو بڕوایەدا نەبووم
لێرەیش
لەم وڵاتەش
بترسم
(هاوارێک دەکات.)
لێرەیش دەترسم
هەست دەکەم
هەندێ کەس
کە دەزانن
ئێزیدین
نەفرەتمان لێ دەکەن
پێمان دەڵێن
داعش هیچ تاوانێکی
نەکردووە
ئێوە دەبێ
نەمێنن
گەر بەر دەستی داعش
بکهوتنایه
ئێستا دەمێک بوو
نەمابوون
ئێوە دنیاتان پیس کردووە
دەبێ نەمێنن
(لەسەر کورسییەکە هەڵدەستێ و بەرەو دەرگاکە دەڕوات. لەناو دەرگاکەدا دەوەستێت.)
ڕاست دەکەن
گەر ڕاماننەکردایە و نەگەیشتینایە
ئێرە
دەمێک بوو
کوژرا بووین
من لەگەڵ
(بێدەنگی.)
سوپاس بۆ
مەلیک تاوس
(سەیری دوور دەکات، وەک شتێکی لەبیر کردبێ و هەوڵی ئەوە بدات، بیری بکەوێتەوە.)
لە دێکەی خۆمان
لە بۆرک
بووم
لەگەڵ خێزانەکەم
لە بۆرک بووین
کە داعشەکان هێرشیان هێنا
بە سەیارەکانمان
بۆی دەرچووین
ڕامانکرد
من لە سەیارەکەدا بووم
لەگەڵ باوکم و دایکم
خوشک و براکەم
ڕێگای دەرچوون
لە بۆرکەوە تەواو
گیرا بوو
هەموو دەیانوویست ڕابکەن
شپرزەیییەکی
پڕ لە هەراوزەنا
کە هەموو خەڵکی گوندەکە
بەو شپرزەیییە
لە ترساندا
لە یەک کاتدا دەیانوویست
دێکە بەجێ بهێڵن
شەقامە دووسایدییەکە
بووبوو بە پێنج
ئێمە تەنیا فریای ئەوە کەوتین
چارەکێک بڕۆین
چەکدارەکانی داعش
گەیشتنە
سەرمان
بە قۆناخی چەکەکانیان
جامی سەیارەکانیان
شکاندین
ناچاریان کردین
بگەڕێنەوە بۆ دێکەمان
گەڕاینەوە بۆ
بۆرک
(دەگەڕێتەوە ناو ژوورەکە و لەسەر کورسییەکە دادەنیشێتەوە.)
(بێدەنگی.)
چەکدارەکان
سهدان
خەڵکی دێیەکەیان
لە قوتابخانەیەکدا
بەند کرد
پێیان ڕاگەیاندین
کە دەبێت ببین
بە موسوڵمان
سەرەتا قایل نەبووین
گوتمان ئێمە
دینی خۆمانمان هەیە
(بێدەنگییەکی کورتخایەن.)
باوەڕم ئەوەیە
خودا تاکە
مەلیک تاوس
فریشتەی پیرۆزە
شێخ عەدی وەلییە
من ئێزیدیم
ئاینەکەم
ڕێگای ڕاستە
(بێدەنگی.)
چەکدارەکان
کە زانیان مل نادەین
کوڕ و پیاوەکانیان
لە کچ و ژنەکان جیاکردەوە
گوتیان پیاوەکان
تەنیا یەک بژاردەیان
لەبەر دەستدایە
ببن بە موسوڵمان
یان بمرن
کوڕە گەنج و پیاوەکانمان
ناچار بوون
بۆ ئەوەی نەکوژڕێن
ببن بە موسڵمان
ناچاریان کردن
شایەتمان بهێنن
ئەوەی ئیسلامەکان بڕوایان پێیە
شەهادەت
“تەنیا ئەڵا خودێیە
محەمەد ژی پێغەمبەرێ ویە”
بڵێینەوە
دوای ئەوە
چەکدارەکانی داعش
کوڕ و پیاوەکانیان کۆکردینەوە
خستیاننە
پشتی چەند لۆرییەکەوە
چەند
هەنگاوێک
دووریان خستنەوە
ئەوەی گوێمان لێی بوو
تەنیا دەنگی
(وچانێکی کورت.)
تەقە و دەستڕێژی گوللە بوو
کات چواری
دوای نیوەڕۆ بوو
تێگەیشتین
کە هەموویان
کوشتن
کۆمەڵکوژیان کردن
قیژاندمان
هاوارمان کرد
قژی خۆمان ڕنی
هاوارمان بۆ
فریشتەی پیرۆز
مەلیک تاوس
برد
(وچان.)
کات چواری
دوای نیوەڕۆ بوو
(دەمووچاوی لەناو هەردوو لەپی دەستیدا دەشارێتەوە. هەموو جەستەی دەلەرزێت.)
(بێدەنگی.)
ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێ
لاشەکانیشیانمان نەبینیووەتەوە
ئیتر ئێمە
لە وڵاتی ترسدا
وڵاتی خەلیفەدا دەژیاین
بە کۆیلەیی
دەژیاین
کردینیانین بە کۆیلە
باوک و براکانیشمان
خرانە گۆڕی بە کۆمەڵەوە
(بێدەنگی.)
سێ ساڵە
لەم وڵاتە دەژیم
چەند هەوڵم دا
چیرۆکی خۆم
بگێڕمەوە
بەڵام کەس ئامادە نەبوو
گوێم لێ بگرێت
ویستم قسە بۆ دکتۆرەکەم
بکەم
ئەوەی لە دڵمایە
هەڵیڕێژم
دکتۆرەکەم
دەستی کرد بە گریان
ڕێگای نەدام
قسەکانم تەواو بکەم
وتی ناتوانم
گوێ لەو ئازارە بگرم
بەرگەی ئەوە ناگرم
گوێ لەو تاوانە
قێزەوەنە
بگرم
تکایە
بێدەنگ بە
بێدەنگ بە
(وچانێکی درێژ.)
(هەوڵ دەدات، هەنسکەکانی بشارێتەوە و بۆ ماوەیەک سەر دادەنەوێنێت، لەپڕ سەر بەرز دەکاتەوە و سەیری ئاسمان دەکات، وەک ئەوەی بۆ وەڵامی پرسیارێک بگەڕێت.)
مانگێک بوو
تەنیا مانگێک بوو
من و حەیدەر
هاوسەرگیریمان
کردبوو
کە مانگی هەشت
هێرش کرایە سەرمان
تەنیا مانگێک بوو
هاوسەرگیریمان
کردبوو
زۆر دڵخۆش بووین
(بێدەنگییەکی کورتخایەن.)
گەڕابوومەوە
بۆ بۆرک
گوندەکەی خۆمان
کە نزیک
چیای شەنگالە
بۆ سەردانی بنەماڵەکەمان
گەڕابوومەوە
بە سەردان بۆ لای بنەماڵەکەمان
گەڕابوومەوە
لەو کاتەدا
حەیدەر
لە گوندێکی تر بوو
(بێدەنگی.)
(سەر دەخاتە سەر مێزەکە، وەک بە چرپە قسە بکات.)
لە دێرزەمانەوە
ئێمە لەم گوند و ناوچانەی
نزیک
چیای شەنگال
ژیاوین
بەشێکیشمان
لە سوریا
تورکیا
ئەرمینیا
تەنانەت لە جۆرجیاش هەین
لە دێرزەمانەوە
(سەری بەرز دەکاتەوە و سەیرێکی پەنجەرە بچووکەکە دەکات.)
(بە هەموو هێزییەوە دەکێشێت بە مێزەکەدا.)
لەبەر ئەوەی
هەمیشە
هێرش کراوەتە سەرمان
بەشێکی زۆرمان
وەک ئاردی بەر ڕەشەبا
بە دنیادا
بڵاو بووینەتەوە
(بێدەنگی.)
ئێمە دینی خۆمان هەیە
باوەڕمان هەیە
فریشتەی
مەلیک تاووس
سمبۆلی تاووسە
کە ڕۆڵێکی گرینگی
لە دینەکەماندا
هەیە
مەنزڵگاکەمان
لە لالشە
هەموومان وەک شوێنێکی
پیرۆز
ڕووی تێدەکەین
داوای پاراستن
لە هەموو
خراپی و لە ڕێگای ڕاستدا
ماندن
(بێدەنگی.)
(بۆ ساتێک پشت دەکاتە بینەران.)
بە درێژاییی مێژوو
بە زۆر
ڕاگوێزراوین
بە زۆر
لەسەر دینی
خۆمان لابراوین
کۆمەڵکوژ کراوین
جینۆساید کراوین
پڕوپاگەندەمان
لەسەر بڵاو دەکەنەوە
پێمان دەڵێن
کافرین
ئێمە باوەڕدارین
مەلیک تاووس
دەپەرستین
(بێدەنگییەکی کورت.)
پێمان دەڵێن
شەیتان
دەپەرستین
(ڕوودەکاتەوە بینەران.)
هاوینی ٢٠١٤
شوم بوو
بۆ ئێمە زۆر
شوم بوو
(بێدەنگییەکی کورتخایهن.)
داعش شاری موسڵیان گرت
یاساکانی شەریعەیان
سەپاند
دوای ئەوە هەڕەشەیان
لە ئێمە دەکرد
لە گوندەکەی ئێمە و گوندەکانی
تری نزیک
چیای شەنگال
(وچان.)
هێزی پێشمەگە
لە گوندەکەمان
بوو
ئەوان بەڵێنیان دابوو
بەرگریمان لێ بکەن
ئێمەیش
بڕوامان پێ کردبوون
بەرگریمان لێ دەکەن
(بێدەنگی.)
کە داعش
هێرشیان کرد
هێزە کوردییەکان
بەرگرییان لێ نەکردین
ناوچەکانی ئێمەیان
چۆڵ کرد
هەڵهاتن
ئێمەشیان
بۆ چارەنووسێکی
ڕەش
بەجێ هێشت
(بێدەنگی.)
کە داعش گوندێکی نزیک
بۆرک-یان گرت
هاوڕێیەکی باوکم
پەیوەندی پێوە کردین
“ڕاکەن تا کات ماوە و دەتوانن”
خێرا ڕامانکرد
بەڵام دڕەنگ بوو
زۆر دڕەنگ بوو
چەند سەعاتێک دواتر
باوکم و براکەم
کوژران
لەگەڵ کوڕ و پیاوە
ئێزیدییەکانی تردا
هەموویان کوشتن
کۆمەڵکوژیان کردن
دوای ئەوەی
من و ژن و کچەکانی تریان
دەستبەسەر کرد
ناچاریان کردین
گوێمان لە تەقە و دەستڕێژی گوللە
بێت
کە باوک و برا
کوڕ و مێردکانیان
بێبەزەییانە
دڕندانە
کوشتین
(دەنگی تەقە و هات و هاواڕی خەڵک و گریانی ژن و منداڵ دێت.)
(جەمیلە بە هەردوو دەستی گوێیەکانی خۆی گرتووە و هاوار دەکات.)
(بێدەنگییەکی درێژخایەن.)
کە ئەوان نەمان
باوک و کوڕ و برا و پیاوەکانمان
دۆزەخێکی تریان
بۆ ئێمە
دانا
کردیانین
بە کۆیلە
دەستدرێژییان کردە
سەرمان
لێیان دەداین
سووکایەتییان پێ دەکردین
(هەڵدەستێتە سەرپێ، تەواو هەڵچوونی پێوە دیارە.)
چەکدارەکانی داعش
دوای کۆمەڵکوژی
پیاوەکانمان
بە زۆر ئێمەشیان
خستە پشتی
چەند لۆرییەکەوە
بردیانین
بۆ شاری
تەلەعفەر
کە لەوەوبەر داگیریان کردبوو
لەوێ سێ شەو و سێ ڕۆژ
لەگەڵ کچان و ژنانی تر
ژنە یەزیدییەکانی
گوندەکان
لە هۆڵێکدا
کۆیان کردینەوە
دەرگایان لەسەر داخستین
(بێدەنگی.)
هۆڵێکی گەورە
بوو
لەگەڵ ئەوەشدا
جێگەمان نەدەبووەوە
نازانم ڕێک چەند ژن
بووین
لەو بڕوایهدام
زیاتر
لە پێنج سەد ژن
دەبووین
جێگای جووڵەیەکیشمان
نەبوو
بۆ ئەوەی جێگامان بێتەوە
لەسەر یەک و لە باوەشی
یەکدا دانیشتبووین
(وچان.)
لە ماوەی ئەو سێ
ڕۆژەدا
هیچ خواردنێکیان
نەداینێ
دوای ئەو سێ
ڕۆژە
بە برسێتی
بردینیان بۆ موسڵ
لێرەوە
لە دایکم و خوشکەکەمیان
جیا کردینەوە
نەمدینەوە
پەڕتەوازەیان کردین
من لەگەڵ چەندان
ژن و منداڵ
بە پشتی لۆری
بردینیان بۆ موسڵ
گەر لە پشتی لۆرییەکەدا
لەناو خۆماندا
قسەمان بکردیایە
ئەوە داعشەکان
بە قۆنداغی چەکەکانیان
لێیان دەداین
(بێدەنگی.)
من لێدانێکم بەرکەوت
قۆنداغی چەکەکەی
کێشا بە ملمدا
تا ئێستایش
شوێنەکەی ئازارم دەدا
(ڕێگا بە گریانەکەی دەگرێت.)
لە موسڵ
لە هۆڵێکی تردا
کە کردبوویان بە بەندیخانە
بەندیان کردین
لێرە
سەرلەنوێ
دابەشیان کردینەوە
چەند گروپێکیان
لێ دروست کردین
ئەو ژنانەی
تەمەنیان
لە سەروو ٥٠ ساڵ
بوو
کردیانن بە گرووپێک
ئەو منداڵانەی
شیرەخۆرە نەبوونایە
ئەوە لە دایکەکانیان
دەسەنرا
من مانگێک
لەو شوێنەدا
مامەوە
کە کردبوویان
بە بەندیخانە
دەستبەسەر بووین
(بێدەنگی.)
ئەوەی لەم مانگەدا ڕوویدا
هێندە سەختە
توانای باسکردنیم نییە
ئەوەی لەم مانگەدا
بینیمان
لە لێدان
دەستدرێژی
لاقەکردن
بە هیچ وشەیەک باس
ناکرێت
بە هەر وشەیەک وێنای
بکەیت
ناتوانی
ئەوەی بە ئێمە کرا
بیگێڕیتەوە
نا نا
باس ناکرێت
(بێدەنگییەکی درێژ خایەن.)
(هەڵدەستێتە سەرپێ و دێتە ناوەڕاستی شانۆکەوە و ڕێک، بەرامبەر بینەران دەوەستێت.)
ئەوەی ناتوانم لە بیرم بچێتەوە
دایکێک بوو
دایکێک و منداڵەکەی
هەرگیز
بیرم ناچێتەوە
چیرۆکی ئەو
دایک و منداڵە
شیرەخۆرەیە
هەرگیز لەبیر ناچێتەوە
نا بە هیچ شێوەیەک
ناکرێ
ناتوانم
چۆن دەکرێ شتی وا
بیر بچێتەوە
چۆن دەکرێت
شتی وا ڕوو بدات
نازانم
(وچان.)
دایکی ئەو منداڵە
لەگەڵ من بەند بوو
منداڵەکەی
نۆ مانگ بوو
هەمیشە بەبەر
سنگییەوە بوو
(بێدەنگییەکی کورتخایەن.)
