١
حەزم دەکرد کرێکار بم.
چونکە خراپ بریندارم:
لە وارخانی ژمارە نۆ،
بەهیوای فڕینەوە،
کەوتمەوە خوار.
٢
دەمویست ئۆرتۆپید بم.
چونکە ژیان ئێسکەکانی شکاندم،
منیش بە یادەوەری
بە یەکیان دەلکێنمەوە.
٣
حەزم دەکرد شوێنەوارناس بم.
چونکە پارچە پارچە بووم،
گۆڕی مردووەکانم هەڵدایەوە.
بەڵام گۆڕەکان لە خەوی گەرمیدا بوون.
٤
حەزم دەکرد هەنووکەساز بم.
چونکە سەرم نامۆیە بە ئاوەدانی،
سەرێکی نوێ دروست دەکەم؛
لە پووچیی مرۆڤ بەتاڵ بێت.
٥
حەزم دەکرد پۆستەچی -با- بم.
چونکە نیگەرانیم نامەیەک بوو؛
لە سندووقی یادەوەریمەوە
بە هیچ ناوونیشانێک
نەگەیشت بە خوا.
٦
ئارەزووم دەکرد وێنەکێش بم.
چونکە برینم ڕەنگی نییە،
مرۆڤێکی ئێرێکتۆس دەکێشم؛
بە سەرێکی گەورە، خەونێکی هەورین و
ئێسکێکی مۆدێرن.
٧
ئەوانەش نەبووم و
بووم بە شاعیر.
لە ڕەچەڵەکی خەونن، شاعیرەکان.
پێش بەخەبەربوونیان مردوون.
شاعیرەکان، لە پەرتبوونەکانن.
هەر پارچەیەکیان دەگەڕێتەوە
بۆ ماڵێکی لەیادچوو.
پەراوێز:
ئۆرتۆپید؛ ناوێکی زانستییە بە مانایی دکتۆری ئێسک و شکاوی
ئێرێکتۆس؛ جۆرێکی مرۆڤی کۆنە کە نزیکەی ١.٩ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا لە ئەفریقا سەری هەڵداوە و دواتر لە بەشەکانی ئاسیاش ژیاوە.