شارە کوردییەکانی ڕۆژاوای کوردستان لە سەدەی یازدەهەمەوە تا ئەمڕۆ:ڕەققە، حەڵەب، شام
لە سەدەی یازدەهەمەوە تا ئێستا، باکووری سووریا لە ڕووی مێژوویییەوە بووەتە ناوچەیەک کە لە نزیکەوە پەیوەندیی بە گەلی کوردەوە هەیە. ئەم وتارە ئامانجی ئەوەیە کە ئەم بەردەوامییە لە دوو بەشی سەرەکیدا بخاتە ڕوو.
بەشی یەکەم، بە تایبەتی بە تیشکخستنە سەر سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست لە چوارچێوەی سەردەمی ئیسلامی ـ عەرەبی و بنەماڵەی ئەیووبییەکانی سەڵاحەدینی کوردی، نیشانی دەدات کە چۆن باکووری سووریا لە ڕێگەی داینامیکە سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازییەکانەوە، کە کوردیشی لەخۆ دەگرت، داڕێژراوە. زۆرێک لە دامەزراوە پەروەردەیییەکان (مەدرەسە)، حەمام، مزگەوت و گۆڕستانەکانی کوردان، تەنانەت ئەمڕۆش بەو ناوانە دەناسرێنەوە کە کوردەکان لێیان ناون.
بەشی دووەم، تیشک دەخاتە سەر ئەو سەردەمەی کە میرنشینە کوردییەکان تێیدا سەربەخۆ یان نیمچە سەربەخۆ بوون، بە تایبەتی لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا، و لێکۆڵینەوە لەو ڕێکخستنەوە كارگێڕی و گۆڕانکارییانەی پێکهاتەی زەوی دەکات کە کاریگەرییان لەسەر ناوچەکە هەبووە.
ئامانجی ئەم وتارە ئەوەیە بیسەلمێنێت کە باکووری سووریا، بە تایبەتی ئەو شارانەی لە ڕووی نەتەوەیییەوە مشتومڕیان لەسەرە، وەک ڕەققە، حهڵهب و شام، لە درێژاییی مێژوودا ئەو شارانە بوون کە کورد تێیاندا ژیاوە؛ هەروەها نیشاندانی ئەوەی کە ئەم پەیوەندییە مێژوویییە لە داواکارییەکانی ئەمڕۆی کوردانی ڕۆژاوا بۆ ناساندنی مافی خاکەکانیان، بەردەوامە. هۆکاری ئەوەی کە ئەمڕۆ ژمارەی دانیشتووانی کورد کەمە، بۆ ئەو سیاسەتەی “پشتوێنهی عەرەبی” دهگهڕێتهوه، کە ڕژێمی فاشیستیی ئەسەد لە ساڵی ١٩٦٢دا جێبەجێی کرد، کە تێیدا کورد بە زۆرەملێ لە زێدی خۆیان کۆچ پێ کران و عەرەب لە شوێنەکانیان نیشتەجێ کران.
لە ڕاستیدا، ئەمە هەمان ئەو سیاسەتەیە کە لە ساڵانی ١٩٩٣-١٩٩٤، لە ڕێگەی سووتاندنی سێ هەزار گوند و کۆچپێکردنی زۆرەملێی کوردانهوه، لە تورکیادا پەیڕەو کرا. لە ساڵی ٢٠١٢وە، کوردانی ڕۆژاوا بۆ بەرگری لە شار و گوندەکانیان خەباتێکی یەکلاکەرەوەیان ئەنجام دا، بە تایبەتی لە دژی گرووپە ئیسلامییە توندڕەو و بەربەرەکانی وەک داعش. ئەم خەباتە بەرگریکردن بوو لە ڕەققە، کە پایتەختی پێشووی داعش بوو، لهگهڵ ناوچە ستراتیژییەکانی تری ڕۆژهەڵات و باکووری سووریا؛ بۆیه هێزەكانی کورد، یەکە سڤیل و سەربازییەکانیان پێک هێنا بە مەبەستی پاراستنی گەل، دابینکردنی ئاسایش و هێشتنەوەی بەڕێوەبەریی خۆسهر لە بەرامبەر توندوتیژی و چەوسانەوەدا. جۆلانی، چەکداری پێشووی داعش کە بەناو سەرۆککۆمارە، لەم ڕۆژانەدا کۆمەڵکوژیی بەربەرانە دژی کوردانی ڕۆژاوا ئەنجام دەدات. ئەم کارە دیدگایەکی مێژوویی پێشکەش دەکات، بە تایبەتی بە کوردان و ڕای گشتیی جیهان، کە هەرچەندە ئەمڕۆ لە ڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە کەمینە بن، بەڵام مافی خۆیان لەسەر ئەم شارانە داوا دەکەن.
لەکاتی ئەنجامدانی ئەم توێژینەوەیەدا، بۆ قۆناغی یەکەم پشتمان بە کارەکانی بۆریس جهیمس (Boris James) و سەرچاوە سەرەتایییەکانی سەردەمی عوسمانی بەستووە؛ بەم شێوەیە توانرا شیکارییە مێژوویییەکان و بەڵگەنامە ئەرشیڤییەکان پێکەوە کۆ بکرێنەوە. بە گرتنەبەری شێوازێکی کڕۆنۆلۆژی، ئامانجمانە بەردەوامیی مێژوویی بوونی کورد لەم ناوچەیەدا لە سەدەی یازدەهەمەوە تا ئەمڕۆ و ئەو ڕۆڵە یەکلاکەرەوەیە بخەینە ڕوو کە ئەمڕۆ کوردانی ڕۆژاوا لە سووریادا دەیگێڕن.
بونیادنانی خاکی کورد و تێکەڵبوونی کوردان لە سەردەمی ئەیووبییەکان و مەملووکەکاندا:
پێش هەر شتێک، تێگەیشتن لەوەی خاکی کورد لە سەردەمی مەملووکەکاندا چۆن داڕێژراوە، بۆ تێگهیشتن لهوهی کە ناسنامەی کوردی چۆن به تێپهڕینی ڕۆژگار پارێزراوە، گرنگە. جووڵەی کورد لە نێوان شارەکانی وەک سووریا و میسر و زەوییە خێڵخاوهنهكان و کاریگەریی دەوڵەت لەسەر ئەم ناوچانە، ڕۆڵێکی ناوەندیی هەبووە لە گەشەکردنی دیاردەی “کوردبوون”دا.
