سڵکردنەوە لە شکست
بەرایییەکی کورت
چۆن لە شکست بڕوانین و چۆنیش بە ڕوانینێکی دروستتر شیکارییەکی لۆژیکییانەی بۆ بکەین و نەهێڵین ئەو پێشداوەرە مێژوویییانەی هەن بەسەرماندا زاڵ بن؟ چۆن لە پاڵ سەرکەوتندا شکستیش وەک بەشێک لە واقیعی سروشتی مرۆییمان ببینین؟ وەکوو زانراوە مێژوویەکی تژی لە کارکردن بۆ ڕەخساندنی وێنایەکی شێوێنراو لە ئارادایە، باشترە پێش هەموو شتێک لە سروشتی مرۆڤ و کاردانەوەکانی لە هەمبەر هەردوو پرسی سەرکەوتن و شکست ورد ببینەوە، ئاخۆ بۆچی لە سروشتی مرۆیییانەی ئێمەدا هەمیشە بەختەوەری گرێدراوی سەرکەوتنە و دژ و ناحەزە بە شکست؟ دواتریش لەوە ڕابمێنین کە ئایا مێژووی گێڕدراوە و تۆمارکراو بۆچی بەو ئاڕاستەیەدا نووسراوەتەوە کە شکست وەک دێوەزمەیەک وێنا بکات و هەمووان ناچار بکات سڵی لێ بکەنەوە؟ بێگومان بەشێک لە بیریارانی هاوچەرخ، بەشێک لە تیۆریسێنە گەورەکانی ئەم بوارە، بۆ دۆزینەوەی وەڵامی بەشێک لەم پرسیارانە بوون بە ڕێنوێن، کە دەتوانین بە گەڕانەوە بۆیان، بە دیتنێکی جوداتر هەوڵ بدەین خوێندنەوە بۆ پرسی سڵکردنەوە لە شکست ئەنجام بدەین و بەشێک لەو وێنا شێوێنراوەی بە درێژاییی مێژووی نووسراو و گێڕدراوە دەربارەی شکست کێشراوە، چاک و ڕێکی بکەینەوە.
ئایا شکست هیچ چاکییەکی نییە؟
“چارل بیبان”[1] لە کتێبەکەیدا (چاکییەکانی شکست) کە لە ساڵی ٢٠١٦ چاپ و بڵاوی کردووەتەوە، بەتەواوەتی پێداگری لەوە دەکات ئەزموونە سەرکەوتووەکان دەرناکەون، تاوەکوو بە ڕیستێک ئەزموونی شکستخواردوودا تێنەپەڕن. وا دەردەکەوێت لەمەدا بڕێک زیادەڕەوی هەبێت، چونکە کەسانێک هەن دەکرێت بێ ئەزموونکردنی شکست بتوانن لە کارێکدا سەربکەون، لێ دواجار ئەمانە ڕیزپەڕن و لە ئاستە گشتییەکەدا هەم سەرکەوتن و هەمیش شکست بەشێکن لە ئەزموونێکی هاوبەش کە پێکەوە ڕۆڵ لە بنیاتنانی کەسێتیی ئینسان و ئەزموونەکانیدا دەبینن و وەک بەخشەری ناسنامەی کۆمەڵایەتین پێی بۆ ناساندن و زانینی ئاستی کۆششەکانی. بیبان لە ڕێی ئەم کتێبەوە دەیەوێت ئەوەمان فێربکات چۆن لەگەڵ شکستدا بژین و مامەڵە بکەین؟ چۆن لەپاڵ سەرکەوتندا شکستیش وەک بەشێک لە ئەزموونەکانمان پەسەند بکەین و سڵی لێ نەکەینەوە؟ چۆن ئەو تێگەیشتنە باوەی سەبارەت بە شکست هەیە و هەڵەیەکی برەوپێدراوه ڕاست بکەینەوە؟ بیبان لەو باوەڕەدایە شکست بۆ خۆی چاکەیەکی گەورەی بەسەر مرۆڤایەتییەوە هەیە و پاڵنەرێکی گەورەیە بۆ چاککردنی بەهرە و لێهاتوویییەکان و ڕێنوێنی کردنی مرۆ بەرەو داهێنان و سەرکەوتن، بە واتایەکی دیکە سەرکەوتنەکان زادەی ئەو شکستە کەڵەکەکردووانەن کە ئەزموونکراون.
