ژنەفتن ژنەفتن
شیعر

ده‌وار

به‌شێکم ئاوێته‌ی هه‌تاو و هه‌نجیر بووه

ڕۆح لەبه‌رێکی ڕووتم

به‌ بیانووته‌وه‌ ئەسووڕێ

به‌شێکی په‌نگ ئه‌خواته‌وه له‌ ناکاو

به‌شێکی به‌ ناوه‌ڕاستی له‌شی تۆ هار بووه‌

ده‌رفه‌تێک ماوه‌ خۆتم پیا هه‌ڵواسی (یانی سه‌برم بخه‌مه‌ مابه‌ینی و به‌ینه‌لله وه‌ک ماسی\ ئه‌یووبێک ده‌رکه‌وێ له‌ قاچتا هاار)

له‌ تاقه‌تما داکه‌وی..

داکه‌ویته‌ ناو دارستانێک له‌ سنه‌وبه‌ر

بگه‌ڕێینه‌وه‌ ساڵه‌کانی گیرفانی پووچ و دڵی خۆش

که‌ با ڕای ئه‌کرد به‌ قژتا – له‌ ته‌مه‌نی گڤه‌دا بوو

فێر ببوو بقیژنێ

پڕ به باڵای کووچه‌ (مل ملانم که‌ن به‌ په‌تا!\ مناڵه‌کان ده‌وار ده‌وارانم که‌ن – ده‌واری ره‌ش -\ خۆمانین و مشتێک خاک و گه‌لێک خه‌فه‌ت گڤ ڤ گڤ ڤ )

خۆ پێم وتبووی

ئه‌م کوڕه‌ ئاوێزانه له‌ نقا بێ ئینساف!

مه‌هێڵه‌ با گه‌وره‌ نه‌بێ

هه‌نجیر به‌رگه‌ی سه‌رما ناگرێ (مێشکی تاڵ ئه‌بێ وه‌کوو سه‌گ)

کڵاوێکی هه‌یه ‌و هه‌زار که‌له‌؛

ڕۆژێک دانه‌یه‌کیان به‌ دار ئه‌سپێرێ (ئه‌وانی تر ئه‌ڵێن منیش- مل ملانم گه‌ره‌که‌)

باوه‌ڕ که‌ سێ سێ و دار دار

که‌له‌یان لێ به‌ با داوم گڤ ڤ گڤ ڤ

به‌ینابه‌ین دایکم نازانێت

شینی کاممان بکات باشه‌؟!

ڕۆحی کاممان بۆ به‌ری کام میوه‌ ئه‌بێ؟

دایکه‌ دایک

چووزانێ خه‌م به‌ هه‌ر لایه‌کا شينی که‌ی هیچ سه‌وز ناکات؟!

گه‌رووی داوه‌ته‌ ده‌س گۆرانییه‌ک – سه‌وزه‌که‌و باوانم

ده‌ستی سپاردۆته‌وه‌ مه‌زرا- هێڵێک کوڕه‌که‌م، هێڵیکیش تۆ، یا ڕه‌ببی سه‌وزی که‌ی!

خۆ نه‌یزانی ته‌مێک دێت و

هه‌موو ڕۆژێک هه‌سپ هه‌سپ

ئه‌محیلێنێ به‌ ناو له‌شتا.

تۆ دار به‌ دار!

شوێنێک هه‌بێت له‌ سێبه‌رتا کرچ و لۆچ بم

ئێواران چۆله‌که‌ له‌ قژمانا زاوزێ بکات (پڕ به‌ باڵای کووچه‌)

من له‌ داوێنی هه‌نارتا ئه‌یووبه‌کان بێ تاقه‌ت که‌م (سڵاو بۆ هه‌ر چی ماسییه‌)

سێو بگرین سێو

با که‌م دایکم له‌ داوێنی کراسه‌که‌ی

گوڵ بچێنێ بۆ سه‌رقه‌بران.

– بێ ئینساف! –

……………………….

پاییزی 2010

blank
دەربارەی نووسەر
عادڵ ئەعزەمی
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە