سوریالیزم و بازدان لە دەقی ئەدەبیدا، لە زمانەوە بۆ ڕووداو 

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی (دوای بوومەلەرزە)ی قاسم محەمەدزادە، وەرگێڕانی هەردی سەیدە.

سەرنج و بەرایی:

سوریالیزم قوتابخانەیەکی فەلسەفی نییە، بەڵام پێش ئەوەی ڕێبازێکی ئەدەبی بێت، ڕیشەی لە هزر و بیرە فەلسەفیەکانیشدا هەیە، بەتایبەتی لای هیگڵ و شۆپنهاوەر و نیچە، تەنانەت نیچە ئایدیای نائاگایی لە بیری ئاگایانە بەرزتر دادەنێت، کەواتە سوریالیزم ڕەهەندێکی فەلسەفیشی هەیە بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتنی زیاتر لە مرۆڤ و دەوروبەرەکەی، بەڵام زیاتر لە هونەر و ئەدەبیاتدا سوریالیزم خۆی بەرجەستە دەکاتەوە، کاتێ لە هەوڵی خوێندنەوە و تێگەیشتنی مرۆڤدایە لە ڕێی کەشف و دۆزینەوە و خستنەگەڕی ناخودئاگا و خولقاندنی بان واقعیەت، بەتایبەتی لەسەر دەستی ئاندرێ بریتۆن و گیوم ئاپلۆنەر کە خۆیان پزیشکی دەروونی بوون.

 بەڵام وەکو فردیناند ئالکیە دەڵێت: هیچکام لە سوریالیستەکان فەیلەسوف نەبوون بە ئاوارتەکردنی ژیرارد لێگران[i] Gerard Legrand، لەگەڵ ئەوەشدا لە پێگەیەکی فەلسەفییەوە دەڕواننە شتەکان.

لەم بارەوە فردیناند ئالکیە[ii] چەند خاڵێک وەکوو فەلسەفەی سوریالیزم دەستنیشان دەکات وەکوو ١- ئازادیی هزر ٢ – ئومێد، یاخیبوون و شۆڕش ٣ – خودکاری و ڕێککەوت ٤- پەیوەندی و دۆزینەوە ٥ – عەشق و جوانی.

ئەمەش ئەو تێگەیشتنەمان دەداتێ کە سوریالیزم خەیاڵپڵاوی و دێوانەیی نییە، بەو واتایەی لە ئەزموونی ڕۆژانەماندا بەری دەکەوین بەڵکوو سوریالیزم ڕێکارێکی هزرینی گرنگ و قووڵە کە بەرئەنجامی گومانکردنە لە عەقڵ و ئەو واقعیەتەی هەیە، بۆ پەیبردن بە ڕاستییەکان و تێگەیشتن لەوەی هەیە تەنها پشت بە عەقڵ و لۆژیک نابەستێ بەڵکوو پشت بە ناخودئاگا و خەونی ئاگابەرز، کە لە درێژەی ئەم باسەدا زیاتر ئەم چەمکانە ڕوون دەبنەوە.

لە زمانەوە بۆ ڕووداو بازدانێک لە ئەدەبدا

“سوریالستەکان دەیانویست زمان بەلاوە بنێن، بە گوتەی بریتۆن دەیانویست وێنەکان بە وێنە شیکار بکەن نەک بە یارمەتی زمان”  بابەک ئەحمەدی

 بێگومان ئەم ڕێبازە تەنها بە شیعر و چیرۆک یان ڕۆمانەوە نەوەستا بەڵکوو لە هونەرەکانی وێنەکیشان و پەیکەرتاشی و شانۆ و مۆسیقا و دواتریش لە هونەری سینەمادا ڕەنگی دایەوە.

سوریالیزم کە پشت بە خستنەگەڕی نائاگایی دەبەستێت، بۆ ئەمەش تەکنیکی زۆری داهێناوە بۆ نووسین، بە تایبەتی ئۆتۆماتیکی و ڕەخساندنی ئازادسازی وێنەی زەینی.

 تەکنیکە گرنگەکانی سوریالیزم:

  • نووسینی خۆبەخۆ (ئۆتۆماتیکی) خەیاڵداری و یادەوەریی ئازاد.
  • فۆکس خستنە سەر ناخودئاگا، خەون، رێککەوت و بان واقعیەت.
  • وێنە و میتافۆری ناباو.
  • گرنگیدان بە شتی ڕۆژانە.
  • درووستکردنی فەزای وەهمی و  شاعیرانە.

بەڵام کێشەی سەرەکی لە ئەدەبی سوریالیستیدا ڕەنگە ئەوە بێت کاتێک ئایدیا و بیرەکان نائاگایی بن بەڵام دەربڕین پشت بە وشە و دەستەواژەکان دەبەستێت ئەمانەش شتگەلێکن لە واقعدا بەشێوەیەک هەن و بوونیان هەیە کە ڕێسا و یاسامەندی خۆیان هەیە و، مانا و ئاماژەکانیان ناسراون ئەمەش پێویستی بە ڕێکخستنێکە کە پشت بە ئاگایی دەبەستێت، ئیتر ژانری هونەری چیرۆک و ڕۆمان بێت یان وێنەکیشان و پەیکەرسازی یان مۆسیقا بێت. ئەمەش لە خۆیدا پارادۆکسێکە. کە نائاگایی پشت بە ئاگایی ببەستێت بۆ نواندنەوە و دەرخستنی خۆی وەکوو بان واقیعەتێک.

