ژنەفتن ژنەفتن
ڕانانی کتێب

چیرۆکی یەکلاکەرەوەی دکتۆرێک

ڕانانێک بۆ کتێبی (بنەماکانی نووسینی ئەکادیمی)

“چیرۆکەکە دوور و درێژە، بەڵام کۆتایییەکی پێشبینینەکراوی هەبوو بۆم، ئەگەرچی دکتۆرە بەڕێزەکە دەیزانی زۆرینەی خوێندکارەکانی لە شێوازی ئەو نیگەرانن، مەگەر تاک و تەرا یەکێک پەسنی بکات، بەڵام ئەو هێشتا لە ڕاستەڕێگەی باوەڕی خۆی لاینەداوە و بەردەوامە، کە لە هیی هیچ کەسی دیکە نەدەچوو. لەبارەی توێژینەوەی زانستییەوە دوو سێ وشەی پێکەوەبەستراوی هەبوو، دواجار بۆ من گرنگ بوون: ساڵانە بە لێشاو نامەی ماستەر، دکتۆرا و بەکالۆریوس دەنووسرێت، زۆربەیان کەوتوونەتە هەڵەوە و تەنیا بۆ تێپەڕاندن نووسراون، بۆیە بەلایەنی کەم دەشێ ئەو پێشنیازەم قبووڵ بکەن؛ چیتر کۆنامەکان لە ڕەفەی کتێبخانەکان جێگەیان بۆ نەکەینەوە، وا چاکە دروستەکان بێڵینەوە و ئەوانی تر نا، بەڵکوو تووڕهەڵیاندەین.”

ئەم وتارە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی (پێداچووونەوەی وەسفی/ Descriptive review) ئاوڕ لە ناوەڕۆکی کتێبی (بنەماکانی نووسینی ئەکادیمی) بداتەوە، دەیەوێت پاژەکانی کتێبەکە بکات بە سەنتڕاڵی خۆی و خۆی بە دوور دەگرێت لە (پێداچوونەوەی ڕەخنەی/ Critical review) کە ئامانج لێی لێکدانەوەی ناوەرۆکی کتێبەکە بێت بە شیوەیەکی ڕەخنەیی.

نووسین تەنیا ڕیزکردنی وشەکان لەسەر کاغەز نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی قووڵاییی هزری مرۆڤە لە ژیان و بواری زانستی. لە جیهانی ئەمڕۆدا، جیاکردنەوەی دەقی زانستی و ئەکادیمی لە دەقە باوەکان و نووسینی نائەکادیمی، بووەتە پێویستییەکی حاشاھەڵنەگر بۆ پێشخستنی کۆمەڵگەکان. لێرەوە، کتێبی (بنەماکانی نووسینی ئەکادیمی) لە نووسینی (د. فەرمان حەسەن) و چاپکراوی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کە خۆی لە سێ بەشی (٣٩٨) لاپەڕەدا دەبینێتەوە، دەبێتە سەرچاوەیەکی بەنرخ بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشایییە. ئەم کتێبە بە شێوازێکی چڕ، ڕۆشنایی خستووەتە سەر بەها و پێگەی نووسینی ئەکادیمی و جیاکردنەوەی لە شێوازە نائەکادیمییەکان. نووسەر لەم بەرهەمەدا بە وردی ئاوڕی لە ڕەگەزەکان و جۆرەکانی نووسین داوەتەوە، لەوانە: (توێژینەوەی زانستی، پێداچوونەوە بە کتێب، ڕەخنەی ئەکادیمی، نووسینی ژیاننامە، بنەماکانی دەستپاکی لە نووسین، دزیی زانستی (Plagiarism) و مەترسییەکانی.

جگە لەمانە، خاڵێکی هەرە گرنگی ئەم کتێبە ئەوەیە، کە پاژێکی تایبەتی تەرخان کردووە بۆ بابەتی گزیکردن و دزیی زانستی (Plagiarism) به‌شێوەیەکی گشتی، لەگەڵ خستنەڕووی ڕێگەکانی ڕێگریکردن لێی، ئەمەیش بۆ توێژەر، نووسەر و خوێنەری کورد لەم سەردەمەدا پێویستییەکی لەپێشینەیە.

وەک ئەوەی لە ماڵپەڕی (Justdone) ئاماژەی بۆ کراوە؛ گزیکردن چەمکێکە گشتگیر و گوزارشتە لە هەموو ئەو وەرگرتنانەی لە ئاستی (بیرۆکە و تێکست) بۆ کەسێک دەکرێت، بەبێ ئاماژەدان بەو سەرچاوەیەی لێیەوە هەڵیهێنجاوە؛ وەک گزیکردنی ڕاستەوخۆ، ناڕاستەوخۆ، خودی، پاڕافرێیزکردن و پێکەوەلکاندن. لە پانتاییی ئاوڕدانەوە بۆ ئەم بابەتە، تەنانەت ئاماژە بەوەش دراوە، دەشێت بەکارهێنەرانی (ژیریی دەستکرد)یش بە جۆرێک لە جۆرەکان خەریکی گزیکردن بن، چونکێ ناگەڕێنەوە بۆ سەر سەرچاوە ڕەسەنەکان و ڕاستەوخۆ ئەوە بەکار دەهێنن کە یەکێک لە مۆدێلەکانی (AI) پێشکەشی کردوون.

لە کتێبەکەدا، نووسەر وێڕای ئەوەی ڕژد و فراوان ئاوڕی لەم بوارە داوەتەوە، هاتووە بە بەشی جیا قسەی لەسەر جۆرەکانی کردووە و هۆکارەکانی دەستنیشان کردوون، وەک: هۆکارە خودییەکان، نەشارەزایی، بێتوانایی، ئارەزووی گەیشتن بە پلەی بەرز و چەندین هۆکاری تر (حەسەن: 2025، ل 304-305). پاشان باسی لە کاریگەرییەکان کردووە و ڕێگە و ئامرازەکانی ئاشکراکردنی (Plagiarism) نیشان داوە، وەک کۆمەڵێک پڕۆگرامی لە جۆری (Checkforplagiarism, plagScan, Grammarly, Qarent)  (حەسەن: 2025، ل 322).

    لە لایەکی ترەوە، نووسەر هەوڵی داوە لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ کۆمەڵێک دامەزراوی فەرمی وەک زانکۆکان و ناوەندە ئەکادیمییەکان جەخت لەوە بکاتەوە که (گزیکردن بریتییە لە تاوان)، بێگومان تاوانیش لەبەرانبەردا بێ سزا نییە و نابێت: “ئەو ناوانە گوزارشت لە تاوانێکی زانستی و هەڵەیەکی مۆڕاڵی گەورە دەکەن کە تێیدا کەسی گزیکار سنوورەکانی دەستپاکیی زانستی و ئەکادیمیی شکاندووە” (حەسەن: 2025، ل 283).

    لە (بنەماکانی نووسینی ئەکادیمی)دا بەر دوو چەمکی گرنگ دەکەوین، زۆرجار لای تاکی کورد بە یەک مانا بەکار هاتوون، ئەمانیش چەمکی (ژیاننامە/ (Biography و (بیرەوەری/  (Memoryنووسەر هاتووە بە وردی لای لە هەردوو چەمکەکە کردووەتەوە و جیاوازیی نێوانیانی خستووەتەڕوو، بەوەی؛ ژیاننامە، بریتییە لە دەقێکی نووسراو کە تێیدا وەسفێکی وردی ژیانی مرۆڤێک کراوە. بیرەوەری، بریتییە لە کۆمەڵێک ڕووداو کە لە ژیانی نووسەردا ڕوویان داوە و بە تەوەرێکی دیاریکراو بەیەکەوە بەستراونەتەوە.

blank

لە بواری نووسین، هاوتای وتار، وەرگێڕان و توێژینەوە، (پێداچوونەوە بە کتێب/ Book review) گرنگییەکی زۆری هەیە و بەردەوامیش هەموو گەل و زمانەکان ئاوڕی لێ دەدەنەوە. بۆیە لەم کتێبەیشدا بە وردی ئەوە ڕوون کراوەتەوە، کە دەبێت پێداچوونەوە بە کتێب چۆن بنووسرێت، پێکهاتەی بووک ڕیڤیوو چییە و دەبێت نووسەر خۆی لە چی بپارێزێت، لەگەڵ ئەویشدا نووسەر هەوڵی داوە بۆ هەر بەشێک لەو بەشانە وێڕای باسکردنی، جۆرێک لە هێڵکاریش نیشان بدات بۆ ئەوەی خوێنەر لە هەر ئاستێک بوو، دەرک بە بوار و پڕۆسەی نووسینەکەی بکات.

ئەگەر بە وردی لەم کتێب بنۆڕین، بە لەبەرچاوگرتنی لایەنە پێویست و خاڵە بەهێزەکانی، بەوە دەگەین؛ لایەنە بەهێزەکانی ئەم وتارە لەوەدا خۆیان دەبیننەوە، کە نووسەر بە شێوازێکی وەسفی و بەبێ لایەنگیری هیچ بۆچوونێکی دیاریکراو، ناوەڕۆک و پاژە سەرەکییەکانی کتێبی (بنەماکانی نووسینی ئەکادیمی) بۆ خوێنەر خستووتەڕوو و ڕوونی کردووەتەوە، بەتایبەت تیشکخستنە سەر بابەتێکی هەستیار وەک (Plagiarism) و جیاکردنەوەی چەمکەکان وەک ژیاننامە و بیرەوەری.

“دکتۆرە بەڕیزەکەمان قسەیەکی دیکەیشی هەبوو لەبارەی نووسین لەم سەردەمە، ئەو بۆچوونی وا بوو؛ زۆرینەی توێژینەوە  و نووسینەکان کێشەدارن، هەر وا بوونی ئەم هەموو زانستگەیە کاریسەیەکی گەورەیە، بەتایبەت لە ڕۆژگارێکی وەک ئەمڕۆ، کە ژیریی دەستکردە خەریکی کۆنتڕۆڵی گشتە، دۆخێکی دروست کردووە هۆشیار و ناهۆشیاری کردووە بە پاڵەوانی سۆشیال میدیا، دکتۆر بە هەمیشەیی جەختی لەو کۆنسپێتە دەکردەوە (خوێندەوار) و دەیگوت ( کاری ئەکادیمی و کۆمەڵگە تاکی خوێندەواری پێوەستە، بۆ ئەوەی باش بیر بکەینەوە، بۆ ئەوەی باش بنووسین و توێژیەوەی یەکلاکەرەوە پێشکەش بکەین، دەبێت خوێندەوار بین، بەڵامەکینێ پرسیارەکە ئەوەیە؛ خوێندەوار کێیە؟”.

ئەم پێداچوونەوەیە دەری دەخات کتێبی (بنەماکانی نووسینی ئەکادیمی) سەرچاوەیەکی بنەڕەتییە بۆ بەرەوپێشبردنی نووسینی زانستی لە ناوەندە ئەکادیمییە کوردییەکاندا و سەرجەم بڵاو کردنەوەکانی تر. نووسەر بە شێوازێکی زانستی و ورد، توانیویەتی تیشک بخاتە سەر پرسە هەستیارەکانی وەک دزیی زانستی و نیشاندانی  شێوازەکانی نووسین و دەستپاکی ئەکادیمی. بۆیە خوێندنەوە و پێڕه‌وكردنی ڕێنمایییەکانی ئەم کتێبە بۆ هەر توێژەر و نووسەر و کەسێک گرنگی خۆی هەیە.

سەرچاوە:

blank
دەربارەی نووسەر
گۆران سەمەد
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە