ژنەفتن ژنەفتن
شێوەکاری

٢٤ کاتژمێر پێرفۆرمانس

هونەرمەند ڕەنج حیکمەت

نووسەر ئاڤان سدیق
داگرتنی PDF

ڕەنج ‌حیکمت لە ڕێککەوتی ٢٦/٩/ ٢٠٢٦ دا، کارێکی پێرفۆرمانسی لە ژێر ناوونیشانی (٢٤ کاتژمێر پێرفۆرمانس) بە ئەنجام گەیاند. لە سەربانی بەڕێوبەرایەتیی ڕۆشنبیری کە دەکەوێتە ناو پانتاییی کارگەی کلتوورەوە. دەکرێت بڵێین سەربانی یەکێک لە باڵەخانەکانی کارگەی کلتوور لە شاری سلێمانی.

پێکهاتەی کارەکە:

١/ دیوارێکی کۆنکرێتی لە شێوەی پیتی (T) ڕێنووسی زمانی ئینگلیزی دروست کراوە.

٢/ سەقفێکی هەیە پێک دێت لە سەربانێکی بچووک کە تەنکیەکی ئاو، توالێتێکی (ڕۆژهەڵاتی کە بەپێچەوانەوە قاڵبکراوە بە بنمیچی سەقفەکەوە) کە دەلاقەی توالێتەکە کراوەیە و بە هیچ بۆڕیەکی ئاوەڕۆوە نەبەستراوەتەوە.

٣/  بەشی پێشەوەی دیوارەکە (توالێتێکی ڕۆژئاوایی، گڵۆپێک، پەیژەیەکی ئاسن) پێوە جێگیر کراوە.  دیوارێکی تر بەشی پشتەوەی دیوارەکەی کردووەتە دوو بەشەوە. بەشی یەکەم بۆری دووشەکەی بەشێوەیەکی (ناجۆر) دەچیتە سەر بانێۆیەکی خۆشووشتنەوە و عەلاگەیەک کە خاولی پیاهەڵواسراوە. بەشی دووەم کە دەکەوێتە ژێر سەربانی تەوالێتە ڕۆژهەڵاتییەکە بۆری بێ بەلوعەی پێوەیە لە کاتی بەردانەوە ئاوی بەخوڕی لێ دەڕوات.

٤/ قەرەوێڵەیەکی ئاسن.  

٥/ جەستەی پێرفۆرمەر، کە ماوەی ٢٤ کاتژمێر بێ ئەوەی هیچ بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بینەرەکانی هەبێت، ژیانی خۆی لەگەڵ ئەو شوێنە دروستکراوەدا دەکات.  

میز دەکات، گوو دەکات، خۆی ڕووت دەکاتەوەو خۆی دەشوات، دەخەوێت، پاڵ دەکەوێت. ئەم کردانە لە ماوەی دیاریکراوی پێرفۆرمانسەکە دووبارە دەکاتەوە.

بەدەر لە پێرفۆرمانسەکە پێکهاتەی ئەم کارە کۆنکرێتییە دروست کراوە بۆ خۆی دەکرێت وەک ئۆبجێکتێکی سەربەخۆی هونەری تەماشا بکرێت. لەلایەکی تریش داڕشتن و پێکهاتەکەی لە خزمەت  خستنەڕووی ناوەڕۆکی بیرۆکەکەدایە و لەگەڵ هەڵسوکەت و بەکارهێنانیدا واتای جیاوازتر وەردەگرێت.

ئەوەی جێی سەرنجە سەرەتای بیرۆکە و ئیلهامی ئەم کارەی لە هەمان ئەوشوێنانە بیری لێکراوەتەوە کە لەناو (توالێت، گەرماو، جێگەی خەو) لە فەزای ناوماڵدا.

کردەکان جیاوازی لە واتادا دروست دەکەن کاتێک فەزای داخراوی ناو (ماڵ دەگوێزریتەوە فەزای کراوە یان ڕاومی کلتووری.  

چەمکی شوێن دەبێتە بابەتێک لە هەناوی کار و گۆڕانکاری بیرلێکردنەوە لە خودی کردار و هەڵسوکەوتەکان کاتێک شوێنەکانیان دەگۆڕێت. بەتایبەتیش سەربانی دوو دامودەزگای گرنگی کلتووری لە ناو شاردا دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

بە واتایەکی تر، هونەرمەند ڕەنج حیکمەت سنوورەکانی نێوان هونەر و ژیان کاڵ دەکاتەوە و خودی ژیان بەو شوێنانەی پێمان وایە سادەیە وەک توالێت، گەرماو، قەرەوێڵەی خەو دەکاتە پرسیارێک کە پەیوەندی بە واتای کلتوورەکەوە لە چوارچێوەی کارەکەیدا پێکەوە دەبەستێتەوە، ڕۆتینەکانی ژیانی ناو ماڵ وەک نموونەیەکی بچووککراو لەگەڵ وێنە گەورەکەی کۆمەڵگا لە کۆنتێکستێکی ئەم پێرفۆرمانسەدا پێکەوە دەبەستێتەوە. هەر ئەو سووڕانەوەیەی بینەر بە دەوری ژیانی ٢٤ کاتژمێری کەسێک لە شوێنێکی کراوە لە ڕاستیدا تیشکخستنەسەر ڕۆتینەکانی ناوەوەیە کە هاوکات لە دەرەوەش خۆی نمایش دەکات و ماڵ و کۆمەڵگە و کلتوور بەرهەم دەهێنێت.

 هونەرمەند ڕەنج حیکمەت خۆی دەڵێت: لەناو ئەو سێ جێگەیەی ماڵدا جەستەی لەڕووی بایۆلۆژییەوە لە ئارامیترین دۆخیدایە (هێمنە، وردە، قووڵە، ڕوونە، تەنهایە) لە بیرکردنەوەکانیدا.  

هەریەک لە فەزا، کە (ماڵە) لەگەڵ کەرەستەکانی وەک (تەختی خەو، توالێت، گەرماو) هەریەک لەمانە لە شوێنە واقعییەکەی خۆیاندا (کاریان) هەیە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆ لە جەستەی بایۆلۆجی دەکات و بەوهۆیەشەوە کاریگەری لەسەر ئارامی و بیرکردنەوەوە دادەنێت، وە هەریەک لە کردەکان لە ڕووی سایکۆلۆجی و فەلسەفییەوە واتای  تایبەت بەخۆی هەڵدەگرێت، بۆ نموونە تەختی خەو: کاتێک کە باسی تەختی خەو دەکەین، زیندەخەو (نێوەند) هەیە لە ئاگایی و نائاگاییدا ناکرێت ئەو بەشەی پەیوەستە بە مەسەلەی ئاگایی و نائاگایییەوە فەرامۆش بکەین، کە کردەی هونەری خۆی بەرهەمهێنراوی ئەو نێوەندەیە. نیوە ئاگایی یەکێکە لە باسە گرنگەکانی فەلسەفە و ڕەخنەی هونەری و بەرهەمهێنانی هونەری، کە لە ڕوانگەی دەروونشیکارییەوە، سیگمۆن فرۆید پێی وابوو کە هونەرمەند ئارەزووە سەرکوتکراوە شاراوەکانی ناخودئاگا دەگۆڕێتە سەرکاری هونەری تا پەسەندکراو بێت لەلایەن کۆمەڵگاوە.

blank
ڕەنج حیکمەت، ٢٤ کاتژمێر پێرفۆرمانس لە سەربانی کارگەی کولتوور/ سەربانی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری، لە ڕێککەوتی ٢٦/٩/٢٠٢٦، فۆتۆ: هێمن کاکەیی، سەنگەر عەبدوڵا، ناز حەکیم. چاککردنی فۆتۆکان: بنار تاهیر.

هونەرمەند ڕەنج حیکمەت لە کارەکەیدا جەختی لەسەر پەسەندکردنی کۆمەڵایەتی نییە هیندەی جەختی لەسەر بەرەڵاکردن و ئارەزووی ڕووبەڕووبوونەوە هەیە، بەرامبەر دابونەریت و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان. خۆڕووتکردنەوە و خۆشوشتنەکەی نمایشێکی (ئێرۆتیکییانە نییە هێندەی ئارەزوویەکە بۆ ئازادکردنی ئارەزووی ڕووبەڕووبوونەوە. میزکردن بە نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان لە سەربانی دامودەزگای کلتووری و شکاندن و داڕماندنی ئەو دیوارانەیە کە کلتوور دروستی کردووە. لەو نێوەندەشدا پێشاندانی ئەو ڕۆتینە بێ بەهایانەیە کە ژیانی سادەی قورستر کردووە و بۆتە بارگرانی وەک بەردانەوەی ئاوی بەلوعەی خۆ شوشتنەکە لە سەربانەوە.

توالێت: لە ڕوانگەی دەروونشیکارییەوە پاشەڕۆ دەرکردن تەنها کردارێکی بایۆلۆجی نییە، بەڵکوو پەیوەندیی قووڵی بە گەشەی دەروونی مرۆڤەوە هەیە. لای لاکان، پاشەڕۆ دەباتە ئاستی سمبۆلی. گووکردن جیاکردنەوەی شتێکە لە جەستەی خۆت، کە پێشتر خۆراک بووە و بەچێژ بووە لە ڕابردوودا، بەڵام ئێستا بۆتە شتێکی بێزارکەر کە دەبێت لە جەستە بێتەدەرێ، ڕزگارمان بێت لێی. مانەوەی لە جەستەدا پیسە، بێزارکەرە، دەکرێت وەک یەکەم ئەزموونی مروڤ لەگەڵ چەمکی لەدەستدان سەیر بکرێت.

سلاڤۆ ژیژەک شێوەی ئاودەستەکان دەبەستێتەوە بە ئایدۆلۆژیاوە و دەروونشیکاری کۆمەڵگەکان کرداری گووکردن ڕەفتاری بەرامبەر پاشەڕۆ شتێکی بێمانا نییە لەوێوە لە کۆمەڵگە تێدەگەیت چۆن مامەڵە لەگەڵ شتە پیس و نەویستراوەکانیدا دەکات. بۆچوونەکەی ژیژەک یارمەتیمان دەدات بۆ خۆیندنەوەی هەردوو جۆرەکەی توالێتی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی لە کارەکەی ڕەنج حیکمەتدا .

ڕەنج حیکمەت دوو جۆر توالێتی داناوە توالێتی ڕۆژئاوایی و کە وەک خۆیەتی لەسەر زەوی جێگیرە و شوێنی خەزنی شاراوەی هەیە کە دەکەوێتەوە ناو شوێن کە ماڵە دروستکراوەکەیە، وەکوو هەڵگرەوەی بەرهەم کە دەچێتەوە هەمان ژێرخانی ماڵ، بە پێچەوانەی توالێتە ڕۆژهەڵاتییەکە کە پاشەڕۆی لەبەری دەڕوات و ناچێتە هیچ شوێنیک و هیج جێگەیەک لەناو ماڵدا لەخۆی ناگرێت تەنانەت ئاوەکەش کە پاشەڕووکە پاک دەکاتەوە هەر بەخوڕ لە بەری دەڕوات، کە زۆر لەگەڵ مامەڵەی ڕۆژهەڵاتیدا یەک دەگرێتەوە لەمامەڵەکردنی لەگەڵ شتە نەویستراوەکانی ناو هەناوی کلتووری خۆی. لە کاتێکدا لە کۆمەڵگەی ئێستای ئێمەدا هەردوو جۆرە توالێتەکە لە ژیانی ڕۆژانەماندا بوونی هەیە، لێرەوە پرسە کۆمەڵایەتییەکانی ناو هەناوی کۆمەڵگە دەچیتە ژێر پرسیاری قووڵ لە خۆی.

blank

ئەم کارەی ڕەنج درێژکراوەی هەمان بیرۆکەی هەپێنینگ و فلوکسوسە کە دادای لەسەر دامەزراوە و هونەری پێرفۆرمانسیش بەشێکی گرنگە لێی، لە بنچینەدا هونەری پێرفۆرمانس، دژی دامودەزگا و بازاڕی هونەرییە کە کردەیەکی کاتییە و لە سات و شوێنی تایبەتدا ڕوو دەدات و توانای هەیە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بینەردا دروست بکات، هونەر و ژیان لەیەک کات و شویندا پێکەوە دەبەستێتەوە.

لای خودی هونەرمەند ڕەنج حیکمەت، هونەری (خۆکار) وەک پێرفۆرمانسەکەی کە بەشێکی گرنگی کارەکە ڕیگەدانە بە پەیوەندیی نێوان خودئاگایی و ناخودئاگایی، هەوڵ دەدات ڕەوتی ئەقڵ دەستەمۆ بکات تا پانتایی بۆ ناخودئاگایی زیاد بکات و ئازادانە کار بکات، یان بیرۆکەکە پێچەوانە بکاتەوە، خاڵێکی تری گرنگ لەم کارەدا کە جێگەی هەڵوەستەکردنە لەم کات و شوێنەدا. خۆ ڕووتکردنەوەی تەواوە لەکاتی خۆشوشتنەکەیدا کە جووڵەیەکی ڕادیکاڵانەیە و یەکەمین جارە لەم پارچەی ژیانی ئێمەدا هونەرمەندێک بوێری خۆڕووتکردنەوەی تەواوەتی هەبێت لە بەرچاوی بینەردا، کە من وەک خۆم زیاتر وەک خۆداماڵین و خۆشوشتنەوەیەکی ئاگامەندانە لە کلتوور دەیبینم تاوەکوو جل داکەندن و ڕووتبوونەوە.

blank

رەنج حیکمەت پێش وەخت ئامادەکاری کردووە، کە سێ پانتاییی ماڵێک لە سەربانی باڵەخانەیەک لەژێر ناوی کلتووردا دووبارە بکاتەوە وە بڕیاریشە لەو سەربانە ژیانی خۆی بکات لەو٢٤ کاتژمێرە کە پێویستی کرد (میز بکات، گوو بکات، خۆی ڕووت بکاتەوە، خۆی بشوات و بخەوێت). بەڵام نازانێت لەو پانتایییە کە ماڵ نییە کە تەنها نییە کە سەربانی شوێنیکی بەناو کلتوورییە، چی چاوەڕوانی دەکات هەر ئەوە جەستەی بایۆلۆژی ئەو ڕووبەڕووی چی دەبێتەوە؟ (فشار یان ئارامی یان هیچیان هەوڵی هاوسەنگی؟).

لێرەوە ئەوەی ڕوو دەدات لە ژێر کۆنترۆڵ و پلاندا نییە. جەستە دەبێتە لابوورێک بۆ ڕووبەڕووبونەوە و بەرکەوتن بەوی تر، جا ئەگەر ئەوی تر نا خۆدئاگایی بێت یان بینەر بێت یان کەش و هەوا.

لێرەوە گەورەترین خاڵی جیاکەرەوە خودی (ئاتموسفیر، جێگەیە) کە پێرفۆرمەر چێتر تەنها نییە، لە ڕاومێکی نادڵنیایدایە، ئەوی تر بوونی هەیە.

مەبەست لەوی تر بینەرە. بینەر بەشێکی گەورەی لە بەشداربوون لەوپانتایەدا بەردەکەوێت، ئەگەر چی بەشداری چالاکی ڕاستەوخۆشی نەبێت، هەرجەندە ڕەنج حیکمەت هەوڵ دەدات بینەر کاریگەری بەسەر جووڵە و ڕەفتارییەوە نەبێت، وەک بینەر تێبینی ئەوەم کرد کاتێک دیوار لەوێدا نییە مرۆڤ هەوڵی دروستکردنی دیواری تر دەدات تا پارێزراو بێت، دیواری نەبینراو لە دەوری خۆی دروست دەکات بە دابڕینی خۆی لەوانی تر لە (کۆمەڵ) تا هەڵسوکەوتی نەبێتە پەرچەکرداری ئەوانی تر و بە ئارامی لە ژیانە سادەکەی بژیت.

ڕەنج حیکمەت، کەشێکی بیزارکەری مرۆڤ بەرجەستە دەکات کە تەمبەڵە، بە جێگەوە نووسانە، ڕۆتینی کوشندە، بێکاری و هەمیشە دووبارەکردنەوەی ڕۆتینەکانی ژیان. ماڵ وەک وێنەیەک بۆ ئارامی و لە هەمان کاتیشدا وێنەی پێچەوانەکەیەتی. دووبارەبوونەوە و ڕۆتین لەلایەک و تەنهایییەک کە مرۆڤ ڕاپێچی بیرکردنەوەی قووڵ دەکات لەلایەکی تر دەژێنێت.  

بە پێچەوانەشەوە کە  بەبێ بەرکەوتن بە دونیای دەرەوە خۆجوینەوەو خۆخزانە ناو جێگە واتە هەوڵ دەدات ئارامی و پێجەوانەکەشی بخاتە ژێر پرسیار و گومانەوە.

ڕەنج حیکمەت پەیوەندی لەگەڵ بینەر ناکات، قسە ناکات، هەوڵ دەدات سەرنجیش لەسەر کەس دانەنێت تا هاوسەنگی خۆی بپارێزیت، ئەو هەستەوەرەکانی کە بە دونیای دەرەوەی دەبەستێتەوە خۆی لێ داببڕیت. ئەو هەوڵ دەدات ئێمەی بینەر بەرێتە ناو دونیای کارەکەی.

بینەر بە دەوری ژیانی ٢٤ کاتژمێری و ماڵە دروستکراوەکەیدا دەسووڕێنێتەوە کە ئۆبجێکتێکی چوارلا کراوەیە، ئەمەش بابەتێکی سەرنجڕاکێشە کە لە ئێستای گەشەی کۆمەڵایەتیدا مرۆڤ بە تەماشاکردنی ژیانی ئەوانی ترەوە سەرقاڵە وەک بیرۆکەی بیگ برازەر کە بینەرەکان ئامادەییان هەیە چەندین کاتژمێر بەدیار ژیانی کەسانی ترەوە بەسەر ببەن.

بە گشتی بیرۆکەی کارەکەی لە (نێوان)دا کار دەکات

ئارامی (و)  دڵەراوکە

تەنهایی (و) ئەوی تر

ڕۆژهەڵات (و) ڕۆژئاوا

ئاگایی (و) نائاگایی

دامەزراوە (و) دژەدامەزراوە

دابونەرێت (و) دژە دابونەریت

تەمبەڵی (و) چالاک

blank
blank
blank

ئاڤان سدیق
دەربارەی نووسەر
ئاڤان سدیق
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە