لێکچووە ترسناکەکان: ئەڵمانیا لە سەردەمی کۆماری ڤایمار و عەرەبە ناسیۆنالیستەکانی ئەمڕۆ

ئەو هیستریا دەستەکۆییەی لە میدیا و جیهانی عەرەبیدا دەرهەق بە کورد دەیبینین نە ڕاگوزەر و نە ڕووکەشە. ئەمە درێژکراوەی مێژوویەکی کۆنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو شوێنەی مەعدەنی دروستکردنی کینە و دوژمنایەتییە بۆ “ئەوی تر”. ئەوانەی لە تایبەتمەندیی دەروونیی ناسیۆنالیزمی عەرەب تێنەگەیشتوون سەختە بزانن بنچینەی ئەم هیستریایە لەکوێوەیە. هەرکەسێک بەوردی سەیری مێژووی سەدەی بیست بکات، تێبینی هاوشێوەیەکی سەرنجکێش دەکات لەنێوان دۆخی ئەمڕۆی کورد و جوو لە ساڵانی بەر لە جەنگی جیهانیی دووەم. ئەم لێکچووییە هۆشدارییەکە و دەبێت مەترسیی ئەم هێرشە نوێیەش بەشێوەیەکی جددی ڕەچاو بکرێت.
بەر لەوەی قڕکردنی جووەکان دەست پێ بکات، ئەڵمانیا لەنێو شکستێکی مێژووییی سامناکدا دەژیا، کە من بە زاراوە فرۆیدییەکە پێی دەڵێم برینێکی خودئەڤینی. ئەڵمانیا جەنگی جیهانیی یەکەمی دۆڕاند، و بە بارێکی ئابووریی تێکشکاوەوە هاتە دەر، ناچاریش کرا قەرەبووی گشت زیان و لێکەوتەکان لە ئەستۆ بگرێت. لای هەندێکیان، بەتایبەب ئەوانەی بە ئوستوورەی سەر بە ڕەگەزی باڵاوە شێوەبەند کرابوون، تێگەیشتن لە شکست و داڕووخانە کۆمەڵایەتییەکە شتێکی مەحاڵ بوو. هەستی تێکشکان هاوشان بە ئارەزووی هەستانەوە وەک دوو ئامێری نەوەستاو لە ژیندەروونی کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا وەگەڕخرابوو. هەردوو هەستەکە بەر لەوەی هیتلەر دەسەڵات بگرێتە دەست بەقووڵی حزووریان هەبوو.
پرسی شکست شوێنێکی گرنگی لە ئەدەبیاتی ئەوکاتی ئەڵمانیدا گرتبوو، و بە ڕاشکاوییش لە بەرهەمەکانی ئەو نووسەرانەدا بەرچاوە کە بە ئایدۆلۆژیای نازییەوە هاوپەیوەند بوون. لە نووسینەکانی هانس کۆلبنهایەر، هانس یۆست و هەندێکی تر، ئەڵمانیا بەشێوەیەکی پاتەبووەوە وەک نوقمبووێکی ناو داڕمان نیشان دەدرا. کۆمۆنیزم، لیبڕالیزم و دیموکراسی وەک هێزگەلێک دەبینران کە هۆکار بوون بۆ لاوازبوونی ڕۆحی ئەڵمانی؛ نەتەوەی ئەڵمان وا پیشان دەدرا وەک ئەوەی لەژێر هەڕەشەی لەناوچوون بێت؛ و ڕۆشنبیرانیش وەک هۆکارێکی سەرەکی کارەساتەکە سەرکۆنە دەکران. کەچی ئەم ژانە تەنیا لای نووسەرە نازییەکان بوونی نەبوو، بگرە لەنێو گەلێک نووسەری گرنگی دەرەوەی پانتایییەکەش جێی سەرنج بوو، وەک لە تۆفانی پۆڵایین[1]ی ئێڕنست یونگەردا دەبینرێت، کە هەندێک کەس ڕۆمانەکە وەک بەردڕێژکردنی ڕێگا بۆ ڕۆحی لەشکرسالاریی نازی وەسف دەکەن. تەنانەت زۆر ڕوونتر، دەکرێت لە بەرهەمە دەسپێکەکانی تۆماس ماندا ئەمە ببینرێت، کە دواتر دەبێت بە یەکێک لە سەرسەختترین نەیارەکانی هیتلەر.
هەستکردن بە شکست تەنیا وەڵامێک نەبوو بۆ تێکشکانی سەربازی و داڕمانی ئابووری؛ ڕەنگدانەوەی ترسێکی دەروونیش بوو دەرهەق بە ونبوون و لەدەستدانی سەنگی کێیەتیی ئەڵمانی. لە تێڕامانەکانی پیاوێکی ناسیاسیدا[2]، تۆماس مان ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەم کەڵکەڵەی “لەکیسچوون” و “دۆڕان”ە، کە لە دیدگای ئەودا بەقووڵی کاریگەری خستووەتە سەر ڕۆحی ئەڵمانی. کتێبەکە لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەمدا نووسرا و بە ماوەیەکی کەم دوای شکستی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩١٨ بڵاو بووەوە، بۆیە هەڵگری کەشی ساتەوەختەکەیە: وردوخاشبوونی شکۆی نەتەوەپەرستی [ناسیۆنالیزم]. تۆماس مان لە پێگەیەکی چەقبەستوودا دەنووسێت و ئەم ترسە دەردەبڕێت کە دەکرێت کەلتووری ئەڵمانی وەک بەرهەمی ڕۆحی ئەڵمانی بەهۆی ئەقڵانییەت و لۆژیکی ساردوسڕی پێشکەوتن و زانستەوە لەناو بچێت.
گرنگترین بابەتی ناو کتێبەکە ئەو جیاکارییەیە کە نووسەر لەنێوان “کەلتوور” و شارستانییەت”دا ئەنجامی دەدات. ئەو کەلتوور وەک ڕەهەندێکی گیانەکی، دەروونی، و ناوەکیی قووڵ بەردیدە دەخات کە گرێدراوی شووناسە بۆ ئەڵمانیبوون و لەناو نەتەوەکەدا ڕەگی داکوتیوە. بەپێچەوانەوە، شارستانییەت وەک گشتێکی گەردوونی پیشان دەدات، کە بە زانست و پێشکەوتنە بەربڵاوەکانی خۆرئاواوە بونیادمەند کراوە. بۆ مان، شارستانییەت ئەقڵانییەت و پانتاییی ڕواڵەت دەنوێنێتەوە؛ بەپێچەوانەی کەلتوور، شارستانییەت لە قووڵاییی ڕۆحی نەتەوەییەوە هەڵناگۆزرێت. تۆماس مانی لاو، لەبەرئەوە شارستانییەتی وەک هێزێکی توانادار بۆ لەناوبردنی کەلتووری ئەڵمانیا دەبینی، و ئەمەش بەشدار دەبوو لە هەستکردنێکی قووڵ بە شکست.
پاڵنەر بۆ دۆزینەوەی دوژمنێک، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوانی تر، لاوازبوونی مۆڕاڵی سیاسی و هەڵکشانی خولیا بۆ کوشتن و توندوتیژی هێندە لە پەراوێزدا نامێننەوە.
قۆناغی پێش دەرکەوتنی نازیزم بە لووتکەی هەستکردن بە شکست، تێکشکان، و لەدەستدانی شووناس دیاری کرابوو. زۆرێک لە ڕۆماننووسانی سەردەمەکە وەک ئەلفڕێد دووبلین، ئێریش کێستنەر و کورت توخۆلسکی لەنێو نووسەرانی تردا کۆمەڵگەیان وەها پیشان دەدا کە بەخێرایی بەرەو ئامێزی سەربازگەری و توندوتیژی دەڕوات. یەکێک لە ترسناکترین نیشانەکانی ئەم قۆناغەی تێکشکان دەرکەوتنی جۆرێک “مرۆڤی لاواز” بوو: کەسێک کە لەپێناو گەڕاندنەوەی دەزگا و بەهاکان بەدوای هێزێکدا دەگەڕێت. هەستکردنێک بەوەی ژیان و شووناس لەژێر هەڕەشەدان، وا دەکات ئەم مرۆڤە بەدوای دوژمنێکی ڕاشکاودا بگەڕێت، بەدوای یەکێک تا سەرکۆنەی بکات، ڕوونکردنەوەیەک وەربگرێت بۆ ئەوەی کۆی ئەم دۆڕان و تەریقبوونەوەیە دەرکێش بکات. گەڕانەوەیەک بۆ ئەدەبیاتی ئەڵمانیی ئەوکات پیشانی دەدات کۆمەڵە هاندەرێکی لەم شێوەیە بەپتەوی بۆ بارێکی مۆڕاڵی زاڵ وەردەگەڕێن. پاڵنەر بۆ دۆزینەوەی دوژمنێک، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوانیتر، لاوازبوونی مۆڕاڵی سیاسی و هەڵکشانی خولیا بۆ کوشتن و توندوتیژی هێندە لە پەراوێزدا نامێننەوە. ئەم پاڵنەرانە تەشەنە دەکەن، ئاسایی دەبنەوە [زاڵ دەبن]، و دواجاریش کردە و باوەڕی خەڵک شێوەبەند دەکەن.
گەر بە وریایییەوە سەیر بکەین، ئێستا جیهانی عەرەبیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو ئەزموونی دۆخێک دەکات کە هاوشێوەیە بە ئەڵمانیای پێش نازیزم. بەدرێژاییی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوو، لە کەوتنی بەغدادەوە بۆ وێرانکردنی غەززە، ناسیۆنالیزمی ئایینیی عەرەب ڕووبەڕووی زنجیرەیەک گورزی هەڵتەکێنەر بووەوە. دوای یازدەی سێپتێمبەر و ڕووخانی سەددام، ئەم شەپۆلی ناسیۆنالیزمە دووچاری پاشەکشەیەکی سەخت بوویەوە. دەرکەوتنی داعش بۆ ئاوەژووکردنەوەی شکست و بەدەستهێنانەوەی هەستکردنێک بە هەبوونی هێز یەکێک بوو لە هەوڵە هەرە توندڕەوەکانی عەرەبە ناسیۆنالیستە ئایینییەکان. ئەم بەدواکەوتنە دڕندەیە بۆ زیندووکردنەوەی گەلی عەرەب و ئیسلامی [گەل لێرەدا هەم وەک ‘نەتەوە’ و هەمیش ‘کۆمەڵگە’]، وای کرد داعش پەڕگیرانە و بێسنوور تاوانی تۆقێنەر ئەنجام بدات.
هۆڤێتیی داعش ڕەنگدەرەوەی ترسێکی قووڵنیشتووی سڕانەوەیە لەنێو عەرەبە ناسیۆنالیستە ئایینییەکان. ڕووخانی داعش، و کۆتاییپێهاتنی ئەوەی پێی دەگوترا خەلیفەی ئیسلامی بە دەستی کورد برینێکی قووڵتری دەروونی و خودئەڤینی خستە ناو ئەم بیرکردنەوە سیاسییەوە. دوای ئەوەی داعش ڕووخا، ئەم قەیرانە چڕتر بووەوە، و زۆرێک لە خەڵکی هاندا بۆ نواندنی پەرچەکردار لەڕێگەی شەپۆلێکی تری ئامادەکاری. هێرشی حەوتی ئۆکتۆبەر لەلایەن حەماسەوە بۆ ئیسرائیل و ئەو ڕووداوانەی بەدوایەوە هاتن هەوڵێک بوون بۆ تۆمارکردنی سەرکەوتنێک و ڕزگاربوون بوو لەو کەلێنە دەروونییە. بەڵام هەر کە غەززە تووشی سیاسەتێکی نوێ و کارەساتێکی مرۆیی بوویەوە، ئەم هەستکردن بە شکست و بێهیواییە لە دەروونی فاشیست و عەرەبە نەتەوەپەرستەکان بەشێوەیەکی قووڵتر گەڕایەوە.
لەناو ئەم دۆخی تێکشکانەدا، بەدیاریکراوی مرۆڤێکی نیگەران و ملکەچ دەردەکەوێت، کەسێک کە هەلومەرجەکانی ژیانی ئامادەی دەکەن بۆ بوون بە شەڕکەرێکی فاشیست، بۆ دەرپەڕاندنی غەریزە پەلاماردەرەکان لەپێناو ڕزگاربوون لە هەستی دۆڕان و پارچەپارچەبوون.
گەر سەرنج لەم کۆمەڵە شکستە مێژوویییە بدەین، پۆلێک ڕووداوی هاوشێوەش دەبینین کە متمانەی عەرەبە ناسیۆنالیستەکانی لاواز کردووە. قەیرانگەلێکی ئابووریی سەخت بەشێکی گەورەی ئەم کۆمەڵگانەی بەرەو هەژاری بردووە. گۆڕەپانە سیاسییەکە لە وڵاتانی وەک سووریا، عێراق، و لوبنان هێندە بە سەختی تێکشکاوە کە چارەسەرکردنی وەک شتێکی مەحاڵ دەردەکەوێت. زۆرێک لە خەڵک هیوایان بە داهاتوو لەدەست داوە و هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بەدی ناکەن. بەتێکڕایی، کۆمەڵە بارێکی نەرێنیی لەمشێوەیە بوونەتە هۆکاری بنچینەیی بۆ دۆخێکی دەروونی و سیاسەتێکی ترسناک. لەناو ئەم دۆخی تێکشکانەدا، بەدیاریکراوی مرۆڤێکی نیگەران و ملکەچ دەردەکەوێت، کەسێک کە هەلومەرجەکانی ژیانی ئامادەی دەکەن بۆ بوون بە شەڕکەرێکی فاشیست، بۆ دەرپەڕاندنی غەریزە پەلاماردەرەکان لەپێناو ڕزگاربوون لە هەستی دۆڕان و پارچەپارچەبوون.
گەر ئەمە بە ئەڵمانیای پێش نازی بەراورد بکەین، نەخشەکە ڕوونتر دەبێت. بەدرێژاییی سەردەمی کۆماری ڤایمار، هەستی نزمبوون و شکست مرۆڤێکی ترسلێنیشتوو و لاوازی دروست کرد. لای ئەم جۆرە مرۆڤە وابوو کە ئەڵمانیا پارچەپارچە دەبێت، کەلتووری ئەڵمانی لەناو دەچێت و بەمەش تاکی ئەڵمانی ڕسوا دەبێت. بەڵام ئەم مرۆڤە ترسنۆک و بێئومێدە بە پاسیڤی نەمایەوە. ئەم جۆرە مرۆڤانە بەدوای دوژمنێک دەگەڕان بۆ سەرکۆنەکردنی ئەم شکستەیان، دوژمنێک بەزاندنەکەی ئاسان بێت، و لەڕێگەی ئەو سەرکەوتنە خەیاڵییەوە، پاڵنەر و ئارەزوویان بۆ توندوتیژی ڕەزامەند بکەن. لەو ساتەدا، جووەکان بە بەهەڵپەرستی وەک دوژمن نیشان دران، وەک ڕەوایەتییدانێک بۆ کارەساتە بەدواهاتووەکە بەکار هێنران.
جووبێزی لە سەردەمی ڤایماردا گەیشتە لووتکە. لەم چوارچێوەیەدا، نووسەرانێک دەرکەوتن وەک دیتریک ئێکارت[3]، ژینگە ئایدۆلۆژییەکەیان بەجۆرێک لە چوارچێوەدا کە دواتر کاریگەری خستە سەر هیتلەر. ئێکارت بۆچوونێکی بڵاو دەکردەوە کە گوایە پیلانگێڕیی جیهانی هەڕەشە لە نەتەوەی ئەڵمان دەکات، و جوو و بەلشەفیکەکانیشی وەک بریکاری سەرەکیی پشت ئەم پیلانگێڕییە دەستنیشان کرد. ناوبراو ڕۆڵی لە زیاترکردنی ڕقی هیتلەر دژ بە جووەکان هەبوو. هەرچەندە ئێکارت کەمتاکوت زووتر مرد، بەڵام کاریگەریی ئەو یارمەتی هیتلەری دا دنیابینییە دژەجووییەکەی بچەسپێنێت و بە تۆڕی جووبێزییەوە بیبەستێتەوە.
کورد وەک جێگرەوەیەک بۆ دوژمنی زایۆنیست دەبینرێت، بەمەش دەبێت بە ئۆبێکتی شوێنگۆڕاوی تووڕەیی و ڕق.
عەرەبە ناسیۆنالیستە شکستخواردووەکان لە ئەمڕۆدا، بەدوای لایەن و نیشانەی لاوازتر دەگەڕێن تاکو شوێنگۆڕکێ بە سەرکۆنەکانیان بکەن، وەکچۆن نازییەکان لە بەستێنێکی مێژووییی جیاوازدا کردیان. لەم سیناریۆیەدا، کورد دەبن بە دوژمنە کۆن-نوێیەکەی عەرەب. شکستە دووبارەبووەوەکانی عەرەب و موسڵمانەکان بە دەستی ئیسرائیل ڕووبەڕووبوونەوە و دژایەتییکردنی ڕاستەوخۆی ئەستەم کردووە، کە بەبێ چارەسەرکردنی هیچ شتێک تەنیا هەستی تەریقبوونەوە قووڵتر دەکاتەوە. ئەمە بۆ گەڕان بەدوای دوژمنێکی لاوازتر ڕێنوێنیان دەکات. ناسیۆنالیزمە برینداربووەکە لەپێناو دروستکردنی سەرکەوتنێکی وەهمیی پێویستی بە ئامانجێکە کە زوو بێتە پێکاندن و بەئاسانی ببەزێندرێت. لەم قۆناغەدا، کورد وەک جێگرەوەیەک بۆ دوژمنی زایۆنیست دەبینرێت، بەمەش دەبێت بە ئۆبێکتی شوێنگۆڕاوی تووڕەیی و ڕق.