داعش
خواردنیان نەدەداینێ
برسێتی
تەواو ماندووی
کردبووین
هێزمان تیا نەمابوو
ڕۆژی لەتێ نانیان دەداینێ
لەتێ نان
کە زۆرجار
نانەکە
کەڕووی کردبوو
نەدەخورا
شیری دایکەکە
وشکی کردبوو
منداڵەکە
هەر دەیزریکان و دەگریا
(بێدەنگییەکی کورت.)
لە برساندا
دەگریا
دایکەکەش
شیری نەمابوو
نەیدەتوانی شیری بداتێ
چۆری تیا نەمابوو
وشکی کردبوو
دایکەکە
عەرەبی دەزانی
لەگەڵ پاسەوانەکان
کردی بە دەنگە دەنگ
پێی گوتن
کوڕەکەی لە برسا
دەگری
لەبەر ئەوەی
ئێوە
هیچ خواردنمان نادەنێ
منداڵە شیرەخۆرەکە
هەر دەیزریکان
دەگریا
دایکەکەش
هەر هاواری بوو
بۆ تۆزێ نان
قومێ ئاو
نەبوو
هیچ نەبوو
هیچ
(وچانێکی کورت.)
(جەمیلە، هەوڵی خۆ کۆکردنەوە دەدات، تا بتوانێت بەردەوام بێت. هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەمژێت و دێت و دەچێت.)
ڕۆژێک لەپڕ
چەکدارەکان خۆیان کرد
بە ژووردا
منداڵەکەیان بە زۆر
لە باوەشی
دایکی
دەرهێنا
بردیان
دوو سەعات دیارنەمان
دایکەکە
ئارامی نەمابوو
لەبەر دەرگاکەدا وەستا بوو
دوایی بە قاپێکی
گەورەی پڕ
لە گۆشت و برنجەوە
هاتنەوە
خستیانە بەردەمی
دایکەکە
گوتیان
“فەرموو ئەوە کوڕەکەت
بۆمان لێ ناویت”
بە دایکەکەیان گوت
“وتت برسیمە”
“بخۆ دەی”
(بێدەنگی.)
(لێرەوە بە ڕیتمێکی خێرا و بەدەم هەنسک دانەوە، قسە دەکات.)
منداڵەکەیان
پارچەپارچە کردبوو
هەرگیز
ئەوەم بیرناچێتەوە
کێ دەتوانێ
ئەمە قبووڵ بکات
کێ دەتوانێت
بەرگەی
ئەم ئازارە بگرێت
کێ
(هاوار دەکات.)
چ دینێک ئەمە
قبووڵ دەکات
(دەگری. جەستەی دەلەرزێت و ناتوانێت قسە بکات. هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێت و وەک ئەوەی نەتوانێ، چیتر هەناسە بدات.)
(لەپڕ، وەک شێت، گیرفانەکانی دەگەڕێت، وێنەی منداڵێک لە گیرفانی دەردەهێنێت و سەیری دەکات و بە کوڵ دەگری.)
(لەسەر یەکێک لە کورسییەکان دادەنیشێت.)
(وچان.)
(سەیری وێنەکە دەکات و دەینێت بە سنگییەوە.)
وێنەی کوڕەکەمە
دوو ساڵە
لێرە لە دایک بووە
زۆرجار
دەیخەمە ئامێزمەوە
بە توندی
دەینووسێنم
بە سنگمەوە
بیر دەکەمەوە
کە منداڵی
وەک ئەم کوڕە بچووکەی
منیان دەکوشت
منداڵێکی نۆ مانگ
(بێدەنگی.)
لە بیر ناچێتەوە
ڕۆژێک تێناپەڕێ
من بیر
لەو منداڵە و دایکەکەی
نەکەمەوە
ئەو دایکەی
منداڵەکەی خۆیان
لەسەر
قاپێک بۆ دانا
تا بیخوات
(بێدەنگی.)
لە خەفەتدا
شێت بوو
پارچە گۆشتەکانی
لەسەر قاپەکە
هەڵگرد
بەرزی کردەوە
نووساندی
بە سنگییەوە
دەیقیژان و هاواری دەکرد
دەگریا
(دەگری.)
منداڵە
شیرەخۆرەکەی
ئەو بوو
بۆیان لێ نابوو
سەری منداڵەکەیان
بە جیا
لەسەر قاپێک
بۆ دانابوو
هیچیان لە سەرەکەی
نەکردبوو
پارچەکانی تری
منداڵەکەیان
لێ نابوو
(دەنگی بایەکی بەهێز لە پەنجەرەکەوە دێت.)
(بێدەنگییەکی درێژخایەن.)
پێکەوە
لە یەک ژووردا
دەستبەسەر بووین
بەند بووین
من و ئەو ژنە
لەو هۆڵەدا
لە موسڵ
(وچان.)
نازانم چی بەسەر
هات
دەزانم
شێت بوو
دوای ئەوە نازانم
چی لێ هات
نەمدییەوە
(بێدەنگی.)
لە هەمووی سەختر
بۆ من
کە لەگەڵ
هەموو باسکردنێکدا
ئازارم دەدات
برینەکانم
دەکولێنێتەوە
ئەو هەموو
دەستدرێژییە بوو
ڕۆژانە دەکرایە سەرم
(وچانێکی کورت.)
بەرلەوەی
لە بەندیخانەکەی
موسڵ
بە ٢٠٠ دۆلار
فرۆشرام
هەموو ڕۆژێک
لاقە دەکرام
دەستدرێژی دەکرایە
سەرم
(بێدەنگی.)
