لە سەردەمێکدا کە گوتاری هاوچەرخ بانگەشەی کۆتاییی میتافیزیۆس، ئاوابوونی نادیارەکان و زاڵبوونی ڕەهای ئەقڵانیەتی تەکنۆکراتی دەکات، جەنگە هاوچەرخەکانی جیهانی مۆدێرن ئاماژەیەکی پێچەوانەمان پێدەدەن. سەرەڕای دەستپێشخەرییە ڕژدەکان لە تەواوی جیهاندا بۆ بەرقەرارکردنی ئارامی و ئاشتی، جەنگ و ململانێ چەکدارییەکان وەک بەشێک لە ئەزموونی دانەبڕاوی مرۆڤایەتی و سروشتی مرۆ ماونەتەوە. ئەم دیاردە ئاڵۆزە تەنیا کێشمەکێش و ململانێ نییە لەسەر دابەشکردنی سەرچاوە مادییەکان یان کێشانی سنوورە جیۆپۆلیتیکییەکان، بەڵکوو گەڕانەوەیەکی زەق و ڕوون و ڕاشکاون بۆ نێو کایەی پیرۆزی، تیۆلۆجی و کێشکردنی عەقیدەیی. تێگەیشتن لە بەردەوامیی جەنگ لە مێژوودا پێویستی بە سەرلەنوێ پێداچوونەوەیەکی گشتگیر هەیە کە سنووری کورتکردنەوەی جەنگ لە یەک پریشکی سیاسی یان ئابووری تێپەڕێنێت و نیشانی بدات کە چۆن ئایین؛ کاتێک دەبێتە ئایدۆلۆژیایەکی سیاسیی داینامیکی، دەبێتە کوشندەترین و کاریگەرترین پاڵنەر بۆ هەڵگیرسانی جەنگ و گۆڕینی سروشتی توندوتیژی.
مێژوونووسی بەریتانی ڕیچارد ئۆڤێری لە کتێبی «بۆچی جەنگ؟»دا بڕوای بە پاشەکشە یان کەمبوونەوەی ململانێکان لە جیهانی هاوچەرخدا نییە و پێی وایە کاتێک لە هۆکارە ئانترۆپۆلۆجی و مێژوویییەکان دەکۆڵینەوە، پاڵنەرە ئایینی و فکرییەکان لە ڕیزی پێشەوەی ئەو هۆکارانەن کە جەنگیان کردووە بە دیاردەیەکی حەتمی. ئۆڤێری لە نووسینەکەیدا ئاماژە بە گفتوگۆ بەناوبانگەکەی ساڵی ١٩٣٢ی نێوان ئەلبێرت ئەنیشتاین و سیگمۆند فرۆید دەکات، کە تێیدا فرۆید توندوتیژیی وەک غەریزیەیەکی زگماکیی کۆنتڕۆڵنەکراو لێکدایەوە، بەڵام ئۆڤێری جەخت دەکاتەوە کە جەنگ تەنیا لێکەوتەی بایۆلۆجی یان غەریزیی نییە، بەڵکوو بەرئەنجامی ئامادەسازیی فکری و بڕوای عەقیدەیییە. ئەگەرچیش ململانێ لەسەر سەرچاوە ئابوورییەکان و تەماحی فراوانخوازیی سەردارانی مێژوو هاوشانی مەترسییە ئەمنییەکان ڕۆڵیان هەبووە، بەڵام هیچ هۆکارێک بە ئەندازەی (ئایین) نەیتوانیوە بەجۆرێک پاڵنەر بێت بۆ مرۆڤ تا ئاستی بەخشینی گیانیان بڕۆن. چونکە ئایین ململانێ لە کایەی سوودی ماددی دەردەهێنێت و دەیکاتە ئەرکێکی میتافیزیكی و ئەخلاقی و بەرگێکی پیرۆزی بەبەردا دەکات، شەرعییەتی تەواوی پێدەدات.
لەم چوارچێوەیەدا، ئایدۆلۆژیای ئایینی هێز و مانایەک دەبەخشێتە جەنگەکان کە هیچ تیۆرییەکی ئابووری یان جیۆپۆلیتیکی ناتوانێت شیکاریی بۆ بکات. کاتێک بیرۆکەی ئایینی ڕووبەرەکانی باوەڕی کەسیی جێدەهێڵێت و دەبێتە ئایدۆلۆژیایەک بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت یان جووڵانەوە و هێز و بزاوتە چەکدارەکان، جەنگ لە کێشەیەکی قابل بە دیپلۆماسیەت و سازشەوە دەبێتە بەرەنگاربوونەوەیەکی ڕەها لە نێوان هەق و باتڵدا.
لە ململانێی ئیسرائیل و غەززەدا، ئایدۆلۆژیا؛ خاک لە پێناسە جۆگرافی و سیاسییەکەی دادەماڵێت و دەیکاتە زەمینەیەکی پیرۆز کە هیچ جۆرە ڕێککەوتن و سازشێک نایگرێتەوە؛ لای ڕەوتە مەسیحی و زایۆنییەکانی ئیسرائیل، زەوی جۆگرافیایەکی سیاسی نییە بەڵکوو وەدیهێنانی بەڵێنێکی ئیلاهییە لە دەقە مێژوویییەکاندا کە سەروەریی تەواوی بەسەردا مەرجدار دەکرێت بە ئەرکێکی ئایینی، لە بەرامبەردا لای جووڵانەوەی حەماس، ململانێکە لە چوارچێوەی عەقیدەی جیهاد و پاراستنی پیرۆزییە ئیسلامییەکاندا داڕێژراوە و بەرخۆدان دەبێتە ئەرکێکی ئایینی و شەهادەت دەبێتە بەرزترین ئاستی بەخشینی مانا بە (بوون)، کە ئەمەش هەر سازش و نەرمی نواندن و ڕێککەوتنێک دەکاتە خیانەت لە ئیمان.
ئەم کاریگەرییە ئایدۆلۆژییە ئایینییە تەنیا لە چوارچێوەی خاکدا ناوەستێت، بەڵکوو گەشەسەندنی میژووی بۆچوونە ئایینییەکان لەسەر ئاستی جیهانیی خۆی دەنوێنێت. وەک ئۆڤێری ئاماژەی پێدەکات، مێژووی بیرۆکەکانی جیهاد لە کایەی سیاسیدا لە سەید قوتب و ئیخوان موسلیمینەوە بۆ عەبدوڵڵا عەزام گەشەی کرد کە ڕەوایەتی دا بە جیهادی تاكەکەسی، تاوەکو دەگاتە گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک داعش کە بڕوای ئایینییان کردە ئامرازێک بۆ سڕینەوەی جیاوازییەکان.
لە ئاستی دەوڵەتیشدا، ململانێی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نموونەیەکی ناوازە و پڕ بە پێستی باسەکەیە، لە شێواندنی جەنگی ئاسایی بۆ جەنگێکی تیۆلۆجی؛ ئێران لە ڕێگەی دۆکتۆرینی ولایەتی فەقیهەوە داڕشتنەوەی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکەی لەسەر بنەمای عەقیدەی مێژوویی داناوە، بە جۆرێک کە ئەمریکا لە فەرهەنگی سیاسی و ئایینیی تاراندا تەنیا ڕکابەرێکی ئەتڵەسی نییە، بەڵکوو بەرجەستەبوونی ڕەمزیی ئیستکبار و شەیتانی گەورەیە. ئێران توانیویەتی ئەم داواکارییە پیرۆزانە بخاتە چوارچێوەی دەوڵەت و ڕەوایەتی بە تۆڕی فرەنەتەوەیی تەوەرەی بەرخۆدان ببەخشێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی زۆرداریی جیهانی و ئامادەکردنی زەمینەی دادپەروەریی گەردوونی.
لێرەدایە کە شکستی پڕۆژە ڕۆشنگەرییەکان بۆ بنبڕکردنی جەنگ دەردەکەوێت. فەیلەسوفی ئەڵمانی ئیمانوێل کانت، لە شاكارە فەلسەفییەکەیدا «بەرەو ئاشتیی هەمیشەیی» (1795)، پێی وابوو کە ئاشتی ئارەزوویەکی ئەخلاقی کۆمەڵگاکان یان حاڵەتێکی سروشتیی بەرهۆش نییە، بەڵکوو پڕۆژەیەکی ئەقڵانیی ڕێکخراوە کە پێویستی بە دامەزراندنی فێدراسیۆنێکی گەردوونیی دەوڵەتە کۆمارییەکان و سەروەریی یاسای نێودەوڵەتی هەیە. کانت جەختی لەوە کردۆتەوە کە ئەقڵی مۆدێرن دەتوانێت لە ڕێگەی یاسامەندکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەرژەوەندییە هاوبەشیە ئابوورییەکان (یان پەیوەندییە بازرگانییەکان)، مرۆڤایەتی لە «دۆخی سروشتی» (جەنگی بەردەوام) دەربهێنێت و بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام بیبات. بەڵام هۆکاری سەرەکیی داڕمانی مۆدێلە کانتییەکە لە جیهانی واقیعدا ئەوەیە کە کانت مۆدێلەکەی لەسەر بنەمای «ئەکتەری ئەقڵانی» بینا کردبوو ئەکتەرێک کە سوودی مادی، بەرقەراریی سیاسی و بەهای ژیان دەکاتە پێوەری بڕیارەکانی. کاتێک عەقیدەی ئایینی دێتە نێو کایەکەوە، بە تەواوەتی هاوکێشە کانتییەکە هەڵدەوەشێتەوە؛ چونکە ئایین چەمکی «توندوتیژی» لە ئامرازێکی سیاسییەوە دەگۆڕێت بۆ ئەرکێکی پیرۆز و میتافیزیكی کە تێیدا شکست لەسەر ئەرزی واقیعدا، سەرکەوتنێک لە ئاسماندا مسۆگەر دەکات و، زیانی مادی دەبێتە پاداشتی ڕۆحی ئێجگار گەورە.
بەم شێوەیە، ئەو ئەقڵانیەتەی کانت هیوا و بڕوای پێی هەبوو بۆ دامەزراندنی ئاشتیی هەمیشەیی، لە بەرامبەر لۆژیکی «پیرۆزیی جەنگ»دا تەواو سست و خامۆش دەبێت.
لێکەوتەی مەترسیداری زاڵبوونی پاڵنەری ئایینی لە جەنگە هاوچەرخ و مۆدێرنەکاندا، ئیفلیجکردنی تەواوەتیی زمانی دیپلۆماسیەت و داماڵینی ئەقڵانیەتە لە پرۆسەی بڕیاردانی سیاسی. دیپلۆماسیەتی کلاسیک لەسەر بنەمای بەراوردکاریی سوود و زیان و دانوستاندن بەڕێوەدەچێت کە تێیدا لایەنەکان ئامادەن لە پێناو دەستکەوتی ئابووری یان ئاسایش و ئەمنی دەستبەرداری بەشێک لە داواکارییەکانیان ببن، بەڵام کاتێک عەقیدەی ئایینی دەبێتە بزوێنەر، جەنگەکان لە ڕێڕەوی ئەقڵانی دەردەچن چونکە تەنیا ڕێگە بە دوو دەرئەنجام دەدەن کە بریتیین لە سەرکەوتنی ڕەها یان قوربانیدانی پیرۆز. کاتێک ڕکابەر وەک شەیتان یان هەڕەشەیەک لەسەر باوەڕ پێناسە دەکرێت، هەر جۆرە دانوستاندنێک لەگەڵیدا دەبێتە دانپێدانان بە ڕەوایەتیی خراپەکاری، ئەمەش وا دەکات کایەی دیپلۆماسیەت دابخرێت و جەنگەکان درێژخایەن و وێرانکەرتر بن. سەرەنجام، لە جیهانی هاوچەرخدا ئایین نەبووەتە دیاردەیەکی فەرامۆشکراوی مێژوویی، بەڵکو بووەتە کوشندەترین چەکی ئایدۆلۆژی بۆ شەرعیەتدان بە جەنگ و درێژەدان بە ململانێ جیۆپۆلیتیکییەکان، بە جۆرێک کە ئاشتیی ڕەها و هەمیشەیی کانت لە چەمکێکی ئەقڵانییەوە دەگۆڕێت بۆ ئامانجێکی ئەستەم لە جیهانی دیپلۆماسیدا.