پیشاندانی کورد لەناو میدیا فەرمییەکانی عەرەب و کۆمەڵگەی ناسیۆنالیستی عەرەب زایەڵەی نەخشاندنێکە کە نازییەکان بەر لە قڕکردن بۆ نواندنەوەی جووەکان بەکاریان دەهێنا. جووەکان تاوانبار دەکران بەوەی “زیان بە ئابووری دەگەیەنن”، “خزمەت بە هێزگەلی دەرەکی دەکەن”، “سەر بە جەستەی نەتەوەیی نین”، و “هەڵگری کۆمەڵە ئایدیایەکی دوژمنکارانەن بۆ ڕۆحی نەتەوەیی”.
سەرەڕای هاوچەرخی زاراوەکان، گەر ئەمە لەگەڵ ئەم تۆمەتبارکردنە نوێیەی کورد بەراورد بکەین لە میدیای عەرەبی، بونیادەکە یەکجار لێکچوو دەردەکەوێت. بانگەشەگەلێک بڵاو دەبنەوە گوایە کورد لە کێشە و سەختییەکانی ئابووری بەرپرسیارە، گوایە کورد بریکاری ئەمەریکا و ئیسرائیلە، گوایە ئەوان “تەنیا بە ناو موسڵمانن”، و فێمێنیستن، ماڕکسیستن، یانیش بێباوەڕێکن کە یەکپارچەییی نەتەوەیی لاواز دەکەن و برەو بە جوداخوازی دەدەن. ئەم لێکچوونە ناکرێت وەک هەڵکەوتێکی ڕووکەش سەیر بکرێت. فاشیزمی عەرەبی لەپێناو پینەکردنی شکستگەلی مێژوویی بەدوای سەرکەوتنێکی وەهمیدا دەگەڕێت.
لە دەیەی هەشتاکاندا، کۆمەڵە ڕووداوێکی وەک ڕێککەوتنەکانی کامپ دەیڤد و جەنگی لوبنان، بوونە هۆی ئەوەی ناسیۆنالیزمی عەرەب بە ئەزموونی هەمان کەلێن و هەڵوەشاندا تێبپەڕێت. ئەودەم، سەددام حوسێن بە هێرشکردنە سەر ئێران هەوڵی دا قەرەبووی ئەم برینە خودئەڤینییەی ناو دەروونی عەرەب بکاتەوە. کاتێکیش شکستی هێنا، ڕژێمەکە بە کوشتنی دەیان هەزار کورد توندوتیژییەکەی ناوەکیی کردەوە. دوژمنێکی لاواز و بێپشتوپەنایان بۆ دەرهاوێژکردنی ڕق و کینەکە کردە ئامانج.
لەمڕۆدا، ئێمە لەناو هەمان چرکەساتی مێژووییدا دەژین. عەرەبە ناسیۆنالیستەکان پێیانوایە بەهۆی تێکەولێکەیی، سەرکردایەتیی لاواز و نامرادییەوە تێچەقیون. بۆیە بەدوای ڕەمزێکی نوێدا دەگەڕێن، ڕەمزێک کە بتوانێت پێشنیاری قوربانییەکی نوێ بکات. بۆ زۆرێک لە خەڵک، ئەحمەد شەرع بووەتە ئەو ڕەمزە، لەکاتێکدا کوردیش وەک نێچیر پیشان دەدرێت. لەو باوەڕەدان گەر بتوانن لەم “دوژمن”ە ڕزگاریان بێت، دەتوانن لە زەلکاوی شکستە مێژوویییەکەی خۆیانیش ئازاد ببن. تێگەیشتن لەو دۆخە دەروونییەی کە ڕێگەی بە نازییەکان دا هۆڵۆکۆست ئەنجام بدەن وانەیەکی گرنگە بۆ بەرگرتنی ناسیۆنالیتسە توندڕەوەکان لە دووبارە کردنەوەی هەمان کارەسات دژ بە کورد.
سەرچاوە:
[1] Jünger, Ernst. Storm of Steel. 1920.
[2] Mann, Thomas. Reflections of a Nonpolitical Man. 1918.
[3] Dietrich Eckart (1868-1923).