شاعیرى نەفرەتلێكراو

(ئونسی ئەلحاج و قەسیدەى پەخشان)

(1)

شیعر لە دەرەوەی وشە و دەربریندا- خۆشەویستییە، ژیاندۆستییە، مرۆڤدۆستییە… یەكەم كۆمەڵە شیعری (ئونسی لويس ئەلحاج- 27 يوليو 1937 – 18 فبراير 2014) شاعری هاوچەرخی لوبنانی، بە ناونیشانی «لن» ساڵی 1960دا بڵاو بۆوە، لەبەر ئەوەی شێوە كۆنەكانی شیعری عەرەبی لەرزاند، نەفرەتییان لێ كرد.

هەرگیز (ئونسی ئەلحاج) دەستەكانی بە سیاسەت پیس نەكرد، هەمیشە لەگەڵ ئازادی بوو. ئەوە قسەیەكی سادە نییە، بەڵكە ڕاستییەكی قووڵە كە لە ژیانی ئونسی ئەلحاجدا ڕەنگی داوە، ئەو شاعیرەی كە قسەی خۆی گوت و لە تەمەنی (حەفتا و حەوت) ساڵیدا، دوای ململانێیەكی درێژ لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە، بە ئارامی ڕۆیشت.

شیعرەكانی (ئونسی لويس ئەلحاج) بۆ زمانی فەڕەنسی و ئینگلیزی وەرگێڕدراون، و هەندێكـ لە موزیسیانانیش ئیلهامیان لە پەیڤەكانی وەرگرتووە و كاری هونەری و مۆسیقییان لەسەر بونیادناوە. لە یەکێک لە گرنگترین بابەتە تایبەتەکانی لەبارەی گۆرانیبێژی لوبنانی (فەیروز) بە ناونیشانی “بەوپەڕی توندوتیژییەوە خۆشم دەوێت”، تیایدا دەڵێت: لە ژیانی ئێمەدا شوێنێک بۆ فەیروز نییە؛ هەموو شوێنەک تەنها بۆ فەیروزە.

هەندێكـ لە بڵاوكراوەكانی شاعیر «سەری بڕاو»، «ڕابردووی ڕۆژە داهاتووەكان»، «چی بە زێڕ كرد؟ چی بە گوڵ كرد؟»، و «پەیامبەرێ بە قژی درێژەوە، تا کانیاوەکان»…

ئونسی ئەلحاج كۆچی دوایی كرد، بەڵام وشەكانی مانەوە— ئەو هەمیشە بە ئازادی وشەكانی دەردەبڕین، تەنانەت ئەگەر ڕووحیشی لە ڕێگای ئەو ئازادییەوە بریندار بوایە.

(2)

لە پێشەكى كۆمەڵە شیعرى (لن) هەر تەنها شاعیرێكى یاخى نییە، بەڵكە شاعیرێكى نەفرەتلێكراویشە… هەر تەنها هاوارێكى جیاوازى شیعرى نییە، بەڵكە هێرشێكى دۆزەخى بوو، بۆ سەر چوارچێوەى شیعرى و كولتوورى سونەتگەرایى. ئونسی ئەلحاج لەنێوان هۆشیاریى ڕەخنەیى و قەسیدەى شیعرى ئازاد و قەسیدەى پەخشاندا ئاگایییەكى نوێى لە قەسیدەى پەخشاندا هێنا ناوەوە، دەمەوێ‌ بڵێم ئاگاییى ئونسی ئەلحاج پەیوەندى بە ڕۆشنبیریى شیعرى جیهانییەوە هەبوو، بۆیە وەك ڕووداوێكى ئەدەبى لە بەرجەستەكردنى قەسیدەى پەخشان و چۆنێتىی گەیاندنى بە خوێنەران بە جوانى ڕەنگی دایەوە.

قەسیدە دنیایەكى داخراوە بەسەرخۆیدا، هیچ ئامانجێكى زەمەنى نییە. شیعر دڵ- لە دڵدانە. پەخشان- گێرِانەوەیە. قەسیدە كورتبرِى لە هەموو هۆیەكانى دەربرِین دەكات. ڕەگەزى یەكەمى شیعر- موزیكایە. شیعر ئەوە دەڵێ‌ كە گوتراوە، پەخشان ڕوو لە شتێ‌ دەكات و دەیدوێنێ‌ و هەموو چركەكانى گوتار بە هى خۆى دەزانێت، موزیكا لە پێكهاتەى پەخشاندا بوونى دەكەوێتە لەرزەوە. لە شیعردا شاعیر پێش خوێنەر دەكەوێت، چونكە ئەو ئامرازانە ناس دەكات، كە شیعرى پێ دروست دەكرێت، هەمیشە شیعر لەڕێگاى لەرەى موزیكاوە دەچێتە دڵى خوێنەرەوە، ئەوەى شاعیرێكى كۆنەپەرست و خوێنەرێكى كۆنەپەرست بەیەكەوە دەبەستێتەوە چارەنووسە!

ئەگەرچى لەنێوان داڕشتنى شیعر و پەخشاندا جیاوازییەكى بەرچاو هەیە، بەڵام ئەوەى جێى گومان ئەوەیە، كە هەموو كەلەپوورە زیندووەكانى دنیا، شیعرى مەزنیان لە پەخشان پێشكەش بە مرۆڤایەتى كردووە، هەر لەبەر هەندێ‌ ئەمرِۆ شیعر بە كێش و سەروا ناناسرێتەوە! ئەوەى بەردەوام ڕێگا لە شیعرى پەخشان و قەسیدەى پەخشان دەگرێ‌ كێش و سەروایە. لێرەدا شیعرى بە پەخشانكراو- پەخشان نییە، وەك چۆن قەسیدەى بە پەخشانكراو- پەخشان نییە.

 شیعرى لیریكى هەیە، بەڵام پەخشانى لیریكى نییە، قەسیدەى پەخشانى نزیكە لە گێرِانەوە، قەسیدەى پەخشانى بێ‌ ریتمە وەك ئەوەى (سان جۆن پێرس) دەینووسى، قەسیدەى پەخشان خاوەنى جیهانبینییە، قەسیدەى پەخشان ئەزموونێكى قووڵ و بەهێزە، بەو پرِشنگانە دەناسرێتەوە كە بڵاوى دەكاتەوە وەك قەسیدەكانى هینرى میشۆ و ئارِتۆ…!

هەموو قەسیدەیەك وەك پێویست كورتە، بەڵام كورتبرِى زێتر لەسەر پەخشان جێبەجێ‌ دەبێت، نەك قەسیدە… قەسیدەى كێشدار زێتر پێویستى بە یەكگرتنە، نەك گەرِانەوە بۆ سەرچاوە، قەسیدەى پەخشان پێویستى بە ئامرازى گێرِانەوە، وەسف، ئەزموون، جیهانبینى… هەیە.

(سوزان بیرنار) دەڵێت: پێویستە قەسیدەى پەخشان لەپێناو درەوشانەوە- كورتبڕى بكات! هەموو قەسیدەیەكى پەخشان پاڵنەرێكى ئاژاوەیى لە پشتە، ڕووخێنەرە، وزەیەكى ئەندازەیى تێدایە، ڕاپەرِینە بە دژى كۆتوبەند… (ڕامبۆ) دەیویست بەسەر زماندا زاڵ بێت و كورتبرِى لە (بۆن، دەنگ، ڕەنگ…) بكات… قەسیدەى پەخشان لەسەر درەوشانەوە، نەفرەت، شێتایەتى… وەستاوە، هەمیشە هەرِەمەكى بوونی خۆى نیشان دەدات! قەسیدەى پەخشان كارى شاعیرى نەفرەتلێكراو و بەرهەمى نەفرەتلێكردنە… لە قەسیدەى پەخشاندا شتێك نییە پێى بڵێن كۆتایى.

ئونسی لويس ئەلحاج- 27 يوليو 1937 – 18 فبراير 2014) شاعری هاوچەرخی لوبنانی

(3)

ئونسی ئەلحاج نامەبەری دۆزەخى زمانە، بەردەوام بە دواى ئامانجە مرۆیییەكانەوەیە، بە دواى خۆشەویستى، بە دواى مرۆڤدۆستى و ژیاندۆستییەوە. شیعر لاى ئەو خۆراكى خودە! ئافرەت لاى ئەو ئەلتەرناتیفى ژیانە! منداڵى لاى ئەو پشتگوێخستنێكى فریشتەییانەیە لە ڕەشەبا دەمانپارێزێت‌. ئونسی ئەلحاج هەمیشە لەنێوان ناپاككردنەوەی زمان و پووچگەراییى ژیان و وێرانكردنى شتەكان، وەك بیابان تینووە.

ئونسی ئەلحاج شاعیرى ڕچەشكێن، شاعیرى هەرێمە دەست بۆ نەبراوەكانە، شاعیرى نەست و ناخ و زمانە قەدەغەكراوەكان ناوەوەی مرۆڤی لەنێو زماندا چەسپاند، دەست بۆ نەبراوەكانى، لە زمان و لە سەر ئاستى بیركردنەوە بەرجەستە كرد. بەڵام شیعر هەر تەنها بە مەسەلە قەدەغەكراو و دەست بۆ نەبراوەكانەوە پەیوەست نییە، شیعر بە حەقیقەت و ژیان و خەونەوە بەندە! شیعر هەر تەنها ڕاستگۆیى و بوێرى نییە، شیعر چۆنێتیى تەعبیركردنە لە ژیاندۆستى، لە مرۆڤدۆستى، گەرِانى بەردەوام و بەجێهێنانى زێترى خۆشەویستى و چێژ و خۆشییە.

مەرج نییە قەدەغەكراوەكان هەمیشە قەیران بنێنەوە، بەڵام هەموو ڕچەشكێنییەك ئامانجى ڕچەشكاندنە، ئەوە بەو مانایە دێت، كە هەمیشە وزەى ژیان بەهێزترە لە مردن، ئەوە بەو مانایە دێت، كە یاخیبوون كۆتایى نییە.

(4)

تێگەیشتنى باو ئەوەیە كە پەخشان پەخشانە و شیعر شیعرە، كەواتە ئەو میكانیزمانە چین كە قەسیدەى پەخشان بەرەو شیعر دەبات، یان شیعر لە قەسیدەى پەخشان دروست دەكەن، بێ‌ ئەوەى وەك پڕەنسیپێكى بنەرِەتى بە سەرچاوەى پەخشانەوە گرێ‌ بدرێت! ئونسی ئەلحاج لە پێشەكى كۆمەڵەى (لن) بەرانبەر ئەو دیدە باوەى كە شیعر و پەخشان لێكجیا دەكاتەوە، پێی وایە لەنێوان شیعر و پەخشاندا پردى بەیەكگەیشتن هەیە! ئەگەرچى پێی وایە پەخشان و شیعر نكۆڵى لە یەكتر دەكەن، چونكە شیعر دەبێ‌ ئەوە بێت كە لە دەرەوەى پەخشاندا دەنووسرێت، بەڵام پەخشان نەرم و كراوەیە، شیعر ڕێكخراو و مەبەستدارە، پەخشان هێمن و جێگیرە، شیعر گرژە، شیعر نە زەمەنییە و نە پەیوەندى بە بارودۆخەوە هەیە، ئەوەش پێچەوانەى پەخشانە. پەخشان بەرهەمى عەقل و ئاگایییە، بەڵام شیعر بەرهەمى دەروونە، پەخشان گەیەنەر و ڕازیكەرە و شتەكانمان بۆ دەسەلمێنێ‌، بەڵام شیعر درەوشاوە و ئاماژەخوازە.

كەواتە ئایا دەكرێ‌ لە قەسیدەى پەخشان دەربچین؟ ئەو پرسیارە ئیشكالئامێزە یەكێكە لە پرسیارە ئاڵۆزەكانى پێشەكىی كۆمەڵە شیعرى (لن). بە برِواى من ئەو پرسیارە تەمومژاوییە! دەمەوێ‌ بڵێم دەكرێ‌ لە برى (ئایا) بە (چۆن) پرسیارەكە راست بكەینەوە: چۆن لە قەسیدەى پەخشان دەربچین؟ ئەگەرچى پرسیارى دووەمیش مەرج نییە ڕاست بێت، بەڵام لەگەڵ پەیبردن بە قەسیدەى پەخشان زێتر دەگونجێت‌. پرسیارى دووەم پرسى تایبەتمەندى و تاكگەرایى لەخۆدا هەڵگرتووە. ئونسی ئەلحاج پرسیارى یەكەم بە (نەرێ‌) وەڵام دەداتەوە: نەخێر ناتوانین لە قەسیدەى پەخشان دەربچین. لە پشت ئەو وەڵامەشدا پڕەنسیپێكى چەسپاو هەیە، ئەویش ئەوەیە كە بنەماى شیعر پەخشانە! پرسیارى یەكەم پێمان دەڵێت قەسیدەى پەخشان بە پەخشانەوە بەندە و دەكەوێتە ژێر كاریگەریى جۆرەكانى وەسف و ناونانەوە، بەڵام پرسیارى دووەم ئەو پرسیارەى لێرەدا هەوڵى فۆرمەلەكردنمان داوە پێمان دەڵێت قەسیدەى پەخشان بنەماكەى لەسەر پەخشان نەچەسپاوە، بەڵكە قەسیدەى پەخشان بنەماكەى شیعرە، دواجاریش دەمەوێ‌ تۆخترى بكەمەوە و بڵێم پەخشان ڕەگەزێكە لە ڕەگەزەكانى شیعر… شیعرى داهێنەرانە هەموو ڕەگەزەكانى قەسیدە و پەخشان لە ئاستێكى باڵادا خەلق دەكات، داهێنانیش لە ئاستە باڵاكانى زماندا دەدۆزێتەوە.

كەواتە لەنێوان شیعر و پەخشان مەسافەیەكى ئیستێتیكى و دەربرِینێكى بەرفرەوان هەیە، وەك چۆن مەسافەیەكى جوانى لە وەرگرى جۆراوجۆردا دروست دەكات. بەو مانایەش دەشێ‌ پرسیارى ئونسی ئەلحاج: ئایا دەكرێ‌ لە قەسیدەى پەخشان دەربچین؟ مەبەستى لە پەخشانێك بێت، كە مەسافەیەك لە شیعر نزیك دەبێتەوە.

(5)

شیعرى ئونسی ئەلحاج ڕووتە وەك ئادەم و حەوا بەر لەوەى لە بەهەشت دەربكرێن، وشە ڕووتەكانى بێ‌ ئەوەى هەست بە شەرم بكەن، ڕووبەڕووى دنیا دەبنەوە، هەموو وشە ڕووتەكانى لە قەسیدەكانیدا سەر بەرزانە دەوەستن، بێ‌ ئەوەى خۆیان بە جوانكارى خەریك بكەن، بێ‌ ئەوەى خۆیان دەمامك بدەن، هەر تەنها بە ڕووتى سەما دەكەن، بێ‌ ئەوەى كراسى خوازە و چوارشێوى ڕەوانبێژى بپۆشن! وشەكان لەو مانایانە دەردەچن، كە ئێمە دەیانزانین، ئونسی ئەلحاج لەنێوان شیعر و خۆشەویستى، یەكەمیان بە گوتنى بێدەنگ دادەنێ‌ و دووەمیان بە كردار. ئەو چەند شیعرەى ئونسی ئەلحاج بە بێدەنگى بخوێننەوە:

پلان

لەنێوان دارسنۆبەرەكاندا هاوارت دەكرد، باى دەنگت بەرەو ناخم دەهات، بێدەنگی هەڵگرتبوو

خۆت لە پەنا دارسنۆبەرەكاندا حەشاردابوو، دەگەمە هاوارت، دەگەرِێمەوە بۆ ئەوەى نەمبینیت

لەنێوان دارسنۆبەرەكاندا هاوارت دەكرد، ئازیزەكەم وەرە

من لە پەنا دارسنۆبەرەكان بووم، بۆ ئەوەى نەمبینى، لە هیكەوە بەرەو ڕووت دەبمەوە، تۆ ڕادەكەى.

سەرچاوە:

*أنسی الحاج، دیوان (لن )- المقدمە.ط3. دار الجدید. بیروت 1994 ص27..

——

تا بەیانی و نیوەی بەیانی

I

بۆتۆ دەرگا كراوەیە—

لە بەیانییەوە تا بەیانی،

بەیانی و نیوەی بەیانی.

II

بە جلەكانتەوە لەسەر گردەكە دانیشتوویت.

باران دەبارێ، تەڕ دەبیت.

مارەكە دەخشێ، و لەسەر گردەكە وەك شمشێر دەچەقێ.

هەناسەتان توند دەبێت.

III

ڕەنگی دەمت بۆنی سێوە.

IV

كاتژمێر شەوە—دوای شەو و نیوەی شەو.

ماڵی خۆشەویستەكەم لە بان شەوە.

ژوورێكی ماڵەكەی لە ناوەڕاستی شەوە.

لەوێوە بۆم دەڕوانێ، نامبینێ.

بۆ ئەو شوێنە دەچێ كە من بۆی دەچم، نامبینێ.

ڕووناكی دەكاتەوە، نامبینێ.

لە پاشان ئیتر دەخەوێ،

خەون بە پەنجەرەوە دەبینێ،

و دەترسێ با بیگرێتە خۆی.

V

چاو لە تاریكایی بكە؛

تێدەپەڕم، دەنگت پڕ دەكەم لە دەنگم.

دەنگت—لە گەروومەوە دێ—

شیرین، شیرین وەكو مێوژ.

سەرچاوە:

 أنسي الحاج: ماذا صنعت بالذهب؟ ماذا صنعت بالورد؟ دار الجدید، طبعة ثانیة، بیروت- 1994. ص51-52.

هەولێر 8/4/2026