جۆن لێنن[1] لە یەکێک لە گۆرانییەکانیدا بە ناوونیشانی ‘خوا’ – لە ساڵی ١٩٧٠ تۆمار کراوە – لە کاتی ژەنینی پیانۆ سیحراوییە سپیەکەیدا وا دەست بە گۆرانییەکە دەکات: خوا ئەو تێگەیەیە (concept) ئازارەکانمانی پێ دەپێوین. داخۆ دەبێ خوا چ تێگەیەک بێت؟ لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین وەڵامی ئەو پرسیارە لە پەیوەندیدا بە ئەدەب بدەینەوە. ئێمە لێرەدا تەنیا جەخت لەوە ناکەینەوەیە تێما ئاینییەکان بەشێوەیەکی بەربڵاو لە ئەدەبدا ڕەنگیان داوەتەوە بەڵکوو ئەوە دەخەینەڕوو شێوازی بیرکردنەوەمان، خوێندنەوە و نووسینمان لەبارەی ئەدەب بەشێوەیەکی بەرچاو لەژێر کاریگەریی بیرۆکە ئاینییەکاندایە، بەتایبەتی ئاینی جوو و مەسیحییەت. بە واتایەکی تر، تێگەی خوا ئەوەندەی پەیوەندی بە ڕەخنەی ئەدەبییەوە هەیە، ئەوەندە پەیوەندی بە سروشتی ئەدەبەوە نییە. با سێ نموونەی کورت بهێنینەوە؛ پێرسی بیش شێڵڵی (١٧٩٢-١٨٢٢)، بەنێوبانگترین شاعیری بێ باوەڕ لە مێژووی ئەدەبی ئینگلیزیدا، لە شوینێکدا دەڵێت: “شیعر وێنە هەرە ڕاستەقینەکەی ژیانە کە لە شێوەی حەقیقەتێکی نەمردا خۆی بەیان دەکات.” دەستەواژەی “حەقیقەتی نەمر” دەستەواژەیەکی زۆر ئایندارانەیە، کەواتە لێرەدا شێڵڵی زۆر ئایندارانە بیری کردۆتەوە. هەروەها، ماتیو ئارنۆڵد (١٨٢٢-١٨٨٨) لە پێشەکیی کتێبی شیعرەکاندا (١٨٥٣) لەبارەی شکسپیرەوە دەڵێت: “ناوی شکسپیر مەزنترین ناوی شیعرییە و پێویستە هەمیشە ئەو ناوە بە پیرۆز سەیر بکەین.” دەبینین لێرەشدا ئارنۆڵد بە بەکارهێنانی وشەی “پیرۆز” ئایندارانە بیری کردۆتەوە. کۆتا نموونەمان وتارەکەی تی. ئێس. ئێڵیەتە (١٨٨٨-١٩٦٥) بە ناوونیشانی ‘نەریت و بەهرەی تاک’ (١٩١٩). لەوێدا ئێڵیەت دەڵێت: “بەرەوپێشچوونی هەر هونەرمەندێک پەیوەستە بە خۆ کردنە قوربانی و هەڵتەکانی بەردەوامی کەسایەتیییەکەی.” بە پەنابردنە بەر دەستەواژەی “خۆ کردنە قوربانی،” ئێڵیەت ئایندارانە خۆی دەنوێنێت.
لێرەدا ئێمە بۆ باسکردن لەمەڕ پرسی خوا و پەیوەندی بە ئەدەبەوە شەش فەرمان دەخەینەڕوو، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە گوتاری ئاینەوە نزیکە. دەشمانەوێ ئەوە بۆ خوێنەر ڕوون بکەینەوە ئەو فەرمانانە لەسەر بەرد نەنووسراون[2]. هەروەها ئەو فەرمانانە بۆ دەرکردنی چەند یاسا و ڕێسایەکی ئاینی نییە خەڵک پێیەوە پابەند بن. هەرچەندە ئێمە بە بەکارهێنانی وشەی فەرمان سوودمان لە گوتاری ئاینی وەرگرتووە، ئێمە رێگە بە خۆمان نادەین لەبارەی بوون و نەبوونی خواوە هیچ شتێک ڕابگەیەنین. ئامانجی سەرەکیی ئێمە ورووژاندنی پرسیار و وتووێژی زیاترە نەوەک کۆتاییهێنان پێیان.
فەرمانی یەکەم: خوای بەمرۆڤکراو (anthropomorphism)
بەمرۆڤکردن (anthropomorphism) – لە وشەی یۆنانی morphe (شێوە) و Anthropos (مرۆڤ) پێکدێت – زاراوەیەکی ڕەوانبێژییانەیە بۆ شتێک بەکار دێت مرۆڤ نەبێ و خاسیەت و شێوەی مرۆڤی پێ بدرێت. بەشێوەیەکی ڕوونتر – هەروەک نیچە و فڕۆید باسیان کردووە – دەکرێ بڵێین خوا دەرهاویشتەی خۆپەرستی (ego) مرۆڤە بەرانبەر بە گەردوون. هەروەها جێگەی سەرسوڕمان نییە گەر بڵێین ئەو خۆپەرست یان “من”ە زۆربەی جار نێرە. لەم ڕەوتگەیەوەیە (context) فڕۆید دەڵێت خوا (بەتایبەتی خوای مەسیحییەت و جوو) خوایەکی باوک-شێوەیە. فڕۆید ئەوە دەخاتەڕوو کە خوا “جێگرەوەی باوکە، یان ڕاستتر بڵێین باوکێكی باڵایە. خوا کۆپی ئەو باوکەیە لە منداڵی بینیومانە.” خوا هێمای دەسەڵاتە، پێشڕەوێکی مەزنە و باوکی گەورەمانە، ئەو باوکەی هەندێک جار تووڕە (هەروەک خوای پەیمانی کۆن) و هەندێک جار خۆشەویستە (هەروەک خوای پەیمانی نوێ). تەواوی سیستەمی نەریتی مەسیحیەت دەهەژێت گەر تەنانەت بۆ ماوەیەکی کورتیش بیر لە گریمانەی مێبوونی خوای مەسیحیەت بکەینەوە. “خوای مێینە تەنیا بۆ گاڵتە پیاوی شۆفێری دروست کرد،” ڕەنگە زۆربەمان بە خوێندنەوەی ئەو بەرچەسپی ئۆتۆمبێلە پێبکەنین چونکە لێرەدا خوا نێر نییە بەڵکوو مێیە. هەرچۆنێک بێت، ناتوانین لە خوا تێبگەین بەبێ تێگەیشتن لە زاراوەی بەمرۆڤکردن.
فەرمانی دووەم: خوا مردووە
ئەم بۆچوونە زیاتر دەدرێتە پاڵ فەلسەفەی نیچە، بەڵام دەکرێ بەشێوەیەکی گشتی لەم بۆچوونە تێبگەین لە پەیوەند بە کاریگەریی کولتووری ئەوروپی لەسەر خوێندنی زانستی ئینجیل (بەتایبەتی لە ئەڵمانیا) و دۆزینەوە بەبەردبووەکان (بەگشتی لە ئەڵمانیا و بەریتانیا) و ئەو پێشکەوتنە دواییانەی لە تیۆریی پەرەسەندن لە سەدەی نۆزدەدا بەدەست هاتن. لە نێوەڕاستی سەدەی نۆزدە بەدواوە ئەوە ڕوون بووەوە – لانیکەم بۆ بەشێکی زۆری ڕۆشنبیرانی ئەوروپایی – ئینجیل زۆر لایەنگیرانە نووسراوە و ناکرێ چیتر وەک کتێبێک کە چەند حەقیقەتێکی مێژوویی لەخۆ گرتووە سەیر بکرێت. لێکۆڵینەوە لە بەبەردبووەکان ئەوەی سەلماند کە مەحاڵە هەروەک ئەوەی ئینجیل ئاماژەی پێ دەکات تەمەنی زەوی چەند هەزار ساڵێک بێت. چاڕڵس داروین لە کێبە بەنێوبانگەکەیدا ڕەچەڵەکی چەشنان (١٨٥٩) بەشێوەیەکی زۆر قایلکەرتری ئەزموونییانە و مێژوویییانە گەشەسەندنی مرۆڤی خستەڕوو، بەمەش خوای لە هاوکێشەکە کردە دەرەوە. شاعیران و ڕۆماننووسان ناچاربوون دان بە “ونبوونی خوا” دابنێت، هەروەک ڕەخنەگری ئەدەبی ئەمریکایی جەی. هیڵز میلەر (١٩٢٨-٢٠٢١) لە کتێبێکی بە هەمان ناوونیشان (ونبوونی خوا) ئاماژەی پێ دەکات. ئەوە هەمان ئەو هەستی ونبوونەیە وا لە ماتیو ئارنۆڵد دەکات لە شیعری ‘کەناری دۆوڤەر’دا (١٨٥١) باس لە پاشەکشەی دەریای باوەڕ بکات:
دەریای باوەڕ
ڕۆژانێک هەموو کەنارەکانی زەوی لە ئامێز گرتبوو
وەک کەمەربەندێکی زێڕین بە دەوری جیهاندا پێچرابێت
بەڵام ئێستا
تەنیا گوێم لە هاواری تۆقێنەر و بێ بڕانەوەیە
هەناسەکانی دەکشێنێتەوە
بۆ بای شەوانە لە کەنارە خەمگینەکان و
زیخەڵانی زەویدا
بەگوێرەی ئەم شیعرە بێت کولتووری ئەوروپایی بەشێوەیەکی گشی بە سێکیولار کراوە.
بێگومان شتەکان لەوەی باسمان کرد ئاڵۆزترن. تەنانەت گەر بۆ نموونە دان بەوەشدا بنێیت خوا مردووە ئەوا دەبێ لەڕووی زاراوەی بەمرۆڤکردنەوە (anthropomorphic) بیری لێ بکەینەوە و وای دابنێین خوا سەردەمانێک هەبووە نەوەک ئەوەی هەر نەبووبێت. بیرۆکەی مردنی خوا وەک بیرۆکەی مردنی نووسەر تێگەیشتن لێی سەختە. هەروەک ڤیرجینیا وڵف (١٨٨٢-١٩٤١) لە شوێنێکدا دەڵێت: “کوشتنی تارمایییەک لە کوشتنی کەتوارێک (reality) سەختترە.”
فەرمانی سێیەم: دانپێدانان بەوەی خوا بەمرۆڤکراوە یان مردووە واتای ڕزگاربوون لێی ناگەیەنێت
ڕۆڵان بارت (١٩١٥-١٩٨٠) زۆر بەڕوونی ئەوە دەخاتەڕوو بیرۆکەی خوا بەشێوەیەکی تەواو پەیوەندی بە حەقیقەت، هەبوون، سرووش و مانا بە واتا گشتییەکەی هەیە. هەربۆیە هەرکاتێک پرسەکانی حەقیقەت و مانا لە دەقێکی ئەدەبی بووروژێندرێن ئەوا پرسی خواش دێتە کایەوە. بارت باوەڕی وایە بیرۆکەی نووسەر پێکەوەبەندە لەگەڵ بیرۆکەی خوا.[3] هەروەها، بارت تیۆری و ڕەخنەیەکی ئەدەبی وا پێشنیاز دەکات کە چیتر ئاینی نەبێت، هەروەک ڕایدەگەیەنێت:
بۆ دۆزینەوەی مانایەکی شاراوەی دەقێک پێویستە مەودای نووسین بە قووڵی و فراوانی سەیری بکەین نەک لە ڕوانگەیەکی تەسکەوە. نووسینی بەردەوام مانا دروست دەکات بەڵام ئەم مانایانە هەمیشەیی نابن. رێک بەهەمان شێوە ئەدەب (یان باشترە بڵێین نووسین) بە ڕەتکردنەوە ئەوەی خۆی بداتە پاڵ مانایەکی ‘نهێنی’ و ڕەهای دەق (هەروەها جیهانیش) خۆی لە حەقیقەتی ڕەها ڕزگار دەکات، ڕەنگە ئەمەش وەک چالاکییەکی دژە ئاین لێک بدرێتەوە. من ئەوە بە چالاکییەکی زۆر شۆڕشگێڕانەی ڕاستەقینە دەبینم چونکە مانای ڕەها ڕەت دەکاتەوە و لە کۆتاییشیدا دەبێتە هۆی ڕەتکردنەوەی خوا و گەوهەرەکانی کە بریتین لە هۆ، زانست و یاسا.
پەیوەندیی قووڵی نێوان ‘خوا’ و ‘مانا’ ناڕاستەوخۆ لە ئینجیلدا باس کراوە. ئینجیلی یوحەنا وا دەست پێ دەکات: “لە سەرەتادا وشە هەبوو، وشەکە لەلای خوا بوو، وشەکە خوا بوو.” لە زمانی یۆنانی کۆندا بە وشە دەگوترێت ‘logos’ کە هەر تەنیا بە واتای وشە نایەت بەڵکوو واتای ‘هۆش’ و ‘مانا’ش دەگەیەنێت. لەم ڕەوتگەیەوەیە ئێمە پێویستە بگەڕێینەوە سەر ئەو بیرۆکەیەی ژاک دێریدا (١٩٣٠-٢٠٠٤) پێی دەگووت logocentrism(ئاوەزتەوەری)، بە واتایەکی تر تەواوی سیستەمی بیرکردنەوە، کولتووری، و فەلسەفی ئەوروپا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ لەڕێی مانای جێگیر و گەوهەری بەڕێوە دەبرێت، یان ئەوەی دێریدا پێی دەگووت مەدلوولی باڵا (بۆ نموونە؛ خوا). گەر لە ڕوانگەیەکی ئەدەبییە باسی ئەو مژارە بکەین دەتوانین بڵێین گەورەترین ئارەزووی ئێمە لە خوێندنەوەی شیعرێک یان ڕۆمانێکدا ئەوەیە بزانین ماناکەی چییە. زانینی مانای دەقێک هاوواتایە لەگەڵ زانینی مەبەستی نووسەرەکە (لێرەدا دەبێ بە جێگرەوەی خوا) لە نووسینی دەقەکەدا. بێگومان بەشێکی بەرچاوی نووسین و ڕەخنەگرتن پەیوەندی بەم چالاکی ئاینییەوە هەیە. ئەوە هەمان ئەو شتەیە بارت دەیویست پێمان بڵێت کە ئەم چالاکییانە ڕەگیان لە ئاینەوە داکوتاوە چونکە وێڵی ناوەندێکی تاکڕەهەند، جێگیر و دەسەڵاتخوازن.
لێکدانەوەکانی بارت زۆر سەرنجڕاکێشن – بۆ نموونە لە پێکەوەبەستنی ئەدەب یان نووسین بە چالاکییەکی شۆڕشگێڕانەی ڕاستەقینە – بەڵام لە هەمان کاتیشدا بە جۆرێک لە جۆرەکان کێشەدارن. بێگومان بارت لە پێکەوەبەستنی ئەدەب بە شۆڕش، ئەناڕکی[4]، یاخیبوون و ئازادیخوازی ڕاستە بەڵام بابەتەکە لە لێکدانەوەکانی ئەو ئاڵۆزترە. زاراوە داڕشتنی بارت بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوپەیوەندە بەوەی ڕەتی دەکاتەوە و نکۆڵی لێ دەکات. وەک ئەوەی بڵێین بیرکردنەوەی بێ باوەڕێک لەگەڵ باوەڕدارێک دەگونجێت لە ڕێگەی ئاماژەی ڕەتکردنەوە (بۆ نموونە؛ ناتوانی بڵێی خوا بوونی نییە بەبێ ئەوەی زانیارییەکی پێشوەختەت لەبارەی گەردوون نەبێت)، کەواتە بیرۆکەی “چالاکی دژە ئاین” بەستراوەتەوە بە تێگەیشتن لەو ئاینەی ڕەتی دەکەیەوە. بە هەمان شێوە، بەکارهێنانی وشەی “ڕاستەقینە” (شۆڕشگێڕانەی ڕاستەقینە) لەلایەن بارتەوە بیرۆکەی “هۆ، زانست و یاسا” پشتڕاست دەکاتەوە لە هەمان ئەو کاتەیدا کە ڕەتی دەکاتەوە. ئەمەش بە واتای ئەوە نایەت ئێمە لێکدانەوە و بیرکردنەوەکانی بارتمان بە کەم گرتبێت. بەڵکوو بە واتای ئەوە دێت بیرکردنەوە نا-ئاینییەکان لەوە ئاڵۆزترن کە بە خەیاڵماندا هاتووە. هەربۆیە پێویستە ئەو بۆچوونەی نیچە بە یادی خۆماندا بهێنینەوە کە دەیگووت: “تا باوەڕمان بە ڕێزمان هەبێت ناتوانین لە خوا ڕزگارمان بێت.” ئەم گووتەیەش وەک زۆرێک لە گووتەکانی تری نیچە پرسیار ورووژێنەرە. ئەو پرسیارەی لێرەدا دێتە ئاراوە ئەوەیە: گەر هیچ یاسا و ڕێسایەک نەبێت بۆ ڕێکخستنی زمانمان ئەوا چۆن قسە بکەین؟
فەرمانی چوارەم: ئاین لە هەموو شوێنێکە
کاتێک سەیری ڕێکخستنی کات دەکەین لە کولتووری ئەوروپادا ئەوا دەبینین چەندە ئاین کاریگەری لەسەر ئەو کولتوورە هەبووە. لە هەمووی بەرچاوتر ساڵی زاینییە کە لەسەر بنەمانی ئاینی مەسیحی دانراوە. هەموو سەڵاکان (چ جای ١٧٨٩ یان ٢٠١٠بێت) بە anno domini ناو دەبرێن کە واتای “ساڵی عیسای مەسیح” دەگەیەنێت. شتەکان لە ئەمریکا و ئەوروپادا بەبێ پێکهاتە مەسیحییەکە زۆر جیاواز دەبن. بۆ نموونە؛ بهێنە پێش چاوت ساڵ جەژنی کریسمەس و ئیستەری تێدا نەبێ یان هەفتە شەممەی تێدا نەبێت. مەسیحییەت زۆر لەوە بەربڵاوترە لەوەی زۆرێک لە خەڵکی – بەتایبەتی ئەو مەسیحییانەی پەیڕەوی لە ئاینی خۆیان ناکەن، ئەگنۆستیکەکان[5] و بێ ئاینەکان – بیری لێدەکەنەوە.
ئێمە چۆن دەتوانین لە پەیوەند بە خوێندنەوە و نووسین لەبارەی دەقە ئەدەبییەکان بیر لەوەی سەرەوە بکەینەوە؟ لە زۆر ڕووەوە گەڕان بەدوای بیرۆکە و پاڵنەرە ئاینییەکان و بەتایبەتیش مەسیحییەتدا لە توێژینەوە ئەدەبییەکاندا وەک ئەوە وایە ببیە کارەکتەری ناو چیرۆکی ‘نامە دزراوەکە’ی ئێدگار ئالان پۆو (١٨٠٩-١٨٤٩) کە سەیری نەخشەیەک دەکات و ناتوانێ ئەو وڵاتە بدۆزێتەوە بەدوایدا دەگەڕێت چونکە پیتەکانی ناوی وڵاتەکە زۆر گەورەن. بوون بە ڕەخنەگری ئاین زۆر لەوەی ئێمە بیری لێ دەکەینەوە سەیرترە.
هەروەک جۆناتان کەڵڕ (١٩٤٤- ) لە وتارێکیدا لەژێر ناوونیشانی ‘ڕەخنەی سیاسی: ڕووبەڕوبوونەوەی ئاین’ ئاماژەی پێ دەکات: “لە بەشەکانی ئەدەب لە زانکۆکانی ئەمڕۆدا هەموو جۆرە ڕوانگەیەک دەدۆزیتەوە – مارکسی، لاکانی، بنیاتشکێنخواز (deconstructionist) و فێمێنیست – بەڵام بە دەگمەن کەسێک لەم بەشانەدا دەدۆزیتەوە بەتوندی هێرشی سەر ئاین بکات. لەم بارەیەوە کەڵڕ کورتەیەکمان لەبارەی ئەرکی مامۆستا و ڕەخنەگر پێ دەڵێت:
پێویستە لە پەیوەندی نێوان نووسین و فێرکردن لەگەڵ گوتارە ئاینییەکان هەنگاوی گرنگ بهاوێین و ڕوانینێکی ڕەخنەیی لە تاوتوێکردنی تێما ئاینییەکان پەرەپێبدەین، بەو شێوەیە نا کە وای دابنێین خواباوەڕی شایەنی ڕێزی تایبەتییە، هەروەک چۆن ناڵێین باوەڕە زایەندخواز (sexist) و ڕەگەزپەرستییەکان شایەنی ڕێزی تایبەتین. ڕەنگە ئەوە وامان لێبکات لە کاتی وتنەوەی ئەو بەرهەمانەی تژین لە گوتارە ئاینییەکان، مەسیحییەت لەگەڵ ئەفسانەکانی تردا بەراورد بکەین، یان پیشاندانی ڕوانگە ئازارخوازی (sadism) و زایەندخوازییەکانی گوتاری ئاینی و کردنی بە بابەتی سەرەکیی وتووێژ، هەروەک چۆن ئێستە لە وتنەوەی ئەو بەرهەمانەی بە ئاشکرا زمانێکی ڕەگەزپەرستیان تێدا هاتووە ئەو کارە دەکەین.
فەرمانی پێنجەم: ئەدەب ڕوویەکی نەگریسیشی هەیە
با وای دانەنێین ئەدەب بەهۆی داهنێنان و joie de vivreیدا[6] شێوەیەک لە باشیی خۆڕسکی هەیە، یان وەک ماتیو ئاڕنۆڵد (لە سەدەی نۆزدەدا) و ئێف. ئاڕ. لیڤس (لە سەدەی بیستەمدا) بانگەشەی ئەوە بکەین خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە لە ئەدەب بە شێوەیەکی ‘سروشتی’ دەتکات بە کەسێکی باشتر، بەڵکو پێویستە ئێمە دان بەوە دابنێین کە داهێنانی ئەدەبی چەندە پەیوەندی بە باشییەوە هەیە هێندەش پەیوەندی بە نەگریسییەوە هەیە. ماتیو ئاڕنۆڵد لە وتاێکیدا بە ناوونیشانی ‘ئەرکی ئەدەب لە ئێستەدا’ (١٨٦٤) ئەدەب بە “بەهەشتی بەڵێندراو” دەناسێنێت تێیدا “باشترینەکانی لەوەی تا ئێستا زانراوە و بیری لێ کراوەتەوە” لەخۆ گرتووە. بە هەمان شێوە ئێف. ئاڕ. لیڤس جۆرێک لە تیۆریی ئەدەب دەخاتەڕوو کە “نەریتی ڕوحانی” و “گوڵبژێری سەدەکانی”ی لەخۆ گرتووە. ئەم جۆرە تێگانە سەرنجمان بۆ ئەو بانگەشە ساختەکارییانەی لیۆ بێرسانی (١٩٣١-٢٠٢٢) ناوی نابوو “بەها دەسەڵاتخواز و ڕزگاریخوازەکانی ئەدەب” ڕادەکێشێت. بێگومان دەتوانین بڵێین بە جۆرێک لە جۆرەکان شتێکی دزێو لەبارەی ئەدەبەوە هەر هەیە. بە شێوەیەکی گشتی، پێکەوەسازانی داهێنان، خەیاڵ و نەگریسی تایبەتمەندیی بەرهەمە ئەدەبییەکانن، هەروەک ژۆرژ باتای (١٨٩٧-١٩٦٢) لە توێژینەوەکەیدا بە ناونیشانی ئەدەب و نەگریسی (١٩٥٣) باسی دەکات. باتای دەنووسێت: “ئەدەب بێ تاوان نییە، بەڵکوو مەترسیدارە چونکە مل بۆ ڕێسا ئاکارییەکان نادات.”
دەتوانین ئەوە باشتر شرۆڤە بکەین بە گەڕانەوە بۆ کتێبی بەهەشتی ونبووی جۆن میڵتن (١٦٠٨-١٨٧٤) کە لە ساڵی ١٦٦٧ بڵاو کراوەتەوە. لە بەرگی یەکەمی ئەو کتێبەدا، میڵتن باس لە توانای بەدڵەتەپێخەری ئەهریمەنەکان لە گۆڕینی کتۆپڕیان لە زەبەلاحێکەوە بۆ شەموولەیەک “پەری کورتەبنە” دەکات:
هەر کەمێک لەمەوبەر بوو ئەو ئەهریمەنانە
وەک زەبەلاحترینی زەویی خۆیان دەنواند
بەڵام ئێستە لە کورتەڵەیەک بچووکترن و
لە ژوورێکی تەنگەبەردا جێیان بۆتەوە
وەک شەموولەکانی ئەوبەری چیای هیند یان پەری کورتەبنە
ئەو پەرییانەی نیوەشەوان لە نێو دارستان و کانیاوەکاندا ئاهەنگ دەگێڕن و
خۆیان پیشانی گوندییەکان دەدەن
یان ئەو خەونەی شەوێکی مانگەشەو گوندیان دەیبینن
پەرییەکان کەیف و سەفایانە
خەریکی سەما و هەڵپەڕکێن
گوندییەکەش هەم بە دڵخۆشی و هەم بە ترسەوە سەیریان دەکات.
لەو دێڕانەدا فریودان و دوودڵی دەبینین چونکە ئەهریمەن بە “پەری کورتەبنە” بەراورد کراوە. هەر لەم دێڕانەدا هێزی سیحراویی مۆسیقا (یان شیعر) و – بەشێوەیەک تەنانەت مانگیش نیگەران دەردەکەوێت – تێکهەڵکێشبوونی ترس و دڵخۆشی دەردەکەون. ئەمەش هاوشێوەی هەمان ئەو ساتەیە مرۆڤ نازانێت چی دەبینێت (یان خەونی چی دەبینێت). ئایا ئەو دیمەنەی میڵتن لە شیعرەکەدا ئافراندوویەتی سەرنجی کەسی ڕاکێشاوە یان نا؟ دەتوانین بڵێین بە جۆرێک لە جۆرەکان تەواوی بەهەشتی ونبوو لەسەر بنەمای ئەو دڕدۆنگییە نووسراوە.
ئەم دێڕانەی بەهەشتی ونبوو دەرخەری هێزی دڕدۆنگی و ستایشی جوانیناسانەی نەگریسییە. ڕەنگە ئەوە هاوکارمان بێت بۆ ڕوونکردنەوی پەیڤی ویلیام بلەیک (١٧٥٧-١٨٢٧) لەبارەی بەهەشتی ونبووەوە. بلەیک لە کتێبی هاوسەرگیریی بەهەشت و دۆزەخدا (١٧٩٠) دەڵێت: “میڵتن زۆر خۆگیرانە لەبارەی خوا و فریشتەکانەوە دەنووسێت، لە هەمان کاتدا بەوپەڕی ئازادانەوە لەبارەی دۆزەخ و ئەهریمەنەوە دەنووسێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە میڵتن بەبێ ئەوەی پێ بزانێت شاعیرێکی ڕاستەقینەیە و لای ئەهریمەنی گرتووە.” هاڕۆڵد بلووم (١٩٣٠-٢٠١٩)، کە بە یەکێک لە بەنێوبانگترین ڕەخنەگرانی ئەدەبی سەدەی بیستەم دادەنرێت، تیۆرییەکی شیعری تەواوی لەسەر بنەمای ئەو تێڕوانینەی بلەیک داڕشتووە. بۆ بلووم ئەهریمەنی میڵتن نموونەی هەرە دیاری شاعیری مۆدێرنە. بە هەمەحاڵ، وا دیارە ئەو شیعرە مەزنەی میڵتن و شیعرەکانی بلەیک بە شێوەیەکی تەواوەتی قەرزداری جۆرێک لە جوانیناسی نەگریسین. هەروەک باتای ئاماژەی پێ کرد، نەگریسی و خەیاڵی ئەدەبی موویان بە بەینی وەناچێت. دەتوانین بە کورتی بە گەڕانەوە بۆ ئۆتێلۆی شکسپیر شرۆڤە بۆ ئەوە بکەین. با وای دابنێین چی دەبوو گەر ناوونیشانی ئەو شانۆنامەیەی شکسپیر ئیاگۆ[7] بووایە لەجیاتی ئۆتێلۆ. لەوانەیە ئیاگۆ کەسێکی قێزەون بێت بەڵام ئەو جێگای سەرنجی شکسپیر و بەرجەستەکەری داهێنان و هێزی شانۆییانەیەتی.
هێنری جەیمس (١٨٤٣-١٩١٦) لە ڕوونکردنەوەیەک کە بۆ ڕۆمانی خراپترکردنی بارودۆخی (١٨٩٨) نووسیوە روانگەیەکی هاوشێوە دەخاتەڕوو. لەوێدا جەیمس دەڵێت: “ئەو ڕۆمانە وا لە خوێنەر دەکات تێڕوانینێکی گشتی لەبارەی نەگریسییەوە هەبێت. وای لێدەکات بیر لە نەگریسی بکاتەوە. وای لێ دەکات نەگریسی لە جیاتی خوێنەر خۆی بیر بکاتەوە.” هەربۆیە لەم فەرمانی پێنجەمەدا دەتوان بڵێین ئەدەب بەرەو بوون بە دێوەزمەیەک (demon) هەنگاو دەنێت بەهۆی بەکۆیلەکردن، دەستبەسەرداگرتن و داگیرکردنەوە. وشەی “دێوەزمە” لێرەدا کەمێک ناڕوونە و دەکرێت بڵێین دێوەزمە “ڕوحێکی نەگریسە” یان “ئەهریمەنە” بەڵام لە هەمان کاتدا دەکرێ “ڕوحێکی هاوڕێیانە یان جنۆکەیەکی باش”یش بێت. باسکردن لەوەی ئەدەب ڕوویەکی نەگریسی هەیە بەمانای ئەوە نایەت بەرهەمە ئەدەبییەکان تاوانبار بکەین بە لادانی ئەخلاقی، بەڵکوو بە مانای ئەوە دێت کە مەرج نییە خوێندنەوەی ئەدەب بتکاتە کەسێکی باشتر. بەرهەمە ئەدەبییەکان ترسناکن. دیارترین نموونەشمان بۆ ئەمە ڕۆمانی ئایەتە شەیتانییەکانی (١٩٨٨) سەلمان ڕوشدییە کە هەر لەدوای بڵاوبوونەوەی فەتوای کوشتنی بۆ دەرکرا. خوێندنەوەی دەقە ئەدەبییەکان، بە شێوەیەکی هەم بێزارکەر هەم داهێنەرانە، دەربەستی نەگریسیمان دەکەن. هێزی دژبەیەک و داهێنەرانەی نەگریسی لە دەقە ئەدەبییەکان وا دەکات ئەدەب باشترین شوێن بێت بۆ دڕدۆنگی و بیرکردنەوە لە بەها ئاکارییەکان. دوور لە بێ ئاکاری و نا-ئاکاری، ئەدەب – وەک ئەوەی باتای ناوی لێ نابوو – پەیوەستمان دەکات بە سەرووئاکارییەوە (hypermorality). هەروەها، ئەدەب ڕووبەڕوومان دەکاتەوە لەگەڵ ئەو پرسیارانەی دەبنە هۆی بڕیاردان و ئەرکی ڕەخنەیییانەی جیاواز. ئایا ئایەتە شەیتانییەکان بەرهەمێکی نەگریسە؟ ئایا ئەو بەرهەمە نەگریسترە لە بەهەشتی ونبوو یان با بڵێین فڕانکنشتیانی (١٨١٨) ماری شێڵی (١٧٩٧-١٨٥١) یان خانووەکەی پاریسی (١٩٣٥) ئێلیزابێت بۆون (١٨٩٩-١٩٧٣)؟ گەر بە هەڵەشەیی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە ئەوا دەبێ چاو لە هێزی ئەفسوناوی ئەدەب بپۆشین و تایبەتمەندییە ئاکارییەکانی وەلا بنێین.
فەرمانی شەشەم: ئەدەب پیرۆزە
ئەوەش ڕوویەکی دیکەی دژبەیەکی ئەدەبە. وانەیەک کە دەبووایە سەلمان ڕووشدی لە ٦ی شوباتی ١٩٩٠ بۆ یادی هێربێرت ڕید (١٨٩٣-١٩٦٨) لە پەیمانگەی هونەری هاوچەرخەکانی لەندەن پێشکەشی بکات لەلایەن هاڕۆڵد پیتەرەوە (١٩٣٠-٢٠٠٨) خوێندرایەوە چونکە ئەو کاتە ڕووشدی بەهۆی فەتواکەوە نەیدەتوانی خۆی دەربخات. وانەکە بە ناوونیشانی ‘ئایا هیچ شتێک پیرۆز نییە؟’ بوو. وانەکەی ڕوشدی بەم شێوەیە دەست پێ دەکات:
هیچ شتێک لە خودی خۆیدا پیرۆز نییە… بیرۆکە، دەق و تەنانەت خەڵکیش پیرۆز دەکرێن نەوەک خودی خۆیان پیرۆز بن. لە زمانی ئینگلیزیدا وشەی پیرۆز (sacred) لە sacrare لاتینییەوە وەرگیراوە کە واتای “جیاکردنەوە بۆ بەپیرۆزدانان” دەگەیەنێت، بەڵام لە مێژوودا کردەی بە پیرۆز دانان ڕووداوێکی هەرە گرنگ بووە چونکە لە دەرئەنجامی گوشار و هەوڵ و تەقەڵای بێ وچانەوە هاتۆتە دی. هەروەها، ڕووداوەکانی مێژوو هەمیشە دەبێ ببن بە بابەتی گومانکردن، بنیاتشکێنی، و تەنانەت لە ڕمێن کەوتوویش.
دواتر وانەکە بەرەو ئەوە دەچێت گومان بخاتە ئەوەی هیچ شتێک پیرۆز نییە. ڕووشدی ئەوە دەخاتەڕوو ڕەنگە ناچاربێت “بیرۆکەی ئەوەی خەیاڵ سنووری نییە بە پیرۆز دابنێت لەگەڵ ئەو تێڕوانینانەی خۆی کە لەبارەی پەیوەندی نێوان جیهان، دەق و باشیەوە هەیەتی.” رووشدی بەردەوام دەبێت و دەڵێت پێویستە هونەر “پێناسەیەکی سێکیولاری بەرزەفڕمان” پێشکەش بکات. بەرزەفڕبوون لێرەدا بریتییە لە “فڕینی ڕوحی مرۆڤ لە دەرەوەی چوارچێوە ماددیەکەی و بوونە فیزیکییەکەی کە هەموومان، چ ئایندار بین چ بێ ئاین، لە کاتی جیاوازدا ئەزموونی دەکەین.” لە کۆتایی وانەکەدا ڕووشدی وا دەردەکەوێت لەم بۆچوونانەی خۆی لەبارەی هونەر و ئەدب پاشەکشە بکات. هەربۆیە ڕایدەگەیەنێت: “ئێستە خۆم وادەبینم کە پێویستە لە بیرۆکەی بە پیرۆزدانانی ئەدەب پاشەکشە بکەم چونکە ناتوانم قبووڵی ئەوە بکەم نووسەر وەک پیغەمبەرێکی سێکیولار ببینم.”
گۆڕینی بەردەوامی تێڕوانینی ڕووشدی لەم کورتە وانەیەدا، دژیەکی سروشتی ئەدەبمان بۆ دەردەخات. ئێمە وەک خوێنەر، قوتابی یان مامۆستا ڕەنگە زۆر لەژێر کاریگەریی بیری سێکیولاردا بین (یان بە شێوەیەکی تر بیڵێین، وا دابنێین ئاین گەورەترین نەگریسییە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، کە ئەوەش هەروەک دۆن کەپت (١٩٣٤-٢٠٢٥) ناوی نابوو “مەکینەی ڕق” زیاتر نییە). ئێمە چەندە بەلامانەوە گرنگە ئەدەب چییە، هێندەش بەلامانەوە گرنگە بزانین پیرۆزی چییە. کوشتنی هیتۆشی ئیگاراشی، وەرگێڕە یابانییەکەی ئایەتە شەیتانییەکان، لە ساڵی ١٩٩١ ئەوەمان بۆ دەردەخات کە چۆن هەنێک کەس کوێرانەی بڕیار لەسەر بەرهەمێکی ئەدەبی دەدەن بەوەی نەگریسە و کوفری تێدایە. ئەوانە بیریان چۆتەوە کە بەرهەمە ئەدەبییەکان زادەی خەیاڵی نووسەرن و نابێ خوێندنەوەی حەرفیانەی بۆ بکەین. بەڵام ڕەنگە ئەوە ئاماژە بێت بۆ پیرۆزی ئەدەب لەوەرگێڕاننەهاتووەکەیدا. ژاک دێریدا لەبارەی ئەمەوە لە ڕوانگەی نووسەر و فەیلەسوفی ئەڵمانی واڵتەر بنیامینەوە (١٨٩٢-١٩٤٠) دەنووسێت:
گەر شتێکی لەوەرگێڕاننەهاتوو لە ئەدەبدا هەبێت (یان بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەدەب لەوەرگێڕاننەهاتووە)، ئەوا مانای وایە ئەدەب پیرۆزە. گەر چ ئەدەب هەبن ئەوا پیرۆزە و پیرۆزاندن دەخوازێت. بێگومان، سەرەڕای هەموو نکۆڵی لێکردنێکمان، پەیوەندی ئێمە لەگەڵ ئەدەب بەم شێوەیەیە. پیرۆزاندنی ئەدەب ئەو کاتە دەست پێدەکات کاتێک یەکێک دەڵێت: ناتوانم ئەم دەقە ئەدەبییە وەک خۆی بگوازمەوە بۆ سەر زمانێکی تر، هەر هەوڵێکیش بدەم بۆ وەرگێڕانی ئەوە دەقە ئەوا بێهوودە دەبێت. کەواتە ئەم دەقە ئەدەبییە دەقێکی پیرۆزە.
زۆر جیاواز لەوەی ڕەخنەگرێکی ئەدەبی وەک تێری ئیگڵتن باوەری پێبوو، خوێندن و توێژینەوە لە بواری ئەدەبیدا (بۆ نموونە لە بەریتانیا) لە زۆر ڕووەوە وەک جێگرەوەیەک بۆ ئاین سەری هەڵدا. ئەدەب لە ئاوارتەیی بوونی خۆیدا پیرۆزە. تا ئەوکاتەی ئێمە ئەدەب بە ئاواڕتە و بێ هاوتا بزانین، جەخت لە وەرگێڕانی بکەینەوە و لەهەمان کاتدا باوەڕمان وابێت لەوەرگێڕاننەهاتووە ئەوا ئێمە سەروکارمان لەگەڵ پیرۆزیدا هەیە.
هەبیت یان نەبیت، ئەوە کڕۆکی پرسەکەیە[8]…
وەرزی تەمتومان و پڕ بەرهەمی و
هاوڕێی گیانی بە گیانی ڕۆژ[9]…
جووتبوونی سێکسی
لە ساڵی هەزار و نۆسەد و شێست و سێ دەستی پێ کرد[10]…
سەرچاوە:
An Introduction to Literature, Criticism and Theory, p. 161-169
[1] جۆن لێنن (١٩٤٠-١٩٨٠): گۆرانیبێژ و ئاوازدانەرێکی بەنێوبانگی بەریتانیایی بوو.
[2] ئاماژەیە بۆ ئەو دە فەرمانەی بەگوێرەی ئینجیل لەلایەن خواوە بۆ موسا نیردران. فەرمانەکان لەسەر دوو تاشە بەر نووسرابوون.
[3] ڕۆلاند بارت لە ساڵی ١٩٦٧دا وتاری ‘مردنی نووسەر’ی بڵاو کردەوە. وتارەکە دەنگدانەوەیەکی باشی بەدوای خۆیدا هێنا. لە وتارەکەدا بارت مشتومڕی ئەوە دەکات کە ئەوە خوێنەرە مانا بە دەق دەبەخشێت نەوەک نووسەری دەقەکە خۆی. بە واتایەکی تر پێویستە لە شیکردنەوەی دەقێکدا تەنیا پشت بە ژیاننامە و مەبەستی نووسەر نەبەستین.
[4] ئەناڕکی: دژە حکومەت و یاسا. پاشاگەردانی.
[5] ئەگنۆستیک: نازانم باوەڕ. بەو کەسە دەگوترێت نازانێ خوا بوونی هەیە یان نا و باوەڕی وایە بوون و نەبوونی خوا بە ئاسانی ناسەلمێنرێت.
[6] دەستەواژەیەکی فەڕەنسایییە بە واتای “خۆشی ژیان” دێت.
[7] یەکێک لە کارەکتەرەکانی ناو شانۆنامەی ئۆتێلۆیە. لە شانۆنامەکەدا ئیاگۆ ئۆتێلۆ فریو دەدات بەوەی ژنەکەی خیانەتی لێ کردووە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئۆتێلۆ ژنەکەی خۆی بکوژێت.
[8] دێڕێکی شانۆنامەی هاملێتی شكسپیرە
[9] ئەو دێڕانە هی شیعری ‘بۆ پایز’ی جۆن کیتسن
[10] ئەم دێڕانە هی شیعری ‘ئانووس میرابیلیس’ی فیلیپ لاڕکینن