ژنەفتن ژنەفتن
چیرۆک

چیرۆکێک بۆ ئەوانەی وا ئەزانن دنیا فشە نییە!!

تێبینی: نووسراوەی خوارەوە بەشێکه لە دەسنووسەکانی ج-ن. ناوبراو خوێندکاری کۆمەڵناسی بوو لە تاران. لە گەڕەکی دەروازەدەوڵەت وەتاغێکی بچکۆلانەی بە کرێ گرتبوو. ئێستا له تیمارستانی ورمێ بەستەرییە!!

………..

سێ ساڵیش دەبێ ژەمێک بەتەواوی تێرم نەخواردووە، هەمیشەی خوا برسیمە! شەو و رۆژ قووڕەی زگم دێ!! سەرەتا زۆر خەجالەتیم دەکێشا بەڵام ئێستا بۆم شتێکی ئاسایییە، تەنانەت هاوکەلاسییەکانیشم ئێستا پێکەنینیان پێی نایە!!

*

عیشای خوا شک نابەم! حەفتەی پێشوو لە تاکسیدا کیفەکەم لێ بەجێ ما. ناسنامە و کارتی خوێندکاری و کارتی بانکی و موبایل و ئەوەی هەمبوو و نەمبوو لەوێدا بوو!

دوو سێ جار زەنگم لێدا بۆ شومارەکەی خۆم بەڵام کابرا هەڵینەگرت! جاری ئاخریش کە زەنگم لێدا کووژاندییەوه و ئێستا و ئێستاش هەڵینەکردەوە!!

*

تەنیایی، بێپووڵی، برسێتی و غوربەت دەوریان داوم! پیسم لێ قەوماوە! یەک فلس شک نابەم! تاق و لۆق لەم و لەو جگەرە وەردەگرم! دەڵێم دەمهەوێ تەرکی کەم! ئەوانیش دەزانن بەڕاستم نییە!!

نازانم ئاخرین جار کەی چوومە حەمام! سابوونم نییە و ئەوەم کردووەته بەهانە! پێموا بۆنم گرتووە! لە سەر کەلاس هاوکەلاسییەکانم لێم دوور دەکەونەوە!! ئەو رۆژەش لە تاکسیدا ئەوەی لە پاڵمەوە دانیشتبوو دەستی گرتبوو بە لووتییەوە!!

خۆم زۆر هەستی پێ ناکەم!

*

جاران بە تاکسی هاتوچۆم دەکرد، ئێستا تەنانەت پووڵی تاکسیشم نییه! 100 تمەن و 50 تمەن لە رەفیقەکانم وەردەگرم بە ئوتووبووس دێم و دەڕۆم!

بە ناشوکری ‌نەبێ نێو ئوتوبووسیش قەت جێ نییە بۆ دانیشتن!‌ بە پێوەش ڕادەوەستی لە پاش و لە پێش خۆت پێوە‌ دەنێن!!‌ ئەخر نازانم لە سەر شەڕواڵەوه چ تامێکی هەیە ئە‌و خەڵکە بۆ وا دەکەن؟! ئەمڕۆ دەستم بە مێڵەکەوە گرتبوو و کەوتبوومە فکرەوە، پیاوێک وا لێی جووت کردبووم تەواو هەستم بە هینەکەی دەکرد!! 

پێم عەیب نەبوایە هۆڕ هۆڕ دەگریام!!‌

*

ماوەیەکە لە بەر دەرکەی زانکۆش گیرم پێ‌ دەدەن! بۆ چوونەژوورەوە داوای کارتی خوێندکاریم لێ‌ دەکەن! هەرچی دەڵێم ونم کردووە دەڵێن ئەمانە بە گوێماندا ناچێ بڕۆ یەکی دیکە وەرگره! وەرگرتنی کارتێکی نوێش لانیکەم 20 هەزار تمەنی دەوێ!! زۆر جاران بە دزییەوە دەچمە ژوورێ!

کوڕە وەڵلا حەوسەلەی زانکۆشم نەماوە! دەچییه سەر کەلاس مامۆستا دەست پێ دەکا: تێئۆری مارکس ئەوەیە و وێبێر ئەوە دەڵێ و پارسۆنز ئەوە ناڵێ و … هەیهوووووو! هەرکەس لەولاوە هاتووە قسەیەکی کردووە!‌ باپیرم دەیکوت زۆر کوتن قورئان خۆشه!!

لە زانکۆش ئەوەی باسی لێ نەکرێ دەرسە! یا باسی سێکسە یا باسی سیاسەت! بزووتنەوەی خوێندکاری و دێمۆکراسی و مافی مرۆڤ و مافی ژنان و …! عوسمان چەپە، رەحمان ڕاستە، سوعدا فێمینیستە، غەفوور ناسیۆنالیستە، ئەنوەر پان ئێرانیستە، خدر پان تەڕەماشیستە، هەی هەی!! ئەو بەزمه کوا بۆ من دەبێ؟!

*

بەینێکە سەرم دێشێ، بە خۆم دەڵێم خۆم بکوژم و نەجاتم بێ!! بەڵام زات ناکەم!!

هاتوومە‌وە ژوورەکەی خۆم و دەرگام لە خۆم داخستووە! پەنجێرەکەشم بە پەتوو داپۆشیوه!‌ دەمهەوێ لەمە‌ بەدوا لەم ژوورەدا بمێنمەوە! ئاوا باشترە! چا نییە کەس خۆت پێوە نانێ! یان کەس بە قووڕەی زگت پێناکەنێ! ‌یان کەس لەبەر بۆگەنی لەشت دەست بە لووتییەوە ناگرێ! پاشانیش لە قسەی زل و دروشمی قۆڕ و سیاسەت و تەڕەماشیش خەبەرێک نییە!!

لەم ژوورەدا هەر خۆمم!!

*

برسێتی بڕستی لێ ‌بڕیوم! دەستم کردووە بە خواردنی شت و مەکی وەتاغ! سەرەتا لە کتێبەکانمەوه دەستم پێ کرد، رۆژێ 100 ، 150 لاپەڕەم دەخوارد! ‌ئەووەڵێ مێعدەم هەڵینەدەگرت، پێی قەبز دەبووم! بەڵام ئێستا بە کەوچک و دەورییەکانیش قەبز نابم! هەموو جلەکانمم یەک لە دوای یەک خواردووە! شۆرت و گۆرەوی و شەلوار و کاپشێن  و ئەوەی هەمە و نیمە!!

سووچێکی وەتاغم داناوه بۆ گووکردن! ڕۆژ بە ڕۆژ وەکوو تەپۆڵکەیەک کە خۆڵی وەسەر کەن باڵا دەکا!!

*

ئەمڕو ئاخرین لەتی فەڕشەکەشمم خوارد!! ‌هیچی ترم نەماوه! ڕووت و قووت کەوتووم و برسێتی بڕستی لێ بڕیوم!!

*

دوو سێ رۆژە هیچم نەماوە و دەستم کردووە بە گووخواردن!! سەرەتا بێزم هەڵدەستا، تەنانەت یەک دوو جاریش ڕشامەوه! بەڵام ئێستا زۆر فەرقی پێ ناکەم!!

دەمهەوێ زیندوو بمێنمەوە!!

::: بەهاری 1388 :::

جەلال نەجاری
دەربارەی نووسەر
جەلال نەجاری
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە