ئاماژه‌یه‌کی پێویست
ئه‌م بابه‌ته کورتەی باسێکه له کۆی ئه‌و لێدوانانه‌ی که له کۆڕه‌که‌ی مه‌ریوان و له 22 ی ڕه‌زبه‌ردا، سه‌باره‌ت به‌م کتێبه پێشکه‌ش به خوێنه‌ران و به‌شداربووان کرا.
***
کاتێک باس له خوێندنه‌وه‌ی فۆرمی ده‌قێکی هونه‌ری یان ئه‌ده‌بی ده‌کرێ، پێویسته بگه‌ڕینه‌وه بۆ تیۆریی جوانیناسیی” ئادۆڕنۆ” و ئه‌و پێناسه گشتگیره‌ی که له فۆڕمی به‌رهه‌می هونه‌ری و ده‌قی ئه‌ده‌بی له به‌رده‌سته. (فۆرم، ئه‌و گشتییهتهی که توخم و ڕه‌گه‌زه زمانی و مانایی و ته‌کنیکییه‌کانی به‌رهه‌می هونه‌ری یان ده‌قی ئه‌ده‌بی پێکه‌وه ده‌به‌ستێ.) نۆڤێلێتی “وێڵی” له سۆنگه‌ی فۆرمه‌وه، گێڕانه‌وه‌یه‌کی مۆدێڕنه، به که‌ڵکوه‌رگرتن له هه‌ندێک پارامێتر و ته‌کنیکی ئه‌ده‌بی پاش مودێڕنیستی چیرۆکه‌که‌ی ده‌باته پێشه‌وه.
*زمانی گێڕانه‌وه‌ی وێڵی، زمانێکی مودێڕن، شه‌فاف و تاڕاده‌یه‌ک نزیکه له زمانی ” فردینان سێلین”.
* گێڕانه‌وه‌ی که‌سایه‌تییه‌کان و ڕووداوه‌کان له‌نێوان خه‌ون و واقێعدایه و گێڕانه‌وه‌یه‌کی مه‌یله‌و سوورئالیستییه.
* تێمی سه‌ره‌کیی چیرۆک، تێمێکی سایکۆلۆژی و ئێگزیستانسیالیسته – به ڕوانگه‌یه‌کی ئۆنتۆلۆژیکی- و زیاتر به لای دۆخی ” کافکایی”دا ڕۆیشتووه.
له گێڕانه‌وه‌ی به‌شی سێیەم و کۆتاییی ڕۆماندا، ده‌رده‌که‌وێت، که‌سایه‌تیی ” تۆ” ی چیرۆکەکە مردووه و وه‌گێڕ ده‌یهه‌وێ له ڕێگه‌ی یاده‌وه‌ری و بیرهێنانه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تیی “تۆ” خولیا و خه‌ون و بیرکردنه‌وه و حه‌زه‌کانی بگێڕێته‌وه.
* ئه‌م نۆڤێلێته به‌پێی گێڕانه‌وه و گۆشه‌نیگاکان، له سێ به‌شی سه‌ره‌کی پێکهاتووه.
* به‌شی یه‌که‌م: چیرۆکبێژی له گۆشه‌نیگای که‌سی دووهه‌مه‌وه‌یه. وه‌گێڕ وه‌ک که‌سێکی متمانه‌پێنه‌کراو، که بۆ خۆی یه‌کێکه له که‌سایه‌تییه‌کانی ناو داستان، له گۆشه‌نیگای دووه‌م که‌سی تاکه‌وه چیرۆکی که‌سایه‌تییه‌کی نادیار که به “تۆ” ناسراوه ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌و “تۆ”یه، له‌وانه‌یه تۆی خوێنه‌ر بێت. یان له‌وانه‌یه ئه‌و ” تۆ”یه که‌سایه‌تییه‌کی ناو چیرۆکه و وه‌گێڕ ىێت بێ ئه‌وه‌ی ناوی بهێنێ، بۆ تۆی خوێنه‌ری ده‌گێڕێته‌وه. یان ڕه‌نگه ئه‌و “تۆ”یە هه‌ر دووکیان بێت، واته هه‌م که‌سایه‌تیی ناو چیرۆک بێت و هه‌م “تۆ”ی خوێنه‌ر بیت، له‌وانه‌یه هیچیان نه‌بێت. که‌سایه‌تییه‌کی نادیاربێ و وه‌گێڕ بۆ تۆی خوێنه‌ر و ئه‌و تۆیه‌ی ناو چیرۆکیش ڕه‌وایه‌تی ده‌کا. وه‌ک چۆن له به‌شی سێهه‌مدا که‌سایه‌تیی چیرۆک نکۆڵی ده‌کات له‌و تۆیه‌ی که له به‌شی یه‌که‌م و دووه‌مدا گێڕدراوه‌ته‌وه و بۆ خۆی ده‌ڵێت: (ئه‌وه‌ی گێڕدراوه‌ته‌وه من نیم، نابێ من بم. ده‌ڵێم من نیم… چونکه دڵنیام من نیم. نازانم بۆ ئه‌م کابرا هاتووه به‌رۆکی منی گرتووه؟ بۆ به‌زۆر و هه‌ر به‌خورتی هه‌ندێ شت ده‌داته پاڵ من، که من نیم… من ئه‌مانه له‌ئه‌ستۆ ناگرم.. ) وێڵی، ل 73. یان ده‌پرسێت؟ ئه‌ی ئه‌و تۆیه کێیه؟ کاتێک ئه‌و تۆیه من نیم، بۆ یه‌خه‌ی منی گرتووه. ل 74.
به‌شی دووه‌م: له به‌شی دووه‌مدا، ل. 53. سێ که‌سایه‌تیی سه‌ره‌کی و دوو کاراکتێری ناسه‌ره‌کی که به پیتی – ز ، ک – ناویان هاتووه، له ناو چیرۆکدا ده‌گێڕدرێنه‌وه، ” تۆ” من” که‌سی نادیار.” له به‌شی یه‌که‌مه‌وه تاکوو به‌شی سێیه‌م، گێڕانه‌وه به گۆڕینی په‌یتا په‌یتای گۆشه‌نیگاکان چیرۆک ده‌باته پێشه‌وه، له گۆشه‌نیگای دووهه‌م که‌سی تاکه‌وه بۆ یه‌که‌م که‌سی تاک و دواتر یه‌که‌م که‌سی کۆ و سێهه‌م که‌سی تاک. ئه‌مه‌ش یه‌کێک له‌وه ته‌کنیکانه‌یه که نووسه‌رانی پاش مودێڕن بۆ گێڕانه‌وه‌ی داستان زۆر که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گرن. هاوکات هه‌ر له‌م به‌شه‌دا نووسه‌ر له ته‌کنیکی (گێڕانه‌وه‌ی گێڕانه‌وه) یان گێڕانه‌وه‌ی چیرۆک له‌ناو چیرۆکدا که‌ڵک وه‌رده‌گرێت، ئه‌م ته‌کنیکه ته‌کنیکی هاوبه‌شی گێڕانه‌وه‌یه، به‌ڵام به زۆری چیرۆکنووسانی پاش مودێڕن که‌ڵکیان لێ وه‌رگرتووه، خۆرخه لۆئیس بۆرخس، گارسیا مارکێز و ئیتالۆ کالوینۆ، زۆرترین که‌ڵکیان له‌م ته‌کنیکه وه‌رگرتووه.
* به‌شی سێهه‌م. له به‌شی سێهه‌مدا، که هاوکات ده‌بێته به‌شی کۆتاییی ڕۆمانیش، له گۆشه‌نیگای که‌سی یه‌که‌مه‌وه چیرۆک ڕه‌وایه‌ت ده‌کرێت. وه‌گێڕ له‌م به‌شه‌دا نکووڵی ده‌کات له هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی که وه‌گێڕی به‌شی یه‌که‌م و دووهه‌می چیرۆک وه‌پاڵی داوه. “ئه‌مه منم؟ بۆ ئه‌مه منم؟ ئه‌م تۆیه منم؟ بۆ ده‌بێ ئه‌م تۆیه من بم؟ ئه‌مه‌ی ده‌گێڕدرێته‌وه منم؟ نا ئه‌وه‌ی گێڕدرایه‌وه من نیم… نابێ من بم… ده‌ڵێم من نیم…. چونکه دڵنیام من نیم…. هه‌ر ده‌ڵێم من نیم….) ل. 73 نکووڵیکردن و پێداگری و جه‌ختکردنه‌وه له حاشاکردن له‌و ” تۆ”یه که گێڕدراوه‌ته‌وه، بۆ خۆی ده‌بێته پێناسه‌کردنی که‌سایه‌تییه‌کی تر، که زیاتر وه‌ک که‌سایه‌تیی نادیاری ناو چیرۆک ده‌رده‌که‌وێ. له‌م به‌شه‌دا نووسه‌ر به هه‌ندێ مه‌به‌ستی تایبه‌ت له ته‌کنیکی مێتافێکشن (ئه‌و په‌ڕ چیرۆک) که یه‌کێک له تێم و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی گێڕانه‌وه‌ی پاش مودێڕنیستییه، که‌ڵک وه‌رده‌گرێ. (خوێنه‌ری ئازیز ئه‌و هه‌ڵه‌یه…- مه‌به‌ستی وه‌گێڕه- ئه‌گه‌ر که‌سێکی وه‌ک منی لێقوماو تووشی ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌یه‌کی وه‌ها بوو ده‌بێ ئامرازێک بدۆزێته‌وه بۆ ڕزگارکردنی خۆی… یان چه‌کێک بدۆزێته‌وه بۆ به‌رگریکردن له خۆی… من له‌م نێوانه‌دا چه‌که‌که‌م هه‌ڵبژارد… ئه‌و چه‌که‌ش ئه‌و خۆی خستییه به‌رده‌ستم… ئه‌و خۆی گوتی بنووسه… ئه‌و گوتی بنووسه… ) ل. 79.

ئه‌گه‌ر باس له گێڕانه‌وه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتووی پێکهاته‌مه‌ند بکرێ، ئه‌وه ده‌بێت باس له ستراکچێرێکی گشتی وه‌کوو- گێڕانه‌وه، که‌سایه‌تی، فه‌زا، گۆشه‌نیگا، دیالۆگ و ڕووداو بکه‌ین. به‌ڵام له گێڕانه‌وه‌ی پاش پێکهاتهخوازیدا، هه‌ندێ تێم و پارامێتری تر، به‌ده‌ر له ستراکچێری گێڕانه‌وه‌یه‌کی پێکهاتهخوازانه) ڕۆڵ ده‌بینێ. بۆیه له گێڕانه‌وه‌ی پاش پێکهاتهخوازیدا خوێنه‌رله گه‌ڵ چه‌ندین جۆر گێڕانه‌وه‌دا ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه، بۆ نموونه ( گێڕانه‌وه‌ی لێکدراو( ته‌رکیبی) واته تێکڵاوێک له هه‌موو ژانره‌کان، یان چه‌ند ژانرێکی تایبه‌ت. گێڕانه‌وه‌ی بریکۆلاژ، به ته‌عبیری “نۆرترۆپ فرای” گێڕانه‌وه‌ی پچڕ پچڕ و په‌رته‌وازه، گێڕانه‌وه‌ی ناهێڵهکی، گێڕانه‌وه‌ی زمان، گێڕانه‌وه‌ی گێڕانه‌وه. گێڕانه‌وه‌ی ئاڵۆز و دژه‌گێڕانه‌وه، گێڕانه‌وه‌ی مودێرن به پێکهاته و تهکنیگهلی پاش مودێڕن له چه‌شنی مێتافێکشن، نانۆ فێکشن، بنه‌ماشکێنی و په‌رته‌وازه‌یی) ته‌واوی ئه‌م پارامێترانه له گێڕانه‌وه‌ی پاش پێکهاتهخوازیدا ڕۆڵی سه‌ره‌کی ده‌بینن. له‌م نێوانه‌دا گێڕانه‌وه‌ی مودێڕن به ته‌کنیک و پێکهاته‌ی پاش مودێڕن له ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ییی ئێمه‌دا، تا ڕاده‌یه‌کی زۆر، گرنگی پێدراوه و هاوکات وه‌ک زه‌رووره‌تێکی فۆرمیکیش (زمان و چۆن گێڕانه‌وه، بابه‌ت، ته‌کنیک) لای چیرۆکنووسانی کورد، به تایبه‌ت چیرۆکنووسانی ڕۆژهه‌ڵات به جیدی ئاوڕی لێ دراوه‌ته‌وه.
بنیامین ده‌ڵێت: (ڕووداوه ناوه‌کییه‌کانی جیهانی ڕۆمان، شتێکی ئه‌وتۆ نییه جگه له کێشمه‌کێش و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه نه‌بێت دژ به هێز و توانستی کات.) بۆیه گرێدانه‌وه‌ی ئێستا و ڕابوردوو له‌م کورته ڕۆمانه‌دا و گه‌ڕانه‌وه بۆ یاده‌وه‌ری و بیره‌وه‌رییه‌کانی ڕابوردوو، -ئه‌و یاده‌وه‌ری و بیره‌وه‌رییانه‌ی که ته‌نیا ڕۆماننووس ده‌بێته میراتگری و جگه له ڕۆماننووس که‌سی تر ناتوانێ میراتگری بێت- شتێک نییه، به‌ده‌ر له ڕاگه‌یاندنی جه‌نگێکی ته‌واو نه‌بێ دژ به هێز و توانستی کات. بۆیه “ئێمیل سێوران، نووسه‌ری به ڕه‌چه‌ڵه‌ک ڕۆمانیایی له وته‌یه‌کدا ده‌ڵێ: (وێرانگه‌ریی “کات” ته‌نیا به هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات قه‌ره‌بوو ده‌کرێته‌وه.)
وێڵی، گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی که‌سایه‌تییه‌کی مردووه بۆ مردوویه‌کی تر، یان گێڕانه‌وه‌ی ته‌نێکی شه‌که‌ت و که‌نفتی کاته، بۆ ته‌نێکی شپرز و وێرانی ناو جیهانی خۆی. گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی- تۆ-یه‌کی ئابلۆقهدراوه به سه‌دان مۆته‌که و هه‌زاران سالوولی تاریک و ژه‌نگاوی. که‌سایه‌تیی “تۆ”ی چیرۆک، له گۆشه‌نیگای وه‌گێڕه‌وه، که‌سێکی شپرزی ده‌روونی و زه‌ینییه و تووشی ناسه‌قامگیرییه‌کی کوشنده بووه و له هیچ قوژبنێکی ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌دا سه‌قام ناگرێ، ئه‌م حاڵه‌ته تایبه‌تمه‌ندی و خه‌سڵه‌تی سه‌ره‌کیی ئینسانی مودێڕنه که له هیچ شوێنێک ئارام ناگرێ و ناسکنێ. ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی که هایدگێر له کتێبی “بوون و کات”دا به خه‌سڵه‌تی سه‌ره‌کیی ” دا+ زاین” ناوی هێناوه.
وێڵێ له سێ گۆشه‌نیگای جیاوازه‌وه چیرۆک ده‌گێڕێته‌وه، که‌سی دووهه‌می تاک، که‌سی یه‌که‌می تاک و کۆ، که‌سی سێهه‌می تاک، ڕه‌وایه‌تێکی مودێڕن، به‌ڵام به هه‌ندێ ته‌کنیک و تایبه‌تمه‌ندیی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی پاش مودێڕن له چه‌شنی گێڕانه‌وه‌ی گێڕانه‌وه (ڕه‌وایه‌تی ڕه‌وایه‌ت) مێتافێکشن له چه‌ند شوێنێکدا، گێڕانه‌وه‌ی ناهێڵهکی، که‌ڵکوه‌رگرتن له ته‌کنیکی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆک له‌ناو چیرۆکدا که ته‌کنیکی هاوبه‌شی گێڕانه‌وه‌ی هێڵه‌کی و مودێڕن و پاش مودێڕنه. که‌ڵکوه‌رگرتن له گێڕانه‌وه به گۆشه‌نیگای که‌سی دووه‌می تاک و کۆ.