بۆیە لە ژانری گێڕانەوەدا ئەدەبی سوریالستی پتر پشت بە وێنە و میتافۆر و ڕووداوی سەیر و گۆتیک و تارمایی و خەون و وەهم و خەیاڵات دەبەستێت تا ئەفسوونی وشە و ئاستی دەربڕین و زمان باڵایی، ئەمەش لە خۆیدا بازدانێکە لە زمانەوە بۆ ڕووداو، چوونکە دەربڕینی سەخت و قووڵ و زیاتر ڕەگی لە واقعدا هەیە، بەڵام دروستکردنی ڕووداوی نائاسایی و هێنانی وێنە و میتافۆری سەیر و سەمەرە و ترسناک و وەهمی ئەوە بیرە دەڕەخسێنن کە بان واقیع بکەوێت و بەمەش ئەدەبی سوریالستی خۆی زیاتر بەرجەستە و تۆکمە دەکات و ڕەگی قووڵ و بنەمایەکی ڕیشەدار و پتەوی دەبێت.          

بە واتایەکی تر ئەدەبی سوریالیزم بە تایبەتی لە چیرۆک و ڕۆماندا هێزی خۆی پتر لە چەشنی ڕووداو و خەون و خەیاڵەوە وەردەگرێت تا زمان و کایەی زمانی و ئەفسونسازی وشە و پیاهەڵدان.

هەروەک دەشبینین لەم ڕۆمانەدا (لە دوای بوومەلەرزە)، زمان سادە و بێگرێ و گۆڵە و گێڕانەوە سادە و زمان سفت و خز و لەبەر ڕۆیشتووە، ڕووداوەکان لەسەر هێڵێکی ئاسۆیی و بەدوای یەکتردا ڕوو دەدەن، گێڕانەوە ڕێک و ئاسان و بێ پێچووپەنا و سادەیە، نەک پەسن و گوشار و ئەفسونی وشە و زمان و زاراوە داتاشین، بەڵام جۆری ڕووداوەکان و نائاساییبوونی دۆخەکە و ئەو کەشەی ڕۆمانەکە دەیخولقێنێت، تەواو سەرسامەکەر و بان واقعییە وەکوو:

  • فڕینی چوارچێوەی وێنەکان لە نهۆمە بەرزەکانەوە پاش شکانی شووشە و ڕووخانی هەندێ لە بەشی باڵەخانەکان.
  • هەروەها بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئینانا و تووشبوونی بەساڵاچووان و دیارنەمانی پیرەکان لە دوای کوتان.
  • بارینی مرۆڤ و کەوتنی پیرەکان لە ئاسمانەوە بۆ ناو دەریاچەکە.
  •  فڕینی پەیکەرەکان بۆ ئاسمان لەرێگای میزەڵانی هیلۆم و مانەوەیان بە ئاسمانی شارەکەوە.
  •  هاتن و دەرکەوتنی کورتەباڵاکان و بەخشینی ڕەهەندێکی ترسناک بە دۆخ و فەزای شارەکە.
  •   سپیبوونەوەی لاپەڕەی کتێبەکان و گۆڕینی ناوەرۆکی ڕۆمانەکان بەپێی خەیاڵ و هەستەکانی خوێنەرەکە.
  • هەروەها فەنتازیای بارانەکە بەسەر پەیکەرەکاندا.
  •  کۆپیکردنی کورتەباڵاکان و بڵاوەپێکردنیان لە شارەکاندا.
  •  خەونی پاسەکە و وڕێنە و ونبوونی پیاوەکە لە نێو دارستانەکەدا.
  • لە هەموویان گرنگتر بیرچوونەوەی دۆخی خێزانی نەمانی ئەو چوارچێوە فەرمییەی کە هەیە، هەموو ئەمانە کەشێکی تەواو سوریالستی و فەنتازییان لە نێو ڕۆمانەکەدا خولقاندووە.  
ڕووبەرگی ڕۆمانی (دوای بوومەلەرزە) نووسینی: محەمەد قاسم زادە، وەرگێڕانی: هەردی سەیدە، چاپکراوەی ناوەندی ڕەهەند ٢٠٢٥

لە ناخودئاگاوە تا خەونی ئاگاویست

ئەم ڕۆمانە بە خەون دەست پێ دەکات، لەسەر خەون خۆی بونیاد ناوە و ڕۆ نراوە، خەونێکی سوریالی، یان سوڕەئال، کە ((گوتەوان)) گێڕەرەوە لەناو ڕۆمانەکەدا دەیبێنێت، تییدا دوای ئەوەی بوومەلەرزە هەندێ لە نهۆمی باڵەخانەکان دەڕووخێنێ و پەنجەرەکان دەشکێن و شووشەکان هاڕە دەکەن چوارچێوەی وێنەکان لە پەنجەرەکانەوە دەرباز دەبن و هاوشێوەی باڵندەی ناو قەفەز بە چواردەوردا بڵاو دەبنەوە و دەفڕن!..

دواتر ڕێک دوای ٢٩ ڕۆژ کە ڕۆژی هەینییە و (گوتەوان) ڕێک لە هەمان ئەو مەیدانەی شاردا دەبێت کە لە خەوەکەیدا بوومەلەرزە ڕووی دا، بە هەمان شێوەی خەونەکەی بوومەلەرزە ڕوو دەدات و هەندێ لە باڵەخانەکان درزیان تێدەکەوێت هەندێ نهۆم داڕووخاو دەبن و شووشەی پەنجەرکان دەشکێن و چوارچێوەی وێنەکان لە پەنجەرەکانەوە دەردەچن و وەکوو باڵندە دەفڕن.

خەون یەکێکە لە توخمە هەرە گرنگەکانی ئەدەبی سوریالیستی، خەون و گۆتیک، چوونە ناو خەو و خەیاڵ و پشتبەستن بە ناخودئاگا فەلسەفەی سوریالستەکان پێک دەهێنێت، لەم بارەوە ئاندرییە بریتۆن دەڵێت تایبەتمەندیی سوریالیزم بریتییە لە سێ تەکنیک؛ نووسینی خۆ بەخۆ، گێڕانەوە خەیاڵییەکان، ئەزموونی خەونی موگناتیسی. چوونکە لای ئەمان واقع و ئەوەی وەکوو واقع خۆ دەنونێنێت تەنها ڕووپۆشێکە و دەشێت زۆربەی ڕاستییەکان لە خەونەکانماندا دەربکەون و بیاندۆزینەوە، واقعی ڕاستەقینە دیوە پەنهان و شاردراوەکەی ئەم بوونەیە، ئێمە تەنها لە ڕێگای دۆزینەوە و پەیبردن و بە گەڕخستنی نائاگایی و پشکینی دیوە شاراوەکان دەتوانین پەی بە ڕاستی ببەین و ئەوە هەڵێنجین کە دەبێت بیزانین دەربارەی خودی مرۆڤ و دەستەڵات و ئەم کەتوارە.

 بەم پێیە ئێمە لە بەگەڕخستنی نائاگایییەوە، دەگەین بە خەونێک بان واقعیەتێک کە لێرەدا بە خەونی (ئاگاویست) یان (ئاگابەخش) ناوی دەهێنین، چونکە ئەم خەونە وریایییەکی بەرزمان دەداتێ بەرانبەر ئەو واقعە ڕووپۆشکراوەی هەستیاریمان پێی هەیە و ناکۆکین لەگەڵیدا و دەمانەوێت کەشف و دۆزینەوەی تێدا ئەنجام بدەین و ئاشکرای بکەین بۆ ئەوانی تر، لە ڕێی ئەم خەونە (ئاگاییویست) و (ئاگاییبەخش)ەوە کە لە خۆیدا خەونێکی (ئاگابەرز)یشە واقعی داشاردراو و ڕاستقینە ببینین، نەک تەنها واقعی ڕووپۆشکراو، بەمەش ئێمە لە ئەدەبی سوریالستیدا گەشت بۆ دنیایەکی تر دەکەین کە لە ڕێیەوە لەم دنیایەی ئێستامان تێدەگەین بەبێ ئەوەی لێکچوونێکی هێندەی لەگەڵ واقع هەبێت وەکو ئەوەی لە ئەدەبی ڕیالیزمی جادوویدا هەیە. هەرچەندە سوریالیزم و ڕیالیزمی جادوویی هەردووکیان پشت بە خەون و خەیاڵ و تێکەڵکردنی لەگەڵ واقع دەبەستن بەلام کارکرد و شیوەی کاریان جیاوازە.

ڕیالیزمی جادوویی پەیوەستە بە سەبکێکەوە کە نووسەرانی ئەم شێوازە ڕووداوگەلێکی جادوویی یان بان واقعی دەهێنن لە ناو ڕۆمانە ڕیالستیەکانیاندا دەیگونجێنن، بەجۆرێک خوێنەر گومان لە ئەگەری بوونیان ناکات، مەبەست لەمەش تێکەڵکردنی خەیاڵ و واقعە. بەرهەمی ڕیالیزمی جادوویی خوێنەر بە درکێک دەگەیەنن کە لە جیهاندا هیچ شتێک بەدیهی و ئاشکراو ڕوون نییە و هەموو شتێ قابیلی ڕوودانە. تەیبەتمەندییە ناواقعییەکانی ئەم تەوژمە بە توندی لەژێر کاریگەریی سوریالیزمدایە، ئەم سەبکە تا بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی سەدساڵ تەنیایی گابریل گارسیا مارکیز بە زمانی ئینگلیزی لە ساڵی١٩٧٠، نەبووبوو بە دیاردەیەکی ئەدەبی نێودەوڵەتی.

جیاوازی سوریالیزم و ڕیالیزمی جادوویی:

سوریالیزم و ڕیالیزمی جادوویی هەردووکیان کەڵک لە تێکەڵکردنی خەیاڵ و واقع وەردەگرن. جیاوازی سەرەکییان لە ناوەرۆکدایە، ڕیالیزمی جادوویی دنیایەکی لێکچوو بە دنیای ڕۆژانە وێنا دەکات، بەڵام بە ڕەنگ و بۆیەکی تر. نووسەر ڕەنگە لە گۆشەنیگایەکی ناباو یان ڕووداوێکی نائاسایی کەڵک وەگرێت، بەڵام ئەو ڕووداوە ناعەقڵانییە لەناو داستانەکەدا بەشێوەیەکی ئاسایی دێتە بەرچاو.

 بەڵام سوریالیزم ئێمە بۆ دنیایەکی تر دەبات. لە چیرۆکی سوریالستیدا ڕووداوێک ڕوو دەدات تەنها لە زەینی نووسەردا ئەگەری بوون و دەرخستنی هەیە. بەڵام لە ڕیالیزمی جادووییدا توخمە جادوویییەکە سەر بەو کولتوور و نەریت و مێژووەیە کە دەقەکەی تێدا دێتەبوون، بە واتایەکی تر توخمەکانی چیرۆکی جادوویی لە بیروباوەڕو نەریتە گشتی و ناوچەیییەکانی ئەو کەلچەرەدا بوونیان هەیە، هەروەها دوو بنەمای سەرەکیی سوریالیزم بریتین لە:

١ – تێکەڵکردنی توخمی نامۆ و ناپەیوەند، بەشێوەی عەقڵانی لەیەک ژینگەی ناباودا.

٢ – ئۆتۆماتیزم: یان میتۆدی ئازادیسازی وێنە و زەینی نائاگا و دەرچوو لە قەیدی چاودێری عەقڵ لە کاروکردەوەدا.

ئەم دوو بنەمایە لە چیرۆکی ڕیالیزمی جادووییدا نییە، بە واتایەکی تر ئەگەر لە چیرۆکی سوریالستیدا خوێنەر دەچێتە جیهانێکی بێگانەوە، لە ڕیالیزمی جادووییدا، واقعێکی ناباو بەرچاو دەکەوێت، بەڵام ئەو جیهانە بۆ خوێنەر زیاتر جێی باوەڕە.

بەشێوەیەکی ڕوونتر دەتوانین بڵێین سوریالیزم دنیایەکی ترمان بۆ نیشان دەدات کە هەرچەندە بە ئێمە نامۆ بێت بەڵام لەوێدا هەقیقەتی مرۆڤ و کێشەکانی زیاتر خۆ دەردەخەن، پێچەوانەی ئەم واقعەی ئێمە دەیناسین و وەکوو ڕاستی مامەڵەی لەگەڵ دەکەین، ئەو نیشانمان دەدات ئەم واقعە هەمووشتێ نییە، بەڵکوو دنیایەکی ژێر پەردە و شاراوە هەن ڕەنگە زیاتر لەوەی دەیزانین و لەبەرچاومانە فەرمان بەسەر ڕفتار و هەڵسوکەوت و چارەنووس و ژیانمانەوە بکەن، بێ دۆزینەوە و دەرخستنی ئەو ڕەهەندەدا شاردراوانە مەحاڵە بتوانی چارەسەرێکی دروست و ڕاستەقینە بەدەست بهێنین.

هەڵگرتنی سنوور لە نێوان خەون و واقعدا

گوتمان ئەم ڕۆمانە لەسەر خەون ڕۆنراوە بە جۆرێک خەون لەپاڵ خەون و خەون لەدوای خەون بەردەوامی بە گێڕانەوە دەدەن تا دەگاتە ئاستێک کە سنوور لە نێوان واقع و خەیاڵدا نامێنێت یان زۆر کاڵ دەبێتەوە. خەونێکی تر لە خەونەکانی ناو ئەم ڕۆمانە خەونی چوونە ناو پاسەکەیە کە بەناو بیاباندا بەبێ شۆفێر ڕێدەکات و کەسیش لە پاسەکەدا نییە بەڵام لە ناکاو کەسێک یەخەی ((گوتەوان)) دەگرێت و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکات لەسەر ئەوەی کە ژنێکی بێزار کردووە لە کاتێکدا کەس لەنێو پاسەکەدا نەبووە، – بەڵام کاتێ ئەم دەچێتە دادگا بۆ بە دواداچوونی ماڵەکەی خۆیان، ئەوان وەکوو دادوەر پێشوازی لێدەکەن و ژنێک (ئەم ژنە لێرەدا دەبێتە وێژەر) دێت سکاڵا دەکات لەسەر خەوێک کە بینویەتی گوایە لە خەوەکەیدا پیاوێک (کە هەمان ئەو پیاوەیە کە لێپرسینەوەی لەم دەکرد لەخەوەکەیدا کە ئەمیش لە هەمان پاسدا بوو) یەخەی ئەمی گرتووە و گوتوویەتی پیاوێک بێزارت دەکات –  بەڵام لە ڕاستیدا کەس ئەمی بێزار نەکردبوو بەڵکوو ئەم پیاوە کە شێوەیەکی ناشیرینی هەبوو ئەمی ترساندووە.

سەرەتا تا کۆتاییی ئەم ڕۆمانە هاتووچوونە لە نێوان خەون و واقعدا هێڵێکی تۆخ لەم نێوانەدا نابینینەوە، چوونکە سوریالیزم خۆی کاڵ کردنەوە و هەڵگرتنی ئەم سنوورەیە. تەنانەت بەهۆی نەبوونی ئەم سنوورەوە کاریگەریی ئەم خەونانەوە، پەیوەندیی نێوان کارەکتەر و کەسەکانی ناو ئەم ڕۆمانە، هەموویان پەیوەندییەکانیان تێک دەچێت کەس نازانێت ئەوەی لەگەڵی دەژی خوشکیەتی یان ژنیەتی برایەتی یان مێردیەتی، ئەوەی لەگەڵیدا ژیاوە دایکی بووە یان کێیە؟

 دواتر (گوتەوان) کە خۆی کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکەیە لە سەر زمانی خۆیەوە واتە کەسی یەکەمی تاک دەیگێڕێتەوە ناشزانین ناوی چییە چوونکە هیچ کەسێک ناوی ئەو ناهێنێت هەڵبەتە لە کۆتاییی ڕۆمانەکەدا وا دەزانین کە ئەو دادوەرە، هەرچەندە خۆی دەڵێت ئەوەندەی من بیرم بێتەوە من فەرمانبەری وەزارەتی دارایی بووم ئیتر نازانم بۆچی ئیستا بووم بە دادوەر، واتە ناو و پیشەکەی خۆیشیمان لێ دەشێوێنێت.

 هەر لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە، دوای ئەوەی بوومەلەرزەکە ڕوو دەدات، (گوتەوان) گێڕەرەوە نزیکەی کاتژمێرێک ڕادەکات بەرەو باکوور تا خۆی لە بوومەلەرزەکە ڕزگار بکات، دواتر لە قەراخی پارکێکدا دەکەوێت، دواتر ژنێک کە وەک بڵێی دایکییەتی بەئاگای دەهێنێتەوە و لەگەڵ خۆی دەیباتەوە بۆ ماڵەوە ئەم ژنەکە ناناسێت بەڵام ئەو وەکوو دایکی هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکات، هەروەها هەر لەو ماڵە کەسێک بە ناوی خەسرەو وەکو باوک ڕفتار دەکات، کچێکی گەنجی جوانیش کە ناوی مینایە لەگەڵیدا سەرەتا وەکو خوشک هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکات دواتر نازانێت بەڕاستی خوشکیەتی یان ژنیەتی.

یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی ئەم ڕۆمانە کە دوای بوومەلەرزەکە دروست دەبێت ئەوەیە چیتر کەسەکان نازانن خێزانی ڕاستەقینە کامەیە ئەوەی لەگەڵیدا دەژی ژنیەتی یان خوشک، ئەمە هەر لای (گوتەوان) و کەسی سەرەکیی ڕۆمانەکە نا بەڵکوو بۆ مینا و  چەند خێزانی تر بەم چەشنە دەیبنینەوە کە ئەوانیش نازانن بەڕاستی ئەوەی لەگەڵیان دەژین برا یان مێردیانن!..

– دوێنێ کە بینیم (مەبەستی مینایە) خۆی و پەروانە و خەسرەویش جۆرێک ڕفتاریان دەکرد کە بەڕاستی خوشکم بێت، بەڵام ئەمڕۆ لە بەیانیەوە ڕفتاریان بە جۆرێک دەردەکەوێت، کە دەبێت ژنم بێت.! تیا ماوم بەڕاستی مینا دەبێت کامیان بێت، تاوەکو ئەو شوێنەی بیرم بێت، نە خوشکم هەبوو نە ژنم هێنابوو..!ل٢٣

-لە نەخۆشخانەکەدا (گوتەوان) گێڕەرەوە لە ژنێک دەپرسێت چی یەکترن؟ ژنەکە گوتی نازانم برامە یان مێردمە!.. ل٩٧

–  نەجیمە گوتی: دوومانگ پێش کاتێ گێتی هات، بە باشی تەماشایم کرد، زوو تێگەیشتم کچی منە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک بیرم ناکەوێتەوە کچێکم هێنابێتە دنیاوە.. ل١٨٠

خۆ ئەگەر لەو ماڵە بڕۆن بچنە ماڵێکی تر ئاساییە لەگەڵ هەرکەسێکی تر بژین، هیچ لە باردۆخەکە ناگۆرێت، ئەمە بۆ (گوتەوان) ڕوو دەدات و کیشەیەکی لێ ناکەوێتەوە. ئەم دۆخە بەتەواوی دۆخێکی سوڕەئالە نەک هەر جێی سەرسوڕمانە بەڵکوو گومانمان لەسەر چاکی سیستمی خێزان بۆ درووست دەکات.      

       بەم پێیە سوریالیزم هەڵگەڕانەوەی ئەم واقعە و بەدەستهێنانی واقعێکی شاردراوە و گومناوە لە خودی مرۆڤدا لە ڕوانگەی سوریالیزمدا مرۆڤ هەر ئەوە نییە کە دەیڵێت و نیشانی دەدات و بۆ تۆ ڕوون ئاشکرایە، بەڵکوو مرۆڤ وێنە ڕاست و درووستەکەی دەشارێتەوە و، ئەو خاڵ و پنتانە ئارایشت دەکات کە کۆمەڵگە پەسەندی کردووە و، لە سەری راهاتووە و دەیەوێت، یان ڕاستر بڵێین ئەوەی واقعێکی ساختە و ڕووکەشگەرا دەیخوازێت. بۆ ئەمەش مرۆڤ دەبێت نائاگایی بەگەڕ بخات و خۆی ئازاد بکات تەنانەت کۆتوبەندی زمانیش تێپەڕێنێت و ورێنە بکات و وڕێنە دەتوانێ ئەوەی لە ژێر بەڕەیە بیخاتە سەربەڕە، واتە پێویست نییە ئەو شتێک بڵێت کە پێیوستە واتایان هەبێت، بەڵکوو جوان وتن و خودی جوانی و سەرسوڕماندن ئامانجە. بریتۆن لەمبارەوە دەڵێت: چ شانازییەک لەوە گەورەترە نووسەر نەزانێت زمان چییە، قسە چییە دەستووری نووسین چییە، هەلومەرجی کۆتاییهینانی قسە چییە.              

دەبێت واتا تێپەڕێنین بۆ بان واتا، کە لەوێدا دەشێت واتای نوێ و دەرفەتی نوێ بۆ تێگەیشتن لە خودی ژیان و مرۆڤ و شتەکان بڕەخسێت. بە بۆچوونی بریتۆن زەحمەتە جیهانی خەون و خەیاڵ بە زمانی باو بێتە دەربڕین و نیشاندان، چونکە دەبێت مانای چاوەڕواننەکراو لە وشەکان دەربهێنرێت. هەر بۆیە سوریالستەکان پەنا بۆ ڕووداو و وێنەی سەیرو خەون و نائاگایی دەبەن وەکو جێگرەی زمان یان لانیکەم پاڵپشتیکردن و شاندانە بەر مانا و مەغزای جیاواز. ئەمەش لە ڕێگەی دروستکردنی جیهانی خەون و خەیاڵەوە تا ئاستێک کە لە نێوان خەیاڵ و واقعدا مەگەر سنوورێکی وەهمی هەبێت ئەگەرنا سنوورەکان بەڕاستی دەسڕێنەوە.

