ژنەفتن ژنەفتن
چیرۆک

دوایین پشوو


ئەو مردبوو، نەک بە جەستە، بەڵکو بە ڕۆح، بە زمان، بە قسەکردن، واتە چاوەڕێ بوون بمرێت.

پزیشکەکە لێی بێ‌هیوا ببوو و وتبووی هیچم لە دەست نایەت و لەوانەیە حەفتەیەک، یان چەند ڕۆژی دیکە دڵی لە لێدان بکەوێت. نیگایەکی دڵتەنگی بوو. زۆر دڵتەنگ.

نەیدەتوانی قسە بکات، بەڵام ئاگای لێ بوو کە خەڵکانێکی زۆر بە دەورییەوە دانیشتبوون، بۆ دیتنی دوایین هەناسەکانی، بۆ ئەوەی شیوەن و گریانی بۆ بکەن، بۆ ئەوەی ماڵئاواییی هەتاهەتایی لێبکه‌ن.

بۆ چەند چرکەیەک خۆمم لە باتی ئەو دانا. ئاخۆم ئێستا چ هەستێکی بێت؟ ئێستا چۆن بیر دەکاتەوە؟ ئایا مەرگی قەبووڵ کردووە یان هێشتا پێی وایە کە زیندوو دەمێنێتەوە؟ نا نا… نیگاکانی هێشتا ژیانی تێدا بوو. وادیارە هێشتا پێی خۆش نەبوو بەدەم مەرگەوە بچێت.

گەرچی جەستەی بێ‌هێز بوو، بەڵام پەنجە ماندووەکانی بە ئەسپایی لەسەر بەتانییەکە هەر دەجووڵانە‌وه؛ وەک ئەوەی خە‌ریکی بادانی دەزوویەکی نەبینراو بێت، یان خه‌ریکی رستنی خەیاڵێک کە  جگە لە خۆی، کەس نەیدەبینی. لەو ساتەدا زانیم، ئەو مێژوویەکی درێژی کارکردنی لەگەڵ خۆیدا دەبردە ژێر خاک، بەبێ ئەوەی هەرگیز دەرفەتی ئەوەی هەبووبێت تەنیا جارێک دەستی بۆ پشوودان دابنێت.

دەیانوت داوای لە کوڕە گەورەکەی کردبوو کە بیبات بۆ لای پزیشکێکی دیکە. لە شارێکی گەورەتر.  پێی وابوو پزیشکەکانی شارە بچووکەکەی ئێمە زۆر شارەزا نین. هەڵبەت ڕاستیشی دەکرد. سەقز نه هێندە پزیشکی بە ئەزموونی هەبوو، نه خەستەخانەیەکی تەیار کە ئامێرە پێشکەوتووه‌کانی پزیشکیی تێدابێت، بوو. و زۆربه‌ی ئەو  نەخۆشانه‌ی نیازیان بە نەشتەرگەریی (قورس یان دژوار)، ببوایە، دەیانبردن بۆ تەورێز و ورمێ یان تەنانەت تاران. ئەی بۆ کوڕەکەی نه‌یده‌برد بۆ لای پزیشکێکی دیکە لە شارێکی گەورەتر؟ واتە گەر بە دوایین داواکاریی دایکی گوێی بدایه‌ و دایکی بە دڵێکی ناڕازی کۆچی دوایی نەکردایە، ئایا ویژدانی خۆیشی ئاسوودەتر نه‌ده‌بوو؟ ئایا بە خۆی نه‌ده‌وت لانیکەم تا دوا چرکەکانی ژیانی دایکم، بە قسەییم کردووە و هەرچی داواکاریی هەبوو خستومەتە سەر چاوم؟ بۆچی؟ 

خۆ ئەو موسوڵمان بوو. دایکیشی هەروه‌تر. مەگەر موسوڵمانەکان ناڵێن بەهەشت لە ژێر پێی دایکاندایه؟ ئایا بیری لەوە نەدەکردەوە  گەر دایکی بە دڵشکاوی کۆچی دوایی بکات، لەوانەیە خودا بیخاته دۆزەخەوە؟

واتە بۆ دەبێ له کات و ساتێکی وەهادا بیر لەوە بکاتەوە کە کارێکی ژیرانە بکات، خۆ دەزانێ بردنی دایکی بۆ شارێکی دیکە بێسوودە و تەنیا بەفیڕۆدانی پارەیە؟ ئەی نەدەبوو لەبەر دڵی دایکی، ناژیرانە‌ بیبات و وا بزانێ بڕێک پارەی فڕێ داوە؟

بۆ مەگەر خۆشەویستی چ شتێکی ژیرانەی تێدایە وا ئێستا ژیرانە بیر لە مەرگی دایکی دەکاتەوە و سوود و زیانەکانی لێک ده‌داته‌وه و دڵی دایکی شاد ناکات؟ خۆ دەزانم کێشەی پارەیشی نەبوو!

