دووبارەبوونەوەی خیانەت یان دووبارەبوونەوەی دووبارەبوونەوە؛
دەربارەی شەڕ و ئاشتی لای کورد
پێشەکیی وەرگێڕ:
«دنیا خیانەتی لێ کردین!» و «کوردیان فرۆشت!»، جیا لە گازندەیەک، ئەزموونێکی دووبارەی نێو مێژووی کورد و شۆڕش و جووڵانەوەکانێتی. ئەم نووسینە گەرەکێتی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، بۆچی جار دوای جار ئەم ئەزموونانە دووبارە دەبنەوە و هەمیشە کورد لە پێگەی «خیانەتدیدە»ـەدا خۆی دەبینێتەوە؟ چۆن دەبێت مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ئەزموونانە لە گازندەوە، بگۆڕێ بۆ پرسیاری کورد لە خۆی؛ واتە دەبێت چیتر کورد نەپرسێ: «بۆچی هەمووان خیانەتیان لێ کردین؟»، لەبری ئەوە بپرسێ: «بۆچی هەر جارێک خۆم دەخەمە دۆخی خیانەتلێکراوییەوە؟». کەواتە بۆچی کورد جار دوای جار خیانەت دەچێژێت؟ ڕەنگە وەڵامەکە ئەوە بێ، کورد تەنها خیانەتەکان دەژمێرێت و دەیچێژێت و دەیگێڕێتەوە، بەبێ ئەوەی ئاگاییانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکات. تا ئەم ئەزموونانە لە چەشتنەوە تێنەپەڕن بۆ شیکاری و ڕەمزاندن، مەحکومن بە دووبارەبوونەوە. جیاوازیی گیانەوەر و مرۆڤ لە مامەڵەکردن لەگەڵ چێژ و ئازار لەوەدایە، گیانەوەر هەرکات چێژ یان ئازارێک دەچێژێت وا دەزانێ ئەوەڵجارە ئەم ئازار یان چێژە تاقی دەکاتەوە، تەنها مرۆڤە لە سایەی یادگە و ئاگایییەوە دەتوانێ شیکاری و جیاکاری بکا. بەڵام خۆ کورد مرۆڤە، خاوەن یادگە و ئاگایییە، خێرە ئەم ئەزموونانەی خیانەت، وەکبێژی یەکەمجارە بیانچێژێت، هەروا دووبارە دەبنەوە؟
ئەوەی سیاسەتی کوردی ڕووبەڕووی خیانەتی زلهێزەکان دەکاتەوە، ئەوەیە کورد نایەوێ بێتە نێو ئەم جیهانەوە، هێشتا باوەڕی بە جیهانێکی ئەخلاقی و گەرەنتییەک هەیە، باوەڕی وایە، ئەوانەی خاوەنمافن و دۆزەکەیان ڕەوایە، پاڵپشتیی جیهان دەبەنەوە، دادپەروەرییەک ماوە. کورد باوەڕی بە ئەوی تری گەورە لەدەست نەداوە، هێشتا وا دەزانێ گەر پابەندی کۆمەڵێ ڕێسای ئەخلاقی و بنەماکانی مرۆڤ ببی، حەقی خۆت پێ دەدرێ. بۆیە زۆرجار، بەتایبەت دوای شەڕی داعش دەوترا: «جیهان قەرزاری کوردە، دەبێ قەرزەکەی بداتەوە». هێشتا وا دەزانێ، خیانەت لە دنیای مۆدێرندا ئاوارتەیە نەک ڕێسا. بۆیە ئەوەی لە حاڵەتی خیانەتدا دادەڕمێت، گفت و پەیمانێک نییە لەگەڵ زلهێزەکان، بەڵکوو فەنتازیا سیاسییەکەی کورد خۆیەتی. هەر پرۆژەیەکی