– تۆ بڵێی ئەم جارەیان وەڵامم بداتەوە؟
– نازانم، بەڵام کێشەی چی هەیە گەر جارێکی تر تاقی بکەیتەوە؟
– ئاخر جاری پێشوو زۆر بە خراپی وەدەرنرام.
-دەشێت جارێکی تر هەوڵ بدەیت و تاقی بکەیتەوە.
– دەی باشە، بە قسەت دەکەم.
زانیار جاری پێشوو زۆر بە خراپی لە ژووری بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیا دەرکرابوو. بەڵام ژاڵە پێی وت کە جارێکی تر بچێتە ژوورەکەی بەڕێوەبەر و نەخشەکەی سەبارەت بە بەکارهێنانی ئامێرە نوێیەکان بۆ دروستکردنی کارخانە بە بەڕێوەبەر بڵێت.
ژاڵە هاوڕێیەکی زۆر باش بوو، هەمیشە وزەی پێ دەبەخشی. لە ڕاستیدا ئەو لەگەڵ ژاڵە زۆر جار لە کاتی کار قسەیان پێکەوە دەکرد و ببوونە دوو هاوڕێی باش.
زانیار لەبیریەتی کە ژاڵە جوانترین دیاریی ڕۆژی لەدایکبوونی پێ دابوو – دەستبەندێکی جوان کە لەسەری پیتی سەرەتای ناوی (Z، واتە زانیار) بە زێڕ نەخشێنرابوو. زانیار هەمیشە ئەو دیارییەی لە شوێنی کارکردنیدا لە دەست دەکرد. حەوت مانگ بەسەریدا تێپەڕیبوو و هێشتا لە دەستیدا بوو. ژاڵە کاتێک دەستبەندەکەی دەبینی، بزەیەکی لێ دەدا، یان دەستی دەخستە ناو قژی.
جا کە زانیاریش چەندە کەیفی دەکرد، کاتێک ئەو بزەیەی دەبینی! پێی خۆش بوو بچێت لە باوەشی بگرێت، دەست بە کەمەر و قژیدا بهێنێت و بە توندی لێوی بنێت بە لێوییەوە، تا ئەوپەڕی تینوویەتیی جەستەی پێ بشکێنێت. دواتر بە چرپەوە بەلای گوێیدا بڵێت:
“من هەموو ڕۆژێک تامەزرۆی تامکردنی تۆم”.
بەڵام هیچێکی نەدەکرد!
سەیر بوو کە هیچ کامیان نەیاندەدرکاند کە حەزیان لەوی ترە. زانیار چەند جار هەوڵی دابوو، بەڵام دواتر پەشیمان دەبووەوە. بۆچی؟ لەوانەیە لەبەر ئەوە بووبێت کە دەیزانی ژاڵە هاوسەری کەسێکی ترە. بەڵام بەلایەوە سەیر بوو، کە ژاڵە بۆچی هێندە پێی خۆش بوو ئەوەندە کات لەگەڵ زانیار بەسەر ببات.
ژاڵە زۆر جار باسی ناخۆشیی ژیانی خێزانی خۆی بۆ زانیار دەکرد و ئەویش بەباشی دەیدواند که خەمەکانی بڕوێنێت. لە لایەکی ترەوە هاوسەرەکەی زۆر سەفەری دەکرد و دەڕۆیشت بۆ چین، سەرقاڵی کاری بازرگانی بوو و بە نوێنەرایەتیی کۆمپانیا دەڕۆیشت بۆ بەستنی گرێبەستێکی نوێ.
جارێکیان لەگەڵ زانیار تا درەنگان لە کافێکەی بەرامبەر کۆمپانیا مابوونەوە. مێردی ژاڵە ڕۆیشتبوو بۆ یەکێک لەو سەفەرە دوور و درێژانەی چین. سەیر بوو ژاڵە بۆچی داوەتی ماڵی خۆیی نەدەکرد! بۆچی ئەو لەمپەرە ئەخلاقییانە هێندە زۆر بوون کە ئەو و زانیار نەیاندەتوانی باسی هەستی نێوانیان بکەن؟ واتە ئایا پێویست بوو پاساوی ئەوە بهێننەوە کە وەکوو دوو هاوکار دانیشتوون و پێکەوە قسە دەکەن؟ ئەوێش لە کاتێکدا تەنیا چارەکێک باسی پڕۆژەی هاوبەشیان کرد!
ئاخر ژاڵە هەستی دەکرد کە هیچ حەزێک لەلایەن زانیارەوە بۆ پەیوەندیی هاوڕێی کچ- هاوڕێی کوڕ بوونی نییە.
ئەی لە لای زانیار چی دەگوزەرا؟ لە لایەکەوە زانیار نەیدەویست جارێکی تر گیرۆدەی پەیوەندییەکی خۆشەویستی ببێتەوە، ئەمەش هۆکاری سەرەکی بوو بۆ دەرنەبڕینی هەستی. کۆتا جار لەگەڵ شەبنەم لە پەیوەندییەکی درێژخایەندا، ئازاری زۆری چەشتبوو و تا ساڵێک دواتر تووشی خەمۆکی ببوو و حەبی دژەخەمۆکی دەخوارد. لە لایەکی تریشەوە زانیار هەستێکی قووڵی بۆ ژاڵە هەبوو، هەستێک کە ڕەنگە لای ژاڵەش هەبووبێت: تێکەڵەیەک لە خۆشەویستی و حەزی سێکسی. زانیار نەیدەتوانی ئەم دوو هەستە دژبەیەکە چۆن لەگەڵ یەکترین ئاشتی بداتەوە!
زانیار و شەبنەم پێکەوە چەند ساڵێک لە ماڵێکدا ژیابوون، بەڵام پەیوەندیی خێزانیی فەرمییان نەبوو — هیچ کامیان حەزیان لە هاوسەرگیری نەبوو. زانیار قەت بە بنەماڵەکەی نەوتبوو کە لەگەڵ کچێکدا دەژی، بەردەوام باوکی پێی دەوت:
– بۆچی ژن ناهێنی ڕۆڵە؟ تەمەنت ڕۆیشتووەتە سەرەوە و دەبوایە ئێستا منداڵی گەورەشت بوایە. سەیری عەتای ئامۆزات بکە، کچەکەی چەندە گەورە بووە! تازە ئەو ساڵێکیش لە تۆ بچووکترە.
— ئاخر هێشتا کچی دڵخوازی خۆم نەدۆزیوەتەوە.
— شتی وا چۆن دەبێت؟ ئەی ئەم هەموو کچە؟ گەر لێرە کەست بەدڵ نییە، دەچینەوە سەقز ژنت بۆ دەهێنین. دراوسێیەکمان هەیە، کچێکی سەڵتی جوانی هەیە. ئەویش وەکوو تۆ زانکۆی تەواو کردووە و ئێستا پەرستارە.
– نا بابە گیان. پێویست بە زەحمەت ناکات. دەبێت خۆم بیدۆزمەوە.
بەڵام لەوانەیە دایکی پێی زانیبێت و نەیدرکاندبێت، بۆیە زۆر باسی ژنهێنانی نەدەکرد. لە چاوەکانی زانیار یان بە خۆخەریککردنی بە مۆبایلەکەیەوە تێدەگەیشت. هەرچییەک بێت، دایکی زۆر وشیار بوو و هەموو شتێکی دەبینی! بەڵام باوکی نا! ئەو جۆرەی باسی ژنهێنانی دەکرد، دیارە هەر ئاگای لە هیچ نەبوو! هەڵبەت باشتر! نەیدەتوانی ئەو بابەتە بەوردی بۆ باوکی شی بکاتەوە.
بۆیە هەر کاتێک دایک و باوکی دەهاتن بۆ تاران و سەردانیان دەکرد، ناچار دەبوو هۆتێلێک بۆ شەبنەم دابین بکات، تا وەکوو لەو هەفتەیەی کە بنەماڵەکەی لە تارانن، بەئاسوودەیی لەوێ پشوو بدات. ئیتر کێشەی بنەماڵەیەکی نەریتی هەر ئەوە بوو!
شەبنەمی لە کۆڕێکی ناساندنی کتێبێکدا بینیبوو، کتێبێک کە وەرگێڕێکی بەناوبانگ وەریگێڕابوویە سەر زمانی فارسی. کاتێک شەبنەم لەسەر کتێبەکە تێبینیی خۆی دەوت، زانیار زۆر حەزی بە قسەکانی کرد. لە ناودڵی خۆیدا وتی:
“ئەمە ئەو کچەیە کە دەتوانم لەگەڵی بم.”
بۆیە ڕۆیشت و لەگەڵی قسەی کرد، شەبنەمیش کە بینی زانیار کوڕێکی قۆز و لە هەمان کاتدا ڕۆشنبیرە، حەزی لێ کرد و بوو بە هاوڕێی کچی.
بەڵام پەیوەندییەکەیان لە سێ ساڵ زیاتری نەخایاند.
زانیار هەرگیز ئەو شەوە ساردەی زستانی لەبیر نەچوو؛ کاتێک بە جۆش و خروشێکی زۆرەوە هەوڵی دا لە شەبنەم نزیک ببێتەوە و ماچی ملی بکات، شەبنەم بە ساردییەوە پاڵی پێوە نا و پشتی تێکرد.
– تکایە زانیار، زۆر ماندووم.
شەبنەم بە بێزارییەوە وتی. زانیار کە هەستی بە شکان دەکرد، بە بێهیوایییەوە وتی:
– ئاخر ئێمە تەنیا هاوماڵ نین…
بەڵام شەبنەم قسەکەی پێ بڕی و بە توانجەوە پێی وت:
– تۆ فیلمی پۆرنت زۆر بینیوە و حەزە سێکسییەکانت لە فیلمەکانەوە وەرگرتووە، وا دەزانیت ژیانیش ئاوایە!
ئەمە تەنیا یەک شەو نەبوو، بەڵکوو بووبووە ڕۆتینێکی بەردەوام.
لەبری گێڕانەوەی وشک، ئەو ساتانە بەردەوام خۆیان دووبارە دەکردەوە؛ هەر کاتێک زانیار بە ئارەزوویەکی پڕ لە ئاگرەوە لێی نزیک دەبووەوە، یان دەیویست شێوازێکی نوێی پڕ چێژ بۆ سێکس تاقی بکاتەوە تاوەکوو هەردووکیان بگەنە لوتکەی چێژ، بە ڕەتکردنەوە و قێزلێکردنەوەی شەبنەم ڕووبەڕوو دەبووەوە، وەک ئەوەی وزە و ئارەزووەکانی زانیار بارگرانییەک بن بەسەر شانییەوە.
ڕەنگە زانیار زۆر ئارەزوومەند بووبێت و شەبنەم زۆر ئاسایی بووبێت. بەڵام لە لایەکی ترەوە شەبنەم زۆربەی کاتەکان ماندوو بوو، زۆر کاری دەکرد لە چاپخانە و بەردەوام خەریکی نووسین و پێداچوونەوەی کتێب بوو.
شەبنەم گلەییی ئەوەی دەکرد کە هیچ کات، کاتی سووڕی مانگانەی ئەوی لەبیر نییە. زانیار دەیزانی ئەم قسەیە بەتەواوەتی ڕاست نییە. زۆر جار بووە کە لەبیری ببووبێت، بەڵام گەر تەنیا جارێکیش لەبیری نەبووبێت بەس بوو بۆ ئەوەی شەبنەم بڵێت هیچ کات لەبیری نییە!
جارێکیان لەگەڵ شەبنەم چووبوون بۆ میوانییەکی قەرەباڵغ لە ماڵی وێنەکێشێکی هاوڕێی شەبنەم. زۆریەک لە هاوڕێ کچەکانی شەبنەمیش لەو میوانییە بوون. کاتێک کە زانیار ڕووبەڕوویان دەبووەوە، تۆزێک به شەرمنییەوە لێیانی دەڕوانی و لەگەڵیاندا قسەکانی زۆر درێژە نەدەکردەوە. لە کاتێکدا زانیار دەیزانی ئەوان حەز بە درێژەدان بە وتوووێژ دەکەن!
بۆیە مەریەم لە لای شەبنەم گلەیی کردبوو:
– بۆچی ئەو پاتنێرەکەت هێندە شەرمنە لە کاتی قسەکردن لەگەڵ ئێمە؟ نیو کاتژمێر پێشتر کاتێک زانیار بەوردی لە تابڵۆی “شیوەنی زریان” نوقم ببوو، لەگەڵ ئازیتا ڕۆشتین بۆ لای. ئەو زۆر جوان و بەوردی باسی تابلۆکە و واتاکانی دەکرد کە ئێمە کەیفمان پێ دەکرد، بەڵام لە پڕێکدا قسەکانی پچڕان. وەک ئەوەی نەیدەویست زیاتر لەوە قسە بکات لەگەڵ ئێمه!
شەبنەمیش وتبووی:
– ڕەنگە وا هەستی کردبێت کە گەر زۆر قسە بکات لەگەڵ ئێوە، ئەوا من زیز دەبم…
– یانی لەگەڵ کچان وایە؟ پێش ئەوە دیتم لە دیوی دانیشتنێک بۆ ئەوانەی بە دەوریدا دانیشتبوون به گڕوتینێکی زۆرەوە قسەی دەکرد.
– دە ئاخر زۆربەی دانیشتووان پیاو بوون.
– ئاها تێگەیشتم…
شەبنەم درووستە لەوێ پشتیوانی له زانیار کرد، بەڵام کە هاتنەوە بۆ ماڵ توانجی ئەوە لێ دەدا کە “شەرمنیەکەی تۆ به بۆنەی من نییە. لەبەر لادێیی بوونەتە، پێت وایە کچان دەتخۆن”!
ئەو خۆیشی دەیزانی قسەکانی لەناو کچاندا زوو دەبڕێنێتەوە و ڕەنگە هەر ئەم بابەتەش هۆکاری سەرەکی بۆ ژمارەی کەمی هاوڕێ کچەکانی بووبێت.
توانجی لادێییبوونی شەبنەم تەنیا بۆ شەرمنییەکەی نەبوو. شەبنەم بەردەوام لەسەر نانخواردن پێی دەوت:
– بۆچی نان لەگەڵ برنج دەخۆیت؟ خۆ هەردووکیان نیشاستەن!
– دە ئاخر گەر نانی پێوە نەخۆم، بە دڵمەوە نانووسێت.
– چ قسەیەکی سەیر دەکەیت. بڵێ لادێییم و تەواو!
یان کاتێک لە میوانی دەهاتنەوە و شەبنەم لەسەر بابەتێک لێی تووڕە دەبوو، پێی دەوت:
– بۆ وەکوو نەدیتبدیتەکان هێندە زۆر دەخۆیت؟ خەڵکی وا دەزانن ئێمە خۆمان لە ماڵدا گۆشتمان نییە! کەمتر وەکوو لادێیی هەڵسوکەوت بکە.
دەی چی بکردایە؟ ئەو بەڕاستی منداڵی گوند بوو، تەواوی تەمەنی لاوێتی تاکوو کاتی دەرچوونی بۆ زانکۆ لە بسام مابووەوە. بسام دوور بوو لە سەقز و بۆیەش زۆر بەکەمی سەردانی شاریان دەکرد. تەنانەت مەریوانیش هەر لێی دوور بوو!
جاروبار وا هەستی دەکرد ئەگەر پەیوەندییەکی خۆشەویستی لەگەڵ ژاڵە پێک بهێنێت، ئەویش هەمان یاریی لادێییبوونی پێ دەکات.
ژاڵە خۆی تارانی نەبوو، خەڵکی شیراز بوو، بەڵام لەمێژ بوو لە تاران دەژیا، هەم بەهۆی کار، هەم خوێندن، هەروەها ژیانی خێزانیشی لە تاران پێک هێنابوو.
شەوی پێشتر، لە ماڵەوە، خەوی لێ نەدەکەوت. کاتێک سەرەنجام چاوی نوقاند، زیندەخەونێکی بینی، یان ڕەنگە ئەوە خەون نەبوو، تەنیا وێنەیەک بوو کە ناخی خۆی لە ترسان دروستی کردبوو.
خۆی بینیبوو لە ژوورەکەی خۆیدا، تەنیا لەگەڵ ژاڵە بوو. تاریکییەکی هێمن ژوورەکەی داگیرکردبوو، وەک ئاوێک. بۆنی ژاڵە — تێکەڵ بە بۆنی قاوەی ساردبووەوەی سەر مێزەکە — هەموو شوێنێکی پڕکردبوو. دەستی خستە سەر کەمەری و بە نەرمی بەرەو مل و گەردنی ژاڵە خزاندی.
ژاڵە کراسێکی تەنکی ئاوریشمی لەبەردا بوو کە نەرمیی جەستەی بەتەواوی خستبووە ڕوو. هەستی بە گەرمای سنگی ژاڵە دەکرد کە بە سنگییەوە نووسابوو. ژاڵە بزەیەکی کرد، بزەیەکی چێژبەخشتر لەوانەی کە زانیار پێشتر ڕۆژانە لە کاتی بینینی دەستبەندەکە دەیبینی — دەستبەندێک کە ئێستا لە خەونەکەدا، وەک ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی ئەو پیتەی سەری هەرگیز بەخۆڕایی نەبووە. چاوی لە سنگی بڕی کە دەڵێی بۆ ئەوە دروست کرابوون کە زانیار بە دەست بیانگوشێت و سەرێ بخانە نێوان ئەو دوو دانە هەرمێ.
– تۆ زۆر جار بیرت لە من کردووەتەوە؟
ژاڵە بە دەنگێکی هێواش وتی، وەک ڕازێکی ساڵان شاراوە ئێستا دەبێ بیدرکێنێت.
زانیار نەیدەزانی چی بڵێت. دەستی خستە ناو قژی ژاڵە، ژاڵە دەستی نەکێشایەوە. هەنگاوێکی بۆ پێشەوە هەڵگرت و هەموو ئەو دیوارانەی نزیک ساڵێک بوو لە نێوانیاندا دروست ببوون، وەک ئەوەی بەفرێک بن لەبەردەم گەرمای هەتاو، دەتوانەوە. ژاڵە لێوەکانی نزیک کردەوە و هەناسە گەرمەکانی دای لە پێستی زانیار…
دواتر زانیار چووە پێشەوە، دەمی برد تا بەقووڵی ماچی لێوەکانی بکات و تێکەڵی ئەو گەرمایە ببێت. لەپڕێکدا ژاڵە کشایەوە. هیچی نەوت. بەڵام نەیویست ماچی بکاتەوە.
لەپڕێکدا ژاڵە بوو بە شەبنەم کە بە تووڕەیییەوە سەیری دەکرد! زانیار کشایەوە دواوە و حەپەسا کە ئەمە چی بوو.
“بۆ دیسان تۆ هاتیتە سۆراغم شەبنەم؟”
بە ڕاکردن ویستی لە ماڵ بچێتە دەرەوە. شێوەی ڕێڕەوەکە لە ماڵێکی کۆن دەچوو. لە پلیکانەکان چووە خوارەوە. بینای شوقەکەیان کەشی دادگایەکی کافکایی بە خۆیەوە گرتبوو، هەر ڕۆیشتە خوارتر، بەڵام هەرچییەکی دەکرد نەدەگەیشتە بەر دەرگا.
لەپڕێکدا دەرگای دەرەوەی خانووەکەی بینی. ڕۆیشتە دەرەوە، بەڵام شەقام گۆڕابوو بە بنار و کوێستان. چەند کەسێکیش بە جلی سەربازی و شمشێر بەدەستەوە هاتبوون کە ئەو بگرن. ویستی هەڵبێت لە دەستیان. بەڵام کاتێک سەیری پێش خۆی کرد، خاچێکی گەورەی بینی کە بە ماڵێکەوە هەڵواسرابوو و ڕەنگێکی سووری لێ دەتکایە خوارەوە. دەڵێی خوێنی مەسیحە کە لە خاچەکە دەچۆڕێتە خوارێ.
“نەکا دیسان بیانەوێت مەسیح لە خاچ بدەن”…
لەپڕێکدا داچڵەکی لە خەو، هێشتا شەو بوو. ژووری خۆی، جێگای ساردی تەنیایی. چ خەونێکی ناخۆش بوو… سەیری مۆبایلەکەی کرد، کاتژمێر چواری بەیانی بوو. جگەرەیەکی دەرهێنا و دایگیرساند…
بەیانی، لە ئۆفیس، ژاڵە وەک هەمیشە بوو، ناز، سادە، بێ ئاگا لەوەی شەوانە چی بەسەر زانیاردا هاتووە. زانیار تەماشای دەکرد و لە ناخیدا پرسیاری لێ دەکرد:
“ئایا ئەویش لە هەمان شت بیر دەکاتەوە؟ ئایا ئەویش، لە شەوانی تەنیاییدا، بیر لە کەسێک دەکاتەوە کە ناتوانێت ناوی ببات؟”
ژاڵە لەناکاو وەستایە سەری و بە دەنگێکی پڕ لە پرسیارەوە لێی ڕوانی:
—-ئەوە چی بوو؟ نەڕۆیشتیت بۆ لای ئەندازیار ئەحمەدی؟
زانیار شڵەژا، بەخێرایی چاوی لە چاوەکانی قفڵ کرد، بەڵام یەکسەر نیگای دزییەوە و سەیری مێزەکەی کرد. قووتێکی بە ئاوی دەمیدا دا و بە دەنگێکی تا ڕادەیەک لەرزۆکەوە وتی:
– نا… هەر ئێستا دەچم. شتێک مێشکمی بەخۆییەوە سەرقاڵ کردبوو و پاک بابەتەکەم لەبیر چووبوو.
ژاڵە کەمێک نزیکتر بووەوە، دەستی بە لێواری مێزەکەوە گرت و بە نیگایەکی وردترەوە سەیری کرد:
– چی؟ دیسان سەبارەت بەم پڕۆژەیە بوو؟
زانیار هەستی بە گەرمای جەستەی ژاڵە دەکرد و بۆنە کێشەرەکەی تەواوی دەروونی داگیر کردبوو. لەو نزیکییەوە دەیتوانی هەست بە خێرابوونی ترپەی دڵی خۆی و جووڵەی سنگی ژاڵە بکات بەهۆی هەناسەکانییەوە. بینی کە دیسان چاوی لە دەستبەندەکەیە و بزەیەکی جوان بەسەر لێوییەوە نیشتبوو. ئەو بزەیەی کە هەمیشە دڵی زانیاری دەبرد و ئارەزوویەکی شێتانەی تێدا دروست دەکرد کە لەوێدا و لەو ساتەدا لێو بنێت بە لێوە جوانەکانییەوە و کۆتایی بەو دوورییە بهێنێت. بە زەحمەت هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا:
– نا نا، شتێکی کەسیی خۆم بوو.
ژاڵە برۆی گرژ کرد و بە تۆنێکی نەرمترەوە پرسی:
– دە چی بوو؟ ناتەوێت پێم بڵێی چی مێشکتی سەرقاڵ کردووە؟
زانیار ویستی هەموو شتێک بڵێت، بەڵام وشەکان لە گەروویدا قەتیس مان. بە خەندەیەکی شەرمنانەوە هەستایە پێوە:
– نازانم، لەوانەیە دواتر پێت بڵێم. ئێستا با بچم بۆ لای ئەندازیار.
زانیار دەفتەر و لاپتۆپەکەی هەڵگرت، بۆ ئەوەی بچێت بابەتەکە باس بکات. هەرکە نزیکی هۆڵی بەڕێوەبەر بوو، خاتوون مەسعوودی (سکرتێری ئەندازیار) پێی وت کە دکتۆر سەدریش لەوێیە. ئاها، کەواتە باشترە! ئەگەر ئەندازیار دیسانەوە پڕۆژەکەی ڕەت بکاتەوە، دەتوانێت لە ڕێگەی دکتۆر سەدرەوە پڕۆژەکەیان جوانتر بۆ شی بکاتەوە. هەرچییەک بێت دکتۆر سەدر شارەزاترە لەم بابەتە و زۆر حەزی لە نوێخوازییە.
دیسان بیری ژاڵە هاتە مێشکی. ویستی لەبیر خۆی بباتەوە، بەڵکوو بتوانێت تەوەرەکە بەباشی بخاتەڕوو لای ئەندازیار و بە خۆی وت:
“گەر بابەتەکە پەسەند کرا، دەچم هەستی خۆم بە ژاڵە دەڵێم”.
زانیار چووە ناو ژوورەکە و نەخشەڕێگاکەی خستەڕوو. کۆبوونەوەکە زۆر درێژخایەن بوو. نزیکەی دوو کاتژمێر خەریکی باسکردن لەسەر ئەو پڕۆژەیە بوون. بە پشتگیریی دکتۆر سەدر، بڕیار درا کە ئەم بابەتە بۆ دەرکردنی بڕیاری کۆتایی ببرێتە ناو ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمپانیا.
لە شووشەی ژوورەکەی بەڕێوەبەرەوە، چەند جارێک ژاڵەی بینی کە سەیری دەکرد. هەستی دەکرد گەر بچێتە دەرەوە، ژاڵە دێت بە پیرییەوە و لێی دەپرسێت چۆن بوو؟
بەڵام کاتێک لە ژوورەکە هاتە دەرەوە، ژاڵە لەوێ نەبوو!
باشە، خۆ ئاسایی بوو! کۆبوونەوەکە دوو کاتژمێری خایاندبوو، ئەو کچەش خۆ نازانێت کەی تەواو دەبێت. لە لایەکی ترەوە کاتی نانیش دەستی پێ کردبوو، بگرە ڕۆیشتبێت بۆ ڕێستوران. هەڵبەت کاتێک هەردووکیان لە ئۆفیس بوونایە، هەمیشە پێکەوە دەڕۆیشتن!
دەستبەجێ نەچووە ناو ژوورەکەی. ڕۆیشت لە بەردەم پەنجەرەی ئۆفیسی سکرتێری بەڕێوەبەر و سەیری دەرەوەی کرد. دیواری دەرەوەی ئەو باڵەخانەیە بەتەواوی شووشە بوو. ئۆفیسی کۆمپانیا لە نهۆمی ١٥ی باڵەخانەیەکی ٢٠ نهۆمی بوو.
کاتێک سەیری شەقامی دەکرد، پڕ بوو لە ئۆتۆمبێلی لوکس و قەرەباڵغی. لەناکاو، لەنێو ئەو هەموو ئۆتۆمبێلە مۆدێرنانەدا، چاوی بە ئۆتۆمبێلێکی کۆنی بارهەڵگر کەوت کە دووکەڵێکی ڕەشی بەدوای خۆیدا جێدەهێشت.
ئەو دیمەنە بچووکە، وەک دەرگایەک وابوو بۆ ڕابردوو؛ دەستبەجێ دووکەڵی تەراکتۆر و تۆزی کۆڵانە خۆڵییەکانی گوندەکەی هێنایەوە بەرچاو. لەپڕێکدا کەوتە بیری تەمەنی منداڵی و ئەو کاتانەی کە لە بسام و لە دەشت و دەر بوو.
بیری لەوە کردەوە کە ئەو خەڵکی ئێرە نییە و بەشێکە لە ژیانێکی لادێیی. بەڵام ١٠ ساڵ بەسەر دواجاردا کە ڕۆیشتبوو بۆ ئاوایییەکەیان تێپەڕی بوو. لەوانەیە خەڵکی ئەوێش نەمابێت ئیتر و گەر بڕواتەوە بۆ گوندەکەیان، کەس نەیناسێتەوە.
بیری لە توانجەکانی شەبنەم کردەوە کە بەردەوام پێی دەوت لادێیی و ئەمیش هیچی نەدەدرکاند. ئەو کێشەیەکی نەبوو لەگەڵ ئەوەی لە گونددا لەدایک بووە، بەڵام بۆچی لە کاتی تووڕەبووندا، دەبوایە شەبنەم ئاوا تانەباری بکات؟!
کاتێک چووە ناو ژوورەکەی خۆی، ژاڵەی بینی لەسەر کورسییەکەی خۆی دانیشتبوو. کە زانیاری بینی، بە زەوقەوە وتی:
– چی بوو؟ چیت کرد؟
– زۆر باش بوو، بەڵام زۆر ماندوویان کردم بە قسەکردن!
– ئاها، دە پێم بڵێ چی بووە. دەی دەی.
زانیار سەیری چاوەکانی ژاڵەی دەکرد کە چەندە وزەی تێدایە. لە ناو دڵیدا وتی:
“حەتمەن ئەویش ئەو سۆزەی بۆ من هەیە وا چاوی ئاوا بریقە دەداتەوە”.
