جینۆساید، دگەل یەزدان

دگەل یەزدان، ناونیشانی هەڵبەستێکی “سەبری بۆتانی”ـیە. لە ناونیشانەکەوە دیارە هەڵبەستوان ڕووی کردۆتە یەزدان و لە ناوەڕۆکی هەڵبەستەکەشدا زوڵموزۆری مێژووی ئیسلام بەرانبەر بە کورد دەگێڕێتەوە. ئەگەر کورد بیەوێت پەرە بە جۆرێ لە تیۆریی دوژمنناسی بدات، لەناو مێژووی خۆیدا ئەم کارە بکات، نابێت ئەم  هەڵبەستەی سەبری بۆتانی لەیاد بکات. کورد بەهۆی ئایدۆلۆژیاکەوە جۆری جیاوازی جینۆسایدی لەسەر تاقیکراوەتەوە، بۆ نموونە؛ قڕکردن و لەناوبردنی فیزیکی، جینۆسایدی کولتووری و پەروەردەیی و سیاسی (بە درێژاییی وتارەکە ئەم جۆرەی جینۆسایدتان لەلا ڕوون دەبێتەوە). خوێنەر دەبێت لەگەڵ هەڵبەستەکەدا بچێتە دۆخی بیرکردنەوەوە، بیرکردنەوە لە پرسیاری “من کێم؟” وە ئەو(ئەوی دوژمن) کێیە؟ ڕەوایەتیدان بە جۆرێ لە داگیرکاری و لەناوبردنی “من”(منی کورد) لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ وەک سەبری بۆتانی دەڵێت: ئەڤ دەردێ من پر ژی مێژە، چیرۆک دژوار و درێژە. بۆئەوەی لەم تاوانە مێژوویییە تێبگەین، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای تێگەیشتن لە کورد لە هزری عەرەبدا. بۆ ئەم نووسینەش(بەتایبەت بۆ بابەتی تێڕوانینی عەرەب دەربارەی کورد) کۆمەک لە کتێبی “وێنەی کورد لە زانینی مێژوویی ئیسلامیدا، نووسین: حەیدەر لەشکری. وەرگێڕانی، محەمەد تاتانی” وەردەگرین.

سەبری بۆتانی (١٩٢٥-١٩٩٨) نووسەر و شاعیری باکووری کوردستان

“کورد کێیە؟” ئەم پرسیارە کەڵکەڵەی سەرەکیی ڕۆشنبیران بووە. یەکێکە لەو پرسیارە سادانەی ئاڵۆزترین وەڵامی لەخۆ گرتووە؛ هەر لە ناساندنی کورد وەک گرووپێکی ئیتنیکی بۆ ناساندنی وەک نەتەوەیەک، لە ناساندنیەوە کە لەناو مێژوودایە بۆ ناساندنێک کە لە دەرەوەی مێژووە(وەک مەسعود محەمەد پێی وایە)، لە ناساندنێک کە شۆڕشی یەک لە دوای یەکی ئەنجامداوە لەپێناو سەربەخۆیی بۆ ناساندنێک کە دەیەوێت برای هەبێت و بەیەک چاو تەماشای تاوانبار و بێتاوان بکات. کوردێکی ئازا و فیداکار کە تەنها بازووی کار دەکات یا کوردێکی عەقڵانی و سیاسی کە تێدەفکرێ، کوردێک کە هەموو خاکی ئێران و عێراق بە هی خۆی بزانێت تا کوردێک کە تەنها چیاکانی هەبێت…تد. بێگومان لەگەڵ ئەم ناساندنانە دەکرێت بۆ ئەم قۆناغەی ئێستاش پێناسەمان بۆ کورد هەبێت(وەک هەمیشە وەڵامێکی ئاڵۆز).

بۆئەوەی لە مێژووی کورد، بوونی کورد، سەرەتای دەرکەوتەی کورد لە ڕەوتی مێژوو و ڕووداوەکاندا تێبگەین، ڕەنگە پێویست بکات لە سەرچاوە عەرەبی و فارسییەکانەوە ئەم گەڕانە بکەین. لەم گەڕانەشدا بۆت دەردەکەوێ کە هەریەکە لە عەرەب و فارس ویستوویانە کورد بە پاشکۆی خۆیان بزانن، گەلێک کە لەوانەوە پەیدا بووە، بۆ ئەم مەبەستە ئەفسانەسازیشیان کردووە، ئەمەش بەو مانایە دێت کە کورد لە زهنی ئەواندا دەرەمێژووە و لە واقیع دوور دەخرێتەوە. سەرەتا خۆیان دەکەن بە خاوەنی کورد و وەک سەرمایەی ڕەزمی بەکاری دەهێنن و مێژووی خۆیانی لەسەر بنیاد دەنێن، دواتریش دەیکەنە دەرەوەی مێژوو و بێکاریگەریی دەکەن. کاتێک بە هزری عەرەبی بیر لە کورد دەکەیتەوە بەم جۆرە پێناسەی دەرکەوتەی کورد دەکەیت: “کورد دەگەڕێنەوە سەر ئەو کەنیزەکانەی سولەیمان پێغەمبەر، کە شەیتان بە نهێنی لەگەڵیان جووت بوون، کەنیزەکەکانیش منداڵیان بوو، سولەیمان گوتی: دەریان بکەن(اکردوهن) بۆ چیا و دۆڵان، لەوێ دایکەکانیان بەخێویان کردن، بەمەش ڕەسەنی کوردایەتی دەستی پێکرد”(لا٦٧). ئەگەر لە ڕۆشنبیریەتی فارسەوە بمانەوێ وەڵامی پرسیارە سادەکەمان (کورد کێیە؟) دەست بکەوێت ئەم وەڵامە هەمیشە ئامادەیە: “مێژوونووسەکان ڕیشەی کورد دەبەسەتنەوە بە چیرۆکی ئەفسانەیی زوحاکەوە… وەک دەگێڕرێتەوە زوحاک پاشایەکی زۆردار بووە و دوو زیادە ئێسک، وتراویشە دوو مار لەسەر شانی دەرهاتوون، خواردنیان مێشکی مرۆڤ بووە، بۆیە دەبوو ڕۆژانە دوو کەس بکوژن، بۆئەوەی مێشکیان دەرخواردی مارەکان بدرێت، بەڵام چێشتلێنەرەکەی یان ئەو وەزیرەی ئەم کارەی پێ سپێردرابوو، هەندێ لە کەسەکانی ئازاد دەکرد و بە دزییەوە دەیناردن بۆ چیا و شوێنە دوورەدەستەکانی وڵات و لە ئاوەدانی نزیک نەدەبوونەوە، ئیتر لەوێ بوونە کێوی و منداڵیان بوو و زیادیان کرد، ئەمانە بوونە ڕیشەی کورد”لا٩٠. جێی سەرنجە کە کورد لەناو ڕۆشنبیریی فارس و عەرەبدا گرفتێکی چارەسەرنەکراوە، لە لایەک بە بەشێک لە خۆیانیان زانیوە، لەلایەکی دیکە وەک نەوەیەکی دەرکراو یاخود دوورخراوە بۆ چیا پێناسە کراوە. دەرکراو بۆ چیاکان، واتە دوورخستنەوەیان لە شارستانییەت، واتە نەتەوەیەک لەگەڵ عەقڵیەتی شاردا ناتوانێت پەیدا ببێت. سەرەتا بە دەستکاریکردن و داڕشتنی ئەفسانەکان، دواتر بە پرۆسەی بەعەرەبیکردنی وشە و زاراوەکان، بۆ نموونە “(رآس العین) لە (سەرکانی) وەرگیراوە”لا٧٥، سەرکانی یاخود سەرێ کانی، سەربە پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاڤای کوردستانە. کاتی ئەوەیە کەسانێک ڕووبەڕووی پرسیاری جدی بکەینەوە: کاتێک نەتەوەی سەردەست، هەموو ئایدیاکەی لەسەر لەناوبردنی نەتەوەی کورد داڕشتبێت، دەستکاری مێژووی کردبێت و شێواندبێتی، بە هزری خۆی مێژوو بنووسێتەوە، هەموو عەقڵی ڕۆشنبیریی خۆی تەرخانکردبێ بۆ لەناوبردنی کورد، خاکی داگیرکردبێت و هەوڵی لەناوبردنی زمان و کولتوورەکەی بدا، خۆی لەگەڵ جیهان ڕێکەوتن ئەنجام بدات و جیهان لە کورد بکات بە دوژمن، لەڕێی میدیاکانیانەوە پەیام بۆ حکومەتی عێراق بنێرن و باسی سەروەری و یەکپارچەییی خاکی عێراقیش بکەن و هەرێمی کوردستان(باشوور) بە مەترسی بزانن، بەڵام وەڵامی کورد ئەوە بێت: وەرە با ببینە برا؟ ئایا ئەمە لۆژیکی نەتەوەیەکی داگیرکراو و ئەنفالکراو و قڕکراوە؟ با ئێستێک بکەین و پێکەوە بیربکەینەوە و بزانین ڕەگی ئەم تیۆرییە لەکوێی مێژوودایە.. ئەم بەناو لۆژیکە کە ئەتوانین ناوی بنێین بەدلۆژیک، ئیلهامی لە مێژووی ئیسلام وەرگرتووە؛ ئیسلام لەژێر ناوی “برایەتی مسوڵمان” بەشێک لە گرفتی هۆزە عەرەبییەکانی چارەسەر کرد(ئەڵێم هۆزی عەرەب نەک دوو نەتەوەی جیا) ئەوس و خەزرەج بە نموونە، دواتر پەیمانی مەدینەی لێوە پەیدا بوو. ئەم پەیمانە بە ڤێرژنێکی زۆر خراپ هاتە ناو کوردەوە، خاوەن تیۆرییەکە لەبەر سەرسامی بۆ چەمکی “ئومەت و برایەتی مسوڵمان” و سەرسامی بۆ ئەو ئاسمیلەبوونە ئایینییەی لە پەیمانەکەدا هەیە (توانەوەی جووەکان لەنێو یاساکانی ئیسلام)، بە ئیلهام وەرگرتن لەم مێژووە، کورد لە مێژووی خۆیدا بووە خاوەن تیۆریستێک و بیرۆکەیەکی گوایە گەردوونی لە بنەڕەتدا وەهمی، پێشکەشی نەتەوەکەی کرد(ئەمە بە تێبینی وەربگرن؛ بەراوردێک بکەن لەگەڵ ئەو تەنزیمەی سەید قوتب لە کتێبی ((معالم في الطریق)) کردوویەتی، لەو ڕوانگەیەشەوە کە قوتب دەڵێت ڕێبازی نەتەوایەتی ڕێبازی بانگەوازی ئێمە نییە). ئەمە ئەو چرکەساتەیە کە نەتەوەیەکی ژێردەست ئاشقی دوژمنەکەی دەبێت. بەڵام لە ڕاستیدا ئاشقی چەند دوژمنێک، دووژمنێکی مێژوویی(ئایین) دووژمنێکی نەتەوەیی.

هەر لەم تیۆرییەوە ڕۆشنبیرانێک دروستبوون بەڵام پڕ لە پارادۆکس:

گرووپێک لە ڕۆشنبیران بەردەوام دوو چەمکیان لەسەر زارە، “ئێمە” و “ئەوان”، تێڕوانینیان بۆ ئەم دوو چەمکە لە دۆخی شلییدایە و جێگیر نییە، بەپێی خواستی خۆیان پێناسەکەیان دەگۆڕن؛ کاتێک بابەتەکە ناسیۆنالیزم بێت یاخود پرسی دەوڵەت_نەتەوەی کورد بێت “ئێمە” ڕاستەوخۆ دزێو دەبێت چونکە گوایە لەڕێی جۆرێ لە ئایدیای ناسیۆنالیزم و دەرخستنی جیاوازییەوە هەموو “ئەوان”ـێک ڕەت دەکاتەوە و ئەوەی لەم بیرۆکەیەوە بەرهەم دێت تەنها فاشیزمە. کاتێک بابەتەکە پرسی کاپیتالیزم بێت ڕاستەوخۆ “ئێمە” بێگەردانە قوت دەبێتەوە و ئەوە “ئەوان”ـن سەرچاوەی نائاکاری و بەدئەخلاقی جیهانن، ئەمە پارادۆکسی هزری ئەم گرووپانەن. عەرەب، تێڕوانینی خراپی دەربارەی کورد هەبووە، نەک عەرەب بەڵکوو کەسایەتییە ئایینییەکانی بۆ نموونە “ئەبوو حامد الغزالی، داوای لە زانا ئایینییەکان دەکرد ڕووبکەنە خەڵکە کۆچەرییەکان لە (کورد و ئەعراب) بۆئەوەی فێری بنەما ڕاستییەکانی عەقیدەیان بکەن. ئەمەش لەو باوەڕەوە هاتووە کە خورافات لەناو ئەمانەدا تەشەنەی سەندووە و _بەپێی دەربڕینی هەندێ مێژوونووس_ گەشتبووە ڕادەی دەبەنگی”لا١٤٢.(خراپ نییە بیرێک لە عەقیدە بکەینەوە و بزانین لە کوێدا خۆی پیشان دەداتەوە، مەرج نییە هەمووکات ئەوەی داگیرکار لەڕێی ڕۆشنبیر و مێژونووسەکانیەوە بیڵێت بەهەندی وەرنەگرین)، کاتێک عەقیدەیی بوویت واتە زانستی نیت، کە زانستی نەبووی واتە لۆژیکی نیت، لۆژیکی نەبوون واتە نەبوونی عەقڵانییەت و بیرکردنەوە و دەرک نەکردن بە ڕاستییەکان.

کاتێک سەبری بۆتانی دەنووسێت: لە مۆسکۆ کۆنەپەرستم، لە واشنتۆن کۆمۆنیستم، لە مزگەوت من کافرم، لە ئەنقەرە تیرۆریستم. ڕاستە ئەم دێڕە پێمان دەڵێت چۆن پێناسەی کورد کراوە، بەڵام ئەی کورد چۆن خۆی مانیفێست کردووە؟

کورد خۆی نییە! یاخود خۆی نەناسیوە یان ئەوەندە لەناو سەندرۆمەکەدایە، ئاشق بە دووژمنەکەیەتی ئاگای لە نەتەوەکەی نەماوە. سەرنج بدەن: لۆژیکە نەتەوەیییەکەی قازی شاعیر، کاتێ دەڵێت: ٢+٢=١ لەگەڵ لۆژیکی برایەتی گەلان یەک ناگرنەوە، گەنجێک لە ڕۆژئاڤا بە هەڵبەستی شاعیرانی کورد پەروەردە کراوە، دەزانێت کورد چی چەشتووە، بەڵام لە باشوور کچە کوردەکە ڕەت دەکرێتەوە و ئایدۆلۆژیا بەربەرییەکە پەسەند دەکات و بەمەشەوە ناوەستن یادی بەدشۆڕشەکەی ئێران دەکەنەوە. ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێت کە کاریگەریی نەتەوەی داگیرکار بەسەر هزری کوردەوە، وایکردووە دابڕانی گەورە لەنێوان کوردەکان دروست بێت، بەشێک باوەڕیان بە یەک پارچەیی هەیە، گرووپێکی دیکە دەڵێن نا برایەتی گەلان چارەسەری گرفتی کورد دەکات و پێکەوە ژیانمان دەوێت لەپێناو ئاشتییەکی هەمیشەیی (کە لە بنەڕەتدا  یۆتۆپیایەکی هەمیشەیییە). ئایا لە ئێستادا پێویست دەکات کورد بۆ جیهانی بسەلمێنێت کە ئاشتی خوازە؟ (لەکاتێکدا لە کۆی مێژووەکەیدا ئەمەی کردووە). ئەو پەیامەی ئاشتی هەڵگریەتی لەناو ئەم کۆنتێکستەدا، سایکۆلۆژیایەکی داڕوخاوی بە تاکی کورد بەخشیوە. هەمان ئەو دۆخە دەروونییەی مسوڵمانەکان هەیانە، لای ئەمان مرۆڤ هەمیشە گوناهبارە یاخود تووشی گوناهـ دەبێت، پێویستە هەست بەم تاوانە بکات و بەردەوام بپاڕێتەوە بۆ لێخۆشبوون. هەمان دۆخ لە کۆنتێکستی ئاشتیدا دوبارە دەبێتەوە، مرۆڤێکی ماسۆشی کە بەردەوام چەوساندنەوە قبوڵ دەکات لەپێناو سەلماندنی ویستە ئاشتییانەکەی. دۆخی پاڕانەوە لە یەزدان بەدگۆڕانی بەسەردا دێت و لەتەنیشت قڕکردن و ئەنفالکردنیدا دەبێتە هاواری ئاشتی، پاڕانەوە لە خودا بۆ لێخۆشبوون هەمان پاڕانەوەیە بۆ ئاشتی لە دیکتاتۆر، ئارەزووی نەتەوەی سەردەست سڕینەوەی کوردە (لەم جێبەندەدا پرۆسەی ئاشتی لەژێر ناوی کۆتاییهێنان بە تیرۆر دەست پێ دەکرێت، ئەمە لەکاتێکدا تیرۆریزم بە سپۆنسەری تورک بەردەوامی بەخۆی دەدات)، کوردیش تووشی شکستی  سایکۆلۆجی دەبێت و دەڵێ نا من دیموکراتخوازم و تۆش برامی و پێکەوە ژیان ئامانجمانە. ئەوەی لەم نێوانەدا بە نادیاری ماوەتەوە خودی “کورد”ـە، دیالۆگی کورد و خواستی کوردە (بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاریی دۆخەکە، بۆ رۆژئاڤا بابەتەکە تەواو جیاوازە)، بەڵکوو ئەوەی هەیە ئامادەگی تەواوەی خواستی داگیرکارە.