بەر لە دەستپێک بەباشی دەزانم خوێنەری ئەم نووسینە لە چەند خاڵێک ئاگادار بکەمەوە، ئەم وتارە هەڵوێستەیەکی ڕەخنەییی بابەتییانەی کارێکی هونەریی هونەرمەند ڕەنج حیکمەتە، بە ناوی ٢٤ کاتژمێر پێرفۆرمانس کە لە کاتژمێر پێنجی ئێوارەی ڕێککەوتی ٢٦-٩-٢٠٢٦ تا کاتژمێر پێنجی ئێوارەی ڕێککەوتی ٢٧-٩-٢٠٢٦ لە یەکێک لە سەربانەکانی کارگەی کولتوور – سەربانی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری ئەنجام درا. وتارەکە بە شێوەیەکی بابەتی لە چەند ڕەهەندێکی جیاوازەوە هەر وەک فرەڕەهەندێتی کارە هونەرییەکە، هەوڵ دەدات خوێنەر نزیک بکاتەوە لە کارەکە و هەریەک لە ڕەهەندەکانی. بە دڵنیایییەوە لە بەربینەی تایبەتی خۆمەوە و بەدەر لە گرنگیدان بە زانینی ئەوەی خودی هونەرمەند لەم کارەدا ویستویەتی چی بە وەرگرەکانی بڵێت، هەر بەم هۆیەش هیچ پرسیارێک لە هونەمەند سەبارەت بە کارەکە نەکراوە، بەر لە هەر گفتوگۆ و قسەکردنێک لەسەر کارە هونەرییەکە و تەنها بە بینین و ئامادەبوونی بەردەوام لە کاتی جێبەجێکردنی کارەکە و وردبوونەوە لە ڕەهەندە هونەری و فەلسەفییەکانی ئەم وتارە دەنووسرێت.
بۆ وێناکردنی فۆرمی کارە هونەرییەکە سوود لە لێدوانی خودی هونەرمەند وەردەگرم، پاشان هەوڵ دەدەم لە ڕێی وشەوە وێنایەکی گشتگیر دەربارەی کەشی کارەکە و ڕووداوەکان بگوازمەوە. ئەو لە لێدوانی کارەکەیدا بەم شێوەیە فۆرمی کارکەی دەناسێنێت: “من، ڕەنج حیکمەت، پێرفۆرمانسێک ئەنجام ئەدەم، ماوەی ٢٤ کاتژمێر ئەخایەنێت. لە سەربانی کارگەی کولتوور ئەمێنمەوە، وردتر بیڵێم سەربانی وەزاراتی ڕۆشنبیری/ بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری. لەم سەربانە قەروێڵەی نووستن، ئاودەست، بانیۆ و دووشی حەمام ئامادەیی هەیە. پەیوەندی لەگەڵ بینەرەکانم ناکەم، تەنیا بەشێوەیەکی خۆڕسک ئەو چالاکییانە ئەکەم کە لەگەڵ ئەو کەرەستانەی ناوم هێنان ئەگونجێن… لە تەواوی ئەو مەودایەدا، پێرفرۆرمانسەکەم بۆ گشت خەڵک کراوەیە”.
کاتێک وەرگرەکان پێ دەخەنە سەر سەربانەکە، کات پێنجی ئێوارەیە، هونەرمەندەکە لەسەر قەرەوێڵەکە پاڵکەوتووە، پشتی لە وەرگرەکانە، تەنها جووڵە لە سەربانەکە بڵاوبوونەوەی ئەو وەرگرانەیە کە دێن و هەر یەکەیان سووچێک یان گۆشەیەک بۆ بینینی کارەکە هەڵدەبژێرن، ئەمە و گۆڕینی ئاڕاستەی پاڵکەوتنی هونەرمەندەکە، تاکە پەیوەندیی هونەرمەند بە وەرگرەکانەوە بریتییە لە بینینیان بە شێوەیەکی سروشتی دوور لە سەرنجدانی تایبەت، ئەو قەرەوێڵەیەی لەسەری پاڵکەوتووە وەک هەر جێگەیەکی دیکەی خەوتن دۆشەک و سەرینێک لەگەڵ بەتانییەکی لەسەرە، دووری نێوان وەرگرەکان و کارە هونەرییەکە لە چەند مەترێک تێپەڕ ناکات، لە ناوەڕاستی سەربانەکەدا و کەمێک لەولاتر ئۆبجێکتێکی نامۆی ئەندازەیی کە سێ دیوی هەیە و سەربانێکی بچووکی هەیە کە تەنکییەکی ئاوی لەسەر داندراوە و پەیژەیەکی پێوە پەیوەست کراوە، لە دیوێکی دیوارەکە دووشێکی گەرماو کە بە بەلۆعەکانی بە بنمیچەکەوە نووساون هەڵواسراوە بەشێوەیەک کە بۆ کردنەوەی ئاوەکە دەبێت بە پەیژەکەدا سەر بکەویت و بەلۆعەکان بکەیتەوە و بە هەمان شێوەش بۆ گرتنەوەی ئاوەکە، کە کۆتاییی دووشەکە دەچێتەوە سەر بانیۆیەکی گەرماو کە لە ژێریدا داندراوە. لە دیوەکەی تر تەوالێتێکی دانیشتن (ڕۆژئاوایی) هەیە لەگەڵ گڵۆپێک بۆ ڕووناککردنەوە لە شەودا و بەلوعەیەک بۆ دەست شتن. لە دیوی سێیەمی ئۆبجێکتەکە ئاوڕێژێکی ئاودەست (فڵەش بۆکس) هەیە لەگەڵ سیفۆنێکی تەوالێتی (ڕۆژهەڵاتی) کە بەپێچەوانەوە (بە هەڵگەڕاوەیی) بە سەقفەکەوە لە ئۆبجێکتەکەوە بە مەترێک یان تۆزێک زیاتر هاتۆتە دەرەوە، هەڵواسراوە.
یەکەم جووڵەی تێبینیکراو ئەو کاتەیە کە هونەرمەندەکە هەڵدەستێت و لەسەر قەرەوێڵەکە دادەنیشێت، پاشان بە پەیژەکەدا سەر دەکەوێت و دەچێتە سەربانی ئۆبجێکتەکە و بەلۆعەی دووشەکە دەکاتەوە و دێتەوە خوارەوە، لەبەردەم وەرگرەکاندا دەست دەکات بە لەبەرداکەندنی جلوبەرگەکانی تا ئاستی ڕووتبوونەوەی تەواوەتی، دەچێتە ناو بانیۆی گەرماوەکە و هەر بە پێوە دەست دەکات بە خۆشتن، دواتر بە خاولییەک کە لە هەمان دیو بە دیوارەکەدا هەڵواسراوە خۆی وشک دەکاتەوە و هەر بە خاولییەکە و شۆرتێکی ژێرەوە دەچێتەوە سەربانی ئۆبجێکتەکە بۆ گرتنەوەی ئاوەکە، بەم شێوەیە پاش ئەم خۆشتنە ئیدی زۆرینەی کاتەکان لەسەر قەرەوێڵەکە لەبەردەم وەرگرەکاندا پاڵکەوتووە بێ ئەوەی هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵدا بکات، لەو کاتانەی کە پێویستێتی بۆ میزکردن دەچێتە سەربانی ئۆبجێکتەکە و لە کونی سیفۆنە هەڵگەڕاوەکەوە میزەکەی هەڵدەداتە سەر سەربانی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری واتە ئەو باڵەخانەیەی کە کارەکە لە سەربانەکەیدا ڕوو دەدات، پاشان لە ڕێی ئاوڕێژەکەوە ئاو دەکات بە میزەکەدا بۆ پاککردنەوەی سەربانەکە. پاش تێپەڕینی کاتژمێرەکان ئیدی پێویستی بە بەکارهێنانی تەوالێتی ڕۆژئاوایییەکە دەبێت، کە ڕاستەوخۆ لەبەرچاوی وەرگرەکانیدا دادەنیشێت بۆ دەرکردنی پاشەڕۆی جەستەی. لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێردا چەند جارێک و بەپێی پێویستی و بەشێوەیەکی خۆڕسک ئەم کەرەستانە بەکار دەهێنێت. لە کۆی ئەو ماوەیەدا وەرگرەکان دێن و دەڕۆن و ئازادن لە هەر کاتێکدا ئامادە بن، تا ڕادەی ئەوەی دەتوانن بمێننەوە بۆ تەواوی ماوەی کارەکە.
لێرەوە دەچینە ناو خوێندنەوەیەکی فرەڕەهەندی شیکاری، وەک دەستپێکێک چەند ڕوانینێکی دیاردەناسییانە لەسەر کارە هونەرییەکە دەخەمە ڕوو، بەر لەوەی جەستەی هونەرمەند ئامادەیی هەبێت لەسەر سەربانی کارگەی کولتوور/ سەربانی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری، شتەکان تەنها کۆمەڵێک ماتریاڵی بێدەنگ و وەستاو بوون، لە ڕوانگەیەکی دیاردەناسییانەوە شتەکان (ئۆبجێکتەکان) لە خۆیاندا خاوەنی هیچ بەهایەکی بنەڕەتی یان پێشوەختە نین. ئەوان چاوەڕێی ئامادەیی و درککردنی بکەرێکی ئەزموونکەرەوە دەکەن بۆ وەرگرتنی مانا. بانیۆ، قەرەوێڵەی خەوتن یان تەوالێت چەند ئامرازێکن لە بۆشایییەکدا، بکەرێک دەتوانێت لە ڕێگای بەکارهێنان و ئەزموونکردنیانەوە ڕەهەندە دیاردەناسییەکەیان (واتە ئەوەی ئەو شتانە چۆن دەکەونە بەرچاو و ئەزموونی ئێمە نەک ئەوەی شتەکان لە خۆیاندا چین) بۆمان ئاشکرا بکات. بێگومان بە تەواوبوونی کارە هونەرییەکە و ڕۆشتنی ئەو بکەرە کە لەم کارەدا (ڕەنج)ە، ئیدی ئەو کەرەستانەی لە کارەکەدا بەکار هاتوون دەبنەوە کەرەستەی بێگیان، ئەمەش گرنگی جەستەی هونەرمەند بۆ بەهاپێدان بە کەرەستەکانی ناو کارەکە نیشان دەدات. جگە لە کاتی دەستپێک و ئامادەبوونی بینەر، دەستپێکی کارە هونەرییەکە کاتێکە کە جەستەی هونەرمەند دەبێتە چەقی ئەزموونکردنەکە، واتە کاتێک جەستەکە ئۆبجێکتەکان لە جووڵە و ئاکتەکانی تێوە دەگلێنێت. بە تێگەیشتنێکی (میرلۆ پۆنتی)یانە جەستە خودی ئەو میدیەمەیە کە جیهان لە ڕێگەیەوە بەرجەستە دەبێت. چونکە لای پۆنتی، ئێمە لە ڕێگای جەستەوە لە جیهاندا ئامادەییمان هەیە، بەم هەنجەتە دەکرێت بڵێین لە ڕێگای جەستەی (ڕەنج)ەوە وەرگر ئەزموونی کارە هونەرییەکە دەکات و پەی بە ئەرک کەرەستەکانیش دەبات.
کە ئەمەش ڕەهەندێکی مرۆڤناسیی کارەکەمان بۆ ئاشکرا دەکات، بەوەی (مرۆڤ) جیاواز لە زیندەوەرەکانی تر بوونەوەرێکی (خودنیگا)یە بەو واتایەی خودی خۆی دەبێتەوە بە بابەت بۆ خۆی، بە جۆرێکی تر مرۆڤ لە توانایدا هەیە پرسیار دەربارەی چیەتیی خۆی و بوونی خۆی لە ناو (هەبوو)ەکانی دیکەدا بکات، تەنانەت وردەکارییەکانی خۆشی ببنەوە بە بابەت بۆ بیرلێکردنەوە و پرسیارکردن، هەروەها لە کردەیەکی وەک ئەم کارە هونەرییەدا مرۆڤ لە توانایدا هەیە ئەزموونی بابەتەکانی خۆی بکات و ئاڵنگاری لەگەڵ دۆخە فیسیۆلۆجییەکانی جەستەی خۆی بکات.
لەم ۲٤ کاتژمێرەی کارە هونەرییەکەی تێدا ئەنجام دەدرێت جەستە نواندنەوەی هیچ شتێکی دیکە ناکات، هێندەی دەبێتە بکەری هونەری و مانا دەبەخشێتە کەرەستەکانی دەوروبەری. لە ڕێگەی ئەم ئامادەیییە بێ وەستانەوە، جەستەی هونەرمەندەکە لە ئۆبجێکتێکی پاسیڤ یان وێنەیەک بۆ بینینەوە دەگۆڕێت بۆ میدیەمێک کە لە هەوڵی دروستکردنی ڕووداودایە.
پرسیارێکی تر کە دەکرێت بمانباتە بەردەم یەکێکی تر لە ڕەهەندەکانی کارە هونەرییەکە، کە ئەویش ئەو ڕەهەندەیە کە کارەکە دەبێتە (هەڵوەشێنەرەوەی ڕۆتین) لەم میانەیەشدا پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئایا ئێمە بە بەردەوامی کردە سادە و ڕۆتینییەکانی ژیانی ڕۆژانە تێبینی دەکەین؟ هەرگیز ڕاماندەگرێت و پرسیارمان لا دروست دەکات؟ وەک ئەوەی لەم کارەدا دەبێتە جێی سەرنج.
کاتژمێرەکانی ژیانی مرۆڤەکان پڕیەتی لە کردەی دووبارەبووەوەی ڕۆتینی، کە بەشێوەیەکی بەردەوام ئەنجامی دەدەن، بەشێوەیەکی گشتی ئەو کردانە نابنە بابەتی بیرکردنەوە و پرسیارمان لا دروست ناکەن. ڕەنج زیرەکانە بەها بەم کردە ڕۆتینییانە دەدات وەک ئەوەی پێمان بڵێت: لە ناوەوەی ئێمە شتگەلێک ڕوو دەدەن بەشێوەیەکی خودکارانە کە ئەگەر تێبینییان بکەین دەکرێت ببنە بابەت بۆ بیرلێکردنەوە و لێکۆڵینەوە لەوەی چۆن وەک میکانیزمی بەرگری، جەستە و مێشکمان دەپارێزن لە شۆک و زەبرەکانی دەرەوەی خۆمان. ئاشکرایە کۆمەڵگەی سەرمایەداریی مۆدێرن، ژیانی ڕۆژانەی کردووە بە زنجیرەیەک کرداری بەش بەش کراو و دابڕاو لە یەکتر. مرۆڤ لەناو ڕۆتیندا تووشی کوێربوونی ئاگایی دەبێت، کردە بنەڕەتییەکانی ژیانی مرۆڤی لەدەست دەردەچێت، دەمەوێت سوود لە چەمکێک وەربگرم دەربارەی ئاگاییکردنەوەی ڕۆتین یان باشتر بڵێم هەڵوەشاندنەوەی ڕۆتین ئەویش چەمکی (گرنگی ساتەوەختەکان)ە، ساتەوەخت بریتییە لە ئەو چرکەساتەی کە تێیدا ڕووداوێک یان کردارێکی ڕۆژانە و ئاسایی، لە ڕێگەی ئاگایییەوە، لە ڕۆتینی بەکاربردن دادەبڕێت و دەبێتە ئەزموون.
ڕەهەندی پارادۆکسە بونیادییەکانی کارە هونەرییەکە یەکێکە لە ڕەهەندە هەرە گرنگەکان کە بۆ من دەکرێت بە هێڵێک هایلایتی بکەین و وەک جەوهەری کارە هونەرییەکە تەماشای بکەین، ئەم کارە هونەرییە زیاد لە پارادۆکسێکی لە هەناویدا هەڵگرتووە کە لە خۆیدا لە ئاڵنگاری مامەڵەکردندایە لەگەڵ ئەو دژیەکییە بونیادیانە، بەمەش داینامیکیەتێک بە کردەکە دەبەخشێت کە من بە وزەی بنەڕەتی کارەکەی ناو دەبەم.
ئەو سەربانەی کە کارە هونەرییەکەی تێدا ئەنجام درا، بووە مەیدانی بەیەکگەیشتن و بەیەکداکێشانی چەندین پارادۆکس کە لەم بەیەکداکێشانانەوە وەرگر ئەزموونی وەرگرتنی پەیامە ڕادیکاڵەکانی هونەرمەند دەکات. پارادۆکسی ئاستی بەرز و نزمی (ئەدریناڵین) لە هێمنبوونەوە و نزمبوونەوەی لە کاتی خۆشتن و خەوتن لە دژی بەرزبوونەوە و سترێسی ڕووتبوونەوە لەبەرچاوی بینەر، لێرەدا سەربانی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری دەبێتە گۆڕەپانێک بۆ پێکدادانی کۆمەڵێک جەمسەری پێچەوانە کە بە بەردەوامی هێڵەکانی ئەزموونکردن بەرەو لای خۆیان ڕادەکێشن.

لە لایەکی دیکەوە پارادۆکسی نێوان گشتێتی و تایبەتێتی، کردە ژیارییەکانی وەک (خەوتن، خۆشتن و دەرکردنی پاشەڕۆ)کە زۆرینەی جار لەودیوی دەرگا داخراوەکانەوە دوور لە سەرنجدانی چاوەکان ئەنجام دەدرێن، لەم کارەدا ڕاستەخۆ دێنە ناو چەقی بینینی وەرگرەکانی کارەکە، ئەوەمان بیر نەچێت کە هێنانی کردە شاراوەکانی جەستە بۆ بۆشایییەکی گشتی و بەرچاوی ئەوانی دی، بە جۆرێک تێکدانی سیستمی کۆنترۆڵکردنی جەستەیە، جەستەی ڕامکراو ئەو جەستەیەیە کە سیستەمەکە فێری کردووە کار و کردە تایبەتییەکانی خۆی وەک (میزکردن، خەوتن، ڕووتبوونەوە، خۆشتن) بباتە پشت پەردە و دەرگا داخراوەکان، تاوەکوو لە دەرەوەدا تەنها وەک جەستەیەکی بەرنامەڕێژکراو، بەرهەمهێن و گوێڕایەڵ ئامادەییی هەبێت. ڕەنج لەم کارەدا لە ململانێدایە لەگەڵ خۆی بە دەربڕینێکی دیکە (من)ی ناو دەروونی لە ململانێدایە لەگەڵ (منی باڵا)کەی، ئەو بەم کارە جگە لەوەی خۆی دەخاتە نێوان بەرداشی ئەو ئاڵنگاری و کێشمەکێشە دەروونییە، هەروەها بە ویست یان بێویستی خۆی وەرگرەکانیش دەخاتە ناو هەمان ململانێی دەروونی.
هەروها پارادۆکسی (پاسیڤبوون و کارایی) کردەی خەوتن کە لە ڕووی فیسیۆلۆجییەوە ناچالاکترین دۆخی جەستەی مرۆڤە، لێرەدا دەبێتە کردەیەکی ئەکتیڤ و ڕادیکاڵی هونەری. ڕەنج لە کاتی خەوتنیدا کۆنترۆڵی جەستەی لەدەست دەدات، بەڵام ڕێک لەم بێئاگایییەدا بینەر ناچار دەکات بێتە ناو درککردنی شوێنەکەوە و ئەزموونی ئامادەییی ئەو جەستەیە بکات کە لەبری ئەوەی خەریکی بەرهەمهێنانی کاری هونەری بێت، خۆی دەبێتە کارە هونەرییەکە.
ڕەنج لەم کارەدا بە مەبەست بڕیار دەدات پەیوەندیی لەگەڵ وەرگرەکان نەکات، ئەمەش رەهەندێکی تری کارەکەیە، کە من بە (داماڵین لە کەسایەتی کۆمەڵایەتی – دیپێرسۆناڵیزەیشن) ناوی دەبەم، دەکرێت ئەمە یارمەتیدەر بێت لەوەی کە بتوانێت ئاستی سترێسی ئەو لەهەمبەر کردە سروشتییەکان کە بەرامبەر بە وەرگرەکان ئەنجامی دەدات کەم بکاتەوە، دابڕانی بە مەبەست لە پەیوەندیی لەگەڵ وەرگردا، ڕەنج لە ناوونیشانە کۆمەڵایەتییەکانی دادەماڵێت و دەیگۆڕێت بۆ هونەرمەندی پەتی، ئەمە وادەکات لەناو کارە هونەرییەکەدا چیدی ئەو (ڕەنج) نەبێت بە تەنها، ئەو هاوڕێ و مامۆستا و برا و خزمی هیچ کام لە وەرگرەکان نەبێت، بەڵکوو تەنها هونەرمەندێکە کە خەریکی کارێکی هونەرییە و پێرفۆرمەنس دەکات بۆ ماوەی ۲٤ کاتژمێر لەسەر سەربانێک لە کارگەی کولتووردا. ئەمەش خەرمانەیەک بە دەوری ئەودا دروست دەکات کە بێگومان خەرمانەیەکی بێڕەنگ و وەهمییە بەڵام وا دەکات بینەرەکان ئاسانتر کردە ناباوەکانی کە لەبەرچاویاندا ڕوو دەدات، قبوڵ بکەن، هەڵبژاردنی دابڕانی بە مەبەست لە پەیوەندیی لەگەڵ وەرگر بژاردەیەکی ژیرانەیە، چونکە ئەگەر لە کاتی (پێرفۆرمانس)ەکەدا هێشتا لە پەیوەندیدا بووایە لەگەڵ وەرگرەکانی، کارەکە لە سیحرەکەی دادەماڵدرا. ڕادەی پەرچەکرداری وەرگر بەرامبەر بە کردەکان بەتایبەتیش کردەیەکی وەک ڕووتبوونەوە کە هێشتاش یەکێکە لە (تابوو)ەکانی کۆمەڵگە، لە چاوەڕوانییەکانم گەلێ ئاساییتر بوو، ئەمەش دەگەڕێنمەوە بۆ هێزی کۆنتێکستی هونەر کە وەرگرەکان بە جیاوازی بیر و بڕوای ئایدۆلۆژی و ئاینییانەوە، ئاگاییان بەرامبەر بەوە هەیە کە ئەم کردەیە لە ناو چوارچێوەی کارێکی هونەری و لە کۆنتێکستی هونەردا ڕوو دەدات، بۆیە هەرچەند کارێکی باو نەبێت وەلێ ئامادەن وەک ئەوەی کە هەیە وەریبگرن.

ڕەهەندی ڕەخنەییی کارە هونەرییەکە ناکرێت لەبەرچاو نەگیرێت، بۆ من کارەکە بە شێوەیەکی توند ڕەخنەیییە. ناتوانم تێبینیی ئەو وردەکارییانە نەکەم کە لە ڕووداوە وردەکانی پێرفۆرمانسەکەدا ڕوو دەدەن و ڕەخنەی خۆیان بەیان دەکەن، وەک دەڵێن: شەیتان لە وردەکاریدایە. دەپرسم بۆچی هونەرمەند ڕاستەوخۆ میزەکەی فڕێدەداتە سەر سەربانی بەڕێوەبەرایەتییەکی فەرمی کولتوور؟ ئەم ئاکتە بەکارهێنانی وردەکارییە جەستەیییەکانە وەک چەکێک نەک تەنها بۆ ڕەخنەکردن بەڵکوو دەگاتە ڕادەی (میزپیاکردن). بێگومان ئەگەر ئەم دەستەواژەیەم لێ قبوڵ بکەن، کە جگە لە ڕەهەندە فیسیۆلۆجی و سێکسۆلۆجییەکەی، لە هەندێک لە کۆمەڵگەکاندا بگرە لە زۆریاندا (میزپیاکردن) وەک ئەوپەڕی سووکایەتیپێکردن یان ئەوپەڕی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە شتێک یان کەسێک یان شوێنێک بەکار دەبرێت. ڕەنگە ڕەنج بە مەبەست ئەو کارەی نەکردبێت بەڵام هێشتاش ئەمە وا ناکات خوێندنەوەی ئەو ڕەهەندە لە ڕێی ئەو کردەیەوە بەتەواوەتی هەڵە بێت. ئەمە دژ وەستانەوەیە بەرامبەر (پیشەسازیی کولتوور). ئەم چەمکە کە ئادۆرنۆ و هۆرکهایمەر لە کتێبی (دیالێکتیکی ڕۆشنگەری)دا ناوی دەبەن، ئەوان پێیان وایە لە سیستمی پیشەسازی کولتووردا، هونەر لە ئەزموونێکی بەئاگاهێنەرەوەی ڕووداودروستکەرەوە دەگۆڕدرێت بۆ کاڵایەکی سڕکەر و بەرهەمهێنەری چێژی پەتی. وا دەزانم میزپێداکردن بە باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتییەکی فەرمی لەناو دامەزراوەیەکدا بەناوی (کارگەی کولتوور) بەیانکردنی ئەوپەڕی ناڕەزایەتییە تا ڕادەی میزپێداکردن، بەڵام لە کوێوە؟ لە ناوەندی کارێکی هونەرییەوە کە لەبری ئەوەی بانگهێشتی وەرگرەکانی بکات بۆ (چێژ) ئەوان کۆ دەکاتەوە تا شاهێدی ڕوودانی وەها ڕووداوێکیان بکات کە بریتییە لە (میزپێداکردن بە پیشەسازیی کولتوور)دا.
لە لایەکی دیکەوە ئاشکرایە کە بۆنە و پێشانگاکانی ناو سیستمی پیشەسازیی کولتوور هەمیشە کار لەسەر دروستکردنی هەیەجان و ورووژاندنی وەهمی دەکەن، بەمەش ئاستی ئەدریناڵینی وەرگرەکان بەرز دەکاتەوە تا لە دۆخی بەکاربەریدا بیانهێڵێتەوە.
بەپێچەوانەوە ڕەنج بە مەبەست هێڵی گەیاندنی چێژی ڕووت دەپچڕێنێت، کارەکەی لە شوێنکاتی جێگیر و نۆرماتیڤی (پێشانگا) دادەماڵێت، چونکە پێشانگا لە بونیادی مۆدێرنی خۆیدا شوێنێکە بۆ نمایشکردنی کار (کاڵا)ی تەواوبوو، بەڵام لەم کارە پێرفۆرمانسەدا کاتێک بۆ یەکەم جار وەرگرەکان دێنە سەربانەکە هێشتا نەک هیچ شتێک تەواو نەبووە بگرە هیچ شتێک دەستی پێ نەکردووە. بڕیارە پاش کەمێکی تر ڕووداوێک لە شێوەی (ئیڤێنت) ڕوو بدات. لە بری بەرهەمێکی هونەری قابیلی فرۆشتن یان تێڕامانی چێژبەخش، کارەکە دەبێتە پرۆسەیەکی زیندوو کە تێیدا کات، جەستە و شوێنەکە بەیەکەوە ڕووداوێک لە ساتەوەختی ئێستادا دەهێننە بوون.
لایەنێکی دیکە کە بۆ من بەتەواوەتی لەگەڵ ڕەهەندی ڕەخنەییی کارە هونەرییەکەدا یەک دەگرێتەوە، بریتییە لە سەربەخۆیی لە ڕووی (تێچووی دارایی) پرۆژەکەوە، ئازادیی بیری ڕەخنەگرانەی هونەرمەند لەم کارە هونەرییەدا جگە لە ئاستی چەمکسازی و هەڵبژاردنی شوێن، لە ڕاستگۆییی بەرامبەر بە باوەڕەکانیشیدا ڕەنگ دەداتەوە، لە کاتێکدا کە ئێستای جیهانی هونەر سەرڕێژە لەو هونەرمەندانەی کە هونەر وەک ماشێنێک بۆ وەدەستخستنی دەستکەوتی دارایی بەکار دەهێنن، ڕەنج بڕیار دەدات تەواوی کارەکە لەسەر ئەرک و بودجەی تایبەتی خۆی بە ئەنجام بگەیەنێت، ڕەتکردنەوە و هەوڵنەدان بۆ وەرگرتنی (فەند) لە دامەزراوە حیزبی و حکومی و ڕێکخراوەیییەکان، گەرەنتی باڵادەستی سەربەخۆییی ئەوە لە بڕیاردانی هونەری لە کارەکەیدا، ئەوەمان لەبیر نەچێت بەشێوەیەکی گشتی خۆبەدوورگرتن لە سەرمایەی ئابووریی دامەزراوەیی، دەبێتە مەرجی بنەڕەتی بۆ پاراستنی سەربەخۆیی(ئۆتۆنۆمی)ی نێوکۆی هونەر. ئەو لە ڕێی بڕیاری بەئەنجامگەیاندنی کارەکەوە لەسەر ئەرکی تایبەتی خۆی، ڕێگە نادات هیچ دەسەڵاتێک هێڵەکانی سانسۆر یان هەژموونی خۆی بەسەر ئامانجە ڕادیکاڵە ڕەخنەیییەکانی کارەکەدا بسەپێنێت. ئەم ڕاستگۆیییە لەگەڵ باوەڕەکانی خۆیدا وا دەکات توندی ڕەخنەکانی خاوێن و بێ سازش بمێننەوە.

لە کۆتاییدا ئەوەی لەبارەی ئەم کارە هونەرییەوە دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە لە دوای ئەم ٢٤ کاتژمێرەی سەر سەربانەکە، تێگەیشتن بۆ هونەری پێرفۆرمەنس لەناو کۆنتێکستی هونەری هاوچەرخی کوردیدا دووچاری وەرچەرخانێکی بنەڕەتی دەبێت. ئەگەر تا پێش ئەم کارە، بەکارهێنانی جەستە لە کاری هونەریدا لە سنووری دەربڕینی سیمبۆلی و ئاماژەی پارێزراو و جەسارەتی فۆرمیدا دەسووڕایەوە، ئەوا لەم کارەدا ڕووتبوونەوەی بێپەردەی هونەرمەند لەژێر نیگای ڕاستەوخۆی بینەردا، هەڵوەشاندنەوەی ئەو بۆشایییە ئارامە بوو، بە بڕیاری بەزاندنی ڕاستەوخۆی سنوورەکان. ئاخر شکاندنی (تابوو) تەنها لە ڕێگای تێکشکاندنی سنوورەکەیەوە درک دەکرێت. ئەگەر وەک زیادەڕۆیی و پەسنکردنێکی زیاد لە سنوور لێم وەرنەگرن پێم وایە ئەم کارە توانستی هونەری لە کوردستاندا لە ئاستێکی لۆکاڵییەوە فڕێدەداتە ناو مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە جیهانییەکانی هونەر لە نێویشیاندا میدیەمی پێرفۆرمانس.
ئەم کردە هونەرییە، ئەرکی سەرشانی کارەکانی دوای خۆی بەشێوەیەکی نائاسایی قورس دەکات، چونکە ئاستی داواکاری و ئاگاییی وەرگرەکان سەرلەنوێ پێناسە دەکاتەوە، هەر پێرفۆرمەنسێک کە لە کوردستان بە دوای ئەم بەرزبوونەوە ڕادیکاڵەی ئاستی جەسارەتدا بێتە کایەوە، بەرپرسیارێتیەکی زیاتری لەسەر شان دەبێت بەوەی پێویستە لە تەنها دەربڕینی سیمبۆلیدا کورت نەبێتەوە، جەستە چیدی ئامڕازێک نەبێت کە وەک یەکێک لە ئامڕازەکانی ناو کارە هونەرییەکە دەربکەوێت بەڵکوو لە توانایدا هەبێت خودی خۆی کارە هونەرییەکە بێت، بەڵکوو ژیانیش بدات بە شوێنەکە و ماتریاڵە بەکارهاتووەکان. بە جۆرێک مێژووی ئەم میدیەمە هونەرییە (پێرفۆرمەنس) پێش ئەم کارە و دوای ئەم کارە، هەرگیز وەک یەکتر نابێت.
