بای زریان ئاسمانی تاریکی لە خۆ گرتووه
لە تەوژمی بەفر و بۆراندا گێژاوێکی گرژ سەری هەڵداوە!
بڕێک جار وەک گورگێک دەلوورێنێت و هەندێک جار وەک منداڵێکی ونبوو دەست دەکات بە گریان
هەندێ کات لەپڕدا بە پووش و پەڵای ڕزیو خشپە دەکات بە سەربانێکی پۆرتکاو،
جاری وههایش وەک ڕێبوارێکی بەجێماو، دەدات لە جامی پەنجەرە بە ناکاو!
کەلاوە چکۆلەی ئێمە خەمناک و تاریکە!
داپیرە! بۆچی وهها بە بێدەنگی پاڵت داوە بە پەنجەرە؟
ئاخۆ ماندووی بە دەنگەلوورەی ڕەشەباوە، یاخود وەنەوز دەدەیت بە نیوەگیان لەژێر ژاوەژاوی چەرخی ڕستن؟
با بخۆینەوە، ئەی یاری ئازیز! بۆ ڕۆژگاری گەنجی، هەژاری و بەفیڕۆچووم.
با لە خەم سەرخۆش بین – کوانێ شووشەی شەراب؟ لانیکەم دڵەکانمان هێور دەبن.
گۆرانییەکم بۆ بڵێ! سروودێک لەو بارەی کە چلۆن مەلێکی چریکێنەر بە هێمنی لە لێوارەی دەریادا دەژی.
گۆرانیی ئەو کچۆڵەیە کە بەیانیان بە دوای ئاودا دەڕوات.
بای زریان ئاسمانی تاریکی لە خۆ گرتووە.
لە تەوژمی بەفر و بۆراندا گێژاوێکی گرژ سەری هەڵداوە!
بڕێک جار وەک گورگێک دەلوورێنێت و هەندێک جار وەک منداڵێکی ونبوو دەست دەکات بە گریان!
هەندێ ساتیش لەپڕدا بە پووش و پەڵای ڕزیو خشپە دەکات بە سەربانێکی پۆرتکاو،
جاری وههایش وەک ڕێبوارێکی بەجێماو، دەدات لە جامی پەنجەرە بە ناکاو
ئەی دۆستی خۆشەویست! بۆ ڕۆژگاری گەنجی، هەژاری و بەفیڕۆچووم.
با لە مەی سەرخۆش بین! کوانێ جامی شەراب؟ بێگومان گیانێکی تازە دەبەخشێت پێمان!