ئۆربانۆ گۆمێزت لەبیر بێت، کوڕی دۆن ئۆربانۆ، نەوەی دیماس، کە شانۆییی ”گۆرانییەکانی شوان”ی دەرهێنا، ئەوەی لە سەردەمی پەتای ئەنفلوەنزاکە بەدەم گوتنەوەی سروودی ”سکاڵای فریشتە نەفرەتلێکراوەکان’ّ’ەوە گیانی دا. زۆر لەمێژە، ڕەنگە پازدە ساڵێک ببێ. بەڵام تۆ دەبێت ئەوت لەبیر بێت. لەبیرت بێت کە پێمان دەگوت ”باپیرە” چونکە کوڕەکەی تری، فیدێنسیۆ گۆمێز، دوو کیژی بزێوی هەبوون، یەکیان باڵاکورت و ئەسمەر، دڵرەقانە نازناوی ”قۆڵڕووت”یان لێ نابوو، ئەوی دیکەیان باڵابەرز و چاوشین -خەڵکی دەیانگوت کە کچی خۆی نییە، ئەگەر هێشتا وەسفی ترت لێی دەوێ بە دەست نزگرەوە دەیناڵاند. لەبیرت بێت ئەو جارە لە کاتی نوێژی بەکۆمەڵ چ گۆبەندێکی نایەوە. لە کاتی هەستانەوە یەکسەر نزگرەیەکی توندی گرت -وەک ئەوە وابوو لە یەک کاتدا هەم بگریت و هەم پێبکەنێت -هەتا بردیانە دەرەوە، قەنداوێکیان پێ دا ئینجا ئارام بوویەوە. دواجار شووی کرد بە لوسیۆ چیکۆ، خاوەنی ئەو باڕەی سەر ڕووبارەکە کە پێشتر هی لیبرادۆ بوو، ئەوەی ئێستا ئاشەکەی تیۆدۆلۆسی لێیە.
لەبیرت بێت کە بە دایکییان دەگوت ”باینجان” چونکە بەردەوام تووشی کێشە دەبوو، لەگەڵ هەر کێشەیەکیش دواجار منداڵێکی دەبوو. دەڵێن کەمێک پارەی هەبوو بەڵام هەمووی لە مەراسیمی ناشتندا خەرج کرد چونکە هەموو منداڵەکانی دوای لەدایکبوونیان دەمردن، ئەویش هەموو جار نزای بۆ دەخوێندن، لەگەڵ موزیک و گرووپی کۆراڵی کوڕان کە سروودەکانی “هۆسانا” و ”گڵۆریا”یان دەخوێند، لەگەڵ ئەو گۆرانییەی کە دەڵێ ”ئەوە بۆتی دەنێرم، ئەی خودا، فریشتەیەکی بچکۆلانەی تر” کۆرپەکانی بەرەو گۆڕستان هەڵدەگرت. ئیتر بەم جۆرە دەستکورت مایەوە -هەر پرسەیەک زۆری لەسەر دەکەوت، لەبەر ئەو خواردنەوانەی پێشکەشی میوانەکانی دەکردن. تەنها دوو لە منداڵەکانی ژیان، ئۆربانۆ و ناتالیا، کە ئەوانیش بە هەژاری لەدایک بوون. ئینجا فریاش نەکەوت بە گەورەیی بیانبینێت چونکە دواجار لە دەوروبەری پەنجا ساڵی هەر بەسەر منداڵەوە چوو.
دەبوو بەوە بتناسیباوە کە بە پرتە و بۆڵە بوو، بەردەوام تووشی دەمەقاڵێ دەبوو لەگەڵ ژنە دەستگێڕەکانی ناو بازار کە دەیانویست تەماتەی بە گران پێ بفرۆشن، ئەویش دەیکردە هەرا و هۆریا و دەیگوت کەوا دزیی لێ دەکەن. پاشان کە دەستی کورت بوو، دەتبینی لە ناو زبڵدانەکاندا دەگەڕا، پاشماوەی پیاز و شلەی فاسۆلیا و جار جارەش پارچە قامیشی شەکری کۆ دەکردەوە، خۆی گوتەنی ”بۆ ئەوەی دەمی منداڵەکانی پێ شیرین بکات”. هەر وەک کە پێم گوتبووی دووانی هەبوو کە لە ژیاندا مابوونەوە. لە دوای ئەوە هیچی لە بارەوە نەزانرا.
ئەو ئۆربانۆ گۆمێزە هەر لە تەمەنی خۆماندا بوو، شتێک کەمتر، زیاتر -ڕەنگە هەر پێنج مانگێک گەورەتر بووبێت. لە هەڵدانی عانە و فرتوفێڵی یاریدا زۆر شارەزا بوو. لەبیرت بێت کە گوڵە مێخەکی پێ دەفرۆشتین و ئێمەش لێیمان دەکڕییەوە، لە کاتێکدا ئاسانترین شت ئەوە بوو بۆ خۆمان بچینە شاخەکە لێی کەینەوە. ئەو مانگۆ سەوزانەی پێ دەفرۆشتین کە لە دار مانگۆکانی حەوشەی قوتابخانە دەیدزین، هەروەها نارنج بە بیبەری لە بەر دەرگای قوتابخانە بە دوو سەنت دەکڕی و بە پێنج سەنت بە ئێمەی دەفرۆشتەوە. هەرچی خوردە و پوردەی ناو باخەڵی بوو، وەک دەسکەلا و میزراح، بە یانسیب دەیفرۆشتنەوە، تەنانەت قالۆنچەی سەوزیش؛ ئەها ئەوانەی بە دەزووێک قاچی دەبەستیت هەتا دوور نەفڕێت. لەبیرت بێت، باشترینی ئێمە دەرەقەتی نەدەهات.
ئەو خەزووری ناچیتۆ ڕیڤێرۆ بوو، ئەو ناچیتۆیەی ماوەیەک دوای ژنهێنانی خڵەفا، ژنەکەشی بۆ بژێویی خۆی ناچار بوو لەسەر شەقامە سەرەکییەکە مێزێکی شەربەتفرۆشی دابنێ، ناچیتۆش بە درێژاییی ڕۆژ بە سازێکی ماندۆلینەوە کە لە سەرتاشخانەکەی دۆن ڕیفۆخیۆوە پێیان دابوو گۆرانی ناشاز و ناکۆکی دەگوت.
هەموو جاران لەگەڵ ئۆربانۆ دەچووینە لای خوشکەکەی، شەربەتمان بە قەرز دەخواردەوە و پارەمان نەدەدا لەبەر ئەوەی هیچ جارێک پارەمان پێ نەبوو. دوای ماوەیەک هیچ هاوڕێیەکی بۆ نەمایەوە چونکە هەموومان کە تووشی دەبووین ڕوومان لێی وەردەگێرا، هەتا داوای قەرزمان لێ نەکاتەوە.
وابزانم لەو کاتەوە خووی خراپ بوو، یانیش ڕەنگە هەر لە زگماکەوە وا بووبێت.
بەر لە پێنجەم ساڵمان ئەویان لە قوتابخانە دەرکرد لەبەر ئەوەی لەگەڵ ”قۆڵڕووت”ی ئامۆزای لە ناو بیرێکی وشکی پشت ئاودەستەکەوە گیران کە گەمەی ژن و مێردانێیان دەکرد. هەر هەتا شەرمەزار بێت، بە گوێڕاکێشان هەتا دەرگا سەرەکییەکە بە نێو ئەو هەموو کوڕ و کچەدا بردییان. کە بە نێوماندا تێدەپەڕی هەموو قاقا پێی پێدەکەنین، ئەویش سەری بەرز ڕاگرتبوو و قۆڵی لێمان ڕادەوەشاند وەک ئەوەی بڵێ ”وەی دەردتان لە گیانم”.
ئینجا نۆرەی کچەکە هات. بە ڕەنگ و ڕووێکی هەڵبزڕکاوەوە هاتە دەرەوە و هەر چاوی لە زەوییەکە بوو هەتا گەیشتە لای دەرگاکە، ئینجا فرمێسکەکانی تەقینەوە، گریانێک گریا، وەک گورگێکی کێوی بە دەنگێکی تیژ کە هەتا دوای نیوەڕۆکەی هەر دەنگی دەداوە.
مەگەر مێشکت زۆر خراپ بێت، ئەگەرنا نابێت ئەوەت لە بیر چووبێت.
دەڵێن مامە فیدێنسیۆی لێدانێک لێی دابوو، نیوەڕۆحی کردبوو. ئیتر ئەویش لە داخان لە ئاوایییەکە سەری خۆی هەڵگرت و ڕۆیشت.
ئیتر لەو کاتییەوە لەو ناوە نەمانبینییەوە هەتا ئەو کاتەی کە گەڕایەوە بووبوو بە پۆلیس. بەردەوام لە گۆڕەپانە سەرەکییەکە لەسەر کورسییەک دادەنیشت، تفەنگەکەی لە نێوان قاچەکانی دادەنا و بە ڕقەوە چاوی تێمان دەبڕی. قسەی لەگەڵ کەس نەدەکرد. سڵاوی لە کەس نەدەکرد. هەر کەسێکیش تەماشای بکردایە، وای دەردەخست کە نایناسێت.
ئەو دەورانە بوو کە زاوایەکەی خۆی کوشت، ئەوەی ماندۆلینەکەی لێ دەدا. شەوێکیان ناچیتۆ بڕیار دەدات بچێت بیلاوێنێتەوە. کات کەمێک لە هەشت لای دابوو، هێشتا زەنگی کڵێساکە بۆ پاکبوونەوەی ڕۆحەکان دەزرینگایەوە. لە پڕ هات و هاوارێک هەستا، نوێژخوێنانی کڵێسا کە تەزبیحاتیان دەکرد ڕایانکردە دەرەوە و بینییان ناچیتۆ لەسەر پشتە و بە ماندۆلینەکەی بەرگری لە خۆی دەکات، ئۆربانۆش بە قۆندانغە تفەنگەکەی کەوتۆتە سەری، لێی دەدا و لێی دەدا. گوێی لەوە نەبوو خەڵکەکە هاواری لێ دەکردن. وەک سەگی هار، شێتگیر بووبوو. هەتا یەکێکیان، کە خەڵکی ئەو ناوەش نەبوو، لە قەرەباڵغییەکە هاتە دەرەوە و بۆی چوو، چەکەکەی لێ سەند و لە پشتەوە پێیدا کێشا و خستییە سەر کورسییەکە، ئیتر لێی پاڵکەوت.
شەوەکەی لەوێ جێیان هێشت بوو. هەر کە دونیا ڕوون بوویەوە ڕۆیشت. دەڵێن یەکەمجار چووبووە ناو پەرستگاکە، تەنانەت داوای دوعای خێریشی لە قەشە کردبوو، بەڵام بۆی نەکرد.
لەسەر شەقامەکە دەستگیریان کرد. بە شەلەشەل دەڕۆیشت، هەر کە دانیشت پشوو بدات، هاتن گرتییان. بە هیچ جۆرێک دەستی نەکردەوە. دەڵێن هەر بۆ خۆی پەتەکەی لە گەردەنی خۆی گرێدابوو، تەنانەت هەر خۆیشی ئەو دارەی هەڵبژاربوو کە پێیەوە هەڵیواسن.
تۆ دەبێت ئەوت لەبیر بێت چونکە لە قوتابخانە هاوپۆل بووین، تۆش هەر وەک من دەتناسی.