بە دەگمەن پاڵەوانێکی مێژوویی دەبینین بەبێ تێپەڕینی به نێو شکستی گەورە، بە دەگمەن سەرکەوتن دێتە دی بەبێ ئەزموونکردنی شکست، واتا هەمیشە لە نێو شکستدا سەرکەوتن و لە نێو سەرکەوتنیشدا شکستی تێپەڕێنراو هەیە، “لاکان” ئەمەی زۆر بە ڕوونی خستۆتە ڕوو: (لە هەر کردەیەکی شکستخواردوودا، گوتارێکی سەرکەوتوو هەیە) کە دواتر “ژیژەک” ئەمە دەکاتە پێوەرێک بۆ هەڵسەگاندنی دیدگۆڕکێی مرۆیی سەبارەت بە شکست. باشە کە ئەزموونەکانی سەرکەوتن بە درێژاییی مێژوو دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە لەو دێڕە سیحرییەی لاکاندا جێکراوەتەوە، بۆچی هێشتا ڕوانینەکان بۆ شکست بەو شێوە بێزراوە ماونەتەوە و هەوڵ بۆ پەسەندکردنیان نەدراوە وەک بەشێک لە هەقیقەتی هەوڵە مرۆیییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکان؟ ئەم پرسە لە ڕووکەشدا ئاڵۆز دەردەکەوێت، چونکە خواستی مرۆییی خۆی لە ڕوونییەکەی لاداوە و نەیویستووە و ناشیەوێت وەک هەقیقەتێک بیبینێت، هاوڕاییەکی گشتی هەیە بەوەی کە شکست ئەزموونە تاڵەکەی ژیانە و بەشە بێزراوەکەیە.
بیبان کاتێک دەربارەی چاکییەکانی شکست دەنووسێت، بە بەردەوامی دەگەڕێتەوە بۆ ئەزموونە شکستخواردووەکانی کەسە بلیمەتەکان، لە نێویشیاندا ئەزموونی زانایەکی وەکوو “ئەدیسۆن” و زۆر بە ڕوونی ئەوە شی دەکاتەوە چۆن دوایین دەرئەنجامی گەیشتن بە سەرکەوتنی ئەم زانایە، بە ناو سەدان ئەزموونی شکستخواردوودا تێپەڕیوە.
بەلای ئەم فەیلەسوفەوە، هەڵەکە لەوەدایە تێکەڵاوییەکی سەیر کراوە لەنێوان شکستی مرۆڤ لە کار و پرۆژەکانی و بوونی خۆیدا وەک مرۆڤێکی خاوەن ئیرادە، بۆیە کاتێک کەسێک شکست دەهێنێت ئەم تێڕوانینە بۆ شکست وای لێدەکات کە بڕوا بەوە بهێنێت خۆی کەسێکی شکستخواردووە! بێ ئەوەی بزانێت ترسان لە تاقیکردنەوەی ئەزموونی نوێ و ژیان بە یەک ئاڕاستەدا هۆی شکستە بەردەوامەکانە، دەرچەی فرە ئەزموونی و فرە ئاڕاستەیی و تاقیکردنەوەی شته نوێیەکان دەرچەیەکە لێیەوە مرۆڤ دەشێت بگاتە سەرکەوتن و ئازادی لە هەڵبژاردندا، بێ گوێدانە چاوەڕوانی و چاودێری ئەوانی دی. بیبان لەمەدا خۆی وەکوو نموونەیەک دێنێتەوە چۆن لە بوارێکی ژیانیدا بە شکستێکی قووڵدا تێپەڕیوە، بەڵام کە بواری ڕاستەقینەی خۆی (فەلسەفە)ی دۆزیوەتەوە، توانیویەتی سەرکەوتوو بێت. یان وەکوو گایسنبۆرگ کە دوای شکستە گەورەکەی لە بواری وێنەکێشاندا، چووە نێو جیهانی میوزیکەوە و بوو بە داهێنەرێکی گەورەی ئەو جیهانە، ئەمە واتای ئەوەیە کە شکست وەک ڕێنوێنیکارێک ببینیت و بە گیرخواردنت لە دەرچەیەک، بەرەو دەرچەکانی دیکە بچیت و ئەزموونە نوێیەکان بەپێی شیاوێتی و ئیرادەی مرۆییی خۆت تاقی بکەیتەوە.
