مێژووی ئاڵای کورد: ئاڵای ڕەنگین

له‌ فه‌ڕه‌نسییه‌وه‌: دڵشاد هیوا

ئاڵای ڕەنگین، کە لە سەوز، سوور و زەرد پێک دێت، ناسراوترین سیمبۆلی نەتەوەییی گەلی کوردە. مێژووی مۆدێرنی ئه‌م ئاڵایه‌ لە سەرەتای سەدەی بیستەمه‌وه‌ دەست پێ دەکات، واته‌ لە چوارچێوەی بێداربوونەوەی سیاسی و کولتووریی کوردانی دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی.

ئەمڕۆ ئاڵای کورد، لە خۆپیشاندانەکانی سەرانسەری جیھاندا دەبینرێت، بەتایبەتی لە کۆبوونەوەکانی پشتگیریکردن لە کوردانی ڕۆژاوا. لەم ناوچەیەدا، کوردان بە ئازایەتییەوە دژی تیرۆریستانی داعش جەنگان و نەک تەنیا بەرگرییان لە خاکی خۆیان کرد، بەڵکوو پارێزگارییان لە بەهاکانی ئازادی و پێکەوەژیانیش کرد. ئەم دەرکەوتنە نێودەوڵەتییەی ئاڵای کورد تا ڕادەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆکردنەوەی چالاکانەی ڕەوەندی کوردی، کە توانیویانە هۆشیاری و هەستیارییەکی ڕاستەقینە بەرانبەر ناسنامەی نەتەوەییی خۆیان دروست بکەن. ڕۆژاوا، وەک سیمبولی بەرگری و خۆبەڕێوەبەریی کوردان، بووەتە خاڵی ناوەندیی ئەم نیشتمانپەروەرییە مۆدێرنە و ئاڵای کوردیش دیارترین نیشانەیه‌تی .

ئەم ئاڵایە هەروەها لەلایەن کوردانی باشووری کوردستانه‌وه‌ لە عێراقیش بەکار دەهێنرێت و بەدەر لە سنوورەکان، ئەمڕۆ سیمبۆلی یەکێتی و ناسنامەی ته‌واوی گەلی کوردە.

لە ئاستی ئەم وتارەدا، ئێمە پشت بە لێکۆڵینەوەکانی سەدات ئوڵوگانا[1] دەبەستین، کە دەچێتە سەر ڕەگ و ڕیشەی ئاڵای کورد. مێژوونووس ئۆڵۆگانا بەتایبەت پشت بە نامەیەک دەبەستێت کە لەلایەن مەمدوح سەلیم بەگ(1880-1976)ەوە بۆ ژەنەڕاڵ ئیحسان نووری پاشا (1892-1976)، ڕێبەری ڕاپەڕینی ئاگری (ئارارات) لە کوردستان، نێردراوە.

ئێمە بە دڵنیاییەوە دەزانین ئاڵای کورد، کە کوردان بە “ئاڵای ڕەنگین” یان “کەسک و سۆر و زەر” ناوی دەبەن، خاوەنی مێژوویەکی ١٠٥ ساڵەیە. لەم پرۆسەیەدا، ئەم ئاڵایە لە سەدان گۆرانی، شیعر، ڕۆمان، شانۆگەری و فیلمدا، مانای سیمبۆلی و وێنه‌یی بەدەست هێناوە کە لە ناخی گەلی کورددا نەخشێندراوە.

لەو نامەیەدا، پێناسەیەکی ورد و تێر و تەسەلی ئاڵای کورد پێشکەش کراوە.

تا ئەمڕۆ، تەنیا سەرچاوەی ناسراو له‌بارەی مێژووی دیزاینی ئەم ئاڵایەوه‌، ڕستەیەک بوو، کە لەلایەن قەدری جەمیل پاشا (1891-1973)وە گێڕدراوەتەوە. بەڵام نامەیەک لە ئەرشیفی تاشناکسوتیۆن (Taşnaksütyun) بە شێوەیەکی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ دەیسەلمێنێت کە ئاڵاکە لە ساڵی ١٩٢٠دا دیزاین کراوە. ئەم نامەیە لەلایەن مەمدوح سەلیم بەگ لە بەیروتەوە بۆ ئیحسان نووری پاشا، نوێنەری سەربازیی خۆییبوون لە چیای ئاگری، کە بە ناوی نهێنی “جەمشید” دەناسرا، نێردراوە.