ئەم خاکانە هەمیشە ماڵی پێکهاتە جیاوازەکانی دانیشتووان بوون؛ کورد، عەرەب، سریانی-کلدانی، تورکمان، ئەرمەنی و ئەوانی تر دەکرێت لە ڕیزی ئەمانەدا هەژمار بکرێن. هەرچەندە لە سەردەمی ناوەڕاستدا مەحاڵە ڕێژەی ئەم گرووپانە بە وردی دیاری بکرێت، بەڵام سەرچاوەکان نیشانی دەدەن کە ئەم ڕێژەیە بەرچاو بووە و تا کۆتاییی سەردەمی عوسمانی بەردەوام بووە.
زۆرێک لە کوردەکان چوونەتە ناو دهستهبژێری سیاسی و سەربازیی زهنگییهكانهوه (عیمادەدین زەنگی، دامەزرێنەر له سەدەی دوازدەهەم)، و لەژێر پێشەنگایەتی ئەتابەگەکانی مووسڵدا بوونەتە کەسایەتیی گرنگ لەو خەباتەی کە لە سووریا دژی خاچھەڵگران بەڕێوە دەچوو. لە نێوان ئەم کەسانەدا، شێركۆ وەک یەکێک لە بەهێزترین ئەفسەرە کوردەکان دەردەکەوێت، کە فەرماندەییی یەکەیەکی زهنگییهكانی کردووە لە ڕزگاركردنی میسردا. برازاکەی، سهڵاحهدین، دواتر بنەماڵەی ئەیووبییەکان دادەمەزرێنێت. لە دەوروبەری ساڵی ١١٨٩دا، سەڵاحەدین لە لووتکەی دەسەڵاتیدا بوو و کۆنترۆڵی ناوچەیەکی بەرفراوانی دەکرد کە میسر، یەمەن، سووریا-فەلەستین و سەرەوەی میزۆپۆتامیای دەگرتەوە. خۆی و جێنشینەکانی، بوونە هۆی ئەوەی زۆرێک لە کوردەکان لە شارەکانی سووریا، فەلەستین و میسردا گەشە بکەن و تێکەڵ ببن. بەم هۆیەوە، تەنانەت لە سەردەمی مەملووکەکانیشدا، کوردەکان توانیویانە بەرزترین پلەوپایەی ئاینی، سیاسی، كارگێڕی و دادوەری داگیر بکەن (Boris James, s. 59).
سەردەمی ئەیووبییەکان (١١٧١-١٢٥٨)، گوزارشت لە لووتکەی تێکەڵبوونی کوردەکان دەکات لە نێو ئۆردوو و دهستهبژێری دەوڵەت لە شارەکانی سووریا و میسردا. کوردەکان پێشتر لەم ناوچانەدا ناسرابوون؛ بەڵام ئەیووبییەکان، بە شوێنکەوتنی میراتی زهنگییهكان، زۆرێک لە کوردەکانیان بۆ دامەزراوە باڵاکانی دەوڵەت ڕاکێشا و هاوکارییان لەگەڵ کردن.

لە سەردەمی ئەیووبییەکاندا، ک] وەک ناوبژیوانێکی گرنگ لە نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگەی سەربازیدا ناسرابوون. ئەم ڕۆڵە لە سەرەتای سەردەمی مەملووکەکانیشدا بەردەوام بوو، نیشتەجێبوونێکی بەهێزیان لە شارەکانی سووریا و میسردا هەبوو و بە تایبەتی لە چینە خوێندەوارەکان و بازنەکانی دادوەریدا بوونێکی دیاریان هەبوو. لە سەدەی سێزدەهەمدا، بوونی کورد لە شارەکانی سووریا و میسر بە شێوەیەکی بەرفراوان بەڵگەمهند کراوە. لە توێژینەوەیەکی پێشترماندا، پێڕستێكی ههرچهند ناتەواومان سەبارەت بەو گەڕەک و شوێنانەی لە شارە گەورەکانی سوڵتانێتیی ئەیووبیدا کوردانی تێدا بووە، خستووهته ڕوو. ئەو مزگەوت، گۆڕستان و گەڕەکە کوردییانەی کە ناوی میر و سەرۆکخێڵە کوردەکانیان هەڵگرتووە، شوێنەواری ئەم دانیشتووانە لە شارەکاندا دەخەنە ڕوو (Boris James, s. 354).
سەبارەت بە “ژیانی کۆمەڵایەتیی کورد” لە سەردەمی ئەیووبییەکاندا زانیاری لەبەردەستە. عیزهدین كوڕی شهداد (م. ٦٨٤/١٢٨٥)، بوونی مزگەوتێک بە ناوی “ئهلزهرزاری” لە حهڵهب ڕادەگەیەنێت؛ مێژووی دامەزراندنی دیاری نەکراوە. پێ دەچێت ئەم مزگەوتە دوای چەسپاندنی دەسەڵاتی ئەیووبییەکان لە ناوچەکەدا درووست کرابێت؛ ڕێک وەک مەدرەسەی “سهبع ئهلمهجانین”، کە لە لایەن محهمهد شهرهفهدین كوڕی شارۆخی ئهلزهرزارییهوه لە شام، دوای ساڵی ٦٣٠/١٢٣٢ دامەزرێنراوە.
لە حهڵهب، لانی کەم پێنج مزگەوتی سەر بە گرووپە کوردییە ناسراوەکانی سەردەمی ئەیووبییەکان لە هەمان گەڕەکدا هەبوون: ئهلبهشنهویین، ئهلزهرزاری، ئهلمیهرانی، ئهلبوهتی و مزگەوتێک لە ناو گەڕەکی کوردان (حاڕهت ئهلئهكراد). لە شامیش، جیا لە چەندین مزگەوتی کوردی، بوونی گۆڕستانێکی کوردی نیشانەی ژیانێکی دەوڵەمەندی کۆمەڵایەتییە.
لە کۆتایییەکانی فهرمانڕهوایی ئەیووبییەکاندا لە سووریا، گرووپی “قهیمهرییه” بوونە هەڵبژاردەترین نوێنەری کوردەکان، ڕۆڵیان لەلایەن ستیفن ههمفریز (Stephen Humphreys) و ئان ـ ماری ئێدێ (Anne-Marie Eddé) بە وردی بەڵگەمهند کراوە. ئەم گرووپە ڕۆڵێکی گرنگیان لە چالاکییە خێرخوازییەکاندا هەبووە و چەندین نەخۆشخانە (ماریستان)، حەمام و مزگەوتیان لە سووریا و میسر دامەزراندووە (Boris James, s. 257).
لە ساڵی ٦٥٩/١٢٦٠، ئەو کەسەی لە شەڕی عهین جالووتدا سەرکەوتنی بەسەر ئۆردووەکانی ڕۆژهەڵاتدا بەدەست هێنا، ئەو کەسەی گەورەترین قازانجی لەم بەرگرییە بێوچانەی خاکە موسڵمانەکان بینی، ڕوكنهدین بایبارس بوو. لە هەمان ساڵدا، سەڵتەنەتی حەڤدە ساڵەی خۆی بە ناسناوی ئهلمهلیك ئهلزاهیر ڕاگەیاند. سوڵتان، میسر و سووریای لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا یەک خست. سوڵتانێتیی مەملووک، کە شەرعییەتی خۆی لەسەر بەرگری و دووبارە فەتحکردنەوەی خاکە موسڵمانەکان بونیاد نابوو، تا سەرەتای سەدەی چواردەهەم، لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی هێرشەکانی مەغۆلدا ژیانی بەسەر برد.
هەروەها، بنەماڵەی بهنو دهرباس (لقی بهنو ماران له ههزبانییه) تا یەکەم فەرمانڕەواکانی مەملووک پۆستی قازیی گەورەیان لە میسر لەدەستدا بووە. ئەم بارودۆخە بە ڕوونی نیشانی دەدات کە فهرمانڕهوایی ئەیووبی کە ڕەچەڵەکیان ههزبانی بووە، کەسایەتییە ههزبانییهكانیان خستووەتە ناو کادرەکانی دەوڵەت و بە هەمان شێوە گرووپی كوردییان بۆ سووریا، فەلەستین و میسر پێك هێناوه. هۆزی ڕهوادی، كه گرووپێکی خوارەوە یان هەڵبژاردەی ههزبانی بوون، لەلایەن هەندێک سەرچاوەوە وەک “بەڕێزترینی کوردان” و “پێشەنگی خێڵەکانیان” پێناسە کراون.
ئەم پێشهاتانە، ئاماژەن بۆ کۆتاییی بنەماڵەی ئەیووبی لە میسر. بەڵام لە سووریا ئەیووبییەکی تر بە ناوی ئهلناسر یوسف، شامی گرتووەتە دەست.
بەگوێرەی ستێفن هێدمان (Stefan Heidemann)، لە نێوان سەردەمی سەلجووقی (سەدەی XI-XII) و کۆتاییی سەردەمی ئەیووبی (١٢٥٨)دا، ڕێگەی ئاوریشم کە بەرەو شام، حهڵهب و عێراق دەچوو، بەهۆی دامەزراندنی بهڕێوهبهرییه سەقامگیرەکانەوە بە شێوەیەکی چڕ لەلایەن بازرگانانەوە بەکار هێنراوە. لە ڕووی بازرگانیی جیهانییەوە، کاتێک لێكۆڵینهوه لهبارهی ڕێگاکانی نێوان ئەوروپا (باکووری ئیتاڵیا) و ڕۆژهەڵات دەکرێت، وەک ئەوەی ئۆژین ویرس (Eugen Wirth) نیشانی داوە، ڕێگەی حهڵهب، کە لە کەناراوەکانی باکووری سووریاوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، مووسڵ، ئێران، دەریای سوور یان کەنداوی بەسرا دەچوو، بەهۆی پێگە جوگرافییەکەیەوە گونجاوترین ڕێڕەو بووە.
بەڕاستی، لە سەردەمی ئەیووبییەکاندا (١٢٠٠-١٢٥٨)، ئەم ڕێگەیە بووەتە ڕێڕەوی پەسەندکراو بۆ ئەو بازرگانانەی لە شارە بەندەرییەکانی باکووری ئیتالیاوە دەهاتن و بەشدار بووە لە گەشەسەندنی ئابووریی حهڵهبدا. بهڵام بەهۆی داگیرکاریی مەغۆل و “گۆڕانکاریی بەرفراوان لە لێشاوی گواستنەوە و بازرگانیی نێوان ئەوروپا و ئاسیا” ئەم داینامیکە بازرگانییە نێودەوڵەتییە پچڕاوە. لە یەکەم سەدەی باڵادەستیی مەملووکەکان بەسەر سووریادا، بازرگانە ئەوروپییەکان ڕێگەی حهڵهبیان جێ هێشتووە و لە جیاتی ئەوە ڕێڕەوی دەریای ڕەشیان لە ڕێگەی ئەرزەڕۆم و تەورێزەوە بەکار هێناوە.
وەک ڕوڤێن ئامیتای پرهیس (Reuven Amitai-Preiss) ئاماژەی پێ کردووە، لە نێوان ساڵانی ٦٥٨/١٢٦٠ و ٦٨٠/١٢٨١، بازرگانی و گەشتکردن لە نێوان ئەو ناوچانەی مەغۆلەکان و مەملووکەکان کۆنترۆڵیان دەکرد زۆر کەمی کردووە. لەم قۆناغەی ململانێی نێوان ئەم دوو دەوڵەتەدا، بازرگانەکان خۆیان لە تێپەڕبوون لە دۆڵی فورات بەدوور گرتووە و کیلیکیایان بۆ چوون بۆ ئەوروپا هەڵبژاردووە. بەڵام بەگوێرەی ئامیتای پرهیس، دواتر لە کاتی سەڵتەنەتی ئهلمهنسور سهیفهدین قهلاوون (1279-1290) و بە هاندانی فەرمانڕەوای ئیلخانی ئهحمهد تهگودار (١٢٨٢-١٢٨٤)، بازرگانیی نێوان سنوورەکانی مەملووک-ئیلخانی دووبارە ژیاوەتەوە و ئاسایی بووەتەوە.
هەروەها، لە کاتی ململانێکاندا ئەگەرچی بازرگانەکان نەیاندەتوانی لە ئێران و ئاسیای ناوەڕاستەوە بگەنە خاکەکانی مەملووک و ئەودیو، بەڵام بەردەوام بوون لە دابینکردنی کاڵا بۆ ناوچەکانی سەرەوەی میزۆپۆتامیا، کە لەژێر کۆنترۆڵی مەغۆلەکاندا بوون، بە تایبەتی شارە زۆر گەشەسەندووەکانی وەک مووسڵ و هەولێر. بە هەمان شێوە، ئەوانەی دەیانویست بە سووڕانەوە بە دەوری دۆڵی فوراتدا بگەنە کیلیکیا، ناچار بوون لەو ناوچانە تێپەڕن کە کورد لێیان نیشتەجێ بوون، لە گولماركهوه تا مەلاتێ (Boris James, s. 220).
ئەیالەتی ڕەققە یان بەگلەربەگی ڕەققە، لە ساڵی ١٥١٦دا، دوای داگیركردنی سووریا لە لایەن سوڵتان سەلیمی یاڤووزهوه، لە دابەشکردنی ویلایەتەکانی ناوچەکانی باکووری سووریادا، بەسترابووهوە بە ئەیالەتی حهڵهبەوە. پاشتر ئەیالەتی ڕەققە لە ساڵی ١٥٩٤دا بە ناوەندێتی ئورفە لە ئەیالەتی حهڵهب جیاکرایەوە و دامهزرا. پاشتر ناوی ئورفە، ڕوها یان ئەلجەزیرەش بهم ئهیالهته درا.

ئەیالەتەکە ناوچەکانی ئورفەی تورکیا، ڕەققە و حەسەکەی سووریا و ڕەمادیی عێراقی دەگرتەوە. ئەیالەتەکە، کە وەک ٩ سهنجاق ڕێک خرابوو، کاتێک لە ساڵی ١٨٦٤دا بە “نیزامنامهی تهشكیلی ویلایهت” گۆڕدرا بۆ سیستەمی نوێی ویلایەت، ئەیالەتی ڕەققەش بە هەمان خاکەکانیەوە بووه ویلایەتی حهڵهب.
لە گەشتی میسری سوڵتان سەلیمی یاڤووزدا، لە باکووری شاری حهڵهب، شەڕی مەرج دابیق، کە لەگەڵ دەوڵەتی مەملووک ڕووی دا، لە ٢٤ی ئابی ١٥١٦دا کۆتایی هات و عوسمانییەکان شەڕەکەیان بردەوە. لە ئەنجامی شەڕەکەدا سووریا، لوبنان و فەلەستین درانه پاڵ خاکەکانی عوسمانی. داگیرکردنی سووریا لە لایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە، بە واتای ئەوە بوو کە سنووری باشووری-ڕۆژاوای کوردستان بوو بە سنووری دەوڵەتی عوسمانی. پێشتر، دوای شەڕی ئێران-عوسمانی، ئۆردووی عوسمانی گەیشتبووە سنووری باکوور ـ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەستیان بە گەمارۆدانی کوردستان لە هەر چوار لایەوە كردبوو.
داگیرکردنی کوردستان
دەوڵەتی عوسمانی کە دەیویست فهرمانڕهوایی خۆی بەهێز بکات، تێگەیشتبوو کە ناتوانێت ئەم فهرمانڕهوایهتییه لەسەر کوردستان بە هێزی چەک بەدەست بهێنێت و هەوڵیان دابوو لە ڕێگەی ڕێککەوتنەوە ئەم خاکانە بخەنە ژێر سەروەریی خۆیانهوه. دوای شەڕی ئێران ـ عوسمانی ١٥١٤، بە پێشەنگیی ئیدریسی بێتلیسی، نزیکەی تەواوی میرە کوردەکان، هێزی عوسمانییان لە چوارچێوەی هەندێک مەرجدا قبوڵ کردبوو. بەم شێوەیە لە کاتی چوونەناو سەدەی شانزهدا، تورکەکان یەکەم هەنگاوی کۆڵۆنیالیزەکردنیان لە کوردستاندا نابوو. کوردستان کە بەپێی ڕێککەوتن لەگەڵ عوسمانی خاوەن ستاتۆی ئۆتۆنۆمیی بوو، تا ساڵی ١٨٤٧ لەلایەن میر و بەگە کوردەکانەوە بەڕێوە دەبرا. وەک زۆرێک لە پیاوانی دەوڵەتی عوسمانی و بەتایبەت جەودەت پاشا ئاماژەی پێ کردووە، “دەوڵەت هەرگیز نەیتوانی بە تەواوی كوردستان كۆنترۆڵ بکات” (S.Kayhan-Cevdet, Paşa Arşivinden). دوایین نموونەی ئەم هەوڵی فهرمانڕهوایهتییه، کۆمەڵکوژیی دەرسیمە لە ساڵی ١٩٣٨دا لە سەردەمی کۆماری تورکیادا. ئەم مێژووەش، ئەو كاتهیه کە تێیدا دەسەڵاتی دەوڵەت دەستی کرد بە چەسپاندنی فهرمانڕهوایی خۆی بە هێزی سەربازی.
لە ساڵی ١٧٠٠دا، نەوەکانی زۆرگان (Zorganh) کە هاتبوون و لە ٢٦ گوندی سەر بە قەزاکانی Gerger و Kahta لە سنجاقی مەلاتێ نیشتەجێ ببوون، لە ئەنجامی فشار خستنە سەر گوندەکانی دەوروبەر، فەرمان بۆ والی ڕەققە نێردرا و داوا کرا کە ئەمانە ببرێن بۆ ناوچەکەی خۆیان. بەڵام نەوەکانی زۆرگان دوای ئەوەی گەرەنتییان دا کە باجەکانیان دەدەن و زوڵم ناکەن، لە شوێنەکانی خۆیان هێڵدرانەوە. (Yusuf Halaçoğlu, s 45)
لهبارهی خێڵی جیهانبهیلییهوه، کە لە کوردستان بە ناوی ئوڵوسیش دەناسرێن، کارستن نیبوهر (Carsten Niebuhr) کە لە ١٧٧٦دا لە ئەنادۆڵ دەگەڕا دەنووسێت ئهوانه لە ١٠ هەزار ڕهشماڵ پێک هاتبوون. هەر ئەم خێڵە بەناوبانگە بەهۆی ئەو فشارانەی لە شوێنەکانی وەک كاهتا، ئامهد و خارپێت دەیانکرد، فەرمانی نیشتەجێکردنیان لە ڕەققە درا، بەڵام بە تەواوی ئەم فەرمانە جێبەجێ نەکرا. هەروەها خێڵەکانی شامهكلو، جۆرییو، كهلی هێرشی هاوشێوەیان ئەنجام دەدا. خێڵەکانی وەک شكاكی و میللیش لە شوێنەکانی وەک تهرجان، كیغی، پولومور (قزڵجان)هوه هێرشیان دەکرد. بۆیه دەوڵەت داوای لێ کردن بگەڕێنەوە شوێنە کۆنەکانیان. (Y. Hallaçoğlu s. 46) بێگومان پێویستە ئەم هێرشانە وەک پاراستنی فهرمانڕهوایی لە ناوچەکانی خۆیان و دووبارە کۆکردنەوەی هێزیان ببینرێت. دەوڵەت بە تایبەتی لەو فەرماننامانەی لە ساڵی ١٧٠١دا بڵاوی کردنەوە، هەوڵی دا خێڵەکانی دیرهجانلی، موردلو، یهرچهكانلو و تاپۆڤالی لە ڕەققە نیشتەجێ بکات. وەک تێ دەگەین، هەوڵیان داوە ئەم خێڵانە لە دژی خێڵە عەرەبەکان ڕووبەڕوو بکەنەوە و لە ڕوویەکیشەوە بە نیشتەجێکردنیان لە ناوچە دوورەکان و لەو شوێنانەی لێی بوون، هەوڵیان داوە ئەم ناوچە بیابانە چۆڵانە بخەنە ژێر کۆنترۆڵەوە. ئهمه جگه لهوهی لە نێوان ئەو کەسانەی دەویسترا بۆ ڕەققە دووربخرێنەوە، خێڵەکانی موساجالو و بهیدیلیی سەر بە یهنی ئیلیش دەکرێت ههژمار بكرێن.
