ئەو “تۆ”یه‌ی کە “من”م یا “من”نیم؟

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی “وێڵی”ی دلاوەر ڕەحیمی

“بچۆ ناو خۆتەوە. بەدوای ئەو هۆکارەدا بگەڕێ کە فەرمانی نووسینت پێ دەدات؛ لێی ورد بەرەوە بزانە ڕەگەکانی تا قووڵترین شوێنی دڵت شۆڕ بوونەتەوە؛ ئینجا ڕاستگۆیانە لای خۆت دان بەوەدا بنێ، کە ئەگەر نووسینت لێ زەوت بکرایە، ئایا دەمردیت؟”

لە نامەی یەکەمی ڕیلکەوه‌ بۆ فرانتس کاپوس، پاریس، شوباتی ۱۹۰۳: نامه‌ بۆ شاعیرێكی لاو “Lettres à un jeune poète”

پێشەکی:

چوونە ناو هه‌زارلۆغانه‌ی “خۆ”‌وە

کاتێک بۆ یەکەمجار لاپەڕەی یەکەمی “وێڵی” دەخوێنیتەوە، هەست دەکەیت کەسێک دەستی گرتوویت و بۆ ناو باڵەخانەیەکی نیوەڕووخاو په‌لكێشی كردوویت‌. پلیکانەکان لەژێر پێتدا دەلەرزن، ڕووناکییەک هەیە، بەڵام چراکان ڕاستەوخۆ تیشک ناخەنە سەر شتێک، تەنیا هه‌ندێ سێبەر لەسەر دیوارەکە دەبینیت. ئەمە هەمان ئەو هەستەیە کە دەقەکەی دلاوەر ڕەحیمی لە هەمان دێڕی یەکەمەوە لە خوێنەردا درووستی دەکات: هەستی بوون لە شوێنێکدا کە دەبێ ناسراو بێت، بەڵام نییە؛ هەستی خوێندنەوەی وشەگه‌لێک کە ناسراون، بەڵام ڕستەکانیان نامۆن.

ڕۆمانەکە بە ڕستەیەک دەست پێ دەکات کە هەم وتارێکە و هەم دادگاییکردنێک: “تۆ بەندییەکی لە بەندیخانەیەکدا ئابڵوقە دراو، گەمارۆ دراو بە بەندیوان و بە پاسەوان …” (ل7) ئەم “تۆ”یەی کەسی دووهەم چییە؟ کێیە؟ بۆچی گێڕەرەوە بە “تۆ” بانگی دەکات؟ هەر ئەم پرسیارە سادەیەش، کلیلە بۆ تەڵەزگه‌کانی ئەم دەقە.

لە ئەدەبیاتدا، کاتێک گێڕەرەوە بە “تۆ” بانگ دەکات، زۆربەی جار یان لەگەڵ خوێنەری دەرەوەی دەقەکە قسە دەکات – واتە لەگەڵ خوێنەری ڕاستەقینە – یان لەگەڵ بەشێکی “خۆ”یدا، كه‌ لێکدابڕاوی خۆیه‌تی، دەدوێت. لە “وێڵی”دا، هەردوو ئەگەرەکە پێکەوە و بە مەبەست تێکەڵ کراون.

ئەم دەقە ڕۆمانێك نییه‌ به‌ مانا باوه‌كه‌ی گیڕانه‌وه‌. پڵۆتێکی هێڵه‌كیی نییە، کارەکتەری سەربەخۆ بوونیان نییە، ناکۆکییەک بەرەو ئاشتەوایی ناڕوات. بەڵام ئەم نەبوونییانە، کەموکوڕی نین و له ‌ڕاستیدا شێوازی بەرهەمەکەن. “وێڵی” زیاتر لە ددانپێدانان دەچێت: ددانپێدانانێک کە گێڕەرەوە به‌ ناچاری دەیکات، ددانپێدانانێک کە “تۆ”ی بەردەنگ هێشتا قبووڵی نەکردووە گوێی لێ بگرێت، ددانپێدانانێک، کە خودی نووسینەوەی جۆرێکە لە بەرگری لە بەرانبەر لەبیرچوونەوەدا.

بەڵام بۆچی ئەم ددانپێدانانە “ناچاری”یە؟ چونکە گێڕەرەوە دەبینێت “تۆ” – کە دەکرێت دۆستێک یان مرۆڤێک بێت كه‌ ڕۆژگارێك “ئافرێنه‌ری ئەگەر و شیانه‌كان” بووه‌ – خەریکە لەناو گێژاوێکدا نوقم دەبێت کە خۆی درووستی کردووە؛ گێژاوێک لە بێدەنگی، لە لەبیرچوونەوەی جوانییە بچووکەکان، لە ترس. دەکرێت بگوترێت “وێڵی” ڕۆمانی “ترس لە ژیان”ە، نەک “ترس لە مردن”. چونکە مردن لەم دەقەدا، تەنانەت کاتێک دەردەکەوێت، ئامادەیییەکی کاڵ و لێڵ و ناڕوونی هەیە؛ بەڵام ترسی هەناسەدان، ترسی بینران، ترسی نووسین  لە هەر لاپەڕەیەکدا هەناسەی گێڕەرەوە دەبڕن.

“وێڵی” بە ئاسانی ناکەوێتە ناو هیچ ژانرێکەوە: نە ڕۆمانێكی دەروونناسیی ڕووتە، نە ڕۆمانێكی کۆمەڵایەتی و نە تەنیا پۆرترێتێکیشە. لای من ڕه‌نگه‌ باشترین پێناسە ئه‌وه‌ بێ كه‌ ئەم بەرهەمە “هەڵکۆڵین”ێکە. گێڕەرەوە خەریکی هەڵکۆڵینە لە ناخی مێشک و یادەوەریی “تۆ”دا، شتگەلێکی وه‌ك یادەوەریی وشەی “زێوان”، دەنگی حەسەن زیرەک و ئه‌وانی تر، سەمای نەزانراو، مەستیی شەوانە، پیاسەکردن لە کۆڵانەکانی هەولێر و ده‌یان شتی تر ده‌دۆزێته‌وه‌ و ئەم شتانە دەخاتە بەردەم “تۆ” و پێت ده‌ڵێت: ببینە، ئەمە تۆ بوویت. ئەمە ئەو تۆیەی کە ئێستا لە پشتی بێدەنگییەوە خۆی حەشار داوە، هەمان ئەمە بووی.

لە درێژەی ئەم خوێندنه‌وه‌یه‌دا، هەوڵ دەدەم بەدوای ئەم هەڵکۆڵینەدا بڕۆم. ئامانجەکە ئەوە نییە بەرهەمەکە لە چوارچێوەیەکی ئەکادیمیدا زیندانی بکەم، هێنده‌ی مه‌به‌سته‌ ئه‌وه‌ نیشان بدەم بۆچی ئەم دەقە – لەگەڵ هەموو سه‌رنجێكمدا – دەکرێت ئاوێنەیەک بێت بۆ هەر کەسێک کە جارێک “خۆ”ی لە داڵانێکی بێدەروازەدا ون کردبێت.

سەرەتا دەمه‌وێ بزانم ئەم ڕۆمانە چی دەڵێت؟ پاشانیش: ئەم ڕۆمانە چۆن دەڵێت؟ ڕەنگە گرنگتر له‌مه‌ش ئه‌وه‌ بێت كه‌ چۆن ناڵێت؟ جیاوازیی ئەم دوو پرسیارە، جیاوازیی نێوان بینینی تابلۆیەک و بینینی چوارچێوە و كانڤاس و فڵچەیەکە کە تابلۆیه‌كیان به‌رهه‌م هێناوه‌. لە ئەدەبیاتدا، زۆربەی جار یەکەمیان ئەنجام دەدەین: دەپرسین “مانا چییە؟” بەڵام دووەمیان بینینی پێکهاتەیه‌، بینینی هەڵبژاردنەکانه‌ و بینینی ئەو شتانەیه‌ نووسەر بە نەنووسراوی جێیان دەهێڵێت، ئەمەش ڕێك هەمان ئەو کارەیە کە دەبێ ڕەخنەگرێکی ڕاستەقینە بیکات.

“وێڵی” دەقێکە تێیدا چەند پرسێکی بنەڕەتی بە شێوەیەکی هاوکات کاران: پرسی گێڕانەوە قبووڵكردنی ترس، پرسی ڕەگەزی ددانپێدانان لە کولتووری کوردیدا، پرسی کاتی گێڕانەوەیی و پەیوەندیی بە بێدەنگییەوە، پرسی نێوان “من”ی نووسراو و “من”ی ژیاو، و پرسێک کە ڕەنگە نوێترین و ترسناکترین بێت: ئەوەی کە ئەم ڕۆمانە کێ نابینێت و ئەم “نەبینینە” چی دەڵێت.

ملنەدان به‌ گێڕانەوە: کاتێک زمان لە خۆی دەترسێت

پارادۆکسی بنەڕەتی

چەقی “وێڵی” کێشەی زمانە و ئەمەش سەرنجڕاکێشە، چونکە پارادۆکسی سەرەکیی دەقەکە هەر ئەمەیە: گێڕەرەوە دەیەوێت بە زمان بەرگری لە “تۆ” بکات، بەڵام “تۆ” لە زمان دەترسێت. “تۆ” ئەو کەسەیە کە ڕۆژێک عاشقی وشەی “زێوان” بوو، کەسێک کە باوه‌ڕی به‌وه‌ هه‌یه‌ وشەکان هه‌ستیان هه‌یه‌، بەڵام ئێستا نانووسێت، ناتوانێت بنووسێت یان نایەوێت بنووسێت، چونكه‌ ” نووسین هه‌موو ئه‌و گوناه و تاوانانه‌ی نه‌مكردوون بیر ده‌خاته‌وه ” (ل86) ئەم ڕستەیه‌ دەبێ له‌سه‌ری بوەستیت. ئەمە ڕستەیەکە لە خوێندنەوەی یەکەمدا ڕەنگە ئاسایی بێت، بەڵام ترسناکە. گوناهانێک کە نەتکردوون بەڵام نووسین بیرت دەهێنێتەوە واتای چییه‌؟ واتە نووسین یادەوەرییەک چالاک دەکات کە تۆ تۆمەتبار دەکات بە شتێک کە نەتکردووە. نووسین خۆی تۆمەتە. زمان خۆی دادوەرە.

دلاوەر ڕەحیمی لەم ڕۆمانەدا دەست بۆ یەکێک لە بنەڕەتیترین ململانێ کولتوورییەکان ده‌بات، كه‌ ئه‌ویش زمانه‌. واته‌ بۆ ئەو کۆمەڵگەیانەی کە زمانیان وەک ئامرازی کۆنترۆڵ به‌رهه‌م هێناوه‌. لەم پانتایییه‌دا، نووسین یەکسانە بە بینران، بینرانیش یەکسانە بە بوون بە ئامانج. “تۆ” کە “هەموو تەمەنت لەگەڵ ئەو گۆرانی و ئەو وشانەدا بەسەر برد، وەک جووتیارێکی خەمخۆر وشه‌کانت بژار دەکرد، وەک بیناسازێکی لێهاتوو وشەکانت بە دوای یەکدا ڕیز دەکرد و هەڵتده‌چنین.” (ل27)، ئێستا لە هەمان ئامرازەکەی دەترسێت. بەڵام گێڕەرەوە ئەم ترسە قبووڵ ناکات. بۆ ئەو، نووسین “هه‌م چه‌كێكی باشە بۆ بەرگریکردن…” (ل79). لە ڕاستیدا، خودی ڕۆمانی “وێڵی” ئەنجامی هەمان بڕیارە. ئەمەش واتە ڕۆمانەکە، خۆی نامەیەکە، پاڕانەوەیەکە، دەستێکی درێژکراوەیە بۆ ڕزگارکردنی کەسێک کە لە بێدەنگیدا خەریکە دەخنکێت.

لە نیوەی دووهەمی ڕۆمانەکەدا، ئەو شوێنەی کە دەنگی “من”ی حاشاكه‌ر دێتە ژوورەوە، زمان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش تووشی دڵەڕاوکێ دەبێت. ڕستەکان کورتر دەبنەوە، هەندێک جار نیوەچڵ دەمێننەوە، خاڵبەندییەکان زیاتر دەبن. ئەم “من”ە دەڵێت: “من لە نووسین دەترسم…” (ل90) و ” قەت نامەم بۆ کەس نەنووسیوە… حاشا کەسێك نامەی لە منەوە پێ نەگەیشتووە… حاشا کەسێک هەبووبێت شایەنی ئەوە بێت، من دانیشتبم نامەم بۆ نووسی بێت… حاشا …” (ل81). ئەم “حاشا” دووبارانە، خۆیان زمانێکی تایبەتن، زمانی کەسێک کە خەریکە بە شێوەیەکی وه‌سواسییانه‌ نکۆڵی دەکات. لە دەروونناسیدا به‌مه‌ دەڵێن “نکۆڵیکردنی بەرگری”، هەرچەند زیاتر دووبارەی بکەیتەوە کە نیت، واتە زیاتر نیگەرانیت کە ڕەنگە هه‌بیت.

لە گۆشەنیگای تەکنیکییەوە، یەکێک لە کارەکان کە دلاوەر ڕەحیمی کردوویەتی ئەوەیە ڕێگەی داوە زمانی دەقەکە خۆی “دەمارگیر” بێت. ڕستە درێژە دووبارەبووەکان لە بەشی یەکەمدا، واته‌ ئەو لیستە ناکۆتایەی کەسانێك کە “تۆ”یان گەمارۆ داوە، خۆیان هەستی گەمارۆدان دروست دەکەن. خوێنەری باش، کاتێک ئەم دێڕانە دەخوێنێتەوە، بەهۆی ڕیتم و دووبارەبوونەوەکەوە هەناسەی تەنگ دەبێت. ئەمە هەمان ئەو شتەیە کە ڕەخنەگرە فۆرمالیستەکان پێی دەڵێن “کاریگەریی بێژە”.

“وێڵی” پارادۆکسێکی بنەڕەتیی تێدایه‌ کە لە هیچ کوێیەکی دەقەکەدا چارەسەر نابێت، ئەمەش قووڵایییە نه‌ك لاوازی، چونكه‌ ڕۆمانێکمان هەیە له‌بارەی مەحاڵبوونی نووسینه‌وه‌، نووسراوە. گێڕەرەوە بە ڕاشکاوی دەڵێت: “من لە نووسین دەترسم… نووسین ده‌مترسێنێ…” (ل90)، بەڵام ئێمە خەریکین هەر ئەم ڕستەیە دەخوێنینەوە. واتە کەسێک کە لە نووسین دەترسێت، نووسیویەتی. کەسێک کە بە ئەوی تر دەڵێت نووسین مه‌ترسیداره‌، كه‌چی خۆی نووسیویەتی! ئەمە بە چ مانایه‌ك دێت؟

لە نەریتی ئەدەبیاتی ددانپێداناندا، كه‌ نووسه‌ر به‌ “دركان” و “خۆدركان” هێناویه‌تی، لە ئۆگۆستینی قه‌دیسه‌وه‌ تا ڕوسۆ، لە دۆستۆیڤسکییەوە تا کافکا، نووسینی “ناتوانم بنووسم” خۆی هەر نووسینە. ئەمە یەکێکە لەو کەمە ساتانەی کە نووسین و ناوەرۆکی نووسین بە تەواوی دەبن بە یەک. کاتێک “یاداشته‌كانی ژێرزەمین”ی دۆستۆیڤسکی[1] بە “من مرۆڤێکی نەخۆشم… مرۆڤێکی بەدڕەفتارم” دەست پێ دەکات، ئەو “نەخۆشی” و “بەدڕەفتارییە” خۆیان لە خودی کردەی ددانپێداناندا دەسەلمێنن. “وێڵی”یش هەر هەمان کار دەکات، بەڵام بە ئاڵۆزییەکی زیادەوە.

ئەو ئاڵۆزییە لێرەدایە: لە “یاداشته‌كانی ژێرزەمین”دا، گێڕەرەوە خۆی ددان به‌ شته‌كاندا ده‌نێت. لە “وێڵی”دا، گێڕەرەوە ددان بەوەدا دەنێت کە “تۆ” دەبێ ددانپێدانان بكه‌یت. ئەمەش مانای ئه‌وه‌یه‌‌ مەودایەک لە نێوان ئەو کەسەی دەنووسێت و ئەو کەسەی کە دەبێ بنووسێت بوونی هەیە. ئەم مەودایە کە سەرتاپای ڕۆمانەکەی تەنیوە، خۆی یەکێکە لە گرنگترین بابەتەکانی دەقەکە. دلاوەر ڕەحیمی پێکهاتەکەی خۆی لەسەر بنەمای ئەم مەودایە دروست کردووە.

پێکهاتەی “لەبری تۆ”

لە قووڵاییی کایەی گێڕانەوەی ڕۆمانی “وێڵی”دا، ڕستەی “من هەموو شتێک لەبری تۆ ده‌كه‌م جگە لە نووسین” (ل91)، وەک کلیلێکی مۆدێرنیستی بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان “من” و “تۆ” کار دەکات. ئەم “لەبری تۆ”یە پرۆسەیەکی ئاڵۆزی ئاڵوگۆڕی سووژەیییه‌ و توانەوەیە لە ناو ئەوی تردا. گێڕەرەوە لێرەدا وەک “پاسەوانی بوون”ی کارەکتەرەکە دەردەکەوێت؛ ئەو لەبری ئەو پیاسە دەکات، دەچێتە ناو کۆڕ و کۆبوونەوەکان، تەنانەت لەبری ئەویش دەخواتەوە و مەست دەبێت. “ئەگەر عارەق بخۆمەوە، پەرداخ و ئاو و عارەق و سەهۆڵەکە جیا ده‌كه‌مه‌وه‌، یه‌كه‌مجار عارەقەکە تێدەکەم، ئینجا ئاو و پاشان چەند كڵۆ سەهۆڵێک، ئینجا پەلە دەکەم لە ساردبوونیدا و پێکەکە بە یەک فڕ هەڵدەدەم” (ل91-92). ئەم لاساییکردنەوە فیزیۆلۆژییە نیشانەی ئەوەیە کە گێڕەرەوە دەیەوێت “بارە قورسەکانی ژیان” لەسەر شانی “تۆ” لادات، تا تەنیا یەک پانتایی بۆ بمێنێتەوە: پانتاییی نووسین.

لێرەدا پارادۆکسێکی قووڵی دەروونشیکاری سەرهەڵدەدات. گێڕەرەوە کە لە واقیعدا ناتوانێت “لەبری ئەو” بنووسێت، لە جیهانی خەوندا ئەو سنوورە دەبەزێنێت. ئەمە گوزارشتێکی كرۆكییه‌ لە تێزی فرۆیدییانە کە “خەون ڕێگایەکی شاهانەیە بۆ ناسینی نائاگایی”؛ چونکە تەنیا لەوێدا “سانسۆری ئاگایی” نامێنێت و گێڕەرەوە دەتوانێت ئەو سنوورە ئاكاری و جوانیناسییەی کە لە واقیعدا ڕێزی لێ دەگرێت (نەنووسین لەبری ئەوی تر)، لە خەوندا ببەزێنێت. لەو خەونانەدا کە دۆستۆیڤسکی و کافکا، یان نیتشە و فرۆید ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە، ئێمە تەنیا لەبەردەم فەنتازیادا نین، هێنده‌ی لەبەردەم ململانێی تیۆرییەکانی “ئازار و مانا”داین کە لە ناو ناخی گێڕەرەوەدا دەجەنگن.

خاڵی هەرە درەوشاوەی ئەم بەشەی ڕۆمانەکە، گۆڕانی “زمان”ە لە ئامرازەوە بۆ “سووژە”. کاتێک گێڕەرەوە لە خەوندا لەبری ئەو دەنووسێت، چیرۆکگەلێک دەخوڵقێنێت کە “زۆرتر زمان، وشە، پیت و كه‌سیه‌تیی”ن (ل94). ئەمە لوتکەی مۆدێرنیزم و نزیکبوونەوەیە لە تێزە پاشپێكهاته‌خوازییه‌كان کە دەڵێن: “مرۆڤ ناپەیڤێت، به‌ڵكوو زمان دەپەیڤێت”. لێرەدا زمان چیتر “وەسفکەر”ی ڕووداو نییە و خۆی دەبێتە “ڕووداو”. پیتەکان وەک کارەکتەری زیندوو دەجووڵێنەوە و زمان لە فۆڕمە مێژوویی و گێڕانەوەیییە سادەکەی خۆی دادەماڵرێت.

ئەم “لەبری تۆ” نەنووسینە لە واقیعدا، گەورەترین ڕێزگرتنە لە تاکخوازی و ڕەسەنایەتیی کارەکتەرەکە. گێڕەرەوە دەزانێت کە دەتوانێت هەموو ئازارە جەستەیی و کۆمەڵایەتییەکانی “تۆ” هەڵبگرێت، بەڵام ناتوانێت “ناسنامه‌”ی ئەو بدزێت، چونکە نووسین دوایین شوێنە کە مرۆڤ تێیدا دەبێتە خۆی. ئەگەر گێڕەرەوە لەبری ئەو بنووسێت، ئەوا “تۆ” بە تەواوی لەناو دەچێت. بۆیە، ئەم بێدەنگییە لە نووسیندا، لە ڕاستیدا “هاوارێکە بۆ مانەوەی ئەوی تر”. دلاوەر ڕەحیمی بەم تەکنیکە، نیشانی دەدات کە چۆن ئەدەبیات لە قووڵترین ئاستی خۆیدا، دەبێتە پارێزەری ئەو “ناگوترێیانه‌”ی کە تەنیا و تەنیا خاوەن ئەزموونەکە خۆی بۆی هەیە بیاننووسێت.

ڕووبەرگی ڕۆمانی وێڵی. دلاوەر ڕەحیمی، ٢٠٢٥

کاتێک گێڕانەوە خۆی قووت دەدات

لە تیۆریی گێڕانەوەدا، یەکێک لە بنەما هەرە سه‌ره‌كییه‌كان جیاکاریی نێوان “نیشاندان” و “گێڕانەوە/ڕوونکردنەوە”یە. ڕۆمانی “وێڵی” کە لە كرۆكی خۆیدا ڕۆمانێکە “لەبارەی نووسین”ەوە‌، لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا دێت و دەچێت. مەترسیی گەورەی ئەم جۆرە دەقانە ئەوەیە کە هێندە نوقمی تیۆرییەکانی نووسین ببن، کە پەیوەندییان لەگەڵ “لێدانی دڵی ژیان” بپچڕێت. دلاوەر ڕەحیمی لە هەندێک شوێندا دەکەوێتە ناو ئەم داوەوە؛ کاتێک گێڕەرەوە بە زمانێکی پەخشانئامێز و تژی لە مێتافۆر باس لە هێزی نووسین دەکات: “بە نووسین دەتوانی هەموو وێرانەییەک ئاوەدان بکەیتەوە… دەتوانی سارایەک بکەیتە شارێک پڕ لە ئازادی” (ل37). لێرەدا، دەقەکە خەریکی “ڕوونکردنەوە”ی توانای نووسینە نەک “نیشاندان”ی؛ ئێمە پێناسەی ئاوەدانی و چراخان دەبیستین، بەڵام هەستی پێ ناکەین، چونکە زمان لێرەدا بووەتە “بەیاننامە” نەک “وێنە”.

ئەم گرفتە لە ئەدەبیاتی جیهانیدا بە جۆرێکی تر چارەسەر کراوە. بۆ نموونە، ئیتالۆ سڤێڤۆ لە “ویژدانی زێنۆ”دا[2]، نووسین وەک “چارەسەرێکی دەروونی” ناخاته‌ ڕوو، به‌ڵكوو لە ڕێگەی تێكشكانی بەردەوامی زێنۆ لە “دوایین جگەرە”دا، نیشانمان دەدات کە چۆن نووسینەوەی ژیان دەبێتە تاقە پەناگە بۆ مرۆڤێکی مۆدێرنی پڕ لە گرێ. هەروەها مایکڵ کانینگهام لە “کاتەکان”دا[3]، تەنیا باس لە کاریگەریی ڤێرجینیا وۆڵف ناکات؛ ئه‌و لە ڕێگەی سێ هێڵی کاتیی جیاوازەوە، نیشانمان دەدات کە چۆن “کاتژمێرەکان”ی ژیانی سێ ژن لە دەوری تاقە دەقێکدا (خانم دالۆوەی) دەخولێنەوە. لێرەدا نووسین “کردە”یە، نەک “باس”.

بەڵام “وێڵی” لەو شوێنانەدا دەگاتە ئەوپەڕی جوانی و هەناسەدان کە دەگەڕێتەوە بۆ بنەمای “نیشاندان”. دیمەنی ڕاکردن بەرەو پەیکەرەکەی ئیبن مستەوفی لە لای قەڵا (ل46-47)، یەکێکە لەو ساتە درەوشاوانەی کە تێیدا خەون و واقیع و نووسین لە یەک خاڵدا دەبنە “وێنە”. هەروەها وردەکاریی ئامادەکردنی پێکەکە (سەهۆڵ، ئاو، عارەق) و گۆڕانی میزاجی کارەکتەرەکە دوای تێکەڵبوونی ناوەکان (مەهناز لەبری مەریەم)، ئەو ساتانەن کە تێیدا “وێڵی” لە “میتاڕۆمان”بوون دەردەچێت و دەبێتە “ژیان”. لێرەدا زمان چیتر پێناسە چراخان ناکات و خۆی دەبێتە ئەو چرایەی کە تاریکایییەکانی ناخ ڕۆشن دەکاتەوە.

ئەم دووفاقییەی نێوان “ڕوونکردنەوەی هزری” و “نیشاندانی جوانیناسی”، “وێڵی” دەکاتە دەقێکی زیندوو کە هێشتا خەریکی ململانێیە لەگەڵ خۆیدا. ئەگەرچی هەندێک جار زمان بەرەو قسەی قەبە دەچێت، بەڵام ئەو دیمەنە وێنەییانەی کە تێیدا “تۆ” و “من” لە ناو جەنجاڵیی هەولێر و یادەوەرییەکانیاندا ون دەبن، دەیسەلمێنن کە دلاوەر ڕەحیمی دەزانێت چۆن ئەدەبیات لە ئه‌ركه‌ کلاسیکییەکەی (گێڕانەوە) ڕزگار بکات و بەرەو ئاسۆیەکی مۆدێرن (بینین) بیبات. ئا لێرەدایە کە نووسین دەبێتە “ئاوێنە”، نەک تەنیا “باسێک له‌بارەی ئاوێنەوه‌”.

سیاسەتی بێدەنگی: کۆمەڵگە چۆن بێدەنگی بەرهەم دەهێنێت؟

بێدەنگی وەک بەرهەم

“وێڵی” ڕۆمانێکی سیاسییە، بەڵام نەک بەو شێوەیەی کە زۆربەی جار بیری لێ دەکەینەوە. لە ئەدەبیاتی کوردیدا، “سیاسی” زۆرتر واتە بیركردنه‌وه‌ قسه‌ له‌باره‌ی جەنگ، نەتەوە، ده‌وڵه‌ت، له‌بارەی قوربانیانی مێژوو. “وێڵی” هیچ کام لەمانە نییە، ئەمەش خۆی بڕیارێکی سیاسییە.

ڕۆمانه‌كه‌ی دلاوەر ڕەحیمی له‌بارەی سیاسەتی بێده‌نگییه‌، واته‌ ئەو میکانیزمەی کە کۆمەڵگە بەکاری دەهێنێت تا ئەو کەسانەی بەهۆی شێوازی بوونیانەوە “جیاوازن”، نەک بەهۆی ئایدیۆلۆژیاوە، بێدەنگ بکات. ئەم میکانیزمە نە بە زیندان و نە بە سێدارە کار ناکات؛ ئه‌و بە شتێک کار دەکات کە کەمتر دەسەلمێنرێت: بە چاو، بە زمان، بە چاوەڕوانی. ئەمە ڕێک ئەو دۆخەیە کە میشێل فوکۆ لە وه‌سفی چەمکی “چاودێری و سزادان”دا باسی دەکات؛ کاتێک کۆمەڵگە دەبێتە “سەیرینگە” (Panopticon) و تاک لە هەموو لایەکەوە هەست بە چاوێکی نادیار دەکات کە دەبێتە هۆی ئەوەی تاک خودی خۆی سانسۆر بکات.

گێڕەرەوە ئەم میکانیزمە بە وردەکارییەکی جێتێڕامانەوە ڕوون دەکاتەوە: “به‌ سێ نووسەر، شانزە نووسەر، به‌ هه‌موو نووسەره‌كان – نووسەره‌كان پاسەوانی ڕاستەقینه‌ی ئەم به‌ندیخانانه‌ن -” (ل1). ئەم ڕستەیە خۆی بانگەشەیەکی بوێرانەیە: پاسەوانانی بێدەنگی نە دەوڵەتن، نە پۆلیس، ڕاستییه‌كه‌ی خودی نووسەرانی کۆمەڵگەن. ئەو کەسانەی کە دەبێ پێنووسیان هەبێت بەڵام پێنووسەکانیان کردووە بە قەفەس. “كۆمه‌ڵگه‌كان له‌ ڕژێمه‌كان ترسناكترن، كۆمه‌ڵگه‌كان ڕژێمه‌ ترسناكه‌كان دروست ده‌كه‌ن، ئایینه‌كان دروست ده‌كه‌ن، سیسته‌می په‌روه‌رده‌ داده‌ڕێژن نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌” (ل21).

ئەم بانگەشەیە – کە کۆمەڵگە لە ڕژێم ترسناکترە – لە ڕواڵەتدا سادە دەردەکەوێت، بەڵام دەرهاویشتەی گرنگی هەیە. ئەگەر دوژمنی سەرەکی “ڕژێم”ێك بێت، دەتوانیت له ‌به‌رانبه‌ری بوه‌ستیته‌وه‌، لێی ڕابکەیت و دژایه‌تیی بكه‌یت. بەڵام ئەگەر دوژمنی سەرەکی “کۆمەڵگە” بێت، واتە خێزان، دراوسێ، دۆست، مامۆستا، هیچ شوێنێک نییە بۆی ڕابکەیت. وەک چۆن لە نمایشی “دەرچەیەک نییە”[4]ی سارتەردا دەردەکەوێت کە چۆن سێ کارەکتەر لە ژوورێکی داخراودا یەکتری ئەشکەنجە دەدەن بێ ئەوەی ئامرازێکی فیزیکییان پێ بێت، لێرەشدا “ئەوانی تر” دەبنە دۆزەخەکە.هیچ هێڵێکی بەرەی شەڕ نییە کە لە پشتییەوە بوەستیت. دوژمن لە هەموو شوێنێکە. دوژمن “سیانزه‌ دراوسێی لای چه‌پت”ە “كه‌ هه‌شتیان مامۆستان”، “نۆ دراوسێی لای ڕاست”ته‌ “كه‌ هه‌ر نۆیان مامۆستان” (ل2). ئەم وردەکارییە لە ژمارە و پیشەدا (مامۆستا) نیشانەی ئەوەیە کە کۆمەڵگە لە ڕێگەی پەروەردە و چاودێرییەکی وردەوە، تاک گەمارۆ دەدات. لێرەدا مانا جیهانییەکەی ئەوەیە کە “سیستەم” تەنیا حکومەت نییە و له ‌ڕاستیدا ئەو دراوسێیەیە کە لە پەنجەرەوە سەیری “جیاوازی”یەکانت دەکات و وەک تاوان پۆلێنیان دەکات.

پلەبەندیی ئازار

یەکێک لە تێبینییە هەرە ناسکەکانی دلاوەر ڕەحیمی، پرسێکە کە دەكرێ ناوی بنێم “پلەبەندیی ئازار”. لە “وێڵی”دا گێڕەرەوە دەڵێت: “تۆ لە پاسەوانە میهرەبان و دڵسۆزەکانت، زیاتر لە پاسەوانە توندوتیژه‌كانت، لە پاسەوانە زماندرێژەکانت دەترسی” (ل18). ئەمە یەکێکە لە ڕاستگۆیانەترین ڕستەکانی ڕۆمانەکە و لە هەمان کاتدا یەکێکە لە پڕئازارترینەکانی. ئێمە زۆربەی جار وا بیر دەکەینەوە کە میهرەبانی پارێزەرە. بەڵام “وێڵی” دەڵێت نەخێر: لە هەندێک بارودۆخدا، میهرەبانیی کۆمەڵگە لە خراپڕەفتارییەکەی ترسناکترە، چونکە خراپڕەفتاری دەکرێت ناو بنرێت، لێی ڕابکرێت، بەرگری لە بەرانبەردا بکرێت. بەڵام میهرەبانی لە ڕاستیدا جۆرێکە لە کۆنترۆڵ! چۆن دەتوانیت بڵێیت دڵسۆزیی تۆ ئازارم دەدات؟ کۆمەڵگە ئەم جۆرە ناڕەزایەتییە وەک لادان و بێوەفایی دەبینێت. ئەم تێڕوانینە لە ڕووی فەلسەفییەوە لە چەمکی “ئەخلاقی بەزەیی” لای نیچە نزیکە، کە تێیدا میهرەبانی دەبێتە ئامرازێک بۆ سڕینەوەی جیاوازییەکانی تاک و تواندنەوەی لە ناو کۆمەڵدا.

گێڕەرەوە ئەمە بە نموونەیەکی ورد نیشان دەدات: «بێزت به‌ قسه‌كردن و ئامۆژگارییه‌كانی میهره‌بان و دڵسۆزه‌كان هه‌ڵده‌ستا، ڕشانه‌وه‌ت ده‌هات، له‌و كاتانه‌دا به‌خورتی ده‌یان ڕشانه‌وه‌ت ڕاگرتووه‌…” (ل18). ڕشانەوە لێرەدا جەستەییترین و ڕاستەقینەترین کاردانەوەی گونجاوە بۆ میهرەبانییەک کە دەیەوێت ناوەوەی مرۆڤ داگیر بکات. وەک چۆن سارتەر له‌ “هێڵنج”[5]دا باس لەوە دەکات کە دڵتێکچوون کاردانەوەیەکە بەرانبەر بەو شتە “زیادە” و “بێمانایانەی” دەیانەوێت بوونی ئێمە داگیر بکەن، لێرەشدا “وێڵی” جەستەی دەبێتە دوایین سەنگەری بەرگری. دلاوەر ڕەحیمی بەم وێنەیە، شتێک نیشان دەدات کە لە دەروونناسیی ئەمڕۆدا پێی دەوترێت “میهرەبانیی ژەهراوی” (la gentillesse toxique) میهرەبانییەک کە لە ڕاستیدا ئامرازی کۆنترۆڵە، کە بارێک دەخاتە سەر شانت، کە دەڵێت من دڵسۆزی تۆم کەواتە دەبێ بەو شێوەیە بیت کە من دەمەوێت.

گوتاری قوربانیسازی

“وێڵی”، لەگەڵ هەموو ئه‌و هێزه‌ی لە وەسفکردنی میکانیزمی بێده‌نگیدا هه‌یه‌تی، به‌ڵام کێشەیەکی پێکهاتەیی هەیە: هەندێک جار بە شێوەیەکی نه‌خوازراو لە “گوتاری قوربانی” نزیک دەبێتەوە. گوتاری قوربانی واته‌ من هەم و کۆمەڵگەش دوژمنی منە. هەموو شتێک لە دەرەوە بەسەر مندا سەپێنراوە. من سەرەتا تەواو و گەشاوە بووم و پاشان کۆمەڵگە هات و منی وێران کرد. کەواتە تاوانی من نییە. کەواتە چاوەڕوانی بەرگری لەخۆکردنیشم لێ مەكه‌ن. “وێڵی” خۆی ددان به‌مه‌دا ده‌نێت و نایشارێته‌وه‌، باوه‌ڕی به‌وه‌ هه‌یه‌ کۆمەڵگە بەڕاستی مرۆڤەکان بێدەنگ دەکات، ئەمە ڕاستییە. بەڵام ئه‌وه‌ش نیشان ده‌دات كه‌ مرۆڤەکانیش لە بێدەنگبوونیاندا پشکیان هەیە. بێگومان ئه‌مه‌ بەو مانایەیه‌ کە “بکەر”ن، نەک ته‌نیا “بەرکار”.

ئەم بابه‌ته‌‌ بە نموونە ڕوونتر دەکەمەوە: گێڕەرەوە دەڵێت “کۆمەڵگە بە هەموو هێزی زۆرداری خۆیەوە هاتبووە گۆڕه‌پان” (ل20) و “تۆش دەسته‌وسان بوویت” (ل21). بەڵام هه‌ر له‌ هه‌مان شوێندا، دەڵێت “تۆش زۆر زوو گەردنت خستە به‌ر خەنجەره‌كه‌ی، زۆر زوو ترست لێ نیشت” (ل20). ئەم “زۆر زوو”ە جۆرێکە لە بکەری، هەرچەندە نه‌خوازراویش بێت. واتە “تۆ” هەڵت بژارد، تەنانەت ئەگەر ئەو هەڵبژاردنە لەبەر ئه‌و پاساوه‌ش بووبێت كه‌ پێشتری ده‌یهێنیته‌وه‌: “به‌ڵام پاساوی من بۆ نه‌توانینه‌كه‌ت ئه‌وه‌ نه‌بوو، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بوو تۆ نه‌تده‌توانی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌ستمان هه‌بوو له‌وه‌ی تۆ ببیته‌ جه‌لاد و ئه‌شكه‌نجه‌گه‌ری خۆت، به‌ڵكوو تۆ نه‌تده‌توانی، چونكه‌ ویست بوونی نییه‌، تۆ كه‌وتبوویته‌ ژێر جه‌بری ڕێساكانی كۆمه‌ڵگه‌…” (ل19).

ئه‌مه‌ ڕه‌نگه‌ جۆرێك له‌ تایبه‌تمه‌ندیی ئەدەبیاتی سیاسەتی بێدەنگی بێت، هەر وەک چۆن لە شیعری ئەلیزابێس بیشۆپدا[6] بێدەنگی ته‌نیا بەرئەنجامی سەرکوت نییە و به‌خۆی جۆرێکە لە ستراتیژیی “مانەوە” کە خودی کەسەکە هەڵیدەبژێرێت. لەم جۆرە ئەدەبیاتەدا، ئەو ساتانەش دەبینین کە کەسەکە خۆی تێیدا بووەتە هاوبەشی بێدەنگییەکەی. بۆیه‌ “وێڵی”یش هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌كه‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌بینێت، “منیش یه‌كێك له‌ پاسه‌وانه‌كان بووم، به‌ئاسانی پشتم لێ كردی، چوومه‌ به‌ره‌ی هه‌مووانه‌وه‌” (ل11).

کێ نابینرێت؟

یەکێک لەو پرسیارانه‌ی کە دەبێ ڕەخنەگر لە هەر دەقێکی بپرسێت ئەمەیە: ئەم دەقە کێ نابینێت؟ هەر گێڕەرەوەیەک، بە هەڵبژاردنی گۆشەنیگای خۆی، بە ناچاری هەندێک کەس لە گۆڕەپانەکە دەخاتە دەرەوە. لە “وێڵی”دا، ئەم “نائاماده‌ پێکهاتەیییانە” سێ جەمسەری سەرەکین:

یەکەم: ژنان (سێبه‌ر له‌بری كاره‌كته‌ر)

 لە تەواوی ڕۆمانەکەدا، ژنان نزیکەی نائاماده‌ن، یان بە شێوەیەکی سیمبۆلیکی ئامادەن. “مریەم بۆکانی”ی گۆرانییەکەی حەسەن زیرەک، “مەهناز” کە ناوەکەی هەڵەیە (ل50)، “كیژه‌كانی ناو خەیاڵت” (ل42)، ئەمانەش له‌ ڕاستیدا سێبەرن نەک کارەکتەر. “تۆ” لە جیهانێکی تاڕاده‌یه‌ك پیاوانەدا دەژی: پیاسە دۆستانەکان، چایخانەکان، دانیشتنه‌كانی خواردنەوە. ئەمە وەبیرهێنەرەوەی ئەو ڕەخنەیەیە کە ئاراستەی ڕۆمانی “سەگی سپی”ی ڕۆمان گاری[7] دەکرێت، کە تێیدا کێشەی ڕەگەزیی باس دەکرێت بەڵام لە دیدگایەکی تەواو سپیپێستانەوە. لێرەشدا، کێشەی “سەرکوت” تەنیا لە دیدگای پیاوانەوە دەبینرێت، ئەم نائاماده‌یییه‌ی ژنان لە جیهانی گێڕانەوەیی ڕۆمانەکەدا، هەڵبژاردنێکە، چ بە ئاگایانە بێت یان نائاگایانە. بەڵام ئەم هەڵبژاردنە شتۆكه‌یه‌ک له‌بارەی ئەو جیهانەوه‌ دەڵێت.

دووەم: چینەكانی خوارتر (بژارده‌ی ڕۆشنبیر)

“تۆ”ی ڕۆمانەکە ڕۆشنبیرێکی هەولێرییە، یان ڕۆشنبیرێكه‌ له‌ هه‌ولێر کە لە چایخانەکاندا کتێب دەخوێنێتەوە، لە کافکا و دۆستۆیۆڤسکی دەدوێت، لە کلینیکەکاندا بۆ خوێندنەوەی گۆڤارەکان پارەی پشکنین دەدات. میکانیزمی سەرکوتکردنی کۆمەڵگە کە ڕۆمانەکە باسی دەکات، تا چەند تایبەتە بەم چینە؟ ئایا “دیل”بوون ئەزموونێکی چینیایه‌تیشه‌؟ ڕۆمانەکە ئەم پرسیارە ناكات. لێرەدا دەقەکە لە جۆرێک له‌ ده‌سته‌بژێرخوازی نزیک دەبێتەوە. وەک چۆن لە ئەدەبیاتی مۆدێرنیزمی ئەوروپیدا زۆرجار ئازار تەنیا وەک کێشەیەکی بوونه‌كی ڕۆشنبیران وێنا دەکرا، “وێڵی”یش ئەو چینە پشتگوێ دەخات کە بۆ نان دەجەنگن و ڕەنگە سەرکوتکردنی ئەوان زۆر توندتر و فیزیکیتر بێت لە هیی ڕۆشنبیرێک.

سێیەم: نەوەی گەنجتر (نۆستالژیای شوێن)

 ڕۆمانەکە لە کاتی ڕابردوودا ڕوو دەدات، ڕۆژانی گوێگرتن له‌ حەسەن زیرەک، چایخانە بچووکەکان، بازاڕی سێتاقان و سه‌یداوه‌. ئەم جیهانە، جیهانی ئەمڕۆی هەولێر نییە. ئەمەش خۆی شتێک دەڵێت: ئەو هەولێرە خۆشه‌ی کە گێڕەرەوە باسی دەکات، لە ڕاستیدا هەولێری نەوەی گێڕەرەوە بووە، واته‌ هه‌ولێری نەوەیەکی تر بە جۆرێکی تری سەرکوتکردنەوە. ئایا نەوەی ئەمڕۆش هەمان وێڵیی هەیە؟ ئەگەر هەیەتی، چۆن؟ “وێڵی” ئەم پرسیارە بە کراوەیی جێ دەهێڵێت كه‌ ڕەنگە ئەم “بەکراوەیی جێهێشتنە”ش هەڵبژاردنێك بێت وه‌ك جۆرێک لە وەفاداری بۆ ئەو نەوەیەی کە “وێڵی” لێیەوە هاتووە.

کاتی شکاو: یادەوەری، نۆستالژیا و ملنەدان بۆ مێژوو

ڕۆمانی بێمێژوو

“وێڵی” لە کاتدا مەلە دەکات. هیچ مێژوویەکی وردی تێدا نییە، تەنیا یەک مێژوو نەبێت: “13/4/2017” (ل95) کە لەسەر کێلی گۆڕی “تۆ” نووسراوە. ئەم مێژووە تاقانەیە لە کۆتاییی ڕۆمانەکەدایه‌، و ڕەنگە یەکێک بێت لە ده‌گمه‌ن لەنگەرە کاتییەکانی دەقەکە. ئیتر سه‌رپاكی ڕۆمانەکە لە “ئێستایەکی بەردەوام”دا ڕوو دەدات، كه‌ هەندێک جار یادەوەرییە، هەندێک جار ئێستایە و هەندێک جاریش ناڕوونە.

ئەم بێمێژوویییە هەڵبژاردنێکی ئاگامەندانەیە، بەڵام دەرهاویشتەی هەیە. لەلایەکەوە، بە لابردنی مێژوویەکی دیاریکراو، ڕۆمانەکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە وێڵیی “تۆ”، وێڵیی تاکێک لە کاتێکی تایبەتدا نییە و بارودۆخێکی مرۆییی بەردەوامە. ئەم بانگەشەیە هەم دەکرێت وەک خاڵی هێز ببینرێت و هەم وەک خاڵی لاوازی: هێزە ئەگەر بتەوێت ڕۆمانێک بنووسیت کە هەمیشە بە هاوچەرخی بمێنێتەوە؛ لاوازییە ئەگەر ئەم بێمێژوویییە ببێتە هۆی ئەوەی ڕەگە کۆمەڵایەتییە دیاریکراوەکانی ئازارەکە لەدەست بچن.

لە ئەدەبیاتی ئەمڕۆی جیهاندا، باسێک هەیە له‌بارەی ئەو بەرهەمانەی کە “لە کات هه‌ڵدێن”، واتە ئەو بەرهەمانەی بابەتە کۆمەڵایەتییەکان دەگۆڕن بۆ “تاکێکی هەتاهەتایی” تا لە تێوەگلان لە مێژوویەکی دیاریکراو خۆیان بپارێزن. ئەم تێڕوانینە گوزارشت لە ستراتیژییەک دەکات کە تێیدا نووسەر هەوڵ دەدات دەقەکەی لە “كاتی ئاسۆیی” – کە كاتی ڕووداوە مێژوویی و سیاسییەکانە – دەربهێنێت و بیخاتە ناو “كاتی ستوونی” یان “گەردوونی”یه‌وه‌؛ ئەمە بەو مانایەیە کە نووسەر نایەوێت بەرهەمەکەی تەنیا گەواهیدەرێکی سەردەمێکی دیاریکراو بێت، هێنده‌ی دەیەوێت وەک “دەقێکی هەتاهەتایی” بمێنێتەوە. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم چەمکە دەکرێت ئاماژە بە دوو نموونەی جیاواز بکەین: یەکەمیان، لە ڕۆمانی “نامۆ”ی ئەلبێر کامودا، هەرچەندە کارەکتەری مێرسۆ لە سەردەمێکی مێژووییی دیاریکراودا دەژی، کە جەزائیرە لەژێر سایەی فەڕەنسادا، بەڵام کامۆ ڕووداوەکان بە جۆرێک دادەڕێژێت کە کێشەی مێرسۆ تەنیا “نامۆبوونی مرۆڤ بێت لە بەرانبەر گەردووندا”، بەمەش مرۆڤەکە لە “هاووڵاتییەکی سیاسی”یه‌وه‌ دەگۆڕدرێت بۆ “تاکێکی هەتاهەتایی” کە ڕووبەڕووی پوچی دەبێتەوە، ئەمەش وای کردووە ڕۆمانەکە لە هەموو سەردەم و شوێنێکدا مانا بدات، چونکە خۆی لە مێژووە دیاریکراوەکە دزیوەتەوە بۆ ناو ململانێیەکی فەلسەفیی نەبڕاوە. دووەمیان، نموونەی “ئەدەبیاتی پارێزراو” یان شێوازی ساموێل بێکێتە؛ بێکێت لە شانۆگەریی “له‌ چاوه‌ڕوانیی گۆدۆ”دا، نموونەی هەرە باڵای ئەم “هەڵاتن لە کات”ە پێشکەش دەکات، چونکە لە دەقەکەدا هیچ ئاماژەیەکی مێژوویی، شوێنێکی دیاریکراو، یان باکگراوندێکی کۆمەڵایەتی بۆ ڤلادیمێر و ئێستراگۆن نییە و ئەوان لە “هیچ شوێنێک” و لە “هیچ کاتێک”دا نین. بێکێت لێرەدا هەموو تێوەگلانە مێژوویییەکانی سڕیوەتەوە تا تەنیا “بوون” وەک خۆی بمێنێتەوە، کاتێکیش مرۆڤ لە ناسنامە کۆمەڵایەتییەکەی دادەماڵرێت، دەبێتە ئەو “تاکە هەتاهەتایییە”ی کە تەنیا کێشەی کات و چاوەڕوانی و مەرگی هەیە، نەک کێشەی جەنگێکی دیاریکراو یان شۆڕشێکی سیاسی. “وێڵی” هەندێک جار لەسەر ئەم سنوورە دەجووڵێت. ئەگەر بمانه‌وێ مێژوویه‌ك بۆ وێڵیی “تۆ” دیاری بكه‌ین، ڕێك کەی ڕووی داوه‌؟ چ ڕووداوێکی دیاریکراو بووه‌ته‌ هۆکاری؟ ڕۆمانەکە ئەمە دەزانێت: “تۆ ئه‌و هه‌موو ساڵه‌، ئه‌و هه‌موو ته‌مه‌نه‌ به‌رگه‌ی قورسی و سه‌ختی ئه‌و ڕێگه‌یه‌ت گرتبوو، ئه‌و ته‌نیایییه‌ت هه‌ڵگرتبوو، به‌ڵام بە یەک ڕۆژ، بە یەک کاتژمێر به‌چۆکدا هاتی” (ل40)، بەڵام ئەو “ڕۆژە” ناڵێت. ئەم “نەگوتنە”، ئایا هەڵبژاردنێکی هونەریی ئاگامەندانەیە یان خۆپاراستنه‌ لە مەترسی؟ ڕه‌نگه‌ هه‌ر خوێنه‌رێك تێڕوانینێكی جیاوازی بۆی هه‌بێت.

نۆستالژیا و فریوخواردنی

“وێڵی” لە بەشێکی زۆریدا گیرۆده‌ی نۆستالژیایه‌، نۆستالژیا بۆ هەولێری کۆن، بۆ قه‌ڵا، بۆ كۆڵان و چایخانه‌كان، بۆ حەسەن زیرەک، فه‌رهاد زیره‌ك، نوری گه‌رمیانی، عه‌لی مه‌ردان، عه‌بدولخالق مه‌عروف و ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی و ده‌ق و شوێن و كه‌ره‌سته‌ی تر. ئەم نۆستالژیایە هەندێک جار زۆر کاریگەرە. بەڵام ڕەخنەگر دەبێ بپرسێت له‌م ڕۆمانه‌دا نۆستالژیا ده‌یه‌وێ چی بكات؟

نۆستالژیا دوو كاركردی سەرەکی هەیە. یەکەم: بەراوردکاری، واته‌ “لەوێ کە بووین” لە بەرانبەر “لێرە کە هەین”. ئەم كاركرده‌ش لە “وێڵی”دا چالاکە. هەولێری جاران لە بەرانبەر هەولێری ئێستا وه‌ك به‌شێك له‌ كوردستان كه‌ “کە بووەتە بازاڕی ئاسن و ته‌نه‌كه‌ی ژەنگاوی، بووه‌ته‌ بازاڕی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كیچ و ژه‌نگاوی” (ل56). دووەم: پەناگە، “لەوێ کە بووین” شوێنێکی ئارامە لە بەرانبەر “لێرە کە هەین” کە مەترسیدارە. ئەم کارکردەیش لە “وێڵی”دا هەیە.

بەڵام نۆستالژیا کێشەیەکی بنەڕەتی هەیە، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یادەوەری ئایدیالیزە دەکات. لێرەدا دەکرێت ئاماژە بە چەمکی “نۆستالژیای ڕەخنەیی” لای سڤیتلانا بۆیم (Svetlana Boym) بکەین؛ ئەو جیاوازی ده‌كات لە نێوان نۆستالژیایەک کە دەیەوێت ڕابردوو وەک خۆی بگەڕێنێتەوە  (Restorative)له‌گه‌ڵ نۆستالژیایەک کە تەنیا بۆ تێڕامان و مانا بەخشینە بە برینه‌كان (Reflective). “وێڵی” لە جۆری دووەمە. چونکە تەنانەت لەو ڕابردووە ئایدیالیزەکراوەشدا، “تۆ” ئازاد نەبووە و لە ژێر هێرشی ئامۆژگاری و سه‌ركۆنه‌كردنه‌كاندا بووە. بۆیه‌ ئەو “هەولێرەی پێشوو” کە لە ڕۆمانەکەدا باسی لێوە دەکرێت، ئایا بەڕاستی شوێنێکی ئارام بوو؟ ئایا لەو “هەولێرەی پێشوو”دا، بەو چایخانە و دارتوو و بازاڕانەوە، “تۆ” بە ئازادی دەیتوانی خۆی بێت؟ ڕۆمانەکە نیشانی دەدات کە نەخێر، تەنانەت لەو “هەولێرەی پێشوو”شدا، “تۆ” لە میهرەبانییەکانی باوک و مامۆستا هێڵنجت دەهات، “تۆ له‌و كاتانه‌شدا نه‌تده‌توانی جگه‌ره‌ بكێشی، نه‌بادا دوكه‌ڵ بڕشێیته‌وه‌ … تۆ گوێت پڕ كراوه‌ له‌ ئامۆژگاری و له‌ سه‌رزه‌نشت. تۆ كه‌وتبوویته‌ به‌ر هێرشی ئامۆژگاری و سه‌رزه‌نشته‌كان” (ل19).

کەواتە ئەم نۆستالژیایە له‌بارەی چییەوه‌یه‌؟ ڕەنگە پێویست بێت بەم شێوەیه‌ بیبینین: نۆستالژیای “وێڵی” نۆستالژیای “خودی باشتر”ە، نەک نۆستالژیای “جیهانی باشتر”. گێڕەرەوە بیر لە کاتێک دەکاتەوە کە “تۆ” هێشتا دەیتوانی شادیی هەبێت، هێشتا بە جوانیی وشەی “زێوان” سەرسام دەبوو، هێشتا له‌جیاتی هه‌ڵپه‌ڕین هه‌ڵده‌قونییه‌وه (ل43)‌، هێشتا بێپارە و دڵخۆش دەچووە چایخانە. ئەم نۆستالژیایە له‌بارەی جیهانی دەرەوە نییه‌، و له‌باره‌ی توانای ناوەکیی «تۆ»یە بۆ شادبوون.

ئەم جیاکارییە گرنگە. چونكه‌ ئەگەر کێشەکە “هەولێری ئێستا” بێت، ڕەنگە چارەسەر “ڕۆیشتن” بێت. بەڵام ئەگەر کێشەکە “لەدەستدانی توانای شادی” بێت، هیچ شوێنێک نییە بۆی بڕۆیت. “وێڵی” ئەمەی دووەمیان دەڵێت، بەڵام هەندێک جار لە فۆڕمی یەکەمدا دەری دەبڕێت، كه‌ ئەمەش یەکێکە لە شوێنە جێتێڕامانه‌كانی دەقەکە.

جوگرافیا و مردن: هەولێر و گۆڕستانە بێناوەکان

لە “وێڵی”دا، هەولێر دۆخێکی دەروونییە نه‌ك به‌ته‌نیا شارێك. ئەمە بە ڕوونی له‌وێدا دەبینرێت کە گێڕەرەوە لە پردی سەیداوە دەدوێت و دەڵێت “بیرم کەوتەوە تۆ بە پردی سەیداوەت دەوت نووری گەرمیانی” (ل27). شوێنێک کە خەڵکی تر ته‌نیا ناوی فەرمی دەبینن، “تۆ” شاعیرانەترین ناوی گونجاوی بۆ دادەنێیت. هەولێری “تۆ” شارێکە هەر کۆڵانێکی ناوی هەیە، هەر پردێکی دەنگی هەیە، هەر مەیدانێکی بە یادگاریی کەسێکە کە کۆمەڵگە لەبیری کردووە. “یەکێک لە کۆڵانە سەرەکییەکانی گەڕەکی سەیداوەشت ناونابوو هەوری لار” (ل27).

ئەم ناونانە تایبەتییانەی “تۆ”، نیشانەی خاوەندارێتیی سۆزه‌كییه‌ بەسەر پانتاییدا. کاتێک جیهانی دەوروبەرت بە ناوەکانی خۆت دەناسیت، واتە به‌ مانا نۆستالژییه‌كه‌ی دەڵێیت ئەمانە “هی من”ن. بەڵام ئەم “خاوەندارێتییە” لە درێژەی ڕۆمانەکەدا وردە وردە لەناو دەچێت. بازاڕی سێتاقان “بووە بە قوربانیی هه‌ندێ مارکێتی پۆخڵه‌واتی چه‌ند ماڵبڕ و ژیانبڕێك” (ل27)، دارتووەکانی بەردەم دووكانه‌كانی لای قه‌ڵا “لە بنەوە هه‌ڵكێشراون” (ل53). شار خەریکە دەگۆڕێت، بەڵام نەک بەو ئاڕاستەیەی کە “تۆ” دەتویست.

لە بەشی کۆتاییی ڕۆمانەکەدا، گێڕەرەوە خەونێک دەگێڕێتەوە: “هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا خه‌وم بینی گۆڕی تۆمان هه‌ڵده‌كه‌ند” (ل95) و مێژووی مردنەکە 13/4/2017یە، هەمان ئەو ڕۆژەی کە گێڕەرەوە لەگەڵ “تۆ” قسە دەکات. ئەم وردەکارییەی کە گۆڕەکە تازەیە، “هێنده‌ تازەیه‌ هێشتا شێی هەندێ شوێنی خاكه‌کەی سەر گۆڕەکە وشک نەبووەتەوە” (ل97)، نیشان دەدات کە مردنی “تۆ” مردنێکی بەردەوامە وا خەریکە ڕوو دەدات نەک مردنێکی ڕابردوو، هەر ئێستا، لەم ساتەدا ڕوو ده‌دات.

کاتی “دیل”

یەکێک لە زیرەکانەترین کارەکان کە دلاوەر ڕەحیمی لە ڕۆمانەکەیدا کردوویەتی، ناساندنی “دیل”ە وەک خاڵێکی بەراوردکاری. “دیل” – زیندانیی ڕاستەقینە – لەگەڵ “تۆ” بەراورد دەکرێت. ئەم بەراوردکارییەش له‌بارەی کاته‌وه زۆر شت دەڵێت‌.

دیلی ڕاستەقینە دەیەوێت کات زووتر تێپەڕێت. “دیلەکانی تر حەز دەکەن کات بە پەلە بڕوا، خولەک بەسەر ڕۆژانیان بکەوێ و ڕۆژ تێپەڕێنی، ڕۆژەکان بەسەر وەرزەکانیان بکەون و وەرز تێپەڕێنن، بەهارێک نەبینێ و تێپەڕێ، پرچی پاک سپی بووبێ بەڵام سێ ساڵێک تێپەڕی بێت، بەڵام تێپەڕی بێت” (ل17)، ئەمەش ئەو کاتەیە کە هێنری بێرگسۆن (Henri Bergson) ناوی دەنێت “کاتی ژمێردراو”؛ کاتێک کە تەنیا ژمارەیە و مرۆڤ دەیەوێت لێی ڕزگار بێت. بێرگسۆن جیاوازی دەکات لە نێوان “کاتی کاتژمێر” (Le temps physique) و “کاتی ناوەکی” (Durée). ئەو پێی وایە کاتی ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئێمە لە ناخماندا هەستی پێ دەکەین، کە زۆرجار وەک ئەوەی لە “وێڵی”دا هەیە، نە دەپێورێت و نە بە هێڵێکی ڕاست دەڕوات. بەڵام “ئه‌ی تۆ؟ تۆ کاتێ “باوێشک”ت ناسی، كاتێ ویستت زیندانی بکەیت، ده‌ترسای كاتت نه‌بێ سالوولی تایبه‌تی هۆی بۆ دروست بكه‌ی” (ل18). واتە “تۆ” دەیەوێت کات تێنەپەڕێت، دەیەوێت ئەو ساتانەی کە بوونەتە زیندانیی “دیل”ە دەروونییەکانی، بە جێگیری بهێڵیتەوە. ” ئەی تۆ چی؟ تۆ لە کاتدا چەقی بووی، چەقیوی. تۆ لە بنەڕەتدا کات لەلات چەقی بوو، چەقیوە، چاوەکان کاتیان چەقاندووە، زمان کاتی چەقاندووە، جووڵەکان کاتیان چەقاندووە، کات لای تۆ وەک خۆت دەڕوا، کات چاوەڕێی تۆیە و تۆ خۆت چەقاندووە، خۆت کاتت ڕاگرتووە، لە ڕووداوێکدا ڕاگرتووە و ئەویش خۆی توندتر چەقاندووە و ڕەگی داکوتیوە” (ل17-18).

ئەم “ڕاگرتنی کات”ە چەمکێكی دەروونیی قووڵه‌ له‌ دەقەکەدا. لە دەروونناسیدا، ئەوەی “تۆ” ئەنجامی دەدات پێی دەوترێت “چەقبەستوویی” (Fixation)، کاتێک برینێکی دەروونی هێندە توندە کە مێشک ناتوانێت بیگوێزێتەوە بۆ ڕابردوو. هەر شتێک بیری ئەو ڕووداوە بخاتەوە، مێشک دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ هەمان سات. جوانیی “وێڵی” ئەوەیە کە ئەم چەمکە بەبێ ناوه‌ دەروونناسییەکەی، لە ڕێگەی وێنەی “ڕاگرتنی کات”ەوە دەردەبڕێت.

بەڵام پرسیارێکی بێوەڵام لە ڕۆمانەکەدا دەمێنێتەوە: ئەو “ڕووداوە” چییە کە “تۆ” کاتی تێدا ڕاگرتووە؟ ڕۆمانەکە بە ئاگایییەکی هونەرییەوە ئەم خاڵە بە تاریکی دەهێڵێتەوە. ئەم “نەگوتنە” هێزی دەقەکەیە. چونکە ئەگەر نووسەر ڕووداوەکەی دیاری بکردایە، ماناکەی کورت دەکردەوە بۆ ڕووداوێكی تاكه‌كه‌سی. بەڵام بە جێهێشتنی ئەم بۆشایییە، “وێڵی” دەبێتە ئاوێنەیەک بۆ هەر خوێنەرێک؛ هەر کەسێک لە ئێمە “ڕووداوێک”ی هەیە کە کاتی تێدا ڕاگرتووە، “كاتژمێرێك”ی هەیە کە لە ساتێکی دیاریکراودا باترییەکەی تەواو بووە و چیتر ئامادە نییە چرکەیەکی تر بچێتە پێشێ. ئەمە ئەو شوێنەیە کە دەقەکە تێیدا لە گێڕانەوەی چیرۆکێکی تایبەتەوە دەبێتە گێڕانەوەی “دۆخی مرۆیی”

ژماردن وەک بەرگری

یەکێک لە وێنە سیمبولیکییە هەرە قووڵ و دووبارەبووەکان لە ڕۆمانی “وێڵی”دا، مۆتیڤی “ژماردن”ە وەک پرۆسەیەکی دەروونی و بوونه‌كی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی بێشوێنی. ئەم کردارە، کە لە نێوان کارەکتەری “دیل” و کارەکتەری “تۆ”دا دابەش بووە، وەک ئامرازێکی بەرگریی بایۆلۆژی و مەعریفی لە دژی هەڵوەشانەوەی خود دەردەکەوێت. دیل لە ناو زینداندا پەنا دەباتە بەر ژماردنی کاشییەکان، شیشەکان و تێپەڕبوونی ڕۆژەکان؛ ئەمە لە ڕووی دیاردەناسییەوە وەک هەوڵێکە بۆ “داگیرکردنی شوێن” لە ڕێگەی عەقڵەوە، کاتێک جەستە لە ژێر کۆنترۆڵدایە. ژماردن لێرەدا دەبێتە مانیفێستی “من هێشتا لێرەم” (Cogito)، کە هاوتایە لەگەڵ تێزەکانی مۆریس مێرلو پۆنتی (Maurice Merleau-Ponty) سەبارەت بە پێگەی جەستە وەک ناوەندی ئەزموونکردنی جیهان؛ چونکە لە بارودۆخی دژواری بێبەشبووندا، بچووکترین کردەی کۆنترۆڵکردن دەبێتە دوایین سەنگەری پاراستنی مرۆڤبوونی تاک. نووسەر ئەم پەرتبوونە دەروونییەی دیل بە وردی وێنا دەکات کاتێک دەڵێت: “دیل بەس ڕۆژەکان ناژمێرێ، به‌ڵكوو هەنگاوەکانیشی دەژمێرێ، دیل دەست جووڵاندن و میزکردنەکانیشی دەژمێرێ … دیل بۆیە دیلە و پێی دەڵێن دیل و خویشی ئیتر دەزانێ کە دیلە لە یادەوەریی لاوێتییەوە دەگەڕێتەوە بۆ خەیاڵ و یادەوەرییەکانی منداڵی، لە منداڵییەوە باز دەدات بۆ ژماردنی سەدبارەی کاشییەکانی ئەردەکەی ژێر پێی، ئیدی ئەردەکەی ژێرپێی سالوولەکەی خۆی بێت یان ئەو توالێتەی دەچێ چۆڕێ میزی تێدا بکات، یان هی ڕاڕه‌وەکەی بەندیخانەیە یان هی حەسارەکەی بەندیخانەکە، ئەوانە گرنگ نین، گرنگ تەنیا ژماردنە و هەمیشە هەڵەکردن و لێتێکچوونی ژماردنەکە و هەمیشە بیانوو بۆ دووبارە ژماردنەوەی” (ل13). ئەم “هەڵەکردنە” و دووبارە دەستپێکردنەوەیە نیشانەی تێکشکانی کاتی هێڵه‌كییە و گۆڕینیەتی بۆ کاتێکی دەروونیی خولاوه‌ کە تێیدا ژماردن ته‌نیا بۆ گەیشتن بە ئەنجام نییە، هێنده‌ی بۆ بەردەوامبوونی خودی پرۆسەی بیرکردنەوەیە لە ناو بێدەنگیی ڕەهای زینداندا.

لە بەرامبەر ئەمەدا، جیاوازییەکی ناسک و جەوهەری لە مامەڵەی کارەکتەری “تۆ”دا دەبینرێت، کە ئاستێکی قووڵتر لە تێکشکانی ئۆنتۆلۆژی نیشان دەدات. لە کاتێکدا دیل لە ڕێگەی ژماردنەوە هێشتا ململانێ لەگەڵ واقیعدا دەکات، کارەکتەری “تۆ” لەو سنوورەش تێپەڕیوە و تووشی جۆرێک لە “ئیفلیجیی ئاگایی” بووە. نووسەر ئاماژە بەوە دەدات کە “تۆ” مژەکانی جگەرە دەژمێرێت، یان ڕاستتر، توانای ژماردنیانی نییە: “تۆ نه‌تده‌توانی قوومی جگه‌ره‌كان بژمێری، تۆ نه‌تده‌توانی سه‌رله‌قاندنه‌كانت بژمێری…” (ل14). ئەم “نەتوانینە” لە ڕوانگەی تیۆریی رەخنەیییەوە، گوزارشتە لە تەسلیمبوونێکی تەواوەتی بە کاتی ڕاگیراو. کەسێک کە توانای ژماردنی نییە، لە ڕاستیدا ئەو کۆتا کەرەستەیەی لەدەست داوە کە پێی دەوترێت “ئیرادەی مەعریفی”، و چیتر ناتوانێت سنوورێک لە نێوان خود و ئەو دۆخە داسەپاوەدا بکێشێت. ئەم جیاوازییە لە نێوان ژماردنی دیل و نەتوانینی “تۆ”دا، گێڕانەوەکە دەباتە ئاستێکی فەلسەفیی باڵاتر؛ دیل هێشتا لە پرۆسەی “بوون”دایە لە ڕێگەی ژماردنەوە، بەڵام “تۆ” گەیشتووەتە قۆناغی “نەبوون” یان توانەوەی تەواو لە ناو پووچیدا. ئەو خوێنەرەی بە وردی و بە ئامرازی ڕەخنەیی بوونخوازی بڕوانێتە دەقەکە، تێدەگات کە ئەم جیاکارییە نیشاندانی پلەبەندیی تێکشکانی مرۆڤە لە ژێر فشاری دەسەڵات و تەنیاییدا، کە تێیدا ژمارەکان دەبنە دوایین هێڵەکانی بەرگری پێش ئەوەی مرۆڤ بە تەواوی لە ناو “کات و شوێنی وێڵ”دا ون ببێت.

ڕەگەزی ددانپێدانان: پیاو کە لاواز دەبێت

ددانپێدانان لە کولتووردا

لە بنەما کولتوورییەکانی کۆمەڵگەی کوردەواریدا، و بە گشتی لە پانتایی سۆسیۆکولتووریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ددانپێدانانی لاوازی وەک کردارێکی دژەپیاوانە و مه‌ترسییه‌ك بۆ سەر شوناسی جێگیری نێرینە تەماشا دەکرێت. پاڵەوانی کولتووری لە گێڕانەوە کلاسیکی و حه‌ماسییه‌‌کاندا، هەمیشە وەک سووژەیەکی خاوەن بڕشت، خۆڕاگر و خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایین وێنا کراوە؛ تەنانەت کاتێک ئەم پاڵەوانە ڕووبەڕووی شکستیش دەبێتەوە، شکستەکەی خاوەن “شکۆیەکی تراژیدی”یە و هەرگیز ڕێگە نادات وێڵبوونی ناوەکی و گێژاوی مێشکی، سیمای دەرەکیی ئەو سووژە بەهێزە بشێوێنێت. ئەم تێڕوانینە کە لەسەر بنەمای “پیاوانەییی هه‌ژموونخواز” بونیاد نراوە، هیچ ڕووبه‌رێك بۆ گومان و لەرزینی دەروونی ناهێڵێتەوە.

بەڵام ڕۆمانی “وێڵی” بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ ئەم مۆدێلە نەریتییەی پاڵەوان وەلا دەنێت و وێنەیەکی جیاواز لە سووژەی پیاوانە دەخاتە ڕوو. کارەکتەری “تۆ” لەم دەقەدا، نە خاوەن هێزی فیزیکییە، نە خۆڕاگرییەکی ئەفسانەیی هەیە و نە خاوەن ئەو شکۆیە کۆنەیە کە کولتوور دەیخوازێت. ئەو سووژەیەکی تێکشکاوە کە دڵی تێکەڵ دێت، ناتوانێت کۆنترۆڵی وردەکارییەکانی دەوروبەری بکات، وەک نەتوانینی ژماردنی مژەکانی جگەرەکەی؛ لە بەرامبەر سادەترین نیشانەکانیشدا تووشی ترس دەبێت، وەک ترسان لە زەنگی تەلەفۆنی کەسانی نەناسراو (ل44) یان ڕشانەوە لە میهرەبانیی ئەوانی تر. “تۆ” لێرەدا دەبێتە سووژەیەک کە سنوورەکانی نێوان ناوەوە و دەرەوەی، نێوان هێز و لاوازیی لێ تێک چووە.

ئەم هەڵبژاردنە هونەرییەی دلاوەر ڕەحیمی، گۆڕانکارییەکی پارادایمییە لە گێڕانەوەی کوردیدا، بەڵام هاوکات پرسیارێکی كرۆكیی تیۆریش دەورووژێنێت: ئایا ئەم لاوازییەی “تۆ” وەک “شکستێکی بوونخوزای” وێنا دەکرێت یان وەک “ڕەسەنایەتییەکی نوێ”؟ ڕۆمانەکە لێرەدا لە نێوان دوو جەمسەری دژبەیەکدا دەجووڵێتەوە. لە لایەکەوە، گێڕەرەوە جەخت لەسەر جۆرێک لە پاکی و ڕەسەنایەتیی کارەکتەرەکە دەکاتەوە و دەڵێت: “گرنگترین تایبەتمەندی تۆ ئەو بێڕیییایه‌ت بوو کە هەمیشە ئاراستەی خۆت دەڕۆیشتی، تۆ بێ بەرژەوەندی بووی”  (ل40).

بەڵام لە لایەکی ترەوە، دەقەکە “تۆ” وەک قوربانییەکی سۆسیۆلۆژی نیشان دەدات کە لەژێر قورسایی و گوشارەکانی کۆمەڵگەدا “پان بووەتەوە”. ئەمە ململانێیەکی دیالێکتیکییە لە نێوان “سووژەی ئازاد” کە لاوازییەکەی هەڵبژاردنێکی ڕەسەنە، و “سووژەی سەرکوتکراو” کە لاوازییەکەی بەرهەمی چەوسانەوەیە. ئەم مانالێڵییه‌ لە ڕۆمانەکەدا چارەسەر نابێت؛ ئایا “تۆ” پاڵەوانێکی مۆدێرنە کە بوێرانە دانی بە ناسکی و ئازارچێشتنی خۆیدا ناوە، یان تەنیا دۆڕاوێکی کۆمەڵایەتییە کە چیتر توانای بەرگری نەماوە؟ ئەم ناڕوونییە دەبێتە هۆی ئەوەی کە تێکستەکە وەک بونیادێکی کراوە بمێنێتەوە، کە تێیدا مانا لە نێوان “ڕەسەنایەتیی ناوەکی” و “شکستی دەرەکی”دا لەبزاوتدایه‌، بەبێ ئەوەی بگاتە بڕیارێکی کۆتایی لەسەر شوناسی ئەم پیاوە وێڵە.

جوانیناسیی گریان و کێشەی ڕەوایەتیی کولتووری

لە گێڕانەوەی ڕۆمانی “وێڵی”دا، فرمێسک لە ئاستە بایۆلۆژی و دەروونییە سادەکەی خۆی تێدەپەڕێت و دەبێتە سووژەیەکی جوانیناسانە کە ڕەهەندی بوونخوازی و نەتەوەیی بەخۆوە دەگرێت. گێڕەرەوە بە زمانێکی شیعریی چڕ، گریانەکانی “تۆ” لە چوارچێوەی “پێناسی کەسی”دا کورت دەکاتەوە و دەڵێت: “تۆ گریانت كرد به‌ ناوی خۆتەوە. تۆ بۆ هه‌موو شتێك ده‌گریایت” (ل64). لێرەدا گریان چیتر نیشانەی تەسلیمبوون نییە و بۆ خۆی دەبێتە جۆرێک لە “زمان”؛ زمانێک کە تێیدا سنووری نێوان ئازاری جەستەیی و داهێنانی ئەدەبی کاڵ دەبێتەوە. بەراوردکردنی گریانی کارەکتەرەکە بە “غەزەلێکی نالی”، “دەربەندی پەپولە”ی شێرکۆ بێکەس، یان کارەساتی “هەڵەبجە” و تیرۆری “عەبدولخالق مەعروف” (ل65)، گریانەکە لە بازنەی تاکەکەسی دەردەهێنێت و دەیکاتە بەشێک لە كۆمێژوویەکی پڕ لە مەینەت.

ئەم گۆڕانکارییە وێنایییە، گریان وەک “هونەر” مانیفێست دەکات. لە کولتوورێکدا کە پیاوانەیی تێیدا بە بەهێزی و بێدەنگی پێناسە دەکرێت، “وێڵی” هەوڵ دەدات ڕه‌وایه‌تی به‌ جۆرێک لە “پیاوانەییی ناسک” بدات، بە مەرجێک ئەو ناسکییە خاوەن بەهایەکی سیمبولیکی باڵا بێت. کاتێک گێڕەرەوە دەڵێت: “گریانی تۆ وەک شیعرە، گریانی تۆ لە گریانی هیچ کەسێکی تر ناچێت… به‌ده‌م گریان و هه‌نسكه‌كانته‌وه‌ هه‌میشه‌ شیعرت ده‌وت” (ل52)، لە ڕاستیدا کار لەسەر تێزی “جوانیناسیی ئازار” دەکات، کە تێیدا خەم دەبێتە کەرەستەیەکی خاو بۆ بەرهەمهێنانی مانا. ئەمە نیشاندانی توندوتیژییەکی ئه‌رێنییه‌؛ گریانێک کە “ترسناک جوانە”، چونکە لە قووڵاییی تێکشکانێکی ڕاستەقینەوە هەڵدەقوڵێت و پەیوەندییەکی میتافۆری لەگەڵ دەنگە گەورەکانی وەک حەسەن زیرەک، قادر دیلان و سەڵاح نەجمەدیندا دروست دەکات.

بەڵام لە پشت ئەم وێنە پڕ لە میهرەبانییەوە، پرسیارێکی ڕەخنەییی جیدی سەرهەڵدەدات کە پەیوەندی بە “مەرجدارکردنی گریان”ەوە هەیە. ئایا ڕەوابوونی گریانی پیاو لەم دەقەدا، بەند نییە بە “جوانبوون”ی گریانەکەوە؟ لێرەدا دەقەکە ڕووبەڕووی پارادۆکسێکی کولتووری دەبێتەوە؛ گریان کاتێک پەسەندە کە بگۆڕێت بۆ “ئەدەبیات” یان “مۆسیقا”. ئەگەر گریانی “تۆ” گریانێکی ناشیرین، بێدەنگ، یان بێمانا بوایە، گریانێک کە نەچووبایە ناو پانتاییی غەزەل و گۆرانییەوە، ئایا هێشتا وەک کردارێکی “ڕه‌سه‌ن” هەژمار دەکرا؟ ئەمە ئەو “سێبەرە بچووکە”یە کە لە ناو دێڕەکاندا دەبینرێت؛ تەنانەت لەو شوێنەشی کە ڕۆمانەکە دەیەوێت پیاوانەییی نەریتی تێک بشکێنێت، هێشتا جۆرێک لە مەرجی باڵای بۆ دادەنێت، کە ئەویش مەرجی “بوون بە هونەر”ە بۆ ئەوەی لە پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی ڕزگاری بێت.

دۆستایەتیی پیاوانە و دیالێکتیکی وابەستەیی

پەیوەندیی نێوان گێڕەرەوە و کارەکتەری “تۆ” لە ڕۆمانی “وێڵی”دا، لەسەر بونیادێکی سۆزه‌كیی چڕ و فرەڕەهەند وەستاوە کە لە مێژووی ئەدەبیاتی کوردی و کلاسیکی ناوچەکەدا، ڕەگوڕیشەیەکی قووڵی لە چەمکی “هاوڕێیەتیی گیانی”دا هەیە. ئەم پەیوەندییە کە بە زمانێکی لیریکی و پڕ لە ناسکی وەسف دەکرێت، سنوورە باوەکانی هاوڕێیەتیی سادە دەبەزێنێت و دەچێتە ناو کایەی وابەستەییەکی ئۆنتۆلۆژییەوە. دەربڕینەکانی وەک: “هاوڕێی گیانی به‌ گیانی” (ل53)، “تووڕه‌م له‌ تۆ، تووڕه‌م له‌ خۆم” (ل47) و بانگهێشتکردنی ئەوی تر بۆ گریانێکی هاوبەش: “وەرە هاوڕێم سەرت بخه‌ره‌ سه‌ر شانم و بگری … سه‌رت بخه‌ره‌ سه‌ر سنگم و بگری … تۆ بگری با منیش بۆن به‌ فرمێسكه‌كانته‌وە بكه‌م” (ل51)، گوزارشت لە جۆرێک لە “تەواوکاریی دەروونی” دەکەن کە تێیدا خود و ئەوی تر دەبنە یەکەیه‌كی هەستیار.

ئەم زمانی سۆز و نزیکییە جەستەیییە، کە لە وێنەی “ترسام له‌وه‌ی گه‌ر به‌ گه‌رموگوڕییه‌وه‌ توند بتگوشم، هاڕه‌ت بێت” (ل69)دا دەگاتە ئەوپەڕی چڕی، لە ڕوانگەی تیۆریی “دڵسۆزیی قووڵی نێرینه‌‌” و چەمکی “كۆمه‌ڵایه‌تیبوونی هاوڕه‌گه‌زانه‌”ی ئیڤ سێجویکەوە[8] جێگەی سەرنجە. لە کولتوورە ڕۆژهەڵاتییەکاندا، نزیکیی سۆزەکی و جەستەیی نێوان پیاوان (وەک دەستگرتن، باوەشپیاکردن و گریانی هاوبەش) مێژوویەکی درێژی هەیە و وەک نیشانەیەکی سروشتیی دۆستایەتیی باڵا ئەژمار دەکرێت، بەبێ ئەوەی لێکدانەوەی سێکسیی بۆ بکرێت. “وێڵی” بە شێوەیەکی سروشتی لەم پانتایییەدا دەجووڵێتەوە و زمانی سۆزی پیاوانە وەک کەرەستەیەکی گێڕانەوەیی بۆ نیشاندانی تێکشکانی مرۆڤ و پێویستیی بە پەناگەیەک بەکار دەهێنێت.

