مێتاڕەخنە: لە ‘بینینی دەق’ـەوە بۆ ‘بینینی بینین’؛ خوێندنەوەیەکی تیۆری
مێتاڕەخنە پڕۆسەیەکی مەعریفیی باڵایە کە تێیدا ڕەخنە لە ‘کردەی بینین’ـەوە دەگۆڕێت بۆ ‘پشکنینی چۆنێتیی بینین’؛ واتە ئەقڵ لە بری ئەوەی خەریکی دەق بێت، خەریکی پشکنینی ئەو میتۆد و لۆژیکەیە کە حوکمەکانی پێ بونیاد دەنێت. ئەم پڕۆسەیە گەڕانێکی بەردەوامە بەدوای نەستی میتۆدەکان و ئەو مەرجە پێشوەختانەی کە بەبێ ئاگایی ڕەخنەگر ئاڕاستەی حوکمەکان دیاری دەکەن، تا بتوانێت لە ڕێگەی زمانێکی باڵاوە، پەردە لەسەر لایەنە ئایدیۆلۆژی و سۆزدارییەکانی ناو گوتاری ڕەخنەیی لا بدات.
ئەم کایە مەعریفییە وەک چاودێرێکی باڵا لەو خاڵەدا جێگیر دەبێت کە ڕەخنە لێیەوە دەست پێ دەکات، تا ئەو مەرجە پێشوەختە بدۆزێتەوە کە ئاڕاستەی بیرکردنەوەی ڕەخنەگر دیاری دەکەن. زاراوەکە هاومانای ‘ڕەخنەی ڕەخنە، ڕەخنەی گفتوگۆیی، خوێندنەوەی ڕەخنە’ و چەندین ناوی تر بەکار هاتووە. بۆ یەکەمین جار ‘تۆدۆرۆڤ’ ئاماژەی پێ کردووە. مێتاڕەخنە لە جیاتیی وەسفکردنی جوانی و کەموکوڕییەکانی دەق، کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو لۆژیکە دەکات کە ڕەخنەگر بەکاری هێناوە. ئەم مەعریفەیە سنوورێکی ڕوون لە نێوان چێژی سۆزداری و دادوەریی ئەقڵانیدا دەکێشێت؛ کار بۆ چەسپاندنی ڕاستی ناکات، ئەرکی پشکنینی ئەو ڕێگایانەیە بەرەو ڕاستی دەچن. مێتاڕەخنە لە جێی ئەوەی ببێتە پاشکۆی ئەدەب، دەبێتە سووژەیەکی فیکریی سەربەخۆ کە ناهۆشیاریی ناو میتۆدەکان ڕوون دەکاتەوە و ڕێگری لە گۆڕانی ڕەخنە بۆ گوتارێکی ئایدیۆلۆژی یان سۆزداری دەکات. ئەمە هەوڵێکی بەردەوامە بۆ گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ ئەقڵی چاودێر، تا لە ناو بازنەی داخراوی میتۆدە کلاسیکییەکاندا نەمێنێتەوە و هەمیشە لە ئاستێکی باڵاتری هۆشیارییەوە سەیری کردەی ناسین بکات. لەم ئاستەدا، مێتاڕەخنە گوتنێکە بە ئاڕاستەی دۆزینەوەی ئەو ڕاستییە شاراوانەی ناو گوتارە ڕەخنەیییەکان کە وەک چەسپاو دەردەکەون. ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەیەکی تیۆریی بۆ ڕەخنەی ڕەخنە یان مێتاڕەخنە.
زەروورەتی مێتاڕەخنە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ڕەخنەی ئەدەبی خۆی لە بنەڕەتدا کردەیەکی تەواو بێلایەن و ڕەها نابینرێت، گوتارێکی مرۆیییە و ئەگەری کەوتنی بۆ ناو تەڵەی ئایدیۆلۆژیا، سۆز یان هەڵەی میتۆدی هەیە. مێتاڕەخنە وەک چاودێرێکی مەعریفی کار دەکات بۆ ڕێگری لە چەقبەستووییی فیکری، بێ ئەم کایەیە ڕەخنە دەبێتە دووبارەبوونەوەیەکی بێڕۆح.
لەم چوارچێوەیەدا، پەیوەندیی نێوان مێتاڕەخنە و تیۆریی ئەدەب پەیوەندییەکی توندە و لە خاڵی گەڕان بەدوای سیستمدا بەیەک دەگەن. تیۆریی ئەدەبی وەک نەخشەیەکی گشتی کار دەکات و یاسا و مەرجەکانی ئەدەبیبوون دیاری دەکات، مێتاڕەخنەش چاودێریی جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە دەکات لە ناو کردەی ڕەخنەییدا. خاڵی جیابوونەوەیان لەوەدا دەردەکەوێت کە تیۆریی زیاتر ڕوو لە بونیادنانی دەقە، مێتاڕەخنە ڕوو لە بونیادنانی گوتاری ڕەخنەگر دەکات تا بزانرێت ئەو تیۆرییانە چۆن بەکار هاتوون. سیماکانی ئەقڵی مێتاڕەخنەیی لە ناو جومگەکانی ئەقڵێکی فەلسەفیی جودا و شارەزایییەکی باڵای زانستناسیدا کۆ دەبنەوە، کە وا دەکات لە پلەی زانستناسێکدا مامەڵە لەگەڵ گوتارەکاندا بکات. مێتاڕەخنەگر خاوەن زمانێکی تیۆریی چڕە و وەک هەڵوەشێنەرەوەی کارامەی گوتار، توانای دۆزینەوەی ئەو مەرجە پێشوەختە و کاریگەرییە ئایدیۆلۆژییانەی هەیە کە لە پشت زمانی سادەی ڕەخنەگرەوە شاراوەن. ئەو بە بێلایەنییەکی میتۆدی لە سەروو قوتابخانە ڕەخنەیییە جیاوازەکانەوە دەوەستێت تا کەلێنە مەعریفییەکان دەستنیشان بکات، هاوکات لە سەردەمی تەکنەلۆژیادا وەک پاسەوانی ڕۆحی مرۆیی و هەڵوێستی بوونگەرایی کار دەکات بۆ جیاکردنەوەی داهێنانی ڕاستەقینە لە شیکاریی ساردی مەکینەکان(ژیریی دەستکرد). مێتاڕەخنەگر چاودێرێکی وردە؛ لۆژیک و فەلسەفە دەکاتە ئامرازی سەرەکی بۆ دادوەری بەسەر چۆنێتیی ناسین و تێگەیشتنی ئەدەبیدا.
یەکێک لە ئەرکە هەرە قووڵەکانی مێتاڕەخنە، پەردە لادانە لەو دەسەڵاتە شاراوەیەی لە پشت زمانە بێلایەنەکەی ڕەخنەگرەوە وەستاوە؛ چونکە زۆرجار ڕەخنەگر بێ ئەوەی ئاگاداری بێت، دەبێتە دەنگی هەژموونێکی ئایدیۆلۆژی، سیاسی، یان تەنانەت پیاوسالاری. مێتاڕەخنە ئەو نەستە کۆمەڵایەتییە دەپشکنێت کە وا دەکات ڕەخنەگر لە کاتی دادوەریکردنی دەقدا، بەهایەکی باڵا بداتە گوتارێک و یەکێکی تر پەراوێز بخات، لەبەر ئەوەی دەقەکە لەگەڵ سیستمی دەسەڵاتی باودا دەگونجێت. لێرەدا مێتاڕەخنە وەک ئامرازێکی سیاسی و فیکری کار دەکات بۆ ناسینەوەی ئەو هەژموونە نادیارەی ڕەخنە دەکاتە ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی دەنگە جیاوازەکان یان چەسپاندنی دیدگایەکی ڕەگەزیی دیاریکراو بە ناوی جوانی و زانست ڕادەگەیەنرێت.
لەم سۆنگەیەوە جێگەی سەرنجە بپرسین؛ ئایا ڕەخنەی کوردی لە چ ئاستێکی ئەم چالاکییە مەعریفییەدا دەوەستێت؟ ڕاستی ئەوەیە ڕەخنەی کوردی هێشتا لە قۆناغی گەشەکردنی میتۆدیدایە و بەشێک لە کارەکان لە ناو بازنەی وەسف و گێڕانەوەی دەقدا دەسووڕێنەوە، ئەمەش وای کردووە مێتاڕەخنە وەک کایەیەکی نامۆ یان تەمومژاوی دەربکەوێت. زەروورەتی مێتاڕەخنە بۆ ئەدەبی کوردی لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە ڕێگری بکات لە بەردەوامیی ئەو جۆرە لە دادوەرییەی پشت بە سۆز و ناسیاریی کەسی دەبەستێت. کێشەی گەورەی ڕەخنەی زانستیی کوردی لە ئێستادا، گیرخواردنیەتی لە ناو بازنەی یەک یان دوو میتۆدی دیاریکراودا کە بەردەوام پاتە دەبنەوە و بوونەتە قاڵبێکی چەقبەستوو بۆ هەموو دەقە جیاوازەکان. لێرەدا ئەرکی مێتاڕەخنە دەست پێ دەکات؛ وەک هێزێکی هەڵوەشێنەرەوە کار لەسەر تێکشکاندنی ئەو یەکمیتۆدییە یان پاتەبوونەوەی میتۆدە دەکات و پرسیار لە کارایی و گونجانی ئەو میتۆدە دووبارەبووانە دەکات. مێتاڕەخنە دەبێتە پشکنەرێکی ورد بەسەر کاری ڕەخنەگرەوە تا ڕێگری بکات لەوەی میتۆد ببێتە مەکینەیەکی ئۆتۆماتیکی بۆ بەرهەمهێنانی حوکمی هاوشێوە. کاتێک ڕەخنەگرانی کورد لە ئاستی جێبەجێکردنی سادەی میتۆدەوە دەپەڕنەوە بۆ قۆناغی پشکنینی میتۆد، ئیتر ئەدەبیاتی ئێمە لە هەژموونی پاتەبوونەوە ڕزگاری دەبێت و بەرەو ئاسۆیەکی فرەڕەهەند هەنگاو دەنێت.
