لەنێوان ئامۆژگاری و ئاماژەدا
(لە ڕۆژنامەی هەولێردا چۆن باسی شیعر کراوە و چۆنیش نامەکەی من شێوێنراوە؟)
کاروان کاکەسوور
لەم کتێبەدا هەوڵم داوە ڕووبەڕووی نووسینێکی (ئارام کۆشکی)ی ئەندامی (ڕۆژنامەی هەولێر) ببمەوە، کە لەژێر ناونیشانی (نەسیحەتنامەی شاعیران… چەند سەرنجێکی کورت سەبارەت بە پرسی شاعیربوون)دا بڵاوی کردووەتەوە. ماوەی پێشوو نامەیەکم بۆ شاعیران نووسی و ناوم نا (تێپەڕاندنی خود و واقیعی باو لە ڕێی وێنەی شیعرییەوە). لەو نامەیەدا بۆچوونی خۆمم لەبارەی چەمکی شیعرەوە خستووەتە ڕوو و ئاماژەم بە هەندێک خەسڵەتی شیعری ئەم نەوانەی دوای نەوەی ڕاپەڕین کردوون. (کۆشکی) وەک ئەوەی ڕاهاتووە لەم بارەیەوە چەند دێڕێکی ساکاری بە زمانی ڕۆژانەی خەڵک نووسیون و کۆمەڵێک تۆمەتیشی داونەتە پاڵم. ئایا یەک دێڕیشی لەبارەی شیعرەوە نووسیوە؟ ئینجا وێنەیەکی ناشیرینیان کێشاوە، گۆیە هیی منە. ئایا بەو مەبەستە کێشاویانە، تا لەو ڕێیەوە سۆزی ئەو جەماوەرە ڕابکێشن و فریویان بدەن؟ ئایا دەیانەوێت بڵێن ئەوەی بەم شێوەیە ڕووبەڕووی بوونەتەوە، کەسێکە و پێوەندیی بە دنیای ئەدەب و هزرەوە نییە، بەڵکوو ئەمانەی گوتوون، تا لە بیری خەڵک نەچێتەوە؟

نزیکەی دە ساڵە لەم ڕۆژنامەیەدا جنێوم پێ دەدات و سووکایەتیم پێ دەکات، تەنیا لەبەر ئەوەی بۆچوونی جیاوازم دەربڕیوە. پێم وایە ئەو خوێنەرانەی ئاگایان لە بەرهەمەکانمە، دەزانن نە ڕستەیەکی زبرم لە نووسینەکانمدا بە کار هێناوە و نە بە لای کەسێتیی یەک نووسەریشدا چووم، بەڵام هێندە هەیە ئازادانە بۆچوونم دەربڕیوە و هەوڵم داوە چەمکەکان لێک بدەمەوە. هەندێکیانم لە شێوەی نامەدا بۆ نووسیوە و تێیاندا بەوپەڕی ڕێزەوە ناویم هێناوە، چونکێ لای من تا ئەم ساتەیش ململانێیەکە تەنیا پێوەندیی بە تێگەیشتنی جیاوازەوە هەیە، دەنا کەسێتیی ئەوم تێکەڵی بابەتەکە نەکردووە، بە مەرجێ ئەو هەمیشە ڕووی لە خۆم بووە و وەک بابەتێکی کۆمەڵایەتی لە ململانێیەکەی ڕوانیوە، بۆیە پەنای بردووەتە بەر جنێو، توانج، بوختان و هیی دیکەی لەم شێوەیە. دیارە وەک لە کتێبەکەیشدا گوتوومە هیچ گلەیییەکم نە لە (کۆشکی) هەیە و نە داوا لە ڕۆژنامەکەیشیان دەکەم دەست هەڵبگرن، بەڵکوو هیوادارم بەردەوام بن، چونکێ من خۆم ئەم بەریەککەوتنە بە گرنگ دەزانم و هەوڵ دەدەم لەو ڕێیەوە پێشانی خوێنەری بدەم ئەو ئاڕاستەیە تا چ ئەندازەیەک میلـلییە. هاوکات دەمەوێت ئاستێکی دیکەی جیاوازی زمان و تێگەیشتن بخەمە ڕوو، بەو مانایەی تێکڕای ئەو چەمکانە هەڵدەگرمەوە، کە فڕێ دراون، تا بۆ ڕاڤەی هەر یەکێکیان چەند سەرچاوەیەکی هزری و ئەدەبی بپشکنم. ئەگەر (کۆشکی) ئەوە چەند ساڵە ئەم ڕۆژنامەیەی کردووەتە سەکۆیەک و لێیەوە پەلاماری کەسێتیم دەدات، بێ ئەوەی تا ئەم ساتەیش نموونەیەکی لە وتارێکم وەرگرتبێت، ئەوە من نەک تیشک دەخەمە سەر تێکڕای ئەم نووسینەی، بەڵکوو هەر لێرەدا کەموزۆر بە لای هەندێک وتاری تریشدا دەچم، کە هەر لەم ڕۆژنامەیەدا بڵاو کراونەتەوە.
ئەگەر ڕووم لە (ڕۆژنامەی هەولێر)ـە، لەبەر ئەوەیە (کۆشکی) ئەندامیەتی، دەنا دەزانم نووسەر خۆی لە ناوەرۆکی نووسینی بەرپرسیارە. لە پێشەکیی کتێبەکەدا زیاتر لەوە دواوم.
ئەگەر (کۆشکی)، یان هەر کەسێکی دی لەبارەی ئەم کتێبەوە سەرنجێکی هەیە و دەیەوێت بۆچوونی جیاواز بخاتە ڕوو، ئەوە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە گوێی لێ دەگرم و ئامادەی گفتوگۆم.
کاروان کاکەسوور
ماڵپەڕی ژنەفتن ئەم کتێبەی وەک کتێبی ئەلیکترۆنی (فایلی pdf) بڵاو کردووەتەوە، دەتوانن لە سەرەوە لە دوگمەی (داگرتنی کتێب) داوەنلۆدی بکەن.