ڕێگەی ئاوین

“بۆ هەنی”

سوێند بەو شارە نا لێی نیشتەجێبووم/ بە لەوبوو و لێ بوویەوە نا/ بەو یادەی لە یادگەمەوە دەچۆڕا/ بە جێھێشتن و ئاوڕنەدانەوەڕا بتی لە كەلەمدا تاشی/ بە خۆرێكی كۆنی لەكارنەكەتووڕا نووێبوونەوە/ شەو لەدایكبوو زامێك بوو/ ھەندێك وشە لە ئاسماندا دەتگوت ئەستێرەن/ ھەندێك لە زەویدا دەتگوت سەمان/ ھەندێك وشە لە كەلـلەدا نەھاتنە سەر زار/ ھەندێك وشە لە چاواندا پەژارە بوون/ چییان بۆ مایەوە جگە لە سەرگەردانی؟/ دەیانگوت ژیان ئەستەمترە لە مردن/ مانەوە لە ڕۆیشتن/ بەختەوەری گەمییە، دوور دەڕوات/ ئەو گرمەیەی دلی لەرزاند وشە نەبوو/ ئەوەی لە زاندایە ڕووبارێكە، نازانێت چەند مانگ لە نێو خۆیدا دەخنكێنێت/ لە ھەتاوم وابوو پەنجەیەك كەوتە نێو چاوی؛ تاریك بوو/ كاتێك پەنجەرانە تیشكەكان ڕەگئاژۆی سپێدان دەبوون/ دەرگەیانە گوێچكە بەسەر گۆرانیدا دادەخران/ مخابن دەنگ لە ئامێز ناگیرێت/ بینین لە غەریبیكردندا گیر نابێت/ با كەژ و كێوەكان بیبیستن، ئەوە چرپەیە/ با گیا و درەختەكان بیبینن، ئەوە ڕوانینە/ چەندە ئەستەمە مانەوە لە نێو دەنگدا/ چەندە ئاسانە جێھێشتنی ڕوانین/ بریا ڕووبار دەبووم/ بە ڕێکردن و ئاوڕنەدانەوەڕا بمناسەوە/ بە پاڵتۆیەکی دووراو لە فەرامۆشیدا بمناسەوە/ نیشانەی من بێن تەنگییە/ توانەوەی پەیژەکانە لە گەیشتنم بە تەم/ ئەوێ، باڵندەکان بە تامی ئاسن دەفڕن/ مانگ سکەیەکی ژەنگگرتوو لە باخەڵی هەورەکاندا دەدرەوشێتەوە/ ڕۆژگار ڕێڕەوێکی لولپێچە بەرەو قووڵایی/ کەس لەوێ نییە گەردنی ئاسۆ بگرێت/ ئەدی کێییە لەو دوورەوە وەکو دووکەڵ سەرهەڵدێنێ؟/ نە کچانی ئۆرشەلیم لێی بە ئاگان، نە گالیسکەیەکە ستوونەکانی لە زیو/ قژی سێبەری دوو باڵندەیە/ جلی بەرخەماڵەی سپین، تازە لە خوێی کانییان لێسابێتەوە/ چاوەکانی بەردەماسین لەناو جۆگەڵەیەکی ڕووندا/ پەنجەکانی تەمتومانی سەر لوتکەی چیاکانن/ ئەوە کێیە ئەستێرەکانی کوژاندەوە؟ / ڕامەچڵەکێ!/ لە سەرەتادا بێدەنگی هەبوو/ ڕۆژێک، دوو و سێ / لە درزی بێدەنگییەوە، وشەیەک وەک ئارەقەی شووشە تکا/ “من” بوو/ “من” لەناو تاریکیدا دەگەڕا/ ئەنگوستەچاوە و فەرامۆشی سەرپۆشی وشەکانە/ ئەو کاتەی گیانی “من” لە لێواری زانین لەنگەری گرت/ گوتی: با ڕووناکی هەبێت/ بەڵام ڕووناکی نەبوو/ “من” وەستا و گوتی: من کێم؟ دەنگی خۆی نەناسییەوە/ گوتی: من لە کوێم؟ شوێنی خۆی نەناسییەوە/ گوتی: من کەیم؟ کاتی خۆی نەناسییەوە/ سەری قەدماغەی برینی یادەوەریی قوڕێک بوو؛ نەیدەزانی/ ئێمە نهێنییەکانمان دەردەخەین بۆ ئەوانەی دەیانەوێت ببینن/ ئەوانەی تامەزرۆی قووڵایین؛ گوریسمان لە دەستیانە/ ئەوانەی شێتی فڕینن، باڵیان پێ دەبەخشین/ ئەوەیە بەخششی ئێمە/ ئەوانەی خۆراکیان تاریکییە، بە ڕووناکی کوێرییان دەکەین/ ئەوانەی نیشتەجێی ڕووناکین، لە تاریکستاندا گەمارۆیان دەدەین/ هەر یەکێکیان، تاقیکردنەوەیەکە/ کەوڵی باوەڕت فڕێدەدەیت؟/ تۆ لێرەیت و لەوێش/ تۆ لە خەونیت و لە ڕاستیشدا/ وەک بارانی بەهار دەبارێیت، وەک گەڵای پاییز دەوەریت/ تۆ کێیت؟!/ سەرەتا وشە هەبوو/ وشەکان لەبیرچوونەوە، لەناو تەمدا ون بوون/ بەرەبەیان دیوار بوو بە فەرشی ژێر پێ/ فەرش بوو بە دەرگە/ دەرگەکان دەکرانەوە/ ڕووەو ناشوێن/ ڕووەو ناکات/ ڕووەو رۆژانی رابردوو- پاشەڕۆژ/  بەرەبەیان ڕووناکیم بینی/ بە خۆمم گوت: ئەمە خەونە یان راستی؟/ هەروەک چۆن مرۆڤ لە تاریکیدا چاوەکانی دەترووکێنێ، منیش وەها دۆشداماو/ هەرکەس نیشانەکانی ئێمەی لەبیر بچێتەوە، لە تاریکاییدا سەرگەردان دەبێت/ پەردەمان لە چاوانت لادا و بینینت ئەمڕۆ تیژە/ ئاوابوونی ڕۆژی یادەوەریتم سەیر کرد/ دەستم بۆی درێژ دەکەم، وەک دڵۆپی زام بەناو پەنجەکانمدا دەڕژێت و نامێنێت/ ڕستەکان، چیرۆکەکان، ساتەکان، ناوەکان…/ خودایە دڵنیام بکەرەوە ئەو شتانەی بیریان لێ دەکەمەوە ڕوویان داوە/ ئەو مرۆڤانەی خۆشم دەوێن ڕاستین/ ئەو ناوانەی بانگیان دەکەم دەمناسنەوە/ ئەو ڕێگەیەی دێتەوە یادم دەمباتەوە ماڵەوە/ ئەی مانگی شەوانی پڕ لە بێدەنگی/ چەند جار تۆم بینیوە و ناوت چییە؟/ یادەوەریم وەک درەختێکی وشکهەڵگەڕاو گەڵاکانی ناوی ناسیاوەکانمن، هەڵوەریون و شکۆی پاڕانەوەوم پاراست/ ئای خۆشەویستم هەموو پەیڤەکان لێوتن/ پەیوەندیی نێوان زەوی و ئاسمانیت/ لە پێت ڕەگی ژیان و لە سەرت پەسڵان/ ئەوەی لە گوڵەکاندا وەک بۆن دەردەکەوێت، لە دڵەکاندا ئەڤینە/ ئەوەی لە دەریاکاندا وەک شەپۆل دەردەکەوێت، لە ژیاندا هزرینە/ ئەوەی لە ئاسماندا وەک ئەستێرە دەردەکەوێت، لە چاوەکانتدا بریسکەن/ گوڵە سپییەکان لە پێستتدا دەپشکوون/ ئەستێرەکان شەو لە ئاسمان وشک دەبنەوە، وەک ئاورینگی هیوای ڕۆژگار/ لە ترسی نهێنی، لە بۆنی گوڵەڕەز و تامی هەناردا حەشارتدام/ ئەوە دەنگی فریشتەکانە دێتە بەرگوێم وەک شیوەنی با؟ یانیش پەژارەی دڵێکی بریندارە لە کۆیلایەتی خۆیدا دەتلێتەوە؟/ وشەکانم لە لێوی مردووانەوە دزین تا دوو کۆتر و تەونی جالجالۆکەیەک هاوەڵیم نەکەن/ مرۆڤ نازانێ لە ناو کام پۆشاکدا دەمرێت، خوێن شەوی بەسەردا بێت دەمەیەت/ ئەم لاشەیەم بەم هەموو نیگەرانییەوە ناخرێتە گۆزەوە/ هێندە یادەوەریت پشکنیم، وردە ئەستێرەت خستنە ژێر پێستم، دارستان و لادێت لە سەرمدا ڕواند؛ ئەم لاشەیە نەبووە خۆڵەمێش/ لێگەڕێ وەک چۆن لە ناومدا ژیایت لە ناوتدا بمرم/ من کە نیشتەجێی بێدەنگیم، بەردەکە غلۆردەکەمەوە تا شکانی کات ببینم/ قەپێک لەو سێوە دەگرم، تا زەوی لە قورگمدا گیر ببێت/ پاشماوەی ئەو داسەم لە دروێنەی سێبەرەکاندا دەمی هەڵوەری/ لە ئاگردانی ئەم ئاگایییە، خۆڵەمێشی ساڵانێک بەجێماوە تەنیا با دەیناسێتەوە/ کاتێک دڵۆپەی باران بەسەر بنمیچی یادەوەریمدا داباری، دەرکم بەوە کرد هیچ دینگەیەک ئەم ئاسمانە ڕاناگرێت/ مارێک لە گەردنی متمانەمەوە ئاڵاوە و سێبەرمت لە جەستەم جیاکردەوە/ نەتگوت بەم رێگەیەدا مەرۆ ئاگرە؛ سووتام/ لە ژێر ئەم دیوارەدا مەحەسێوە؛ خوێنم لێ ڕژا/ ئەم کەشتییە کوون نەبێت دەخنکێم/ لێگەرێ با لە ژێر سایەی ئەم یادەوەرییەدا لە ناو پێکەنین بگەوزێین/ لێگەرێ ئەم شنەبایە بۆ کوێ دەمانبات بمانبات/ زەوی بخەرە نێو جانتاکەت و مانگیش لەژێر هەنگڵت/ تۆ کە هەم تینووێتی و هەم ڕووبار، ئاسمان لە نێو خۆتدا بخنکێنە/ نە مێژوو دەتدورێت و نە تەم دەبێتە پۆشاکت/ لە درزی برینەوە لە هەڵەی ڕێزمانی بووندا بڕوانە/ ئەوا ئێوارە هات؛ سوکرات بە ژەهر، باجیۆ بە پێوە و ئەوینیش لەنێوخۆیدا…/

photo_2026-04-21_09-37-23