لێرەوە بەتەواوی ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کە ئەدەبی سوریالستی پشت بە گوتن نابەستێ بەڵکوو پشت بە قەوماندنی ڕووداوەکان و سەرسوڕمان و دۆخی ترس و گۆتیک و شتگەلی ناخودئاگا دەبەستێت.

  فەنتازیای ڕووداوەکان و ئاماژە و ڕەهەندە سیاسییەکانی   

ئەدەبیات یان هەموو شتیکە یان هیچ شتێک. (جۆرج باتای)

بێگومان یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی سوریالستەکان دژایەتی فاشیزم و جەنگ و نەریتە دێرینەکان و هاوکات بەها بۆرژوازییەکان بوو، هەروەها ئەوان مەیلیان بەلای چەپی سیاسیدا هەبوو بەتایبەتی مارکسیزم، بۆیە بەشداری زۆر لە ناڕەزایەتییەکانیان دەکرد و هەمیشە هەڵوێستی تایبەتی خۆیان هەبوو، بەتایبەتی ئاندرێ بریتۆن و پۆل ئیلوار و گیوم ئاپلۆنەر، کەواتە نەک شتێکی ئاسایییە لە ئەدەبی سوریالستیدا کاردانەوە و ڕەهەندی سیاسی خاڵیکی بەهێز بێت بەڵکوو لە ئەدەبی سوریالیستیدا ئەوە دەبێت کارێکی حەتمی بێت. هەرچەندە خاڵی ناکۆک و جیاوازی قووڵ هەبوو لە نێوان سوریالیستەکان و مارکسیزمدا، لە ڕوانگەی مارکسیزمەوە پەیوەندیی سروشت و مرۆڤ کارە، لە ڕوانگەی بریتۆنەوە ئەم پەیوەندییە لە سەرسوڕمان و عەشق پێکهاتووە، لە ڕوانگەی مارکسەوە ئەندێشە کاتێک دەتوانێت ئازاد بێت کە کۆمەڵگەیەکی بێ چین درووست بووبێت، لای بریتۆن کە لە بەیاننامەی ١٩٢٤دا دەریبڕیوە ئەندێشە لە سایەی خەیاڵدا دەتوانێت زۆربەی زنجیرەکان بچڕێنێت.

 لەم ڕۆمانەشدا نەک کاردانەوە و کاری سیاسی ڕەنگی داوەتەوە، بەڵکوو دەتوانین لە ناونیشان و سەرەتای دێڕەکانی دەستپێکی ئەم ڕۆمانەوە هەست بە ڕەخنە و قووڵ و ئاستەنگ و کێشەکانی دنیای ئەمڕۆی سیاسەت و دەستەڵاتدارانی سیاسی بکەین، ئەمە لە کاتێکدا لەم ڕۆمانەدا نە حیزب و ڕێکخراو و بەیاننامە و نە کاری ژێربەژێر نە دەستەواژەی سیاسی و نە خەڵکی چەک بەدەست و نه چیرۆکی سەربازگەلێک و نە هێزی سوپا لەئارادان، بەڵکوو تەنها لەڕێگای ئەو فەزا خنکاو و ڕووداوە سەیر و سەمەرانەی باسمان کردن. دەتوانین بڵێین ئەم ڕۆمانە بە تەواوی ڕۆمانێکی سیاسییە و خەریکی ڕەخنەکەردنی ئەو فەزا سیاسییە کە لەئارادایە بەتایبەتی لە وڵاتی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی.

بۆ نموونە ڕووداوی بوومەلەرزە دەتوانین ئەو واتایەی لێ بخوێنینەوە کە هەژانی وڵاتێکە کە پڕە لە ترس و نادڵنیایی و فەزایەکی داگیرکراو و داخراو، فڕینی چوارچێوەی وێنەکانیش کە وەکوو گێڕەرەوە دەڵێت وەکوو پۆلێک باڵندەی ئازادکراوی ناو قەفەز بڵاو ببوونەوە، فڕینی رۆحی ئەو شەهیدانە بێت کە وێنەکانیشیان لە چوارچێوەی ڕەنگە بڵێم شاراوەشدا گیری خواردووە.

خۆ ئەگەر کەمێک سەرنج بخەینە سەر ئەو ڕووداوە ناواقعیانەی لەم ڕۆمانەدا هەن دەتوانین زۆر ڕاستی و دۆخی سیاسی لێ بخوێنینەوە و شتگەلی ون و شاراوەی تێدا کەشف بکەین، بۆ نموونە فڕینی پەیکەرەکان کە بە میزەڵان بەرز بوونەتەوە بۆ ئاسمان دواتر فش دەبنەوە و دەکەونە خوار و تێک دەشکێن، پێمان دەڵێت ئەوانەی بە فووتێکردن بەرز دەبنەوە دەبێت کەوتنەخوارەوەشیان بە چاوی خۆمان ببینین. چوونکە ئەوان پێگەیەکی درۆینەیان هەیە و دنیای ئەوان فشەڵە و لە بناغەوە پشتی بە ستەم و سەرکوت و زۆرداری بەستووە، هەر پێگەیەکی وەهاش لە هەر کاتێکدا ڕووبەڕووبوونەوە بە ڕوویدا ئەگەرێکی کراوەیە و هەڵتەکاندن و تیاچوونی حەتمییە.

هاتن و دەرکەوتنی کورتەباڵاکان و درووستکردنی هەستی نامۆیی لای خەڵک و  بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ تا گرتنی خەڵک و گەمارۆدانی فەزای شارەکە و جومگەکانی دەستەڵات، دەتوانین ئەو ڕەهەندە سیاسییەی لێ بخوێنینەوە، کە دەستەڵات لە ئێراندا نامۆ بووە بە خەڵک و ترس و سەرکوتکاری و بەرهەم هێناوە لە پیناوی مانەوەی خۆیدا، ڕەوایەتی ئەمەش لەو شتانەوە وەردەگرێت کە پەیوەندییان بە خواست و ویست و پێویستی خەڵکەکەیەوە نییە، هەر دەستەڵاتیکیش گەیشت بەم دۆخە بەرەو بچووکبوونەوە و کورتەباڵایی و قەزەم بوون و جیابوونەوەی لە خەڵک و هەنگاونان بەرەو فەنابوون و سڕینەوەی خۆی دەنێت. بە واتایەکی تر دەستەڵات لە خۆیدا هەیبەت و سەروەری و هێزە، قەوارەی نەتەوە و نیشتمانێکە بەڵام کە دەکەوێتە دەست کەسانی ناشایستە و بەرژەوەندخواز و ئایدۆلۆژی و دەروون نەخۆش، ئەو کاتە کورتەباڵا و قەزەم و نامۆکان هێما و ڕەمزەکانی ئەو دەستەڵاتەن و، دەستەڵات لە ڕێڕەوی خۆی لا دەدات دەگۆرێت بۆ نادادی و شپرزەیی و تێکچوونی بارودۆخ و پچڕانی شیرازەی وڵات و بڵاوبوونەوەی ترس و نائارامی، کە ئەم دۆخە بەتەواوی لە ڕۆمانەکەدا ڕەنگ دەداتەوە.

هەروەها کاتێ (گوتەوان) کە کەسی یەکەم و کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکەیشە بۆ بەدواداچوونی ماڵە کۆنەکەیان تا بزانێت ئێستا بە دەستی کێوەیە، دەچێت بۆ دادگا بەڵام ئەوان بە جەنابی دادوەر پیشوازی لێ دەکەن و پێی ڕادەگەیەنن کە ئەمڕۆ زۆر قەرەباڵغە و دەکەس چاوەڕوانی ئەو دەکەن تا بە دۆسییەکانیان ڕابگات بۆ چارەسەری کێشەکانیان، دواتر پێمان دەڵێت بەڵام ئەوەندەی لەبیرم بێت کارمەندی دارایی بووم ئێستا چۆن بووم بە دادەوەر. ل١٧٤

ئەمەش ئەوە دەردەخات و ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت، لەم وڵاتانەدا کەس لە شوێنی خۆیدا نییە، لە سەردەمی ئەفلاتونەوە تا ئێستاش لە فەلسەفەی سیاسیدا خاڵێكی گرنگ کە بەهێزەوە جەختی لێ دەکرێتەوە لە سیستمە سیاسییەکاندا، ئەوەیە کە دەبێت کەسی شیاو لە شوێنی شیاودا بێت، واتە هەرکەسێک بەپێی پسپۆڕی خۆی کار بکات و شوێنی هەبێت، بەڵام تا ئێستا ئەمە گرفتێکی گەورەیە لە سیستمە سیاسییەکانی ئەم وڵاتانەدا، چوونکە کەس لە شوێنی خۆیدا نییە وڵات بە مەزاجی کەسی و بەرژەوەندیی کەسیی تایبەتی کۆمەڵە خەڵکێک و بنەماڵەیەکی تایبەتی بەڕێوە دەچێت، وڵات نوقمە لە گەندەڵی بە تایبەتی کە دۆخی دادگاکان بەو چەشنە بێت کە ئەم ڕۆمانە ئاماژەی پێ دەکات، ئەم ئاماژەیە زۆر ترسناکە لای ئەوانەی خەمی وڵات و نیشتمان و هاووڵاتییان و میللەت و گەلی خۆیان هەیە، چوونکە دادگا هەستیارترین دەزگای حوکومەتەکەیە، وەختێک دادگا کارەکانی و کەسەکانی لە شوێنی خۆیاندا نەبن ئیتر وڵات وێرانەیە و بەپێی بەرژەوەندیی کۆمەڵێک لە مافیا و دەستڕۆیشتوو و لە رێگەی زەبروزەنگەوە بەڕێوە دەچێت.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

تێبینی:

لەم نووسینەدا هەردوو وشەی ((وێژەر)) و ((گوتەوان))م بە واتای گێڕەرەوە بەکار هێناوە. وێژەر گێڕەرەوەی لاوەکی ناو هەر ڕۆمانێکە، چوونکە دەشێت لە هەر ڕۆمانێکدا چەندین گێڕەرەوەمان هەبێت، بە جۆرێک هەر کارەکتەرێک چیرۆکی کورتی خۆی هەبێت کە بیگێڕێتەوە.

 بەڵام گوتەوان گێڕەرەوەی سەرەکیی ناو ڕۆمان یان هەر چیرۆک و داستانێکە، وێژەر، قسەکەرێکی ئەدەبییە یان قسەکەرێک کە قسەکانی دواجار دەبێت بە ئەدەب و لە کایەی ئەدەبدایە، واتە ئەدیبێکە لە ناو دەقدا.

من (وێژەر)م  لە (وێژە)وە وەرگرتووە و هێناومە، وێژە – ئەدەب، وێژەیی- ئەدەبی، هەرچەندە کاک د. هیوا شەمس بۆی نووسیبووم لە فەرهەنگەکاندا بۆ ئەدیب بەکار هاتووە، بەڵام لە ڕاستیدا من نەمبینیوە و وشەکەم لە کەس وەرنەگرتووە، بۆ ئەم واتایەش (گێڕەرەوەی لاوەکی) تەواو بە دروستی دەزانم.

     وشەی گوتەوانیش لە چاوگی گوتن’ەوە هێناوەو قەدەکەیم وەرگرتووە و گەردانم کردووە و بووە بە گوتەوان و ئەم ناوەم لێ ئەفراندووە واتە (چاوگ: گوتن، قەد: گوت + پاشگری ە + وان = گوتەوان) ، وەکو چۆن ئاشەوانمان هەیە ئاش دەگێڕێ، ئەمیش کارگێڕی گوتەیە و گوتە دەگێڕێت و ڕستە درووست دەکات، لەزمانی کوردیدا ئاش – ئاشەوان، یان شاخ –  شاخەوان، دار- دارەوان، هەروەها پاڵ – پاڵەوان، مەلە – مەلەوان باخ – باخەوان هتد، ئەم وشەیەشم بۆیە لا درووستترە کە کاری گوتن ڕێک دەخات، وەکوو دەزانین گێڕەرەوەی سەرەکی لە ڕۆمان و چیرۆکەکاندا بەردەوام دەڵێت، گوتی، گوتبووی، دەیگوت، کوڕەکە گوتی کچەکە گوتی دایکی گوتی باوکی گوتی .. مەبەستم ئەوەیە گێڕەرەوەی سەرەکی ئەم گوتیانە بەڕێوە دەبات و ڕێکیان دەخات، کەواتە لە جیاتی وشەی گێڕەرەوە کە وشەیەکی گرێدار و ڕەکیکە لەسەر زمان، هەروەها تەرجەمەی حەرفی ڕاوی عەرەبییە و زۆر نەگونجاوە.

بە بڕوای من بۆ هەر وشەیەکیش تۆ بێیت و وشە و چرای زمانێکی ترەوە بەناو زمانەکەی خۆتدا بگەڕێیت بۆ مانا ئەو کاتە تۆ زمانەکەی خۆت بۆژۆ دەکەیت و هەڵیدەشێلیت، خۆ ئەگەر دواجار لەبەر ئاوێنەی ئەو زمانەی تردا وشەیەک بهینیت کە کتومت واتای وشەی بەرانبەر بدات، ئەوە هەموو کاتێ درووست دەرنایەت بەڵکوو لۆژیکی زمانەوانی پێمان دەڵێت تۆ دەبێت لە ڕوانگەی باوەڕ و دابونەریت و کولتوورەکەی خۆتەوە بەدوای وشە و مانای گونجاودا بگەڕێیت، نەک وشە بێگانەکە بکەیتە سەرچەشن و بەهۆی مانای ئەو وشە بێگانەوە و لەبەر ماناکەی ئەودا مانا لە زمانەکەی خۆتدا بدۆزیتەوە. لەم ڕوانگەوە من ئەم دوو وشەیەم بە گونجاو زانیوە و پڕواپڕ ئەو واتایەش دەدات و هیچ پەیوەندییەکیشی بە وشە عەرەبییەکەوە نییە. کە ڕاوییە.

پەراوێزەکان :

  • سەرچاوەکان :

١ – دوای بوومەلەرزە، ڕۆمان، محەممد قاسمزادە، و. هەردی سەیدە، چاپکراوی ناوەندی ڕەهەند، چاپی یەکەم ٢٠٢٥

٢ – مکتبهای ادبی، جلد دوم رضا سید حسینی، چاپ چهاردهم ١٣٨٧

         ٣ – جنبشهای ادبی، ایرا مارک میلین، مترجم معمد تقی فرامرزی- جلد ٣

        ٤ – سرگذشت سورئالیسم، گفتوگۆ با آندرەبرتون، ترجمە عبداللە کوثری

         ٥ – بنەما تیۆرییەکانی شیعری ئاڵۆز تا ئەتمۆسفێری شیعری سادە، نەبەز محەمەد

ئینتەرنێت:

١ – معرفی سورئالیسم در ادبیات      

https://bookland.ir › blog › World-Literature

٢ – سورئالیسم دنیای دیوانگان

https://www.iranketab.ir › blog › surrealism


[i] جیرارد لێگراند (1927-1999) شاعیر و فەیلەسوف و وتارنووس و ڕەخنەگری فیلمی فەڕەنسی بوو. لە کانوونی یەکەمی 1948 چاوی بە ئاندرێ برێتۆن کەوت و بوو بە یەکێک لە نزیکترین هاوکارەکانی و لە گۆڤارەکانی سوریالیستی Medium (1954-1955) و Le Surréalisme, même (1957-1959) کاری کرد.

[ii] •           فێردناند ئالکیە ( Ferdinand Alque ) فەیلەسەوفی فەڕەنسی ١٩٠٦ – ١٩٨٥ ، مامۆستای فەلسەفە لە زانکۆی مون پلیە و مامۆستای مێژووی فەلسەفەی مۆدێڕن لە زانکۆی سۆربۆن بوو، لەساڵی ١٩٥٥ دا کتێبێکی بەناوی فەلسەفەی سوریالیسم بڵاو کردووەتەوە.