لە قاوەخانەیەکم،
لەسەر کورسییەکی دارین دانیشتووم؛
کتێبەکەم دەکەمەوە و
خەریک ئەم شیعرەی خۆم
(کە ئێستێ تۆش دەیخوێنیتەوە)
دەخوێنمەوە!
ڕێک لەو کاتەی خەریکم
یەکەم قوم لە قاوەیەکی قەزوان دەدەم،
خەیاڵم دەبێتە ئەو باڵندانەی
ڕۆژانێ نیشتەجێی بان داری
کورسییەکەی ژێرم بوون،
بزەیەک دەمگرێ و لە دڵەوە دەڵێم:
نها کە سەرم لانەی ئەم خەیاڵاتانەیە،
ڕۆژێ دێ منی سەر-دار-یش
تەوری مەرگ (کوشتن) دەمبڕێتەوە…
بەڵام، ئاخۆ ئێسکوپروسکی منی شاعیر
دەبن بە کورسیی کام ستەمکار یان
چی جڕوجانەوەرانێک؟!