سیاسیی کوردی هەنگاوێ دەنێت، یەکەم باسێک کە دەکرێت، باسی گەرەنتیی دەرەکییە؛ بێئاگا لەوەی ئەم گەرەنتییە هیچ بوونێکی واقیعی نییە و لە جیهان و سیاسەتی مۆدێرندا جێی نابێتەوە، تەنها شتێکە لەنێو فەنتازیای سیاسیی کوردەکان خۆیاندا. هیچ گەرەنتی و باوکێکی ئەخلاقی لە جیهان و سیاسەتی مۆدێرندا جێی نابێتەوە، بەڵام کورد نەیگەرەکە بەر ئەم تراومایە بکەوێت کە گەرەنتی و باوکێکی ئەخلاقی، بوونی نییە. بگرە ئەوەی هەیە، باوکێکی بێشەرمی ترەمپئاسایە، نەک هەر خیانەت دەکا، بەڵکوو چێژی لێ دەبینێ. کورد ناهاوکاتە لەگەڵ جیهانی مۆدێرن و سیاسەتی مۆدێرن، بۆیە بەرمەبنای کۆمەڵە پێوەرێکی پێشمۆدێرن، سیاسەت بەڕێوە دەبات: جوامێری، ئازایەتی و فیداکاری و ڕەوایەتی و هتد. بەڵام سیاسەتی مۆدێرن کە گەمەی کارتەکانە، بۆ کورد و سیاسەتی کوردی کایەیەکی نامۆیە. هەڵبەتە، وەختێک نکۆڵی لە لۆژیکی ئەم گەمەیە دەکات، دووچاری خیانەت دەبێتەوە. ئینجا هەمدیسان پەنا دەباتەوە بەر حیکایەتە دێرینەکەی کە حیکایەتی کوردی قارەمان و کوردی قوربانییە. ئەتوانێ تا قیامەت قارەمانانە شەڕی دنیا بکا، بەڵام نەیگەرەک بچێتە ژێر باری ئەم گەمەیەوە و بۆ هەمیشە نکۆڵی لێ دەکات. چونکە دەستهەڵگرتن لە فەنتازیاکان ئازایەتییەکی گەرەکە کە زۆر زیاترە لە ئازایەتیی مەیدانی شەڕ. بۆیە لای کورد خیانەت ئەهوەنترە لە کەوتنی فەنتازیاکەی، بەرگەگرتنی خیانەت ئەهوەنترە لە قبووڵکردنی ئەو ڕاستییەی هیچ کەس و هێزێک نییە گەرەنتی دادپەروەری بکات، گەرەنتیکارێک لە جیهاندا نییە. بەم مانایە، ئەوەی کورد لە حاڵەتی خیانەتدا دووچاری دێت، دووبارەبوونەوەی ناچارییە. دووبارەبوونەوەی ناچاریی بەگوێرەی دەروونشیکاری، مەیلێکی نەستەکیی [نائاگاییانە] سوبێکتە بۆ دووبارەکردنەوەی ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو، ئەم ئەزموونانە هاوشانی ئازارچەشتن، چێژێکی نەخۆشانە و شاراوەشی بۆ سوبێکت هەڵگرتووە. بۆیە کورد لە حاڵەتی خیانەتدا، ئامادەیە گیانی بکاتە قوربانی و شەهید ببێ، بەڵام نەیگەرەکە فەنتازیا سیاسییەکەی و چێژە شاراوەکەی بکاتە قوربانی. لێرەوە، تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی کورد، ڕزگاریی کورد، پێویستی بە قوربانیدانە، بەڵام نەک تەنها قوربانیدانی جەستەیی، پێش هەموو شتێک گەرەکە ئەم فەنتازیا سیاسییە، ئەم چێژە نەخۆشانەیەی قوربانیبوون بکاتە قوربانی.
دەقەکە:
لە ڕاپۆرتە هەواڵێکدا، شەڕڤانێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەرکەوت، لەسەر ملی نوسیبووی «دنیا خائینە»؛ وەکبێژی، گەرەکێتی ئەم ڕستەیە چەند بارە بکاتەوە، تاوەکوو ئەوەی چەشتوویانە و دەیچێژن هەرگیز بیر نەچێتەوە. مەقسەدی ئەم نووسینە، پێش هەر شتێک، تەقەلایەکە بۆ تێگەیشتن لەو شتەی لای کوردان بە «خیانەتی زلهێزەکان لە کورد» ناو دەبرێت؛ ئەو خیانەتەی بە شێوەیەکی پراگماتیکی، بەبێ هیچ جۆرە چەمکسازی یان پەیبردنێکی تیۆری دووبارە دەبێتەوە. نەک هەر دووبارە دەبێتەوە، بگرە ئەم دووبارەبوونەوانە دەژمێردرێن و وەک هەقیقەتێکی حاشاهەڵنەگر دەدرێتەوە بەگوێی جیهاندا نەک خود. تەنانەت لە فۆرمی گێڕانەوەی ئەو شتانەی بەسەر کورددا هاتوون، هێشتا دووبارەبوونەوە خۆی ناشارێتەوە. هەر بۆیە، لەم نووسینەدا، گەرەکمە دەستوپەنجە لەگەڵ فۆرمی هەقیقەتی دووبارەبوونەوەکەدا نەرم بکەم نەک ناوەڕۆکەکەی، یانی کارم بەسەر خیانەتی سیاسی و خیانەتی جیۆپۆلەتیکییەوە نییە، بەڵکوو دووبارەبوونەوەی بونیادی خودی دووبارەبوونەوەم پێ گرنگە. لە چوارچێوەی تیۆریی کۆمەڵایەتیی پۆست-لاکانی، ئەم دووبارەبوونەوە بونیادییە وەک سەمپتۆم[دەردەنیشانە][1]ـی پەیوەندیی کورد لەگەڵ خۆی لەنێو هەلومەرجی تایبەتی دەروونی و کۆمەڵایەتیی سەردەمی مۆدێرن، شرۆڤە دەکەم. بانگەشەکە ئەوەیە؛ ئەم شکستە دووبارانە، بەسادەیی بەرئەنجامی نەمانی گەرەنتیی دەرەکی نییە، بەڵکوو نەتیجەی خۆدانەبڕینە لە فەنتازیا بونیادییەکانی سیاسەتی کوردی. لەم نووسینەدا، چەمکی «دووبارەبوونەوە»[2] ئامرازێکی شیکارییە، لەبری وەسفکردن و گێڕانەوەی ڕووداوەکان، سەرنج دەخەینە سەر لۆژیکی ناوەکیی ئەم دووبارەبوونەوانە. میتۆدەکەشمان، شرۆڤەیەکی دەروونشیکارانەیە بەگوێرەی کۆمەڵێک چەمکی سەر بەم نەریتە، وەک؛ فەنتازیا و ژویسانس[3] و ئەوی تری گەورە[4] و فەنتازیای سیاسی و هتد…
پێشەکی
دەرکەوتن و بەهێزبوونی ڕۆڵی جۆلانی لە سیستەمی نوێی سووریادا، تەنها گرێدراو نییە بە شوێنگۆڕکێی گەمەکارانەوە. گەرێ ئەم چرکەساتە وەک چرکەساتی کەوتنی دەمامکی لۆژیکی سیاسەتی جیهانی ببینین؛ ئەم چرکەساتە، لە مێژووی جیهانی مۆدێرندا، ڕێسایە نەک ئاوارتە. ئەمما، پرسیارەکە ئەوەیە؛ خۆ مێژووی کورد سەرڕێژە لەم چرکەساتانە، ئیتر بۆچی وەها مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، وەکبێژی یەکەمجارە تووشی دەبن؟ لەم چرکەساتەدا، ئەوەی لای کوردەکان دادەڕمێت -جار دوای جار، داڕماوە-، هاوپەیمانییەکی سەربازی نییە، بەڵکوو فەنتازیایەکی سیاسییە: فەنتازیایەکی هاوکات دەربارەی دیموکراسی و ئەخلاق و پشتیوانیی زلهێزەکان. باشە، بۆچی ئەم شکستانە جار دوای جار دووبارە دەبنەوە؟ بۆچی زانین و دیموکراسی و فیداکاری، وەرناگەڕێن بۆ سەرمایەیەکی سیاسیی پاوەجێ؟ بۆچی سەرباری ئاگاییی مێژوویی، دووبارە شکست بەرهەم دێتەوە؟ پرسیارەکە ئەوە نییە، بۆچی خیانەت لە کورد دەکرێ؛ بەڵکوو ئەوەیە: بۆچی پرۆژەیەکی سیاسی جار دوای جار خۆی دەخاتە دۆخی خیانەتلێکرانەوە؟ ڕەنگە بەرهەڵستییەک بێتەپێش و بوترێ کە گوایە مەجبوورن، یانی ناچارییەکی ڕیاڵیستی ئەم ڕەوشە دەسەپێنێ. گەر واشبێ، هێشتا پرسیارێکی تر دەمێنێتەوە: بۆچی سەرباری هەبوونی ئاگاییی بەم ناچارییە، هێشتاش فەنتازیای تیۆریی کوردان هەر دەکەوێتە تەڵەی خیانەتەوە؟ هەڵبەتە، نامەوێ نکۆڵی لە هەلومەرجە ماتریاڵیستییەکان بکەم، تەنها گەرەکمە لەنێو هەلومەرجە ڕەمزییەکاندا وەڵامێ بدۆزمەوە.
دووبارەبوونەوەی دووبارەبوونەوە
گشتمان دووبارەبوونەوەی ناچاریی[5]مان بیستووە، فرۆید لە کتێبی «لەودیو پرەنسیپی چێژەوە»[6] دەیبەستێتەوە بە پاڵنەری مەرگ[7]ـەوە. لەم چەمکەوە تێدەگەین، بۆچی سوبێت جار دوای جار خۆی لە دۆخێکی ئازاربەخشدا دەبینێتەوە. لە دەروونشیکارییدا، گریمانەی هەبوونی ناچاریی دووبارەکردنەوە دەکرێت. بەگوێرەی ئەم پرەنسیپە، سوبێکت[8] تەنها ئەوکاتە مەحکومە بە دووبارەکردنەوەی شتێک کە ڕیشەکانی ناچارییەکەی بیرچووبێتەوە، یانی ڕابردووی تاک یان مێژووی گرووپێک ئەوکاتە دووبارە دەبێتەوە کە سوبێکت هێشتا ناتەبایە لەگەڵ دۆخی خۆی. بە قسەی ژیژەک، مەسەلەکە ئەوە نییە سوبێکت نازانێت؛ بابەتەکە ئەوەیە، لەم دووبارەبوونەوەیەدا چێژێک بۆ سوبێکت شاراوەتەوە. دووبارەبوونەوەی بونیادی دووبارەبوونەوە، بەو مانایە دێت، کوردەکان نەیانتوانیوە لەڕووی یاسایییەوە جێپێی خۆیان لەنێو سیستەمی جیهانییدا قایم بکەن. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕێک ئەمەی بەسەر هات، لەڕووی ئەخلاقییەوە بەفەرمی دانپێدانراو بوون، لەڕووی سەربازییەوە بەکار هێنران، کەچی لەڕووی دامەزراوەیی و یاسایییەوە قبووڵ نەکران. ئەم قبووڵنەکراوییە، مانای نەڕەمزێنراوییە، ئەوەشی نەڕەمزێنرێت، دووبارە دەبێتەوە. لە دۆخی کورددا، دووبارەبوونەوە بونیادێکی هەیە: تێکۆشان سەرکەوتنی سەربازی یان ئەخلاقی پشتبەستن بەوەی بە ئەوی تری گەورە ناو دەبرێت (مافەکانی مرۆڤ، ئەورووپا، ئەمریکا) فرۆشران پەنابردن بۆ حیکایەتی قارەمان-قوربانی. بەبڕوای من، ئەمە سووڕێکی بونیادییە نەک ڕێککەوت. ئینجا بۆ تێگەیشتن لەم سووڕە بونیادییە، کۆمەڵە چەمکێکی نێو هەمان پانتاییی تیۆری بەکار دەهێنم.
چیرۆکی باوکان
مۆدێرنە لەسەر نەبوونی هیچ گەرەنتییەک دامەزراوە، چ گەرەنتیی ئەخلاقی بێت یان گەرەنتیی ئایینی. ڕوونتر بێژین، ئەویترێکی گەورە لە سیاسەتی جیهانییدا نەماوە تا گەرەنتیی دادپەروەری بکات یان ئەخلاقییانە ڕەفتار بکات. سیاسەتی کوردی نەیگەرەکە ئەم شتە قبووڵ بکات، نەک هەر قبووڵی ناکا، بەڵکوو لەڕێی حیکایەتی خیانەتەوە، نکۆڵی لێ دەکات. هەڵبەتە وەک دەزانین، نکۆڵی پێش هەر شتێک، قبووڵنەکردنی تراوما[9]یە؛ قبووڵنەکردنی ئەو ڕاستییەی کە ماف ناگەڕێتەوە بۆ مافدار. نکۆڵی هەر شکستە، شکستی ئەوەی کە هیچ شتێک کامڵ نییە. با پێچێک لێ بدەین و بپرسین: ئاخۆ ئەم نکۆڵییە جۆرێ لە ناهاوکاتیی مێژوویی نییە؟ ناهاوکاتیی مێژوویی لە پەیوەندیدا بە جیهانی مۆدێرنەوە، واتە هێشتا تۆ سەر بەم جیهانە نیت. با هەندێک لەم پرسیارە ڕابمێنین؛ ئاخۆ بەڕاستی کوردەکان لە ئاستی ئاگاییدا هاتوونەتە نێو جیهانی مۆدێرنەوە؟ بەبڕوای من، کوردەکان بەبێ هاتنەناو ئاگایی مۆدێرنەوە، ئێش و ئازاری ژیانی مۆدێرن دەچێژن. لەنێو سیاسەتی کوردیدا، باوکی ڕەمزی[10] بوونی نییە، [کوردەکان] بە فەرمی دانیان پێدا نانرێت، هیچ پەیمانێک نییە شایەنی شکاندن نەبێ؛ بەڵگەش ئەوەیە، [کوردەکان] وا دەزانن هەبوونی وەهمی لەسەر هەق و مافداربوون، بەسە.
لە نەمانی باوکی ڕەمزیدا، لەبری گەرەنتی هێزە باڵادەستەکان، لە ئاستی خەیاڵییدا مانا بۆ خۆیان دادەتاشن. کوردەکان دەزانن گەرەنتییەک لەگۆڕێ نییە، بەڵام نکۆڵی لێ دەکەن و جێگەی پڕدەکەنەوە بەو فەنتازیا سیاسییەی کە گوایە فەزایەکی ئەخلاقی هەیە و ئەگەر بەگوێرەی بنەماکانی مافی مرۆڤ بجووڵێیتەوە، ئەوا قبووڵ و پاڵپشتی دەکرێت؛ بێئاگا لەوەی گەر هیچ گەرەنتیکارێک بوونی نەبێ و ئەم جیهانە ئەخلاقییە تەنها فەنتازیای ئێمە بێ، ئیتر وەختێ بۆ ماوەیەک ئەم فەنتازیایە دادەڕمێت -جار دوای جار دادەڕمێت، لەبری چەسپانی ئەم فەنتازیایە، شتێکی تۆقێنەر جێگەی ئەم قبووڵنەکردنەی نەمانی گەرەنتی لە جیهانی مۆدێرندا دەگرێتەوە، [ئەم شتە تۆقێنەرە] باوکێکی بێشەرمە کە چێژ لەم خیانەتکردنە ئاگاییانەیە وەردەگرێت، نەک هەر چێژی لێ دەبینێ، بەڵکوو وەک هەقیقەتی سیاسەت پاکانەی بۆ دەکا؛ [باوکی بێشەرم] ئەو دەسەڵاتەیە کە یاساکان پێشێل دەکا و خۆی بە خاوەنمافیش دەزانێ، کتومت کەسێکی وەک ترەمپە.
گەر باوکی ڕەمزی بوونێکی واقیعی نەبێ -بوونی نەبێ-، هەبوونی باوکی ئەخلاقییش تەنها فەنتازیای سوبێکت بێ، باوکی بێشەرم ئاگاییانە خیانەت بکا و وەک ڕاستییەک پاکانەی بۆ بکا و چێژی لێ ببینێ؛ ئیتر «خیانەتدیدە» هیچی بۆ نامێنێتەوە جگە لە پرتەوبۆڵەکردن لەنێو فەزایەکدا کە ئەسڵەن لە جیهانی مۆدێرندا جێی نابێتەوە. ئەم گازندە و پرتەوبۆڵەیە، وەک خودی ئایدیای خیانەتلێکراوی، جار دوای جار دووبارە دەبێتەوە، یەک جیاوازی دەمێنێتەوە، دووبارەبوونەوەی ئەم گازندەیە دەرخەری وابەستەبوونە بە باوکی بێشەرمەوە. سادەتر بێژین، ئەم یاسا بێشەرمە دیوێکی تری هەمان چەمکی ئایدیاڵیزەکراوی فەزای ئەخلاقیی چاکەخوازە. ئەنجامی هەنگاوەکانی سیاسەتی کوردی، چاوەڕوانیکردنی ڕەفتاری باوکی ڕەمزییە لە باوکی بێشەرم، یان ڕوونتر بێژین، کورتکردنەوەی باوکی ڕەمزییە بۆ باوکی خەیاڵی.
با بێینەوە سەر باسی دووبارەبوونەوەی دووبارەبوونەوە، یاخود دۆزینەوەی شرۆڤەیەکی دەروونی بۆ ئەم دووبارەبوونەوە بونیادییە. بۆچی کوردەکان دەرس لە خیانەتەکان وەرناگرن؟ با نەگەڕێینەوە سەر ناچارییە ڕیاڵیستییەکان، ئەسڵەن باسەکە جێگرتنەوەیەکی ڕووت نییە، بەڵکوو پێکەوەبوونێک ئامادەیە. ئاخۆ چەشنێک لە چێژی ژێردەستەیی ئامادەیە؟ گەر ئازار بێجگە لە ئازارچەشتن شتێکی تری لە هەناوییا هەڵگرتبێت، جۆرێک لە ژویسانس [زێدەچێژ]، ئاخۆ ئەم چێژە شاراوەیە بەرهەمی نکۆڵیکردن لە نەبوونی گەرەنتی نییە؟ بەبڕوای من، بەرهەمی ئەوەیە. ئەم چێژە لە هەمان حیکایەتی قارەمان-قوربانییدا حازرە، چێژێک کە دەچێتە خزمەتی نکۆڵیکردن لە غیابی هەر گەرەنتییەکەوە؛ چێژی هەستکردن بە ژێردەستەیی، چێژی مانادان بە ژێردەستەیی، چێژی شەهیدبوون لەنێو جەرگەی شکستدا، چێژی باوەڕبوون بە گەرەنتی لە سەردەمی غیابی گەرەنتی. لە سایەی ئەو چێژەی بەرهەمی هەستی ژێردەستەییە، شکست مانادار دەکرێت، بگرە لەوەش زیاتر، بەرپرسیارێتیی شکست هەڵناگیرێت، بەڵکوو بەرپرسیارێتییەکە دەخرێتە ئەستۆی شتێک کە بوونێکی واقیعی نییە. گەر سیاسەتی کوردی مانایەکی هەبێ، هەر ئەم چاوەڕوانییەی گەرەنتییە لە سیاسەت. گەر کەمێ بێبەزەییانەتر لێی بچینەپێش، گەرەکە بێژین، پێدەچێ ئەمە بەشێک بێ لە شوناسی سیاسیی کورد: خیانەتمان لێ کرا، شوناسە.
کریس کۆچێرا وتبووی، کوردەکان شەڕ دەبەنەوە و لە ئاشتیدا دەدۆڕێن. بەبڕوای من، ئەم ڕستەیە گرێدراوە بەو شتەوە کە بە ناهاوکاتیی مێژووییی کوردان ناوم برد. لە دنیای شەڕدا، دۆست و دوژمن دیار و ناسراون، نەک لە ئاشتیدا. شەڕ، قارەمانێتی و فیداکاری گەرەک، کەچی ئاشتی مامەڵە و دانوستانە. گشتمان ئەو ڕستەیەمان بیستووە، ئاشتی هەر درێژەدانە بە شەڕ بەڵام بە ئامرازی تر. باسەکە لێرەدا، قبووڵکردنی ئەم ڕاستییەیە. مانایەکی تری ئەم ڕاستییە؛ ڕازیبوون و قبووڵکردنی غیابی گەرەنتییە. شەڕ شەفافە و ئاشتی تەمومژاوی. ژیان لە دۆخی ئاشتیدا، یاسا و بیرۆکراسی و درووستکردنی کارگە و ڕێگاوبانی دەوێ؛ ئەم ئەرکانەش وەڕسکەرن. لەنێو سیاسەتی ئاشتیدا، پێویستە ئاشنای گەمەکە بیت، کارتەکانی خۆت بناسیتەوە و پێشبینی کارتەکانی ئەوانی تر بکەی. لەم دۆخەدا، بۆ گەمەکردن، تەنها ئازایەتی بەس نییە و شتی ترت پێویستە.
ئەوانەی کوردانی سووریا دووچاری بوون، تەنها ئەوە نییە کە جیهانی ڕۆژئاوا کۆنەداعشێکی هەڵبژارد نەک ئەوانەی ستایشی دیموکراتیکبوونیانی دەکرد [ڕۆژئاوا ستایشی کورد و هەسەدەی کردووە وەک هێزێکی دیموکراتیک]. ساتی پۆست-جۆلانی، بە دەربڕینی ژیژەک، ساتی دەرکەوتنی ڕاستییە: هەرگیز گەرەنتییەک نەبووە. بەڵام دەزانین ژێردەستەکان هێشتا باوەڕیان بە گەرەنتی ماوە، دەستهەڵگرتن لەم باوەڕە، ئازایەتییەکی گەرەک، چەند هێندە زیاترە لە ئازایەتی نێو مەیدانی شەڕ. بۆیە سادەترین کار، گەڕانەوەیە بۆ حیکایەتی قارەمان-قوربانی و حیکایەتی خیانەت. هەر ئەمەش، دووبارەبوونەوەی دووبارەبوونەوەیە.
دابڕان لەم دووبارەبوونەوەیە، پێویستی بە قوربانیدانە نەک ژیرتر بوون؛ واتە قوربانیدان بەو شتەی کە چێژمان پێ دەبەخشێ، مانامان پێ دەبەخشێ؛ لەگەڵ قبووڵکردنی شکست بەبێ هیچ پاساوێک. ئەمە دەرچوونە لە پێگەیەک کە هیگڵ بە «گیانی جوان» ناوی بردووە؛ واتە ئەو سوبێکتەی کە قوربانییە بەڵام نەیگەرەکە واقیعی سیاسەت قبووڵ بکات. قبووڵکردنی ئەوەی کە مانەوە لە مانا گرنگترە؛ قبووڵکردنی ئەوەی کە شکست، خیانەت نییە، بەڵکوو پێدراوێکی قابیلی شیکارکردنە. قابیلی شیکارکردن، واتە ئایدیای هەق و ماف، بەبێ هەبوونی بناغەیەکی ماددی، وەهم و کاڵایە. هاتنەسەر ئەو قەناعەتەی کە بەدرێژاییی ئەو ماوەیە، تەنها کاڵایەک بوویت، فیداکاری و قوربانیدانی گەرەک. ئەم فیداکارییە تاقەتپڕوکێنە، پێویستی بە دەستبەرداربوون لە خود و داهێنانی خودێکی ترە. سیاسەت لەو شوێنەوە دەست پێ دەکات کە چیتر نەڵێین: ئێمە ڕاست و مافدار بووین.
لەوەش زیاتر، با قبووڵی بکەین، ئیمپریالیزم کێشەی لەگەڵ ئەو سوبێکتەیە کە مۆدێلێک دادەهێنێت و نەزمی ڕەمزیی باڵادەست ڕووبەڕووی ئاڵنگاری دەکاتەوە. سەرمایەداری کێشەی لەگەڵ مۆدێلە نەک توندوتیژی. تراژیدیای کوردەکان ئەوە نییە، ڕۆژئاوا خیانەتی لێ کردوون، بەڵکوو ئەوەیە، کوردەکان هێشتاش وەها دەجووڵێنەوە، وەکبێژی، نەدەبوو خیانەت ڕوو بدات. کوردەکان ساویلکە نین، وە پابەندبوون بە پرەنسیپەوە مانای لاوازی نییە؛ بەڵام نابێ چاوەڕێی ڕەفتاری ڕەمزی لە باوکی بێشەرم بکەی، یان باوکی ڕەمزی کورت بکەیتەوە بۆ ئایدیا خەیاڵییەکانی خۆت. سەرباری ئەوەش، گەرەکە خواحافیزی لە حیکایەتی قارەمان-قوربانی بکرێت، مافداربوون بخرێتەلاوە، پەیوەندیی بە باوکی بێشەرمەوە بپچڕێنرێت؛ بەم مانایە، نابێ چیتر بپرسین بۆچی فرۆشراین؟ دەبێ بپرسین، بۆچی وامان لە خۆمان کرد قابیلی فرۆشران بین. هەموو ئەمانە، واتە مانەوە و هەڵکردن لە غیابی هیچ گەرەنتییەکدا؛ نەک ببینە سوبێکتێکی تراژیدی، ئەوانەی لەسەر هەق و مافدارن بەڵام مردنێکی جوانیان بەنسیب دەبێ.
گرنگترین ئەنجامگیریی تیۆریی ئەم نووسینە، پیاچوونەوەیە بە چەمکەکانی شکست و خیانەتدا. لە سیاقی کوردیدا، شکست لەدەستدانی سەرکەوتن نییە؛ نیشانەی جۆرێک لە بنبەستی سوبێکتیڤیتە و پەیوەندییە لەگەڵ ئەویترێکی گەورەی گریمانەکراو. ئەنجامگیریی سیاسیی ئەم نووسینە، پیاچوونەوەیە بە چەمکی سیاسەت و ئیدارەدانی ئاشتی و شکست. گرنگترین ڕەهەندی کەلتووریی پیاچوونەوە، ژویسانسی ئازارە، دواجار دەبێ بەرگەی تراوما و ناڕەحەتییەکانی ئەم دابڕانە بگیرێت.
سەرچاوە: گۆڤاری کۆمار
[1] Symptom.
[3] Jouissance.
[4] Big Other.
[5] Repetition compulsion.
[6] Beyond the Pleasure Principle.
[7] Death drive.
[8] Subject.
[9] Trauma.
[10] The symbolic father.