لە ساڵی ١٧٠٤دا، كۆمهڵهیهكی وەک دهده سولو، شێخ حهسانلی، جیهانبهیلو و هتد، قەزای گەرگەری ئێستای ئادیامانیان بەجێ هێشت و چوونە هەندێک گوندی ساغمان، پهتهرهك و چهمیشگهزهك لە دەرسیم و دانیشتووانی ئەوێیان دەرکرد و خۆیان لە ناوچەکە نیشتەجێ بوون. بهڵام دواتر لەلایەن قازیی چهمیشگهزهكهوه لای پاشا سکاڵا لهم بارودۆخه کرا. بۆیه پاشا لە ساڵی ١٧٠٥دا بە فەرمانێک بڕیاری دا خێڵی جیهانبهیلو لە ڕەققە و خێڵەکانی شێخ حهسانلی و دهده سولو لە شوێنە کۆنەکانی خۆیان نیشتهجێ بكرێنهوه. (Cevdet Tasnifi aktaran Y.Hallaçoğlu s. 50)
لهڕاستیدا نازانرێت ئایا خێڵە ناوبراوەکانی سەرەوە گەڕاونەتەوە بۆ ڕەققە یان شوێنە کۆنەکانیان؟ تەنیا ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە ئهوهیه کە ئەم خێڵانە ساڵانێکی زۆر دواتر لە ١٧٨٢دا بە هەمان شێوە ڕوویان لە دەرسیم کردووەتەوە و دیسان فەرمان نێردراوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێنە کۆنەکانیان.
لە کۆچەرییەکانیش، خێڵی میللی کە لە ناوچەی ویرانشههر دەژیان، لە ساڵی ١٧١١دا بۆ ڕەققە دوور خرانەوە، دواتر هەندێک کەس کە ناوبژیوانییان كرد، یارمەتییان دان بۆ ناوچە کۆنەکانی خۆیان بگهڕێنهوه، بەڵام لە ١٧١٣دا جارێکی تر بۆ ڕەققە نێردرانەوە. لە ١٧٢٤دا بەشێکیان هەڵاتن و گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان، بەڵام فەرمان بڵاو کرایەوە بۆ ئەوەی جارێكی تر بۆ ڕەققە دوور بخرێنەوە. (Y.Hallaçoğlu, s 53) دواتر لەم خێڵی میللییە هەندێک کەسی وەك ئیسكان باشی لە نێو دەوڵەتی عوسمانیدا ئەرکیان وەرگرت.
یەکێک لە هۆکارەکانی دوورخستنەوەی بەشێک لە خێڵەکان بۆ ڕەققە، ڕووبەڕووکردنەوەیان بوو لە دژی خێڵە عەرەبەکان. لە ئەنادۆڵ، کوردستان و ئەرمەنستان. ئەو خێڵانەی بۆ ئەوێ دوور خرابوونەوە، بەهۆی بارودۆخی نەگونجاوی ناوچەی ڕەققەوه، زۆربەی کات ههڵدههاتن و دەگەڕانەوە بۆ ناوچە کۆنەکانیان. زۆرێک لە خێڵەکان کاتێک تێ دەگەیشتن کە بۆ ڕەققە دوور دەخرێنەوە، زۆربەی جار بە هێنانەوەی پاساوی وەک ئەوەی کە لێخۆشبوونیان بۆ دەرچووە، یان چاک بوون و هتد، ئاماژەیان بەوە دەکرد کە نایانەوێت بچن بۆ ڕەققە.
بەشێک لە خێڵەکانیش پێداویستییەکانی جەنگی ئەو سەردەمەیان دابین دەکرد. ئەمانە لە بری باج و سهرانه، ئەو چەکانەی وەک تیر و کەوان دروستیان دەکرد، ڕادەستی جبەخانەیان دەکرد و ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکرد. (C. Orhunlu, s. 22-23)
ناوهندێتی لە ئیمپراتۆریای عوسمانیدا و بونیادنانەوەی کوردستان
تەنزیمات بە گشتی دەکرێت وەک هەوڵێک کورت بکرێتەوە بۆ لەناوبردنی ستاتۆی ئۆتۆنۆمی ئەیالەتە نیمچە سەربەخۆکانی وەک کوردستان؛ ئهمه جیا لەو مافانەی بە ناموسڵمانەکان درابوو، هەروەها بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی باج بە تەواوی، ڕێکخستنی کاروباری سەربازی و ئەمنی؛ بە کورتی هەوڵێک بوو بۆ بەڕێوەبردنی وڵات لە ناوەندەوە. ئەمە ڕاستییەکە کە کۆنترۆڵکردنی کوردستان بە تەواوی لەلایەن دەوڵەتەوە تا سەدەی بیستەم ئەنجام نەدرا. لەگەڵ تەنزیماتدا، جووڵەکانی نیشتهجێكردن بە شێوەیەکی سیستماتیکتر هەوڵی بۆ درا. لەلایەن والییەکانی ئەیالەتەوە مۆرێک درا بە سەرۆک خێڵەکان، بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لەوەی ئەندامانی خێڵەکە بێ مۆڵەت بچن بۆ ناوچەیەکی تر.
جیا لەوە، لەژێر کۆنترۆڵی فهرمانده پلهباڵاكانی ئەیالەتدا (müşir)، خێڵەکان کران بە یهكهی سهرانهبهخشی سەربەخۆ (muhassılık). هەروەها بە یاسایەک کە لە ١٨٤٢دا دەرچوو، هەوڵ درا کێشەی گەرمیان ـ كوێستان ڕێک بخرێت. بەم شێوەیە هەوڵ درا ڕێگری لە خێڵەکان بکرێت کە لە سنووری قەزا و سهنجاقەکانی خۆیان بچنە دەرەوە بۆ کوێستان و گەرمیانەکان. ئەم جۆرە ڕێکخستنانەی دەوڵەت بووە هۆی ئەوەی هێزی نوێ پەیوەندی بە سوپاوە بکات. بەرامبەر ئەو گرووپانەی لە دژی دەوڵەت ڕاپەڕیون، هەم توندوتیژی بەکار هێنراوە و هەم خراونەتە ژێر نیشتهجێكردنی زۆرەملێوە و بۆ ناوچە دوورەکان دوور خراونەتەوە. بە تایبەتی ئەم کێشەی گەرمیان و كوێستانە کوردەکانی ناوەڕاستی ئەنادۆڵ دەگرێتەوە.
لە سەردەمی تەنزیماتدا “لەلایەن والی ئەو ئەیالەتەی لێی بوون مۆرێک بە سەرۆکخێڵەکان درا و ئەو کەسانەی لەنێو خەڵکی خێڵەکە دەیانویست بچن بۆ شوێنێکی تر، بە مەرجی نیشاندانی کەفیل، دەست کرا بە جێبەجێکردنی شێوازی پێدانی مۆڵەتنامەی مۆرکراو.” (Hatt-l Hümayun tasnifi Nü.22243 sene 1828 Aktaran C.Orhonlu age, S. 113)
وەک جەلیلێ جەلیل دەیگێڕێتەوە، “بێچەر لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ کوردستان دەنووسێت کە خەڵکی گوندی خانیكی ژۆری لە نزیک دیاربەکر شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان جێ هێشتووە و گەڕاونەتەوە بۆ کۆچەریی. کاتێک هۆکارەکەی لە گوندنشینەکان دەپرسێت؛ دەڵێن: ‘چیمان بکردایە؟ ئەگەر لە دەشتەکە بماباینەوە و گوندمان دروست بکردایە، ڕەزمان بناشتایه، دانەوێڵەمان بچاندایە، مێگەلەکانمان بێ مۆڵەت بهرهڵا بكردایه و باجی قورسمان بدایە، هیچ سوودێکمان لە کارەکانمان نەدەبینی. ههژار کەوتین و ڕووبەڕووی گوشارێکی بێوێنە بووینەوە. چەوسێنەرەکان، چونکە لە سکاڵاکانی ئێمە بێزار بوون، ئێمەیان وەک تاوانبار ڕادەگەیاند. گوندەکانمانیان تێک دەدا، ئهو ئامێرانهیان دهبرد کە زەویمان پێ دەچاند، یان دەیانکوشتین یان دەیانکردین بە کۆیلە. چی دەتوانی بکەی؟ ماڵەکانمان بە چۆڵی جێ هێشت و لەلای براکانمان لە چیاکان، کە ڕووبەڕووی هیچ گوشارێک نابینەوە پەنامان گرت. قەدەری ئێمە ئاوا بووە.'” (Celile Celil, s. 155)
سەرۆکخێڵە نیشتەجێ یان نیمچە نیشتەجێکانی سەر بە دەوڵەت، ڕادەسپێردرێن بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی دژی نیشتهجێكردنن ڕازی بکەن. بۆ نموونە؛ توندوتیژی بەرامبەر خێڵی قهرهفاقیلی بەکار دەهێنرێت کە نیشتهجێكردنیان قبوڵ نەکردبوو. ئەم هەواڵە کاریگەری لەسەر خێڵەکانی تر دادەنێت. زۆرێک لە خێڵەکان نیشتهجێكردن قبوڵ دەکەن. بەم شێوەیە زۆر گوند و شارۆچکەی نوێ پەیدا دەبن. بۆ نموونە؛ لە دەوروبەری قەڵای نیگۆلی لە نێوان ئەنتاب و ئەدەنە، ناحیەکانی كهفهردز، ئهگینتیلی، كوردباخچهسی، چهرچیلی، هاناغزی، كهركوتلو یەک دەخرێن و ناوی ئیسڵاحییهیان لێ دەنرێت. قەزای ئیسلاحییەی ئەمڕۆ بەم شێوەیە دامەزراوە.
خێڵی دهلیقانڵیی سەر بە حهڵهب و خێڵی چهلیقانڵیی سەر بە مەرعەش دەهێنرێن بۆ ئیسڵاحییە و نیشتەجێ دەکرێن. خێڵەکانی نادرلی، چهقاڵلی، یوسفحاجلی لە سهنجاقی مەرعەش لە ساڵی ١٨٦٦دا بە تەواوی نیشتهجێی زۆرهكی دهكرێن. (Celile Celil, s. 61)
لە لۆژیکی سیاسەتی تەشەنەسەندنی دەوڵەتی عوسمانیدا، هەوڵێک هەبوو بۆ نیشتەجێکردنی تورکە کۆچەرییەکان لەو خاکانەی بە شەڕ بەدەست دەهاتن، بۆ ئەوەی هەم ناوچەکە بۆ ئاوەدانی و بەرهەمهێنان ئامادە بکرێت و هەم شوێن بۆ ئازووقە و پاڵپشتی لۆجستی سەربازەکان دروست بکرێت. جیا لەوە، پاراستنی سنوورەکانی خاکە فراوانبووەکانی وڵات و گەشەپێدانی چالاکییە کشتوکاڵییەکان و وەرگرتنی باج و سەرباز لەو کەسانەی نیشتەجێ کراون، ئامانجەکانی دەوڵەتی پێک دەهێنا.
ئامانجێکی تری سیاسەتی نیشتهجێكردن، تهمێكردنی کوردە ڕاپەڕیوەکان بوو لە ڕێگەی نیشتەجێکردنیانهوه لە شوێنە زۆر دوورەکان لە جوگرافیای کوردستان و بنەماڵەکانیان و خەڵکی کوردهوه. ئەم سیاسەتە لە هەمان کاتدا ئامانجی فراوانکردنی کۆنترۆڵی عوسمانی بوو لە کوردستاندا.
لە کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا، زیادبوونی جەنگەکان و پێویستیی ڕۆژ لەدوای ڕۆژی سوپا بە سەرباز، لەگەڵ بەرزبوونەوەی باجەکان، بوونە هۆی بەرپابوونی ڕاپەڕین چ لە کوردستان و چ لە ویلایەتەکانی تریشدا. ئەم قۆناغە گوزارشتە لە ڕەوتێک کە تێیدا ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بەرەبەرە بەرەو توندوتیژی و دەسەڵاتێکی سەختگیرتر هەنگاوی دەنا. لە ئەنجامی ئەو شەڕانەی بۆ شکاندنی هێزی میرە کوردەکان و بەستنەوەیان بە دهسهڵاتی ناوەندییەوە ئەنجام دران، زۆرێک لە بەگە گرنگەکانی کورد بە زۆر له ئەیالەتەکانی ڕۆژاوای عوسمانیدا نیشتەجێ کران. ڤیدین (Vidin)، کە ئەمڕۆ لە سنووری بوڵگاریایە، دوورگەی کریتی سەر بە یۆنان، لوبنان، لیبیا، و شاری ڕەققەی سووریا لە سەرووی ئەم شارانەوە دەهاتن.
دەوڵەت، کە پێی وابوو هەرچەندە سەرکردە کوردەکان بۆ شوێنێکی دوورتر لە ناوچەی کاریگەرییان لە کوردستان بنێردرێن، ئەوەندە ئاسانتر دەتوانێت کاریگەرییان لەناو ببات؛ ئەم سیاسەتەی وەک ڕێکار و هەڕەشەیەکیش بۆ ئەو خزمانەیان کە لە دوای خۆیان مابوونەوە، بەکار دەهێنا. هەر وەک خزمەکانی تهیمور و گولابی ئاغا لە بەگ و ئاغاکانی دەرسیم کە بۆ ڤیدین نێردرابوون، كه ئیتر دەستیان لەوەی بچنە ناو ڕاپەڕینێکی نوێوە كێشایهوه.
نموونەیەکی تر، ئەو نامانە بوون کە لەلایەن خزمەکانی ئەو بەگانەی لە سهنجاقی ئەرزەڕۆمەوە بۆ ڤیدین نێردرابوون و لە لایەن پێشەنگانی خەڵکەوە بۆ سوڵتان نووسرابوون. سەرکەوتنی کوردەکانی ئەرزەڕۆم لە شەڕی عوسمانی دژی ڕووسەکان، لە ڕوانگەی کوردەکانەوە لە ڕاستیدا بە واتای ئەوە بوو کە دەبێت بەگە دوورخراوەکانیان لێخۆشبوونیان بۆ دەربچێت و بنێردرێنەوە بۆ ماڵەکانیان (C.P.Arşivi-S.Kayhan).
سیاسەتی نیشتهجێكردنی کوردان: بەرەو شاری کوردیی ڕەققە
بوونی شاری ڕەققە وەک یەکێک لە شارە سەرەکییەکان لە سیاسەتی نیشتهجێكردنی کوردەکاندا، زیاتر لە هەوڵی بونیادنانی ڕەققە وەک شوێنێکی نوێی نیشتەجێبوونەوە سەرچاوەی دەگرت؛ هەروەها هەوڵێک بوو بۆ نیشتهجێكردنی پێشەنگانی کورد لە شوێنێکی دوور لە کوردستان. وەرگرتنی کوردە “یاخی ـ ڕاپەڕیو” و ملنەدەرەکان لە چیا سەختەکانی کوردستان و هەوڵدان بۆ نیشتەجێکردنیان لە دەشتێکی ئاسانتر بۆ کۆنترۆڵکردن، لە ڕەققە کە ڕووباری فورات پاراوی دهكردهوه، ڕێکەوت نەبوو. نیشتەجێکردنی ئەو کوردانەی کە دەستیان کردبوو بە بەهێزبوون و دەیانویست دهسهڵاتی خۆیان بە شێوەیەکی سەربەخۆ دابمەزرێنن یان بیپارێزن، لە ئەنجامی شکستخواردنی چ بەرگری و چ ڕاپەڕینەکانیان لەم ناوچەیەدا، دوو مانای هەبوو: یەکەمیان نیشتەجێکردنیان بە دوور لە هێزی ڕەسەنی خۆیان؛ ئەوی تریشیان پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوەی ڕەققەی لەخۆ دەگرت. لە بەڵگەنامەیەکدا کە کورتەکەی لە خوارەوە پێشکەش دەکەین، بارودۆخەکە بەم شێوەیە ڕوون دەکرێتەوە:
“بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاپەڕینانەی کە پێشتر ڕوویان دابوو، هەندێک لە کەسانی (قۆیون ئۆغڵاری) کە بەو هۆیەوە بۆ ڕەققە ڕاگوێزرابوون و لەوێ نیشتەجێ کرابوون و چوونەدەریان بۆ ناوچەکانی تر لێ قەدەغە کرابوو، بە فێڵ و تەڵەکە نامەی ڕێپێدانیان لە سڵێمان پاشای بێگلەربێگیی ڕەققە وەرگرتووە و بەرەو دیاربەکر و عەرەبگیر چوون. بەو پێیەی هەواڵی ئەم کارە گەیشتووە، فەرمانێک دەرچوو کە لەمەودوا بە “موتەسەلیم”ی ڕەققە ڕابگەیەنرێت کە ڕێگری لە ڕوودان و دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە حاڵەتانە بکات”.
بە واتایەکی تر، ئەو کوردانەی نیشتهجێ کراون، هەرگیز ناتوانن بچن بۆ خاکەکانی خۆیان واتە کوردستان. فەرمان دەدرا ئەگەر کەسانێک هەبن بچن، دەستگیر بکرێن و دووبارە بگەڕێنرێنەوە. بێگومان پێویسته ئاماژە بهوه بکەین؛ كه عوسمانی تەنیا بە نیشتەجێکردنی کوردە ڕاپەڕیوەکان لێرە نەوەستا، بهڵكوو کوردە کۆچەرییەکانیشی بە زۆر لە دەرەوەی جوگرافیای کوردستان نیشتەجێ کرد، و بە وەرگرتنی سهرانه و باجی ئاژەڵیش لێیان، هەم داهاتی نوێی بۆ دەوڵەت دابین دەکرد و هەم ئامانجی چەسپاندنی ئەمنییەت و کۆنترۆڵی دەوڵەتی هەبوو. چونکە هەندێک لە کوردە کۆچەرییەکان بۆ نموونە وەک خێڵی شێخ بزێنییهكان و پههیلڤانڵی، خێڵی ڕهشوان و خێڵی ژیركی، لە هەندێک شوێن بەهۆی کوێستان و لەوەڕگاکانەوە لەگەڵ تورکە نیشتەجێ یان کۆچەرییەکانی تر تووشی کێشەی وەک شەڕ و کوشتن دەبوون، دەوڵەت ئەم خێڵانەشی لە شوێنەکانی خۆیان هەڵكهندبوو و کۆچی زۆرەملێی پێ کردبوون بۆ شوێنی تر. موسڵ، کاندیا لە یۆنان، ئیزمیت و كۆزان دوای ڕەققە ناوچەکانی تری نیشتەجێکردن بوون (S.Kayhan- Başbakanlık Osmanlı Arşivinden).
ڕەققە بەهۆی ئەوەی لە کەناری ڕووباری فورات بوو، شوێنێکی گونجاو بوو بۆ کشتوکاڵ، بەڵام گەرما بۆ ئەو کوردانەی لە چیاکانی کوردستانەوە هاتبوون تاقەتپڕوکێن بوو، بۆیە هەندێک له بەگ و ئاغاكان داوایان لە دەوڵەت دەکرد لێیان خۆش ببن و دەیانویست دووبارە بگەڕێنەوە کوردستان. بێگومان دەوڵەت ئەم داواکارییانەی ڕەت دەکردەوە. لەلایەکی ترەوە، سەبارەت بەو کوردانەی بەبێ هیچ داواکارییەک لە دەوڵەتی عوسمانی و بە توانای خۆیانهوه لە ڕەققە هەڵدەهاتن، دەستبەجێ فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەردەچوو و دەستگیر دەکران و لە ڕەققە نیشتەجێ دەکرانەوە. لە نووسراوێکدا (tahrirat) ئاوا دەڵێت: “لە دوای ئەوەی هەندێک لە کەسانی جەماعەتی شەرقی (کوردەکان) کە بە زۆرەملێ لە ڕەققە نیشتەجێ کرابوون، لەوێوە بۆ ئەملاولا هەڵاتبوون، فەرمانێک بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ شوێنەکانی پێشوویان دەرچوو. لە وەڵامی ئەم فەرمانەدا، نووسراوێک بە ئیمزای ئیبراهیم پاشای پارێزگاری ویلایەتی قۆنیا نێردراوە کە تێیدا ڕاگەیەندراوە هیچ کام لەم کەسانە لە قۆنیادا نادۆزرێنەوە.” (C.P arşiv. S.Kayhan)
بە کورتی، دەوڵەت هەوڵی دەدا سەرەڕای هەموو شتێک سیاسەتی نیشتهجێكردن درێژه پێ بدات. لە ڕاستیدا ئەم سیاسەتی نیشتهجێكردنه، دهركهوتنی هەوڵێکی دەوڵەت بوو بۆ تێکەڵکردن و ئاسیمیلەکردنی کوردەکان لە ناو سیستەمی خۆیدا. بەرەو ناوەڕاستی ساڵانی ١٨٠٠، لێژنەکانی نیشتهجێكردن کە جەودەت پاشاش ڕۆڵێکی چالاکی تێدا دەگێڕا، دەستیان بە دامەزراندن کرد و بەردەوام بوون لە سیاسەتی نێشتهجێكردنی کوردان لە شوێنە دوورەکانی وەک كاندییه، ڤیدین و ڕۆدۆس، موسڵ، بورسا، ئیزمیت و لە سەرووی هەمووشیانەوە ڕەققە.
لە شەڕی ئەمڕۆی سووریادا، هەرچەندە هەوڵ دەدرێت ڕەققە لە کورد پاک بکرێتەوە، بەڵام بەڵگەنامەکانی خودی سیاسەتی نیشتهجێكردن دەیسەلمێنن کە کورد لە سەرووی ئەوانەوەن کە ڕەققەیان کرد بە ڕەققە. بێگومان ناتوانین بیر لەوە بکەینەوە کە بوونی پێکهاتە نەتەوەییەکانی تر پشتگوێ بخەین.
وەک ئەنجام، دەتوانین بڵێین دامەزراندن و گەشەپێدانی شاری ڕەققە، لەگەڵ نیشتەجێکردنی کوردان لەوێ، یان بە واتایەکی تر لەگەڵ نیشتەجێکردنی زۆرەملێیاندا، خێرایی بەدەست هێنا. ڕەققە، کە به تێپهڕینی ڕۆژگار گۆڕا بۆ شارێکی کوردی، دواتر کاتێک دەوڵەتێکی سووریا لەژێر فهرمانڕهوایی عەرەبدا دامەزرا، بە جۆرێک ژمارهیان کەمی کرد و لە ئەنجامی سیاسەتی عەرەباندنی دەوڵەتی سووریا ناسنامەی خۆی لەدەست دا.
سهرچاوهكان:
بهڵگهنامهی عوسمانی:
- Türkiye Cumhuriyeti Osmanlı Arşivinden, Birinci el Osmanlıca belge numaraları:
- Tarih :29/Z /1255 (Hicrî) Dosya No :345 Gömlek No :17225 Fon Kodu :C..DH..
- Tarih :29/Z /1255 (Hicrî) Dosya No :9 Gömlek No :434 Fon Kodu :C..ZB..
- Tarih :13/Za/1255 (Hicrî) Dosya No :947 Gömlek No :41125 Fon Kodu :C..AS..
- Tarih :29/Z /1255 (Hicrî) Dosya No :149 Gömlek No :7449 Fon Kodu :C..DH..
- Tarih :29/Z /1255 (Hicrî) Dosya No :20 Gömlek No :984 Fon Kodu :C..DH..
سهرچاوهكانی تر:
- Boris JAMES, thèse de doctorat, Université Paris-Ouest Nanterre La Défense, Les Kurdes Dans L’orient Mamelouk Et Mongol De 1250 A 1340 : Entre Marginalisation Et Autonomie, Le 15 mars 2014, Paris
- Celile Celil, XIX. Yüzyıl Osmanlı imparatorluğu’nda Kürtler, Özge Yayınları, Ankara,,1992
- Cengiz Orhonlu, Osmanlı Imparatorluğu’nda Aşiretleri Iskan Teşebbüsü (1691-1696), İstanbul, 1963; Osmanlı Imparatorluğunda Aşiretleri Iskanı, İstanbul, 1987
- Osmanli Türkiye’sinde Bazi Aşiret, Cemaat ve Taifelerin Eşkiyalik Faaliyetleri Ve Bunlarin Merkez-Taşra Yazişmalarindaki Yansimalari: Maraş Eyaleti Örneği (1590-1750) Süleyman Demirci -Hasan Arslan
- Turkish Studies – International Periodical For The Languages, Literature And History Of Turkish Or Turkic Volume 7/3, Summer 2012, P. 887-914, Ankara-Turkey,
- Yusuf Halaçoğlu, XVIII. Yüzyılda Osmanlı Imparatorluğu’nun Iskan Siyaseti Ve Aşiretlerin Yerleştirilmesi, Ankara, 1991.
- Yusuf Halaçoğlu, XVIII. Yüzyılda Osmanlı İmparatorluğu’nun İskan Siyaseti Ve Aşiretlerin Yerleştirilmesi, Türk Tarih Kurumu, Ankara, 2014