ترەمپ و هونەری “گرێ کوێرە”
چۆن تاران لە نێوان شەڕ و ئاشتیدا گەمارۆ درا؟
لە ماوەی ١٧ ساڵ کارکردنم لە نێو کایەی ڕۆژنامەگەری و ڕووماڵکردنی ململانێ و تاکتیکە جەنگییەکانی ناوچەکەدا، کەمتر کارەکتەری سیاسی وەک “دۆناڵد ترەمپ” سەرنجیان ڕاکێشاوم. ئەو پیاوە تەنها سەرۆک نییە، بەڵکوو بازرگانێکی بێسنوور زیرەک و سیاسەتمەدارێکی دووربینە کە دەزانێت چۆن هاوکێشە ئاڵۆزەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆی بشکێنێتەوە. زۆربڵێییەکەی ترەمپ، کە هەندێک بە سەرپێیی دەیناسێنن، لە ڕاستیدا بەشێکە لە سیاسەتێکی قووڵ؛ ئەو گەمەیەک بە “دژەکان” دەکات کە کردنەوەی گرێیەکانی کارێکی پڕ زەحمەتە. ئایا ئەو تەنها یەک گرێی لێداوە یان چەند گرێیەک؟ ئایا بە ئەنقەست پەتەکەی شڵ کردووە تا ئێمە لە نێو ئاڵۆزیدا جێبهێڵێت؟
لێرەدا سێ ڕەهەندی سەرەکیی ستراتیژییەتەکەی بەرامبەر بە ئێران و ناوچەکە دەخەینە ڕوو:
١– گەرووی هورمز: گۆڕینی چەکی هەڕەشە بۆ کارتێکی سووتاو
هەمووان دەزانین گەرووی هورمز کارتە هەرە بەهێزە ئابوورییەکەی دەستی ئێران بوو بۆ هەڕەشەکردن لە جیهان، بەڵام ترەمپ بە وردی زانی چۆن ئەم یارییە بخاتە سەبەتەکەی خۆیەوە. ئەو بە نیشاندانی ئارەزووی “ئاشتی”، ئێرانی هێنایە سەر مێزی گفتوگۆ. تاران بە جۆش و خرۆشەوە داواکارییەکانی بەرز کردەوە، ترەمپیش بە ناردنی جێگرەکەی پەیامی “ئاشتیخوازی” گەیاند، بەڵام ئەمە تەنها پلانێک بوو بۆ کات کوشتن.
ئەو کاتەی قۆستەوە تا تەواوی ناوچە ئاوییەکان بخاتە ژێر چاودێری و گەمارۆی خۆیەوە. بەمەش گەرووی هورمز بوو بە کارتێکی لاواز؛ چونکە ئێستا تەواوی کەناراوەکانی ئێران لە جیاتی ئەوەی هەڕەشە بن، کەوتوونەتە ناو بازنەی گەمارۆیەکی توندەوە.
٢– سەپاندنی ئاشتی وەک تەڵەیەکی سیاسی
ترەمپ بە سەپاندنی پرۆسەی ئاشتی، ئێرانی خستە گۆشەیەکەوە کە لە هەر حاڵەتێکدا ئاگربەست بشکێنێت، تەواوی جیهان لە دژی دەوەستێتەوە. ئەمە وای کردووە تەنانەت کارتی “شەڕ”یش لە دەستی ئێران دەربهێنێت. ڕەتکردنەوەی هاوکارییەکانی “ناتۆ” لە لایەن ترەمپەوە لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، ئاماژەیەکی ڕوونە؛ هەمووان درەنگ لە یارییەکەی ترەمپ تێگەیشتن و ئێستا دەیانەوێت بەشدار بن لە سەرکەوتنەکانی ترەمپدا، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەو دەیەوێت بە تەنها یارییەکە بکات، بۆ ئەوەی کە کۆتایی بە ئێران هێنا بە بیانووی هاوکاری نەکردنەوە تەواوی دەسەڵاتەکانی تری بسەپێنێت بەسەر ئەوروپا و ناتۆدا. ئەمە بەو مانایە نییە شەڕ ڕوو نادات، بەڵکوو ئەگەر ڕوو بدات، ئێران لە کورتترین ماوەدا تووشی هەرەسی سەربازی دەبێت، چونکە پێشوەختە لە ڕووی سیاسییەوە دۆڕاوە.
٣– ئابوورییەک لە لێواری داڕماندا
ئێستا پرۆسەی ئاشتی لە دژی بەرژەوەندییەکانی تاران دەگەڕێت، هەربۆیە ئێران دەڵێت ناچینە گەڕی دووەمی دانوستانەکان. ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە کە سیاسەتە ترەمپ کاری کردووە. سەرنج بدەن، ترەمپ هەرکاتێک کاتی ئاگربەستەکان بەرەو کۆتایی دەچێت، وتارەکانی دەگۆڕێت؛ جارێک دەڵێت “نزیکین لە ڕێککەوتن” و جارێکی تر هەڕەشە دەکات. ئەم هەوراز و نشێوە بەشێکە لەو فشارە دەروونییەی کە ئێرانی خستووەتە ناو ئاگربەستێکی درێژخایەن و پڕ لە زیان. لە کاتێکدا کەشتییە ئێرانییەکان ڕێگەیان پێ نادرێت بجووڵێن و ئەوانەشی بەرەو ئێران دێن دەگەڕێندرێنەوە، ئابووریی ئەو وڵاتەی وێران کردووە و تەواوی هەڕەشەکانی پێچەوانە کردووەتەوە بۆ سەر خودی وڵاتەکەیان؛ واتە، ئەگەر ئێران بیەوێت سوود لە ئاوی دەوروبەری وڵاتەکەی ببینێت، دەبێت ڕێگە بدات جیهانیش سوود لە گەرووی هورمز ببینێت، لێرەدا ترەمپ کڕین و فرۆشتنی بە خاک و ئاوی ئێران خۆیەوە کردووە.
ئیسرائیل و لوبنان؛ ئامرازەکانی یارییەکە
لە ژێر دەستی ترەمپدا، ئیسرائیل پشتگیرییەکی بێوێنە دەکرێت (چونکە زۆرێک لە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ جوون)، بەڵام تەنها تا ئەو ڕادەیەی لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا بێت. کاتێک جێگری ترەمپ لە نەتانیاهۆ تووڕە دەبێت، پەیامەکە ڕوونە: “پێگەی زلهێزی تەنها بۆ ئەمریکایە”. ڕێگەدان بە ئیسرائیل بۆ لێدانی لوبنان تەنها بۆ ئەوە بوو کە دواتر وەک کارتێکی فشار دژی ئێران بەکاری بهێنێت بۆ بەدەستهێنانی تەنازولی زیاتر. ناچارکردنی لوبنان بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل، کە پێشتر وەک “کوفرێکی سیاسی” دەبینرا، یەکێکی تر بوو لەو تابووانەی کە ترەمپ شکاندی.
ترەمپ و یاریی شکاندنی پیرۆزییەکان: کاتێک هەموو شتێک دەبێتە “کاڵا“
لە پشت هەموو ئەو فشارە سیاسی و سەربازییانەی باسمان کردن، بزوێنەرێکی سەرەکی هەیە کە بریتییە لە “ئیگۆی” بێسنووری ترەمپ. ئەو وەک کارەکتەرێکی ئیگۆیستی نارسیسست، کە لە نێو جەرگەی ململانێ و ئاڵۆزییەکانی بازاڕی “واڵ ستریت”ەوە هاتووە، سیاسەت وەک پرۆسەیەکی کڕین و فرۆشتن دەبینێت. لە دنیای ئەودا، هیچ شتێک نییە ناوی “پیرۆزی” بێت؛ هەموو شتێک تەنها کاڵایەکە بۆ بازرگانیکردن.
ئەم تێڕوانینە بازرگانییە بۆ سیاسەت، وای لێدەکات تەنانەت مامەڵە لەگەڵ گەورەترین سەرکردەکانی ناوچەکەش وەک کڕیار یان فرۆشیار بکات. کاتێک بە زمانێکی زبر و بێپەردە هێرش دەکاتە سەر شکۆ و پێگەی سەرکردەکان (وەک مامەڵەی لەگەڵ سعودیە و وڵاتانی کەنداو)، لە ڕاستیدا دەیەوێت پەیامێک بگەیەنێت: “لە بازاڕی مندا، هیچ کەسێک لە سەرووی نرخەوە نییە”. ئەو باش دەزانێت چۆن هەمووان ڕابکێشێتە نێو یارییەکەی خۆیەوە و وایان لێ بکات بەو یاسایانە یاری بکەن کە خۆی دایڕشتوون.
دەرەنجام:
ئێستا تاران و ناوچەکە تەنها لە بەردەم سیاسەتمەدارێکدا نین، بەڵکوو لە بەردەم بازرگانێکی “گرێ کوێرە”کاندان کە ئاشتی و شەڕ وەک دوو کاڵای جیاواز دەبینێت و هەر کاتێک نرخەکەی گونجاو بێت، یەکێکیان دەفرۆشێت. سیاسەتی ترەمپ وای کردووە ئێرانی ٨٠ ملیۆنی بکەوێتە نێو گەمارۆیەکەوە کە تێیدا هەموو کارتەکانی دەستی لەرزۆکن؛ هەر جووڵەیەکی هەڵە، دەکرێت کۆتایی بە هەموو شتێک بهێنێت. لەم یارییەی ترەمپدا، بەرپرسانی تاران لاوازتر بوون و دووبەرەکی و لێکترازان لە ناوخۆیاندا سەریهەڵداوە، چونکە هەموو هەنگاوەکانیان پێشوەختە لە حیساباتی “قازانج و زیان”ی ئەم بازرگانە نارسیسستەدا جێگەی کراوەتەوە.