ڕانانێک لەسەر کتێبی “ئاوەژووکردنی واقیع” لە نووسینی ئەفسانە موستەفا

کتێبی “ئاوەژووکردنی واقیع”ی ئەفسانە مستەفا، بەرهەمێکی ڕەخنەگرانەیە کە لە بنەڕەتدا هەوڵێکی جدییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەیرانی تێڕامان و ئایدیۆلۆژیکییەکانی کۆمەڵگە، تایبەتی کۆمەڵگەی کوردستان لە سەردەمی ئێستادا. ئەم کتێبە کۆکراوەیەکە لە وتار و شیکردنەوە لەبارەی ئایین، سیاسەت، ئازادی و ناسنامە، کە هەموویان لە چوارچێوەی تێگەیشتنێکی قووڵتر لە واقیعی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی کوردستان دێنە پێشەوە. نووسەر بە زمانێکی ڕوون و بێ دوودڵی دەست دەخاتە سەر پرسیارە بنەڕەتییەکان کە کۆمەڵگەی کوردستان ساڵانێکی زۆرە لەگەڵیدا ململانێ دەکات، وەک جیاوازی نێوان ئایین و ئایدیای سیاسی، پەیوەندیی دیکتاتۆر و ئایین، شوێنی تاکایەتی و عەقڵ، لە کۆمەڵگەیەکدا کە هێشتا لە چنگی بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتی و ترسی ئایینی، ڕزگاری نەبووە.

یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی کتێبەکە مامەڵەیە لەگەڵ پرسیاری “ئایا ئیسلام سیاسییە؟” کە لە ڕاستیدا پرسیارێکی بنەڕەتییە لە باسی ئێستای کوردستان و هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەفسانە بە وردی شیکردنەوەی ئەو فکرە دەکات کە دەڵێت “ئیسلام دین و دەوڵەتە” و بە بەڵگە مێژوویییەکان ئاماژە بەوە دەکات کە ئیسلام سەرەتا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی نەبووە بەڵکوو ئەمە لێکدانەوەیەکە کە لەلایەن بەرپرسە سیاسییە ئایینییەکانەوە، کە بەرژەوەندیخوازانە بەکار هاتووە. ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو شتانەی ئەمڕۆکە وەک خیلافەت و دەوڵەتی ئیسلامی بە شێوەی ئێستا تێیدا باس دەکرێن، دروستکراوی مێژووی سیاسین. کە خودی ئەمەش ڕەخنەیەکی ڕاستەوخۆیە لە بزووتنەوە ئیسلامییە سیاسییەکان لە کوردستان، ئەوانەی کە بە ناوی ئایین هەوڵی دەستبەسەراگرتنی دەسەڵاتیان داوە و بە شێوەیەکی سیستماتیک ترسە دینی و ئایینییەکانیان بەکار هێناوە وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە.

لە هەمان کاتدا،  نووسەر لە بەشێکی ترەوە بە قووڵی دەچێتە ناو شیکردنەوەی پەیوەندیی نێوان دیکتاتۆر و ئایین، کە بە بڕوای من یەکێکە لە گرنگترین بەشەکانی کتێبەکە. ئەفسانە مستەفا بە شێوەیەکی نوێ سەیری ئەم پەیوەندییە دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە لە کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دیکتاتۆر و خودا هەردووکیان ڕۆڵێکی هاوشێوەیان لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا هەبووە. هەردووکیان “بێ تێڕامان”ن، لە سەرووی یاسان و بە “پیرۆز” دادەنرێن. ئەم باسە ڕوونکردنەوەیەکی جیاوازە بۆ ئەوەی کە بۆچی گەلانی رۆژهەڵات بە ئاسانی خۆیان ملکەچی دەسەڵات دەکەن. چونکە لە منداڵییەوە فێرکراون کە پرسیار نەکردن، بەهایەکی ئەخلاقییە. کاتێک منداڵێک فێر دەبێت کە نابێت پرسیار لە خودا و پێغەمبەر و ئایین بکات، بە شێوەیەکی سیستماتیک ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پرسیار لە بەرپرس و دەسەڵاتدار و دیکتاتۆر نەکات. هەر ئەم شیکردنەوەیە تیشک دەخاتە سەر ڕەگی کۆمەڵناسی و دەروونیی دیکتاتۆریەت لە کوردستاندا، کە تەنها بە گۆڕینی ڕژیم و دامەزراوە چارەسەر ناکرێت، بەڵکوو پێویستی بە گۆڕانێکی قووڵ لە بیرکردنەوە کۆمەڵایەتییەکان هەیە.

بەشێکی گرنگی دیکەی کتێبەکە تەرخان کراوە بۆ باسی تاکایەتی و گرنگی عەقڵ، کە لە ڕاستیدا ناوەندی هەموو بابەتەکانی ترە. نووسەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە تاک نابێت خۆی لە هزری کۆمەڵگە بخاتە دواوە، دەشڵێت کە تاکایەتی و ئازادیی بیرکردنەوە بنەمای گەشەکردنی هەر کۆمەڵگەیەکە. ئەو ڕەخنە لەو کولتوورە دەگرێت کە دەیەوێت تاک بتوێنێتەوە لەناو “پۆل”دا، جا ئەو پۆلە هۆز بێت یان حزب یان ئومەت و یان خێڵ. کە وای لێ بکات هەست بە بەرپرسیاریەتیی کەسی نەکات. کە بێگومان ئەمەش لە کۆمەڵگەی کوردستاندا کە تا ڕادەیەک هێشتا کولتووری هۆزایەتی و خێڵەکی و حزبایەتی بەهێزە، ئەم باسە تایبەتمەندیی گرنگی هەیە. زۆر جار تاکی کورد بە ئازاد هەڵبژاردنی تاکەکەسی خۆی ناژی، بەڵکوو بەپێی ویست و هەڵبژاردنی بەرانبەرەکەی دەژی کە ئێستا باسم کرد. ئەمە واتە کە سیستەمێک دروست بووە کە مەترسی هەیە بۆ سەر هزری تاک و بیرکردنەوە. نووسەر ئاماژە بەوە دەکات کە هەر لەم پەیوەندەدا ئیسلامی سیاسی بەشێوەیەکی ئەرێنی، ئەم کولتوورە گەشە پێدەدات و تاک دەخاتە ناو گۆڕەپانێکەوە کە تێیدا “خودی کەسی” ون دەبێت.

لەو سێ بەشەی کە کتێبەکەی تێدا دابەش بووە، بەشی دووەم بە تایبەتی سەرنجڕاکێشە، کە تێیدا باسی پەیوەندیی نێوان ئەفسانە و ئایین دەکات. نووسەر بە وردی شیکردنەوەی ئەوە دەکات کە چۆن زۆرێک لە باوەڕە ئایینییەکان بنەڕەتیان لە ئەفسانەی کۆندا هەیە و چۆن بەکار هاتوون بۆ ڕوونکردنەوەی دیاردە سروشتییەکان کە مرۆڤی کۆن نەیدەزانی. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە ئایین لە سەرەتادا وەڵامدانەوە بوو بۆ ترسی مرۆڤ لە سروشت و لە نەزانین، وە لە ڕێگەی چیرۆک و ئەفسانەوە هەوڵی ڕوونکردنەوەی جیهانی دەدا. بەڵام کاتێک ئەم ئەفسانانە گۆڕان بە “وەحی ئاسمانی” و نەیانهێشت کەس پرسیاریان لێوە بکات، ئەوە بوو کە ئەمانە بوونە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی مرۆڤ. چونکە بەپێی بنیاتە ئەپیستمۆلۆژیکییەکانی زۆر لە باوەڕە ئایینییەکان، ئەمە ڕەخنەیەکی قووڵ و بڤەیە. بەڵام لە هەمان کاتدا نووسەر جیاوازی نێوان ئایینی تاکەکەسی و ئایینی سیاسی دەردەخات و دەڵێت مەبەستی ڕەخنەگرتن لە ئایینی سیاسییە، نەک لە باوەڕی تاکەکەسی.

یەکێکی دیکە لە خاڵە جێگەی گفتووگۆکان لە کتێبەکە، باسی “نیشتمان یان ئایین”ە. کە لە ڕاستیدا قەیرانێکی ناسنامەیی گەورەیە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا. ئەفسانە مستەفا ئاماژە بەوە دەکات کە لە مێژووی کوردستاندا، زۆر جار ئایین بەکار هاتووە وەک ئامرازێک بۆ لەناوبردنی هەستی نیشتمانپەروەری. ئەو بە نموونەی قزڵباشەکان ئاماژە دەکات کە چۆن بە ناوی ئایین شەڕی دژی نیشتمانیان دەکرد. کە ئەمەش پرسیارێکی خستووەتە بەردەم کۆمەڵگەی کوردستان کە هێشتا بێ وڵامە، کە ئایا ئەولەویەت بۆ کوردایەتییە یان بۆ موسڵمانیەتی؟ بۆ نیشتمانە یان بۆ دین؟ نووسەر بە ڕوونی دەڵێت کە ئەم دوو هاوسەنگییە نابێت لە دژایەتیدا بن، بەڵام ئایینە سیاسییەکان بە دروشمی “ئومەتی ئیسلام” هەوڵیان داوە نیشتمانپەروەری بخەنە خوارەوە و تاکی کورد لەنێوان ئەم دوو ناسنامەیە بهێڵنەوە. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە لە سەردەمی ئێستادا، زۆرێک لە کوردان هێشتا لە ئەنجامی ئەم شڵەژانە دەناڵێنن و نازانن کە ئایا خۆیان بە کورد پێناسە بکەن یان بە موسڵمان، یان بە هەردووکیان و ئەگەر بە هەردووکیان، ئەوا کامیان لە کاتی پێکداداندا، ئەولەویەت دەبێت؟

لە درێژەدا کتێبەکە لە بەشێکی کورتدا ئاماژە بە چەمکی “پێداگۆگیی ستەملێکراوان”ی پاولۆ فرێری دەکات، کە لە ڕاستیدا خاڵێکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە چارەسەری ئەم قەیرانە. فرێری دەڵێت کە ڕزگاری ستەملێکراوان تەنها لە ڕێگەی دیالۆگ و هۆشیاری دێت نەک لە ڕێگەی گۆڕینی ستەمکارێک بە ستەمکارێکی تر. ئەمە ڕەخنەیەکی قووڵە لە زۆرێک لە شۆڕشە سیاسییەکانی رۆژهەڵات کە تەنها دیکتاتۆرێکیان بە دیکتاتۆرێکی تر گۆڕی بەڵام سیستەمی هزری و کۆمەڵایەتی هەر بە شێوەی کۆن مایەوە. بۆیە ئەمڕۆکە سیستمی پەروەردەیی لە کوردستاندا هێشتا لەسەر بنەمای “بانکی زانیاری”یە واتە مامۆستای ئایینی زانیاری دادەڕێژێت و قوتابی وەریدەگرێ بەبێ ئەوەی هیچ ئازادییەکی بیرکردنەوە یان ڕەخنەگرتنی پێ بدرێت. ئەمەش بەو واتایەی کە نەوەی نوێ هەر بە هەمان شێوازی نەوەی پێشوو فێر دەکرێن و قەیرانەکە درێژەی دەبێت. نووسەر پێی وایە کە تاکوو ئەم سیستەمە نەگۆڕێت و تاکوو خەڵک فێری بیرکردنەوە و پرسیارکردن نەبن، هیچ گۆڕانێکی ڕاستەقینە ڕوو نادات.

لە ڕووی پەیوەندیدان بە واقیعی ئێستای کوردستانەوە، پێشم باشە ئەوە بڵێم کە ئەم کتێبە دەتوانرێت بە ئاوێنەیەک بزانرێت کە ناخی کۆمەڵگەی کوردستان تێدا ڕەنگ دەداتەوە. کوردستانی ئێستا کۆمەڵگایەکە کە بە دوو ئاراستەی تەواو جیاواز دەکێشرێت. لە لایەک، بەشێک لە گەنجان بەرەو سیکۆلاریزم و مۆدێرنیزم ڕۆیشتوون و هەوڵ دەدەن کۆمەڵگەیەک بنیاد بنێن کە لەسەر بنەمای ئازادیی تاک و جیاکردنەوەی ئایین لە سیاسەتە. لە لایەکی ترەوە، بەشێکی تری کۆمەڵگە هێشتا لە چنگی کۆنەپەرەستی ئایینی و ترسی گوناهدان و بەشێکی تریش ڕۆیشتوون بەرەو ئیسلامی ڕادیکاڵ. ئەم دابەشبوونە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی گەورەی دروست کردووە کە لە هەموو ڕووەکانی ژیانی ڕۆژانەدا دەبینرێت. وەک لە جل و بەرگەوە بگرە تاکوو سیاسەتی بەڕێوەبەری، پەروەردە تاکوو تەنانەت پرسی ئابووریش.