بەڵام ئەم چڕییە بێوێنەیە، پرسیارێکی “بێناونان” لە ناو دەقەکەدا بەجێ دەهێڵێت کە پەیوەندی بە سنوورەکانی زمانەوە هەیە. ئایا چەمکی “هاوڕێیەتی” بە تەنیا دەتوانێت بەرگەی ئەم هەموو چڕییە سۆزدارییە بگرێت؟ لێرەدا دەقەکە تووشی جۆرێک لە “لێڵیی مەبەستدار” دەبێت؛ لە لایەکەوە پێداگری لەسەر ناوی هاوڕێیەتی دەکاتەوە، بەڵام لە لایەکی ترەوە وێنەکان و زمانەکە هێندە چڕن کە لە سنووری ناسێنراوی هاوڕێیەتی دەچنە دەرەوە. ئەم ترسە لە “هاڕەهاتن”ی ئەوی تر لە کاتی توندگوشیندا، گوزارشتە لە ناسکییەکی بونیادی کە تێیدا جەستە وەک شووشەیەکی شکاوی لێ هاتووە و گێڕەرەوە وەک پارێزەری ئەو تێکشکاوە دەردەکەوێت. ئەم بۆشاییی ناونانە، وەک “ناگوترێیەک” لە ناو دەقەکەدا دەمێنێتەوە و شوێنێکە کە ڕۆمانەکە تێیدا بێدەنگی هەڵدەبژێرێت؛ ئه‌مه‌ش ترسنۆکییەک نییه‌ بۆ یەکلاکردنەوە، هێنده‌ی دداننانه‌ بەوەی کە هەندێک ئەزموونی سۆزداری هەن، هێشتا زمان فەزایەکی گونجاوی بۆ ناونانیان بەرهەم نەهێناوە، بەتایبەت لەو شوێنەی کە عەشق و هاوڕێیەتی و ئازار لە یەک خاڵدا دەبنە گورزه‌تیشکێكی چڕ.

گێڕەرەوەی متمانەپێنه‌كراو: لە کوێدا ناتوانرێت بڕوا بە گێڕانەوە بکرێت؟

گێڕەرەوەی شه‌یدا

لە گێڕانەوەی ڕۆمانی “وێڵی”دا، ئێمە ڕووبەڕووی جۆرێکی تایبەت لە گێڕەرەوە دەبینەوە کە لە تیۆریی ئەدەبیدا بە “گێڕەرەوەی متمانەپێنەکراو” (Unreliable Narrator) ناوزەد دەکرێت؛ بەڵام متمانەپێنەکراوی ئەم گێڕەرەوەیە لە “شەیدایی” و دڵبەستەیییەکی قووڵەوە دێت‌، کە ڕێگرە لەوەی وێنەیەکی ئۆبجەکتیڤ و بێلایەنانەی کارەکتەری “تۆ” بخاتە ڕوو. گێڕەرەوە لێرەدا خەریکی “بونیادنانی پیرۆزی”یە بۆ کارەکتەرەکە. کاتێک دەڵێت: “تۆ خوڵقێنه‌ری شیمانه‌کان و ئه‌گه‌ره‌کان بوویت” (ل58) یان “گریانەکانی تۆ بە شێوەیەکی ترسناک جوان بوون” (ل65)، ئەو چیتر تەنیا وەسفی مرۆڤێک ناکات، له ‌ڕاستیدا خەریکی وێناکردنی “ئایکۆن”ێکە کە لە سەروو کەمورکوڕییە مرۆیییەکانەوە وەستاوە. خوێنەری وردبین لێرەدا تووشی گومان دەبێت؛ ئایا ئەوەی دەیبینین “تۆ”یەکی ڕاستەقینەیە، یان “دانه‌پاڵ” (projection)ی خەیاڵ و شەیدایییەکانی گێڕەرەوەیە؟

ئەم گێڕەرەوەیە، کە لایەنگرییەکی ڕەهای بۆ کارەکتەرەکە هەیە، هەوڵ دەدات پێشوەختە بەرگری لە خۆی بکات و دەڵێت: “ئەمە پیاهەڵدان نییە، وەک چۆن فریودانیش نییە” ل(38). بەڵام بەپێی تیۆریی “پێگەی سووژە” لە ڕەخنەی ئەدەبیدا، هەر کاتێک پەیوەندییەکی سۆزداریی چڕ لە نێوان گێڕەرەوە و کارەکتەردا هەبێت، مەودای ڕەخنەیی لەناو دەچێت. گێڕەرەوە بە ڕەهایی جەخت لە بێگەردیی “تۆ” دەکاتەوە: “یەکجاریش ڕەفتارێکی دەستکرد و ساختە، یان ڕیاکارانەم لە تۆ نەبینی، نەک هەر من، کەس ڕیایی لە تۆ نەبینیوە” (ل38). ئەم بێگەردی و پاکییە ڕەهایە، کارەکتەرەکە لە مرۆڤبوونی خۆی دادەماڵێت و دەیکاتە “نموونەیەکی باڵا”  (ئاركیتایپ)؛ ئەمەش ئەو خاڵەیە کە تێیدا متمانەی خوێنەر بە گێڕەرەوە له‌نگ ده‌بێت، چونکە مرۆڤ لە واقیعدا خاوەنی سێبەر و لایەنی تاریكە، کەچی لەم دەقەدا هەموو شتێک لە ژێر ڕووناکییەکی درەوشاوەی شەیداییدا نیشان دراوە.

پارادۆکسی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە گێڕەرەوە ددان بەوەدا دەنێت کە خۆیان “تۆ”یان فریو داوە، بەڵام ئەم فریودانە وەک کردەیەکی “جوامێرانە” و جوانیناسانە وێنا دەکرێت: “ئێمه‌ش فریومان ده‌دای… تا موزیكیترین نامه‌مان بۆ بنووسی، تا گۆرانییه‌كمان بۆ بچڕی به‌ نامه‌، تا باڵه‌خانه‌یه‌كمان بۆ هه‌ڵچنی به‌ وشه‌ دروست كرابێت” (ل31). لێرەدا، گێڕەرەوە ددان بەوەدا دەنێت کە ئەوان بۆ بەدەستهێنانی “جوانیی ئەدەبی”، یارییان بە هەستی کارەکتەرەکە کردووە. ئەم ددانپێدانانە نیشانی دەدات کە “تۆ” لەم ڕۆمانەدا تا چ ڕادەیەک سووژەیەکی “ئامرازکراو”ە بۆ داهێنانی ئەدەبی. ئەگەر دۆستانی “تۆ” ئاوا بە ئاشکرا ددان بە فریودانی ئەودا دەنێن لەپێناوی دەقێکی جواندا، ئەوا ئەگەری ئەوەی کە “تۆ”ش لە شوێنێکدا دەمامکی پۆشیبێت یان ڕەفتارێکی ناڕاستگۆیانەی هەبووبێت، زۆر به‌رزه‌، بەڵام گێڕەرەوە ئەم لایەنە بە تەواوی لە سێبەردا جێ دەهێڵێت. لە ئەنجامدا، گێڕەرەوەی “وێڵی” دەبێتە گێڕەرەوەیەکی “خولیاکەر” کە ڕێگە نادات هیچ پەڵەیەک بکەوێتە سەر سیمای “تۆ”، و ئەمەش وا دەکات ڕۆمانەکە وەک “غەزه‌لێکی درێژ” دەربکەوێت کە تێیدا مەعشوق (تۆ) تەنیا لە چاوی عاشقدا (گێڕەرەوە) بوونی هەیە، نەک وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ و خاوەن هەڵە.

تۆ”ی ڕاستەقینە و “تۆ”ی دروستکراو

یەکێک لەو پرسیارانەی کە ڕۆمانی “وێڵی” لە بەردەم خوێنەر و ڕەخنەگردا دایدەنێت، پرسیاری “بوونی ڕاستەقینە”ی کارەکتەری “تۆ”یە. ئایا “تۆ” سووژەیەکی سەربەخۆی دەرەکییە، یان تەنیا دروستکراوێکی مێشکی و دراوه‌پاڵی دەروونیی گێڕەرەوەیە؟ ڕۆمانەکە بە وریایییەکی زۆرەوە لێڵییه‌ك دروست دەکات کە ڕێگە بۆ هەردوو لێکدانەوەکە خۆش دەکات، و بەمەش دەقەکە لە گێڕانەوەیەکی کلاسیکییەوە دەگۆڕێت بۆ تێکستێکی مۆدێرن کە کار لەسەر “قەیرانی ناسنامە” و “پارچەپارچەبوونی سووژە” دەکات.

لە بەشی کۆتاییی ڕۆمانەکەدا، گێڕەرەوە لە ڕێگەی “من”ێکی حاشاکەر و پڕ لە گومانەوە، تەواوی ئەو متمانەیەی کە لە بەشەکانی پێشوودا دروستی کردبوو، دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەم “من”ە بە جۆرێک لە نکوڵیکردنی ئۆنتۆلۆژییه‌وه‌ دەست پێ دەکات و دەڵێت: “ئەمە منم؟ بۆ ئەمە منم؟ ئەم تۆیە منم؟ بۆ دەبێ ئەم تۆیە من بم؟… بۆیە گومانم نییە کە ئەو تۆیە من نیم… دەی ئەو تۆیە من نیم… دەی بۆ ڕووی لە منە؟ ئەی ئەو تۆیە کێیە؟” (ل73-74). لێرەدا، بەپێی تیۆریی “دووانه‌ یا هاوشێوه‌” (The Double)[9]، دەکرێت وا لێک بدرێتەوە کە “تۆ” لە ڕاستیدا لایەنێکی شاراوە یان “ئەوی تری” ناوەکیی گێڕەرەوە خۆی بێت. ئەم گومانی جیاوازبوونە، خوێنەر دەخاتە ناو گێژاوێکەوە کە تێیدا سنووری نێوان واقیع و خەیاڵ بە تەواوی نامێنێت و گێڕەرەوە لە وێنەی “تۆ”دا بەدوای ناسنامە ونبووەکەی خۆیدا دەگەڕێت.

لە لایەکی ترەوە، ڕۆمانەکە نیشانەی تری پێکەوە ناوە کە پێداگری لەسەر بوونی فیزیکی و مێژووییی “تۆ” دەکەن. ئامادەییی کارەکتەرەکە لە شوێنە ناسراو و کۆنکرێتەکانی وەک “پردی سەیداوە”، “چایخانەکانی لای قەڵا” و “نمایشە شانۆیییەکان”دا، ڕەهەندێکی ڕاستەقینە بە کارەکتەرەکە دەبەخشێت. تەنانەت لە دیمەنی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆتاییشدا، ئاماژە بە وردەکاریی زیاتر دەکرێت: “چەند کاتژمێرە هەر ڕوو بە من قسە دەکات… مژ بە مژی جگەرە کێشانەکانم دەژمێری” (ل74). ئەم جۆرە وەسفە بابه‌تییانه‌، وای دەردەخات کە ئێمە لەبەردەم گفتوگۆیەکی ڕاستەقینەی نێوان دوو مرۆڤداین. بەڵام دیسانەوە گێڕەرەوە بەمە ناوەستێت و دەڵێت: “باوه‌ڕ بكه‌ن من نازانم ئه‌و هه‌یه‌؟ ئه‌و تۆیه‌ هه‌یه‌ یان نییه‌؟ من هه‌م یان نیم؟” (ل79-80). ئەم ددانپێدانانە دەکرێت وەک “ستراتیژیی بەرگری” ببینرێت بۆ ڕاکردن لەو ئازارەی کە پەیوەندییە ڕاستەقینەکان دروستی دەکەن، یان وەک سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی كه‌ “تۆ” ته‌نیا سێبه‌رێكی خه‌یاڵییه‌.

دلاوەر ڕەحیمی بەم هەڵبژاردنە، خوێنەر لە ناو گرێیەکی چارەسەرنەکراودا جێ دەهێڵێت. ئەگەر “تۆ” تەنیا خەیاڵ بێت، ئەوا ڕۆمانەکە دەبێتە مۆنۆلۆگێکی قووڵی مرۆڤێکی تەنیا کە لەگەڵ “ئایدیاڵ” یان “هەبوونی باشتر”ی خۆیدا دەدوێت بۆ ئەوەی لە پووچیی ژیان ڕزگاری بێت. ئەگەر “تۆ” ڕاستەقینەش بێت، ئەوا ڕۆمانەکە باس لە تراژیدیای دوو سووژە دەکات کە یەکێکیان وەک وێڵە و ئەوی تریان لە ناو گێژاوی جوانیدا سەرگەردانە. ئەم لێڵییە پێكهاته‌یییه‌، یەکێکە لە خاڵە هەرە سەرکەوتووەکانی دەقەکە، چونکە ڕێگە دەدات ڕۆمانەکە وەک مانیفێستێکی کراوە بمێنێتەوە کە تێیدا “بوون” هەمیشە لە نێوان ڕاستی و ئەفسانەدا لە جووڵه‌دا بێت.

جوانناسیی ناشیرینی و تێپەڕاندنی “کیچ”: ململانێی ڕەسەنایەتی لە گێڕانەوەی “دژ”دا

“کیچ” وەک مۆتیڤێکی کولتووری

لە بونیادی گێڕانەوەییی ڕۆمانی “وێڵی”دا، زاراوەی “کیچ” (Kitsch) لە ئاستە باوەکەی خۆی وەک تەنیا وەسفێکی هونەری تێدەپەڕێت و دەبێتە ناوەندێکی هزری بۆ لێکدانەوەی قەیرانی ڕەسەنایەتی لەناو کولتووردا. ئەم وشەیە کە چەندین جار لە دەقەکەدا دووبارە دەبێتەوە، وەک لە “کیچنووسەکان” (ل60) و “ئەدەب و هونه‌ری کیچ” (ل56)دا دەردەکەوێت، ئاماژەیە بۆ ئەو بەرهەمە هونەری و ئەدەبییانەی کە خاوەنی فۆڕمێکی ڕووکەش و لاساییکەرەوەن و تەنیا بۆ تێرکردنی زەوقی گشتی و بەدەستهێنانی کاردانەوەی سۆزەکیی خێرا بەکار دێن. لە ڕووی مێژوویی و تیۆرییەوە، کیچ لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمدا لە ئەڵمانیا وەک دژەتێزی “هونەری باڵا” سەری هەڵدا؛ لێرەدا هونەر لەبری ئەوەی بێتە کایەیەک بۆ داهێنان و قووڵکردنەوەی ئەزموونی جوانیناسی، دەبێتە کاڵایەکی “ساختە” کە بە بەکارهێنانی قاڵبە ئامادەکان و گوزارشتە کڵێشەیییەکان، جیاوازییەکانی نێوان جوانیی ڕاستەقینە و سۆزەکیی هەرزان تەڵخ دەکات. ئەم مۆدێلە لە هونەر، کە تیۆریستێکی وەک کلیمێنت گرینبێرگ (Clement Greenberg) وەک مەترسییەک بۆ سەر کولتووری مۆدێرن وەسفی دەکات، لە “وێڵی”دا وەک ئامرازێکی ڕەخنەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو ئەدەبیاتە بەکار دێت کە گیانی هونەریی تێدا نییە.

لە جیهانی ئەم ڕۆمانەدا، “کیچ” گوزارشتە لەو هەستە ڕووکەشانەی کە تەنیا بانگەشەی قووڵی دەکەن، و ئەو نووسینانەی کە بە پەنابردن بۆ زمانێکی قەبە و دروشمئامێز، خەریکی کوشتنی جوانیی ڕاستەقینەن. نووسەر لە ڕێگەی دەربڕینێکی ڕەخنەییی چڕەوە ئاماژە بەوە دەدات کە “نووسەرەکانی ئێمە بەو قسە قه‌به‌ قه‌به‌ و كڵێشه‌یییانه‌ جوانییان كوشت و زمانیان خسته‌ خزمه‌تی ڕێكخستنی ڕسته‌ و په‌ره‌گراف ته‌نیا بۆ وه‌سف و پێناسه‌ی شتی قۆڕ قۆڕ” (ل32). ئەم تێڕوانینە هاوتەریبە لەگەڵ تێزەکانی میلان کوندێرا (Milan Kundera) سەبارەت بەوەی کە کیچ “پەردەیەکی جوانە بۆ داپۆشینی پووچیی بوون”؛ لێرەدا کیچ چیتر ته‌نیا کێشەیەکی تەکنیکی نییە، به‌ڵكوو کێشەیەکی ئەخلاقی و بوونه‌كییه‌. کاتێک زمان تەنیا بۆ ڕازاندنەوەی بێمانایی بەکار دێت، ئەوا “ڕەسەنایەتی” لەناو دەچێت و جێگەی خۆی بۆ پانتایییه‌کی ساختە چۆڵ دەکات کە تێیدا جیاوازیی نێوان هونەری ڕاستەقینە و لاساییکردنەوەی بازرگانی ون دەبێت.

بەکارهێنانی ئەم چەمکە لە “وێڵی”دا، پێگەیەکی ڕەخنەیی بە سووژە دەبەخشێت تا بتوانێت لە دژی ئەو ناشیرینییە ڕێکوپێکەی کە کۆمەڵگە و دەسەڵات بەرهەمی دەهێنن، بوەستێتەوە. ڕۆمانەکە لێرەدا دەبێتە کایەیەک بۆ ململانێی نێوان “جوانیی وەک بەرگری” و “کیچ وەک تەسلیمبوون”. لە کاتێکدا کیچ هەوڵ دەدات جیهان بە ڕەنگێکی گەش و بێکێشە نیشان بدات، “وێڵی” لە ڕێگەی کارەکتەری “تۆ” و گریانە “ترسناکە جوانەکان”یەوە، هەوڵ دەدات ڕاستگۆییی ئازار و قووڵیی ئەزموونە مرۆیییەکان بپارێزێت. بەم شێوەیە، ڕەتکردنەوەی کیچ لە دەقەکەدا تەنیا ڕەتکردنەوەی شێوازێکی نووسین نییە، هێنده‌ی ده‌یه‌وێ بڵێ شەڕێکی جوانیناسانەیە لە دژی هەموو ئەو کەرەستە کولتوورییانەی کە مرۆڤ بەرەو ڕووکەشیی و تێگەیشتنی سادە بۆ ژیان و هونەر هان دەدەن.

ئەدەبیاتی “دژ” و دژبەرییەکەی

یەکێک لە ڕەهەندە جێمشتومڕەکانی ڕۆمانی “وێڵی”، جەختکردنەوەیە لەسەر ناسنامەی “ئەدەبیاتی دژ” وەک ستراتیژییەکی گێڕانەوەیی. دەقەکە بە ڕاشکاوییەکی بێپەردە ڕایدەگەیەنێت: “من دژی حەز و سەلیقەی ئەوان دەتگێڕمەوە، هونەر دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی مرۆڤە مەزن و جوانەکانیه‌تی. من تەنانەت دژی سەلیقەی بۆگەنی هەندێ ڕۆماننووس و هونەرمەندی مشەخۆر دەتگێڕمەوە، سەلیقە و نووسینی ئەوانیش ئیتر بووەتە بەشێک لە ناشیرینییەکانی کۆمەڵگە” (ل23). ئەم بانگەشەیە گوزارشت لە جۆرێک لە “یاخیبوونی جوانیناسانە” دەکات، بەڵام لە ڕوانگەی تیۆرییەوە، گرفتێکی ئۆنتۆلۆژیی قووڵ لە ناو جەرگەی ئەم “دژایەتییەدا” خۆی حەشار داوە؛ ئەویش ئەوەیە کە هەر ئەدەبیاتێک خۆی لەسەر بنەمای “دژبوون” دابڕێژێت، بە شێوەیەکی ناچاری دەبێتە دیلی ئەو واقیعەی کە ڕەتی دەکاتەوە. بەو مانایەی کە کاتێک نووسەر دەڵێت “دژی کیچ دەنووسم”، ئەو لە ڕاستیدا “کیچ” دەکاتە خاڵی دەستپێک و چەقی پێناسەی دەقەکەی، و بەمەش بوونی خۆی بە بوونی ئەوی ترەوە گرێ دەدات.

ئەم وابەستەیییە لە ڕەخنەی ئەدەبیی مۆدێرندا وەک کێشەی “سێبەری سووژە” سەیر دەکرێت؛ چونکە باشترین و بەبڕشتترین ئەدەبیات، ئەو ئەدەبیاتەیە کە نە “بۆ” شتێکە و نە “دژ”ی شتێک، به‌ڵكوو وەک دیارده‌ناسه‌كان ئاماژەی پێ دەدەن، ئەو تەنیا “هەیە”. بۆ نموونە، کافکا لە شاکارەکانیدا بە ئاشکرا “دژی” بیرۆکراسی نەینووسی؛ ئەو خودی میکانیزمەکانی بیرۆکراسیی وەک دۆخێکی مرۆیی وێنا کرد، بە جۆرێک کە بیرۆکراسی لە ناو دەقەکەدا خۆی بوو بە دژی خۆی. هەروەها مارسیل پروست لە “گه‌ڕان به‌دوای كاتی له‌ده‌ستچوو”دا دژی نۆستالژیای سادە نەجەنگا؛ ئه‌و نۆستالژیای کردە کەرەستەیەکی مەعریفیی قووڵ بۆ گەیشتن بە ڕاستی، و بەمەش خۆی لە کڵێشەکان ڕزگار کرد. “وێڵی” لە هەندێک شوێندا لەم ئاستە هونەرییە باڵایە دێتە خوارەوە و بە هۆی ڕاشکاوییە زۆرەکەی لە دەربڕینی “دژایەتی”، دەقەکە لە بەرهەمێکی هونەرییەوە دەگۆڕێت بۆ “بەیاننامەیەکی سیاسی یان کولتووری”، کە تێیدا دەنگی نووسەر بەسەر دەنگی گێڕانەوەدا زاڵ دەبێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ڕەخنەیە پێویستی بە هاوسەنگکردنەوەیەکی مێژوویی هەیە، بەتایبەت کاتێک باس لە ئەدەبیاتی وڵاتانی پەراوێز یان ئەو شوێنانە دەکرێت کە “بێدەنگیی زۆرەملێ” تێیاندا سەپێنراوە. لە ژینگەیەکی ئاوادا، “نووسینی دژ” هەندێک جار تاکە ڕێگەیەکە بۆ سەلماندنی بوون و شکاندنی ئەو هەژموونە کولتوورییە ناشیرینەی کە پانتاییی گشتیی داگیر کردووە. لێرەدا، “دژایەتی” دەبێتە پێویستییەکی مێژوویی؛ چونکە ئەگەر ئەدەبیاتی “بۆ” و “دژ” نەبێت تا بەربەستەکان ڕابماڵێت، ئەستەمە كه‌شێك بۆ سەرهەڵدانی ئەدەبیاتی “هەیە” دروست ببێت. “وێڵی” لەم پانتایییە پڕ لە ململانێیەدا نووسراوە، و هەرچەندە وابەستەیی بە دژایەتییەکەیەوە جۆرێک لە گرژیی ناوەکیی بۆ دروست کردووە، بەڵام ئەمە بەشێکە لەو “بەرکەوتنە ڕاستەقینەیەی” کە دەقەکە دەیەوێت لەگەڵ ناشیرینییەکانی کۆمەڵگەدا هەیبێت، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا بتوانێت لە ناو ئەو وێڵگەیەدا جێگەیەک بۆ “مرۆڤە مەزن و جوانەکان” بکاتەوە.

شکستی زمان و ئەوەی لەودیو وشەکانەوەیە

“خۆدرکاندن” و زمانێك بۆ ده‌ربڕین

خه‌می زمان، یه‌كێكه‌ له‌ پرسه‌ سه‌ره‌كییه‌كان لای دلاوه‌ر ڕه‌حیمی، ئه‌و به‌رده‌وام هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات پڕ به‌ بیركردنه‌وه‌كانی وشه‌ دابتاشێت و له‌م ڕووه‌وه‌ زۆر هه‌ستیاره‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ له‌م ده‌قه‌دا گله‌یی له‌وه‌ ده‌كات كه‌ زمان وه‌ك پێویست به‌ده‌ستییه‌وه‌ نایه‌ت بۆ ده‌ربڕینی خه‌یاڵه‌كانی “كاتێك ده‌نووسم وشه‌كان له‌ژێر ده‌ستم هه‌ڵدێن، دیار نامێنن، یان با بڵێم خۆیان ناده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌…” (ل60)، به‌ڵام یەکێک لە كاره جوانه‌‌كانی له‌ “وێڵی”دا هێنانه‌ناوه‌ی وشه‌ی “خۆدرکاندن”ە ‌ كه‌ وه‌ك هه‌ڵه‌تێنه‌گه‌یشتنێك له ‌به‌رانبه‌ر “ددانپێدانان” هێناویه‌تی. ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ندێ جار “ددانپێدانان”ی له‌ جیاتی “دركاندن” یا “خۆدركاندن” به‌كار هێناوه‌، به‌ڵام به‌ ئاگایییه‌وه‌ بێزی له‌ ددانپێدانان ده‌بێته‌وه‌: “من ددانپێدانانم زۆر پێ ناخۆشه‌.. هێڵنجم دێ…” (ل78)‌. گێڕه‌ره‌وه‌ ده‌ركی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ددانپێدانان جۆرێكه‌ له‌ ناچاری كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌سه‌رتدا ده‌سه‌پێنرێ و زیاتر بۆ ئه‌وه‌یه هه‌ستی گوناهباربوونی خۆتی پێ ده‌رببڕی، واته‌ جۆرێك له‌ په‌شیمانی له‌ كرده‌یه‌كی خۆت پیشان بده‌یت. به‌ڵام “خۆدركاندن” – به‌تایبه‌تی به‌ نووسین – زۆری هیچ كه‌سێكی له‌سه‌ر نییه‌، ویستێكی ناوه‌كییه‌ بۆ ده‌ربڕینی هه‌ستێكی په‌نگخواردوو كه‌ ده‌توانێ شوێنی قسه‌كردن بگرێته‌وه‌. ئەم ساتە بریتییه‌ له‌ “خۆهه‌ڵڕشتن”، واته‌ خۆت دەربخە و بیڕێژە دەرەوە. “ئه‌م ددانپێدانانه ڕه‌گه‌كه‌ی بێبنتر و قووڵتره‌ له‌وه‌ی به‌س به‌ زرۆملێ بێت… ڕاستییه‌كه‌ی كه‌ پتر بیری لێ ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌و منی خسته‌ دركان نه‌ك ناچاركردن به‌ددانپێدانان… من خۆم ده‌دركێنم.” (ل84)‌

لە ئەدەبیاتی جیهانیدا، ئەو نووسەرانەی کە زمانی خۆیان بە کەم دەبینن، هەندێک جار وشە دادەهێنن، جیمس جۆیس ئەم کارەی دەکرد، ژان ژێنێ و سێلین ئەم کارەیان دەکرد. “وێڵی”یش بەم “خۆدرکاندن”ە دەچێتە ناو ئەم نەریتەوه‌.

کاتێک زمان ده‌ره‌قه‌ت دێت/نایه‌ت

یەکێک لە گرنگترین پرسەکان کە “وێڵی” دەیوروژێنێت ئەمەیە: ئایا زمان ده‌ره‌قه‌تی ده‌ربڕین دێت؟ گێڕەرەوە دەڵێت “بیرمە جارێک زۆر به‌ مكوڕییه‌وه‌ گوتت زمان ده‌ره‌قه‌تی هه‌موو دۆزێكی ده‌ربڕین دێت، بۆیه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ی ده‌ڵێ زمان ده‌ره‌قه‌تی ئه‌و دۆخه‌ یان كۆسته‌ نایه‌ت نوشستی هێناوه‌.” (ل60) ئەو بانگەشەیە کە زمان سنووردارە، لە ئه‌ده‌بیاتدا زۆر جیدییە.

کاتێک دلاوەر ڕەحیمی لە “وێڵی”دا دەڵێت وشەکان “خۆیان نادەن بەدەستەوە” یان “هەڵدێن”، ڕێک لەسەر هێڵی سنووری ئەو قسەیەی ڤیتگنشتاین دەوەستێت که له‌ كتێبی “نامیلكه‌ی لۆژیكی – فه‌لسه‌فی”‌‌ (“Tractatus Logico-Philosophicus”)دا دەڵێت “سنوورەکانی زمانی من، سنوورەکانی جیهانی منن.” لێرەدا قەیرانێکی ئێگزستیانسیالیستی دروست دەبێت؛ ئەگەر جیهانی مرۆڤ تەنیا ئەو شوێنە بێت کە زمان دەستی پێ دەگات، ئەوا ئەزموونی نووسەر لە “وێڵی”دا جۆرێکە لە هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی ئەو سنوورە. خۆبه‌ده‌سته‌وه‌نه‌دانی وشەکان لای ڕەحیمی، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە “خەیاڵ” و “ئەزموونی ناوەکی” زۆر لە “زمان” فراوانترن. لێرەدا پارادۆکسەکە ئەوەیە: نووسەر دەزانێت کە ئەوەی دەردەبڕدرێت دەبێتە “جیهان”، بەڵام ئەوەی کە دەرنابڕدرێت و وشەی بۆ نادۆزرێتەوە، وەک ناوچەیەکی تاریک و “وێڵ” لە دەرەوەی سنووری جیهان دەمێنێتەوە. بەم پێیە، “وێڵی” ته‌نیا گەڕان نییە بەدوای مانادا، هێنده‌ی جەنگێکی بەردەوامە لەگەڵ سنوورەکانی ڤیتگنشتاین؛ واته‌ هەوڵێکە بۆ فراوانکردنی سنووری جیهان لە ڕێگەی ڕاوکردنی ئەو وشانەی کە نایانەوێت ببنە کۆت و بەند بۆ خەیاڵە بێسنوورەکان. هه‌ربۆیه‌ “وێڵی” لەم کێشەیە تێدەپەڕێت، ئه‌ویش نەک بە چارەسەرکردنی، به‌ڵكوو بە نیشاندانی خودی هەوڵەکە. گێڕه‌ره‌وه‌ دەڵێت “کاتێک دەنووسم وشەکان لەژێر دەستم هه‌ڵدێن” و “تا ڕسته‌یه‌ك دەنووسم چەندین ڕسته‌م لێ یاخی دەبن و هه‌ڵدێن. (ل60).

ئەم وێنەیە، كه‌ ڕسته‌كان “یاخی” دەبن، لە ڕووی فەلسەفییەوە سەرنجڕاکێشە. یاخی واتە بوونەوەرێکی زیندوو کە ویستی خۆی هەیە. ئەگەر وشەکان یاخی دەبن، واتە نووسەر مامەڵە لەگەڵ بوونەوەری زیندوو دەکات، نەک لەگەڵ ئامرازی بێگیان. ئەمە هەمان ئەو وێنەیەیە کە گێڕه‌ره‌وه‌ی ڕۆمانەکە ده‌یڵێت “وشه‌كان هه‌ستیان هه‌یه‌… ده‌توانم ترپه‌ی دڵیان بژمێرم…” (ل86) ئێستا تێدەگەین کە ئەمە هه‌ر میتافۆرێك نییه‌ و ئەزموونی ڕاستەقینەی نووسینە.

كه‌واته‌ ململانێی دلاوەر ڕەحیمی لە ڕۆمانی “وێڵی”دا لەگەڵ ئەو وشانەی کە هەڵدێن و خۆیان به‌ده‌سته‌وه‌ نادەن، بەرجەستەکردنی ئەو ڕاستییە فەلسەفییەیە کە ڤیتگنشتاین لە کۆتاییی کتێبەکەیدا پێمان دەڵێت: “ئەوەی مرۆڤ ناتوانێت گوزارشتی لێ بکات، دەبێت لێی بێدەنگ بێت.” لێرەدا “بێدەنگی” ئەو سنوورە ترسناکەیە کە “خەیاڵی نووسەر” تێیدا لێوانلێوە، بەڵام ده‌ستی “زمان”ی پێ ناگات. لای ڤیتگنشتاین، جیهانی ئێمە لەو شوێنەدا کۆتایی دێت کە زمانمان لێی دەوەستێت، بەڵام لای دلاوەر ڕەحیمی لە “وێڵی”دا، چیرۆکەکە ڕێک لەو “سنوورە”وه‌ دەست پێ دەکات. وێڵبوونی نووسەر بەدوای وشاندا، هەوڵێکی ئەستەمە بۆ داگیرکردنی ئەو ناوچە بێدەنگەی کە ڤیتگنشتاین وەک “ڕەهەندی عیرفانی” یان “گوزارشتنەکراو” ناوی دەبات. بەم پێیە، ڕۆمانەکە دەبێتە پردێک لە نێوان “ئەوەی دەگوترێت” و “ئەوەی ته‌نیا بەبێ وشە هەستی پێ دەکرێت.” ئەم ململانێیە نیشانمان دەدات کە خەیاڵی مرۆڤ هەمیشە هەوڵ دەدات سنوورەکانی ڤیتگنشتاین بشکێنێت؛ هەرچەندە زمان سنووردار بێت، بەڵام “وێڵبوون” لەناو بێدەنگیدا، جۆرێکە لە یاخیبوون دژی کۆتوبەندەکانی زمان بۆ دۆزینەوەی جیهانێکی فراوانتر.

بێدەنگی وەک زمان

لە ڕۆمانی وێڵیدا، بێدەنگیی کارەکتەری تۆ ته‌نیا کاتێکی مردوو یان بۆشایییەکی گێڕانەوەیی نییە، هێنده‌ی زمانێکی سەربەخۆ و ئامادەیە کە بە بەردەوامی مانا بەرهەم دەهێنێت. ئەم بێدەنگییە وەک جۆرێک لە ژێر دەق کار دەکات، کە تێیدا هەموو ئەو مانایانەی لە دەقەکەدا ئامادەن، بەبێ ئەوەی گۆ بکرێن، قورساییی خۆیان دەسەلمێنن. کاتێک گێڕەرەوە بەردەوام ڕوو لە تۆ قسە دەکات و هیچ وەڵامێکی دەنگیی وەرناگرێتەوە، بێدەنگییەکە دەبێتە کردەیەکی پەیوەندیگرتن کە لە ڕووی کاریگەرییەوە زۆر لە وشە قورسترە. ئەمەش بێدەنگییەکی ئه‌رێنییه‌ کە مانا بە وشەکانی گێڕەرەوە دەبەخشێت، چونکە بەبێ ئەم بێدەنگییە قووڵە، قسەکانی گێڕەرەوە کێش و ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆیان لەدەست دەدەن.

ئەم جۆرە لە گێڕانەوە کە لەسەر بونیادی مۆنۆلۆگێکی یەکلایەنە ڕاوەستاوە، جۆرێک لە پەستانی دەروونیی توند لەسەر خوێنەر دروست دەکات، بە شێوەیەک کە دیالۆگ وەک ئامرازی سەرەکیی گۆڕینەوەی مانا دەپچڕێت. خوێنەر لە ناو چاوەڕوانییەکی بەردەوامدایە بۆ وەڵامێک کە هەرگیز نایەت، ئەمەش وای لێ دەکات هەست بەو ته‌نیایی و پەراوێزکەوتووییە بکات کە گێڕەرەوە تێیدایە. لێرەدا بێدەنگی دەبێتە زمانێکی دەسەڵات، واته‌ کارەکتەری تۆ بە بێدەنگییەکەی کۆنترۆڵی پانتاییی ڕۆمانەکە دەکات و گێڕەرەوە ناچار دەکات بەردەوام بدوێت تا لەناو ئەو بێدەنگییەدا نوقم نەبێت.

کاتێک ئەم دۆخە لەگەڵ شانۆنامەی چاوەڕوانی گۆدۆی سامۆیل بێکێتدا بەراورد دەکەین، جیاوازییەکی بنەڕەتی دەبینین. لای بێکێت، دیالۆگی نێوان کارەکتەرەکان وەک قەڵغانێکە بۆ شاردنەوەی بێدەنگییەکی کوشندە و بێماناییی ژیان، ئەوان قسە دەکەن تا بێدەنگییەکە نەبیستن. بەڵام لە “وێڵی”دا، گێڕەرەوە وشەکان بەکار ناهێنێت بۆ شاردنەوەی بێدەنگی، هێنده‌ی بۆ ئەوەیه‌ بیسەلمێنێت کە بێدەنگییەکە بوونی هەیە. لە کاتێکدا لای بێکێت وشەکان بۆ ڕاکردن لە بێدەنگی دەگوترێن، لای دلاوەر ڕەحیمی وشەکان بۆ ئەوە دەگوترێن تا ددان بە بوونی ئەو بێدەنگییەدا بنێن وەک دوایین پەناگەی مانا لە جیهانێکی پڕ لە وێڵبووندا.

وك پێشتر نمونه‌م بۆ هێنایه‌وه‌، ئەم بێدەنگییە دەبێتە هۆی ئەوەی گێڕەرەوە لە شوناسی خۆی و لە توانای زمانەکەشی گومان بکات. کاتێک ئاماژە بەوە دەکرێت کە وشەکان لەژێر دەستی نووسەردا هەڵدێن، ئەوە نیشانەی ئەوەیە بێدەنگیی “تۆ” وەک هێزێکی ڕاکێشەر وایە و هەموو وشەکان قووت دەدات. لێرەدا بێدەنگی دەبێتە ئاوێنەیەک کە گێڕەرەوە تێیدا ڕووبەڕووی خودی خۆی دەبێتەوە. ئەو وێڵبوونەی لە ناوی ڕۆمانەکەدا هەیە، ته‌نیا وێڵبوونی فیزیکی نییە، له‌ڕاستیدا وێڵبوونی زمانە لەناو دەریای بێدەنگیی بەرانبەردا. هه‌ربۆیه‌ بێدەنگیی “تۆ” لێرەدا وەک زمانێکی بێدەنگ کار دەکات کە پرسیار له‌بارەی ڕه‌وایه‌تیی قسەکردن و توانای زمان بۆ گوزارشتکردن لە خەیاڵ دروست دەکات.

لە ڕووی فۆڕمەوە، بێدەنگیی تۆ دەبێتە زمانێک کە پێویستی بە فۆنەتیک و ڕێزمان نییە و ئه‌و لە ڕێگەی ئامادەییی نائامادەوە کار دەکات. چونكه‌ خوێنەر دەزانێت کە “تۆ” هەیە و دەبیستێت، بۆیه‌ گێڕەرەوە ڕەفتار و کاردانەوەکانی لەسەر بنەمای ئەو بیستنە ڕێک دەخات. کەواتە بێدەنگی لێرەدا جۆرێکە لە جووڵه‌یه‌ نەک وەستان لە گێڕانەوە. ئەم بێدەنگییە دەنگی تایبەتی خۆی هەیە و ڕەنگدانەوەی هەموو ئەو ئازار و خەیاڵە وێڵانەیە کە زمانی ئاسایی ناتوانێت هەڵیانبگرێت. بێدەنگی دەبێتە ئەو زمانە پەنهانەی کە ته‌نیا ئەو کەسانە تێی دەگەن کە لە سنوورە تەقلیدییەکانی زمان پەڕیونەتەوە و گەیشتوونەتە ناوچەی نەگوتراوەکان.

به‌هۆی ئه‌مه‌وه‌ من وای ده‌بینم “وێڵی” دەبێتە گەشتێکی مه‌عریفی لەناو زمانێکی بێوشەدا، کە تێیدا بێدەنگی دەبێتە لووتکەی گوزارشتکردن. ئەمە یاخیبوونێکی ئەدەبییە دژی ئەو تێڕوانینەی کە دەڵێت هەرچی نەگوترا، بوونی نییە. لێرەدا ئەوەی ناگوترێت، واتە بێدەنگیی “تۆ”، ناوکی سەرەکیی ڕۆمانەکەیە، کە هەموو ڕووداوەکانی لە دەوری دەسوڕێنەوە. خوێنەریش دەبێتە بەشێک لەم ململانێیە دەروونییە و تەنیا دەقەکە ناخوێنێتەوە، به‌ڵكوو گوێ لەو بێدەنگییە قورسە دەگرێت کە لە نێوان هاواری گێڕەرەوە و سەنگینیی بێدەنگیی “تۆ”دا دروست بووە، وەک ئەوەی بێدەنگی خۆی بوبێتە دوایین وشە و مانیفێستی کۆتاییی ڕۆمانەکە.

ئەوەی دەقەکە نایڵێت: کەلێن و بێدەنگییە پێکهاتەیییەکان

ڕووداوی ونبوو

یەکێک لە ستراتیژییە هەرە کاریگەر و هاوکات پڕکێشەکانی ڕۆمانی “وێڵی” لە ڕووی بونیادی گێڕانەوەوە، بوونی “کەلێنێکی گەورە”یە لە ناو جەرگەی مێژووی کارەکتەری “تۆ”دا، کە دەکرێت بە “ڕووداوی ونبوو” ناوزەد بکرێت. گێڕەرەوە ئاماژەیەکی کاتیی خێرا و کتوپڕ دەخاتە ڕوو کاتێک دەڵێت: “بە یەک ڕۆژ، بە یەک کاتژمێر بەچۆکدا هاتی” (ل40)، بەڵام ئەو ساتە وەچەرخانە جەوهەرییەی کە بووەتە هۆی تێکشکانی سووژە و گۆڕینی بۆ مرۆڤێکی “وێڵ”، هەرگیز لە ناو دەقەکەدا گوزارشتی لێ ناکرێت. ئەم بێدەنگییە، ڕۆمانەکە دەباتە ناو کایەی “تیۆریی چیای سەهۆڵین”ی ئێرنێست هەمینگوەیه‌وه‌[10]؛ کە تێیدا تەنیا لوتکەی ڕووداوەکان وەک یەک لەسەر هەشتی چیایەکی سەهۆڵین لە سەروو ئاستی وشەکانەوە دیارن، و قورسایییە ڕاستەقینەکەی چیرۆک و حەوت بەشەکەی تری مانا لە ژێر ڕووبەری نەگوتراوەکاندا شاردراوەتەوە. هەمینگوەی بڕوای وابوو کە سڕینەوەی ئاگامەندانەی بەشە سەرەکییەکانی ڕووداو، کاریگەریی دەقەکە قووڵتر دەکات و خوێنەر ناچار دەکات بە شێوەی ئیدراكی ناوه‌كی هەست بەو قورسایییە بکات کە لە ناو بێدەنگیدا جێگیر کراوە.

لێرەدا، “ڕووداوی ونبوو” دەبێتە بزوێنەری خەیاڵی خوێنەر و پەلکێشی دەکات بۆ ناو کایەی بەشداریکردن لە بەرهەمهێنانی مانادا. بەڵام لە پەراوێزی ئەم هەڵبژاردنە هونەرییەدا، لێکدانەوەیەکی تری ڕەخنەییش سەرهەڵدەدات کە پەیوەندی بە “سیاسەتی بێدەنگی” لە ئەدەبیاتی کوردیدا هەیە. ڕەنگە ئەم تەمومژاویبوونی ڕووداوە تەنیا تەکنیکێکی ئەدەبی نەبێت و خۆی نیشانەیەک بێت بۆ جۆرێک لە “نەتوانینی گوزارشتکردن”. وەک چۆن کافکا لە “نامە بۆ باوک”[11]دا، شیکاریی ئەو پەیوەندییە پڕ لە ترس و توندوتیژییە دەکات کە سێبەری بەسەر تەواوی ژیان و ئەدەبیاتیدا کێشاوە، هەندێک ڕووداو هێندە توندوتیژ و “تایبەتین” کە زمان لە ئاست هەڵگرتنی باری قورسیاندا کورت دەهێنێت. کافکا لەوێدا نیشانی دەدات کە چۆن هەژموونی دەسەڵات (باوک) دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستی تاوانبارێتی و دواجار بێدەنگی؛ لێرەشدا “ڕووداوی ونبوو”ی ناو “وێڵی” دەبێتە بەڵگەنامەیەکی سۆسیۆکولتووری کە دەیسەلمێنێت تەنانەت لە دەقێکی وەک ئەمەشدا، هێشتا ناوچەی قەدەغەکراو (تابۆ) هەن کە نووسەر ناتوانێت یان ناوێرێت سنوورەکانیان ببەزێنێت.

ئەم بۆشایییە گێڕانەوەیییە، پارادۆکسێکی جێی سەرنج دروست دەکات؛ لە کاتێکدا “وێڵی” وەک ئەدەبیاتێکی “دژ” و ڕەخنەگر لە کۆتوبەندەکان خۆی دەناسێنێت، لەم خاڵە دیاریکراوەدا خۆیشی دەبێتە بەشێک لەو کۆتوبەند و بێدەنگییە گشتییەی کە کۆمەڵگە بەسەر تاکەکانیدا دەیسەپێنێت. ئەگەر ئەو ڕووداوەی کە کارەکتەرەکەی بەچۆکدا هێناوە، بەهۆی ترس لە دابونەریت، سیاسەت، یان پیرۆزییە کولتوورییەکانەوە نەگوترابێت، ئەوا “وێڵی” لە ناو جەرگەی ئازادییەکەیدا، تووشی جۆرێک لە خۆسانسۆری بووە. بەم شێوەیە، ئەو بۆشایییە تەنیا “تیۆریی چیای سەهۆڵین” نییە، به‌ڵكوو برینێکی ساڕێژنەبووی زمانە کە تێیدا دەق نەیتوانیوە لەو “سێبەرە گەورەیە” ڕزگاری ببێت کە کافکا ئاماژەی پێ دەکات، و بەمەش مانای “وێڵبوون” دەبێتە گوزارشتێکی تراژیدی لە مرۆڤێک کە تەنانەت لە ناو گێڕانەوەی چیرۆکەکەشیدا، ڕێگەی پێنەدراوە هۆکاری ڕاستەقینەی تێکشکانی خۆی ئاشکرا بکات.

داهاتووی بێنەخشە و دیلێمای نووسین

ڕۆمانی “وێڵی” بە شێوەیەکی چڕ و كرۆكین لە دەوری جەمسەرەکانی ڕابردوو و ئێستادا دەخولێتەوە، بەڵام کاتێک باس دێتە سەر “داهاتوو”، دەقەکە تووشی بێدەنگییەکی ئۆنتۆلۆژی دەبێت. ئەم بێدەنگییە پارادۆکسێکی گەورە دروست دەکات، چونکە گوزارەی فەرمانئامێزی “بنووسە” کە وەک ناوبەست یان تەرجیعبەندێکی بەردەوام لە سەراپای ڕۆمانەکەدا دەنگ دەداتەوە، لە ڕاستیدا فەرمانێکی داهاتووخوازە و ئاراستەی بەرەو “کردەیەک”ە کە هێشتا ڕووی نەداوە. ئەم کەشە گێڕانەوەیییە، دەقەکە دەخاتە ناو پانتایییه‌كی هاوشێوەی کارەکانی سامۆیل بێکێته‌وه‌، بەتایبەت لە شاکاری “لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا”؛ کە تێیدا کارەکتەرەکان لە ناو بازنەیەکی داخراوی چاوەڕوانییەکی ئەبەدیدا دەمێننەوە بەبێ ئەوەی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ گۆڕانکاری یان گەیشتن بە “مانا” هەبێت. “وێڵی” لە جەوهەری خۆیدا ڕۆمانی “پێش”ە: پێش پرۆسەی نووسین و پێش ساتەوەختی دەرچوون لە وێڵگە، وەک بڵێیت سووژە لە بەردەم دەرگایەکی داخراودا وەستاوە کە کلیلەکەی ته‌نیا “نووسین”ە، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە کە دوای کردنەوەی دەرگاکە جیهانێکی جیاواز بوونی هەبێت.

لێرەدا پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئەگەر کارەکتەری “تۆ” دواجار دەست بداتە قەڵەم و بنووسێت، ئایا ئەم کردەیە دەبێتە هۆی گۆڕینی واقیع، یان نووسین تەنیا دەبێتە “گۆڕستانێکی سپی” بۆ ناشتنی ئازارەکان؟ ئەم دیلێمایه‌ (دووڕێیانه)‌، ڕۆمانەکە ڕووبەڕووی تێزەکانی سارتەر سەبارەت بە “ئەدەبیاتی پابەند” دەکاتەوە. سارتەر بڕوای وابوو کە نووسین “کردەیەکی ئازادکردنە” و دەبێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە ئاگاییی خوێنەر و واقیعی کۆمەڵایەتیدا؛ بەڵام “وێڵی” لە بەردەم دەرهاویشتە و ئەنجامەکانی ئەو نووسینەدا دەوەستێت و نایەوێت بچێتە ناو کایەی ئەگەرەکانەوە. ئەم پاشەکشێیە لە لایەکەوە گوزارشتە لە ڕاستگۆیییەکی تاڵ بەرامبەر بەو واقیعە چەقبەستووەی کە مرۆڤی تێدا وێڵ بووە، بەڵام لە لایەکی ترەوە جۆرێکە لە خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتییەکی گەورە.

نەبوونی وەڵام بۆ داهاتوو لە ناو دەقەکەدا، نیشانەی تێکشکانی “گێڕانەوە گەورەکانە” کە پێشتر بەڵێنی ڕزگارییان بە مرۆڤ دەدا. لێرەدا نووسین وەک “دوایین ئامرازی بەرگری” دەمێنێتەوە، نەک وەک “پڕۆژەیەکی ڕزگاریبەخش”. ئەم تەمومژاوییەی ئاسۆ، کارەکتەرەکە و خوێنەریش لە ناو دۆخێکی “چاوەڕوانیی بێئاکامدا” جێ دەهێڵێت، کە تێیدا تەنیا خودی “کردەی نووسین” دەبێتە ئامانج، نەک ئەوەی کە نووسینەکە چی دەگۆڕێت. لە ئەنجامدا، “وێڵی” دەبێتە گێڕانەوەی ئەو ساتە وەستاوەی کە تێیدا مرۆڤ لە بەردەم سپێتیی لاپەڕەکاندا ڕادەمێنێت، وەک ئەوەی بڵێیت لە جیهانێکدا کە هەموو ڕێگەکانی گۆڕانکاری داخران، ته‌نیا وێڵبوون و گێڕانەوەی ئەو وێڵبوونە دەبێتە دوایین مانیفێستی بوون، بێ ئەوەی بزانین ئایا ئەم گێڕانەوەیە دەبێتە سەرەتایەک بۆ داهاتوو یان کۆتایییەکە بۆ هەموو شتێک.

ئەو شوێنەی ڕۆمانەکە دەیتوانی زیاتر بێت

هەر بەرهەمێکی ئەدەبی دەکرێت لە گۆشەنیگای “ئەوەی دەیتوانی ببێت”یشەوە ببینرێت. ئەمە هەمان ئەو تێڕوانینەیە کە ڕەخنەگرانی وەک ڤیکتۆر شکلۆڤسکی (Viktor Shklovsky) بۆ تێگەیشتن لە “ماتەتوانا”ی دەق بەکاری دەهێنن. بۆ ئەوەی ئەم تێڕوانینەی شکلۆڤسکی، ڕەخنەگر و بیرمەندی فۆرمالیستی ڕووسی، كه‌ له‌ وتاری “هونه‌ری وه‌ك ئامراز یان ته‌كنیك” (“Art as Device”)دا هاتووه‌، ڕوونتر بکەینەوە، دەبێت بچینە ناو قووڵاییی ئەو چەمکەی کە ئەو ناوی دەنێت “له‌ئاشناییخستن”(Defamiliarization)  و چۆنیەتیی کارکردنی دەق وەک میکانیزمێکی هونەری. شکلۆڤسکی پێی وایە ئەرکی ئەدەب ئەوە نییە ته‌نیا واقیع بگوازێتەوە، له‌ ڕاستیدا ئەوەیە کە “شتە ئاشناکان” بە شێوەیەک نیشان بدات کە لای خوێنەر نامۆ و نوێ دەر بکەون، تا هەستی پێ بکەن نەک تەنیا بزانن هەیە. لێرەوە، کاتێک باس لە ماتەتوانای دەق دەکەین لە ڕوانگەی ئەوەوە، مەبەستمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دەق تەنیا ئەوە نییە کە نووسراوە، به‌ڵكوو ئەو “وزە هونەرییە”یە کە لە ناو پێکهاتەکەیدا شاراوەتەوە. کاتێک دەڵێین “وێڵی” دەیتوانی لە داڕشتنی کارەکتەری “من”دا قووڵتر بڕوات، مەبەستمان ئەوەیە کە بونیادی ڕۆمانەکە ئەو ماتەتوانا یان ئەو زەمینەسازییەی تێدابوو کە ئاستێکی ئاڵۆزتر لە دەروونناسی بخاتە ڕوو، بەڵام نووسەر لە خاڵێکی دیاریکراودا ڕایگرتووە. شکلۆڤسکی دەڵێت ڕەخنەگر دەبێت سەیری “تەکنیکەکان” بکات؛ ئەگەر تەکنیکی “تۆ” و “من” لە ڕۆمانەکەدا دانراوە، کەواتە دەقەکە ماتەتوانای ئەوەی تێدایە ململانێیەکی گەورەتر لە نێوان ئەو دوو دەنگەدا دروست بکات.

هه‌روه‌ها شکلۆڤسکی سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە دەق چۆن “پێشبینییەکانی خوێنەر” تێک دەشکێنێت. کاتێک لە “وێڵی”دا دەنگێکی نوێ (من) دەردەکەوێت، خوێنەر چاوەڕێی گەشەکردنێکی دراماتیكی دەکات. ڕەخنەگر لێرەدا دەپرسێت: ئایا ئەم تەکنیکە گەیشتە ئەوپەڕی توانای خۆی؟ کاتێک دەڵێین دەقەکە “دەیتوانی زیاتر بێت”، مەبەستمان ئەوەیە کە ئەو ئامرازە هونەرییەی نووسەر بەکاری هێناوە (کارەکتەری حاشاکەر)، وزەیەکی تێدابوو کە دەیتوانی تەواوی بونیادی ڕۆمانەکە هەڵبگێڕێتەوە، بەڵام وەک “هەوڵێکی ناتەواو” یان “ئەگەرێکی گەشەنەکردوو” ماوەتەوە.

بێجگه‌ له‌مه‌، لای شکلۆڤسکی، ئەدەب وەک ئامرازێك وایە. کاتێک ئێمە سەیری ئامێری گێڕانەوەی “وێڵی” دەکەین، دەبینین چەندین “بزوێنەر”ی تێدایە (وەک بێدەنگی، وێڵبوون، حاشاکردن). ماتەتوانای دەقەکە لێرەدا واتە: ئایا ئەم ئامێرە بە هەموو هێزی خۆیه‌وه‌ کاری کردووە؟ بۆ نموونە، گوزارەی “بنووسە” وەک بزوێنەرێکی گەورە کار دەکات، بەڵام کاتێک لە کۆتاییدا هیچ “نووسینێک” ڕوو نادات، لای ڕەخنەگرێکی فۆرمالیست وەک ئەوە وایە بزوێنەرەکە وزەیەکی زۆری بەرهەم هێنابێت بەڵام نەبووبێتە هۆی جوڵاندنی به‌رەنجامەکان.

بۆیه‌ “وێڵی” دەیتوانی لە داڕشتنی کارەکتەری “من”ی حاشاکەردا، کە لە کۆتاییدا دەردەکەوێت، زۆر قووڵتر بڕوات. ئەم “من”ە دەیتوانی هاوشێوەی کارەکتەرە دووفاقەکانی ناو ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی (وەک لایەنی تاریکیی مرۆڤ) ئاستێکی نوێ لە ئاڵۆزی دەروونی بهێنێتە ئاراوە، بەڵام ڕۆمانەکە نە لە ڕووی کات و نە لە ڕووی قووڵایییەوە ڕێگەی پێ نادات بە تەواوی گەشە بکات.

هه‌روه‌ها تەواوی ڕۆمانەکە چاوەڕوانی دەنگی “تۆ”یە. ئەو “بنووسە”ی کە گێڕەرەوە وەک فەرمانێک دووبارەی دەکاتەوە، بەڵێنێکی ناڕاستەوخۆی تێدایە کە “تۆ” لە کۆتاییدا بێدەنگی دەشکێنێت. بەڵام ڕۆمانەکە بەبێ ئەو نووسینە کۆتایی دێت. ئەم نائامادەیییە هەمیشەیییەی دەنگی “تۆ” دەکرێت وەک تراژیدیایەکی بوونگەرایی ببینرێت، هاوشێوەی نائامادەییی “گۆدۆ”. بەڵام لە ڕوانگەی بونیادگەرییەوە، ئەمە دەکرێت وەک “تەواونەبوونی بەڵێنێک” لێک بدرێتەوە. ئەگەر ئامانجی “بنووسە” ڕزگارکردنی ئەوی تر بێت لە وێڵگە، ئەوا بێدەنگیی کۆتایی دەبێتە شکستی ئەو پڕۆژە ڕزگاریخوازییە. لێرەدا “وێڵی” لە بونیادێکی گێڕانەوەیی بازنەییدا دەمێنێتەوە کە تێیدا هاوارەکە هەیە، بەڵام وەڵامەکە لە دەرەوەی دەق و لە شوێنێکی نادیاردا ون دەبێت.

به‌رئه‌نجام: “وێڵی” وه‌ك بەرهەمێکی ناتەواوی پێویست

پاش سه‌رنجدانێكی ورد له‌ زۆر لایه‌نی ڕۆمانی “وێڵی”ی دلاوه‌ر ڕه‌حیمی، له‌ كۆتاییدا پێویسته‌ بڵێم كه‌ یەکەمین كرده‌ی ئەم ڕۆمانە، تۆمارکردنی ورده‌کارانەی داڕمانێکی هێواشی ئه‌زموونی مرۆڤێكه‌ له‌ ژیاندا؛ واته‌ وەک نووسینێک خۆی ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ لە ناوجەرگەی “ناخ”ەوە هه‌ڵقوڵاوه‌. ئەو خوێنەرەی ئەزموونێکی هاوشێوەی هەبووبێت، دەزانێت کە “وێڵی” ته‌نیا وه‌ك چاودێرێک سه‌یری جیهانی نه‌كردووه‌ و نەبینیوە، به‌ڵكوو لەو شوێنەوە نووسیوویەتی کە تەنیا بە ئامادەییەکی فیزیۆلۆژی و دەروونیی ڕاستەقینە دەکرێت لێوەی بدوێیت. هاوکات، ڕۆمانەکە سەرکەوتووه‌ لە خوڵقاندنی پانتایییه‌كی مانایی نوێدا، کە تێیدا ده‌یان وشه‌ لە چوارچێوە فەرهەنگییە باوەکەیان دەچنە دەرەوە و دەبنە بەشێک لە زمانی هاوبەشی ئەدەبیاتێک کە مانا بۆ ئازار دەدۆزێتەوە.

ئەو تایبەتمەندییەی کە “وێڵی” لە زۆرینەی ده‌قه‌ هاوچەرخەکان جیا دەکاتەوە، مامەڵەکردنی جیدییەتی لەگەڵ نەریتە ئەدەبییەکان و یادەوەرییە سۆزه‌كییه‌کاندا. لێرەدا حەسەن زیرەک، عەبدولخالق مەعرووف و ده‌یان ناوی تر و قەڵای هەولێر و چه‌ندین شوێنی تری ئه‌م شاره‌، وەک بوونەوەرێکی زیندوو ئامادەییان هەیە کە هێشتا هەناسە دەدەن. ئەمە لە پاڵ بوێرییەکی ڕاستەقینەدا دێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەمکی “پیاوانەیی” و “لاوازی” لەناو کولتوورێکدا کە ددانپێدانان بە شکستی پیاوانەدا بە نەنگی دەزانێت؛ ئەم بوێرییە تەنانەت ئەگەر لە هەندێک شوێنی جێبەجێکردنیشدا تووشی له‌نگییه‌ك بووبێت، هێشتا وەک ڕەهەندێکی جێی ڕێز دەمێنێتەوە. لە ئەدەبیاتی کوردیی هاوچەرخدا، “وێڵی” خاڵێکی وەرچەرخانە، چونکە نوێنەرایەتی “تاکی بێدەسەڵات لە کۆمەڵگەی ئازاددا” دەکات؛ ئەو تاکی کوردییەی کە لەناو ئازادییەکی ڕواڵەتیی سیاسیدا، هێشتا لەژێر سەرکوتی کولتووریدا دەچەوسێته‌وه‌. ئەم پێگەیەی وەک ” هەنگاوێكی ڕاسته‌قینه‌”، بەرپرسیارێتی و سنووردارێتی پێکەوە هەڵگرتووە.

تەواوکردنی خوێندنه‌وه‌ی ئەم بەرهەمە پێویستی بە خوێنەرێکی جیاواز هەیە؛ خوێنەرێک کە خۆڕاگر بێت بەرامبەر بە خولانەوەکانی دەق، بتوانێت لەگەڵ لێڵیی کارەکتەری “تۆ”دا هەڵ بکات و لە یادەوەریی سۆزه‌كیی خۆیەوە مانا بۆ بۆشایییەکان دروست بکات. گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە خوێنەر بەرگریی خۆی لە بەرامبەر “بینین” لا بدات، چونکە “وێڵی” ئاوێنەیەکە کە هەندێک جار وێنەیەکی نائاسوودەمان نیشان دەدات. هیچ بەرهەمێکی ئەدەبیی بوێرانە “تەواو” نییە، چونکە بوێری و سەلامەتیی ده‌ق پێکەوە کۆ نابنەوە. “وێڵی” بەردەوام لە مەترسیی کەوتندایە؛ مەترسیی تێمای دووبارەبووەوە و گوتاری قوربانی، بەڵام هەر ئەم مەترسیته‌وه‌رییه‌ بەهاکەی دیاری دەکات. وەک گێڕەرەوە دەڵێت من لە نووسین دەترسم، بەڵام ئەم ترسە پەکخەر نییە، به‌ڵكوو ترسێکی ژیێنەرە کە ناچاری دەکات بنووسێت.

لە کۆتاییدا، گرنگترین ئەنجامی ئەم خوێندنەوەیە ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بڵێ “وێڵی” بەرهەمێکی زیندووە. بەرهەمی زیندوو ئەو دەقەیە کە بەرگری لە خۆی دەکات و لە بەرامبەر شیکاریی ڕووتدا دەوەستێت و خۆی بە یەک خوێندنه‌وه‌ و لێكدانه‌وه‌وه‌ نابەستێتەوە. ئەم ڕۆمانە تەواو نابێت، چونکە لەو شوێنەدا کە دەق دەوەستێت، خوێنەر دەست پێ دەکات تا بۆشایییە نائاماده‌كان پڕ بکاتەوە. ئەم تایبەتمەندییە نیشانەی گرنگیی بەرهەمەکەیە؛ چونکە ته‌نیا بەرهەمە مردووەکانن کە بە شیکارییەک کۆتایییان دێت، بەڵام “وێڵی” وەک پرۆسەیەکی کراوە لە نێوان هاوار و بێدەنگیدا بەردەوام دەبێت.

لە جیهانێکدا کە ئەدەبیاتی کوردی بە ئەدەبیاتی سیاسی و نەتەوەیی دەناسرێت، “وێڵی” بانگه‌شه‌ی بوونی ئەوی تر دەکات: ئەدەبیاتی مرۆڤی دەستەپاچە، ئەدەبیاتی کەسێک کە نە پاڵەوانی نەتەوەیییە نە خائین، ته‌نیا مرۆڤێکی وێڵه‌ کە سه‌رده‌مانێك عاشقی وشە بوو.

* بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌ و تێگه‌یشتنی تایبه‌تیی خۆت، بڕوانه‌:

دلاوه‌ر ڕه‌حیمی. وێڵی، بێشوێن: چاپخانه‌ی تاران، 2025. 


[1] ڕۆمانی “یاداشتەکانی ژێرزەمین” کە لە ساڵی 1864 لەلایەن نووسەری ناوداری ڕووسی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکییه‌وە بڵاو کراوەتەوە، بە یەکێک لە گرنگترین دەقە فەلسەفییەکانی مێژوو و بەردەبازی سەرەکی بۆ فەلسەفەی بوونخوازی دادەنرێت. ڕۆمانەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێک دێت؛ بەشی یەکەم گوتارێکی فەلسەفییە کە تێیدا “پیاوی ژێرزەمین” ڕەخنە لە لۆژیک، زانست و ئەو بیرۆکە یۆتۆپییانە دەگرێت كه‌ پێیان وایە مرۆڤ تەنیا بە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیدا دەگەڕێت. بە بڕوای دۆستۆیڤسکی، مرۆڤ بوونەوەرێکی ئاڵۆزە و ئامادەیە تەنانەت ئازاری خۆی بدات تەنیا بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە خاوەن ئیرادەیە و نەبووەتە “کلیلێکی پیانۆ” لە دەست یاساکانی سروشتدا. لە بەشی دووەمدا، گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ژیانی پاڵەوانەکە دەست پێ دەکات کە تێیدا دابڕانی قووڵی ئەو لە کۆمەڵگە، هەستی کەمتربینی و ململانێیە دەروونییەکانی لەگەڵ کەسانی دەوروبەریدا دەردەکەوێت. ئەم شاکارە وێنەیەکی ڕووتی مرۆڤی مۆدێرنمان بۆ دەکێشێت کە لە نێوان عەقڵانییەت و یاخیبووندا گیری خواردووە و کاریگەرییەکی بێوێنەی لەسەر بیرمەندانی وەک نیتچە و سارته‌ر و تەواوی ئەدەبیاتی سەدەی بیستەم هەبووە.

[2] ڕۆمانی “ویژدانی زینۆ” (La coscienza di Zeno)  کە لە ساڵی 1923 لەلایەن نووسەری ئیتالیایی ئیتالۆ سڤێڤۆ (Italo Svevo)وە بڵاوکراوەتەوە، یەکێکە لە شاکارە هەرە گرنگەکانی ئەدەبیاتی مۆدێرنیزم و پێشەنگی ڕۆمانی دەروونشیکاری دادەنرێت. دەقەکە لە شێوەی یاداشتنامەیەکی ددانپێدانان نووسراوە کە تیایدا پاڵەوانەکە، زینۆ کۆسینی، بە ڕاسپاردەی پزیشکە دەروونییەکەی (دکتۆر ئێس) دەست دەکات بە نووسینەوەی ژیانی خۆی بۆ ئەوەی لە گرێ دەروونییەکانی ڕزگاری بێت. سڤێڤۆ لەم بەرهەمەدا بە شێوازێکی تەنزئامێز و قووڵ، باس لە ململانێی مرۆڤ لەگەڵ ئیرادە، نەخۆشییە خەیاڵییەکان و پرسی “جگەرەکێشانی کۆتایی” دەکات، کە تێیدا زینۆ هەمیشە شکست دەهێنێت لە بڕیارەکانیدا. ڕۆمانەکە بایەخێکی فەلسەفی و مێژوویی گەورەی هەیە، چونکە کاریگەریی بیرۆکەکانی فرۆیدی پێوە دیارە و وێنەی مرۆڤی سەردەمی مۆدێرن نیشان دەدات کە لە نێوان ڕاستی و پاساوهێنانەوە بۆ شکستییەکانی خۆیدا دەژی؛ ئەم دەقە دوای ئەوەی لەلایەن جەیمس جۆیسەوە پێشوازی لێکرا، ناوبانگێکی جیهانی پەیدا کرد و گۆڕانکاری بنەڕەتی لە تەکنيکی گێڕانەوەی ڕۆماندا دروست کرد.

[3]  ڕۆمانی “کاتەکان” (The Hours) کە لە ساڵی 1998 لەلایەن نووسەری ئەمریکایی مایکڵ کانینگهام (Michael Cunningham)ەوە بڵاوکراوەتەوە، یەکێکە لە دیارترین نموونەکانی ئەدەبیاتی پۆستمۆدێرن و “میتاڕۆمان” کە تێیدا ژیان و بەرهەمی ڤێرجینیا وۆڵف دەبێتە کەرەستەی سەرەکی گێڕانەوە. ئەم ڕۆمانە بە شێوازێکی تەکنیکیی بەرز، سێ ڕەهەندی كاته‌كی و سێ کەسایەتیی جیاواز لە دەوری ڕۆمانی “خانمە دالۆوەی” گرێ دەداتەوە: خودی ڤێرجینیا وۆڵف لە ساڵی 1923دا کاتێک خەریکی نووسینی ڕۆمانەکەیە؛ لۆرا براون لە ساڵی 1949 کە دەیەوێت لە ڕێگەی خوێندنەوەی ئەم کتێبەوە لە جەنجاڵیی ژیانی خێزانی ڕابکات؛ هه‌روه‌ها کلاریسا ڤۆن لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا کە خەریکی ئامادەکارییە بۆ ئاهەنگێک و وەک کۆپییەکی مۆدێرنی “خاتوون دالۆوەی” دەردەکەوێت. کانینگهام بە وردییەکی زۆرەوە دەست دەخاتە سەر تەمومژەکانی نێوان ژیان و ئەدەب، پرسی خۆکوژی، تەنیایی مرۆڤ لە قەرەباڵغیدا، و ئەو ساتە کاته‌كییانه‌ی کە وەک “کاتەکان”ی تەمەنمان تێدەپەڕن و مانا بە بوون دەبەخشن. ئەم بەرهەمە کە خەڵاتی “پۆلیتزەر”ی بەدەست هێنا، لێکۆڵینەوەیەکی قووڵی جوانیناسانه‌یه‌ لە کاریگەریی نووسین لەسەر گۆڕینی دیدگای مرۆڤ بۆ مەرگ و مانەوە.

[4] دەرچەیەک نییە  (Huis clos)یەکێکە لە کارە هەرە ناسراوەکانی ژان پۆڵ سارتەر (١٩٤٤). چیرۆکەکە لە ژوورێکی داخراودا ڕوو دەدات کە سێ کارەکتەری تێدایە و تازە مردوون. ئەوان چاوەڕێی ئامرازەکانی ئەشکەنجەی دۆزەخ دەکەن، بەڵام وردە وردە بۆیان دەردەکەوێت کە هیچ جەلاد و ئامرازێکی فیزیکی لە ئارادا نییە؛ بەڵکو ئەوە “خودی ئەوانن” کە بە چاودێریی بەردەوام، دادگاییکردنی یەکتری و ڕێگریکردن لە ئازادیی یەکتر، دۆزەخ بۆ یەکتری بەرهەم دەهێنن. سارتەر لە ڕێگەی ئەم دەقەوە دەیسەلمێنێت کە مرۆڤ لەژێر چاوی ئەوانی تردا دەبێتە “بابەت” و ئازادییەکەی لەدەست دەدات، هەر بۆیە ڕستە کلیلەییەکەی شانۆگەرییەکە دەڵێت : “دۆزەخ، واتە ئەوانی تر”.

[5] هێڵنج(La Nausée)  ڕۆمانێکی ژان پۆڵ سارتەرە (١٩٣٨)، تێیدا کارەکتەری سەرەکی هەست بە جۆرە بێز و دڵتێکچوونێکی فیزیکی بەرانبەر بە بوون و دەوروبەرەکەی ده‌كات، کە ئەمە هێمایە بۆ هەستکردن بە بێمانایی و ئەو فشارەی کە جیهانی دەرەوە دەیخاتە سەر تاک.

[6] سیاسەتی بێدەنگی لە شیعرەکانی ئەلیزابێس بیشۆپ (Elizabeth Bishop)دا یەکێکە لە دیارترین ڕەهەندە هونەری و فەلسەفییەکانی کە لە ئەدەبیاتی سەدەی بیستەمدا پێگەیەکی تایبەتی پێ بەخشیوە. بیشۆپ بە پێچەوانەی هاوچەرخەکانی (وەک ڕۆبێرت لۆوێڵ)، پەنای بۆ ڕاشکاوییەکی زیاد لە پێویست یان “شیعری ددانپێدانان” نەدەبرد، ئه‌و بێدەنگیی وەک ئامرازێکی گوزارشتکردن بەکار دەهێنا بۆ نیشاندانی ئەو شتانەی کە لە توانای زماندا نین بیانڵێت. ئەم بێدەنگییە لە لای ئەو، لە ڕێگەی بەکارهێنانی “سپیایی” لە نێوان دێڕەکان، وەسفی وردی شتە مادییەکان و خۆلادان لە دەربڕینی ڕاستەوخۆی سۆزه‌كیدا دەردەکەوێت؛ بە جۆرێک کە خوێنەر لە پشت ئەو وەسفە سارد و بێدەنگانەوە، هەست بە قووڵییەکی گەورە لە تەنیایی، غەریبی و ونبوون دەکات. بێدەنگی لای بیشۆپ تەنیا نەبوونی دەنگ نییە، له‌ڕاستیدا جۆرێکە لە پاراستنی مەودای نێوان “من”ی شاعیر و جیهانی دەرەوە، کە تێیدا مانا لە ڕێگەی “نەگوتراوەکان”ەوە چڕ دەبێتەوە. ئەم تەکنيکە وای کردووە شیعرەکانی هەمیشە جۆرێک لە شکۆمەندی و نهێنییان تێدا بمێنێتەوە، کە تێیدا بێدەنگی دەبێتە زمانێکی هاوتەریب بۆ گوزارشتکردن لەو ئازارانەی کە قەبارەیان لە وشە گەورەترە.

[7] “سه‌گی سپی (Chien blanc) ڕۆمانێكی نیمچه‌ژیاننامه‌یی نووسه‌ری فه‌ڕه‌نسی ڕۆمان گارییه‌ (١٩٧٠). ده‌قه‌كه‌‌ باس لە سه‌گێكی دۆزراوه‌ ده‌كات كه‌ به‌وه‌ ڕاهێنراوه‌ ته‌نیا هێرش بكاته‌ سه‌ر “ڕه‌شپێسته‌كان”. ڕۆمانه‌كه‌ وه‌ك ڕه‌خنه‌یه‌كی توند له‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستیی ئه‌مریكا له‌ ساڵانی شه‌سته‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام له‌ ڕووی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه‌، زۆرجار وه‌ك نموونه‌یه‌ك بۆ ئه‌و ده‌قانه‌ ده‌هێنرێته‌وه‌ كه‌ “كێشه‌یه‌كی گشتی” باس ده‌كه‌ن (وەک ڕەگەزپەرستی یان سەرکوت)، به‌ڵام ته‌نیا له‌ گۆشه‌نیگایه‌كی دیاریكراوەوە (پیاوی سپیپێستی ڕۆشنبیر) ده‌یبینن. لێره‌دا ڕه‌خنه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قوربانییه‌ ڕاسته‌قینه‌كان (ڕه‌شپێسته‌كان) له‌ناو ده‌قه‌كه‌دا وه‌ك “بابەت” و “سێبه‌ر” ده‌رده‌كه‌ون، نه‌ك وه‌ك “بکەر” یان کارەکتەری خاوەن دەنگ، ڕێك وه‌ك ئه‌و نائاماده‌یییه‌ی ژنان یان چینه‌كانی خوارتر كه‌ لە “وێڵی”دا تێبینی دەکرێت.

[8] ئەم خوێندنەوەیە پشت بە تێڕوانینە تیۆرییەکانی ئێڤ کۆسۆفسکی سێجویک (Eve Kosofsky Sedgwick) دەبەستێت، بەتایبەت لە کتێبەکەیدا Between Men (1985)، کە تێیدا چەمکی “كۆمه‌ڵایه‌تیبوونی هاوڕه‌گه‌زانه”‌ (Homosociality) بۆ شیکردنەوەی ئەو پەیوەندییە سۆزه‌كی و کۆمەڵایەتییە نێوانکەسییانە بەکار دەهێنێت کە لە نێوان پیاواندا دروست دەبن. سێجویک ئاماژە بەوە دەکات کە “دڵسۆزیی قووڵی نێرینه‌‌” (Male Intimacy) لە چوارچێوەیەکدا کار دەکات کە تێیدا هاوڕێیەتیی قووڵ، متمانە و هاوپەیمانیی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە نێوان پیاواندا بەهێز دەبێت، بەبێ ئەوەی لایەنە سێکسییەکە بگرێتەوە. ئەم پەیوەندییانە زۆرجار لە ڕێگەی “سێگۆشەی ئارەزوو” و نێوەندگیریی ڕەگەزی بەرامبەرەوە جێگیر دەبن، کە تێیدا نزیکایەتیی نێرینە دەبێتە ئامرازێک بۆ پاراستنی پێکهاتە و دەسەڵاتی پیاوانە لە ناو کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا.

[9] چەمکی The Double/Doppelgänger)) لە ئەدەبیات و دەروونشیکاریدا ئاماژەیە بۆ دەرکەوتنی “پاشکۆیەکی نادیار” یان سێبەرێکی مرۆڤ کە هاوشێوەی خۆیەتی. لای ئۆتۆ ڕانک (Otto Rank)، دووانەکە لە بنەڕەتدا وەک میکانیزمێکی بەرگریی دەروونی بەرامبەر بە “مەرگ” و بۆ پاراستنی نەمریی ڕۆح سەری هەڵداوە، بەڵام دواتر لە ئەدەبیاتی مۆدێرندا وەک نیشانەیەکی شووم و ترسناک گۆڕاوە. فرۆید لە تیۆریی “نامۆ و ترسناک”دا، ئەم دیاردەیە وەک جۆرێک لە “دانه‌پاڵ” دەبینێت؛ تێیدا تاک لایەنە تاریک و کپکراوەکانی ناوەوەی خۆی کە “من”ی فه‌رمی ڕەتیان دەکاتەوە، لە قاڵبی کەسێکی تردا لە دەرەوەی خۆی دەبینێتەوە. ئەمە دەبێتە هۆی تێکچوونی سنووری نێوان “خۆ” و “ئەوی تر”، و زۆرجار لە دەقە ئەدەبییەکاندا وەک ململانێیەکی توندی نێوان ئاوه‌ز و ڕه‌مه‌ك، یان چاکە و خراپە ڕەنگ دەداتەوە کە تێیدا “دووانەکە” دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ناسنامە و سەقامگیریی تاک.

[10] تیۆریی چیای سەهۆڵین (Iceberg Theory) لە ئەدەبیاتی نوێدا بە “تیۆری لادان” یان /هونەری سڕینەوە” (Theory of Omission)  دەناسرێت، کە نووسەری ئەمریکی ئێرنێست هەمینگوەی (Ernest Hemingway) داهێنەریەتی. بنەمای ئەم تیۆرییە لەسەر ئەوە بونیاد نراوە کە دەق دەبێت تەنیا لووتکەی ڕووداوەکان و هەستەکان (هاوشێوەی یەک لەسەر هەشتی چیایه‌كی سه‌هۆڵین کە بە سەر ئاوەوە دیارە) نیشان بدات، و قورسایی و مانای ڕاستەقینەی چیرۆکەکە (حەوت بەشەکەی تری چیاکە) لە ژێر ڕووبەری وشەکان و لە ناو بێدەنگییەکاندا بشارێتەوە. هەمینگوەی پێی وایە کاتێک نووسەر بە وردی لەو بەشە ونبووە تێدەگات و دواتر لای دەبات، خوێنەر بە شێوەیەکی ڕه‌مه‌كی هەست بە قورساییی ئەو “نەگوتراوانە” دەکات و کاریگەریی دەقەکە قووڵتر دەبێتەوە.

[11] نامە بۆ باوک (Brief an den Vater) نامەیەکی درێژی ژیاننامەیی و شیکارییە کە نووسەری چیکی فرانز کافکا (Franz Kafka) لە تشرینی دووەمی ساڵی 1919دا بۆ باوکی (هێرمان کافکا) نووسیویەتی. ئەم دەقە بە یەکێک لە گرنگترین بەڵگەنامە دەروونی و ئەدەبییەکان دادەنرێت بۆ تێگەیشتن لە جیهانی کافکا، کە تێیدا بە زمانێکی ڕەخنەیی و پڕ لە ئێش باس لە پەیوەندییە ئاڵۆز و پڕ لە ترسەکەی لەگەڵ باوکە دەسەڵاتدارەکەیدا دەکات. کافکا لەم نامەیەدا شیکاریی ئەوە دەکات کە چۆن سێبەر و هەژموونی باوکی بووەتە هۆی دروستبوونی هەستی تاوانبارێتی و کەمته‌رخەمی لە ناخیدا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر تێکڕای بەرهەمە ئەدەبییەکانی تری هەبووە.