١
پێشی ئەوەی ناوم بخوێننەوە،
چەندین جار
وەڵامم دابووەوە.
٢
هیچ شتێک
لە قەبارەی خۆیدا نەما،
تەنانەت دەستەکانیش
لە دەستکێشەکاندا
جیاواز دەبوون.
٣
ئاوێنە
هیچ شتێکی
ون نەدەکرد،
من نەبێ؛
کەم کەم
بچووک دەبوومەوە
لە ناویدا.
٤
ئێوارە
کەسی بانگ نەکرد،
بەڵام
هەمووان
گەڕانەوە بۆی.
٥
فنجانێک
لەسەر مێزەکە
سارد بووەوە،
دەستەکان
هێشتا
لەو گەرمتر بوون.
٦
لەژێر زمانم
وشەیەک
ناوی خۆی گۆڕی،
من هێشتا
بە ناوە کۆنەکەی گۆم دەکرد.
٧
کە هاتمە دەرەوە،
هەوا هیچ شتێکی
لێ نەپرسیم.
ئەوە منم بووم،
بە خۆم وتم:
تۆ کێیت؟
٨
پێڵاوەکانم
لەبەر دەرگا
یەکتریان دەناسی،
کەچی من لە ژوورەوە
بۆ ناسنامەکەم دەگەڕام.
٩
ئەکاونتەکەم
زیاتر لە خۆم؛
چاوەڕێی هاتنەوەی
دەکرا.
١٠
بە هەوادا
هەناسەی ملیۆنان
حەسرەت و خۆزگە
بڵاوە،
با
دەیانگوێزێتەوە
بۆ جێگەیەکی دیکە،
لەوێدا
خۆزگەکان
بەدی دێن،
کە جێگەی ئەو نییە،
ناسوپاسگوزاری
ئەم بۆشایییەی
تەنیوە.
١١
کەس
نەیوت
ون بوویت،
هەموویان
وتیان:
لەوێ نییت.
١٢
دەرگا
بە هەمان کلیل
دەکرایەوە،
بەڵام
هیچ ژوورێک
ئەو ژوورە نەبوو
کە لێی هاتبوومە دەرەوە.
١٣
بازاڕ
هەموو بەیانییەک
دەرگاکانی دەکردەوە،
من هەموو جارێک
دوادەکەوتم
لە دەرچوون
١٤
کورسییەک لەتەنیشتم
بەتاڵ بوو،
کەچی
هەمووان
دەستیان لێ دەپاراست.
١٥
ڕۆژێک
وێنەکەم سڕییەوە،
کەس
تێبینیی نەکرد،
بەڵام
هەمووان
دڵنیابوون
هێشتا لەوێم.
١٦
چرای ژوورەکە
هەموو شەوێک
دەکوژایەوە،
کەچی تاریکی هەرگیز خەوی لێ نەدەکەوت
١٧
پەردەکان
بە ڕوومەتی
پەنجەرەوەن،
خۆر؛
شوێنی خۆی
گۆڕی.
١٨
نامەکان هێشتا دەگەن،
بەڵام ئەم کەسە،
ماوەیەکە لەم ناوە ناژی.
١٩
هەموو ڕێگاکان
بۆ ماڵ
دەگەڕانەوە،
ماڵ
بۆ هیچ شوێنێک
نەدەڕۆییشت.
٢٠
لە لیستی ژمارەکانم،
هەندێک ناو
هێشتا
زەنگیان بۆ دەڕوات،
بەڵام دەنگەکانیان
ساڵانێکە
وەڵام نادەنەوە.
٢١
سێبەرەکەم
لەبەر هەتاو
لە خۆم خێراتر
پیر بوو.
٢٢
یەک گۆڕ،
دوو مردوو،
خاک؛
بۆ هیچ پرسیارێکی
نەکرد.
٢٣
هەموو بەیانییەک
پەردەکانم
هەڵدەدایەوە،
بەر لەوەی خۆر بێتە ژوورەوە
من ژوورەکەم چۆڵ دەکرد.
٢٤
لە فڕۆشگایەک
ژمارەی نۆبەتم وەرگرت،
کە گەیشتم،
کەسێکی تر
بە ناوی منەوە،
وەستابوو.
٢٥
کەس
هیچ شتێکی
لێم نەدزی،
بەڵام
کەم کەم
شتەکان
لە هیی من
نەدەچوون.
٢٦
کۆتایی،
هەر
لە شوێنی خۆی بوو،
ئەوە من بووم
کە درەنگتر، گەیشتم.
٢٧
چوارچێوەکە
لە دیوارەکەدا ماوە،
وێنەکە دەمێکە ڕۆییشتووە.
٢٨
پزیشک
گوتی:
هەموو شتێک
ئاسایییە.
من
لەو ڕۆژەوە
زیاتر لە خۆم دەترسم.
٢٩
هەندێک جار
تەنها
کورسییەکی زیادەت پێویستە،
تا بزانی
کێ نەهاتووە.
٣٠
کاتێک
دەستم شوشت،
هەستم کرد
شوێنێک لە مێژووم دەشۆرمەوە.
٣١
گوێم
لە دەنگی خۆم
بوو،
ناسیمەوە،
بەڵام
باوەڕم
پێی نەکرد.
٣٢
تەلەفۆنەکە
هەموو شتێکی
لەبیر بوو،
ژمارەکان
نەبێ.
٣٣
کاتژمێر
بە دیوارەکە
کاری دەکرد،
بەڵام کات بۆ من
لە هەمووشوێنێک
وەستابوو.
٣٤
لەسەر شاشە،
ڕووخسارم
بە جوانی
دەردەکەوت،
بەڵام پێم وایە
ئاوێنە
هێشتا ڕاستگۆترە.
٣٥
کۆتایی
هیچ دەنگێکی
نەبوو،
بەڵام بۆچی
هەموومان
بیستمان؟
٣٦
کاتێک
ناوم نووسی،
دەستخەتەکەم،
لە من
پیرتر بوو.
٣٧
ڕۆژێک
کلیلە ونبووەکانمم
دۆزییەوە،
دەرگاکان
لەو ماوەیەدا
خۆیان فێری داخستن
بووبوون.
٣٨
دوگمەی
سڕینەوە
هەموو شتێکی
نەسڕییەوە،
هەندێک جار
تەنها شوێنەکەی
بەتاڵ کرد.
٣٩
لە وێنەیەکی
هاوڕێیانەدا
هەموومان
پێدەکەنین.
بەڵام من لەبیرمە
کاممان یەکەمجار لە پێکەنین وەستا
٤٠
ئۆتۆمۆبێلەکە
ڕێگای
دەناسی،
ئەوە من بووم
هەموو جارێک
ناوونیشانی خۆمم لەبیر دەکرد.
٤١
پێش ئەوەی
دەرگا داخەم،
ژوورەکە لە من
چووە دەرەوە.
٤٢
هەموو ڕۆژێک
بە هەمان ڕێگادا
دەڕۆم،
کەچی ڕێگاکە
کەم کەم
بۆ من دوور دەکەوێتەوە.
٤٣
من
دوا کەس بووم
کە هەواڵی ونبوونی خۆمم بیست.
٤٤
پەنجەرەکە
هەموو ڕۆژێک هەمان دیمەنی دەبینی،
شەقام
هەرگیز هەمان شەقام نەبوو.
٤٥
تا ژمارەی
پاسووردەکانم
زیاتر دەکرد،
دەرگاکان
کەمتر
دەکرانەوە.
٤٦
لەسەر مێزەکە
یەک پەرداخ ئاو و دوو تینوێتی هەبوو.
٤٧
هەموو شتێک
بە ناوی خۆی
بانگ دەکرا و وەڵامیان دەدایەوە.
تەنها
من
وەڵامم دەدایەوە
بۆ ناوێکی تر.
٤٨
کاتێک تەمەنی خۆمم دەژمارد
ژمارەکان
لە من
دڵنیاتر بوون کە هەڵەم نەکردووە.
٤٩
کەس فێری ڕێگا نەبوو،
هەمووان فێری گەیشتن بوون.
٥٠
کاتێک
لەسەر
شاشەکە
لایان بردم،
لە هۆڵەکەدا
هیچ شتێک
نەگۆڕا.
٥١
ئەو ڕۆژەی
دەرگاکان بەڕووی مندا کرانەوە
هەریەکە و بەکلیلێکەوە گەیشت.
٥٢
دەرگاکان
بە یەک کلیل
نەدەکرانەوە،
بەڵام
هەموویان
بەرەو ڕووی یەک ژوور دەچوون؛ تەنیایی.
٥٣
سەیرکردن
ئاسانتر بوو
لە بینین.
٥٤
پاش ئەوەی
هەموو شتێک
تۆمار کرا،
یادەوەرییەکان
باوەڕیان بە خۆیان نەما.
٥٥
قوفڵەکان هەمیشە
نوێ بوون،
ترسەکانیش هەمیشە
کۆن.
٥٦
بەیانیان
شاشەکان
پێش پەنجەرەکان
ڕووناک دەبوونەوە.
٥٧
ژوورەکە
پڕ لە کەرەستەیە،
بەڵام بەتاڵە
لە دانیشتن
٥٨
ئەوەی
لە دەرگاوە
چووە دەرەوە،
لە وێنەکەیا
هێشتا
لە ژوورەوە
وەستابوو.
٥٩
هەموو شتێک
ئامادە بوو،
ڕووداو.. ڕووداو
هەمیشە دوا دەکەوت.
٦٠
لەسەر
ڕووخسارم شتێکی وا نەگۆڕاوە،
بەڵام ناسینەوە
هەڵوەشاوەتەوە.
٦١
خاک
هەمووانی بە یەک قەبارە وەر گرت،
ناوەکان
گەورە و بچووکیان هەبوو.
٦٢
پێش
ئەوەی
بگەمەوە ماڵ،
بۆنی ناوەوە،
لە دەرەوە
چاوەڕێی دەکردم.
٦٣
کەس لە بیر نەچوویەوە،
هەر کەسێکو لە شوێنێکی تر
یادی دەکرا.
٦٤
هەموو شتێک
شوێنی خۆی هەبوو،
بۆیە کەس نەیزانی
چی ون بووە.
٦٥
لە ناو
جلەکانم،
بۆنی جەستەیەک
ماوە،
کە کەس
نازانێ کێیە.
٦٦
کلیلێکم پێ بوو،
دەرگا پێی ڕازی نەدەبوو.
٦٧
لە دواوەی وێنەی پرۆفایلم،
ڕووخسارێک هەبوو،
هەموو ڕۆژێک پیرتر دەبوو.
٦٨
لەژێر
سنگی گۆڕ،
جەستەیەک
بێدەنگ بوو،
لەسەر شاشە،
ناوێک
هێشتا دەژی.
٦٩
یەک گۆڕ
لە خاکەکەدا
کەسێکی شاردەوە،
هەمان کات لەماڵەوە
کەسێکی تر،
ژیانێکی تر،
منێکی تر هەیە،
کە لەبیریان چووە بینێژن.