تا ئه‌و شوێنه‌ی بزانم، گۆشه‌نیگای دووه‌م که‌س له گێڕانه‌وه‌ی مودێڕندا هه‌ندێک له ڕۆماننووسانی ڕۆژئاوایی کاریان پێ کردووه. به‌ڵام زیاتر چیرۆکنووسانی پاش مودێڕن، وه‌کوو ته‌کنیکێکی به‌هێز و سه‌ره‌نجڕاکێش- که ڕاسته‌وخۆ، خوێنه‌ر په‌لکێش ده‌کات بۆ ناوه‌ندی گێڕانه‌وه و جه‌غزی ڕووداوه‌کان- به زۆری به‌کاریان هێناوه و گه‌شه‌یان پێ داوه. بۆیه ده‌کرێ بڵێم ئه‌م ته‌کنیکه وه‌ک یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه به‌رچاوه‌کانی گێڕانه‌وه‌ی پاش مۆدێڕن باس ده‌کرێ. هه‌ندێک له‌و نووسه‌ره ڕۆژئاوایییانهی، که له ئاستێکی زۆر به‌رزدا له‌م ته‌کنیکه له گێڕانه‌وه‌دا که‌ڵکیان وه‌رگرتووه، ده‌کرێ ئاماژه بده‌ین به نووسه‌رانێکی وه‌کوو (کارلۆس فۆئنتێس) له نۆڤێلێتی “ئائوورا و ڕۆمانی پێست خستن” ، ئیتالۆ کالوینۆ له ڕۆمانی “ئه‌گه‌ر شه‌وێک له شه‌وه‌کانی زستاندا موسافیرێک.” ناتالی سارۆت- که بۆ خۆی له پێشڕه‌وانی شه‌پۆلی نوێی ڕۆمانی فه‌رانسه‌یه- له ڕۆمانی “تۆ خۆتت خۆش ناوێ”، هه‌روه‌ها (پۆل ئاستێر له ڕۆمانی ” شاری شووشه‌یی” دا- که ڕۆمانێکی جینایی پاش مودێڕنه.) “تام ڕابینز و چه‌ند که‌سی تر… له گێڕانه‌وه‌ی مودێڕنی فارسیشدا، نووسه‌رانێکی به‌دیاری وه‌کوو”گوڵشیری و ڕه‌زا به‌راهه‌نی و شه‌هریار مهندنی پوور” که‌م تا زۆر بۆ گێڕانه‌وه که‌ڵکیان له‌م ته‌کنیکه وه‌رگرتووه.
چیرۆک‌نووس به چ مه‌به‌ستێک بۆ گێڕانه‌وه له گۆشه‌نیگای دووه‌م که‌س، ئێستا تاک یان کۆ یانژی تاک و کۆ که‌ڵک وه‌رده‌گرێ؟
*تووشکردنی ڕاسته‌خۆی خوێنه‌ر وه‌کوو ئه‌وه‌ی بۆ خۆی به‌شێک بێت له به‌سه‌رهاتی چیرۆک.
* گه‌ڕان و پشکنینی ورد به ناو زه‌ینی که‌سایه‌تیی داستاندا به‌شێوه‌یه‌کی ئاڵۆز و لایبرێنتی.
* سازکردنی ناشه‌فافیه‌ت سه‌باره‌ت به شوناسی که‌سایه‌تیی نێو چیرۆک، به جۆرێک خوێنه‌ر تووشی گومان ده‌بێت له‌وه‌ی که ئه‌و “تۆ”یه‌ی نێو داستان تۆی که‌سایه‌تیی نێو چیرۆکه یان ئه‌و تۆیه منی خوێنه‌ره.
بۆیه خوێنه‌ر زۆر جار وا هه‌ست ده‌کا، چیرۆک‌نووس چاوبه‌ستی لێ کردووه و فریوی داوه. به هه‌ر حاڵ هه‌ر چۆنێک بێ، ئه‌مانه به‌شێکن له کۆی ئه‌و خاڵانه‌ی که چیرۆک‌نووس له گێڕانه‌وه‌دا، بۆ بردنه پێشه‌وه‌ی چیرۆکه‌که‌ی و کارتێکه‌ریی زیاتر له‌سه‌ر خۆێنه‌ر، له ته‌کنیکی گۆشه‌نیگای دووه‌م که‌سی تاک یان کۆ، یان تاک و کۆ، که‌ڵک وه‌رده‌گرێ. ئێستا له‌م نێوانه‌دا، چیرۆکنووسانی کورد که‌متر له‌م ته‌کنیکه بۆ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆک که‌ڵکیان وه‌رگرتووه. بۆیه ده‌توانم بڵێم یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه به‌رچاوه‌کانی “وێڵی” گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکه به ” گۆشه‌نیگای دووهه‌م که‌س” له ئاستێکی به‌رزدا. بۆیه تا ڕاده‌یه‌کیش ئه‌م کتێبه فۆرمێکی موتهفاوهت و جیاوازی په‌یدا کردووه.
-. داڕشتنی که‌سایه‌تیی “تۆ” له نۆڤێلێتی ‘وێڵی’دا.
گێڕانه‌وه‌ی – تۆ – له “وێڵی”دا، گێڕانه‌وه‌ی که‌سێکی لێکههڵوهشاوهی که‌له‌لای کات و پڕ له مۆته‌که و دڵه‌ڕاوکێ و شڵه‌ژان و شپرزییه. نووسه‌ر له‌م نۆڤێلێتهدا وه‌کوو ده‌رهێنه‌رێکی باش، سووژه‌یه‌کی مودێڕنی لێکههڵوهشاوه نمایشت ده‌کا. بۆیه – تۆ – له وێڵیدا ته‌نیا تۆی ئاسایی نییه، به‌ڵکوو که‌سێکی وه‌ڕس و ماندوو بێزاره. که‌نفتی کات و لێکههڵوهشاوهیه (بگری ئه‌ی لێکههڵوهشاوه بگری، بگری ئه‌ی ماندوو و که‌نفتی کات.) وێڵی ل. 51.
له به‌شی دووه‌می چیرۆکدا خوێنه‌ر که‌سایه‌تییه‌ک ده‌بینێ، نکووڵی ده‌کا له ته‌واوی ئه‌و چیرۆک و به‌سه‌رهات و حاڵهتگهلهی که له به‌شی یه‌که‌مدا وه‌پاڵی دراوه و هه‌مووی ڕەت ده‌کاته‌وه، به جۆرێک ده‌ڵێت “ده‌توانم بڵێم هیچ شتێکی ئه‌و تۆیه من نیم”.
دیسانه‌وه له به‌شی دوومدا، چیرۆکی درکاندنێک ده‌خوێنینه‌وه، وه‌کوو درکاندنه‌که‌ی “ڕاسکولینکۆف”ی داستایۆڤسکی، به‌ڵام درکاندنێکی نائیختیاریی و زۆره‌ملی. (ئه‌وه من نیم، ئه‌و ناچاری کردم بێم بنووسم ئه‌وه منم، ئه‌و ڕووداوانه منم، ئه‌و ڕابوردووه منم، ئه‌و لاوه من بووم، ئه‌و مێردمنداڵه من بووم، ئه‌و پیره من بووم.. ئه‌و تۆیه منم؟ به‌ڵام ئه‌و تۆیه به ڕێککه‌وتیش نابێت من بێت. ئه‌و تۆیه به لێکچواندنیش نابێ بدرێته پاڵ من و به من بچوێندرێ..) ل..77.
که‌سایه‌تیی “من” له به‌شی دووه‌می چیرۆکدا، نکووڵی ده‌کات له‌و- تۆ-یه، که وه‌گێڕ له به‌شی یه‌که‌مدا گێڕادرابوویهوه. به‌ڵام منیش وه‌ک ئه‌و -تۆ- یه هه‌ولێرم خۆش ده‌وێت، هه‌ولێرم خۆش ده‌وێت.. ”
ڕاسکولینکۆف له ڕۆمانی ” تاوان و سزا” دا، کاتێک ناتوانێ قورسی تاوانه‌که‌ی هه‌ڵبگرێ خۆی ده‌درکێنێ، به‌و خۆدرکاندنهش سووک ده‌بێ و سزای تاوانه‌که‌شی قبووڵ ده‌کات. (هه‌رچه‌ند ئه‌مه دۆخێکی داستایۆڤسکییانهیه و له‌م دۆخه‌دا هه‌میشه تاوان، به‌دوای سزادا ده‌گه‌ڕێت، ئه‌م دۆخه‌ش ڕێک پێچه‌وانه‌ی دۆخی کافکایییه، له دۆخی کافکاییدا، سزا به دوای تاواندا ده‌گه‌ڕێ، نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه). که‌سایه‌تیی -من- له وێڵیدا به دوو مه‌به‌ست خۆی ده‌درکێنێ. یه‌که‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که بیسه‌لمێنێ، ئه‌و- تۆ-یه، ئه‌م -من-ە نییه. دووه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ست و خۆشییانه ببووژێنێته‌وه که درکاندن و خۆدرکاندن پێی ده‌به‌خشن. ئه‌گه‌رچی له کۆتاییدا، نه‌ک هه‌ر ئاسووده نابێ، به‌ڵکوو پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه له درکاندنه‌که‌ی خۆی و هێڵنج ده‌دا. خوێنه‌ر له به‌شی سێهه‌مدا ده‌زانێ که وه‌گێڕی چیرۆکی که‌سایه‌تیی “تۆ” بگێڕه‌وه‌یه‌کی متمانه‌پێکراو نییه. دواتر هه‌ر له‌م به‌شه‌دا و دوای گوشارێکی زۆر بۆ بیرهێنانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌کان، که‌سایه‌تیی چیرۆک له‌وپه‌ڕی ته‌نیایی و کهنفتیدا خۆی وه‌ک داهۆڵێک ده‌بینێ، داهۆڵێکی هه‌میشه تا لێهاتوو، بێخه‌و، چه‌قیو له شوێن و کاتدا.. (من کێم تا کابووس زیندانی بکه‌م؟ وه‌کوو سه‌گ له کابووسه‌کانم ده‌ترسم… هه‌ر ناوێرم بیریان لێ بکه‌مه‌وه… من جگه له وڕێنه‌کردن قسه‌یه‌کی به‌سوودم بۆ که‌س نه‌کردووه… )ل. 81.
له کۆتایییه‌کانی ڕۆماندا، وه‌گێڕ ئاماده ده‌بێ هه‌موو شتێک له بریتی که‌سایه‌تیی چیرۆک بکات جگه له نووسین نه‌بێ. به‌و مانایه که وه‌گێڕ ناتوانێ له بریتی که‌سایه‌تیی چیرۆک بنووسێت. ئه‌مه‌ش به‌رچاوخستنی گرنگی و سه‌ربه‌خۆییی جیهانی ده‌ق و بابه‌تی نووسینه. چونکه بابه‌تی نووسین جیهانێکی تایبه‌ت و جیاوازه و هه‌ر نووسینێک سه‌ر به جیهانی تایبه‌ت به خۆیه و ته‌نیا نووسه‌رانی جیدی و ڕاسته‌قینه ده‌توانن له‌و جیهاندا بژین و بنووسن.
دیسان له کۆتا به‌شی ڕۆماندا، وه‌گێڕ مردنی که‌سایه‌تیی چیرۆک ده‌گێڕێته‌وه، ته‌نانه‌ت مردنی خۆیشی ده‌گێڕێته‌وه و خۆیشی به مردوو ده‌زانێ و له‌سه‌ر گۆڕی که‌سایه‌تیی چیرۆک چه‌ند جارێک پرسیار ده‌کات و ده‌ڵێ: “ئێستا ئه‌مه گۆڕی تۆیه یان گۆڕی من؟” ئێستا وه‌گێڕ چیرۆکی مردوویه‌ک بۆ مردوویه‌کی تر ده‌گێڕێته‌وه؟ یان چیرۆکی مردوویه‌ک بۆ زیندوویه‌ک ده‌گێرێته‌وه؟ یان نا چیرۆکی زیندوویه‌ک بۆ مردوویه‌ک ده‌گێڕێته‌وه؟ با خوێنه‌ر بۆ خۆی وڵامی ئه‌م پرسیارانه بداته‌وه.

مه‌ریوان، کافێ “کاپۆ” . 22 ی ڕه‌زبه‌ری 1405.