وه‌هبی ڕەسوڵ و جیهانی نیگاركێشی
هێڵ، واقیع و جووڵەی نهێنی
ده‌بینین هونەرمەند لە جیهانی نیگاركێشی ده‌بزوێ و جووڵەكان ئاراسته دەکات، جیهانێک کە تێیدا په‌ڕه‌موچ لێدان و وه‌شاندن، هێڵ و هەموو ئاماژه وردەکان ژێر دەستی په‌رته‌وازه‌یی و ڕێكکه‌وت نین، بەڵکوو پابەند بە ڕێکخستنی ناوخۆیین. ئەم ڕێکخستنە نە ژمارەیییە و نە چیرۆکئامێز؛ بەڵکوو لە هاوسەنگیی وردی نێوان تێگەیشتن، تەکنیک و هۆشیاریی مرۆڤ بەرامبەر جیهان خۆ ئاماده ده‌كاته‌وه. تابلۆ وەک ڕووكه‌شێكی تەخت نابیندرێت، بەڵکوو وەک بوارێک کە ڕاستی خۆی تیا شارراوه و په‌نهان كردووه، له پشت هێڵەکان، چینەکانی ڕەنگ و جووڵەی بچووک و ناسک.
ڕاستی، وەک لەم کارانەدا دەردەکەوێت، هەرگیز كامڵ نابێت. به‌ڵكوو په‌رت و لاواز کراوە، بەشێکی سڕاوەتەوە و دووبارە پێکەوە گرێدراوە. ئەوە سەر بە جیهانی ئێمەیە، بەڵام بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ نوێنەرایەتی ناکرێت. بەڵکوو وەک ئاسه‌واری ئه‌و جیهانه، ئاماژەیەک یان بیرەوەریی شتێک بوونی هەیە کە هەبووە، یان دەبووایە هەبێت. ئەمەش ناوەندی بیرکردنەوەی کاری هونەرمەندە: ڕاستی ئەوە نییە کە دەیبینین، بەڵکوو ئەوەیە کە خۆی دژ بە خۆخستنه‌ڕوویه‌كی ڕاسته‌وخۆییانه دەوەستێته‌وه.

جیاکردنەوەی بابەت له فەلسەفە
یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییە بونیادگه‌ره‌كان له ئه‌زمونی هونەرییانه‌ی وه‌هبی ڕه‌سووڵدا، جیاکردنەوەیه‌كی بە مه‌به‌ستە لەنێوان ناوەڕۆکی بابەتی و مه‌ودا فەلسەفییەکەی. به‌رهه‌مهێنان بۆ بابەتەکان به‌و وه‌سفه ناكرێن كه هه‌ڵگرێكی سه‌ربورده‌یی یاخود هێماگه‌ریانه بن، بەڵکوو وه‌رده‌چه‌رخێن بۆ كایه‌گه‌لێكی ئه‌زموونگه‌رییانه‌ی كراوه. له‌م كارانه‌دا فەلسەفە نه وێنە ده‌كرێت و نه گێڕانه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت، بەڵکوو له ڕێی خودی كرده‌یه‌كی شێوه‌كارییانه‌وه خۆ به‌رجه‌سته ده‌كات.
ئەم جیاکردنەوەیە نامانگه‌یه‌نێت به دابڕان، به‌ڵكوو ده‌رفه‌تێ بۆ ئه‌بستراكت ئه‌كاته‌وه تا له‌نێو سیستمێكی ڕه‌خته‌كراودا كاری خۆی بكات به‌دوور له هه‌ر خۆبه‌خۆییه‌ك. ئه‌بستراكت لێرەدا هەرگیز زه‌خره‌فیانه و بۆ جوانكاری و ڕازێنه‌ره‌وه نییه، بەڵکوو بارگاوییه به گرژییه‌كی بوونگه‌راییانه‌ی ڕوون. هەر هێڵێک و هەر ڕەنگێک به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ دەچێتە دیالۆگه‌وه لەگەڵ پرسیارەکانی ئاگایی و هۆشیاری، و سه‌ره‌ندی، و هه‌ڵۆڵی و ناسکیی بوونی مرۆڤ، و جووڵەی ناوه‌كی. و هه‌ر به‌م مانایه‌یه، تابلۆ وه‌رده‌چه‌رخێت بۆ پراكتیزه‌یه‌كی هزریی بینیاری، نه‌ك نواندێك بێت بۆ هزرگه‌لێكی ئاماده.
شەش قۆناغی هونەری
دەتوانرێت خوێندنه‌وه بۆ پەرەسەندنی ئه‌زموونی هونەرمەند لە ڕێگەی پێنج بۆ شەش قۆناغی هونه‌رییه‌وه بكرێت، ئه‌مه نه‌ك به‌و وه‌سفه‌ی زنجیرەیەکی زه‌مه‌نی جیا و یه‌كلاكه‌ره‌وه له‌خۆ بگرێت، بەڵکوو وەک دۆخە بوونییە به‌یه‌كداچوو و تێکەڵبووەکان، كه وه‌ك سه‌رله‌به‌ری پڕۆژه‌كه له‌نێو خۆیاندا یه‌كتر ده‌بڕن و ئاوێته‌ی یه‌كتر ئه‌بن.
قۆناغی یه‌كه‌م / ئه‌بستراكتێكی فه‌لسه‌فییانه
لە سیمای ئه‌م قۆناغه‌دا، تجریدێکی ناسک و خاوه‌ن ژێده‌رێكی فەلسەفی زاڵە. تابلۆکان هه‌ڵگرن به هه‌ستیاری و كورت و پوختكردنه‌وه‌یه‌كی بینیاری، به‌شێوه‌یه‌ك. هێڵەکان دوودڵن و یه‌كلاكه‌ره‌وه خۆ نانوێنن. ڕەنگ به کەمترین ئاستی بەکار دێت. لێره‌دا واتا هێنده‌ی له نائاماده‌یییه‌وه دروست دەبێت هێند زادده‌ی ئاماده‌یییه‌ك نییه، كه هه‌ر ئه‌مه‌شه مۆركێكی ڕامانگه‌رای بێده‌نگ و خامۆش به كاره‌كانی ئه‌م قۆناغه ئه‌به‌خشێت.
قۆناغی دووەم – دەرکەوتنی زەخره‌فه
لەم قۆناغەدا، ڕوخسارگه‌لێكی زه‌خره‌فی دەردەکەون، بەڵام جێگیرنین و خۆ كامڵ ناكه‌ن. ئه‌م توخمانه پارێزگاری له پەیوەندییه‌كی ناڕاسته‌خۆ بە جیهانەوە ده‌كه‌ن، وەک چه‌ندین پارچەی بچووك له بیرەوەری. جووڵە ده‌بێته ئاراسته‌یه‌كی بو‌نیادگه‌رانه له‌نێو تابلۆدا (ستوونی و ئاسۆیی) كه گرژی و هێزێكی ڕاكێشانی ناوه‌كی به ئاراسته‌یان ده‌ئه‌فرێنن، ئه‌مه له ساتێك‌دا كه فۆڕمه زه‌خره‌فیه‌كان دژوار و ناڕوون و بێ كۆتا ئه‌مێننه‌وه.
قۆناغی سێیەم – تەکنیک و ڕەنگ وەک واتا
ئەم قۆناغە پێگەیشتنێكی تەکنیکییانه ڕوون به‌خۆوه ئه‌بینێت. به‌شێوه‌یه‌ك ڕووته‌ختی تابلۆ چەند چینن و خاوه‌ن قووڵایی جێگه‌یین. ڕەنگ زۆر له‌سه‌رخۆ بنیاتنانی بۆ ئه‌كرێت، له‌بری پراكتیزه‌كردنێكی ڕاسته‌وخۆ و سه‌رانسه‌ریی یه‌ك كه‌ڕه‌تیانه. ڕەنگەکان پله‌كانی مۆر و پەمەیی واتایه‌كی مێتافیزیکییانه له‌خۆ ئه‌گرن، كه ئه‌مانگێڕنه‌وه بۆ سنوورەکانی نێوان دیاری و نادیاری، و نێوان واقیع و دۆخێكی ناوخۆیی. بەبێ پشتبه‌ستن به پێرسپێکتیڤی کلاسیکی ڕێساییانه.
قۆناغی چوارهه‌م ـ جووڵه‌ی شوێنیی
لێرەدا جووڵە دەبێتە توخمێكی ناوەندی. تابلۆکان وەک ئەوەی هەناسە دەکێشن. به‌ره‌نجامی یه‌كتربڕینی هێزە ستوونی و ئاسۆیییەکان. پێکهاتە دینامیکییە، و بەڵام کۆنترۆڵ کراوە. به‌شێوه‌یه‌ك نه هیچ داڕمانێك، و نه هیچ چه‌قبه‌ستوویه‌ك بوونی نییه. جیهانە جیاوازەکان لە یەک كایه‌ی نیگارگه‌راییدا پێکەوە دەژین، له بزاوتنێكدا له لێواری ئه‌مسه‌ری تابلۆوه بۆ لێواری ئه‌وسه‌ری.
قۆناغی پێنجەم – پێگەیشتنێكی ئیستاتیكی
ئەم قۆناغە ڕوونییەکی جوانکاریی بەرز پیشان دەدات. هونەرمەند تەنها پشتبه‌ستی شاره‌زایی و كارامه‌ییی خۆی نابێت، بەڵکوو متمانەی تەواوی بە زمانی نیگاركێشانه. هەر جووڵەیەک حیسابی تایبه‌تی بۆ كراوه، و هەر لێدانێکی په‌ڕه‌مووچ وشیاری و بەرپرسیارییەكی تیایه . پێگەیشتن لێره‌دا مانای گه‌یشتن به كه‌ماڵ نییە، بەڵکوو به‌دیهێنانی هاوسەنگیه‌كی وردكارانه‌یه له‌نێوان هێز و هه‌ستیاریدا.
قۆناغی شەشەم – ئاوێته‌بوون
لەم قۆناغه کۆتایییه‌دا، هەموو توخمەکانی پێشوو له نێوكۆی ڕشته‌یه‌كی تاكه بینیاریدا یه‌ك ده‌گرن. ڕەنگ، تەکنیک، نوێنەرایەتی، هۆشیاری، سه‌ره‌ندی وناسكیی مرۆڤایەتی له بنیاتنانێكی كامڵبوودا خۆپێكده‌هێنن. ئەم جیهانە لە هه‌وڵی ئه‌وه‌دا نییه له واقیع ڕاكات و هه‌ڵبێت ، بەڵکوو له هه‌وڵی هه‌رچی زیاتر فراوانكردنی و سه‌رله‌نوێ بیر لێ كردنه‌وه‌یدایه.
به‌كۆتاهێنان
ناكرێت ئه‌زموونی هونه‌رییانه‌ی وه‌هبی ڕه‌سوول له شێوازێكی دیاریكراو یا ئاراسته‌یه‌كی داخراودا كورت بكرێته‌وه. هونەرمەند ستایلێك نائه‌فرێنێت، به‌هێندایی ئه‌وه‌ی پانتایی و بوارێک بۆ بیركردنه‌وه‌یه‌كی بینیارییانه بخه‌مڵێنێت، کە تێیدا دیاریكراوانه مرۆڤایەتی به‌ده‌ركه‌وێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕاشكاوانه ناوزه‌دكراو نییه. به‌مه‌ش، ئه‌زموونه هونه‌رییه‌كه‌ی له‌میانی پراكتیزه‌یه‌كی شێوه‌كارییانەی هاوچه‌رخدا دێت كه مامه‌ڵه له‌ته‌ك تابلۆدا به‌و وه‌سفه ئه‌كات كه كایه‌یه‌كی فه‌لسه‌فییانه‌یه، نه‌ك ته‌نها ئامرازێكی بینیارییانه بێت بۆ نواندن و خستنه‌ڕویه‌كی بینراو.