ڕەنگە گەر هاوسەرەکەت هێشتا زیندووبوایه ئەم داخوازیەتی بۆت ببردایه‌ته سەر. ئاخر نەمبیستبوو باسی خراپەی بکەی. بەڵام لەوانەیە ئەویش لە کوڕەکەت دڵرەق‌تر لەم ساتە وەختەدا بوایە. کێ دەزانێ؟

بەڵام بۆ دەبێ لە مێشکی مندا ئەم پرسیارانە سه‌رهەڵبده‌ن؟ لەوانەیە خۆشیان بیریان لەم بابەتانە کردبێته‌وه و وەڵامیشیان بۆیان ببێت. ڕەنگە هیچ وەڵامێکیشیان نەبێت…

بەڵام ئەو دوا نیگاکانی‌ دایە‌ی ئازیزم دێتەوە بیر. نیگایەکی ئێجگار خەمباری بوو. نیگایەک پڕ لە ئەفسووس و بێکەسی و نامۆیی. دەزانم کە چەندە سەختە چاوەڕێی مردن بیت و خزم و کەس و کارەکانت بە دەورتەوە دانیشتبێتن تا تۆ بمری. گەرچی هەموویان بە گریانەوە سەیرت دەکەن، بەڵام گریانیشیان بۆ تۆ نامۆیە…

بۆنی بێکەسی بە دەم‌وچاوییەوە دیار بوو. بە چاوە خەمبار و ماندووەکانییه‌وه کە تەمەنێکی زۆر ڕەنجیان کێشابوو. تەمەنێک لە گونددا هەموو کارەکانی ماڵی دەکرد. منداڵی گەورە دەکرد، له‌سه‌ر ته‌نوور نانی دەکرد، شیری دەدۆشی، مەشکەی دەژەند، دەسکەنەی دەکرد و هه‌موو ئەو کارە دژوارەکانی ژیانی لادێی ده‌کرد.

قەت نەحەسایەوە. دڵنیام لەوەی نەحەسایەوە. خۆ زۆریش بەساڵاچوو نەبوو کە تووشی ئەم شێرپەنجەیە بوو. نا نا گەر خودایەکیش ببێت، قەت ئەم ژنە مەینەتیەی خۆش نەویستوە و نەیهێشت لانیکەم لە تەمەنی پیریدا تۆزێک بحەسێتەوە. ئاخر ژیان بۆ ئەو هەمووی هەر ڕەنج بوو.

بەڵام نا نا… ڕەنگە  لە هیچکام له‌و کارانەی وا کردوویە‌تی بێزار نەبووبێت. هەرچیەک بێت ژنێکی زۆر بەتوانا بوو و دەیتوانی هەموو کارێکی ژیانی لادێیی بەڕێوە ببات و لەوانەیە ئەم هەموو تواناییە هەستێکی خۆشی ژیان و شادییەکی دەروونی پێ دابێت. وا هەستم دەکرد کە لە کاتی نانکردن لە سه‌ر تەنوورەکەدا سەیری سەمای ئاگرەکەی دەکرد و بە وردی لە دروستکردنی بەرهەمە هونەرییەکەی خۆی دەیڕوانی.

ئاخر باش لەبیرم نایەت ئەوم بە خەمباری دیبێت! لەوانەیە پیشانی نەدابێت کە خەمبارە. زۆر سکاڵای نەدەکرد لە ژیان. لەوانەیە زانیبێتی بۆڵەکردن بێسوودە و کەسێک نییە گوێی لێ ڕابگرێت. نازانم نازانم…

دوای چەند کاتژمێر چاوەڕوانی، ئاخری دڵی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ژیانی بەجێ هێشت. ژیانی بەجێ هێشت بۆ ئەوەی ڕەنگە لە بیرەوەرییەکانیشدا بسڕدرێته‌وه. وەک ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژانیش هەر نەبووبێت. ئاخر کێ ژنێکی کوردی لادێیی وا هەموو ژیانی زەحمەت و کار بووە، لە یادیدا ده‌مێنێتەوە؟ کێ؟ 

گەرچی هەموومان مەحکوومین بە لەبیرچوونەوە، بەڵام ئەو زووتر لە فڵان نووسەر یان ئەکتەر یان هونەرمەند یان هەر سێلێبریتییەک لە یادەکان دەچێته‌وه. نازانم دیسان و دڵنیا نیم…

دوای شۆردنی بردتیان بۆ مزگەوت تا نوێژی مردووت لەسەر بکه‌ن. له‌ یه‌کێک لەو  مزگەوتانەی وا قەت لەگەڵ ژنان میهرەبان نەبوون و ڕێگەیان پێ نەئەدان کە بڕۆنە ژوورەوە. ئاخر مزگەوتیش وەکوو هەموو ئاسەوارەکانی پیاوسالاری، پیاوانە بوو و تەنیا ڕەگەزی یەکەم دەیتوانی لەوێ بێت! بەڵام بۆ نوێژی ئاخر تۆیشیان برد بۆ ئەوێ دایەی ئازیز.

دوای نوێژەکە، پیاوە بە تەمەنەکان ڕۆیشتن و من مامەوە لای تەرمەکەت. تەرمی تۆ کە بەشێکی زۆر لە بیرەوەریی منداڵیمی داگیر کردبوو. ئەو کاتانەم وەبیر دێتەوە کە هاوینان بۆ ماوەی چەند حەوتوویەک یان مانگێک دەچووم بۆ دێهات و تۆ هەمیشە لەگەڵما میهرەبان بووی و ئاگات لێم بوو؛ کە نەکا کوڕەکەی شیرین تەڵخی لێ بچێت. با کاتێکی خۆش لە لادێ بباتە سەر.

بەڵێ، من بووم و تەرمی دایە ئازیز. هەستێکی نامۆم هەبوو. بیرم لە تەواوی بیرەوەرییەکانم کردەوە. ئەو بیرەوەرییانەی وا دایە ئازیز لەوێ بوو. زیندوو بوو. دڵم پڕ بوو و دام لە پرمەی گریان. ئاخر ئیتر ئەو تەنیا ئەم تەرمە بوو وا لە بەرده‌م من پاڵکەوتبوو. ئاخر چۆن شتی وا دەبێت؟ یانی ئیتر ناتوانێ قسە بکات و ئاگای له منداڵەکان بێت؟ مەرگ چەندە نامۆیە…

بەڵی دایە ئازیز تۆ مردوویت و کفنێکیان بە دەوری جەستەی بێ ڕۆحته‌وه پێچاوه و لە  تابووتێک نراوی تا بتبەن بۆ گۆڕستانی ئایچی.

بوەستە، با مژدەیەکیشت بدەمێ! لە کاتی دوا ئامۆژگاری مەلا لەسەر مەزارەکەت، تۆ بە ناوی دایکت دەناسرێیتەوە و منداڵەکانیشت بە تۆوە بانگ دەکەن. ئاخر پێم وابێت تەنیا لەوە دڵنیان کە ئەو کەسەی مردووە، منداڵی ئەو دایکەیە و زۆر ناتوانن دڵنیا بن لەوەی باوکی هەمان پیاو بێت وا بە باوکی دەیناسن!

بەڵام ئەمە چ سوودێکی هەیە بۆت؟ تۆ مردووی و بۆنی بیرچوونەوەت لێ نیشتووە. ڕەنگی بێ ڕەنگیت گرتووە[1].

بریا تەواوی ئەم ڕووداوانە گاڵتە بوایه‌تن و تۆ لەناکاو زیندوو ببوایته‌وه و هەستایتایە سەر پێ و بە هەموانت بوتایە ئەمانە هەموویان گاڵتە و درۆ بوونە و من هێشتا زیندووم. بەڵام نا نا… ئەم شتە قەت ڕوو نادات. ژیان زۆر دڵڕەق‌ترە لەوەی کە ئاوا شادمان بکاتەوە. مەرگیش تەنیا کۆتایی بە ژیانی مرۆڤ دەهێنێت و وێستگەی ئاخرمان پێ پیشان دەدات. وێستگەی ماڵئاوایی…

تۆ هێشتا لە بەرانبەر مندا بووی و من بیرم لەمانە دەکردەوە. بەڵام خۆ دەزانم ئەمانە تەنیا خولیاکانی منن و تۆیش تەنیا تەرمێکی کە ئیتر هەست بە هیچ دەردێک ناکەی. ئێتر ئێشت نییە و لە تەواوی ئەو نەخۆشییانە ڕزگارت بووە. تۆ ئیتر بۆ منداڵەکانت خەفەت ناخۆیت و لە کاتی خەمۆکییاندا ناڵێیت”دایکتان بمرێت”! ئەمە وێستگەی کۆتاییی ژیانتە. ئاخ کە چەندە هەستێکی نامۆم هەیە…


[1] – ئەم دوو ڕستەیە لە شێعرێکی شێرکۆ بێکەسەوە وەرگیراوە.

blank
دەربارەی نووسەر
هێمن ڕەحیمی
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە