ژنەفتن ژنەفتن
تەوەر و هەڤپەیڤین

گفتوگۆی گۆڤاری گرانیشی ئەرمەنی لەگەڵ (هیوا موسا) نووسەری ڕۆمانی کارگەی تەرمەکان

نووسەر سازدانی: ئەشخێن کێشیشیان
وەرگێر وه‌رگێڕانی: هیوا

هیوا موسا نووسەرێکی کوردە، ڕۆمانێکی لەسەر کۆمەڵکوژی ئەرمەکان نووسیوە، لەم بارەوە لەگەڵ نووسەر ئەم گفتوگۆیەمان سازکرد سەبارەت بە مێژوو، کات لە ڕۆمانەکەدا، پێویستی نووسین لەسەر کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان، مێژووی هاوبەشی کورد و ئەرمەن، هەروەها گواستنەی یادەوەریی مێژوویی لە ڕێگەی ئەدەب و رۆڵی ئەدەب لەم بارەوە، دواتریش خواستی وەرگێڕانی ڕۆمانەکە بۆ سەرز زمانی ئەرمەنی له‌گه‌ڵ چه‌ند سه‌رنجێكی تردا[1].

ئەشخێن کێشیشیان لە گۆڤاری ئەدەبی گرانیش[2]

blank
هیوا موسا

ئه‌شخێن: لەنێو دڵی ڕۆمانەکەتدا چیرۆکێک هەیە، کە تەنانەت قورسە وێناشی بکەیت، ئەویش چیرۆکی کەشتییەکە نزیک بە پەنجا هەزار تەرمی مرۆڤی هەڵگرتووە، پرسیارەکەم ئەوەیە ئایا ئەم چیرۆکە بوو کە تۆی ناچار کرد نەک تەنها گرنگی بە ڕووداوەکە بدەیت، بەڵکو وا بکات لە تۆ کە لەگەڵیدا بژیت بۆ ماوه‌ی چەندین ساڵ و لە کۆتاییشدا پەلکێشت بکات بۆ نووسینی ڕۆمانێک لەبارەیەوە.

هیوا: سەرەتا دەمەوێ گەرمترین سڵاو بنێرم بۆ هەموو خەڵکی ئەرمینیا، بەتایبەتیش بۆ ستافی ئەم گۆڤارە، هەروەها دەمەوێ بەڕاشکاوی ئاسودەییی خۆی دەربڕم کە ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ بەڕێزتان ئەنجام دەدەم، دیارە کە یەکەم گفتوگۆی بەندەیە لەگەڵ بڵاوکراوەیەکی ئەرمەنی.

سەبارەت بە پرسیارەکەت ئەوە دروستە کە نووسینی ڕۆمانێک لەسەر جینۆسایدی/ کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان ئه‌زموونێكی تازه‌ و تایبه‌ت بوو بۆ من، بەڵام خوێندنەوە و ئاشنابوون لەبارەی مێژوو، كولتوور، جوگرافیا و تەنانەت مێژووی نوێی تورکیا، کە بەشێکی گەورە لە شوێنی ڕوودانی چیرۆکی ڕۆمانەکەی هەڵگرتووە تازە نییە بۆ من. بەڵکوو ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ دوو-دەیەی پێشتر کاتێک لە بیستەکانی تەمەنمدا بووم بۆ یەکەم جار دەستم کرد بە خوێندنەوە لەبارەی ئەرمەنییەکانەوە چ لە بارەی کولتوور، نه‌ته‌وه‌، جوگرافیا و مێژووه‌كه‌یانه‌وه‌، هەروەها بوونیان لە تورکیای ئەمڕۆ و پەیوەندییەکانیان بە کوردەوە.

لەبەر ئەوە، دەتوانم بڵێم نووسینی ڕۆمانێک لەسەر ئەرمەنییەکان بابەتێک نەبوو کە جێگەی چاوەڕوانی نەبێت لای من. تەنانەت دەمەوێ پێت بڵێم کە نووسینی ڕۆمانێک لەبارەی کۆمەڵکوژی و سڕینەوەی گرووپە ئاینی / ئیتنیکی و نەتەوەیه‌كانی نێو هه‌میشه‌ تورکیا یەکێک بووە لەو پرۆژانەی كه‌ ئه‌ندێشه‌م پێوه‌ كردووه‌. بەڵام هەمیشە وه‌ك بیرۆكه‌، چاوەڕوانی چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشم کردووە، گەڕاوم بەدوای چیرۆکێکدا بۆ ئەوەی لەوێوە تێمای ڕۆمانەکەی لێوە بخەمەڕوو، ئەو پەیامەش بگەیەنم کە چەندین ساڵە پێیه‌وه‌ سه‌رقاڵم، خۆشبەختانە دوای نیوەڕوانێک کاتیک باران بەخوڕ لە شووشەی پەنجەرەکەی دەدا، ئا لەو کاتەدا خەیاڵم دەچووە سەر ئەو پاسارییانەی بەدوای لانە و جێگەیەکی گەرم و وشکدا دەگەڕان، ئا لەوکاتەدا من لە بەردەم شاشەی کۆمپیوتەرەکەمدا دانیشتبووم چاوم چووە سەر هەواڵێک کە کاتی خۆی لە ڕۆژنامەی نیورۆک تایمز و ڕۆژنامەیەکی مەسەدۆنیادا بڵاو کراوەتەوە، هه‌واڵه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بوو: کە لەسالی ١٩٢٤ کەشتییەک پاش ئەوەی ئاوەکانی تورکیای بەجێهێشتووە و گەشتۆتە بەندەرێکی یۆنانی، ئەو کەشتییە ٥٠،٠٠٠ واتە پەنجا هەزار تەرمی مرۆڤی بار کردووە. ئەمە بۆ من ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراو بوو کە دەوڵەتێک کارێکی وا بکات. بە بیرم دێت ئەوکات ئەم چیرۆکە لەگەڵ ئەو زانیارییانەی کە پێشتر هەمبوون لەسەر نەتەوەکانی ناو تورکیا، کەرەستەیەکی دەوڵەمەند بوون بۆ ئەوەی کار لەسەر ئەو ڕووداوە بکەم و بیكه‌مه‌ بیرۆكه‌ی سه‌ره‌كی و ئیدی ئەمانە منیان بردەوە بۆ ناو ڕابردویەکی دوور.

باش له ‌یادمه‌ ئەوکات بە بینینی ئەو هەواڵە بۆ ماوەی بیست خولەکێک تووشی شۆکێک بووم، وەک مارێک بچێتە سووڕی متبوونەوە من لە جێگەی خۆمدا سڕ بووم، تەنها بیرم لەو هەواڵە دەکردەوە. دواتر پێنووسەکەم هەڵگرت و بە خۆمم وت ئەوە ئەو چیرۆکەیە کە من ده‌مێكه‌ چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌م. بەڵێ ئەو چیرۆکە منی بردەوە بۆ ئەو ڕۆژگارەی کە تورکیای نوێ دروست دەکرێت، نەتەوەکانی تری وەک یۆنانییەکان، پۆنتۆسەکان، ئەرمەن، لاز، مەسیحی و جووەکان کۆمەڵکوژ و دەربەدەر دەکرێن. ئەمە سەرەتای چیرۆکی لەدایکبوونی  ڕۆمانی ”کارگەی تەرمەکان بوو”.

blank
ڕۆمانی کارگەی تەرمەکان، هیوا موسا ٢٠٢٢

ئه‌شخێن: زیاتر لە سەدەیەک به‌سه‌ر کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا تێپه‌ڕبووه‌، هەتا ئێستاش پێویستە له‌باره‌یه‌وه‌ بنووسین، تۆ بۆچوونت لەم بارەوە چییه‌، ئایا ئەدەب دەتوانێت چیمان پێ بڵێت لەسەر ئەم کۆمەڵکوژییە، لە کاتێکدا ڕاستینە مێژوویییەکانی ئەو کۆمەڵکوژییە ناسراون و لە بەردەستدان.

هیوا: وەک دەزانیت کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان یەکێکە لە دڕندانه‌ترین و بەربەریترین کۆمەڵکوژییەکانی جیهان. له‌ ساڵی ٢٠١٤دا له‌ كوردستان به‌شداری كۆنفڕانسێكم كرد، لەو کۆنفرانسەدا توێژەرێکی کورد توێژینەوەیەکی لەسەر کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان پێشکەش کرد، من بەشداریم کرد و وتم کە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان دوو ڕەهەندی هەیە، یەکەم: ئەرمەنەکان جارێک وەک نەتەوەیەکی جیاواز له‌ تورک و جارێکیش وەک مەسیحی کۆمەڵکوژ کراون، بۆیە کۆمەڵکوژییەکەیان هەم نەتەوەیییە هەم ئاینییە. لێرەوە دەمەوێ ئەوە بڵێم لەماوەی کۆمەڵکوژییکەدا زۆر تاکتیک و شێواز بەکار هێنراون، لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە هاتووه‌ کە چەندین منداڵی ئەرمەنی وەک تورک بەخێو کراون و دواتر کراون بە تورک و وه‌ک موسولمان گه‌وره‌ كراون. لەم بارەوە هەزاران هەن ئەمڕۆ خۆیان بە تورک دادەنێن، بەڵام بێئاگان لەوەی کە لە ڕاستیدا ئەوان ئەرمەنی بوون، ئەوان هیج لەبارەی ئەرمەنیبوون و مەسیحیبوونی خۆیانەوە نازانن. بۆ گواستنەوەی ئەم ڕاستییه‌ تراژیدییانه‌، ته‌نیا زانستی میژوو، خودی میژوو بەس نییە و هاوکاری تەواومان نابێت. چون مێژوو ناتوانێت وەک ئەدەب بچێتە قووڵاییی ئەزموونی کارەکتەرەکانەوە، مێژوو ناتوانێت ئەزموونی ناوه‌كی کچێکی ئەرمەنیمان بۆ بگوازێتەوە کە ئەتک دەکرێ و دواتر له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا کۆمەڵکوژ دەکرێ، وەک چۆن ”کارگەی تەرمەکان” تەنانەت ئەو چرکانەش تۆمار دەکات کاتێک میکایل ئەهیوا، ئه‌و کوڕە ئەرمەنییەی کە دەخرێتە سندوقێکەوە کاتێک بەدوای ڕزگاربونی تەرمەکانەوەیە، واتە خۆشی دەبێت بە تەرمێک-قوربانییەک، یان گرتنی قەشە ئانیۆس و دواتر ئەشکەنجەدانی و سووتاندی تەرمەکەی. لەبەر ئەمەیە ئەدەب بەتاییبەتیش ژانری ڕۆمان له‌پاڵ سینەمادا، دەتوانێت ژیانی ناوه‌وه‌ی کارەکتەرەکانمان بۆ ئاشكرا بكات، هەروەها وێنەیەکی دروست و متمانەکراوی ئەوەمان پشان بدات کە ڕوویداوە.

ئه‌شخێن: لە ڕۆمانەکەتدا، تراژیدیای ئەرمەنەکان، گریکە پۆنتیکەکان، پەیوەندییان بە کوردەوە باس كراوه‌، یاخود ئه‌وان لەگەڵ راستینەی کورددا ده‌رگیر ده‌بن، ئەوە دەزانم، کە کورد و ئەرمەن بۆ چەندین سەدە بە یەکەوە له‌سه‌ر هه‌مان خاك ژیاون، پێكه‌وه‌ بەشداربوون لە زۆر بۆنەی هاوبەشی کولتووری، ته‌نانه‌ت له‌ نۆرم و به‌ها فه‌رهه‌نگییه‌كانیشان هاوبه‌ش بووه‌ وەک هاوسێیەک، هەندێک جاریش ڕووداوی ئازاردەر لەنێوانیاندا ڕویداوە. لەم بارەوە تۆ وه‌ک ڕۆماننووسێک حەزدەکەی خوێنەری ئەرمەنی و کورد چی و چۆن تیبگات لەو پەیوەندییە ئاڵۆزەی کە لەنێوان کورد و ئەرمەندا هەیە.

هیوا: ئەمە پرسیارێکی سەرنجڕاکێشە و یەکێکە لە پەیامە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکەم: نیشاندانی پەیوەندییە مێژوویییە ڕاستەقینەکەی نێوان کورد و ئەرمەن. لە ڕۆمانەکەدا مەبەستم ئەوە بووە پەیامێک بگەیەنم کە مێژووی پەیوەندیی نێوان ئەرمەن و کورد بۆ زیاتر لە ٢٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. ئەوان نامۆ و بێگانە نەبوون بۆ یەکتری؛ زۆر هاوبەشییان هەیە لە دابونەریت و كولتووریاندا، وەک دراوسێ پێکەوە ژیاون و پەیوەندییەکی دۆستانەیان له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا پاراستووه‌. هیچ کام لەوان لە شوێنێکی ترەوە نەهاتبوون بۆ ئەناتۆڵیا / تورکیای ئەمڕۆ؛ بەڵکوو بە پێچەوانەی تورکەکانەوە ئەوان خاوەن و دانیشتووی ڕەسەنی ئەو خاکە بوون. نازانم تا چەند بە سەرکەوتوویی ئەم پەیامەم لە ڕۆمانەکەدا گەیاندووە، بەڵام هیوادارم سەرکەوتوو بووبێتم. هیوادارم خوێنەرە ئەرمەنەکان بێن و ئەم پەیوەندییە مێژوویییە تێبگەن، چونكە ئەگەر ئێمە دان بە پەیوەندییە دۆستانەکەی نێوان ئەم دوو گەلەدا بنێین، داهاتوومان دەبێتە داهاتوویەکی باشتر له‌ڕووی لێكتر تێگه‌یشتن، گەشەسەندن، ئاشتی و پێکەوەژیانی زیاتره‌وه‌. هەروەها باوەڕم وایه‌ دەبێت کاتێک خوێنەرە کوردەکان ڕۆمانەکەم دەخوێننەوە و تێدەگەن لەوەی کە ئەرمەنەکان یەکێکن لە دانیشتووانە ڕەسەنەکانی ئەو خاکە، ڕەنگە پەیوەندییەکی مێژووییی قووڵتر لەگەڵ ئەرمەنەکاندا بەدی بکەن بەراورد بە تورک یان عەرەب. ئەمەش لەبەر ئەوەیە، لەو کاتەی کە باپیرانی ئەرمەن و کورد مامەڵە و پەیوەندییان پێکەوە هەبووە، عەرەب و تورک هێشتا نەگەیشتبوونە سەر ئەم خاکە.

ئه‌شخێن: لە ڕۆمانەکەدا “میکایل” کە کوڕێکی ئەرمەنییە عاشقی کچێکی کورد دەبێت و دواتر  هاوسەرگیری لەگەڵ دەکات. ئایا ئەمە تەنها چیرۆکێکی خۆشەویستییە، یان ویستووتە پەیوەندییەکەیان بەکار بهێنیت بۆ باسکردن لە ڕاستی بوونی په‌یوه‌ندی، گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش و ئاشتەوایی لە نێوان ئەو دوو گەلەدا؟

هیوا: بێگومان، تەنها چیرۆکێکی خۆشەویستی نییە. چیرۆکی خۆشەویستیی نێوان زیلان، کە کچێکی کوردە، و میکایل، کە کوڕێکی ئەرمەنییە، ڕێگەیەکە بۆ دەرخستنی ئەوەی کە چۆن ئەم دوو گەلە بە ئاشتی پێکەوە ژیاون، چۆن بەسەر بەربەستە ئایینییەکاندا سەرکەوتوون و چۆنیش ڕێگەیان بە منداڵەکانیان داوە لەودیو سنوور و بەربەسته‌ ئایینی و نەتەوەیییه‌كانه‌وه‌ عاشقی یه‌كتری ببن و هاوسەرگیری بکەن. ئەگەر ڕۆمانەکە بخوێنیتەوە، تێدەگەیت کە چۆن پارێزگارێکی عوسمانی هەوڵیدا ڕێگری لە هاوسەرگیرییەکەیان بکات. بەڵام ئاپێ خانی، کە دەکاتە باوکی زیلان، وەکوو پیاوێکی کورد بەرگری لە پەیوەندییەکەیان دەکات لەبەردەم قازی عوسمانیدا. هەروەها بەرگری لە خێزانە ئەرمەنییەکەش دەکات. ئەمە هێمایە بۆ هێزی گفتوگۆی بەردەوام، پەیوەندییە ئاشتیخوازەکان و پێکەوە ژیانی نێوان ئەم دوو گەلە. لە لایەکی ترەوە، ڕۆمانەکە ئەوەش دەردەخات کە چۆن ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هەوڵی داوه‌ ئەم پەیوەندییە تێک بدات بە ڕاکێشانی سۆزی ئایینی و ئیسلامی.

ئه‌شخێن: ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە لە نێوان ساڵانی 1860 و 1924دا ڕوو دەدەن، کەچی تۆ رۆمانەکەت لە نێوان ساڵانی 2017 و 2021دا نووسیوە. کاتێک نووسەرێک لە ڕوانگەی ئێستاوە دەڕوانێتە ڕابردوو، تا چەند دەکرێت مرۆڤ نزیک بێت لە ڕووداوە مێژوویییەکان بێ ئەوەی بکەوێتە ژێر کاریگەریی ڕاستییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆوە؟

هیوا: بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پێم وایە هەر نووسەرێک، بەتایبەت ئەو ئەدیبەی ڕۆمانی مێژوویی دەنووسێت، پێویستی بەوەیە بە قووڵی ئەو مێژووە بخوێنێتەوە کە دەیەوێت باسی بکات. بۆ نموونە، وەکوو ئەوەی لە وەڵامی یەکەمدا بە کورتی ئاماژەم پێدا، پێش ئەوەی دەست بە نووسینی ئەم ڕۆمانە بکەم، خۆم نوقمی مێژوو، دەروونناسی و ئەزموونی گەلی ئەرمەن کرد لە سەردەمی کۆمەڵکوژیی ئەرمەندا. بە فراوانی لە بارەی ئەرمەنەکانه‌وه‌ ده‌مخوێنده‌وه‌ ئه‌مه‌ له‌پاڵ بینینی چەندین فیلمم لەسەر كۆمه‌ڵكوژی و تراژیدیاكه‌یان. بۆ نموونە، فیلمی (The Promise) یم سێ جار تەماشا کرد، و ئەوە ئیلهامێکی زیاتری پێ بەخشیم. هەموو ئەم ئەزموونانە یارمەتییان داوم نوقمی سەردەمی کۆمەڵکوژییەکە ببم. جگە لەوەش، من خۆم به‌ خوێنەرێکی جدی ده‌زانم لەسەر کێشە نەتەوەیییەکانی تورکیا، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە کورد، ئەرمەن، یۆنانییەکانی پۆنتۆس و مەسیحی و جوولەکەکانەوە هەیە. هەر بۆیە ناتوانم بڵێم کە بە تەواوی دابڕاوم لە واقیعه‌ سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆ. بەڵام هەوڵم داوە بیلایەن بم لەوەی لە میژوودا ڕوویداوە. ئەوەش دەزانم کە یەکەم نووسەری کوردەکانی عێراق و ئێرانم کە باسی کۆمەڵکوژیی پۆنتۆس و ڕاگواستنەکانی ئەوانم کردبێت. وەک خۆت باست کرد، من ڕۆمانەکەم لە ساڵی 1860 دەست پێ دەکات و چیرۆکەکەم تا ساڵی 1923 درێژ کردەوە. ئەمە قۆناغێکی چارەنووسساز بوو، کە تێیدا ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگ بووەوە کە بەشدارییان کرد لە ڕووخانیدا، لەوانەش شۆڕشە بەهێزەکانی بالکان دژی ئیمپراتۆریەتەکە، سەرهەڵدانی نەتەوەپەرستیی ئەرمەنی و گۆڕانکاریی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی بۆ دەوڵەت-نەتەوە لە ژێر کاریگەریی بزووتنەوەی نەتەوەییی تورکیدا/ تورکە لاوەکان.