ڕەخنەی ڕەخنە لێکۆڵینەوە لەو ڕێسا و دیدگا و زاراوە و حوکمانە دەکات، کە ڕەخنەگرێک لە کاتی خوێندنەوەی دەقدا بەکاری هێناون تا ڕاستی و دروستیی پڕۆسە مەعریفییەکە بسەلمێنرێت. بوونی ڕەخنەیەکی ئەدەبی پێشمەرجێکی حەتمیی سەرهەڵدانی مێتاڕەخنەیە، چونکە مێتاڕەخنە ناتوانێت لە بۆشایییەکی فیکریدا کار بکات و بەدوای هەنگاوەکانی ڕەخنەگردا دەچێت. لێرەدا دەردەکەوێت کە چرکەساتی کارکردنی مێتاڕەخنەییانە، چرکەساتی ڕاوەستانی ئەقڵە لەبەردەم ئاوێنەی خۆیدا، تا ئەو کاتەی خوێندنەوەیەک دەبێتە بابەت بۆ خوێندنەوەیەکی قووڵتر. ئەگەر ڕەخنەی ئەدەبی نەبێت، مێتاڕەخنە کەرەستەی خاوی بۆ کارکردن دەست ناکەوێت، چونکە ئەمە خوێندنەوەی خوێندنەوەیە، نەک خوێندنەوەی دەقە ئەسڵییەکە.
ڕەخنەی ڕەخنە بەزۆری سێ خاڵی جەوهەری دەپشکنێت، ئەو میتۆدەی ڕەخنەگرەکە هەڵیبژاردووە، ئەو زمان و زاراوانەی بەکاری هێناون و ئەو ئەنجام و حوکمە ئەدەبییانەی داونی. بەکەرەستەکردنی میتۆد یەکێکە لە ئامانجەکان، ئامانجی هەرە گەورە دەرخستنی گوتاری شاراوەی ڕەخنەگرە تا بزانرێت چ کاریگەرییەکی ئایدیۆلۆژی، فەلسەفی، یان سۆزداری لەسەرە کە وای لێ کردووە بەو شێوەیە دەقەکە بخوێنێتەوە، بەمەش ئەقڵانییەت بۆ کایەی ڕەخنە دەڕواتەوە. ئەو پڕۆسەیە لە ئاستی جیهانیدا بە مێتاڕەخنە ناو دەبرێت و جۆرێکە لە تیۆریی ڕەخنەیی، چونکە لە کردەی وەسفکردنەوە دەمانگوازێتەوە بۆ کردەی بیرکردنەوە لە بنەما فەلسەفییەکان. هەرچەندە ڕەخنەی ڕەخنە بە مانا زانستییە وردەکەی وەک زانستە سروشتییەکان ئەژمار ناکرێت، پۆلێنکارییەکی مەعریفییە و میتۆدی تایبەت بە خۆی هەیە کە میتۆدی شیکاری هەڵوەشێنەرەوەیە.
مێتاڕەخنە وەک چەمکێک سەروەختێک گەشەی سەند، کە پرسیارەکانی لەسەر چییەتیی دەقەوە گۆڕی بۆ پرسیار لەسەر چییەتیی ناسینەوەی دەق. ئەم قۆناغە بە تێپەڕاندنی ڕەخنەی وەسفی و سۆزداری دەست پێ دەکات، ڕەخنەگر لە جیاتیی ئەوەی جوانییەکانی دەق بژمێرێت، خەریکی لێکۆڵینەوەیە لەو ئەقڵە ڕەخنەیییەی حوکمەکان دەردەکات. مێتاڕەخنە وەک ئامرازێکی گومانکەر سەر هەڵدەدات بۆ دووبارە پشکنینەوەی ئەو ڕاستییە ڕەخنەیییانەی پێشتر وەک چەسپاو دەبینران، ئەمەش وای کرد ڕەخنە لە ئاستێکی ئەدەبییەوە ببێتە چالاکییەکی مەعریفی و فەلسەفیی قووڵ. مێتاڕەخنە وەک ڕەخنەی پلە دوو دەردەکەوێت ‘بە مانای پلەیەک سەروو ڕەخنە’ نەک دەق، خودی ڕەخنە و تیۆریش دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەمە جۆرێکە لە خۆبینیی مەعریفی کە تێیدا ڕەخنەگر دەبێتە چاودێر بەسەر کارەکانی خۆی و ڕەخنەگرانی دیکەوە.
مێتاڕەخنە وەک میتۆد پشت بە کۆمەڵێک ئامرازی شیکاری دەبەستێت کە گرنگترینیان هەڵوەشاندنەوەی گوتارە، ئەمەش هارمۆنییەت لە نێوان تیۆری و کرداردا دروست دەکات. لێرەدا دەبینین مێتاڕەخنە هەنگاونانە ڕووە و هەڵوەشاندنەوەی ئەو زمانە وشک و سیستماتیکییانەی کە دەیانەوێت ڕەهەندە مرۆیییەکان لەناو دەقدا بکوژن. زمانی مێتاڕەخنە زمانێکی سەرەزمانە، زمانێکە بۆ قسەکردن لەسەر زمانێکی دیکە، ئەمەش وای لێ دەکات زمانێکی ئاڵۆز بێت. کێشەی جەوهەری لێرەدا، قەیرانی زاراوەیە؛ چونکە مێتاڕەخنە پشت بە زمانێکی باڵا دەبەستێت کە ئەگەر بە وردی پێناسە نەکرێت، لە جیاتی ڕوونکردنەوە، دەبێتە هۆی ئاڵۆزکردنی زیاتری گوتارەکە. چۆن دەتوانین چەمکە تیۆرییەکان بە وردی بەکار بهێنین بێ ئەوەی بکەوینە ناو تەڵەی تەمومژاویبوونەوە. مێتاڕەخنە ئەرکی پشکنینی ئەو زمانەیە، ئایا زاراوەکان لە شوێنی خۆیاندا بەکار هاتوون یان وەک ڕازاندنەوەی دەق بەکار هێنراون. لای هێندێک لە بەردەنگەوە هێشتا وا دەزانرێت مێتاڕەخنە کارێکی سارد و وشکە و دوورە لە داهێنان، لە کاتێکدا ئەم کایە ڕێسا کۆنەکان تێک دەشکێنێت و ڕێگە بۆ داهێنانی نوێ خۆش دەکات، ئەمەش ڕەهەندێکی بوونگەرایی بە داهێنانی ئەدەبی دەبەخشێت.
لە دوادواییدا دەکرێت بڵێین، مێتاڕەخنە لە بەردەم ئاڵنگارییەکی سەردەمییانەی گەورەتردایە، کە سەرهەڵدانی مەکینە (ژیریی دەستکرد) و داتای گەورەیە لە کایەی ئەدەبیدا؛ مێتاڕەخنە ئەرکی پاراستنی هەڵوێستی بوونگەرایی و ڕۆحی مرۆیی دەگرێتە ئەستۆ، تا لە نێوان شیکارییە سارد و ژمارەیییەکانی مەکینەکەدا، سنوورەکان دیاری بکات و ڕێگری بکات لەوەی ڕەخنە ببێتە کۆمەڵێک داتای بێڕۆح. لە کۆتاییدا و لە سەردەمی پاشنوێگەریدا، مێتاڕەخنە گەیشتە لووتکەی بایەخی خۆی، چونکە لەم سەردەمەدا هیچ ڕاستییەکی ڕەها نەما و هەموو شتێک کەوتە ژێر پرسیارەوە. مێتاڕەخنە دەبێتە خوێندنەوەیەکیش بۆ ئەو فرەدەنگی و ناتەبایییانەی لەناو گوتارە ڕەخنەیییەکاندا هەن، هەوڵ دەدات پەردە لەسەر ئەو دەسەڵاتە لا بدات کە لە پشت هەر حوکمێکی ڕەخنەیییەوە وەستاوە. ئاسۆکانی ئەم زانستە فراوانتر دەبن و لەناو بازنەی ئەدەبدا نامێننەوە، دەبنە بەشێک لە ڕەخنەی کولتووریی گشتگیر کە تێیدا مێتاڕەخنە وەک ئامرازێکی ڕزگاریخوازی ئەقڵ دادەنرێت بۆ تێپەڕاندنی هەموو جۆرە چەقبەستوویییەکی فیکری و میتۆدی لە ئێستا و لە داهاتوودا.
وشەکلیلەکان: (مێتاڕەخنە، ڕەخنەی ڕەخنە، گوتاری سەرەزمان، هەڵوەشاندنەوەی میتۆد، ئێپستمۆلۆژیای ڕەخنە)