 ئەوەش بڵێم یەکێک لە باسە نائاشکراکانی کتێبەکە کە ڕاستەوخۆ باسی ناکات بەڵام لە نێوان دێڕەکاندا هەستی پێدەکرێت، باری ژنانە. کاتێک نووسەر باس لە تاکایەتی و ئازادیی بیرکردنەوە دەکات، ئەمە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر باری ژنانیش لە کۆمەڵگەی کوردستاندا هەیە. ژنانێک کە زۆر جار لە مافی بیرکردنەوە و بڕیاردانی سەربەخۆ بێبەش کراون. کاتێک باس لە ئەوە دەکات کە سیستەمی پەروەردە تاک فێری “فەرمانبردن” دەکات، ئەمە دوو ئەوەندە قورسایی لەسەر ژنان دەکات کە لە منداڵییەوە بۆ هەر شتێک زیاتر فێری بێدەنگی و ملکەچی دەکرێن. چونکە کاتێک باس لە ترسی ئایینی دەکات واتە بە شێوەیەکی سیستماتیک لە ڕێگەی ترسی گوناه و دۆزەخەوە، ژنان کۆنترۆڵ دەکرێن. بۆیە ئەگەرچی کتێبەکە بەشێکی تایبەتی بۆ پرسی ژنان لەم بابەتەدا، تەرخان نەکردووە، بەڵام لام وایە هەموو بابەتەکانی پەیوەندییان بە ئازادیی ژنانەوە هەیە.

لە ڕووی زمانەوانییەوە کتێبەکە لە نێوان زمانی ئاکادیمی و زمانی ڕۆژانەدا دێت و دەچێت. ئەفسانە موستەفا بە زمانێکی ڕوون دەنووسێت، بەڵام لە هەمان کاتدا بەکارهێنانی سەرچاوەی جیاواز لە فیلسوف و بیرمەندان وەک کانت، سۆکرات، فرێری، ماکیاڤێلی و زۆری تر، قووڵاییی تیۆرییەکی بە کتێبەکە دەبەخشێت. ئەمە واتەی ئەوەیە کە کتێبەکە لە یەک کاتدا دەتوانێت بۆ هەردوو گرووپ سوودبەخش بێت: بۆ خوێنەری ئاسایی کە دەیەوێت لە بابەتە ئایینی و سیاسییەکان تێبگات و بۆ توێژەر و ئەکادیمیسیەن کە بەدوای شیکردنەوەیەکی قووڵتردا دەگەڕێت.

لە کۆتاییدا، بێگومان بەپێی خوێندنەوەی هەر کەسێک و ئەو لایەنە ڕەخنەییانەی کە هەیانە، بەڵام پێم باشە سەرەڕای هەر شتێک، بڵێم کە کتێبەکە بەهایەکی گەورەی هەیە. یەکەم جار نییە کە کوردێک دەست دەخاتە سەر بابەتی ڕەخنەگری ئایینی، بەڵام شێوازی مامەڵەکردنی ئەفسانە موستەفا یەکەم وەک تاکێکی کورد و دووەم وەک ژنێکی کورد لەگەڵ ئەم بابەتە جیاوازە. کتێبی “ئاوەژووکردنی واقیع” هەوڵێکی ئازایانەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەیرانەکانی کۆمەڵگای کوردی. لە سەردەمێکدا کە زۆر کەس دەترسن لە قسەکردن لەسەر ئایین و سیاسەت، ئەفسانە مستەفا بێ ترس و بێ دوودڵی ئەم بابەتانەی خستووەتە ڕوو. ئەو ڕەخنە لە بەکارهێنانی سیاسیی ئاین دەگرێت، لە ئەوانە دەگرێت کە بە ناوی خودا دەسەڵات دەست دەخەن، نەک لە ئەوانەی کە تەنها وەک تاکی موسڵمان هەڵسوکەوت دەکەن. بۆیە ئەو ڕەخنە لە سیستەم دەگرێت، نەک لە تاک.

لە سەردەمێکدا کە کۆمەڵگەی کوردی لە شڵەژانێکی ناسنامەیی کەوتووە، ئەم کتێبە ڕێگەیەکی سێیەم پیشان دەدات: نە بەرەو لایەنیزمی ڕەق و توند، نە بەرەو کۆنەپەرەستی کوێر، بەڵکوو بەرەو بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە کە ئایین و مۆدێرنیزم، ناسنامە و ئازادی.

واقیعی ئەمڕۆی کوردستان پێویستی بە وتووێژی ئەم جۆرە هەیە. پێویستە کە تاکەکان تێیدا بتوانن بە ئازادی بیر بکەنەوە، پرسیار بکەن و ڕەخنە بگرن. تەنانەت لە “پیرۆزترین” بابەتەکان. ئەم کتێبە هەنگاوێکە کە بۆ داهاتووی کوردستان زۆر گرنگە. چونکە داهاتووی کوردستان لە دەستی ئەو نەوەیەدایە کە فێری بیرکردنەوەو تێڕامان دەبێت، نەک فێری دووپاتبوونەوە.