لەو نامەیەدا، کە مێژووەکەی بۆ ٢١ی کانوونی دووەمی ١٩٢٨ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هەم گێڕانەوەی پرۆسەی دیزاینکردنی ئاڵاکە و هەم نەخشەیەکی خێرای لێ دەبینرێت، کە بە قەڵەمی ڕەش بە پەلە کێشراوە. مەمدوح سەلیم بەگ تێیدا ڕایدەگەیەنێت کە ئاڵای کورد بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٢٠ لە ئەستەنبوڵ دیزاین کرا؛ ئەو داوای کۆتاییهێنان بە گفتوگۆکانی دەوروبەری ئاڵای کورد دەکات و جەخت دەکاتەوە کە دەبێت ئەم ئاڵایە بێ هیچ مەرجێک لەلایەن لیژنەی بەرگریی چیای ئاگرییەوە پەسەند بکرێت:

«لەو بڕیارەی له‌بارەی ئاڵای نەتەوەییی کوردی دراوە، یەکەم کۆنگرەی کوردی ئەو ئاڵایەی پەسەند کرد کە لە ساڵی ١٩٢٠ لە ڕێکخراوی کوردی لە ئەستەنبوڵ دیزاین کرابوو. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەو ئاڵایە لەو کاتەدا لەلایەن هەموو کوردانی ئەستەنبوڵەوە پەسەند کراوە و بە فه‌رمی پێشکەش بە کونسوڵخانەکان و نوێنەرە تایبەتەکانی زلهێزە ئامادەبووەکانی ناو ئەستەنبوڵ کراوە و وەک ئاڵای کوردی ناسێنراوە.

جگە لەوەش، ئەم ئاڵایە لە ڕێگەی نامەوە بۆ شوێنە جیاجیاکانی ئەوروپا و ئەمریکا نێردرا و لە هەمان ئاستی فه‌رمیدا ناسێنرا. لەلایەکی ترەوە، چاپکردن، بڵاوکردنەوە و دابەشکردنی لە نێوان زۆرێک لە کورداندا ئەنجام درا. کەواتە، ئاڵای کورد کە لەو کاتەدا بڵاو کرایەوە و پەسەند کرا، خاوەنی مێژوویەکی هەشت ساڵەیە.

هەرچەندە ئەم بابەتە بایەخێکی زۆری هەیە، بە هیچ شێوەیەک نابێت پشتگوێ بخرێت؛ لەسەر ئەم بنەمایە کۆنگرە بەبێ گفتوگۆ ئاڵاکەی پەسەند کرد. بڕیارەکانی کۆنگرە، بڕیاری تەواوی نەتەوەن و لەمەودوا ئەگەری گفتوگۆ له‌بارەی پرسی ئاڵا بوونی نییە و ئەم ئاڵایە وەک ئاڵای نەتەوەییی کوردان پەسەند کرا.

شێوەی ئاڵاکە بەم جۆرەیە: بە ڕیز، سوور، سپی و سەوز. ئەم سێ ڕەنگە بە درێژاییی دارئاڵاکە ڕیز کراون. لە ناوەندی پانهێڵه‌ سپییەکەدا، خۆرێکی زەرد هەیە کە بە تەواوی بازنەیییە و خاوەن دیزاینێکی ناوازەیە. تیشکەکانی خۆر بەرەو سەرەوە لە ناوچە سوورەکەدا و بەرەو خوارەوە لە ناوچە سەوزەکەدا درێژ دەبنەوە. لە ئێستادا، نموونەیەک کە بە پەلە ئامادە کراوە، بۆت نێردراوە.»

لەگەڵ ئەوەشدا، ئاڵای ناوبراو لێکچوونێکی زۆری لەگەڵ ئاڵای ئێرانی ئەو سەردەمەدا هەبوو. دەکرێت بگوترێت بزووتنەوەی کوردیی ئەو قۆناغە کە درێغی نەدەکرد لە دەربڕینی هاوسۆزییەکی توند لەگەڵ ئێران لە چوارچێوەی بابەتی “ئاریایی”دا، هەوڵی داوە لە ڕێگەی سیمبۆلی نەتەوەیییەوە، هاوشێوەیییەک دروست بکات. بۆ ئەم مەبەستە، ناتوانرێت ئەگەری دیزاینکردنی ئاڵایەک کە لە ئاڵای ئێرانی ئەو کاتە نزیک بێت، ڕەت بکرێتەوە. لە ڕاستیدا، مەمدوح سەلیم بەگ لە ڕوونکردنەوەی ئاڵاکەدا گوتبووی: “ئەگەر شێرەکەی بۆ زیاد بکەین، دەکرێت بگوترێت ئەمە ڕێک ئاڵای ئێرانە.”

ئەو جیاوازییەی کە ئاڵای کوردییە دیزاینکراوەکەی لە ئاڵای ئێران بە شێر و خورشیدەوە جیا دەکردەوە، پێچەوانەبوونی ڕەنگەکانی سوور و سەوز بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم دوو ئاڵایە سەرەڕای لێکچوونیان، لە ڕووی مانای ڕەنگەکان و سیمبۆلی خۆرەوە لەسەر بنەمای وانەیەکی ئەفسانەییی هاوبەش کە لە باوەڕی زەردەشتییانی کۆن و پاشخانی مێژوویی ئیمپراتۆریاكانی ماد و ئێرانه‌وه‌ وەرگیرابوو، بونیاد نرابوون.

لە ڕاستیدا، لە نێوان ساڵانی ١٩٢٥ تا ١٩٧٩، ئێران ئاڵایەکی سێ ڕەنگی سوور، سپی و سەوزی بەکار دەهێنا کە لە ناوەندەکەیدا، شێرێک بە شمشێر و خۆرێکەوە هەبوو. لەم ئاڵایەدا، شێر سیمبولی ڕۆستەمی زاڵ بوو، یەکێک لە پاڵەوانە ئەفسانەیییەکانی ئەفسانە ئێرانییەکان. خۆریش نوێنەرایەتی “ئێرانزەمین” (ناوچەیەکی جەوهەری کە لە ئیمپراتۆریەتی ئێرانی مێژوویییەوە تا ئەمڕۆ بوونی هەبووە) و پاشای ئەفسانەیی ئێرانی “جەمشید”ی دەکرد.

کوردان بۆ ڕەنگەکان و خۆرەکە مانای جیاوازیان دانا: “سوور” نوێنەرایەتی خوێنی شەهیدان و ڕەنگی شۆڕش؛ “سەوز” پیت و بەرەکەت و سەوزاییی زەوییەکانی کوردستان؛ “سپی” ئاشتی؛ و “خۆر” خۆشگوزەرانی و هەروەها ئاینی دێرینی زەردەشتی.

ئەو ئاڵایەی کە ئیحسان نووری بۆ ئەو فەرمانڕه‌واییه‌ی کە لە ئاگری دروستی کردبوو، هه‌ڵی دابوو، تێمایەکی ئیسلامی بەهێزی هەبوو. لە نامەیەکدا بە مێژووی ١ی ئابی ١٩٢٨، کە ئەردەشێر مورادیان، نوێنەری تاشناکسوتیۆن بۆ سه‌رهه‌ڵدانی چیای ئاگری، بۆ نوێنەری پارتەکە لە خوی، ناردوویەتی، ئەم ئاڵایە ئاوا وەسف کراوە:

«دەبێت ئاڵایەک لە قوماشێکی باش ئامادە بکرێت. پاشزه‌مینه‌ی ئاڵاکە ڕەش دەبێت. ئەو خۆرەی لە سووچەکەدایە، تیشکەکانی و ئەو نووسینەی بەسەریەوەیە سپی دەبن. خۆرەکە و نووسینەکە بە شێوەی درووین به‌ ده‌ست ئامادە دەکرێن. ڕەنگ و شێوەی ئاڵاکە بە شێوەیەکی تایبەت هەڵبژێردراوە تا کاریگەری لەسەر خەڵک هەبێت. ڕەش بە پلەی یەکەم سیمبولی ئاڵای پێغەمبەرە و هەروەها دۆخی سیاسی زۆر تاریکی گەلی کوردە؛ تیشکی خۆر سیمبولی داهاتوو و سەرکەوتنی ئامانجی کوردانە.»

لە کاتێکدا شایەتحاڵانی ئەو سەردەمە باس لە ئاڵایەک بە ڕەنگی “سپی” دەکەن، بەپێی ڕۆژنامەکانی تورکیای ئەو قۆناغە، لە ساڵی ١٩٣٠وە، ئەو ئاڵایەی کە لەلایەن ڕاپەڕیوەکانەوە لەو ناوچەیە و دەوروبەری زیلان هەڵدەدرا، پاشزه‌مینه‌یه‌كی سەوزی هەبووە. لەسەر ئەم ئاڵایە ئایەتی یەکەمی سوورەتی فەتح (اِنَّا فَتَحْنَا لَكَ فَتْحًا مُبينًا) و فەرموودەی « إنَّ الْجَنَّةَ تَحْتَ بَارِقَةِ السُّيُوفِ» نەخشێندرابوو.

دیسانەوە بەپێی هەمان ڕۆژنامەکان، ئەم ئاڵایانە به‌ ڕاپەڕیوە بریندار و دیلەکانه‌وه‌ دۆزراونەتەوە و پاشان بۆ بارەگای سوپا نێردراون تا لێکۆڵینەوەیان لێ بکرێت. بەڵام لە ڕاستیدا، ئاڵای ئاماژەپێکراو وەک ئاڵای کۆماری چیای ئاگری، نیشانەیەکی (په‌رچه‌م) بچووک بوو کە هێزە کوردییە بەشداربووەکانی ڕاپەڕینەکە لەسەر کڵاوەکانیان دایاننابوو.

ئەم سیمبۆلە، وێنەی سەر مەدالیایەکی زێڕ یان زیو بوو، کە ئیحسان نووری بە هەندێک لە خەباتگێڕانی به‌خشی بوو بەهۆی سەرکەوتنە سەربازییەکانیانه‌وه. ئیحسان نووری به‌ ڕاشكاوی ئاماژه‌ی به‌م بابه‌ته‌ لە لیستی داواکارییەکانی خۆیدا کردووە.

دوای ناردنی ڕوونکردنەوە و نەخشەی ئاڵای کورد بۆ چیای ئاگری، لیژنەی بەرگری لە ڕێگەی نووسینگەی تاشناکسوتیۆن لە خوی، بڕێکی زۆر قوماشی سەوز، سوور، سپی و زەردی داوا کردووه‌. بە لێکۆڵینەوە لە لیستەکانی داواکاریی فەرمانگەی ڕاپەڕینی ئاگری بۆ ساڵی ١٩٢٨، دەبینرێت کە نزیکەی هەر لیستێک قوماشی بەم ڕەنگانەی تێدا بووە. بەپێی بەڵگەکان، هاوینی ١٩٢٨، ئاڵای کورد بەپێی ئەو مەرجانەی کە لەلایەن “خۆییبوون”ەوە دیاری کرابوون، دروست کرا و هەڵدرا.

blank

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر تەنیا ئەو وێنەیەی کە لە ئاگری گیراوە و ئاڵاکەی تێدا دەبینرێت لێک بدەینەوە، دەبینین کە سەرەڕای وەسفەکەی مەمدوح سەلیم بەگ، ڕەنگەکان بە شێوەی ستوونی و نەک ئاسۆیی ڕیز کراون. لە ڕاستیدا، ماوەیەک دواتر، وەشانێکی ئاڵاکە کە لە بەیروتەوە نێردرابوو، گەیشتە ئاگری و ئەم هەڵەیە ڕاست کرایەوە.

بەم شێوەیە، مێژووی ئاڵای کورد ده‌نه‌خشێنرێت؛ ئەو ئاڵایەی کە لە ئەستەنبوڵ لە ساڵی ١٩٢٠دا دیزاین کرا و سێبەرەکەی، چ ڕاستەقینە بێت یان خەیاڵی، بەسەر گەلی کورددا کێشراوە.


[1] https://nupel.tv/sedat-ulugana-kurt-bayraginin-kisa-tarihi/  (وتارێكه‌ به‌ زمانی توركی بڵاو كراوه‌ته‌وه‌)