(دهموچاوی لەنێو هەردوو لەپی دەستیدا دەشارێتەوە، ئینجا قسە دەکات.)
کێ لە هەموو دنیادا
شتی وای دیووە
کێ
ئەوەی ئێمە
بە چاوی
خۆمان بینیمان
لە هیچ شوێنێک
(قسەکەی بۆ تەواو ناکرێت.)
(بێدەنگی.)
دایکەکە هەر دەیقیژان
قژی خۆی
ڕادەکێشا
بەردەوام بە کوڵ دەگریا
کوڕە نۆ مانگییەکەیان
بۆ لێ نابوو
(وچان.)
چیتر نەمبینییوە
دوای ئەوەی
لە حەیبەتدا
شێت بوو
ئیتر نەمدییەوە
نازانم چی لێ هات
(بێدەنگییەکی کورت خایەن.)
مەلیک تاووس
بۆ بەهانامانەوە
نەهاتی
(وچان.)
چ تاوانێکە
تاوانەکانی داعش
خەلافەتی ئیسلامی
هیچ
سنوورێکی نییە
دڕندە بوون
دڕندە
(بێدەنگی.)
(یەکێک لە کورسییەکان هەڵدەگرێت و دەیخاتە سەر مێزەکە. کورسییەکەی تر دەخاتە بەردەمی دەرگاکە و لەسەری دادەنیشێت.)
سووکایەتییان
بە ژنە بە تەمەنەکان
دەکرد
ژنە پیرەکان
بەر لەوەی بیانکوژن
(بێدەنگی.)
ئەو ژنانەیان
دەکوشت
گەر لای ئەوان
پیر بوونایە
هەر ژنێک
بە پێوەری ئەوان
پیر بووایە
زوو لە کۆڵ خۆیان
دەکردنەوە
دەیانکوشتن
هەر لەناو قوتابخانەکەدا
دەیانکوشتن
کە ئێمەی تیا بەند
بووین
“ئێوە بەکەڵکی
ئەوە نایەن
لێرە کۆتانکەینەوە
ئێوە پیرن”
وایان بەو ژنانە
دەگوت
(بێدەنگییەکی کورتخایەن.)
بەر لەوەی
ئەو ژنە
پیرانە بکوژرێن
ناچاریان دەکردن
دەمیان
بکەنەوە
(جەمیلە هەڵدەستێتە سەرپێ و بە هەموو هێزی خۆی شەقێک لە کورسییەکە هەڵدەدات و هاوار دەکات.)
(وچانێکی کورت.)
ناچاریان دەکردن
دەمیان
بکەنەوە
دوای ئەوە
چەکدارەکان
میزیان
دەکردە دەمی
ژنەکانەوە
ئەو ژنە
بە تەمەنانە
“ئاوا دەبن بە
موسوڵمان”
(هاوار دەکات و دەقیژێنێت.)
وایان دەگوت
چەکدارەکانی داعش
وایان بەو ژنە
بە تەمەنانە
دەگوت
“ئاوا دەبن بە
موسوڵمان”
میزەکەیان دەکردە
دەمیانەوە
“میز دەکەینە دەمتانەوە
بۆ ئەوەی کە دەمرن
لەوە دنیا
لە ژیانی دوای مردن
ببن بە موسوڵمان”
خودایە
تۆ لێرەیت
فریشتەی پیرۆز
مەلیک تاوس
بۆ نەتپاراستن
بۆ
(بێدەنگی.)
بە چاوی خۆم بینیم
کە میزیان دەکردە
دەمی ژنەکانەوە
ئەو ژنە
پیرانە
دوایی
دەیانکوشتن
لەبەر چاوی ئێمە
وایان لەو
ژنە پیر و بە تەمەنانە
دەکرد
(بێدەنگی.)
بە چاوی خۆم بینیم
لەبەر دەمی ئێمەدا
ئەو تاوانە
قێزەوەنەیان
دەکرد
چەکدارەکانی داعش
میزەکەیان
دەکردە
دەمی ژنە بە تەمەنەکانەوە
ئینجا
دەیانکوشتن
(دەنگی تەقەی گوللەیەکی زۆر بەهێز دێت.)
(دەنگی هاوارێکی تاساو.)
(توڕەیی و شپرزەیییەکی زۆری پێوە دیارە.)
(بێدەنگییەکی درێژ خایەن.)
پاسەوانەکانی بەندیخانەکە
لە موسڵ
جارناجارێک
دەهاتن و گروپی
بچووکیان
لە ژنە گەنجەکان
دەبرد
(بێدەنگی.)
دوای مانگێک
نۆرەی منیش هات
منیان لەگەڵ پێنج
کچی تر برد
بە چاو بەستراوی
بردینیان
نەمان دەزانی
بۆ کوێمان دەبەن
کە چاویان کردینەوە
لە خانوویەکی گەورەدا
بووین
ناچاریان دەکردین
لە بەیانییەوە
تا ئێوارە
نان و چێشتێکی زۆریان
بۆ لێ بنێین
بۆ ئەوەی چەکدارەکان
بیخۆن
بە شێوەیەکی
زۆر دڕندانە
مامەڵەیان لەگەڵ
دەکردین
کۆیلە بووین
(وچان.)
جارێکیان
یەکێک لە هاوڕێکانم
بیری چوو بوو
خوێ بکاتە
برنجەکەوە
چەند چەکدارێک
زۆر بە توڕەیی
هاتن
بەهێز
سەریان خستە
ناو ئەو قابلەمە
برنجە
گەرمەوە
تا تەواو هەموو دەموچاوی
نەسووتا
وازیان
لێ نەهێنا
دوای ئەوە بردیان
نازانم دوایی چی بەسەر
هات
نەمانبینییەوە
هەرگیز نەگەڕایەوە
(بێدەنگی.)
ناوی
“ژیان” بوو
هەرگیز جارێکی تر
“ژیان”مان
نەمبینییەوە
دوو مانگێک لەو خانووەدا
مامەوە
هەموو ڕۆژێک
لە بەیانییەوە
تا ئێوارە
خواردنم بۆ دروست دەکردن
قاپم دەشت
جلەکانیانمان دەشت
هەموو ئیشێکمان
دەکرد
وەک کۆیلە
مامەڵەیان لەگەڵ
دەکردین
لەو دۆزەخەدا
تەنیا شتێک
بیرم لێ دەکردەوە
مانەوە بوو
نەکوژرێم
بتوانم ڕۆژێک
بە زیندوویی
دەرباز بم
تا بتوانم
ئەوەی بەسەرمان هات
بگێڕمەوە
(وچان.)
لە سەرەتادا شەش
ژن بووین
لەوێ
کە ژیان
نەما و بردیان
دوایی
(بێدەنگی.)
ژیان
ژنێکی گورجوگۆڵ بوو
پڕ بوو
لە ژیان
لە جوانی
هەموویان
لە ژیان خۆیدا
کوشت
ژیانیان لێ سەندەوە
(بێدەنگی.)
ئەمیری داعشەکان
کە سەرپەرشتی
ئەو چەکدارانەی
دەکرد
کە ئێمەیان
دەستبەسەر کردبوو
ڕۆژێک هات
سەیری کردین
دوایی
یەکێک لە ژنەکانی
هەڵبژارد
کە زۆر جوان بوو
جلی جوان و ئارایشتی
بۆ هێنا
فەرمانی پێدا
بچێتە حەمامەکە
پاک
خۆی بشوات
سووراو و سپیاو بکات
خۆی
بڕازێنێتەوە
دوای سەعاتێک
ژنەکە لە حەمامەکە
هەر نەهاتە دەرەوە
ئەمیرەکەی
داعش
توڕە بوو
پاسەوان و چەکدارەکان
دەرگا و پەنجەرەکانیان
شکاند
کە چوونە ژوورەوە
ژنەکە مردبوو
خوێن بە هەموو جەستەیدا
دەهاتە خوارەوە
(بێدەنگی.)
دەمارەکانی
هەردوو مەچەکی
بڕیبوون
لەناو
خوێنی خۆیدا
کەوتبوو
کۆتایی بە ژیانی خۆی
هێنا بوو
ئەمیرەکە
شێت بوو
چاوەکانی بوون
بە گۆمی خوێن
هاواری دەکرد
فەرمانی دەرکرد
ئەو چوار ژنەی
لەوێ مابووین
بردینیانە ژوورێک
لە نهۆمی سەرەوەی
خانووەکە
کە چووینە سەرەوە
لاشەی هاوڕێکەمانمان دی
لەوێ
لە ژوورەکەدا
بە ڕووتی
فڕێیان دابوو
ئەمیرەکەش
لە ژوورەکەدا بوو
هاواری دەکرد
دەیگوت
“ئەو ژنە کافرە
کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە
تا نەبێت
بە موسوڵمان
بەڵام من هەر دەیکەم
بە موسوڵمان”
(جەمیلە دەشڵەژێت و قسەی بۆ ناکرێت، هەوڵ دەدات هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژێت، بۆی ناکرێ، دەیەوێ بگری ناتوانێ، هەر سەیری شوێنێکی نادیار دەکات، وەک ئەوەی لە بۆشاییدا بژی.)
(بێدەنگی.)
ئەمیرەکە
بە بەرچاوی ئێمەوە
ئەو ئەمیرەی
داعش
لەبەر چاوی ئێمەدا
هاواری دەکرد
“هەر ئێستا
دەیکەم بە موسوڵمان”
لەبەر چاوی ئێمە
لاقەی جەستەی هاوڕێکەمانی کرد
دەستدرێژی کردە
سەر لاشەکە
لاشەی هاوڕێ
مردووەکەمان
دوای ئەوە فەرمانی دا
بە چەکدارەکان
یەکەیەکە
لاقەی لاشەی
ئەو ژنە
مردووە
بکەن
بە پێکەنینەوە دەیگوت
“هەر یەکێک لە ئێوە
هەوڵی ڕاکردن
یان کۆتاییهێنان
بە ژیان
بێنن
ئاواتان لێ دەکەین”
بە هەموویان
لاقەی
لاشەی ژنەکەیان کرد
ئەو لاشە بێ گیانە
هاوڕێکەمان
لەبەر چاوی ئێمە
(بێدەنگی.)
(دەنگی بانگ بە کزی لە دەرەوە دێت.)
(جەمیلە دەوەستێت و گوێ لە دەنگی بانگەکە دەگرێت.)
(بێدەنگی.)
دوای مانگێک
من و سێ ژنەکەی تر
کە مابووین
هەوڵی ڕاکردنماندا
کە پاسەوانەکەمان
نووستبوو
بەسەر دیوارەکەدا
هەڵگەڕاین
(بێدەنگی.)
دوای ئەوەی بە کۆمەڵ
بە شێوەیەکی دڕندانە
پەلاماریان داین
دەستدرێژییان کردە سەرمان
لە ژێر دەستیاندا
لە هۆش خۆم چووم
خوێنێکی زۆرم لەبەر
ڕۆیشتبوو
(بێدەنگی.)
نەمانتوانی ڕابکەین
گیراینەوە
ئەشکەنجە دراین
دووبارە و سێ بارە
لاقەیان کردینەوە
دوایی بە ٢٠٠ دۆلار
بە پیاوێکی خەڵکی موسڵ
فرۆشرام
ژنێک و شەش منداڵی
هەبوو
ئەبو ئەحمەد
منی بە ٢٠٠ دۆلار
کڕی
نازانم ناوی چی بوو
پێیان دەگوت
ئەبو ئەحمەد
کوڕە گەورەکەی
ناوی
ئەحمەد بوو
لەبەر ئەوە
بەو دەگوترا
ئەبو ئەحمەد
ئەبو ئەحمەد چەکداری
داعش بوو
کەم لە ماڵەوە دەبوو
کە دەهاتەوە بۆ ماڵەوە
لاقەی دەکردم
دەستدرێژی
دەکردە سەرم
ژنەکەی ئەبو ئەحمەد
بە دار لێی دەدام
هەر شەش منداڵەکەی
لە خوار دە ساڵییەوە
بوون
کە تازە
چوومە ئەو ماڵە
منداڵەکان
لەگەڵم میهرەبان بوون
بەڵام دایکیان
منداڵەکانی لێ هەڵگێڕامەوە
فێری کردن
لێم بدەن
بێڕێزیم پێ بکەن
ئەو ژنە بەردەوام
قسەی بە ئێمە دەگوت
بە ئێزیدییەکان
کە ئێمە
“کافرین
دەبێ ببین
بە موسوڵمان”
منداڵەکان
هەر زوو گۆڕان
تەنانەت بچووکەکەشیان
بەردەوام
لێیان دەدام
ئیشیان پێدەکردم
وەک کۆیلە
مامەڵەیان لەگەڵ
دەکردم
دوو مانگ
کۆیلەی ئەم خێزانە
بووم
هەموو ئێشێکم دەکرد
جلەم دەشت
ماڵم پاک دەکردەوە
چێشتم لێ دەنا
ئاگام لە منداڵەکانیان دەبوو
ناچاریشیان کردبوو
وەک ئەوان
جل لەبەر بکەم
هیچ قژم دیار نەبێ
قورئان بخوێنم
لەگەڵیان
نوێژ بکەم
کەچی
ئەبو ئەحمەد
لاقەشی دەکردم
بە شێوەیەکی دڕندە
پەلاماری دەدام
(بێدەنگی.)
“تۆ ئێستا موسوڵمانیت”
وایان پێ دەگوتم
کە ئیتر من
موسوڵمانم
(بێدەنگی.)
من لە دڵەوە هەر
ئێزیدی بووم
پڕ بە دڵ
ڕقم لێیان بوو
کە ناچاریان
دەکردم
یاساکانی ئیسلام
جێبەجێ بکەم
بۆ ئەوان بووبووم
بە ئیسلام
بەڵام دەستدرێژی دەکردە
سەرم
(بێدەنگی.)
دینەکەی من
هەرگیز
خراپەی بۆ کەس نەبووە
دەستدرێژی
نەکردۆتە سەر هیچ
کەس و لایەنێک
باوەڕم ئەوەیە
کە خوا تاکە
مەلیک تاوس
فریشتەی پیرۆزە
شێخ عەدی والییە
من ئێزیدیم
ئاینەکەشم ڕێگای
ڕاستە
(وچان.)
دوای دوو مانگ
ئەبوو ئەحمەد
پێی گوتم
کە فرۆشتومیەتەوە
بە پیاوێک
لە سوریا
دەبێ خۆم ئامادەکەم
بۆ ڕۆیشتن
نیوەشەو
سەیارەیەک هات بە شوێنمدا
ئەبو ئەحمەد
دامیە دەست
پیاوێک
بردمی
(بێدەنگییەکی کورت خایەن.)
سێ ژنی تری ئێزیدی
لە سەیارەکەدا بوون
ئەوانیشیان دەبرد
بۆ سوریا
هەر سێکمان
دەموچاومان
داپۆشرا بوو
دوو سەیارەی تریش
کە ژنی ئێزیدییان
تیا بوو
هاتن
ئەم سێ سەیارەیە
بە ڕیز بەرەو
سنووری سوریا
بە ڕێ کەوتن
دەوروبەری سەعات
چواری بەیانی
گوێمان لە دەنگی
هێلیکۆپتەر بوو
بە سەر سەرمانەوە
دەسوڕانەوە
داعشەکان
سەیارەکانیان ڕاگرت
لە سەیارەکان دابەزین
ڕایانکرد
من و ژنەکانی تریان
لە سەیارەکاندا
بە تەنیا
بەجێ هێشت
دوانزە
ژن بووین
کە زانیمان
کەس چاودێریمان ناکات
پاسەوانمان
بەدیارەوە نییە
داعشەکان
لە ترسدا
هەڵهاتوون
خێرا
پەچە و سەرپۆش و جلە
ڕەشەکانمان
فڕێدا
ڕامانکرد
(وچان.)