ئه‌شخێن: تۆ لە چیاکانی كوردستانی عێراقدا دەژیت و لە هەمان کاتدا هەندێک جار لە ئیسپانیا – دوو جیهانی زۆر جیاواز. چیاکان، دەوروبەرت لە کوردستان و ئەزموونی ژیانکردنت لە ئیسپانیا چۆن شێوازی نووسین و بیرکردنەوەتی دەستکاری کردووە؟ ئایا شوێن دەتوانێت کاریگەری لەسەر نووسەر بەجێ بهێڵێت، ئەو چیرۆکە بگۆڕێت کە نووسەرێک دەیگێڕێتەوە؟

هیوا: بڕوانە، من کوڕی چیاکانم. لە تەمەنی دە ساڵییەوە لەنێو چیاکاندا ژیاوم. کاتێک لە گوندەکەمدا منداڵ بووم، زۆرجار بە چیاکاندا سەر دەکەوتم بۆ کۆکردنەوەی میوەی کێوی و ڕاوکردنی ئاژەڵی کێوی. لە شەودا هەندێک جار سەگمان بەکار دەهێنا بۆ دۆزینەوەی ئاژەڵی بچووک و دواتر دەمانکووشتن. ئەوە ڕابردوو بوو، ئیتر ئەو کارە ناکەمەوە. ئێستا لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومییەکاندا کار دەکەم بۆ پاراستنی سروشت، ئاژەڵان و ژینگە. بەڵام دەمەوێت پێت بڵێم کە پەیوەندییەکی زۆر قووڵم لەگەڵ چیاکاندا هەیە. من تەنها خۆشم ناوێن، بەڵکوو هەست دەکەم سەر بە ئەوانم. دەتوانم باسی ئەوە بکەم کە چەندە هەستی ئارامی، بەهێزی و بڵندیم هەیە کاتێک سەر دەکەوم بۆ سەر چیا. دەزانم ئەرمەنستانیش چیای سەرنجڕاکێش و ئاوی سازگاری هەیە. لە ڕۆمانەکانی ویلیام سارۆیاندا لەسەر دیمەنەکانی ئەرمەنستان خوێندومەته‌وه‌، بەتایبەت لە باسوخواسەکانیدا لەسەر جەنگ و چیاکانی ئەرمەنستان. هیوادارم ڕۆژێک دەرفەت بۆ منیش بڕەخسێت کە سەر بکەوم به‌ سەر چیایەکی ئەرمەنستاندا. کاتێک لە ئیسپانیا دەژیام، زۆرجار دەچوومە چیاکانی ئەوێش. ئیسپانیاش دیمەنی چیایی جوانی تێدایە. ئەم پەیوەندییە بە چیاکانەوە هەمیشە ئاراستە و ئیلهامی نوێی بە نووسینەکانم بەخشیوە. لە شیعرەکانمدا، چەندین هێمای چیا دەدۆزیتەوە. لە ڕێگەی ئەم هێمایانەوە، دەتوانیت پابەندبوونی منیش ببینیت بە پاراستنی خۆمان وەک نەتەوە، کۆمەڵگە و سروشتەکەمان. چیاکان منیان کردە کەسێکی بەهێز و خۆڕاگر. فێریان کردم چۆن خۆم و ئەوانی تر بپارێزم و چۆن بەرگری لە بەرامبەر سەختییەکاندا بکەم. وەک دەزانیت، چیا ڕووبه‌ڕووی بەفری بەردەوام، گەرمای توندی هاوین و بای بەهێز دەگرێت، وەستاوە و لەسەر پێی خۆیەتی. لەبەر ئەم هۆکارەیە، من باوەڕم وا دەبێت کە مرۆڤەکان، لە زۆر ڕووەوە منداڵی ژینگەکەی خۆیانن. لە ڕوویەکی دیکەوە، ئەو دوو ژینگە جیاوازەی کە تێیدا ژیاوم- کوردستان و ئیسپانیا – دەوڵەمەندیان کردووم و ئەزموونی جیاوازیان پێ بەخشیووم. خۆمم لە نێوان کولتووری مەسیحی و ئیسلامیدا بینیوەتەوە، لە نێوان عەقڵییەتی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی و لە نێوان پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییە جیاوازەکاندا. ئەم ئەزموونانە زۆر گرنگ بوون بۆ من وەک نووسەرێک چونکە دیدگایان فراوان کردم، خەیاڵیان دەوڵەمەند کردم و ڕێگەیان پێدام جیهان لە گۆشەنیگا كولتووری و کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانەوە ببینم.

ئه‌شخێن: گەر ئەمڕۆ، لە دوای نووسین و بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکە، بتوانیت چاوت بە یەکێک لەو کارەکتەرانە بکەوێت کە لەو تراژیدییانەی کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا ژیاون، دەتویست چیان لێیان بپرسیت؟ و لە بەرامبەردا، پێت وایە ئەو کەسایەتییە چ پرسیارێک لە تۆ بکات -کە لە ساڵی 2026دا دەژیت؟

هیوا: لە ئاپێ خانیم دەپرسی: «تکایە ئامۆژگاریمان بکە، چۆن ئەمڕۆ پەیوەندییەکی باش لە نێوان ئەرمەن و کورددا بونیاد بنێین، هەروەک چۆن تۆ سەدەیەک لەمەوبەر کردت؟» ئەو وەڵامەی کە لەو کەسایەتییەم دەکرد، ئەوە میکایل بوو کە پێی دەگوتم: «هەرگیز مەوەستە تاوەکوو چیرۆکە تراژیدییەکەمان بە جیهان دەگەیەنیت.»

ئه‌شخێن: ئایا پلانت هەیە ئەم ڕۆمانە، بە شێوازێک لە شێوازەکان، بۆ خوێنەرە ئەرمەنەکانیش بگوازیتەوە؟ بۆ نموونە، ئایا بە ئاراستەی ئەوە دەچێت کە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی یان ئەرمەنی وەرگێڕدرێت؟ و تا چەند بۆ تۆ گرنگە کە ئەم چیرۆکە بگاتە ئەو خەڵکەی کە ئازاری مێژوویییان لە چەقی ڕۆمانەکەتدایە؟

هیوا: وه‌ك نووسه‌رێک ئه‌وه‌ئامانجی منە و بێگومان ئەگەر ڕۆمانەکەم بۆ سەر زمانی ئەرمەنی وەرگێڕدرێت ئەوە دەبێتە ساتێکی مێژوویی بۆ من. لەم بارەشەوە دەمەوێ مژدەی خۆش بە خوێنەرانی ئەرمەن بدەم کە لە ساڵانی داهاتوودا ڕۆمانەکە بۆ هەردوو زمانی ئینگلیزی و ئەرمەنی وەردەگێڕدرێت.

ئه‌شخێن: چەند دانە لە ڕۆمانەکە تا ئێستا لە کوردستان چاپ کراون و فرۆشراون؟ چ جۆرە کاردانەوەیەکی هەبووە، پێشوازی خوێنەران چۆن بووە، خوێنەرە کوردەکان چۆن وەڵامی دۆخی ئەرمەنیی ناو ڕۆمانەکە و مامەڵەکردنت لەگەڵ کۆمەڵکوژییەکەیان دایەوە؟

هیوا: پرسارەکەت دوو لایەنی هەیە. یەکەم، تا ئێستا تەنها چاپی یەکەمم بڵاوکردووەتەوە، کە پێکهاتبوو لە 400 دانە. خۆشبەختانە، هەموو دانەکان فرۆشراون. 50 دانەم بۆ خۆم هەڵگرتووە، لە ئەوروپایە، هەر لەگەل بڵاوبونەوەیدا بردمە ئەوروپا، چونكە پلانم هەیە ساڵی داهاتوو لە ماڵی کوردی لە سوید و ئەڵمانیا لە کۆڕێکی ناساندندا بڵاویان بكه‌مه‌وه‌. سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکەت، من زۆر بەڕوونی  دەڵێم بەو فیدباکەکانە دڵخۆشم کە وەرمگرتوون. هەندێک لە خوێنەران پێیان گوتووم: «ئێمە لە پەیوەندییە مێژوویییەی نێوان گەلی کورد و ئەرمەنمان نەدەزانی، خۆشبەختانە ڕۆمانەکەت وێنەیەکی ڕوونتری لەسەر کۆمەڵکوژیی ئەرمەن پێبەخشین.» بەتایبەت خۆشحاڵم کە ڕۆمانەکە هانی خوێنەرە کوردەکانی داوە بۆ ئەوەی زیاتر لە مێژووی هاوبەش و پەیوەندیی نێوان کورد و ئەرمەن فێر ببن، هەروەها بۆ ئەوەی لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە بیر لە کۆمەڵکوژیی ئەرمەن بکەنەوە.

ئه‌شخێن: ئایا پلانت هەیە سەردانی ئەرمەنستان بکەیت؟ و ئەگەر وایە، ئایا پێت وایە ئەم ڕۆمانە ببێتە جۆرێک لە پرد لە نێوان کورد-ئەرمەن؟

هیوا: هێشتا پلانێکی تایبەتیم نییە بۆ سەردانی ئەرمینا. بۆ نووسەرێک، سەردانیکردنی وڵاتێکی تر تەنها بینینی باڵەخانە جوانەکان، شەقامەکان و شوێنە مێژوویییەکان نییە. بەڵکوو نووسەر، گەشتکردن وەک ئەزموونێکی کولتووری یان ئەکادیمیی مانادار دەبینێت، کە تێیدا نووسەران لەگەڵ ڕۆشنبیران و نووسەرانی تردا کۆ دەبنەوە، بیرۆکە ئاڵوگۆڕ دەکەن و بەشداری لە گفتوگۆدا دەکەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە، ئەگەر دەرفەتم هەبێت ئەوا سەردانی ئەرمەنستان دەکەم، هیوادارم نەک هەر سەردانی شوێنە مێژوویی و یادەوەرییەکان بکەم، بەڵکوو چاوم بە شاعیران، نووسەران و ڕۆشنبیرانی ئەرمەنیش بکەوێت. ئەگەر ئەم هەل و دەرفەتەم بۆ بڕەخسێت، زۆر خۆشحاڵ دەبم بۆ ئەوێ گەشت بکەم. جگە لە سەردانیکردنی شوێنە مێژوویی و یادەوەرییەکان، حەز دەکەم لەگەڵ شاعیران و نووسەران کۆ ببمەوە و سمینارێک لەسەر ڕۆمانەکەم پێشکەش بکەم. بەم شێوەیە، باوەڕم وایە کە ڕۆمانەکەم دەتوانێت ببێتە پردێک لە نێوان ڕۆشنبیرانی کورد و ئەرمەن و بەشداری بکات لە پەیوەندییە کولتوورییەکان و هاوکاریی داهاتووی نێوان نووسەران و هونەرمەندانی هەردوو کۆمەڵگە.

ئه‌شخێن: من پرسیارم نەما، دووبارە سوپاس بۆ ئەم دەرفەتەی کە پێت بەخشین.

هیوا: سوپاس بۆ ئێوەش، سوپاس بۆ ماندووبوونتان.

سه‌رچاوه‌: https://granish.org/hiva-musa-petk-e-vertsnem-grichn-u-grem/?fbclid=IwZnRzaAUps29leHRuA2FlbQIxMQBwZG9mBWZkaWQWUPZoUUSLlqIv7ftQlHahpXtB5knDCnNydGMGYXBwX2lkCjY2Mjg1NjgzNzkAAR7iaQzzQYVSqIwtTmWNdAbLjvrEFkjb4VBLg9zNELztlkEZuFWprNxDSfPKmA_aem_bavWuVZKm_a6R4wBKiyM1g


[1] ئەم گفتوگۆیە لە بنەڕەتدا بە زمانی ئەرمەنی لەلایەن نووسەر و ڕەخنەگری ئەرمەنی (ئەشخێن کێشیشیان) لەگەڵ ڕۆماننووسی کورد هیوا موسا ئەنجام دراوە. چاوپێکەوتنەکە تیشک دەخاتە سەر مێژووی هاوبەشی کورد و ئەرمەن لە ڕێگەی گێڕانەوەی ئەدەبییەوە لە نێو ڕۆمانی «کارگەی تەرمەکان»دا، کە لەم دواییانەدا لە گۆڤاری گرانیشدا بڵاو کراوەتەوە.

[2] گۆڤاری ئەدەبی گرانیش – granish.org : پلاتفۆرم و دەزگایەکی ئەدەبی سەربەخۆ و ناسراوی وڵاتی ئەرمینیایە، لە ساڵی ٢٠٠٩ لە شاری یەریڤان دامەزراوە. ئەم گۆڤارە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی ئەدەبیاتی هاوچەرخ، ڕەخنەی ئەدەبی، وەرگێڕانی شاکارە جیهانییەکان بۆ زمانی ئەرمەنی و ناساندنی نووسەرانی ناوچەکە بە خوێنەرانی.

blank
دەربارەی نووسەر
سازدانی: ئەشخێن کێشیشیان
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە