گشتێتی و کەسایەتی لە ئاوێنەی مژاباددا

توێژینەوەیەک بەپێی تیۆریی ڕۆمانی مێژووییی لووکاچ

ڕەحمان فەرامەرزی[1]

ماستەری کۆمەڵناسی، ئازەربایجانی ڕۆژاوا، پەروەردەی بۆکان

پوختە

ڕۆمانی مێژوویی یەکێکە لە ژانرە گرنگەکانی گێڕانەوە و وەک ئاوێنەی ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵکانی ڕابردوو و ڕووداوە مێژوویییەکان دەور دەگێڕێت. لە وێژەی کوردییشدا ڕۆمانی مێژوویی زیاتر و زووتر لە جۆرەکانی تری ڕۆمان سەری هەڵداوە و نووسەرانی کوردیش هەوڵیان داوە توانای خۆیان لەو بوارەدا تاقی بکەنەوە؛ بەڵام ئەوەی کە تا چ ڕادەیەک بەپێی پێوەرەکانی ڕۆمانی مۆدێڕن، ئەو گێڕانەوانە کەوتوونەتە خانی ڕۆمانی مێژوویی و بەگشتی ڕۆمانەوە، جێی پرسیار و لێکۆڵینەوەیە. لەو وتارەدا هەوڵ دراوە ڕۆمانی مژابادی جان دۆست بەپێی تیۆریی جۆرج لووکاچ ـ کە بە جۆرێک بناغەدانەری لێکدانەوەی ڕۆمانی مێژوویییە ـ شرۆڤە بکرێت. بۆ ئەو مەبەستە دوو چەمکی کەسایەتیی مامناوەند و گشتێتی لە ئەندێشەی جۆرج لووکاچدا وەک پێوەری لێکدانەوەکە بەکار هێنراوە و لە ئەنجامدا دەرکەوتووە نووسەر تا ڕادەیەک توانیویەتی هەم لە بواری داڕشتنی کەسایەتیی مامناوەندی جۆرەکیدا سەرکەوتوو بێت و هەم گێڕانەوەیەکی گشتگیری مێژوویی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بخاتە ڕوو و چەمکی گشتێتییش مسۆگەر بکات، هەرچەند تەوەری گێڕانەوەکەی زیاتر سیاسییە، تاکوو کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی؛ واتە لێکدژیی چینایەتی و دیالێکتیکی ئابووری و پێگەیی کە مەبەستی لووکاچە، لەو کارەدا زۆر بەدی ناکرێت.

وشە سەرەکییەکان: مژاباد، جان دۆست، ڕۆمانی مێژوویی، جۆرج لووکاچ، گشتێتی، کەسایەتیی جۆرەکیی مامناوەند.

ڕووبەرگی ڕۆمانی مژاباد، جان دۆست، لە کرمانجییەوە: فەرهاد چۆمانی، چاپی دووەم، چاپ و پەخشی مەم و زین

1ـ پێشەکی و ڕوونکردنەوەی پرس

ئەدەبیاتی هەر سەردەمێک لە هەموو بوارێکەوە نیشاندەری هەلومەرج و دۆخی ئەو سەردەمەیە؛ (محمدی و احمدیان، 1402: 34) واتە ئەدەبیات زمانحاڵی کۆمەڵگەیە و کارامەترین ڕێگەیە بۆ ناسین و ناساندنی بیر و هزر و شێوە ژیانی زاڵ بەسەر ئەو سەردەمەدا. له چاخی کۆندا چەشنەکانی گێڕانەوەی ئەدەبی زیاتر لەخۆگری ئوستوورە و حەماسە و ڕۆمانس و گێڕانەوەی لەم چەشنە بووە و ئەم چەشنانە بەسەر دنیای گێڕانەوەدا زاڵ بوونە؛ بەڵام تا ڕادەیەک هەمووان لەسەر ئەوە کۆکن کە دوای ڕۆنێسانس و وەرچەرخان و گۆڕانی ئەندێشەی مرۆڤ لە ئەورووپادا، چەشنەکانی گێڕانەوەی ئەدەبی ئاڵوگۆڕێکی بەرچاویان بە خۆیان بینی و دۆن کیشۆت وەک یەکەم گێڕانەوەی ئەدەبی دادەنرێت کە ئیتر نەدەچووە ناو ئەو گێڕانەوانەی پێشتر؛ هەر بۆیە نۆڤڵ، واتە ڕۆمان هاتە ئاراوە کە بە جۆرێک گوزارشتی لە نوێبوونی ئەم شێوە گێڕانەوەیە دەکرد. لەمەبەولاوە ڕۆمان بەگشتی بەسەر چەشنەکانی دیکەی ئەدەبیاتدا زاڵ بوو و خوێنەرانێکی زۆر زیاتری بۆ لای خۆی ڕاکێشا و کاریگەرییەکی زیاتریشی لەسەر کۆمەڵگە دانا. هەڵبەت هەر لە ناو ژانڕەکانی ڕۆمانیشدا، ڕۆمانی مێژوویی دواتر و لە سەدەی حەڤدە و هەژدەدا پەیدا بووە، بەڵام زۆر دواتر و لە سەدەی بیستدا ئەو بابەتە گەیشتووەتە کوردستان و کوردیش ڕۆمانی مێژووییی نووسیوە؛(Bochenska, 2014: 37) واتە بە پێچەوانەی ڕۆژاوا، ڕۆمان و بەتایبەت ڕۆمانی مێژوویی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە شێوەی خۆڕسک سەری هەڵنەداوە، بەڵکوو وەکوو هەموو دیارییە مۆدێرنەکانی تری ڕۆژاوا، زۆر دواتر هاتووەتە ناوچەکەوە. وەک یەکەم ڕۆمانە مێژوویییە کوردییەکان، دەتوانین ئاماژە بەوانە بکەین: خاتێ خانم لەلایەن عەلی عەبدوڕڕەحمان (1956)، قەڵای دمدمی عەڕەبێ شەمۆ و هەندێک لە بەرهەمەکانی محەممەد ئوزون و دواتریش ڕۆماننووسانێکی وەک کامڕان و مەنسوور حامیدی، بەختیار عەلی، عەتا نەهایی، جان دۆست و هتد. (ahmadzadeh, 2024: 112)

سەبارەت بە بەستێنی کۆمەڵایەتیی ڕۆمان بەگشتی و ڕۆمانی مێژوویی بەتایبەت لە کوردستاندا پێویستە ئاماژە بکرێت کە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و ڕووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانی و دابەشکردنی ناوچەکانی ژێردەستی ئەو دەسەڵاتە بەسەر وڵاتانێکی ساختە و بەبێ پێشینەی نەتەوایەتییەکی یەکگرتوو و ڕیشەدار، کوردستان بەسەر چەندین وڵات و دەوڵەت‌/نەتەوەی نوێدا دابەش کرا. هەر وەک ئاگاداریشین لە سیستەمی دەوڵەت/‌نەتەوەی مۆدێڕنیشدا چەمکی نەتەوە، گرنگییەکی یەکجار زۆری هەبووە و هەیە و بیچمگرتنی نەتەوەش، پێویستی بە شوناسی نەتەوایەتییە. شوناسی نەتەوایەتییش بەبێ مێژوویەکی هاوبەش و ڕوون و دیاریکراو بۆ خەڵکی ئەم نەتەوەیە، مانای نەبووە و نییە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە پێشتر، ئایین دەوری سەرەکیی بۆ یەکگرتووکردنی خەڵک گێڕابوو. لەو ناوەدا کوردیش کە ئێستا لەو دەسەڵاتە نوێیانەدا بووبوو بە کەمینەی نەتەوایەتی، هەستی دەکرد پێویستی بە گێڕانەوەی تایبەتی خۆی لە مێژووە، بۆ ئەوەی لەو قافڵەی دەوڵەت‌/نەتەوەیە دوا نەکەوێت. هەر بۆیە ڕۆماننووسە کوردەکانیش (شەمۆ 1917، سائیب 1956) زۆر زوو بابەتی مێژوویان قۆستەوە و کردیان بە هەوێنی نووسینی ڕۆمانەکانیان، تاکوو هەستی بێوڵاتی و حاشالێکراویی شوناسی کوردی بە جۆرێک دامرکێنن و گرنگترین پرسی سەردەمی گەلەکەیان لەبیر نەکردبێت؛ بەڵام کێشە ئەوەیە ئەو قاڵبە نوێیە لەنێو کورددا زۆر باو نەبوو و نووسەرانی کورد هەر بە شێوەی گێڕانەوە کۆنەکان ڕۆمانیان دەنووسی و ماکەکانی ئەو جۆرە گێڕانەوە مۆدێڕنە، واتە ڕۆمانی نوێ، زۆر بۆیان ئاشنا نەبوو، بۆ نموونە هەر وەک گێڕانەوەی بەیتەکان، کەسایەتییەکانیان زۆرتر ڕەش یان سپی دەخوڵقاند کە زۆرتر دەچووە خانی ئوستوورەوە تاکوو ڕۆمان؛ هەروەها مێژووشیان زۆرتر لە ڕوانگەی که‌سایه‌تییه‌کانی چینی سەردەستەوە دەگێڕایەوە، تاکوو خەڵکانی جۆرەکی و مامناوەندی ناو کۆمەڵگە؛ هەر بۆیە پێداچوونەوەیەک بەسەر چۆنیەتیی خوڵقاندنی ڕۆمان بەپێی تیۆرییە سەرەکییەکانی ڕۆژئاوا، وەک ئاخێزگەی ئەو قاڵبە نوێیە، بە پێویست دێتە بەر چاو.

بێگومان بنیاتنەر و تیۆریدانەری سەرەکیی لێکدانەوەی ڕۆمانی مێژوویی کەسێک نییە جگە لە جۆرج لووکاچ[2]. لووکاچ چەندین بەرهەمی لەسەر شیکردنەوەی ئەدەبی نووسیوە و بەتایبەت کتێبێکیشی بە ناوی ڕۆمانی مێژوویی هەیە و لەو کتێبەدا زۆر بەجوانی و بەڕوونی تیۆرییەکانی خۆی سەبارەت بە چییەتیی ڕۆمانی مێژوویی خستووەتە ڕوو و پێشینەی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و پێوەرەکانی ئەو جۆرە ڕۆمانەی لێک داوەتەوە؛ هەر بۆیە بە مەبەسەتی لێکدانەوەی ڕۆمانی مێژوویی، بێگومان دانانی ئەو تیۆرییانەی لووکاچ وەک پێوەر و پێودانگ دەتوانێت یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ ئەوەی کە بزانرێت ڕۆمانی کوردی تا چ ڕادەیەک چووەتە خانی ڕۆمانەوە بەگشتی و ڕۆمانی مێژوویی بەتایبەت.

بێگومان یەکێک لە داهێنەرترین و بەرچاوترین ڕۆماننووسە مێژوویییە کوردەکانیش کەسێک نییە جگە لە جان دۆست. یەکەم ڕۆمانی جان دۆست، بە ناوی مژاباد (یان مژاوا) بە زمانی کوردیی کرمانجی نووسراوە و دوو وەرگێڕی سۆرانی زمان، فەرهاد چۆمانی (2016) و سارا خەنشا(2024)، تا ئێستاکە وەریان گێڕاوەتەوە سەر سۆرانی. ئەو ڕۆمانە بە شێوەیەکی داهێنەرانە و بەرچاو، باسی ڕەوتی سەرهەڵدان و گەشەکردن و هەڵوەشانەوەی کۆماری کوردستان دەکات. بەم جۆرە ئامانجی ئەو توێژینەوەیە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی ڕۆمانی مژابادی جان دۆستە بە پێی تیۆرییەکانی جۆرج لووکاچ، تاکوو بزانین ئەو ڕۆمانە تا چ ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە و جان دۆست چەندە توانیویەتی ڕۆمانێکی مێژووییی مۆدێڕن بە کەسایەتیی جۆرەکیی مامناوەند و گشتێتییەوە بخوڵقێنێت. سەبارەت بە گرنگیی ئەو بابەتە پێویستە ئاماژە بکرێت کە ڕۆمانی مێژوویی پێویستە بەر لە هەموو شت ڕۆمان بێت؛ واتە کەسایەتییەکانی لە کەسایەتیی چەشنەکانی پێشووی گێڕانەوە، وەک حیماسە و ئوستوورە، دوور کەوتبێتەوە و بووبێتە کەسایەتیی ئاسایی. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییە کە بەشی هەرە زۆری ئەو مێژووەی کوردی کە کراوە بە ڕۆمان، باسی خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسییە بۆ دەستەبەرکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆ و زیاتر باسی سەدەی ڕابردووە، حەزێکی زۆر بۆ بەئوستوورەکردنی کەسایەتییە خەباتگێڕەکانی کورد و سەروومرۆڤ نیشاندانیان هەیە؛ هەر بۆیە خودی ڕۆمانبوون یان نەبوونیان دەچێتە ژێر پرسیارەوە. جیا لەمەش، بابەتی گشتێتی کە لووکاچ باسی دەکات، پێوەرێکی گرنگە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە ئایا ڕۆمان توانیویەتی مێژووی کۆمەڵایەتی زیندوو بکاتەوە، یان تەنیا لە ئاستی گێڕانەوەیەکی حەماسی و ئوستوورەییدا ماوەتەوە و لە بازنەی سیاسەت دەرنەچووە؛ چونکە بەهەرحاڵ بڕیارە ڕۆمانی مێژوویی ئاوێنەی ژیانی کۆمەڵایەتیی سەردەمێک بێت و خوێنەر بتوانێت لە ڕێی ئەو ڕۆمانەوە، بارودۆخی کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمە بژیێتەوە، هەر بۆیە لەم وتارەدا هەوڵ دراوە ئەم دوو چەمکە لە ڕۆمانەکەدا هەڵسەنگێنرێت و دەربخرێت کە ئایا نووسەر توانیویەتی ڕۆمان بخوڵقێنێت و بارودۆخی ئەو سەردەمە بە جۆرێک بنوێنێتەوە کە خوێنەر دوای خوێندنەوەی هەست بکات ماوەیەک لەو سەردەمدا ژیاوە یان نا.

2ـ بنەمای تیۆریکی ئەم توێژینەوەیە

بێگومان جۆرج لووکاچ وەک یەکێک لە یەکەمین  و سەرەکیترین کەسانی تیۆریدانەر و شیکەرەوەی کلاسیک و جیددیی ڕۆمان لە ڕوانگەی فەلسەفی و کۆمەڵناسییەوە هەژمار دەکرێت کە هەوڵی دا لەنێوان پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و پێکهاتە ئەدەبییەکان ئاڵوگۆڕ و دانوستانی دوولایەنە پیشان بدات. (عسگری حسنکلو، 1387: 1) لووکاچ ، فیلسووف، نووسەر، ڕەخنەگری ئەدەبی و تیۆریدانەر و خەباتکاری کۆمۆنیستی هەنگاریی بەناوبانگی سەدەی بیستەم بوو کە خاوەنی کۆمەڵێک بەرهەم لە بواری تیۆریی مارکسیستیی جوانیناسی بوو و دژی کۆنتڕۆڵی سیاسیی هونەرمەندان بوو. (حاتمی، 1398:44) لووکاچ لە کتێبی ڕۆمانی مێژووییدا واڵتێر سکۆت[3] بە بنیاتنەری ڕۆمانی مێژوویی دەناسێنێت (لوکاچ؛ 1392: 15) و پێی وایە ڕۆمانەکانی پێش ئەو، زۆرتر دەچنە خانی حیماسە، ڕۆمانس، چیرۆکی خەڵکی ڕەشۆکییەوە. بە بڕوای لووکاچ ڕوون نییە ئەو جیهانەی ڕۆمانەکانی پێش سکۆت باسی دەکەن لە کوێوە هاتووە و چۆن پەرەی سەندووە و گەیشتووەتە ئەو کاتە و لە فۆڕم و پێکهاتەی چیرۆکەکاندا ئەو بابەتە ڕەچاو نەکراوە. (لوکاچ؛ 1392: 16) بێگومان سەرهەڵدانی ئەو ژانڕەش پێوەندیی لەگەڵ ڕەوش و دۆخی سەردەمی خۆی بووە و وەک لووکاچ باس دەکات سکۆت هەوڵی داوە شەڕ و پێکدادانەکانی مێژوو بە یارمەتیی کەسایەتییەکان بنوێنێتەوە. ئەو کەسایەتییانەش نوێنەری بۆچوونی لایەنە کۆمەڵایەتییەکان و هێزە مێژوویییەکانن. لووکاچ باوەڕی وایە نواندنەوەی سەردەمێکی مێژوویی لەڕێی ڕۆمانی مێژوویییەوە و لە ڕوانگە و بۆچوونی نوێنەرە مەزنەکانی ئەو سەردەمانەوە ڕوون ناکرێتەوە، چونکە ئەوان هەرگیز ناتوانن ڕوخساری ناوەندیی کردەوە و ڕووداوەکان بن؛ واتە نواندنەوەی گشتگیر و چەند ڕەهەندیی دۆخ و جیهانی هەر سەردەمێک، تەنیا لەڕێی وێناکردنی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤە ئاسایی و مامناوەندەکان، خەم و ناڕەحەتییەکانیان و قەیران و سەرلێشێواوییەکانیان دەکرێت بێتە ڕوو و بە چاو ببینرێت و وێنا بکرێت. (لوکاچ، 1392: 47)

بە بۆچوونی لووکاچ، ڕۆمانی مێژوویی درێژەی ڕاستەوخۆی ڕۆمانە کۆمەڵایەتییە ڕێئاڵیستییە گرنگەکانی سەدەی هەژدەیە و لە کتێبی ڕۆمانی مێژووییدا (1388) زەمینەی کۆمەڵایەتی و مێژووییی ڕۆمانی مێژوویی لێک دەداتەوە و پێی وایە ڕۆمانی مێژووییی کلاسیک بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ڕۆمانتیسیزم هاتووەتە ئاراوە. (لوکاچ؛ 1388: 99) هەڵبەت لەو کتێبەدا باس لە ململانێی نێوان ڕۆمان و حەماسەش دەکات و دەڵێت: «هەرچی دابەشکاریی کار، ئاڵۆزتر و وردتر بووەتەوە، پێوەندیی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگە چینایەتییەکاندا لە لایەک و بابەتی گشتی و تایبەتی ناو خودی ژیانیش لە لایەکی ترەوە، لێک دادەبڕێن. ئەدەبیاتیش وەک ڕەنگدانەوەی ژیان، چارەیەکی تری جگە لە بەرهەمهێنانەوەی ئەو ڕەوتە نییە». (لووکاچ، 1388: 205) سکۆت ڕێگە دەدات گرنگترین کەسایەتییەکانی ناو ڕۆمانەکانی لەناخی ئەو سەردەمە مێژوویییەدا گەشە بکەن و بە پێچەوانەی قارەمانپەرستانی ڕۆمانتیک، هەرگیز سەردەمی مێژوویی لە ڕوانگە و هەڵوێستی نوێنەرە گەورە و بەناوبانگەکانەوە ناگێڕێتەوە.

وەک لووکاچ باس دەکات، بابەتی سەرەکیی ڕۆمان، کۆمەڵگەیە؛ واتە ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ و مامەڵەکردنی بێپسانەوەی لەگەڵ سروشتی دەوروبەری کە بنەمای چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانییەتی و هەروەها هەڵسوکەوتی لەگەڵ دامەزراوەکان یان نەریتە جیاوازەکان کە ناونجیی پێوەندییەکانی خەڵکن لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا. (لوکاچ، 1388: 214) لە چوارچێوەی بیرکردنەوەی لووکاچدا، کۆمەڵگە بە ناوبژیوانیی لێکدژییە کۆمەڵایەتییەکان و لە بیچمی تیپەکانی ناو ڕۆماندا دەخوڵقێندرێنەوە. ئەو پێی وایە گرنگیی ڕۆمان لەوەدایە کە ئەو گشتێتییە بخوڵقێنێتەوە کە بەهۆی ڕەوتی بەکاڵابوون و ئەتۆمیزەبوونی خەڵکانی ناو کۆمەڵگە و هاتنەئارای وەسفکردنی سروشتگەرایانە بەجێی گێڕانەوە، ئیتر بەڕوونی نایەتە بەرچاو. ڕۆمان لە ڕێی نواندنەوە و سازدانەوەی بۆچوون و دژبەرییەکان و بە خوڵقاندنی کەسایەتیگەلێکی جۆرەکی کە نوێنەری چینە کۆمەڵایەتییەکانی ناو ئەو کێشە و دژبەرییە مێژوویییانە بوونە، کۆیەتی و گشتێتیی ئەو مێژووە بەرهەم دێنێتەوە و دەیگێڕێتەوە. ڕەوتی دابەشکردنی کار و لێکدابڕان و جیابوونەوەی بەردەوامی کۆمەڵگەی مۆدێڕن، بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونەوەی یەکجار زۆری پێوەندییەکانی نێوان تایبەتمەندییە دەروونییەکانی خەڵک و هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و ئابوورییان. (خالق پناه و ناصری، 1396: 136) لووکاچ لەسەر ئەو باوەڕە بوو ڕۆمانی مێژوویی بە پێچەوانەی مێژوونووسیی زانستی، دەتوانێت کۆیەتی و گشتێتیی سەردەمێکی مێژووییی دیاریکراو بنوێنێتەوە. کاری ڕۆمانی مێژوویی ئەوە نییە تەنیا ڕووداوە گرنگەکانی مێژوو بەدوای یەکدا ڕیز بکات و بگێڕێتەوە، بەڵکوو سەرجەم پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، لێکدژییەکان و ژیانی ئاساییی خەڵکی ئاسایییش لە کۆیەکی زیندوودا دەخاتە ڕوو و بە زمانێکی ئەدەبی و هونەرمەندانە خوێنەر دەباتە ناخی ئەو سەردەمە مێژوویییەوە و هەموو هەستەکانی تێ وەردەدات. لە ڕاستیدا ڕۆمانی مێژوویی لەڕێی هونەر و خەیاڵەوە دەتوانێت ڕۆحی زاڵ بەسەر سەردەمێکی مێژووییدا و کڕۆکی حەقیقەتی مێژوو بدۆزێتەوە و ئاراستەی مێشک و هەستی خوێنەرانی بکات. (لوکاچ، 1388: 8)  لووکاچ لە کتێبی ڕۆمانی مێژووییدا داکۆکی دەکاتەوە کە ئامانجی ئەو، نووسینەوەی مێژووی ئەدەبیات نییە، بەڵکوو دەیەوێت بزانێت کاریگەریی دوولایەنەی ڕۆحی مێژوو و سەردەم لەسەر ئەدەبیات چۆنە و ئایا ئەدەبیات توانیویەتی ببێتە ئاوێنەی باڵانوێنی ئاگامەندیی مرۆڤی ئەو سەردەمە لە ڕەوشی سەردەمی خۆی و ڕۆحی ئەو سەردەمە مێژوویییە بژیێنێتەوە؛ بە ڕای ئەو، ئەو کارەش تەنیا لەڕێی ئەدەبیاتی ڕیئاڵیستییەوە دەگونجێت و دەکرێت. لە کتێبی “توێژینەوەیەک لەسەر ڕێئاڵیزمی ئەورووپی”ـدا باس لە چەمکی کەڵەڕێئاڵیزم دەکات و پێی وایە ڕۆمانی مێژوویی بەشێکە لەو ڕەوتە. ئەو بەرهەمی نووسەرانێکی بەناوبانگی وەک باڵزاک[4]، تۆڵستۆی[5]، ئێمیل زۆلا[6] و هتد، وەک نموونەی ئەو جۆرە ڕێئاڵیزمە دەزانێت و دەناسێنێت. بە ڕای ئەو، پێشەنگەکانی ئەو جۆرە ڕێئاڵیزمە، پێشەنگی ڕاستەقینەی ئازادیی خەڵکی جیهانن. (لوکاچ، 1387: 28) 

یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی لووکاچ، چەمکی قارەمانی پڕۆبلێماتیکە؛ بە ڕای ئەو قارەمانی ڕۆمانی مێژوویی ناکرێت کەسێکی ئاوارتە، یان حەماسی و سەروومرۆڤانە بێت، بەڵکوو دەبێت کەسێکی مامناوەند و ئاسایی بێت، تاکوو لێکدژی و کێشەکانی سەردەمی خۆی لە ناخیدا هەست پێ بکات. (لوکاچ، 1388: 200) ئەو جۆرە کەسایەتییانە، دەوری ناونجییەکیان هەیە، بۆ ئەوەی خوێنەر بتوانێت لەڕێی ئەزموونەکانی ژیانی ئەوانەوە، کۆی کۆمەڵگە و هێزە مێژوویییەکانی بناسێت و پێوەندییان لەگەڵ بگرێت. (لوکاچ، 1379: 70) ڕەنگە قارەمانی حەماسە، شەڕی لەگەڵ دوژمنە دەرەکییەکان بێت، بەڵام قارەمانی ڕۆمان، بەدوای ئەوەوەیە مانایەک بۆ ژیانی خۆی دابین بکات؛ مانایەک کە دوای لەناوچوونی بەهاکانی پێشتری کۆمەڵگە، ئێستا ناچارە دەستەبەری بکات تاکوو ببێتە بیانووی ژیانی. (لوکاچ، 1392: 16 و 52) بە ڕای لووکاچ تایبەتمەندیی جۆرەکیی کەسایەتیی ڕۆمانی مێژوویی وردەوردە دێتە دی و بە شێوەی قۆناغ بە قۆناغ لە کۆی گشتیی کۆمەڵگە و پێوەندیی ئاڵۆزی مرۆڤەکان، دامەزراوەکان، کەرەستەکان و هتد، سەر هەڵدەدات. “ئەوەی وردبوونەوەیەکی زیاتر لەسەر جۆرەکیبوونی کەسایەتی دەخەمڵێنێت و داکۆکییەکی زیاتری لەسەر چێ دەکات، ڕێک هەر ئەو پانتایییەی بەرینی ڕۆمانەکەیە؛ ئەو ڕاستییە کە ئامانجی بنەمایی ئەو ڕۆمانە، هەمان گەشەکردن و گۆڕانی پلە بە پلەی کەسایەتییە. (لوکاچ، 1388: 213) بەم جۆرە قارەمانی مامناوەندی ڕۆمانی مێژوویی، ڕێک وەک گەیێنەرێکی ناونجیی لێ دێت کە ئەوپەڕی دژبەریی هێزە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان لەودا وەک بوونەوەرێکی جۆرەکی کۆ بوونەتەوە. ئەو کەسایەتییە لەڕێی چێکردنەوە و نواندنەوەی ئەو شتانەی لە ژیانی ڕۆژانەیدا ڕوو دەدەن و ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەو دژایەتییانەی لەنێوان سەرووییترین و خوارووییترین چینە کۆمەڵایەتییەکان، دەبێتە شوێنی مامناوەندی کۆبوونەوەی ئەو دژبەرییانە و هەڵگری جووڵەی مێژووییی کۆمەڵگە. هەڵبەت پێویست ناکات کەسایەتیی مامناوەند هەر لە چینی ناوەڕاستەوە هەڵکەوتبێت، هەرچەند ڕەنگە واش بێت و کێشەیەک لەوەدا نییە، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە نواندنەوەی ژیانەکە دەبێت نواندنەوەی ژیانی ئاسایی بێت و هەموو کەڵێنوکولێنەکانی ئەو ژیانە بگرێتەوە، نەک تەنیا لە دیوەخانی پاشا و دەسەڵاتداران و بڕیارە سیاسییەکانی ئەوان، بۆ ئەوەی ڕۆحی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگیی ئەو سەردەمە لە ڕۆماندا هەست پێ بکرێت و خوێنەر بەتەواوی هەست بکات بە خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانە، خۆی ئەو سەردەمە ژیاوە. (لوکاچ، 1388: 443)

3ـ  شێوازی توێژینەوە

ئەم تویژینەوەیە دەکەوێتە خانی توێژینەوەی چۆنیەتی و لە شێوازی شیکاریی دەق کەڵک وەردەگرێت و دەیەوێت بۆ شیکردنەوەی کۆمەڵناسانەی دەقی ڕۆمانێکی کوردی، بیردۆزەکانی لووکاچ وەک پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی ڕۆمانی مژاباد دابنێت و بەپێی ئەوانە دیاریی بکات ئەو ڕۆمانە مێژوویییە تا چ ڕادەیەک توانیویەتی بکەوێتە خانی گێڕانەوەی ڕۆمانی مێژوییی مۆدێڕنەوە؛ بۆ ئەو مەبەستە گرنگترین چەمکەکانی ناو ڕۆمانەکە لە دەقەکەدا دەرکێشراون و دواتر هەوڵ دراوە دوو چەمکی کەسایەتیی جۆرەکیی مامناوەند و گشتێتی تێیدا لێک بدرێتەوە. چۆنیەتیی دەرکێشانی چەمکەکان لە ڕۆمانەکە بەم جۆرە بووە کە سەرەتا ڕۆمانەکە ڕستە بە ڕستە خوێندراوەتەوە و بابەتەکەیان دیاری کراوە. ئەنجا سەرنج دراوە کە ئەم بابەتانە زۆرتر دەکەونە خانی کامە چەمکەوە و چۆن دەکرێت پۆلێنبەندی بکرێن. بۆ ئەم مەبەستەش، ئەمە لەبەر چاو گیراوە کە ڕۆمانەکە گرنگیی بە کام بوار و تەوەرەکان داوە و زیاتر مانۆڕی لەسەر چی داوە؛ بۆ نموونە، نووسەر هەوڵێکی زۆری داوە کە بیسەلمێنێت ڕووداوی کۆمار، پێشینەیەکی خەباتی چەکداری و سیاسیی تۆکمەی لە هەموو پارچەکانی تر لەپشتە. یان ئەوەی هەوڵی داوە دەریبخات کە لە کۆمەڵگەدا بەردەوام باس باسی سیاسەتە و لە قاوەخانە و مەیخانە و بازاڕ و هەموو شوێنێک ئەو بابەتە نوقڵ و نەقڵی مەجلیسانە. بۆیە لە دابەشکردنی وتەزاکاندا هەوڵ دراوە واقیعی ڕۆمانەکە و داکۆکیی ئەو لەسەر چەمکەکان لەبەر چاو بگیرێت، بۆ ئەوەی دواتر زێدەڕۆیی، یان کەمڕۆییی کارەکە دەرکەوێت. بەم جۆرە هەوڵ دراوە ئاستی گشتێتیی ڕۆمانەکە هەڵسەنگێنرێت و دەرکەوێت کە نووسەر چەندە توانیویەتی ئەو ئامانجە دەستەبەر بکات، یان نەکات.

سەبارەت بە کەسایەتیی مامناوەندیش، هەوڵ دراوە کەسایەتییەکان بە دوو بەشی خەیاڵکرد و ڕاستەقینە دابەش بکرێن و دواتر چۆنیەتیی باسکردنی ڕۆمان لە کەسایەتییەکان لێک بدرێتەوە کە ئایا ڕۆمان کەسایەتییەکانی بردووەتە ئاستی ئوستوورە و حەماسە، یان وەک کەسایەتیی ئاسایی باسی کردوون و شوێنی بۆ ڕەخنەش لەسەریان هێشتووەتەوە. هەروەها هەوڵ دراوە بزانرێت کە ئایا نووسەر کەسایەتییەکانی بە شێوەی تایبەت خوڵقاندووە، یان جۆرەکی. بۆ نموونە، ئایا نووسەر هاتووە باسی تایبەتمەندییە جیاوازەکانی کەسەکان بکات و ڕواڵەت و چۆنیەتیی تایبەتیان وێنا بکات، یاخود هەر لە ئاستی جۆرەکیدا هێشتوونییەتەوە و خوێنەر ناتوانێت لە مێشکیدا وێنەیەکیان لێ داڕێژێت و بیهێنێتە بەر چاوی. بەگشتی لە بەشی لێکدانەوەی توێژینەوەکەدا سەرەتا کورتەیەک لە ڕۆمانەکە دەگێڕدرێتەوە و دواتر کورتەیەکیش لەسەر ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەی ڕۆمانەکە باسی دەکات دەخرێتە ڕوو. لە هەنگاوی سێیەمدا گرنگترین چەمکەکانی ناو ڕۆمانەکە دەردەکێشرێن و چەمکی کەسایەتیی مامناوەند و گشتێتی لە ڕۆمانەکەدا لێک دەدرێنەوە.

4ـ کورتەیەک لە مژاباد و پێکهاتەکەی

گرنگترین ئەرکی ڕۆمان وەک لووکاچ دەڵێت ئەوەیە کە ئاوێنەیەکی باڵانوێن بێت بۆ ئەوەی ڕۆحی جیهانی ڕابردوومان بۆ زیندوو بکاتەوە و بیهێنێتە بەرچاومان؛ واتە دەبێت دوای خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانی مێژوویییە، بەشێک لە ڕاستییەکانمان بۆ ڕوون بێتەوە کە بووەتە هۆی ئەوەی ئێستاکە بەم جۆرە بێت کە هەیە. ڕۆمانی مژاباد باسی سەردەمی کۆماری کوردستان و بەتایبەت خودی ڕەوتی سەرهەڵدان و پەرەسەندن و دواتر هەرەسهێنانی هەر ئەو کۆمارە دەکات. بۆ ئەوەی باشتر لەگەڵ ڕۆمانەکە پێوەندی بگرین پێویستە کورتەیەک لەو ڕۆمانە لێرەدا بگێڕدرێتەوە، تاکوو خوێنەر بزانێت چ باسە و پێوەندیی لەگەڵ بگرێت.

ئەم ڕۆمانە باسی ڕەوتی کەمتر لە یەک ساڵەی کۆماری کوردستانە لە شاری مهابادە کە لە زمانی یەکەم کەسەوە دەگێڕدرێتەوە و ئەو کەسەش یەکێک لە شەڕڤانانی بارزانییە بە ناوی بادین ئامێدی و خەڵکی شاری ئامێدە. ئەو هەر لە سەرەتای کۆمارەوە وەک شەڕڤانی بارزانی دێتە مهاباد و لەوێ دەبێتە مامۆستای خوێندنگا. بادین هەر چەند شەو جارێک دادەنیشێت و بیرەوەرییەکانی خۆی دەنووسێتەوە و بەم جۆرە خوێنەر لەگەڵ ڕابردووی ئەو ڕەوتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگییەی کە بووەتە هۆی گەیشتن بە ڕووداوی کۆمار و بە جۆرێک دوایین ئاڵقەی زنجیری سەرهەڵدانەکانی کوردە، ئاشنا دەبین. بادین وەک خۆی دەڵێت دەیەوێت بە نووسین بەرگری لە مردنی خۆی بکات. هاوکات بادین کە هەر لە سەرەتای کۆمارەوە لە مهابادە، ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووداوەکانی کۆمار و چۆنیەتیی بیرکردنەوەی خەڵک و بەشداربووانی ئەو بابەتەمان بۆ دەگێڕێتەوە. کەوابوو دوو هێڵی گێڕانەوەمان هەیە: یەکیان ژیانی ڕابردووی بادین و هاوڕێکانی کە بە جۆرێک پێشینەی مێژووییی سەرهەڵدانی ئەو ڕووداوەمان پێ نیشان دەدات و لەپاڵ ئەوە، خۆشەویستیکردنەکانی پێشووی بادینیش دەناسێنێت. هێڵی دووەمیش، گێڕانەوەی ئێستاکەیە کە بادین لەو شارەدا دەژیێت و ڕۆژ بە ڕۆژ گوزارشت لە دۆخی کۆمار دەکات تا کۆتایی. هەڵبەت لە کۆتاییی ڕۆمانەکەدا زمانی گێڕانەوە دەگۆڕێت بۆ دووەم کەس و سێیەم کەس کە نیشان دەدات بە جۆرێک بادین لە قەپیلکی خۆی چووەتە دەرەوە و ڕووداوەکان لە سەرەوە دەبینێت و دەگێڕێتەوە و هەرەسهێنانی خۆی و کۆمار پێکەوە گرێ دەدات؛ لەگەڵ ئەوەدا کۆتایییەکی کراوەشمان هەیە کە دەریدەخات ئەو ڕەوتە مێژوویییە هەروا بەردەوام دەبێت و ئەگەری هەیە لە داهاتوودا دیسان ببێتە هەوێنی سەرهەڵدانێکی تر. نووسەر بۆ گشتگیرکردنی گێڕانەوەکەی خۆی کەسایەتیگەلێکی زۆری هەم ڕاستەقینە و هەم جۆرەکی وەک هاوڕێ و دۆست و ئاشنای بادین دێنێتە نێو ڕۆمانەوە کە هەر کامیان نوێنەری چین و توێژ، یان بەرەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسین و بەم جۆرە گێڕانەوەکەی خۆی دەوڵەمەندتر دەکات و وێنەیەکی گشتگیر و هەمەلایەنەمان لە ڕەوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژووییی کۆمار بۆ دەخاتە ڕوو.

جیا لەمانەش، نووسەر بە سێ بابەتی دیکە لایەنی ئەدەبی و هونەریی کارەکەی یەکجار دەوڵەمەندتر دەکاتەوە؛ یەکیان هێماگەلێکی وەک ئاو، با، خەنە، مژاباد (مهاباد)، چوارچرا (چوار پاژی ڕۆمانەکە)، خەنە، تووتن، گوریس، ڤۆدکا و… کە هەرکام لەو هێمایانە کارکردی تایبەتی خۆیان هەیە. هەڵبەت کەسایەتییەکانیش جاری وایە هێمایینن، وەک کەسایەتیی ئەمیراڵئاغا یان قوتووی تووتنەکەی باوکی (یونس) کە قەت تووتنەکەی تەواو نابێت و دەست بە دەست پێی دەگاتەوە و هەمیشە لەگەڵیدا دەمێنێتەوە ئەم ڕۆمانە تا ئاستی ڕێئاڵیزمی جادووییی دەبەنە سەر. دووەم فەزاسازی و تەوسیفی شاعیرانە کە تا ڕادەیەک دەکرێت بڵێین زێدەڕۆییشی تێدا دەکرێت. سێیەم باسی ئەوینداری و خوشەویستییەکانی ژیانی بادین کە هەر هەموویان ڕێک وەک کۆمارەکە بە بێهیوایی و ناکامی کۆتایییان پێ دێت و بەم جۆرە نووسەر لایەنی سۆزدارانەی کارەکەشی دەوڵەمەندتر دەکاتەوە.

5ـ کورتەیەک لە ڕووداوی کۆماری کوردستان [7] 

بابەتی کۆماری کوردستان یەکێک لە ڕووداوە گرینگ و بەناوبانگەکانی مێژووی هاوچەرخی کوردستانە کە سەدان و بگرە هەزاران کتێب و وتاری تا ئێستا لەسەر نووسراوە و بەهۆی نزیکبوونی لە سەردەمی ئێستاکە، زانیارییەکی زۆرمان لەسەری هەیە. ئەو کۆمارە ڕۆژی 22ی ژانوییەی 1946ی زایینی (2ی ڕێبەندانی ساڵی 1324) لە مهاباد دامەزرا و 15ی دیسەمبەری 1946 (24ی سەرماوەزی 1325) هەڵوەشێنرایەوە. کەشی سیاسیی ئەو کاتە بەم جۆرە بوو کە لە لایەک وڵاتی ئێران بە بیانووی لایەنگریکردنی دەسەڵاتەکەی لە ئەڵمانیا، لەلایەن بریتانیا و ڕووسیاوە داگیر دەکرێت و هێزەکانی ڕووسیا لە باکوورەوە و بریتانیا لە باشووورەوە دێنە نێو ئێرانەوە و بە جۆرێک ناوچەی کوردستان و ئازەربایجان بەبێ دەوڵەت و دەسەڵات دەمێنێتەوە. دوو حیزبی سوسیالیستییش لە ئازەربایجان و کوردستان (حیزبی دیموکرات) لەلایەن ڕووسیاوە چرای سەوزیان پیشان دەدرێت کە بتوانن دەوڵەت و دەسەڵاتی ناوچەیی پێک بێنن. لە لایەکی تریشەوە کوردستان بەگشتی لە هەموو پارچەکانی خۆیدا پێشتریش ژیلەمۆی سەرهەڵدان و داوای سەربەخۆییکردنی تێدا هەبووە و هەر جار نا جارێک گەشاوەتەوە و گڕێکی خستووەتە گیانی ناوچەکەوە. بۆ نموونە هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بیست ساڵ پێش کۆمار، شۆڕشی سمایل ئاغای سمکۆ سەری هەڵدابوو و سەرکوت کرابوو. بەو هۆیە کۆمەڵگای کوردستان کە دوای سایکس /پیکۆ هەستی دەکرد زیادە لە نەتەوەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنیا ئەو سەری بێ کڵاو ماوەتەوە و دەسەڵاتی پێ نەدراوە، بەردەوام چاوەڕێی دەرفەتێک بوو بۆ سەرهەڵدان و بەڕێوەبردنی خۆی و بەدەستی خۆی؛ ئەو بۆشاییی دەسەڵاتەش دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخساند کە کۆماری کوردستان بە ناوەندێتیی شاری مهاباد ڕابگەیەنرێت؛ بەڵام دوای ئەوەی دەوڵەتی ئێران ناچار و پێمل دەکرێت بە دانی ئیمتیاز بە ڕووسیا و گرێبەستی قەوام/سادچیکۆف واژۆ دەکرێت، دوای کەمتر لە یەک ساڵ دەسەڵاتداری، ئەم دوو کۆمارەی ئازەربایجان و کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە هەڵدەوەشێنرێنەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕووسیا پێشتر هێزەکانی خۆی لە باکووری ئێران بردووەتە دەر و هەلومەرجی سەرکوتی بۆ دەوڵەتی ئێران ڕەخساندبوو. هەڵبەت گێڕانەوەکان لێکدژییان زۆرە و هەندێک کاری قازی محەمەد، وەک سەرۆک و ڕێبەری کۆمار و هەندێک پیشەوەری وەک ڕێبەری ئازەربایجان و هەندێکیش دەسەڵاتی ئێران وەک کارێکی قارەمانانە ناو دەبەن کە بێگومان لە گێڕانەوەی کورددا قازی محەممەد قارەمانی سەرەکییە و خۆی کردە قوربانیی گەلەکەی و نەیهێشت وەک ئازەربایجان، لە کوردستانیش خوێن بڕێژرێت و ڕەشەکوژی بکرێت. لە ڕەوتی ئەو کۆمارەدا هێزەکانی مەلا مستەفا بارزانییش وەک هێزی چەکدار بەشدار بوون کە دوای هەڵوەشانەوە و خۆڕادەستکردنی قازی، دەگەڕێنەوە باشوور. جیا لەوەش سەرچاوەکان باس لە خەیانەتی هەندێک لە عەشیرە کوردییەکانیش دەکەن کە بەهەرحاڵ چونکە ئەو گێڕانەوانە و پشتڕاستکردنەوە یان نەکردنەوەیان، ئەرک و کاری ئەو توێژینەوەیە نییە، پێویست ناکات لەسەری بدوێین و هیچ پێداگرییەک بۆ بەڕاستدانانی هیچ گێڕانەوەیەک لە ئارادا بکەین، بەڵکوو تەنیا مەبەست ئەوەیە کە کۆی ڕووداوەکە بە شێوەی گشتی بێتە بەر باس بۆ ئەوەی بزانین ڕۆمانەکە باسی چی دەکات و بتوانین شیی بکەینەوە، دەنا کاری ئێمە لێرەدا مێژوونووسی نییە.

6ـ لێکدانەوە

بۆ لێکدانەوەی ئەم ڕۆمانە و بەتایبەت بۆ ئەوەی بزانین نووسەر تا چ ڕادەیەک توانیویەتی کەسایەتیی مامناوەند بخوڵقێنێت لێرەدا سەرەتا کەسایەتییەکانی ڕۆمان بەوردی باس دەکرێن و لێک دەدرێنەوە.

6ـ1 کەسایەتییەکان

بەگشتی کەسایەتییەکانی ئەو ڕۆمانە دوو دەستەن: کەسایەتیی خەیاڵکرد و کەسایەتیی ڕاستەقینە. لە کەسایەتییە داستانییە خەیاڵکردەکاندا یەکەم کەس خودی بادینە کە کەسایەتیی سەرەکی و گێڕەوەری چیرۆکەکەیە. ئەو منداڵی یۆنسی کوردی موسڵمان و هامێستی ئەرمەنییە. هامێستی دایکی لەگەڵ هێنانەدنیای بادیندا دەمرێت و لەسەر منداڵ دەچێت. لێرەدا ڕەچەڵەک و پێشینەی گێڕەوەر بە دوو زمانی و دوو قەومیبوون، دەوڵەمەند دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت نوێنەرایەتییەکی دەوڵەمەندتری بۆ گێڕانەوە هەبێت.

هەڵبەت نووسەر هەر بەوە ڕاناوەستێت و پێشینەی بنەماڵەییی بادین زۆر دوورتر دەباتەوە و دەگێڕێتەوە. باس لە یۆنسی باوکی دەکات کە “چەکی مارتینی لە شاندا و خوێنێک وەک زەردەپەڕ لە هەنیەیەوە دەتکێتە خوارەوە، ڕووی تێ دەکات [ڕوو لە بادین دەکات] و دەڵێت ئێمە لە برینێکدا ڕووبەڕووی یەکتر دەبینەوە!” (دۆست: 10) نووسەر بەم جۆرە چیرۆکی ژیانی یۆنس دێنێتە نێو گێڕانەوەکەی و بەتایبەت لە زمان داپیرەی بادینەوە حەول دەدات یەکێک لەو جۆگەلانەی دواتر ڕووباری کۆماریان پێک هێناوە بگێڕێتەوە و بیهێنێتە بەر باس. یۆنس و ڕەمۆی هاوڕێی، وەک دوو شەڕڤانی شۆڕشەکەی شێخ مەحموود لە شەڕ دژی ئینگلیزییەکاندا بەشدارن و یۆنس لەو شەڕەدا دەکوژرێت.

کەسایەتییەکی زۆر بەرچاوی تر، نۆباری وێنەگرە کە هەمان باپیرە ئەنتڕانیکی بادین و بابی هامێستی دایکییەتی. نۆبار کە لەو ڕۆمانەدا زۆرتر وەک باپیرە نێوی دێت، دەورێکی یەکجار بەرچاو لە بەرەوپێشبردنی ڕۆماندا دەگێڕێت. باپیرە کەسایەتییەکی یەکجار دنیادیدە و بەئەزموونە کە ئێستاکە لە سەردەمی پیریی خۆیدایە و بووەتە کەسایەتییەکی سەروونەتەوەیی و سەرووئایینی. (هەمان: 124 و 126) ئەو پێشینەی ئەوەی بووە لە شەڕی ئەرمەنەکان و ڕووسەکان لەگەڵ عوسمانییەکاندا بەشدار بێت و تەنانەت دوای ونبوونی هامێستی کچی، دەستی لە کوشتنی موسڵمانانی کوردیشدا دەبێت. (هەمان: 70) بەشێکی زۆر لە پێشینەی کۆماریش هەر لە زمانی باپیرەوە دەگێڕدرێتەوە کە نووسەر بەم جۆرە توانیویەتی گێڕانەوەکەی یەکجار دەوڵەمەندتر بکاتەوە. لە درێژەی ڕۆمانەکەدا باپیرە بە جۆرێک دەبێتە پیری تەریقەتی بادین و بەردەوام لە کانیاوی زانیاری و ئەزموونەکانی خۆی پێی دەبەخشێت.

وەک کەسایەتیی دیکەش، دەکرێت ئاماژە بە ئاگۆپی ئەرمەنیی خاوەن مەیخانە و سوڵتانی جوولەکەی خاوەن سۆزانیخانە بکەین. ئەو دوو کەسایەتییە کەشی فەرهەنگی و قەومیی ئەو کۆمەڵگەیەمان بۆ ڕوون دەکەنەوە و دەریدەخەن کە تەنیا کوردەکان لەو کۆمەڵگەیەدا دەوریان نەدەگێڕا، بەڵکوو خەڵکانی سەر بە ئایین و نەتەوایەتییەکانی تریش هەبوون کە دڵیان بۆ ئەو شارە و کۆمار لێی دەدا. بەم جۆرە نووسەر دەتوانێت وێنەیەکی یەکجار گشتگیرتر لە کۆمەڵگەی ئەوکاتەمان بۆ بخاتە ڕوو.

یەکێک لە گرنگترین کەسایەتییە خەیاڵکردەکانی ئەو ڕۆمانەش، ئەمیراڵ ئاغایە کە زۆرتر وەک کەسایەتییەکی جادویی و هێمایین دەردەکەوێت و دواتر زیاتری باس لەسەر دەکرێت.

جیا لەوانەش، کەسایەتیی کچە پوورەکەی بادین و ژاڵە و موژدە کە هەرسێکیان خەیاڵکردن، دەورێکی گرنگ لە زیادکردنی چەمکی خۆشەویستی و تەنانەت گێڕانەوەی مێژووش، بە ڕۆمانەکە دەبەخشن و دواتر لە چەمکی خۆشەویستیدا زیاتریان قسە لەسەر دەکرێت. هەروەها کەسایەتیی پیرەی گوریسفرۆشیش یەکێک لە کەسایەتییە خەیاڵکردە گرنگەکانی ناو ڕۆمانەکەیە کە بە جۆرێک هێمای گوریس و سێدارەیە و بەردەوام دێتە بەر چاوی بادین و ئەو کارەساتەی بیر دەخاتەوە.

سەبارەت بەو کەسایەتییە خەیاڵکردانە، پێویستە ئاماژە بکرێت کە نووسەر هیچ تایبەتمەندییەکی جەستەیی ـ و تەنانەت تا ئەو جێیەی دەکرێت ـ کەسییان بۆ باس ناکات و هەوڵ دەدات هەر لە ئاستی کەسایەتیی جۆرەکیدا بمێننەوە تاکوو بتوانێت گێڕانەوەی مێژوویییان پێ ئەنجام بدات و ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ڕۆمانەکەیان پێ تەکمیل بکات. بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو بابەتە دەکرێت ئاماژە بکەین بەوەی کە خوێنەر دوای خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانە تەنیا دەتوانێت قەیافەیەکی جۆرەکی لەو کەسایەتییانە بێنێتە بەر چاوی خۆی و هەرگیز ناتوانێت بەوردی باسی تایبەتمەندییە کەسییەکانیان بکات و وێنایان بکات. هەڵبەت تەنانەت بۆ کەسایەتییە ڕاستەقینەکانیش هیچ تایبەتمەندییەکی ڕوخسار و ڕواڵەتیانی نەکردووە و خوێنەر ناتوانێت ڕێک وێنایان بکات، مەگەر ئەوەی پێشتر وێنەی ڕاستەقینەیانی دیبێت.

دووەم دەستە، کەسایەتییە ڕاستەقینەکانی ناو ڕۆمانن کە بریتین لە هێمن، هەژار، سادق بەهائەدین، نووری ئەمین، گۆران، ڕەفیق حیلمی، مەلا مستەفا بارزانی، خودی قازی محەممەد، حوسێن میکائیلی، سدیق هەنجیری مەناف کەریمی، شێخ مەحموود، کەریم و عومەر خانی شکاک، حەمە ڕەشید خانی بانە و هتد کە ئەو کەسایەتییانە دەورێکی ئەوتۆیان لە تەواوکۆکردنی گێڕانەوەدا هەیە و هێنانیان بۆ بەرهەستیترکردنی کەش و هەوای کۆمەڵگەی مەبەستی ڕۆمانەکەیە. ڕەنگە لەو ناوەدا سادق بەهائەدین و مەناف کەریمی لە هەموویان بەرچاوتر بن و زیاتریان باس لێ بکرێت، بەڵام ئەو کەسایەتییانە هەرگیز نابێتە دەورگێڕێکی سەرەکیی ڕۆمانەکە و هەر وەک تەواوکەر دەمێننەوە. سادق بەهائەدین کە هاوڕێ و هاوشاریی بادینە و بە پێچەوانەی بادین، تەنیا خەریکی چالاکیی فەرهەنگییە و هەر وەک مامۆستای خوێندنگا لە سلێمانی و دەوروبەری کار دەکات. ئەو بەردەوام لە کاری فەرهەنگیی خۆیدا ماوەتەوە و وتار لە بارەی ئەدەبی کلاسیکی کوردی دەنووسێت و لە هەڵەبجەش مامۆستای قوتابخانەیە. (هەمان: 153) نووری ئەمینیش یەکێک لە کەسایەتییە بەرچاوەکانە کە سەرەتا لە ڕۆژنامەی ژیان کار دەکات و دواتر ئەویش لە سلێمانییەوە دێتە مەهاباد و لە ڕەوتی کۆماردا بەشدار دەبێت. وەک نوێنەر و نموونەیەک لە ئامادەبوونی شکاکەکانیش لە کۆماردا، کەسایەتیی کەریم شکاک و عومەر خانی شکاک هاتوون کە بە جۆرێک گرێدانی پێشینەی خەباتی سمایل ئاغای سمکۆیە کۆمار و دواتر خەیانەتیان بەو ڕەوتە.

یەکێک لە خاڵە بەهێزە ئەرێنییەکانی ئەو ڕۆمانە سەبارەت بە کەسایەتییە گەورە سیاسییەکان، ئەوەیە کە هەرگیز کەسایەتییەکی تەواو ڕەش یان سپییان لێ دروست ناکات. بۆ نموونە سەبارەت بە قازی زۆر کەم دەبیسین و تەنیا وێنەکەی لە چەن شوێندا دەبینرێت و باس دەکرێت، دەنا هیچ دەورێکی تر لە گێڕانەوەدا ناگێڕێت. هەڵبەت تەنانەت لە چەند شوێندا ڕەخنە لە سیاسەتەکانی کۆماریش دەگیرێت. بۆ نموونە ڕەخنە لەوە دەگیرێت کە لەسەر ئەوەی بادین و موژدە دەست لە دەستی یەکدا چوونەتە کۆنسێرت و ڕەنگە دەستبازییان کردبێت، موژدە لە کار دەردەکرێت. هەروەها باس لە لێکدژیی ڕەفتاری دەسەڵاتدارانی کۆمار لەنێوان شەڕ و پێوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی ئێران دەکرێت و ڕەخنە لەوە دەگیرێت کە خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە. (هەمان: 157) هەروەها باس لە تیرۆری غەفوور مەحموودیانیش دەکرێت و بە تانە و تەشەرەوە ڕەخنەی لێ دەگیرێت. (هەمان: 179) سەبارەت بە مەلا مستەفاش ئەگەر پیاهەڵدانێک دەبینرێت (هەمان: 79 و 201)، لە بەرامبەردا ڕەخنەش دەگیرێت؛ بۆ نموونە تانە لە ساویلکەبوونی دەدات کە دەڵێت “ئێمە ناتوانین ئەو کەمەرە لە ڕووسەکان توند بکەینەوە. هەر چۆنێک بێت ئەوان دۆستی ئێمەن!” (هەمان: 214)

6ـ2 چەمک و وتەزاکانی ناو ڕۆمان

دوای کەسایەتییەکان، ئێستا بۆ ئەوەی دەرکەوێت ئەو ڕۆمانە تا چ ڕادەیەک گشتگیرە و توانیویەتی چەمکی گشتێتیی لووکاچ سەرکەوتووانە دەستەبەر بکات، پێویستە بزانین بەگشتی ئەو ڕۆمانە چ چەمکگەلێکی تری باس کردووە. سەرەتا بابەتەکان لەو وتەزایانەی خوارەوەدا پۆلێنبەندی دەکەین.

6ـ2ـ1 پێشینەی مێژووییی خەبات

نووسەر ڕووداوی ئێستاکەی کۆمار وەک بەرهەمی مێژوویەکی دوورودرێژ لە خەبات و بەرخۆدان دادەنێت و لە چەندین ڕەهەندەوە ئەو چیرۆکانە وەک تەواوکەری دۆخی ئێستاکە دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت گشتییەتی ئەو کۆمارە و هۆکارە مێژوویییەکانی بێنێتە بەر چاوی خوێنەر. لە لێکدانەوەیەکی تەمسیلیدا دەتوانین بڵێین لەو ڕۆمانەدا ئێمە مێژوو وەک چەندین جۆگەلە دەبینین کە دواتر تێکەڵ بوونەتەوە و ئەو کۆمارەیان خوڵقاندووە. خودی ڕۆمانەکەش (هەمان: 81) باس لەوە دەکات کە لە هەموو حیزب و لایەنە جۆراوجۆرەکانەوە کوردان وردە وردە دێنە ناو کۆمارەوە و ئەو بابەتە وەک دەرفەتێکی مێژوویی دەبینن. خودی ڕۆمانەکە بە زمانێکی شاعیرانە دەڵێت: “ئەو کۆمارەش دەنکێکە لە تەزبێحە درێژەکەی مێژووی ئێمە.” (هەمان: 42) واتە ئەوەش قۆناغێکە کە بەدوای قۆناغەکانی پێشتردا هاتووە و بە جۆرێک بەرهەم و لێکەوتەی ئەوانە؛ بەڵام ئەگەر بمانەوێت هەودای ئەو تەزبێحە بناسێنین و شیی بکەینەوە، بێگومان ئەو هەودایە شتێک نییە جگە لە کوردایەتی و مافی چارەی خۆنووسین کە کورد بەردەوام بە دوایەوە بووە و لە هەر مێژووی پتر لە سەد ساڵی ڕابردوودا، بە جۆرێک حەولی داوە بەو ئامانجەی خۆی بگات؛ بەڵام هەر جارێک بە کۆمەڵێک هۆکار نەیتوانیوە. بەگشتی دەتوانین ئەو مێژووە لە دوو ڕەهەندی چالاکیی چەکداری و فەرهەنگییەوە لێک بدەینەوە.

یەکەم: پێشینەی خەباتی چەکداری و حیزبایەتی

نووسەر لە زمانی گێڕەوەر و چەندین کەسایەتیی تری ناو ڕۆمانەکەوە هەوڵ دەدات پێشینەی شۆڕشەکانی پێشتر لە کۆمار کە لەو ڕووداوەدا شوێنەوار و ئاسەواریان دیار و بەرچاوە بگێڕێتەوە. هەر لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا گێڕەوەری ڕۆمانەکە باسی لەدایکبوون و منداڵیی خۆی دەکات کە “لە ژوورێکی ڕووتەندا کە قوڕئانێک و تفەنگێک بە دیوارەوەیە” و هێمای شەڕ و خەبات و ئایینباوەڕیی ئەو کۆمەڵگەیەن، لەدایک بووە و بە جۆرێک دەیەوێت پێمان بڵێت لەو بنەماڵە و کۆمەڵگەیەدا خەباتگێڕی و ئایینباوەڕی، شان بە شانی یەک دەئاژوێن و هاندەر و ئامرازی گەشتن بە ئازادین.

یەکەم چیرۆکی خەباتی چەکداری کە لە ڕۆمانەکەدا باسی دەکرێت، بابی بادین، واتە یۆنس، تێیدا بەشدارە و لە بەرەی شەڕ لەگەڵ عوسمانییەکان بووە و “شەڕی گاوران [واتە ئەرمەنییەکان]ـی کردووە. (هەمان: 70) لەو ڕووداوەدا خەڵکی کورد لەلایەن دەسەڵاتی عوسمانییەوە فریو دەدرێن تاکوو بەشداری شەڕی ئەرمەنییەکان بن. (هەمان: 130) هەڵبەت لەو شەڕەدایە کە لەگەڵ ئەنتڕانیکی ئەرمەنی، بابی هامێست و باپیری بادین، ئاشنا دەبێت و ئەنتڕانیک لەو شەڕەدایە کە هاوڕێ لەگەڵ ئەرمەنی و ڕووسەکان، خەڵکی کورد دەکوژێت. (هەمان: 68) هەر لەو شەڕەدایە کە قوتووی تووتنێک دەدات بە یۆنس و وەک ڕەمزێک لە درێژاییی ئەو ڕۆمانەدا باسی لێ دەکرێت و بە جۆرێک هەودای گرێدەری هەموو قۆناغەکانی ژیانی بادینە. (هەمان: 71) لەو شەڕەدا ئەنوەر پاشای عوسمانی تێک دەشکێت و هامێست و بابی لێک هەڵدەبڕێن و تا هەتایە ئەنتڕانیک، هامێست نابینێتەوە. (هەمان: 72 ـ 74) یەکێکی تر لەو سەرهەڵدانە چەکدارییانەی باسی دەکرێت، شۆڕشەکەی شێخ مەحموودە کە لەلایەن ئینگلیزەکانەوە تێک دەشکێندرێت و بابی بادین، یۆنسیش هەر لەو شەڕەدایە کە دەکوژرێت. (هەمان: 130) ئەو سەرهەڵدانانە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لە ڕەوتی ئێستاکەی کۆماردا بووە و وەک ژێدەری ئەو ڕووداوە هەژمار دەکرێن.

هەروەها باسی سەرهەڵدانی شابان ئاغا دژی ئینگلیزییەکان دەکات کە “خەڵکی بەرواری باڵا، دۆسکی، سندی و کۆلی لە بەرانبەر ئینگلیز و جاشەکانیان کە زۆربەیان لە هۆزەکانی تیاری، باز، جێلۆ و تخووما بوون، ڕاوەستان.” (هەمان: 21) سەرهەڵدانەکەی سەید ڕەزا لە دێرسیم و سەرکوتی دڕندانەی لەلایەن دەسەڵاتی دڕندەی تورکییەوە شی دەکرێتەوە. (هەمان: 47) بەم جۆرە ئەو برینەی مێژووی کوردیش وەکوو پێشینەیەک بۆ ڕەوتی مێژووییی کۆمار دەخرێتە ڕوو و خەنە وەک هێمای خوێنی ڕژاوی دێرسیم لە بیر و وتەکانی حوسێن دێرسیمیدا ڕەنگ دەداتەوە لە ئەندێشەی بادین و کەسانی تردا کاریگەر دەبێت. حوسێن دێرسیمی بە یادەوەریی ئەو کارەساتەی بەسەر دێرسیمدا هاتووە تووشی تێکچوون هاتووە و بەردەوام مەی دەخواتەوە و دەڵێت: “بلا بۆنی مەی بڵاو بێتەوە! خەنە منی کوشت!” (مژاباد، ل: 49)

یەکێکی تر لەو ڕەوتە کاریگەرانەی کە شوێندانەرییەکی زۆریان لەسەر کۆمار هەبووە، ڕەوتی بارزانی بووە کە پێشتر لە باشوور لەگەڵ دەسەڵاتی عێڕاق شەڕ دەکات و سەرکەوتنی زۆریش بەدەست دێنێت، بەڵام بەهۆی خەیانەتی هەندێک لە عەشیرەتەکان، وەک سوورچی و زێبارییەکان، ناچار بە پاشەکشە دەبێت. (هەمان: 232ـ233) جیا لەوەش، مەسەلەی سمایل ئاغای سمکۆ و سەرهەڵدانەکەشی بە دوو جۆر کاریگەرییان لەسەر کۆمار باس کراوە: یەکیان ئەوەی بەشێک لە چەکدار و هێزە شکاکییە نیشتمانپەروەرەکان دێنە کۆمارەوە و پشتیوانیی لێ دەکەن و دووەمیش ئەوەی خەڵک بەهۆی تاڵانکرانی موکریان بەدەست هێزەکانی سمکۆوە قین و بوغزیان هێشتا لە دڵدا ماوە و لێیان تووڕەن. (هەمان: 266) هەڵبەت باس لە کۆماری ئاڕاڕات و خۆیبوونیش لە ڕێگەی موژدەوە دەکرێت کە یەکێک لە کەسایەتییە گرنگ و بەرچاوەکانی ناو ڕۆمانەکەیە و وەک کچی زولفۆی جەلالی دەناسێندرێت. (هەمان: 96 و 98)

جیا لەوانەش باسی ئەو حیزب و بەرە سیاسییانەش دەکرێت کە کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لە پێکهاتنی کۆماردا هەیە: وەک حیزبی هیوا بە سەرۆکایەتیی ڕەفیق حیلمی (هەمان: 89 و 101) و پێوەندیی ئەو حیزبە لەگەڵ ژ.ک (هەمان: 107). ئەو حیزبە دوو باڵی زۆر دوور لە یەکی هەیە کە دوای لێکهەڵوەشانی دەستەیەکیان دەچنە نێو چەپە کۆمۆنیستەکانەوە و دەستەی دواتریش دەچنە نێو بەرەی بارزانییەوە کە بادین یەکێک لەوانە. (هەمان: 162ـ163) تەنانەت لە ڕۆژاواشەوە کەسێکی وەک قەدری بەگ، کوڕی جەمیل پاشا، دێت و هەوڵ دەدات یارمەتیی کۆمار بدات. (هەمان: 296)

دووەم: پێشینەی فەرهەنگی

بابەتی دووەم سەبارەت بە پێشینەی کۆمار کە پێویستە ئاماژەی پێ بکریت و لەو ڕۆمانەدا خراوەتە بەر چاو، پێشینەی فەرهەنگییە کە لێرەدا باسیان دەکرێت. نموونەیەک لەو کارانە، ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییانەن کە بە جۆرێک داڕێژەری ژێرخانی فکریی دامەزرێنەرانی کۆمار و بەشدارانی ئەوی دابین کردبوو و هەستی نیشتمانپەروەری و کوردایەتیی لە ناخیاندا چاندبوو. دوو نموونە لەو گۆڤار و ڕۆژنامانە کوردییانەی لەو ڕۆمانەدا ناویان هاتووە بریتین لە ڕۆژنامەی ژین (یان ژیان) کە یەکەم ڕۆژنامەیەکە گێڕەوەری ڕۆمانەکە تێیدا بەشداری دەکات و بە سەرپەرشتیی نووری ئەمین لە سلێمانی دەردەکرێت (هەمان: 51) و دووەمیش گۆڤاری هاوار بە سەرپەرشتیی جەلادەت بەدرخان کە بە کرمانجی بڵاو دەبێتەوە (هەمان: 194).

جیا لەوەش لەوەتا ڕادیۆ پەیدا بووە کەسێکی وەک زەبیحی ڕادیۆکەی دەباتە قاوەخانە و شوێنە گشتییەکان و خەڵک لە ڕەوش و هەلومەرجی سیاسیی دنیا ئاگادار دەکاتەوە. (هەمان: 175) هەروەها لە خودی مهاباد کاری شانۆگێڕی کراوە و تەنانەت کۆنسێرتیش بەڕێوە دەچێت. (هەمان: 181) تەنانەت هونەری خۆشنووسییش لە شاردا هەیە و کەسێکی وەک میرزا ئەحمەد ئیسماعیل زادە خەریکی ئەو هونەرەیە. (هەمان: 246) ئەمانە سەرجەم دەریدەخەن لە باری فەرهەنگییشەوە خەڵکی کوردستان تا ڕادەیەک ئاگادار و وشیار بوونەتەوە و دەیانەوێت لەگەڵ دنیای نوێدا خۆیان ڕێک بخەن.

لە باری ئایینی و نەتەوایەتیشەوە، کەشی یەکترقبووڵکردن تا ڕادەیەکی باش لە شار و ناوچەدا هەیە و خەڵکەکە ئاستی فەرهەنگییان هەر لەپێش کۆماریشدا ئەوەندە چووەتە سەرێ کە بوونی ئەرمەنی و جوولەکە و ئازەری و زۆر خەڵکانی تر لەناو خۆیاندا قبووڵ دەکەن کە ئەو بابەتە دوای پێکهاتنی کۆمار زۆر بەرچاوتریش دەبێتەوە و لەو ڕۆمانەدا لە زۆر جێدا ئاماژەی پێ دەکرێت. بەگشتی خوێندنەوەی ئایینیی کوردانیش لە ئایینی ئیسلام، خوێندنەوەیەکی نەرم و نیانە و زۆرتر داکۆکی لەسەر دەستنەبردن بۆ کوشتن دەکرێت. (هەمان: 71)

هەڵبەت ڕۆمانەکە ئاماژەی بە سیستەمی ئاغا و ڕەعیەتی یان سەردەست و بندەست لە ڕابردووی کۆمەڵگەی کوردەواریدا نەکردووە و ئەو ڕووداوە مێژوویییە هیچ پێوەندییەکی بە ناوەرۆکی دووفاقی و دووجەمسەریی کۆمەڵگەی تێدا نیشان نەدراوە. واتە ڕۆماننووس نەهاتووە پیشانی بدات کە ڕوودانی ڕووداوی کۆمار، یان بەردەوامبوون و نەبوونی، یاخود دژبەریکردنی لەلایەن هەندێک چین و توێژی کۆمەڵگەوە، پێوەندییەکی بە فەرهەنگی کۆمەڵگە و جیاوازیی چینایەتی و هەڵسوکەوتی سەردەست و بندەست هەیە یان نا. بە واتایەکی تر، ڕۆمان تەنیا پەرژاوەتە بواری سیاسیی تۆخ و ئەو بوارەی وەک دوڕگەیەک داناوە بەبێ پێوەندی لەگەڵ بواری ئابووری و چینایەتی و فەرهەنگی ئاغا و ڕەعیەتی و هتد. بەم جۆرە ئێمە لەو ڕۆمانەدا بە زەحمەت دەتوانین وێنەیەکی دروست و گشتیمان سەبارەت بەو کەشی ناسیاسیی کۆمەڵگە لە مێشکدا بۆ چی بێت.

6ـ2ـ2 پەڕتەوازەییی خەباتی کوردان

یەکێکی تر لەو چەمکانەی لەو ڕۆمانەدا زۆری ئاماژە پێ کراوە، پەڕتەوازەبوونی کوردان و یەکنەگرتنیانە. نووسەر لە چەندین شوێنی ڕۆمانەکەدا باس لە دۆخی پەڕتەوازەی کوردان دەکات و دەڵێت “دەنگی کوردان بە یەکتر ناگات” (هەمان: 99 و 138) و ناوچەکانی کوردان دەڵێی دوڕگەن و لە یەک پچڕاون و لە دەریایەکدان و دەستیان بە یەک ناگات (هەمان: 140) بەم جۆرە نووسەر لەگەڵ دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کورد ئاشنامان دەکات و لەو ڕێیەوە دەزانین کە هەستی یەکێتی و یەکگرتن لەناو کۆمەڵگەدا هەرگیز بەقەد لێکدابڕان و پەڕتەوازەبوون بەهێز نەبووە. ئەو دۆخە بەتایبەت لەگەڵ هۆکارەکانی تری لاوازبوونی کۆمار، وردەوردە گشتگیرتر دەبێت و بۆ نموونە شکاکەکان چەکدارەکانی خۆیان لە شار دەکێشنە دەر و تەنانەت بە دامەزراندنی شەڕ لەگەڵ ئازەرییەکانی خۆی و ماکۆ، دەردیسەرێکی زیاتریش بۆ کۆمار و پێشەوا دەخوڵقێنن. (هەمان: 307 و 308 و 245)

6ـ2ـ3 خەیانەتی ناوخۆیی و دەرەکی

چەمکی خەیانەتی ناوخۆیی لەو ڕۆمانەدا زۆر بەرچاوە و بەڕوونی و فرەیی باسی لێ کراوە. لە خەیانەتی ژاڵە و عادیلەی دایکییەوە بگرە کە دەبنە سیخوڕی ئینگلیزییەکان (هەمان: 85ـ86) تاکوو خەیانەتی عەشیرەتەکان (هەمان: 230 و 216 و…). لە ڕاستیدا لەو ڕۆمانەدا بە ڕێژەیەکی زۆر ناوی عەشیرەت و خێڵەکان هاتووە کە خەیانەتیان بە ئامانجی نەتەوەیی کردووە و یان لەگەڵ دەسەڵاتە دەرەکییەکان دەستیان تێکەڵ کردووە، یان لە جەنگەی پێویستی و شەڕدا پشتی یەکتریان بەرداوە و وەدوای بەرژەوەندیی خێڵەکیی خۆیان کەوتوون.

سەبارەت بە خەیانەتی دەرەکییش، خەیانەتی ڕووسی و ئینگلیزی و عوسمانییەکان پتر لە هەمووان باس کراوە و ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو وڵاتانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیان هەمیشە کوردانیان کردووەتە قوربانی و هیچ بنەمایەکی ڕەوشتییان پەیڕەو نەکردووە. (هەمان: 68 و72 و 128 و…)

ئەوەی لە خوێندنەوەی ئەو خەیانەتانەدا زۆر گرنگە ئەمەیە کە دەریدەخات ڕەوش و هەلومەرجی جیهانی ئەو سەردەمە و کوردستان چۆن بووە و چۆناوچۆن ئەو تایبەتمەندییە مێژوویییانەی ئەوکات لە باری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بوونەتە زەمینەیەک بۆ سەرهەڵدان و ڕووخانی کۆمار و بێهیوابوونی کورد لەو سەردەمەدا. بەتایبەت ئەوەی کە دەردەکەوێت ئەو هەلومەرجەی بۆ کورد ڕەخسابوو، تەنیا بەهۆی بۆشایییەکی مێژوویی دەسەڵات بووە و زلهێزەکان هەرگیز مەبەستیان ئەوە نەبووە کە دەسەڵاتێکی سەقامگیر و هەمیشەیی بۆ کوردان دامەزرێنن یان ئەوەی پشتیوانیی لێ بکەن، بەڵکوو تەنیا بەدوای بەرژەوەندیی خۆیانەوە بوونە و کوردیان وەک کارتێک بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی خۆیان بەکار هێناوە.

سەبارەت بە ناوخۆی کوردستانیش، لە ڕاستیدا ئەو پەڕتەوازەیی و یەکنەبوونە، بە شێوەی زەمینەیی و مێژوویی زۆر بەجوانی خراوەتە ڕوو و دەرکەوتووە کە کورد هەر لەناو خۆشیدا بەهۆی فرەڕەنگی و هەلپەرستیی دەسەڵاتداران و تەنانەت خەڵکانیشییەوە، قەت نەیتوانیوە ویستێکی گشتگیر و ڕیشەیی بۆ بەنەتەوەبوون و دەسەڵاتداری پێک بێنێت و هەر ئەوەش تۆوی خەیانەتی لە نێودا چاندووە و گەشەی پێ داوە.

6ـ2ـ4 ڕەوشی ژیانی ئاسایی و کۆمەڵایەتیی خەڵک

لەو ڕۆمانەدا بۆ ئەوەی خوێنەر لەگەڵ ژیانی ئاساییی خەڵک ئاشنا بێت و کەش و هەوا و شوێن و جوغڕافیای ئەو ناوچەیەی بێتە بەر چاو و لەگەڵ کات و شوێن و شێوازی ژیانیان ئاشنا بێت، لە زۆر جێگەدا هاتووەتە ناو شار و چایخانەکان و مەدرەسە و مزگەوت و مەیخانە و تەنانەت سۆزانیخانەکانیشەوە. هەرچەند لە بەرامبەر باسی ڕەوشی سیاسی و سەربازیی ئەو سەردەمە، بەگشتی ئەو باسانە ڕێژەیەکی کەمتریان هەیە و چوونی کامێرای ڕۆمان بۆ ناو ئەو شوێنانە، تەنیا بۆ نواندنەوەی ئەمری سیاسەتە لە ناویاندا، نەک وێناکردنی ڕەوشی ژیانی ئاساییی خەڵک و لێکدژییە نهێنییەکانی ناو کۆمەڵگە. بۆ نموونە باس لە دووکان و بازاڕ و قەیسەرییەکان دەکرێت و پیرە پیاوێکی گوریسفرۆش کە بەردەوام بە تانە و تەشەرەوە باسی سیاسەت دەکات (هەمان: 65 و 156)، بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی ماملێ لە شاردا (هەمان: 92) کە سیاسەتوانان و سەردەستان تێیدا بەشدار دەبن و ئەنجامی ئەویش هەر سیاسییە و موژدە لەکار دەردەکرێت، شوێنی شارەکە و کێو و شاخ و باغەکانی قەراغ شار و تەنانەت ڕوودانی لافاوێک لە گەڕەکی خڕێی مهاباد (هەمان: 113) کە ئەویش گرێ دەدرێتەوە بە ڕابردووی موژدە و سیاسەتی شکاکەکان لە ناوچەدا و هاتنیان بۆ مهاباد. دووکانی وێنەگرییەکەی باپیرە و مەیخانەکەی ئاگۆپی ئەرمەنی و گوریسفرۆشەکە کە هەموو لەپەنای یەکترن ئەوانیش بوونەتە شوێنی لێکدانەوە و شرۆڤەی بابەتی سیاسی و خەبەرێک لە ڕەوشی ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی نییە و تەنانەت یەک جیگەش باس لە ڕەوشی ئەو کەمینە زمانی و ئایینییانە لە کۆمەڵگەدا ناکرێت (هەمان: 156) باس سادەدڵیی خەڵک لە بەدیلگیرانی چەند سەربازی عەجەم دەکرێت و لێرەشدا خەبەرێک لە بنەما و هۆکارەکەی نییە. (هەمان: 157) هەڵبەت دامەزرانی یەکێتیی ژنانی دیموکڕات بە بەشداریی ئەندامانی بنەماڵەی قازییەوە، وەک نموونەیەک لە بەشداریی ئەرێنیی ژنان لەو ڕووداوە مێژوویییەدا، باس دەکرێت. (هەمان: 172) جیا لەمانەش باوەڕە خوڕافییەکانی خەڵک و چوونیان بۆ سەر چاک و پیران (هەمان: 170 و 171) ناو و ناوبانگی مەلاکان لە شاردا کە هەر کامەی بۆ بابەتێک دەناسرێن و خەڵک ئاگادارنە هەڵسوکەوتی ئەوانی لەبەر چاوە (هەمان: 172 ـ 173)، سوڵتانی جوو وەک کەسایەتیی جۆرەکیی هەبوونی جووەکان و گەڕەکی ئەوان لە شاردا (هەمان: 180)، بویوک ئاغای خانباغی وەک یەکێک لەو ئازەرییانەی لە مهاباددا دەژیت و هاوکات خەریکی دەلاکی و شانوگێڕییە (هەمان: 190) چەند نموونەیەکی ترن لە باسی فەرهەنگ و ژیانی خەڵکی ناو ئەو کۆمەڵگەیە.

لەولاشەوە دوای ماوەیەک کە لە کۆمار تێ پەڕیوە باس لە وەڕەزبوونی گوندییەکان لە بارزانییەکان دەکرێت کە هۆکارەکەشی ئەوەیە ماوەیەکی زۆرە بەخێویان دەکەن و ئەو بابەتە بە جۆرێک کەشی ناڕەزایەتیی خستووەتە ناو گوندەکانەوە و سەرۆک خێڵەکانیش لەو بارەیەوە تینیان دەدەن (هەمان: 216). هەروەها باس لە باونەبوونی خویندنەوە و نووسین و تەنانەت گوێگرتن لە هەواڵیش بە زمانی کوردی دەکرێت و دەگوترێت کە خەڵکی پێیان وایە زمانی خۆیان تەنیا زمانی کڕین و فرۆشتنە، نەک گوێگرتن لە هەواڵ (هەمان: 221). جیا لەوەش باس لە عادەتی خەڵک دەکرێت کە کاتی ڕەمەزانان و گەرما، دەچوونە باغ و باغاتە فێنکەکانی ناو شار و قەراغ شار (هەمان: 262) و ئەوەی کە لە کۆتایییەکاندا، هەموو خەڵکی مهاباد و تەنانەت خودی مەناف کەریمی، وەزیری پەروەردەش چاوەڕێی ڕووخان و هەرەسهێنانی کۆمار بوون. (هەمان: 303)

جیا لەمانەش باس لە کەشی قاوەخانەکانی ناو شار و هەڵسوکەوتی خەڵکی ئاسایی لەگەڵ یەکتر و گۆرانیی سەید عەلی ئەسغەر و بانگی مزگەوتی عەباس ئاغا و تەنانەت هەڵسوکەوت و ڕوانگەی خەڵکی گوندیی ئەوکات سەبارەت بە بوونی مەیخانە و ئەرمەنییەکان لە شاردا و هەروەها سۆزانیخانەی جوولەکەکان و کۆڵانە تەنگەبەرەکان و باغ و دارستان و بەگشتی هەموو دیاردەکانی شار دێنێتە ئاراوە. جیا لەوانەش شوێن و پێگە و هەڵسوکەوتی شاعیرانی بەناوبانگی وەک هێمن و هەژار و کەسانی لەو چەشنەش ئاوێتەی گێڕانەوەکەی دەکات تاکوو خوێنەر بتوانێت وێنەیەکی گشتی و زیندوو لە شار بێنێتە بەر چاوی.

“هەتا مردن وەکوو بەندە لە خزمەت خاکی کوردستان

حەیاتی خۆی فیدا کا بۆ هەموو ئەمرێک و فەرمانی

ئەم سترانە وەکوو چەمێکی بەقەڵبەزە لە گڕامافۆنی چایخانەکەوە دەنگی دەدایەوە” (هەمان: 26)

“ئەوە پێشوولەی مەهابادن پێیانەوە داویت. چەمی سابڵاخ کانگای پێشوولانە بادین. تۆش ئەوە دەزانی کاتێک با دەوەستێ پێشوولە هار دەبن.” (هەمان: 24)

“قوتابیی خوێندنگە سەرەتایییەکان وەکوو ئەو کارانەی لە لەوەڕاندن دێنەوە بە هەڵبەز و دابەزەوە لە دەرگاکان دەهاتنەوە. ئاڵای ڕەنگین لەسەر بانی ماڵان بە شنەبا دەلەرانەوە. بە درێژاییی شەقامی شاپوور و شەقامی پەهلەوی بزاوێکی گەرموگوڕ هەبوو:

چایخانەکان تژین، چەند گەنجێک لە دەوری مێزێک ڕۆنیشتوون. ڕۆژنامەی کوردستان لە دەستی یەکێکیاندایە…” (هەمان: 30)

“باوکێک دەستی کوڕیژگەکەی گرتووە و دەیباتە سەرتاشخانە، یەکێکی تر لەگەڵ کوڕەگەی دەچنە لای بەرگدوورێک. زۆر کەس بە بەردەم مەیخانەکەی ئاگۆپدا تێ دەپەڕن. لەژێر چاوەوە دەڕواننە شووشەی مشت لە شۆڕش و شێتبوون. ڕووی خۆیان گرژ دەکەن و خێراتر دەڕۆن. سوارێکی لەخۆڕازی بە مەیدانی چوارچرادا تێ دەپەڕێت. قرمەقرمی سمی ئەسپەکەی، ڕانک و چۆغەکەی، ڕیشۆی مشکییەکەی سەری داوەریون. سمێڵە بادراوەکانی دەبریقێنەوە. هەمووان دەڵێن ئەوە کوڕی ئاغایەکە. گوندییەک و کەرەکەی سەیری شووشەی مەیخانەکە دەکەن. گوندییەکە ڕووی خۆی گرژ دەکات و لێوەکانی بە گوتنی پەیڤی نادیار دەجووڵێنێت، نا پەیڤەکانی دەبیسترێن، ئەو دەڵێ: ئەستەغفیڕوڵڵا. پانیە قەڵشیوەکانی هەر دوو پێی لەبن سکی کەرە ڕەبەنەکەی دەدات و هەیدێێێێی دەڕوات.” (هەمان: 31)

ڕەنگە ئەوە تەنیا شوێنێکی ڕۆمانەکە بێت کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باسی جیاوازیی چینایەتیی ئەو کۆمەڵگەیە دەکرێت و لەلایەک گوندییەک بە پانیەی قەڵەشیوییەوە سواری کەرەکەیەتی و لەو لاشەوە سوارێک کە وا دیارە کوڕە ئاغایە، بە قەڵافەتێکەوە سواری ئەسپەکەی بووە بە جلێکی مەڕبووت و پاک و خاوێن و بە قرمەقرمی سمی ئەسپەکەیەوە بە ناوشاردا تێ دەپەڕێت. دەنا لە هیچ شوێنێکی تری ڕۆمانەکە گیڕانەوە و وێناکردنی ئەو جیاوازییانە نایەنە بەر قەڵەمی نووسەر و هیچ باسێکیان لێ ناکرێت.

نووسەر بۆ ناساندنی ئەو کۆمەڵگەیە چەند کەسایەتیی جۆرەکیی مامناوەند دەخوڵقێنێت، وەک گوریسفرۆش و چایچی و کابرای گوندی و کوڕەکەی و کوڕە ئاغا و مەیخانەچی و هتد، بەڵام هیچ حەوڵێک بۆ سیاسەتسڕینەوە لە گێڕانەوەکەیدا ناکات و ڕۆمانەکەی کەشێکی تەواو سیاسیی هەیە. هەروەها لە زمانی تەوسیفی تا ڕادەیەک شاعیرانەش بۆ وێنا کردنی کەش و هەوای شار کەڵک وەردەگرێت تاکوو ئەو هەستە هەم زیندووتر بێت و هەم باری هونەریی کارەکەی بەهێزتر بکاتەوە:

“نووسیبووم کە ژیانی من لە مەهاباد وەک ئەوە وایە لەنێو ڕۆمانێکدا بژیم. زۆر ڕووداوی سەیر دەقەومێن کە تەنیا لەنێو چیرۆکەکاندا هەن. دوێنێ ئێوارە چوومە ماڵی باپیرەم لە گەڕەکی ئەرمەنییەکان. ئاگۆپی مەیفرۆش گۆرانیی دەگوت…” (هەمان: 123)

“ڕۆژێکی خۆش بوو کە خۆی لەنێو بەهارێکەوە دزیبووەوە، هاتبووە شەردانی ئەو شوباتە ساردە. بەفر کلوو کلوو لەسەر چیای خەزا، قوڵقداغ، چیای مەجید وەکوو بیرەوەرییەکانی من دەردەکەوتن. چەند خونچەیەکی گوڵی هاڵەکۆک سەری خۆیان لەژێر بەفری توواوە دەرهێنابوو، مزگێنیی بەهاریان دەدا.” (هەمان: 30)

ئەمانەش نممونەیەکن لە تەوسیفی کەش و هەوا و ژینگەی شار کە نووسەر لەو ڕێیەوە شوێنی ڕووداوەکەمان بۆ وێنا دەکات.

6ـ2ـ5 خۆشەویستی و ئەوینداری

نووسەر بۆ ئەوەی گێڕانەوەیەکی هاوتەریب لەگەڵ ڕەوتی کۆمار و ساواکوژکران و بێهیوایییەکەی بخاتە ڕوو و هەروەها ئەو مێژووەمان زیاتر وەک گێڕانەوەیەکی واقعی پێ نیشان بدات و چەمکی ئەوینداریش لە ژیانی ئاساییدا بگونجێنێت، چەند چیرۆکی ئەویندارییشی ناوئاخنی ڕۆمانەکەی کردووە. ئەو سێ چیرۆکی ئەوینداریی بادینی خزاندووەتە ناو داستانەوە کە بریتین لە خۆشەویستیی کچە پوورە بێناوەکەی بادین کە سەردەمی مێرمنداڵی، ئەوینداری بووە، چیرۆکی خۆشەویستیی ژاڵە کە دواتر بە سۆزانی و سیخوڕی ئینگلیزییەکان دەردەچێت و دواتریش، خۆشەویستیی موژدە کە وەک ئەوانی تر، ئەمیش بە تراژێدی و بێهیوایی کۆتاییی پێ دێت. ئەو سێ کەسەش هەر کامیان نوێنەری جۆرەکیی بەشێک لە کۆمەڵگەن بۆ ئەوەی گێڕانەوەکە دەوڵەمندتر و گشتگیرتر بکەنەوە: کچە پوورەکەی کە دواتر بە خوشکی شیریی بادین دەردەچێت، نوێنەری جۆرەکیی خۆشەویستیی کرچوکاڵی مێرمنداڵییە کە بە پیلانی داپیرە لێی دادەبڕێت. ئەو بابەتە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر داهاتووی بادین دەبێت و ماڵ و وڵاتی خۆی بەجێ بێڵێت و پەڕیوەی هەندەران بێت. ژاڵە کە لەو ڕۆمانەدا کچی عادیلە خانم ناوێکە، ئاماژەیە بە عادیلە خانمی جاف، کە لێرەدا وەک سۆزانی و سیخوڕ و فریوخواردووی ئینگلیزییەکان وێنا دەکرێت و هەر ئەمە کە هەموو هیواکانی بادین بە بادا دەدات و وەک نموونەی فریوخواردووەکانی ئینگلیزە لە ڕەوتی خەباتی کوردیدا.

سێیەم خۆشەویستی بادینیش، موژدەیە کە مامۆستای خوێندنگایە ئێستا خۆشەویستی بادینە. نووسەر بۆ ئەوەی جۆرەکیبوونی ئەو کەسایەتییانە دەربخات، هیچ تایبەتمەندییەکی تاکەکەسیی ئەوتۆیان بۆ دروست ناکات تاکوو بکرێت هەموو کەسێکی لەو جۆرە و لەو بیروباوەڕە لە جێیدا دابنرێت و بگونجێت. موژدەش لە کرمانجە جەلالییەکانی بەشدار لە ڕەوتی کۆمارە کە بەهۆی هەندێک ڕووداوەوە پەڕیوەی مهاباد بووە و بە جۆرێک نموونەی بیروبۆچوون و خەڵکانی خۆیەتی و لەو ڕووداوە مێژوویییەدا دەور دەگێڕێت. خۆشەویستیی موژدەش بۆ بادین بە تڕاژێدی کۆتاییی پێ دێت و دواتر موژدە شوو بە هاوڕێکەی بادین، واتە کەریمی شکاک دەکات و بەم جۆرە هەم ئەو هیوایەش بە بێهیوایی تەواو دەبێت و هەم خەیانەتی هاوڕێکەی پێی ئاشکرا دەبێت. خۆشەویستییەکی تر کە لەو ڕۆمانەدا ئاماژەی پێ دەکرێت، خۆشەویستیی یۆنس و هامێستە کە لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا دەگێڕدرێتەوە و ئەویش بە لەدایکبوونی بادین تەواو دەبێت و یۆنس لە بەرەی شەڕ و هامێستیش بەهۆی “خوێنڕژانی زۆری کاتی منداڵبوونەوە” لە یەک کاتدا کۆتایی بە ژیانیان دێت و بەگشتی هیچ خۆشەویستییەکی ئەو ڕۆمانە بە ئاکام و ئەنجامێکی شیرین و خۆش ناگات و نووسەریش بەئەنقەست بەو کارە ویستوویەتی بێئاکامیی کۆمار و ژیانی قارەمانەکانی لێک بکاڵێنەوە و تێکەڵ بن.

6ـ2ـ6 دۆخی ژێئۆپۆلێتیکی ناوچە

نووسەر بە هێنانی کەسایەتییەکی هێمایین و جۆرەکیی وەک ئەمیراڵ ئاغا، نیشانی داوە لەو سەردەمەشدا کەسانێک هەبوون کە پێیان وا بووە دامەزراندنی وڵات بەبێ دەستڕاگەیشتن بە دەریا ئیمکانی نییە و کوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت بمێنێتەوە و سەر بگرێت، پێویستە هەم قەوارەکەی زۆر بەرینتر لەو ناوچە بچووکە بکاتەوە و هەم دەستی بە ئاوە ئازادەکان بگات. “ـ دەریا، کۆمار بەبێ دەریا هیچە!… من ئەمیراڵ ئاغا، لەسەر بۆچوونی خۆم سوورم. ئەگەر ئێوە مەهاباد نەگەیەننە کەناری دەریایەک، یاخود دەریایەک لە کۆمار ساز نەکەن، دەڕووخێ!” (هەمان: 25)

نووسەر دەیەوێت ئەو ڕاستییە بخاتە ڕوو کە هەر لە کۆمەڵگەی ئەوکاتی مەهاباد و کوردستانیشدا کەسانێک هەبوون کە سەرنجی دۆخی ژێئۆپۆلێتیکی کوردستانیان دەدا و ئاگادار بوون لەوەی کە ناکرێت پشت بە وڵاتانی زلهێز ببەسترێت، بەڵکوو دەبێت بازنەی دەسەڵاتی کۆماری کوردستان ئەوەندە بتەنرێتەوە کە بگاتە دەریا و لە گەمارۆی وڵاتانی دەوروبەر بێتە دەر. بەم جۆرە ئەمیڕاڵ ئاغا وەک زمانحاڵی ئەو بیرۆکەیە لەو ڕۆمانەدا دەور دەگێڕێت.

7ـ ڕاڤەی کۆتایی:

دوای باسکردنی هەموو وتەزاکان و چەمکە گرینگەکانی ئەو ڕۆمانە و هێنانەوەی نموونەکان و شیکردنەوەیان، پێویستە بڵێین کاتێک ئەو وێنەی گشتییە لەبەر چاومان دادەنێین دەردەکەوێت کە نووسەر تا ڕادەیەکی زۆر توانیویەتی دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگیی ئەو سەردەمە، پێشینەی سیاسی و فەرهەنگیی ئەو ڕەوتە، دەوری کەسایەتییە بەرچاوەکان لەو ڕووداوە مێژوویییە، دۆخی ژێئۆپۆلێتیکی ناوچەکە، ڕەوتی سیاسیی جیهان و ناوچە و زۆر بابەتی تر بەجوانی ناوئاخنی گێڕانەوەکەی بکات و بەبێ ئەوەی ئوستوورەسازییەک لە کەسایەتییە سیاسییە سەرەکییەکان بکات، یان ئەوەی بیانکاتە تەوەری گێڕانەوە، گێڕانەوەیەکی گشتگیر و هەمەلایەنە لە مێژووی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەو ڕووداوە بدات بە دەستەوە و خوێنەر بەجوانی بباتە کەش و هەوای ئەو سەردەمەوە، هەرچەند بەگشتی کەش و هەوای سیاسی بەسەر گێڕانەوەکەدا زاڵە، بەڵام نووسەر بە تەوسیفی جوانی فەزای سروشتی و ئینسانیی شار و بۆنە فەرهەنگییەکان و لایەنە کۆمەڵایەتی و ئایینییە جۆراوجۆرەکانی شار و هەوێنی ئەوین، وەک بابەتێکی سۆزدارانە لە ڕۆمانەکەدا، ڕۆمانێکی سەرکەوتوو بخوڵقێنێت کە بتوانێت تا ڕادەیەکی زۆر هەستی خوێنەر بجووڵێنێت و لەگەڵ خۆی ڕای کێشێت.

چەمکی بەریەککەوتن و دیالێکتیکی نێوان لایەن و ماکەکان لە چەمکە هەرە سەرەکییەکانی لووکاچ و بەگشتی مارکسیستەکانە. لەو ڕوانگەیەوە ئەگەر بڕوانینە ڕۆمانەکە ئەو چەمکە گرنگانەی ناو ڕۆمان لە ئەنجامدا توانیویەتی وێنەیەکی گشتی و تا ڕادەیەک ڕوون، لە عەینی لێڵی و مژاویبووندا، ئاراستەی خوێنەران بکات. بۆ وردەکاری، هەستی کوردایەتیی ڕیشەداری خەڵکەکە و هەلومەرجی مێژوویییەک کە لەو سەردەمەی شەڕی دووەمی جیهانیدا خوڵقابوو و بۆشایییەکی دەسەڵاتی درست کردبوو لە لایەک و خەیانەتی عەشیرەت و کەسایەتییە کوردەکان و وڵاتە بەرژەوەندیخواز و هەلپەرەستەکانیش لە لایەکی ترەوە دیالێکتیکێکیان خوڵقاندبوو کە لە بەرهەمەکەی خوڵقانی کۆمار و دواتریش هەرەسهێنانی بوو. لە ڕاستیدا لە ئاوێنەی ئەو ڕۆمانەوە تێ دەگەین کە هۆکارگەلێکی جۆراوجۆر دەستیان دابووە دەستی یەک بۆ خوڵقانی ئەو ڕووداوە مێژوویییە و وێنەیەکی چەند ڕەهەندی و گشتگیرمان دێتە بەر چاو؛ بەڵام لەو ڕۆمانەدا هێزەکانی ناو خودی کۆمەڵگاش بەریەککەوتنیان هەیە. بۆ نموونە وەفادارن بە کۆمار و خەیانەتکارانی و هەروەها خەڵکی ئاسایی و گوندی و دەسەڵاتداران کە هەموویان لێکدژیی بەرژەوەندییان هەیە و کەم تا کورتێک لە ڕۆمانەکەدا خراونەتە ڕوو. جیا لەمەش، گێڕەوەری ڕۆمانەکە تا کۆتایی لەو پرسە گرنگەشدا تێ ماوە کە ئایا خەباتی چەکداری بکات و لەو ڕێیەوە دەتوانێت بە ئامانجەکانی خۆی نەتەوەکەی بگات، یاخود وەکوو سادق بەهائەدین ئامێدی خەریکی چالاکیی فەرهەنگی بێت و لەو ڕێیەوە خەبات بە قەڵەم بکات. ئەو دووڕێیانە ڕەنگە هەر ئێستاش یەکێک لە گرنگترین پرسەکانی بەردەم چالاکوانەکانی کورد بێت و بە ئەنجامێکی ڕوون نەگەیشتبێتن. نووسەر ئەو ڕۆمانەی لە چوار بەشدا نووسیوە و بە چوار چرای وێنا کردووە. ئەو بە کەڵکوەرگرتن لە هێماگەلی جۆراوجۆر و تەنانەت هەندێک ماکی جادوویی لە گێڕانەوەکەیدا ـ وەک کەسایەتیی جادووییی ئەمیراڵ ئاغا، قوتووی تووتنەکە کە قەت تووتنی لێ نابڕێت و هەر دەگاتەوە دەستی بادین، هەڵقوڵینی خوێن لە شوێنی کوژرانی غەفوور مەحموودیان و… گێڕانەوەکەی لە ڕێئاڵیزمی تۆخ سەرتر دەبات و چێژێکی زۆر زیاتر بە خوێنەر دەبەخشێت.

سەبارەت بە گۆشەنیگای گێڕانەوەش، ڕاستە کە نووسەر لە زۆربەی ڕۆمانەکەدا لە گۆشەنیگای یەکەم کەسی تاک کەڵک وەردەگرێت، بەڵام بە کەڵکوەرگرتن لە کەسایەتیگەلێکی جۆرەکیی بەهێز و تێکەڵکردنیان لەگەڵ کەسایەتییە ڕاستەقینەکان، گێڕانەوەکەی زۆر دەوڵەمەند دەکات و لە کۆتاییی ڕۆمانەکەشدا لە لاپەڕەی 309 تا 318 ئەو یەکەم کەسە دەبێتە دووەم کەس و گێڕەوەر لە قاوغی خۆی دەردەکەوێت و باس لە خۆی دەکات، ئەنجا لەویش تێ دەپەڕێت و لە 321 تا کۆتاییی ڕۆمانەکە گێڕانەوەکە دەکاتە سێیەم کەس و بەم جۆرە دوو هێڵی گێڕانەوە، کە یەکیان چارەنووسی بادینە و یەکیشیان کۆمار، کۆتایییان پێ دێت: بادین بێسەروشوێن دەبێت و سەری خۆی هەڵدەگرێت و دەڕوات و کۆمار بە لەسێدارەدانی قازی کۆتاییی پێ دێت و هەموو چراکان کە هێمای هیوان، دەکووژێنەوە.

ئەگەر بمانەوێت بزانین چەمکی گشتێتییەک کە مەبەستی لووکاچە لەو ڕۆمانەدا تا چ ڕادەیەک دەستەبەر کراوە، پێویستە بڵێین ڕۆمانەکە توانیویەتی خوێندنەوەیەکی گشتی و چەند ڕەهەندی لە ڕووداوێکی مێژوویی لە ڕێگەی فرەهێڵیی گێڕانەوەوە بخاتە ڕوو و ڕەگ و ماکی مێژوویی لەگەڵ دۆخی ناوچەیی و نێونەتەوەییی سیاسییش بنوێنێتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆمان بە کەڵکوەرگرتن لە تێکنیکەکانی گیڕانەوە، وەک هێماناسی، گۆڕینی لێزانانە و ماناداری گۆشە نیگا، گێڕانەوەی چەند هێڵی، تێکەڵکردنی کەسایەتیی خەیاڵکرد و ڕاستەقینە، زیادکردنی بابەتی سۆزدارانە و ئەوین بە گێڕانەوەکە، تەوسیفگەلێکی شاعیرانە و جوان و تەنانەت ناوئاخنکردنی کۆمەڵێک شێعری تایبەت بە خۆی و تەنانەت هێنانەئارای هەندێک ماکی گێڕانەوەی جادوویی، گێڕانەوەکەی لە ڕوانگەی ئەدەبییشەوە یەکجار بەرز بکاتەوە و ڕۆمانێکی زۆر سەرکەوتوو بخوڵقێنێت. هەرچەند ڕەنگە ئەو ڕەخنانەشی لێ بگیرێت کە:

یەک: نووسەر لە نواندنەوە و گێڕانەوەی ژیانی ئاساییی خەڵکیشدا یەکجار لایەنی سیاسیی کارەکەیزەق کردووەتەوە و باری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکەی زۆر کەم نیشان داوە. واتە تەنانەت ئەو کاتەی باسی دانیشتنی ناو سۆزانیخانە و قاوەخانە و دووکانی گوریسفرۆش و وێنەگریش دەکات، بەردەوام بابەتی بەر باس، سیاسەتە و تانە و توانجی سیاسەت فڕکەی دێت.

دوو: نووسەر زۆر جار هەست دەکرێت بە زۆری دەیەوێت ڕووداوە مێژوویییەکانی پێشتر بە شێوەیەکی دەسکرد بە ڕووداوی کۆمارەوە گرێ بدات، ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەڵگەیەکی وا لەبەر دەست نییە کە شتێکی وا بەم زەقییە لە ئارادا بووبێت.

سێ: تەوسیفی زۆر و گۆڕینی بەردەوامی تەوەرەکان و کانوونەکان، خوێنەر هەندێک تووشی سەرلێشێواوی دەکات و هەڵپەسێران و ڕاکێشانی ڕۆمان کەم دەکاتەوە و ڕەنگە زۆر کەس حەزیان لێ نەبێت بەدوای هەودای گێڕانەوەی ڕۆمانەکەدا بچن بزانن دەبێتەوە چی.

چوار: لە کەڵکوەرگرتن لە هێما لەو ڕۆمانەدا هەندێک زێدەڕۆیی کراوە و بگرە دەیان هێما لەکاردا هەیە کە ئەوەش خۆی ڕۆمانەکە ئاڵۆز دەکاتەوە و لە کاریگەریی هێماکانیش کەم دەکاتەوە.

6ـ ئەنجام

ڕۆمانی مژاباد ڕۆمانێکی مێژوویییە کە نووسەرەکەی، جان دۆست، بە زاری کورمانجی نووسیویەتی. ئەو ڕۆمانە چیرۆکی سەردەمی کۆماری کوردستان لە ڕوانگەی کەسایەتییەکی خەیاڵکردەوە دەگێڕێتەوە. ئەو ڕۆمانە بە لەبەرچاوگرتنی ڕەهەندگەلێکی جۆراوجۆر، وەک پێشینەی کۆمەڵایەتی، سیاسی، فەرهەنگی و مێژووییی ئەو ڕووداوە، دۆخی ژێئۆپۆلێتیکی ناوچەکە، دۆخی فەرهەنگی، سیاسی، زمانی و ئایینیی خەڵکی شارەکە، شێوەی ژیانی خەڵک، دەوری کەسایەتییەکان و خوڵقاندنی کەسایەتیی جۆرەکی و هێماییی سەرکەوتوو و تێکەڵکردنیان لەگەڵ کەسایەتیی ڕاستەقینە و هەروەها تەکنیکەکانی گێڕانەوەی سەرکەوتوو، وەک گۆڕینی زمانی گێڕانەوە، کەڵکوەرگرتن لە هێماگەلی جۆراوجۆر، تێکەڵکردنی خۆشەویستی و ئەوینداری لەگەڵ گێڕانەوە، تێکەڵکردنی سەرکەوتووانەی کەسایەتیگەلی ڕاستەقینە و خەیاڵکرد و زۆر تەکنیکی تر، ڕۆمانێکی سەرکەوتوو بخوڵقێنێت.

ئەگەر لە ڕوانگەی چەمکی گشتێتیی لووکاچەوە بڕوانینە ڕۆمانەکە، بێگومان چەتری ڕۆمانەکە بابەتگەلێکی یەکجار زۆری داپۆشیوە و تا ڕادەیەکی زۆر باسی هەموو ڕەهەندەکانی کردووە؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەشی سیاسی و سەربازی بەسەر کەشی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا زاڵە و نووسەر زۆرتر داکۆکیی لەسەر دۆخی سیاسی کردووە، تاکوو ژیانی ئاساییی خەڵکانی ناو کۆمەڵگە؛ واتە ڕاستە کە نووسەر باسی ژیانی خەڵک دەکات، بەڵام ئەوەی باسی دەکرێت کەم وایە شتێک جگە لە بۆچوونی سیاسیی ئەوان بێت و زۆرتر داکۆکی لەسەر ئەو بوارە کراوە. بە زمانێکی تر، ئەگەر کۆمەڵگەی مهاباد ئەو جۆرە بووبێت کە لەو ڕۆمانەدا باس کراوە، دەتوانین بڵێین کۆمەڵگەیەکی یەکجار سیاسەتبردوو بووە کە بێگومان ناکرێت سەتاسەد وا بێت.

سەبارەت بە کەسایەتیی مامناوەندیش، کەسایەتییەکان دوو دەستەن: خەیاڵکرد و ڕاستەقینە. کەسایەتییە خەیاڵکردەکانی ئەو ڕۆمانە کەسایەتیی مامناوەند هەن، بەڵام یەکجار سیاسەتبردوون و هەموو باس و خواسی ژیانیان، مەسەلەی سیاسەت و دۆخی سیاسیی کۆمارە، دەنا بێگومان چینی مامناوەندن و ژیانی ئاساییشیان باس کراوە. سەبارەت بە کەسایەتییە ڕاستەقینەکانیش نووسەر کارێکی سەرکەوتووانەی ئەنجام داوە، بەو هۆیەی کە لە هیچ کام لە کەسایەتییەکان بوت و ئوستوورەی چێ نەکردووە و کەسی بەدوور لە ڕەخنە نەگرتووە و نەزانیوە، هەروەها زمانی سەرەکیی گێڕانەوەکەش کەسایەتییە خەیاڵکردەکانن، نەک ڕاستەقینەکان. لە دەورگێڕانی ئەوانیشدا ئێمە هەرگیز تووشی ئەو هەستە نابین کە قارەمانانێکی سەیروسەمەرە و سەروویین، بەڵکوو بەتەواوی هەست دەکەین لەگەڵ کەسانێکی ئاسایی ڕووبەڕووین کە لە ژیانی ئاساییی خۆیاندا هەڵسوکەوت دەکەن.

ئەگەر بمانەوێت شیکردنەوەکەمان بەرینە سەرتر و بزانین جان دۆست چ وێنەیەکی لە سەردەمی کۆمار خستووەتە ڕوو، پێویستە بڵێین نووسەر هەوڵی داوە ڕووداوەکە بە مێژووی خەباتی کوردییەوە بلکێنێت. جیا لەمەش، واقعبینانە دۆخی سیاسیی نێونەتەوەیی و ناوچەییی ئەو سەردەمەشی باس کردووە تاکوو ڕوون بێتەوە ئەو ڕووداوە بە شێوەیەکی دانەبڕاو لە کەش و ڕەوشی سەردەم ڕووی نەداوە، بەڵکوو بەشێک بووە لە کۆیەکی مێژووییی سیاسیی ناوچەکە. هەروەها نووسەر ویستوویەتی چەمکی خەیانەت بە نەتەوە، وەک یەکێک لە هۆکارەکانی سەرنەگرتنی کۆمار و سەرهەڵدانە مێژوویییەکانی پێشتر بێنێتە بەر باس و ئەوەش لە قەڵەم نەخات کە خواست و ویستێکی یەکگرتوو لەناو سەرۆک عەشیرەتەکان و بەگشتی گەلی کوردا بوونی نەبووە کە خۆیان دەستیان لە گیرفانی خۆیاندا بێت و بڕیاردەری چارەنووسی خۆیان بن.

ئەم ڕۆمانە پێمان نیشان دەدات کە چۆن دەکرێت وێنەیەکی گشتی و گشتبین لە ڕووداوێکی مێژوویی لە بیچمی فۆڕمێکی ئەدەبیدا بخوڵقێندرێت و نووسەر بێ ئەوەی مێژووشی خوێندبێتەوە، لە مێژوودا بژیێت و هەستی پێ بکات؛ بەڵام ناکرێت لەم ڕەخنەیەش چاوپۆشی بکەین کە ڕۆمانەکە بەگشتی کۆمەڵگەیەکی یەکجار سیاسەتبردووی وێنا کردووە کە ئەگەر بەڕاستی وا بایە، ڕەنگە چارەنووسی کۆمار بەم ئاقارەدا نەچووبا و ئەم ویستە گشتییە توانیبای خۆی داسەپێنێت. هەروەها نووسەر نەیتوانیوە دژبەریی بەرژوەندییە چینایەتی و سیاسییەکانیش بە شێوەیەکی پاساوهەڵگر بخاتە ڕوو، بەڵکوو تەنیا بە سەرکۆنەکردنی سەرۆک عەشیرەتەکان و زەمکردنیان باسەکەی پێچاوەتەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە ڕۆماننووسی سەرکەوتوو دەبێت لە نواندنەوەی هەڵسوکەوت و هەڵوێستەکاندا پاساوهەڵگربوونیشیان بخاتە ڕوو و وردبینانە بۆ خوێنەری ڕوون بکاتەوە کە چۆن ڕوانگەی لایەنە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە بۆ خۆیان قەناعەتپێهێنەر بووە؛ واتە تەنیا بە ڕەش و سپی نواندنی هەڵوێست و کەسایەتییەکان هەرگیز ناتوانرێت گێڕانەوەیەکی سەرکەوتوو و واقعبینانە و گشتی لە واقعییەتی مێژوویی بخرێتە ڕوو.

بەکورتی ئەم ڕۆمانە هەم لە باری داڕشتنی کەسایەتی و هەم گشتێتییەوە ڕۆمانێکی تا ڕادەیەک سەرکەوتووە، بەڵام دۆخی سیاسەتبردوویی بەسەر گێڕانەوەکەدا زاڵە و ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کەمتر دەبینرێت و لێکدژیی بەرژەوەندیی چینایەتی و سیاسییش بە شێوەیەکی پاساوهەڵگر نەنوێندراوە. جیا لەوەش لە باری تەکنیکە ئەدەبییەکانی گێڕانەوەشەوە ڕۆمانێکی بەرچاوە و تەنانەت دەکرێت بڵێین هەندێک لە ڕێئاڵیزمی تۆخیش مەودا دەگرێت و لە چەند شوێندا بەرەو ڕێئاڵیزمی جادوویی دەچێت؛ هەروەها ڕۆمان لە باری ڕەهەندەکانی تری ئەدەبییشەوە قسەی زۆری پێیە و بەتایبەت لە بابەت هێماخوازییەوە کارێکی بەهێزە.

سەرچاوەکان

  1. حاتمی، امیر حسین (1398)، تحلیل و بازنمایی تاریخ اجتماعی در رمان تاریخی بر مبنای دیدگاه جورج لوکاچ، پژوهش ادبیات معاصر جهان: دوره 2، شماره 1، بهار و تابستان 1398، صص: 435-67.
  2. خالق پناه، کمال و ناصری، جمیل (1396)، بازسازی تاریخی و سبک شخصیت پردازی در رمان سال‌های ابری: قرائت لوکاچی، مجله جامعه شناسی هنر و ادبیات، بهار و تابستان 1396، دوره نهم، شماره 1؛ صص 133-158.
  3. دۆست، جان (2024)، مژاباد، وەرگێڕان: فەرهاد چۆمانی، ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زین
  4. روحانی، کمال (1400)، تاریخ کورد و کوردستان (ج دوم: تاریخ سیاسی معاصر کوردستان)، سنندج: نشر آراس.
  5. عسگری حسنکلو، عسگر (1387)، سیر نظریه‌های نقد جامعه شناختی ادبیات، ادب پژوهشی: شماره 4.
  6. لوکاچ، جرج (1391)، پژوهشی در رئالیسم اروپایی، ترجمه اکبر افسری، تهران: علمی و فرهنگی
  7. لوکاچ، جرج (1379)، نقد، نویسنده و فرهنگ، ترجمه اکبر معصوم بیگی، تهران: دیگر
  8. لوکاچ، جرج (1388)، رمان تاریخی، ترجمه شاپور بهیان، تهران: اختران
  9. لوکاچ، جرج (1392)، نظریه رمان، ترجمه حسن مرتضوی، تهران: آشیان
  10. محمدی، جمال و احمدیان، ایوب (1402)، “تکه‌پاره شدن زیست‌جهان سوژه کرد به روایت رمان تاریخی: خوانش لوکاچی رمان زینووی به‌ته‌م”، پژوهشنامه ادبیات کردی، 9/2/1402 Doi: 66-33، سال9، شماره 3، پیاپی 16.
  11. Ahmadzadeh, H. 2024. “Resurrecting Silent Histories: A Journey through the Historical Novels of Kurdish Auther Jan Dost”. Orientalia Suecana. Vol. 73: 110-132.
  12. Bochenska, J. 2014. “Kurdish Contemporary literature in search for Ordo Amoris”. Nubihar Akademi. Vol: 1 issue: 1-2014. Pp: 35-54.

[1] Faramarzi.shoresh@gmail.com

[2] Georg Lukacs

[3] Walter Scott

[4] Balzac

[5] tolstoy

[6] Emile Zola

[7] وەرگیراو لە فەسڵی 24ی کتێبی “تاریخ سیاسی معاصر کوردستان” تالیف دکتر کمال روحانی (1400)