ڕەخنەیەک لە فەلسەفەی خۆرئاوا
بیبان بە نیگەرانییەوە باس لەوە دەکات فەلسەفەی خۆرئاوا هیچ کتێبێکی گەورە و سەرەکی دەربارەی شکست بەرهەم نەهێناوە، نە دیالۆگێکی پلاتۆ و نە دەقێک بە پێنووسەکەی دیکارت! لە کاتێکدا چینییەکان، لەمەدا پێشینەی دێرینتریان هەیە و گرنگی زیاتریان پێداوە، بۆ نموونە “لاوتزو” لە سەدەی پێنجەمی پێش زاییندا گوتویەتی: (شکست بناغەی سەرکەوتنە) و هانی مرۆڤی داوە بۆ سڵنەکردنەوە لە شکست. کەچی لە خۆرئاوا، سەرباری ئەو میراتە فیکرییە گەورەیەی کە هەیە، بابەتی لێکۆڵینەوە لە شکست لە بابەتە لەبیربراوەکانە لە ڕەهەندە فەلسەفییەکەیدا. لەوش خراپتر، کاتێک فەیلەسوفانی خۆرئاوا دەربارەی شکست دەدوێن، بە شێوەیەکی نەرێنی باسی دەکەن و هەستی خۆبەتاوانبارزانین دەبەخشنە ئینسانی شکستخواردوو، وەک بڵێی ئەزموونکردنی شکست تاوان بێت. بۆ نموونە “دیکارت” شکست بۆ لاوازی ئیرادەی مرۆیی دەگەڕێنێتەوە، “کانت”یش شکست بە دەرئەنجامی نەبوونی بیرکردنەوەی قووڵ دەناسێنێت. هەرچەندە ناتوانین لەگەڵ بیباندا ئەم حکومدانانەی گشتگیر بکەین و بەتەواوی هاوڕای بین، چونکە هەر لە مێژووی فەلسەفە خۆیدا، لێرە و لەوێ دیدی پێچەوانەی ئەم دیدە زاڵ دەبینین، وەک ئەوەی لای ڕیواقییەکان هەیە، کە پێیان وایە ئەزموونکردنی شکست و هەوڵ بۆ بەرەنگاربوونەوەی مفادارە و کۆمەڵێک وانەمان لەبارەی واقیعەوە پێ دەدات[2]، هەروەها ” نیتشە” پێداگری لەوە دەکات شکست زۆر زیاتر لە سەرکەوتن توانای دەرخستنی لایەنە ناوازەکانی کەسێتی هەیە.
بازرگان چۆن لە شکست دەڕوانێت؟
لە دونیای ئابووریدا، بە چاوخشاندنەوەیەک بە چیرۆکی شکست و سەرکەوتنە بازرگانییەکاندا، درک بەوە دەکەین کە ئەمە کەمێک جیاوازتر دەردەکەوێت و شێوازی بازرگانییانە شێوازێکی لۆژیکییانەترە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ شکستدا.
عەقڵە گەورەکانی دونیای بازرگانی و کار، بە پێچەوانەی کەسانی ئاسایییەوە، کاتێک دەست بۆ هەر پرۆژە و مامەڵەیەکی نوێ دەبەن، دەزانن وەک چۆن ئەگەری سەرکەوتن و بەدەستهێنانی قازانج هەیە، ئاوهایش دەکرێت زەرەرمەند بن و دووچاری شکستی گەورە ببن. ئەمەش وەک مەترسییەک لەبەردەم سەرکەوتندا دەبینن و ئاشنان بە قورسێتی باری شکست، بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە ئەوان زۆرجار دەزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم مەترسییەدا بکەن و لەڕێی دۆزینەوەی گونجاوترین ڕێگەکانەوە بۆ دەربازبوون لێی و پەڕینەوە بەرەو زۆنێکی ئارامتر، ئەی ئەو زۆنە کوێیە؟ ئایا زۆنێکە خاڵی لە مەترسی و شکت و نائارامی؟ بێگومان نەخێر، ئەوێش زۆنی مامەڵەکردنە لەگەڵ مەترسی نوێتر و ئەگەری دیکەی شکستهێناندا! واتا بازرگان و عەقڵە گەورەکانی دونیای دەزانن ئەمە جۆرێکە لە یاری و دەبێت پەسەندی ئەوە بکەن کە بەرکەوتەیان لەگەڵ شکست و سەرکەوتنی بەردەوامدایە و ڕێیەکی دی نیە بۆ گەیشتن بە قازانج بەبێ تێپەڕین بەنێو ڕیستێک لە ئەگەری گەورەی شکستهێنان. بازرگان کاتێک کە بەرهەمێک دەخاتە بازاڕەوە، سەرباری ئەو خوێندنەوانەی پێشووتری بۆ پێویستی بازاڕ و تێگەیشتنی لە مەودای سەرکەوتنی بەرهەمەکەی، بەڵام هێشتا ناتوانێت دڵنیابێتەوە لە ئاستی سەرکەوتن و ڕادەی دەستخستنی قازانج. ئەو هەمیشە ئەگەری ئەوە دادەنێت بەرهەمەکەی لە بازاڕدا وەلا بنرێت و نەبێتە جێی پەسەندی کڕیار، لێ ئەوەی لە بازرگاندا جوانە و دەکرێت بگوازرێتەوە بۆ کایەکانی دیکەی ژیان و ببێتە نموونەیەکی باڵا بۆ ئەوانی دی، ویستی بەردەوامێتی بۆ تاقیکردنەوەی شتی نوێ، سەرباری دڵنیانەبوونی لە ڕادەی سەرکەوتنی، لەگەڵیشیدا خستنەگەڕی تەواوی تواناکانی خۆی بۆ سەرخستنی هەوڵە نوێیەکان و برەودان پێیان، ئەمه ئەو شتەیە کە مرۆڤایەتی پێویستی پێیەتی بۆ بەرگرتن لە گورزە دەروونییەکانی شکست. دەزانم شکست ئازارێکی کوشندەی هەیە کە هەندێک جار بازرگانیش ناچار بە چۆکداهاتن دەکات و بەرگەی تاڵییەکەی، بەرگەی ئازاری شکستەکەی ناکرێت، بەڵام ئەوە ڕاستێتی ڕێگەکەیە، دەبێت مرۆڤ وەکو خۆی پەسەندی بکات و لەوە تێبگات شکست شیاوی لێوە فێربوونە نەک بێ ئومێد بوون و لێڕەنجان.
هەرچەندە بەشێک لەو عەقڵە گەورانەی لە بواری ئابووری و بازرگانیدا کاران، بەم دوایییانە هەوڵیانداوە ئاڕاستەکە بەو بارەدا ببەن کە مرۆڤ لە نەستی خۆیدا شکستیش وەک سەرکەوتن وێنا بکات و دانی پێدا نەنێت، ئەمە دیدگایەکەی تەحفیزییانەیە و دنەدانی مرۆڤە بۆ جۆرێک لەخەیاڵپڵاوی و نەخوێندنەوەی واقیع وەکو خۆی، ڕەنگە بۆ دەقێکی ئەدەبیی یان دەروونناسی و گەشەپێدانی مرۆییدا وەک بەشێک لە هەوڵدان بۆ ڕزگاربوون لە کاریگەرییە مەترسیدارەکانی شکست پەسن بدرێت و ڕێگەدان بێت بە باڵادەستی خەیاڵ بۆ دەربازبوون لە فشارە دەروونییەکان، بەڵام بۆ زۆر بواری دیکەی ژیان ئەم دیدگایە کێشەدارە و جۆرێکە لە هەڵهاتن و بەرگرتن لە بینینی ڕاستێتی شکست وەکو خۆی.
ڕۆبیۆرت کیۆساکی و دۆناڵد ترەمپ[3] کە دوو لە ناوە پەرەپێدەر و دیارەکانی ئەم دیدگا هەڵەیەن و پێکەوە چەند کتێبێکیان دەربارەی ئەم پرسە نووسیوە، پێیان وایە مرۆڤ تەنانەت لە کاتی شکستخواردنیشدا، گرنگە دان بە شکستەکەیدا نەنێت و بە هەمان نەفەسی سەرکەوتنەوە پەرە بە هەوڵەکانی خۆی بدات. کتێبی (هونەری ڕێککەوتن) ڕەنگە دیارترین کتێبی “دۆناڵد ترەمپ” بێت کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا نووسیویەتی و تێیدا زۆر بە ڕوونی تەبەنی ئەم تیۆریایە دەکات و درێژی دەکاتەوە بۆ هەموو کتێب و نووسینەکانی دیکەی، بە کتێبە زۆر بەناوبانگەکەشیەوە: (ئەو ئەمریکای شایستەی ئێمەیە). بۆیە کاتێک ترەمپ بۆ خوولی دووهەمی سەرۆکایەتی خۆی کاندید دەکاتەوە شکست دەهێنێت، بۆ یەکەمین جار لە مێژووی ئەمریکادا بانگەشەی ئەوە دەکات کە گەورەترین ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکەدا کراوە و ئەنجامەکان دەستکاری کراون و ئەوە دەنگی ڕاستەقینەی ئەو نییە! ئەمە بۆ بەشێکی زۆری خەڵکی جیهان شۆک بوو، بەڵام ئەوانەی ئاشنای نووسین و بیرکردنەوەی ترەمپ بوون و دیدی ئەویان دەربارەی شکست دەزانی، ئەمە بەلایانەوە هەڵوەستەیەکی چاوەڕوانکراو بوو. کاردانەوەکەی ترەمپ ڕێک گەڕانەوە بوو بۆ کتێبە دێرینەکەی خۆی، کە پێش سێ دەیە نووسیبووی، ئەو بە تەواوی پشتگیری لە بۆچوونە باوەکەی خۆی کرد، دان مەنێ بە شکستەکەی خۆتدا تەنانەت ئەگەر بەڕاستیش شکستت هێنابێت، تۆ تەنها ئەو کاتە شکستت هێناوە کە لە زاری خۆتەوە ڕایدەگەیەنیت!
ڕوونە بەشێک لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەم تیۆریایە ڕیشەکەی لە وێنا سەرەتایییەکانی کۆمەڵگەکاندایە بۆ شکست، چۆن مرۆڤ هەر لە سەردەمانی پێش مێژووەوە، لە سەردەمی ئەفسانەکانەوە تاوەکو بنیاتنانی شار و دۆزینەوەی نووسین و هاتنە نێو مێژووی نووسراوەوە، هەمیشە پەسنی پاڵەوانە سەرکەوتووەکانی داوە و بەگژ ئەوانەدا چووەتەوە کە نەیانتوانیوە سەرکەوتوو بن. بۆیە دەبێت بە ئاسایی بنۆڕینە ئەوەی کە دەرئەنجامی ئەم سڵکردنەوە مێژوویییە لە شکست و کردنی نموونە شکستخواردووەکان بە بابەتێک بۆ نوکتە و گاڵتەپێکردن و هێنانەپێکەنینی ئەوانی دی و ڕێگرتن لە هەستانەوەی ئەم نموونە کەوتووانە و تێکشکاندنیان لەڕووی دەروونییەوە؛ دەرکەوتنی تیۆریایەکی لەم چەشنە بێت سەبارەت بە شکست، بۆ خۆپاراستن لە هێرش و پەلاماردانە ئازاربەخشەکانی کۆمەڵگە و دەوروبەر، چونکە وێنا ئەفسانەیییەکە بۆ کەسێتیی سەرکەوتوو بۆتە وێنایەکی چەسپاو، وایکردووە نەک هەر جۆرێک لە ترس و سڵکردنەوە بێتە ئارا، بەڵکوو وەک پەرچەکرداریش هەندێک تیۆریای هەڵەی لێ بێتە بەرهەم.
ترس لە شکستی بەکۆمەڵ
ڕەنگە سەختترین جۆری شکست لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، ئەو شکستە بەکۆمەڵییانە بن کە تێکڕا گروهێکی مرۆیی یانیش نەتەوە و وڵات و گەلێک دەرگیری دەبن، گورزەکانی ئەم جۆرە شکستە سەختتر و بەئێشترن لە گورزی شکستە تاکەکەسییەکان، بەوپێیەی چارەنووسی کۆمەڵێکی گەورەی مرۆیی دەخەنە بەردەم مەترسی و تاقیکردنەوەیەکی گەورەوە، تا ئاستی لەناوچوونی شکۆ و لەدەستدانی ناسنامەی دەستەجەمعی، بەڵام داخۆ بەکارهێنانی ڕستەیەکی وەکوو (دەخەنە بەردەم مەترسی و تاقیکردنەوەیەکی گەورەوە) واتای ئەوەیە ئێمەش دان بە مەترسیداری شکستدا دەنێین و لۆمە و سەرکۆنەی دەکەین؟ بەڵێ، بێگومان هەر شکستێک بۆ خۆی نەک هەر مەترسییە، بەڵکوو زلەیەکی گەورەشە لە بەختەوەری ئینسان و ئەگەری هەیە نەک بە تەنها تاکەکان بەڵکوو کۆمەڵگەیەکی گەورەش پێکەوە تووشی بێ ئومێدییەکی قووڵ بکات، لێ ئەمە بە هیچ جۆرێک دژ نییە بەوەی کە بڵێین تۆوی سەرکەوتن و هەستانەوە هەمیشە لەنێو شکستەکاندا ئامادەگی هەیە و گەر چۆنێتیی مامەڵە لەگەڵ شکست بزانرێت، گەر ببێت وانەیەک و هاندەرێک بۆ کۆششی نوێ و دۆزینەوەی ئاسۆیەکی دی، دواجار سەر لە سەرکەوتنەوە دێنێتە دەر. ئەمە دووفاقی نییە، بەڵکوو هەڵسەنگاندن و بینینی واقیعی شتەکانە وەکوو خۆی و هەوڵە بۆ ڕاهێنان لە فێربوونی چۆنێتیی مامەڵە لەگەڵ مەترسییەکانی شکستدا و هەڵنەهاتن لە ڕەخنەلەخۆگرتن و هەڵسەنگاندنی شکست بێ خۆفریودان، هەر بەو نیازەشەوە لەم ئاوڕدانەوەیەی ئێمە لە شکست دەست بۆ خوێندنەوەی ئەم پرسە بردراوە و هەوڵی شیکردنەوەی دۆخی شکست دراوە.
لە دێڕەکانی پێشووتردا ئەوەمان خستەڕوو، کە بە لای ڕیواقییەکانەوە ئەزموونکردنی شکست مفادارە و کۆمەڵێک وانەمان لەبارەی واقیعەوە دەداتێ، ئەگەر ئەمە وردتر بکەینەوە، ئەوەمان زیاتر بۆ ڕوون دەبێتەوە کە بۆ تێگەیشتن لە ئەزموونە نوێیەکان و تێپەڕاندنیان بە سەرکەوتوویی، پێویستمان بە ئاگاداربوونە لە ئەزموونە شکستخواردووەکانی پێشووتر، چ وەک تاک یانیش وەک کۆمەڵ، لەمەشدا یادەوەریی بەرز و لێکدانەوەی لۆژیکییانە بۆ گێڕانەوە مێژوویییەکان بە هانامانەوە دێن.
شکستە بە کۆمەڵەکان سەرباری قورسی و کاریگەرییان، دەبێت زۆر وردتر و بوێرانەتر هەم تۆمار بکرێن و هەمیش لێک بدرێنەوە، ئەو گەل و نەتەوە و کۆمەڵانەی لە ڕاستییەکانی شکست هەڵدێن و تۆماری ناکەن و لێی ناکۆڵنەوە، مەحکومن بە دووبارە تێپەڕین بە نێو شکستدا. بە واتایەکی تر، یادەوەری بەکۆمەڵ بۆ تێپەڕاندنی شکستەکان پێویستی بە ئاشنابوونی زیاتر بە مێژووی شکستەکان و داوەریکردنی بوێرانە هەیە، کە دەرئەنجام وانەکان بخاتە خزمەتی واقیع و ئەزموونەکانی ئێستاوە و نەهێڵێت دووجار بە هەمان ڕێگەدا ئەزموونی شکست بکات، پیرەمێرد پێش سەدەیەک، بە سوودبینین لە پاشخانی پەندە دێرینەکانی کورد، ئەمەی زۆر خۆماڵییانەتر دەربڕیوە:
بەو کەسە دەڵێن عاقڵ و هوشیار
دووجار لە کونێک پێوەی نەدا مار
ئەزموونکردنی شکست، چێژی مەترسییەکان
سەدەی نۆیەمی زایینیە، “عەباسی کوڕی فیرناس” کە داهێنەر و بلیمەتێکی گەورەی سەردەمەکەی خۆیەتی و چەندین داهێنانی گەورەی کردووە، لەوانە: (داهێنانی یەکەمین پێنووسی حیبری، دروستکردنی یەکەمین چاویلکەی پزیشکی و… هتد)، هەروەها شارەزا و زانایەکی ناوداریشە لە بوارەکانی (شیعر، میوزیک، کیمیا، ئەستێرەناسی و بیرکاری) و مرۆڤێکی ئینسکلۆپیدیایییە[4]، هەوڵ دەدات ئەزموونی یەکێک لە بیرۆکە داهێنراوەکانی خۆی بکات و بۆ یەکەمین جار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەزموونێکی نوێ تاقی بکاتەوە، ئەم ئەزموونە نوێیە هیچ نییە لە پراکتیکردنی خولیایەکی لەمێژینەی مرۆڤ زیاتر، کە ئەویش خولیای فڕینە بە ئاسمانی پان و بەریندا. عەباسی کوڕی فیرناس، بۆ چوونە نێو ئەم ئەزموونە مەترسیدارە، هەوڵی چێکردنی دوو باڵ دەدات مینا باڵندان بتوانێت لە شەقەی باڵ بدات و بە کامی دڵی خۆی ئاسمان تەی بکات، بەڵام بەهۆی هەندێک کەموکورتی و نادیدەگرتنی هێندێک ڕووداوی مەترسیداری ئەم ئەزموونە، لەکاتی خۆهەڵدانیدا، سەرباری کەمێک مانەوەشی لە ئاسمان و ئەزموونکردنی فڕین، دووچاری شکست بوویەوە و بەهۆیەوە کۆتایی بە ژیانی ئەم بلیمەت و داهێنەرە مەزنەی ئەندەلووس هات.
داهێنەرە ئەندەلووسییەکە، بۆچی ویستی ئەم ئەزموونە مەترسیدارە تاقی بکاتەوە؟ چونکە ئەو خولیایەکی هەبوو، کە هەمان ئەو خولیایە پاڵنەری هەموو سەرکەوتنەکانی دیکەی بوو، ئەویش خولیای تێپەڕین بوو بە نێو ئەزموونی نوێدا.
سەرباری زانینی ئەوەی کە هەموو ئەو ئەزموونانە لە خۆیاندا ئەگەری شکستیان هەیە. ئەو چێژی لە تاقیکردنەوەی مەترسی دەبینی گەر ئەمە کەمێک بگشتێنین دەزانین ئەمە خاڵی کۆکەرەوەی هەموو بلیمەت و داهێنەر و زانا گەورەکانی جیهانە، چوون بەرەو ئەو سنوورانەی خەیاڵ و بیرکردنەوە کە خەڵکانی ئاسایی لێی دەترسن و ناچنە نێوییەوە، چونک دەزانن ڕێیەکی ئاسایی نییە و ئەودیوی کراوەیە بە ڕووی ئەگەرە جۆراوجۆرەکاندا!
مرۆڤایەتی تا ڕادەیەکی زۆر قەرزاری ئەم خولیایە، کە سڵ لە مەترسی و تاقیکردنەوەی شتی نوێ ناکاتەوە و چێژ لە تێپەڕین بە ناویدا دەبینێت. ئەم چێژە داینەمۆی گۆڕانکاری و جووڵە پێویست و گرنگەکانی نێو مێژووه و بەهۆیەوە کۆمەڵگەکانی بردووەتە ئاستێتی ژیارییانەی بەرزتر، وەک چۆن لە توانایدایە مرۆڤیش لە خۆناسین و وردبوونەوە نزیک بکاتەوە و پەرەپێدەری توانا و لێهاتوویییە کەسییەکانی بێت.
دەرئەنجام
شکست دەرئەنجامی هەوڵە، دەرئەنجامی کارێکە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێک، ئەم دەرئەنجامە بەهۆی بارکردنی بە ڕیستێکی گەورە لە لێکدانەوە و ڕاڤەی هەڵەی جۆراوجۆر، بووەتە دەرئەنجامێکی مەترسیدار و گۆڕاوە بۆ زەبرێکی دەروونیی کوشندە! لەمەشدا دیدی ئەفسانەیی و پاڵەوانسازیی مێژوویی و کولتووری کۆمەڵگەکان، پاڵنەر و هۆیەکی سەرەکی بووە لە تێکشکاندنی ئیرادەی مرۆڤ و لەباربردنی هەر ویستێکی نوێی هەوڵدان بۆ داهێنان و تاقیکردنەوەی ئەزموونی جیاواز.
ئەوە ڕاستە کە شکست پێیەکی بە قووڵی لە مەترسیدا ڕۆچووە، بەڵام بە دیوێکی تردا هۆی هەموو ئەو داهێنان و پێشکەوتنە گەورانەشە کە مرۆڤایەتی لە مێژووی هەزاران ساڵەی خۆیدا بەخۆیەوە بینیویە، گرنگە دوای درککردن بەم ڕاستییە، جارێکی دی دیدمان بەرامبەر بە شکست بگۆڕین و سەرلەنوێ پێناسەی بکەینەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا، گرنگە ئامانج و حەزو خەونە مرۆیییەکانمان بە ئاگایی و هۆشمەندییەوە دیاری بکەین و کوێرانە بەدوویان نەکەوین، دواجار ئامانجە سەرەکییەکە سەرکەوتنە نەک شکست، لێ لە هەر شکستێکدا وانەیەکی گەورە هەیە (وەکو چۆن فەیلەسوفە ڕیواقییەکان دەیانگوت).