بەناو ئەو بیابانەدا
ڕامانکرد
بێ ئەوەی بزانین
بۆ کوێ ڕادەکەین
ڕامان دەکرد
لەوە دەترساین
ڕێگاکە هەڵە بکەین
ڕێک
بچینەوە
ناو چەکدارەکانی
داعش
شارەزا نەبووین
ئێمە
خەڵکی بیابان نین
زۆر دەترساین
بکەوینەوە
دەست
چەکدارەکانی داعش
(بێدەنگییەکی کورتخایەن.)
ئەمجارە بەخت
یارمان بوو
بەرەبەیان
سەیارەیەکمان بینی
ئاڵایەکی پێوە بوو
نەماندەناسی
چ ئاڵایەکە
بەڵام ئاڵا ڕەشەکەی
داعش نەبوو
دەستمان بەرز کردەوە
هاوارمان لێ کرد
فریانمان کەون
کە سەیارەکە وەستا
سەربازەکان
بە کوردی قسەیان
دەکرد
ئاڵاکەش
ئاڵای هێزەکانی
یەپەگە بوون
ئەو هێزەی
داعشیان
شکان
ئێمەیان گەیاندە
نەخۆشخانەیەک
لە دهۆک
(بێدەنگی.)
مانگی سێی ساڵی ٢٠١٥ بوو
دوای شەش مانگ
لە ژێر دەستی داعش
ڕزگارم بوو
دایکم و باوکمم
خوشک و براکەمم
لە دەست دا
(بێدەنگی.)
لە نەخۆشخانەکەی دهۆک
کچێکی نۆ ساڵ
لەلامەوە کەوتبوو
کیژێکی نۆ ساڵی
ئێزیدی
کە چەکدارەکانی
داعش
لاقەیان کردبوو
دووگیان بوو
سکی
پێنج مانگ بوو
(بێدەنگی.)
لای داعشەکان
لە نووسراوێکدا
کە بڵاویان کردبووەوە
نووسراوە
“ڕێگە پێدراوە
سێکس لەگەڵ
کچە کۆیلەیەکدا
بکەیت
کە هێشتا باڵق نەبووە”
ژمارەیەکی زۆر
ڕۆژنامەنووس و کەناڵەکان
چواردەورییان
گرتبوو
هێشتا لە چاوەکانی
ئەو کیژە
نۆ ساڵییەدا
ترسێکی گەورە
دیار بوو
هەموو لەشی دەلەرزی
(بێدەنگی.)
دوانی تر
لەو ژنانەی
پێکەوە
ڕامانکرد
دووگیان بوون
دەزانم
زۆر ژنی تری ئێزیدی
لە کاتی ڕاکردن
لە دەستی داعشەکان
سکەکانیان
لەبار بردووە
هەر لە نووسراوەکەی
داعشدا
نووسراوە
“لەگەڵ کۆیلەکەتدا
بۆت هەیە چی بکەیت و چی نەکەیت
بۆ نموونە
بۆت هەیە لە کۆیلەکەت
بدەیت
بەڵام لە دەموچاوی نا
بۆت نییە
ماچی کۆیلەی کەسێکی
تر بکەیت
بۆت نییە
کۆیلەکەت بفرۆشیت
گەر دووگیانت
کردبوو”
(بێدەنگی.)
سێ ساڵە
دەمەوێ
ئەم چیرۆکەی خۆم
بگێڕمەوە
بەڵام
کەس ئامادە نەبوو
گوێم لێ بگرێت
دواجار
کەسێک هات
گوێی
لێ گرتم
(بێدەنگی.)
لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی
ژنە ئێزیدییەکاندا
کە لە گوندی باغوز
لە ڕۆژهەڵاتی سوریا
دۆزرانەوە
سەری پەڕیوی
ئامۆزاکەمم
ناسییەوە
هانا
هانا تەمەنی
تەنیا ٢٩ ساڵ بوو
(بێدەنگییەکی درێژ.)
سێ ساڵە دەمەوێ
ئەم چیرۆکەی خۆم
بگێڕمەوە
بەڵام
کەس ئامادە نەبوو
گوێم لێ بگرێت
دواجار
کەسێک هات
گوێی
لێ گرتم
(تیشکی خۆرەکەی دەرەوە، بەرەوئاوا بوون ڕۆیشتووە و ئاسمان بەرەو تاریکبوون دەڕوات.)
(جەمیلە فرمێسکەکانی دەسڕێت، هەڵدەستێتە سەرپێ و کورسییەکەی دەخاتە سەر مێزەکە و لە دەرگاکەوە دەچێتە دەرەوە.)
تاریکی.
(دەنگی بانگ لە دوورەوە دێت.)
بێدەنگی.
٢٥/١٢/٢٠٢٥
ستۆکهۆڵم
ئەم مۆنۆدرامایە لە دیدارێکی درێژی خانمێکی ئێزیدییەوە وەرگیراوە و سەرلەنوێ، لەم دەقە شانۆییەدا داڕێژراوەتەوە.