بە دزییەوە چاوی لە سنگی کرد و خەیاڵی پێوە کرد. دواتر وتی:
– باش. ڕاستی، تۆ نانت خواردووە؟
ژاڵە بەهێواشی و بە دەنگێکی سۆزدارانە وتی:
– نا. چاوەڕێی تۆ بووم پێکەوە بڕۆین. سەحەر و عەلی کە ڕۆیشتن، پێیان وتم. منیش وتم چاوەڕێی زانیارم.
زانیار دیسان خەیاڵ بردی و دەنگە ناسکەکەی لە گوێی دەزرنگایەوە. دواتر وتی:
– باشە، با من بچم بۆ ئاودەست. دواتر دەڕۆین بۆ نانخواردن ئینجا و بۆت دەگێڕمەوە.
– باشە. بڕۆ، چاوەڕێم…
زانیار ڕۆیشت بۆ ئاودەستخانە. لە ڕێگا دیسانەوە بیری لەوە دەکردەوە کە ئەو دەیەوێت ڕازی دڵی خۆیی پێ بڵێت. پێی بڵێت تەنانەت لە خەویشدا وازی لێ ناهێنیت، دێتە خەوی. پێی بڵێت کە بیر لە کاتبەسەربردن و سێکسێکی خۆش لەگەڵ ژاڵە دەکاتەوە. پڕۆژە چ گرنگییەکی بوو بۆ ئەو؟
بەڵام بیرۆکەی نەرێنی وازی لێ نەدەهێنا. ئەی ئەگەر پێی وت و وەڵامی دایەوە کە ژیانی خێزانی هەیە و چ قسەیەکە دەیکەیت تۆ، چی؟ گەر وتی ئێمە دوو هاوکار و هاوڕێین و زیاتر لەوە نین، چی؟ یان ڕەنگە بڵێت ئێمە چونکە هەردووکمان لە ژوورێکین و کارەکەمان پەیوەندیی بە یەکترییەوە هەیە، بۆیە هێندە قسە دەکەین پێکەوە و چاوەڕێ نەبووم تۆ وا بیر بکەیتەوە!
دە ئاخر ئەمە چ هاوکارێکە ڕازە نزیکەکانی ژیانی خۆی بۆ دەگێڕێتەوە؟ ئەو باسانەی کە لەگەڵ هاوڕێ کچەکانیشیدا نایانکات! ئاخر بۆچی باسی پەیوەندییە خۆشەویستییە ناخۆشەکەی، ڕیزبەڕیز بۆ دەگێڕێتەوە! واتە هاوکار ئاوا قسە دەکەن پێکەوە؟ یان کاتێک لە شتێک زیز دەبێت، زەنگی بۆ دەدات! یان بۆ هەمیشە بارودۆخی پشیلەکەشی بۆ دەگێڕێتەوە؟ هەڵبەت نەکا تەنیا گوێیەکی باش بووبێت و هیچی تر!
بیری هاتەوە لە ساتێکی وادا، بە شەبنەمیش هەمان ئاگر و ئارەزووی هەست و چێژی هەبوو. کاتی زۆریان لەگەڵ یەکدا بەسەربردبوو، بەڵام هەرگیز ئەو نزیکبوونەوەیەی کە زانیار لە دڵیدا بیری لێ دەکردەوە بەدەست نەهێنابوو. نزیکبوونەوەیەک وا ببێتە تێکەڵبوونێکی ڕاستەقینە. لەوانەیە ئەو جۆرە تێکەڵبوونە هەمیشە لەو شوێنانەدا شاردرابێتەوە کە هەرگیز باسی نەکرابوون.
زانیار هەستی دەکرد هەمان ئاگری جارانیەتی. ئاگرێک کە دەیزانی ڕۆژێک یان دەبێت بکوژێتەوە، یان دەبێت بیخاتەڕوو، تەنانەت ئەگەر ئەنجامەکەی هەمان خاچ بێت کە لە خەونەکەدا بۆی هەڵواسرابوو.
نەیدەزانی چی بکات. سەیری ئاوێنەکەی ناو ئاودەستخانەی کرد، دەموچاوی خۆی شوشت. بە خۆی وت:
“دەچم ئەم جارەیان پێی دەڵێم. لە خراپترین بژاردەدا، کۆتایییەکەی ئەوەیە کە پێم دەڵێت نا و لەبەرچاوی دەکەوم. بەڵام نا، وەڵامی نا نییە، دەزانم…”