ئەزموونکردنی شکست ئەزموونکردنی دەرچە جیاوازەکانە لە پێناو دۆزینەوەی دەرچە دروستەکەدا، کە بێ ئەم ئەزموونکردنە (جگە لە هەندێک حاڵەتی ئاوارتە) ئەستەمە رۆڤ بگاتە ئاستێک لە داهێنان و بەخشینی مفای بەرز بە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، هەروەها ئەستەمە ڕزگاری ببێت لە کۆتوبەندی ڕوانینە نموونەیی و ئەفسانەیییەکان بۆ خۆی، شکست مرۆڤ ئازاد دەکات لە ترسی بینینی ئاست و توانا و لێوەشاوەیییەکانی بەو شێوەیەی کە هەیە و ناچاری دەکات بەر بە واقیع وەک ئەوەی کە هەیە بکەوێت و هەوڵ بدات بەدووی دەرچە و ڕێچارەی دیکەدا بگەڕێت بۆ دۆزینەوەی لێوەشاوەییی ڕاستەقینەی خۆی! ڕوونتری بکەینەوە: شکست ئەگەر بە وردی و هوشیارییەوە دەرگیری ببین، ئەوا جۆرێکە لە دادگاییکردنی خود، جۆرێکی ڕەسەنانەیە لە خۆهەڵسەنگاندن و بەر تەوردانی بیرۆکەکان، هۆیەکە بۆ فڕێدانی بیرۆکە و ڕێچارە نەگونجاوەکان و خستنەگەڕی ڕێچارە و بیرۆکەی نوێتر، ئەمە ڕێی هەموو ئینسانێکی خودان ئیرادەیە کە ڕۆڵی گەورە لە نەحشاندنی مێژوودا دەگێڕێت.
ژێدەر و پەراوێزەکان:
.
[1] شارل بیبان، یەکێکە لە فەیلەسوفە لاوەکانی فەرەنسا و لە نووسینەکانیدا زۆرتر هەوڵ دەدات فەلسەفە پەیوەست بکات بەو دۆخە دەروونییە تایبەتەی کە مرۆڤی ئەم سەردەمە تێیدا دەژی، بۆیە دەبینین جگە لە گەڕانەوەی بەردەوامی بۆ هیگڵ و کیرکیگارد و سارتەر و باشلار و پۆپەر، کەمجار هەیە ئەم فەیلەسوفە نەگەڕێتەوە بۆ ڕێچکە دەروونشیکارییەکەی لاکان و بنەچە فرۆیدیەکەی ئەم قوتابخانەیە لە لێکدانەوە دەروونییەکان بۆ کێشەکانی مرۆ. بیبان هەوڵ دەدات فەلسەفە بە قووڵی گرێبداتە کێشە سەرەکییەکانی مرۆڤ و بە زمانێکی بێگرێ بیهێنێتە نێو گفتوگۆ ڕۆژانەیییەکانەوە، بۆ ئەمەش چەندین کتێبی تایبەت بەو ئاڵۆزییە دەروونیانەی ژیانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەکان نووسیوە، یەکێک لەو کتێبە دەگمەنانەی کە خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆی و ئەو پەیوەستەگیی و هێڵی کارکردنە بە ڕوونی ببینێت، ئەم کتێبە گرنگەیەتی: (شارل بيبان، العيش مع ماضينا ( فلسفة من اجل الانطلاق الى الامام)، ترجمة و تقديم: د. مصطفى حجازي، المركز الثقافي العربي، الطبعة الاولى، الدار البيضاء، المغرب، 2024).
[2] ڕیواقییەکان بە گشتی، زۆرترین کاریان لەسەر پرسی شکست و چۆنێتی مامەڵەکردنی هۆشەکییانە لەگەڵیدا کردووە، بڕوانە: الدكتور عثمان آمين، الفلسفة الرواقية، مطبعة لجنة للتالیف والترجمة والنشر، ط۱، القاهرة، ۱۹٤٥.
[3] دۆناڵد ترەمپ و ڕۆبێرت کیۆساکی هەرچەندە دوو شارەزای باشی بازاڕە دارایییەکانن، لێ لە پرسی چۆنێتی مامەڵەکردنن لەگەڵ مەترسییەکانی شکست، کەوتوونەتە نێو ئەم تیۆریا هەڵە و مەترسیدارەوە سەبارەت بە شکست، ئەوان سەرکۆنەکاری شکستخواردوون بە کاریگەری ئەو مێژووە دێرینەی لەبارەیەوە دواین، لێ بە ڕووکارێکی نوێی جیهانی سەرمایەداری. جگە لەو کتێبانەی کە ناومان هێنان، کتێبێکی هاوبەشیان پێکەوە هەیە و لەسەر هەمان هێڵی ڕوانین، هەوڵی چەسپاندنی دەدەن، لێ بەو، بڕوانە: (رابرت کیوساکی و دونالد ترامپ، چرا می خواهیم شما ثروتمند باشید؟، مترجم: رامین بختیاری، فرح انگیز دستگیری، انتشارات نسل نواندیش، ١٣٩٥)
[4] د.محمد الدایه، عباس بن فرناس حكیم الاندلس، دار المقتبس، ط۱، ۲۰۲۱.