ترەمپ وەک خوێنەری لاکان

لە ئینگلیزییەوە: ئەحمەد کاوە

دەروازەیەک بۆ وتارەکە

لەم دواییانە، سلاڤۆی ژیژەک چەند وتارێکی سەبارەت بەم جەنگەی ئێستا نووسی کە ئەمەیان یەکێکە لە وتارەکان. تایبەتمەندیی ئەم وتارە خۆی لە چەند تۆنێکی پێکداچووی دیاردە جەماوەری، ڕووداوە سیاسییەکان و ڕاستبینیی دەروونشیکارییدا دەبینێتەوە. ژیژەک بە نموونە وەرگرتنی ترەمپ وەک باوکێکی سوپەرئیگۆیی وتارەکەی تا کۆتایی درێژە پێ دەدات، وەک ئەوەی ترەمپ دەربڕی شتێکی زیاتر بێت و هەر تەنیا سەرۆکێک نەبێت.

وتارەکە وەک لە ناوەکەی دیارە چەند چەمکێکی لاکانی لەخۆ گرتووە و هەر یەک لە چەمکەکان وەک ڕەهەندێک بۆ لێکدانەوەی ترەمپ بەکار هێنراوە. بەڵام بەر لە دەستپێکردنی وتارەکە، لێرەدا گەر بە کورتییش بێت پێویستە بەرچاوڕوونییەک سەبارەت بە چەمکەکان بدرێت. ژیژەک یەکێک لەو دوو چەمکانەی کە بەکاری هێناون بریتین لە سینتۆم و سەمپتۆم. دیارە لای لاکان، سەمپتۆم دالێکی تەمومژاوی و نەستەکییە کە بە لێکدانەوە و دەرگیربوون لەگەڵیدا مانا شاراوەکەی دەدۆزرێتەوە و بە جۆرێک لە جۆرەکان چارەسەریش دەکرێت. بەڵام سینتۆم (یانیش ئەڵقەی چوارەم) بەتەواوی جیاوازە لە سەمپتۆم، لەبەر ئەوەی سینتۆم زۆربەی جار خاوەن جەوهەرێکی بۆش و لە مانابەدەری ژویسانسە کە لێک نادرێتەوە. ئەرکی سینتۆم و کاریگەرییەکەی بۆ بەستنەوەی هەر سێ پانتایییەکەیە بە یەکترییەوە. واتە گەر سەمپتۆم دالێکی گرێدار بێت و بە کردنەوەی گرێکە چارەسەر بکرێت، ئەوا سینتۆم ئەو گرێیەیە کە ناهێڵێت ئەڵقەکانی سێ پانتایییەکە لە یەکتر بترازێن و لەپێناو بەستنەوەیان وەک ئەڵقەی چوارەم دەمێنێتەوە، تاکو واقیعە بەرجەستەبووەکە بۆ سوبێکت بهێڵێتەوە و بەمەش سوبێکت لەڕێگەی ئەم گرێیەوە ئارەزوو، سوبێکتیڤیتە و تەنانەت فەنتازیاکەشی ڕاگیر بکات. ئێمە وەک سوبێکت لە ژیاندا خاوەن ئارەزوو و فەنتازیای تایبەت بە خۆمانین کە وا دەکات بە واقیعەوە ببەسترێینەوە، واتە هەریەک لە ئێمە خاوەن سینتۆمی خۆیەتی و لە ئاستە دەستەکۆیییەکەش هەر گرووپ یانیش نەتەوەیەک سینتۆمێکی هەیە و بەیەکەوە گرێیان دەداتەوە، وەک چۆن ژیژەک ئاماژە بۆ وشە هەڵەکەی ترەمپ دەکات کە لە وشەیەکی هەڵەنووسراوی بێماناوە بوو بە سینتۆم و ڕەمزی چێژوەرگرتن، و لەم نێوانەدا هێڵێکی کۆمەڵایەتییشی هێنایە ئارا. تایبەتمەندییە سەرەکییەکەشی ئەوەیە کە هەڵگری ژویسانسە. واتە سینتۆم لەڕێگەی لەخۆگرتنی ژویسانسەوە سوبێکت بە پانتایییە ڕەمزییەکە گرێ دادەتەوە، و جەوهەری ژویسانسەکەش هەندێکجار مانادارە و هەندێکجاریش بەدەرە لە هەر مانایەک، وەک ئەوەی ژیژەک لە وشەکەی ترەمپدا دەری دەخات، و هەر ئەمەشە سوبێکت ئەرکدار دەکات تاکو لەگەڵی هاوشووناس بێت. چونکە بە هاوشووناسبوون لەگەڵ ئەم سینتۆمە خاڵێکی جێگیری ژویسانس پێک دێت و پانتایییە ڕەمزییەکە لە لادان دەپارێزێت.

ژیژەک بە هێنانی هەردوو چەمکی سینتۆم و ژویسانس، ئەوە بۆ خوێنەر ڕوون دەکاتەوە کە بەشێکی گەورەی ئایدۆلۆژیا هێندەی لە هەوڵی دابینکردنی چێژدایە، ئەوا هێندە لە هەوڵی ڕێکخستن و خۆگرتنەوەدا نییە وەک خەڵکی پێیان وایە. لێرەشدا پێویستە ڕاوەستەیەک لەسەر چەمکی ژویسانس، ژویسێنس و زێدەچێژ بکەین کە لە وتارەکەدا کەمتازۆر وەک یەک بەکار دەهێنرێت. لە دەروونشیکاریی لاکاندا، ژویسانس [Jouissance] (کە لە وەرگێڕانە ئینگلیزییەکاندا هەر بە Enjoyment وەرگێڕدراوە) و زێدەچێژ [Plus-De-Jouir] (Surplus-Enjoyment) هەمان شتن، بەڵام بە چەند دیوێک لە یەکتری جیاوازن. ژویسانس وەک چێژێکی سەرڕێژ هەمیشە زیادەیە و ئازاربەخشە کە بۆ ئەودیو پرەنسیپی چێژ دەڕوات. لەپاڵ ئەمەدا زێدەچێژ هەیە کە بەشێوەیەکی دیاریکراوتر ئەم زیادەیە لەپێناو جەختکردنەوەی چێژ/ژانەکە زەقتر دەکاتەوە، واتە لەو ڕاستییە دڵنیامان دەکاتەوە کە ژویسانس وەک زیادەیەک هەمیشە لەگەڵ چێژدا باربەستە بە ژان. بە درێژاییی ئەم وتارە، ژیژەک ژویسانس بەکار دەهێنێت و دواتر بۆ جیاکردنەوەی ژویسانس لە چێژی ئاسایی، چەمکی زێدەچێژ بەکار دەهێنێت. دواتریش جیاوازیی نێوان ئەم دوو چەمکە بە ڕاڤەکردنی گوتارەکەی ترەمپ نیشان دەدات، بەتایبەتی کاتێک لە لێدوانەکەیدا دەڵێت: “ئێمە هێندە سەردەکەوین کە چیتر ناتوانین بەرگەی ئەو هەموو سەرکەوتنە بگرین.” دالی “سەردەکەوین” لێرەدا دەرخەری چێژێکی نائاسایی و زیادەیە کە سنوورەکانی خودی چێژی بڕیوە و گەیشتووەتە ئەودیو پرەنسیپی چێژ. بەڵام دووبارەکردنەوەی ئەم چێژە نائاسایییە و ئەزموونکردنی بەشێوەیەکی ناچاری و بێ گوێدانە ڕەزامەندبوون دەمانگەیەنێتە فۆڕمێکی تری ژویسانس کە وەک زیادەیەک دەمێنێتەوە و دەبێت بە زێدەچێژ (Surplus-Enjoyment)، کە هاوشێوەی چێژوەرگرتنێکی زیاد و گەیشتن بە ژان لە ڕێی ئۆبێکتەکەوە کار ناکات، بەڵکوو وەک ڕەمزێکی بیرهێنەرەوە و جووڵەی ئارەزوو دەمێنێت وا شکستی هێناوە لە دەستخستنی ئۆبێکتەکە. واتە سوبێکت لێرەدا چەند زیاتر سەربکەوێت، هێندەش نوقسانییەکەی زەقتر دەبێتەوە و لەگەڵیشیدا پاڵنەرەکە دەیخاتە سووڕی دووبارەبوونەوەوە. بەم مانایە، فرمانی سوپەرئیگۆ لاکانییەکە لەبری چێژ وەرمەگرە و قەدەغەکردن یانیش خۆگرتنەوە دەگۆڕدرێت بۆ “چێژ وەربگرە! زیاتر و زیاتر سەربکەوە!” تاکو سوبێکتیڤیتەی سوبێکت بەتەواوی بخاتە ناو شۆرتێکی بێکۆتاوە کە تیایدا ژویسانس بە بەردەوامی وەک پاشماوەیەک بمێنێتەوە. لەپاڵ ئەمانەدا ژویسێنس (Jouis-sense) بوونی هەیە و بەمانا سادەکەی ئەمەش هەر ژویسانسە بەڵام لە مانادا. چۆن؟ ژویسانس مەحاڵە ڕاستەوخۆیانە ئەزموون بکرێت، بۆیە ئەو ساتەی دەیخەینە ناو وشە و دالەکانەوە دەبێت بە ژویسێنس، دەبێت بە ژویسانسێک کە سوبێکت لەژێر باری ماناکانەوە دەرگیری دەبێت، بەڵام لێرەدا غیابی مانا بووەتە خودی مانا. بە مانایەکی تر، چێژێکی زیادە بە دالێکی خاڵییەوە گرێ دەدرێت و بە دووبارەکردنەوە و هاوبەشکردن ئەزموون دەکرێت، لەبەر ئەوەی وشەکە هەم هەڵگری بێمانایییە و هەمیش ژویسانس، هەروەک سینتۆمەکەی ترەمپ کە خاڵییە لە هەر مانایەک و بارکراویشە لە ژویسانس.

سەبارەت بە پەیوەستیی ئێمە بە تێما و ناوەڕۆکی نووسینەکە، بەگشتی دەکرێت لەڕێگەی ئەم وتارەوە دووبارە گومان بخرێتەوە سەر هەندێک شت. بۆ نموونە، بۆ ئێمەی کورد ئەم باوکە سوپەرئیگۆیە و قێزەوەنە کە ترەمپە و لەپاڵیشیدا نەتەنیاهوو وا جار لەدوای جار بە دڵی خۆیان ئارەزووی سوبێکت بە ئاراستەیەک لار دەکەنەوە، ئەوا وەک -گەر لە نادڵنیاترین باریشدا بێت- ئامرازێک دەبینرێن کە ئەو پانتایییە ڕەمزییەی گەیشتووەتە بنبەست تێکبشکێنن و بەشێوەیەک فەنتازیای کورد بە واقیعە لەرزۆکەکە نەخشەکێش بکەنەوە. واتە تیۆریزەکردنی ژیژەک بۆ ئەم دۆخە لە ئاستە گڵۆباڵەکەدا ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام لە ئاستە بەشەکییەکەیدا، واتە وەک کورد، قبووڵکردنی ئەم تیۆریزەکردنە و سەیرکردنی ئێران وەک قوربانی دەست ئیمپریالیزم و سەرمایەداری جۆرێکە لە هەڵاتن لە تیۆری و دژوارتر لەوەش کوێربوونە بەرانبەر واقیع. بە مانا هیگڵییەکە گەر ئەم ئێرانەی وا وەک ڕەمزی دژەئیمپریالیزم نیشان دەدرێت تا دوورترین سنووری خۆی ڕابکێشین، دەردەکەوێت کە تیۆریزەکردن تەنیا دەتوانێت دیوێکی ڕەمزی بپێکێت و بە ئاستە ڕیاڵییەکەی نەگات کە مێژووێک دەردەخات خەڵتانە بە خوێنی دەیان هەزار و بگرە سەدان هەزار کورد. واتە لەم بارەدا خوێندنەوەکەی ژیژەک یان هەر خوێندنەوەیەکی تر گەر لەڕێگەی تیۆریزەکردنەوە جیهان وەک گشتێک بخوێنێتەوە، ئەوا لە ئاستە بەشەکییەکەدا تا ئاستێکی زۆر کورت دەهێنێت و نەستە چەپێندراوەکەی ژێر ئەم سیستەمە لەبیر دەکات. “ڕۆح ئێسقانە”کەی هیگڵ دەقاودەق ئەم ڕاستییە چڕتر دەکاتەوە، کورد ئێسقانێکە لە ڕۆحی تیۆریزەکردندا. واتە حەقیقەتەکە بۆ ئێمە تەنیا سەیرکردنی ترەمپ نییە وەک پەتییترین فۆڕمی سوپەرئیگۆ، بەڵکوو ئەم سوپەرئیگۆیە مشەخۆرە دووچاری دۆخ و بڕیاری جیاوازترمان دەکاتەوە، ڕەنگ بێت فرمانەکەی کەلێنێک بۆ کورد بکاتەوە لە پانتاییی ڕەمزیی ئێراندا، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە سەر کورد ئەزموونی سیاسی و ژیندەروونی خۆیەتی کە پێکەوە بەڵگەی واقیعێکی کۆنکرێتی مێژووییی پڕ لە هەڵبەز و دابەز دەدەن و ڕێگە نادەن ڕۆح هەروا بەسادەیی لە کەلێن یاخود پەراوێزێکدا ئەبستراکت ببێتەوە. 

ترەمپ وەک خوێنەری لاکان

هێڵی فیکریی ژاک لاکان بۆ تێگەیشتن سەختە، بەتایبەتی کاتێک لەپێناو شرۆڤەکردنی پەیوەندیی پارادۆکسانەی نێوان زمان و ژویسانس دەست دەداتە وشەداڕێژی، وەک ژویسێنس (زێدەچێژ-لە-مانا). یەکێکی تر لەو تازەوشانەی هەمان پەیوەندی دەپێکن بریتییە لە سینتۆم [ئەڵقەی چوارەم/ Le Sinthome]، کە جیاوازە لە سەمپتۆم [دەردەنیشانە]. سینتۆمەکان جۆرێکن لە “پارچەی ژویسانس”، بەو مانایەی بچووکترین یەکەن کە تیایاندا زمان و ژویسانس تێکهەڵکێشی یەکتری دەبن. سینتۆمەکان یەکەیەکی نیشانەی پڕ لە ژویسانسن، بۆ نموونە، هەر وەک خوویەکی چکۆلانە کە بێ وەستان و بە شێوەیەکی دووبارەبووەوە ئەنجامی دەدەین.

ئایا سینتۆم بچووکترین بەشی پێوانەکراوی ژویسانس نییە، بچووکترین و بنەڕەتترین کۆمەڵە؟ سینتۆم لە توانایدا هەیە یارمەتی دروستکردنی پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتییش بدات، و لە شێوەی ڕێوڕەسمێکی بەتاڵ یاخود وەک نوکتەجاڕییەکی بێمانا مامەڵە بکات [شتێک کە خەڵکی بەشێوەیەکی پاتەبووەوە لەگەڵ یەکتری هاوبەشی دەکەن بەبێ ئەوەی مانایەکی ڕاستەقینەی هەبێت]. لە ٢٠٢٤ەوە، نوکتەجاڕییەک کە زۆر تەشەنەی کرد “شەش-حەوت” بوو: ئەم نوکتەیە نە هیچ مانایەکی شاراوەی هەبوو، نە خاوەن کۆدێکی نهێنیش بوو، تەنیا دوو ژمارەی گوتراوی یەک لە دوای یەکی لەخۆ گرتبوو. دەستەواژەی “شەش-حەوت”، لە مانا مۆدێرنەکەی، زیاتر بۆ گۆرانییەکەی ڕاپەری فیلادێلفی “سکریلا” دەگەڕێتەوە، لە ٢٠٢٤دا لە گۆرانی دوت دوت. لەم ڕاپەدا، ئەم دەستەواژەیە دەکرا ئاماژە بێت بۆ کۆدی ڕادیۆی پۆلیس، یان شەقامی ٦٧ەم، یانیش شتێکی تر. دواتریش لە زنجیرەی باخی باشووردا دەرکەوت، دوای ئەوەش بە هەموو شوێنێکدا بڵاو بووەوە.

ئەمە جۆرێک نوکتەجاڕیی ناو خەڵکییە کە تەنیا بۆ خۆی دەگەڕێتەوە، ئەمە جگە لە توانستی منداڵێکی سێزدە ساڵان کە بۆ بێزارکردن و هەراسانکردنی دەوروبەری بە بێئۆقرەیییەوە ئەسپێکی مردوو شەلاق وەشێن دەکات، هیچ شتێکی تر نییە. لە هەندێک شوێندا، دەستەواژەکە ئاماژە بە جووڵەی دەست دەکات: دوو ناولەپی هەڵگێڕدراو وەک تەرازوو یەک لە دوای یەک بۆ سەرەوە و خوارەوە.[1]

ئەمە هەر بەسادەیی بێمانا نییە؛ ماناکەی هەر خۆی لەژێر بێماناییدایە. نوکتەجاڕییەکی لەم شێوەیە تا کاتێکی دیاریکراو دەمێنێتەوە، بەزۆری لە ساڵێک زیاتر ناخایەنێت، و “شەش-حەوت”یش چووەتە ژێر سێبەری نوکتەجاڕیی تر.

دۆناڵد ترەمپ لە سەروبەندی قۆناغی یەکەمی سەرۆکایەتییدا، نموونەیەکی ڕێکاوڕێکی ئەم جۆرە سینتۆمەی دروست کرد کە وەک پەیوەستییەکی کۆمەڵایەتی بەکار دەهێنرا لەنێوان خەڵکی. لە تویتێکیدا کە دواتر زۆر بەناوبانگ بوو،  نووسیبووی: “سەرەڕای بەردەوامیی ڕووماڵی نەرێنییCovfefe.”[2] ترەمپ هەرگیز ئاماژەی بەوە نەدا کە تویتەکە هەڵەیەکی ڕێنووسی تیابوو؛ دوای ئەوەی تویتەکەی سڕییەوە، دووبارە تویتی کردەوە: “کێ دەتوانێت مانای ڕاستەقینەی ‘Covfefe’ بدۆزێتەوە؟؟؟ چێژ وەربگرن![3] ڕاستی گوت: “Covfefe” ئەو شتەیە کە لاکان پێی دەڵێت سینتۆم [ئەڵقەی چوارەم]، نەک سەمپتۆم کە ڕەمزێکی نهێنی لەخۆ دەگرێت و ڕێگە نادات لەژێر لێکدانەوەدا ڕاستەوخۆ ئاماژەی بۆ بکرێت، بەڵکوو سینتۆم فۆڕمێکی دیاریکراوی بێمانایە کە چێژ چڕتر دەکاتەوە. لەکاتێکدا دەکرێت سەمپتۆم لەڕێگەی لێکدانەوەوە چارەسەر بکرێت، بەڵام سینتۆمەکان شتانێکن پێویستە سوبێکت فێر ببێت بەتەواوی لەگەڵیان هاوشووناس بێت: ئەوان بنچینەی کێیەتیی سوبێکت پێک دێنن، گەر سینتۆمەکان ون ببن، سوبێکت خۆی پارچەپارچە دەبێت.

ترەمپ لەسەر هەقە وەک فرمانێک ئاماژە بە چێژوەرگرتن بکات: “چێژ وەربگرن!” کاتێک بەشێوەیەکی گەمژانە چێژ لە “Covfefe” وەردەگریت، ئەوا بۆ سەرووی زمان (یانیش تەنانەت ژێرەوەی زمان) لە مانایەک بۆ گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕکردنی ناوەڕۆکی مەدلولەکانەوە دەڕۆیت بۆ ئەزموونکردنی دالەکان وەک چڕبوونەوە و فۆڕمی جێگیری ژویسێنس [ژویسانس لە مانادا]. کەواتە جێی سەرسووڕمان نیییە کە “چێژ وەربگرن!“ەکەی ترەمپ لە پەتییترین فۆڕمدا وەک فرمانێکی سوپەرئیگۆ کار دەکات. ئێمە بەگشتی وەک بریکارێکی ئەخلاقیی سادیست و بێبەزەیی لە سوپەرئیگۆ فرۆیدییەکە تێدەگەین کە هەمیشە بە داواکردنی مەحاڵ دەمانشڵەژێنێت و دواتریش بە چێژەوە سەیری ئێمە دەکات کاتێک شکست دێنین لە جێبەجێکردنی داواکانی. هەرچۆنێک بێت، لاکان پێشنیاری هاوسەنگییەک دەکات لەنێوان ژویسانس و سوپەرئیگۆ: ئەویش ئەوەیە کە چێژوەرگرتن لە شتێک تەنیا شوێنکەوتنێکی خۆبەخۆی ئارەزووەکانت نییە؛ بەڵکوو شتێکە کە ئێمە وەک ئەرکێکی ئەخلاقیی سەیر و شێوێنراو ئەنجامی دەدەین. ژویسانس هەر خۆی شتێکە کە مشەخۆری بەسەر چێژی مرۆڤدا پەیڕەو دەکات، بەجۆرێک دووچاری لادانی دەکات کە سوبێکت بتوانێت زێدەچێژ لە خودی ناخۆشی و ناچێژدا بەدەست بهێنێت.

بۆ ئەوەی لەم هاودژییە تێبگەین، پێویستە دوو جیاکاریی تر کە لەلایەن لاکانەوە ڕوون کراونەتەوە، بناسێنین: یەکەمیان جیاوازیی نێوان ناو-ی-باوک (باوک وەک فیگەری دەسەڵاتی ڕەمزی، و وەک بریکار و نوێنەرەوەی یاساکان) و زێدەچێژی باوکی قێزەوەنە، کە وەک سوپەرئیگۆیەکی بریکار زیاتر چێژ دەسەپێنێت؛ دووەمیشیان جیاوازیی نێوان چێژی ئاسایی و زێدەچێژە، کە وەک فرۆید دەڵێت، ئەو چێژەی لەودیو پرەنسیپی چێژەوەیە. بەم شێوەیە، ئێمە بۆ پرسیارە کۆنە فرۆیدییەکە دەگەڕێینەوە: بۆچی چێژ لە نیگەرانی وەردەگرین؟ بە مانایەکی تر، هێز هەروا بەسادەیی لەڕێگەی چەوسانەوە (و چەپاندن) خۆی بەسەر ئێمەدا ناسەپێنێت، کە پشتبەستە بە ترسی سزادان، بەڵکوو لەڕێگەی پاداشت کردنمانەوەیە بە گوێڕایەڵی و ملکەچبوون. ئەوەشی لەم ئاڵوگۆڕکردنەدا لە ئەنجامی گوێڕایەڵی و نکۆڵییکردنمان بەدەستی دەهێنێن چێژێکی لادەرە لە خودی ڕەتکردنەوەوە، چێژێک کە لە خودی لەدەستچوونەوە هاتووە. لاکان بەم چێژە بەلاڕێدا براوە دەڵێت زێدەچێژ (Surplus-Enjoyment). زێدەچێژ  واتە دژیەکی شتێک کە هەمیشە (و تەنیا) زیادەیەکە پەیوەست بە خۆیەوە: لە بارە ئاسایییەکەیدا، هیچ نییە [واتە تەنیا وەک شتێکی زیادە لەدوای یاخود لەودیو چێژەکەوە دێتە بوون]. ئەمە بەرەو چەمکی ئۆبێکتی بچووکی a لاکانمان دەبات وەک زێدەچێژ: لە بنەڕەتدا شتێک نییە بە ناوی “چێژی بنەڕەتی” تاکوو زێدەچێژی بخرێتە سەر، بەڵکوو چێژ خۆی هەمیشە زیادەیەکە لە سەرڕێژییدا.

ئۆبێکتی بچووکی a مێژووێکی درێژی لە سێمینارەکانی لاکاندا هەیە: ئەم چەمکە چەند دەیەیەک بەر لەوەی لاکان بەشێوەیەکی ڕێبازمەند بە شیکاری “کاڵا”ی ناو سەرمایەی مارکسەوە بیبەستێتەوە، بوونی هەبوو. بەڵام بێ شک ئەم ئاماژەدانە بە مارکس، بەتایبەت بە چەمکی زێدەبەها (Mehrwert) وای کرد لاکان پەرە بەم چەمکە “جێکەوتبوو”ەی بدات وەک زێدەچێژ (plus-de-jouir, Mehrlust): ئەو پاڵنەرە زاڵەی کە لە کۆی ئاماژەپێدانەکانی لاکان هەیە بۆ “کاڵا”ی مارکس بریتییە لە چوونیەکییەکی بونیادیی نێوان زێدەبەهای مارکس و ئەو چەمکەی کە لاکان ئاوهەڵکێشی کرد و ناوی نا زێدەچێژ، ئەو دیاردەیەی فرۆید پێی دەگوت “بەدەستهێنانی چێژ”، کە هەروا بەسادەیی مانای هەبوونی چێژی زیاتر نییە، بەڵکوو ئەو چێژە زیادەیەیە سوبێکت لە ساتی گرتنەبەری قەدبڕێکی دیاریکراودا بۆ گەیشتن بە چێژ دەستی دەکەوێت. شێوەیەکی تری بەدەستهێنانی چێژ (Lustgewinn) هەڵگێڕانەوە یاخود ئەو ئاوەژووبوونەوەیەیە کە هیستریا تایبەتمەند دەکات: ڕەتکردنەوەی چێژ خۆی دەبێت بە چێژ ی/لە ڕەتکردنەوە، چەپاندنی ئارەزوو بۆ ئارەزووی چەپاندن ئاوەژوو دەبێتەوە، ئیتر بەم جۆرە. ئاوەژووبوونەوەیەکی لەم شێوەیە لە کڕۆکی لۆژیکی سەرمایەدارییدا بوونی هەیە: وەک لاکان تێبینی کردبوو، سەرمایەداریی مۆدێرن بە حسابکردنی چێژ دەستی پێ کرد (دەستخستنی سوود)، و ئەم حسابکردنی چێژە دەسبەجێ بووە چێژی حسابکردن [چێژ وەرگرتن لە حساب خۆی].

ئێستا دەتوانین بەڕوونی ببینین چۆن زێدەچێژ بە سادیزم هاودژە: کاتێک سەرمایەدارێک لە حسابکردنی چێژەوە بۆ چێژی حسابکردن پێچ دەکاتەوە، لێرەدا ئەو چێژی ڕاستەوخۆ ڕەت دەکاتەوە (یان لانی کەم دەیخاتە پەراوێزەوە، وەک چێژی بەکارهێنانی ئۆبێکتە تایبەتەکان)، و لە شوێنی چێژە ڕاستەقینەکە، چێژێکی “ئەبستراکت” شوێنکەوت دەبێت کە چێژی مومکین حساب دەکات. کەواتە، زێدەچێژ وەک لاوازکردنێکی سادیستی بۆ بەکەموەرگرتنی چێژی ڕاستەقینە کار دەکات. بەڵام ئەمە چۆنچۆنی پەیوەندی بە ترەمپەوە هەیە؟ دیوە سەمەرەکە لێرەوەیە: لە یەکێک لە دوا لێدوانەکانییدا، بەشێک هەیە کە دەقاودەق، و بە زمانە جەماوەرییەکە دژیەکیی نێوان سوپەرئیگۆ و زێدەچێژ دووبارە دەکاتەوە:

“وڵاتەکەمان دووبارە سەردەکەوێت. لە ڕاستیدا، ئێمە هێندە سەردەکەوین کە خۆمان نازانین سەبارەت بەمە چی بکەین. خەڵکی پێم دەڵێن، جەنابی سەرۆک، تکایە، تکایە، تکایە، ئێمە زۆر زۆر سەرکەوتووین. چیتر بەرگەی ئەمە ناگرین. ئێمە لە وڵاتەکەماندا ڕانەهاتبووین سەربکەوین تاکو ئەو کاتەی تۆ دەرکەوتیت. هەمیشە دەدۆڕاین. بەڵام ئێستا زۆر سەرکەوتووین. منیش دەڵێم، نا، نا ، نا، ئێوە دووبارە سەردەکەونەوە. سەرکەوتنێکی مەزن. ئێوە دەگەن بە سەرکەوتنێک کە مەزنترە لە هەر سەرکەوتنێکی پێشوەخت.[4]

ڕەسڵ سبریلیا کە سەرنجمی بۆ وشەی “Covfefe” کێش کرد و لەمەڕ ئەم دێڕانە لەسەر هەق بوو کە بڵێت “ئەمە سادیزمی پەتییە. پەیامەکەی ئەوەیە: ‘ئەمەریکییەکان، هەوڵێکی تر بدەن!’ لە سەرکەوتنی زیادە شەرم مەکەن! دەبێت لەودیو پرەنسیپی چێژەوە چێژ لە ژانی سەرکەوتن وەربگرن! ئەو تەنانەت بەشێوەیەک ئەم دێڕانە دەردەبڕێت وەک ئەوەی یەکێک بێت لە باوکە سوپەرئیگۆییەکانی دەیڤد لینچ[5]. ” خەڵکی وەک شتێکی بەردەوام و نەبڕاوە ڕەچاوی “سەرکەوتن”ەکە دەکەن، ئەم حزوورە بەتین و بەردەوامەی زێدەچێژ شتێکی بەرگەنەگیراوە؛ خەڵکی تەنیا دەیانەوێت ژیانێکی ئاسوودە بژین بە چێژێکی ئاسایییەوە، بەڵام ترەمپ وەک ئەو باوکە سوپەرئیگۆییە قێزەوەنە دەجووڵێتەوە کە خەڵکەکەی خۆی دەچەوسێنێتەوە، فشارێکی بەردەوام دەخاتە سەر سوبێکتەکانی بۆ ئەوەی چێژی زیاتر وەربگرن، تاکو هەرگیز نەحەسێنەوە و هەرگیز ژیانێکی ئارام و جێگیریش قبووڵ نەکەن. ترەمپ لە گوتنی: “نا، نا، نا، ئێوە دووبارە سەردەکەون.” بەتەواوی دەربڕی ڕەهەندە چەوسێنەر و نێگەتیڤەکەی زێدەچێژە. هەر لەبەر ئەوەشە فەرمانی چێژ وەربگرن پەیوەستە بە “نا، نا، نا“یەک. بڕگە دووبارەبووەوەکەی ترەمپ بوارمان پێ دەدات ئەوە ببینین کە چۆنچۆنی دژیەکی سوپەرئیگۆ تەنیا سەبارەت بە تیۆرێکی تێروتەسەل نییە: بگرە لەناو ئەزموونی ڕۆژانەشماندا بوونی هەیە. کەواتە، چی ئەگەر هەنگاوێک زێدەتر بڕۆین و بە بیرکردنەوە لە “سەرکەوتن” بە مانا سەربازییەکەی دووبارە لێدوانەکەی ڕاڤە بکەینەوە؟

لە چەند هێرشێکی پێشگرانەمان بۆ سەر ئێران، وڵاتەکەمان دووبارە سەردەکەوێت. لە ڕاستیدا، ئێمە هێندە سەردەکەوین کە خۆمان نازانین سەبارەت بەمە چی بکەین. خەڵکی پێم دەڵێن، جەنابی سەرۆک، تکایە، تکایە، تکایە، ئێمە زۆر زۆر سەرکەوتووین. تکایە لە بۆمببارانکردنی ئێران بوەستە! چیتر بەرگەی ئەمە ناگرین. بەڵام  من پێیان دەڵێم، نا، نا، نا، ئێوە دووبارە سەردەکەونەوە، ئێوە دەگەن بە سەرکەوتنێک کە مەزنترە لە هەر سەرکەوتنێکی پێشوەخت.

بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ترەمپ وەک چۆن خۆی دەیڵێت لە مێژووی مرۆڤایەتییدا گەورەترین ئاشتیهێنەرە. هەروەک بەباشی ئاگادارین، تاکە ڕێگا بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتییەکی سەرتاسەری و ئەبەدی بە ئەنجامدانی جەنگێکی کۆتایی و مەزن دەکرێت کە کۆی دوژمنانی ئاشتی لەناو ببات. وەک ترەمپ جار لەدوای جار دووبارەی دەکاتەوە، کە ئەمەریکا لەگەڵ ئێران لە جەنگدا نییە؛ بەڵکوو بەیەکەوە لەگەڵ ئیسرائیل دەیانەوێت تەنیا خەڵکی ئێران ئازاد بکەن (بەهەمان ئەو بارەی کە ئیسرائیل غەززەی “ئازاد” کرد، و وێرانییەکانی تاران تا دێت زیاتر و زیاتر لە غەززە دەچێت…). بەم شێوەیە ترەمپ گوێڕایەڵی ئاغا ڕاستەقینەکەی دەبێت، نەتەنیاهوو، کە تەنانەت وەک ئاشتیهێنەرێکی مەزنتر دەبینرێت: ئێستاکە ئیسرائیل دووچاری جەنگێکی گشتگیر بووەتەوە و ئامانج لێی بەدیهێنانی ئاشتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و لێرەدا مەبەست لەم ئاشتییە ئەوەیە کە ئیسرائیل دەیەوێت بەسەر کۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زاڵ بێت.

ئەی پێویستە لێرەدا چی بکەین؟ من هەمیشە بە لایەنگیری دژەسڕبەکان تۆمەتبار دەکرێم، بەڵام پێویستە دان بەوەدا بنێم کە ئەو گۆرانییە ناوچەیییەی دڵخوازمە گۆرانییەکی سڕبییە سەبارەت بە کرالێڤیچ ماڕکۆ (شازادە ماڕکۆ، کە لەناو گۆرانی سەردەمانی ناوینی سڕبییەکان وەک قارەمانێکی مەزن ناوزەد کراوە) کاتێک چاوی بە یاوەر و ڕکەبەرەکەی لیۆتیتزا بۆگدان (بۆگدانی تووڕە)ی جەنگاوەر دەکەوێت. وەرگێڕانی دەقی چیرۆکی گۆرانییەکە هی خۆمە:

“شازادە ماڕکۆ و لیۆتیتزا بۆگدان، وەک خەڵکی دەیگێڕنەوە، لەو ڕۆژەدا یەکترییان بینی. دوو قارەمانە ڕووتاڵەکە بۆ ماوەیەکی درێژ سەرنجی یەکترییان دا – سەرەتا کێ دەست بە شەڕکردن دەکات؟ هەر یەکەیان چاوەڕێی ئەوی تر بوو. / ‘دەزانی چی هاوڕێ ماڕکۆ، باشتر وایە هەر یەک لە ئێمە بە ڕێگەی خۆیدا بڕوات – بڕواتە نێو ڕەز و کێڵگەکان. خۆ گەر شەڕی یەکدیمان بکردایە، جیهان هەڵدەلەرزی و دواجار کێ دەزانێ کاممان بەزیندوویی ڕزگاری دەبوو. ’ / ماڕکۆ کە بەپەرۆشەوە چاوەڕێی بیستنی ئەم وشانە بوو، ئەسپەوڕێ بەنێو کێڵگەکە تێیتەقاند. شازادە ماڕکۆ و لیۆتیتزا بۆگدان، وەک خەڵکی دەیگێڕنەوە، لەو ڕۆژەدا یەکترییان بینی.”

بڕیارە سەیر و نەهەژێنەکەی دوو قارەمانەکە لە دەستبەرداربوونی شەڕ نابێت وەک نیشانەیەکی نهێنی بۆ ترسنۆکیی ژێر دەمامکە بوێرەکانیان ببینرێت، بەڵکوو لەبری ئەوە، تێڕوانینێکی تیژپەڕ نیشان دەدات کە ئەو ململانێیەی لەپێناو شکۆ و ڕێزی قارەمانانە ئەنجام دەدرێت، پووچێتییە. وەک ئەوەی لۆژیکە ژێرەوانکێیەکەیان بەم جۆرە بێت:

“دەبێت لەبەر چ شتێک ژیانمان بخەینە مەترسییەوە و ئەم ڕۆڵە گەمژانەیییەی قارەمانەکان پەیڕەو بکەین کە کاتێک بەڕێککەوت چاویان بە یەکتری دەکەوێت، دەست دەکەن بە شەڕکردن؟ ناکرێت لە ساتێکدا وچان بدەین، لەم دەرگیربوونە ببینەوە و کەمێک چێژ لە ئاشتی وەربگرین؟” کردارێکی لەم شێوەیە یەکجار باشترە لە خەونگەلێکی مەزن بۆ بەدیهێنانی ئاشتی ئەبەدی، کە تەنیا جەنگی سەرتاسەری بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

سەرچاوە:

https://slavoj.substack.com/p/trump-as-a-reader-of-lacan-7b2?r=7vo7rj&utm_medium=ios&triedRedirect=true#footnote-anchor-5-192109532

[1] https://www.theguardian.com/society/2025/oct/20/six-seven-latest-slang-should-parents-be-worried.

[2] https://eu.usatoday.com/story/news/politics/onpolitics/2017/05/31/sean-spicer-says-covfefe-wasnt-typo-trump-knew-exactly-what-he-meant/102355728/.

[3] “Tweet from Donald Trump: “Who can figure out the true meaning of “covfefe” ??? Enjoy!”“. Twitter. Archived from the original on December 15, 2020. Retrieved August 1, 2020.

[4] https://youtube.com/shorts/MJMSJM-h6b4?si=ai6y8xMfnkDGpZPL

[5] لێکچوواندنی ترەمپ بە باوکێکی سوپەرئیگۆیی ناو فیلمەکانی دەیڤد لینچ بەو مەبەستەیە، کە ئەکتەرانی ناو فیلمەکانی ناوبراو بەتەواوی خاوەن دەسەڵاتێکی ناجێگیر و زیادەن. زۆربەی جاریش لەبری ڕێزگرتنی مەودا و ڕەچاوکردن، خۆتێهەڵقورتێنییەکی سنووربەدەر دژ بە سوبێکتەکانی تر ئەنجام دەدەن، وەک فڕەنک بووس لە فیلمی قەدیفەی شین، یانیش لیڵێند پاڵمەر لە توین پیکس. ترەمپ بە ڕەوانبێژیی و دووبارەکردنەوەکانی هەمان خۆپیاکردن جێبەجێ دەکات. زێدەچێژێک بەسەر سوبێکت دەسەپێنێت کە بەتەواوی بەرگەنەگیراوە.