بەفرێکی پڕووشە دەباری کاتێک گەیشتمە بەر دەرکی ماڵی ئومبێرتۆ ئێکۆ لە میلان. مانگی شوبات بوو، تازەترین کتێبی بە ناوی “ژمارە سفر” کە لە سەرەتای ٢٠١٥دا لەلایەن دەزگای “بۆمپیانی”ـیەوە بڵاو کرابووەوە، وەک بڵێسەی ئاگر لە کای دابێ، هەر زوو چووبووە تەشقی لیستی پڕفرۆشترینەکان. گەلێک سەرنج و ڕەخنەی لەسەر نووسرابوو؛ ئەگەر بیرم نەچووبێت، ئێکۆ پتر لە جاران ملی دابوو بە دیمانە و وتووێژ. ئیدی من چی لێ بپرسم کە پێشتر لێیان نەپرسیبێت؟ پێش ئەوەی کتێبەکە بێتە بازاڕەوە، نوسخەی بەرلەچاپم خوێندبووەوە، بەڵام تا ئەمڕۆ دەرفەتمان بۆ هەڵنەکەوتبوو یەکتری ببینین. دڵم وەک چۆلەکە لێی دەدا بۆ دیداری؛ ئێکۆ لە هەموو ئیتاڵیا و جیهاندا ناو و دەنگی دەرکردووە، ڕەنگە ناسراوترین نووسەری زیندووی ئیتاڵیا بێت. خەڵک گەلێک وتار و لێکۆڵینەوە و کتێبیان لەسەر نووسیوە، کەچی هێشتا گەلێک لایەنی ژیانی هەن کە لە خوێنەر و ڕەخنەگرانی شاردراوەن. یەکێک لەو شتانەی گەرەکم بوو لێی ورد ببمەوە، ئەو دوو لایەنەی ژیانی بوو؛ وەک وتارنووسێک و وەک چیرۆکنووسێک. لایەنی تریش شێوازی کارکردنی بوو. لەوەیش گرنگتر، نووسینی کتێبێک بوو لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا؛ ئەمە کارێکی وا ئاسان نییە و هەر کەسێک بۆی ناچێتە سەر. ئیدی لەسەر قەنەفەکەی دانیشتین و لێرەوە دەستم بە دیمانەکە کرد و لەسەر “ژمارە سفر” پرسیم.
مارکۆ بێلپۆلیتی

مارکۆ: چی بوو ئەو بیرۆکەیەی خستە مێشکتەوە بۆ نووسینی ئەم کتێبە؟
ئێکۆ: لە حەفتاکانەوە خەریکی نووسینی وتارم بۆ ڕەخنەگرتن لە شێوازی ڕۆژنامەوانی. لە نەوەدەکاندا هاوپیشەیەکی زانکۆم بە ناوی “کارلۆ سکۆنیامیلیۆ” بوو بە سەرۆکی ئەنجومەنی پیران و منی بانگهێشت کرد تا وتارێک لەژێر ناوی “خراپە و چاکەکانی ڕۆژنامەوانیی ئیتاڵی” پێشکەش بکەم؛ گەلێک لە سەرنووسەرانی ڕۆژنامەکانیش لەوێ ئامادە بوون. وتارەکەم زۆر توند بوو، وەک بڵێیت بە پیک لێم دابن، وردوخاشم کردن. دوای ئەوە مشتومڕێک لەنێوان من و “پیێرۆ ئۆتۆنێ”دا دروست بوو کە ڕۆژنامەنووسی “کۆریێری دێلا سێرا” بوو، ئەویش هەر وا بەئاسانی لێم گەڕا. “ئۆتۆنێ” بە تێڕوانینێکی ئەنگلۆساکسۆنییەوە دەیگوت دەکرێ “ڕاستی” لە “بۆچوون” جودا بکرێتەوە، بەڵام من و ئامادەبووانی تر پێمان وا بوو ڕۆژنامەنووسان ناتوانن ئەم دووانە لە یەک جودا بکەنەوە. ئەمە هەمیشە خولیای من بووە، بە تایبەت لە وتارەکانمدا.
مارکۆ: ئایا ئەمە بەو مانایەیە کە کتێب لە ئەنجامی بابەتێکەوە دێت کە تۆ شەیدای بیت؟
ئێکۆ: نەک ڕێک بەو شێوەیە. با وەڵامی پرسیارەکەی پێشووت بدەمەوە. من دەستم کردبوو بە کۆکردنەوەی هەندێک بیرۆکەی لێڵ و ناڕوون لە بارەی چیرۆکێک کە لەناو نووسینگەی ڕۆژنامەیەکدا ڕوو دەدات. ئەمە پێش ئەوە بوو “باودۆلینۆ” بنووسم. پاشان بیرۆکە و دەرفەتی تر هاتنە ڕێم و ئەمەم خستە ناو ساردکەرەوەوە تا تێر بخەوێت. کاتێک گەیشتمە تەمەنی ٨١-٨٢ ساڵی، لە خۆم پرسی: “ئاخۆ هێشتا دەتوانم ڕۆمان بنووسم؟” وام هەست دەکرد هەرچی بیرۆکەم هەبوو بنەبڕ بوون، بەڵام لە پڕێکدا ئەم بیرۆکەیە سەری دەرهێنا. هەندێک ڕەخنەگری وردبین دەڵێن من گەلێک کەرەستەم بەکار هێناوەتەوە کە پێشتر لەسەریانم نووسیوە. منیش گوتم مادام بیرۆکەکان هیی خۆمن و هەر شتێکیش بڵاو دەبێتەوە دوای هەفتەیەک لەبیر دەچێتەوە، ئاسایییە دووبارە بەکاریان بهێنمەوە. وتاری ڕۆژنامە تەمەنی وەک گوڵی دەم با کورتە. بڕیارم دا لەسەر نووسینگەی ڕۆژنامەیەکی پلە دوو یان پلە سێ بنووسم.
مارکۆ: کارەکتەرەکان چۆن پەیدا بوون؟
ئێکۆ: ئەوانە لە ناوی فۆنتەکانی نووسینەوە هاتوون. ئەگەر لە بەرنامەی “وۆرد”دا لیستی فۆنتەکان بکەیتەوە، هەموویان لەوێ هەن، تەنیا “براگادۆچیۆ” نەبێت کە ئیتر لەوێ نەماوە. شەیدای ئەو ناوەم. ئەو کاتە تەنانەت نەمدەزانی کارەکتەرێکی ئینگلیزی بەو ناوە هەیە کە لە جۆری “سەربازی لافلێدەر”ە. گەرەکم بوو کۆمەڵە خەڵکێک کۆ بکەمەوە کە هیچ پێوەندییەکیان بە یەکەوە نەبێت. تاقمەکەم وردە وردە پێک هێنا و لە هەندێک نموونەی خراپی ڕۆژنامەوانییەوە دەستم پێ کرد کە ئەزموونی خۆم بوون؛ وەک ناوزڕاندن و ئەو دادوەرەی گۆرەوی سووری لە پێ کردبوو… من خۆم جارێک بووم بە قوربانی. ڕۆژنامەیەک نووسیبووی کە من لە چێشتخانەیەکی چینیدا لەگەڵ “کەسێکی نەناسراو” بینراوم. پێ دەچێت ڕۆژنامەنووسەکە نەیناسیبێت، بەڵام من دەمناسی. ڕاستییەکەی، هاوڕێیەکی خۆم بوو، نە کەسێکی نادیار بوو نە ترسناک، چێشتخانەکەیش ڕێک لێرە لەسەر سووچی شەقامەکەیە. ناوزڕاندن بەو مانایە نییە بنووسیت فڵانە کەس لادەرە؛ بەڵکوو دەنووسیت فڵانە کەس بلوزێکی شینی لە بەردایە، ئیدی ئەگەر ئەو بلوزە شینە بخەیتە ناو چوارچێوەیەکی گونجاوەوە، گومان لای خەڵک دروست دەبێت.
مارکۆ: ویستم بزانم چۆن کار دەکەیت، چۆن دەنووسیت؟ ناوێکت لایە، وێنەیەک دەکێشیت. کارەکتەرەکە چۆن لەسەر لاپەڕەکان زیندوو دەبێتەوە؟
ئێکۆ: زۆربەی جار ڕۆمانەکانم بە بیرۆکەیەک دەست پێ دەکەن کە لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا ڕوو دەدەن. ڕەنگە سەردەمەکە سەدەی حەڤدەیەم بێت، وەک لە ڕۆمانی “دوورگەی ڕۆژی پێشوو”دا. بۆ شوێنیش، من لەسەر نەخشە جوگرافییەکان کارم کردووە، تەنانەت کەشتییەکم پارچە بە پارچە کێشاوە، بە ژوورەکانی ناوەوەیشیەوە. ڕەنگە ساڵێک یان دووانم پێ بچێت. بە بیرۆکەیەکی سەرەتایی دەست پێ دەکەم، وەک تۆوێک کە دەیچێنم: قەشەیەکی ژەهرخواردوو، کوڕێک کە لە گۆڕستاندا تڕەمپێت لێ دەدات، یان کاتژمێرێک لە دوکانێکدا کە کاتی هەموو جیهان نیشان دەدات. پاشان، کاتێک تۆوەکەم چاند و ڕەنگە یەک-دوو کارەکتەرم داهێنا و ناوێکم لێ نان، ئیدی چوارچێوەکە خۆی پڕ دەبێتەوە. وەک “خوای جۆیس” دادەنیشیت و نینۆکت دەگریت و ڕۆمانەکە خۆی خۆی دەنووسێت. کاتێک دیمەنەکەم بە کارەکتەری “براگادۆچیۆ” ڕێک خست، هیچ ئاگام لەوە نەبوو کە ئەم کارەکتەرە پێوەندیی بە مردنی موسۆلینییەوە دەبێت. لە “ژمارە سفر”دا ئەو بابەتەی گەرەکم بوو تیشکی بخەمە سەر ڕۆژنامەوانیی پلە دوو بوو و خولیای میلانم هەبوو؛ ئەو شارە تەمومژاوی و پڕ لە نهێنییە. دەستم کرد بە خوێندنەوەی هەرچی کتێب هەبوو لەسەر میلانی شاردراوە و شەقامی “بانێرا”م دۆزییەوە کە هەرگیز ناوم نەبیستبوو، وەک چۆن هەرگیز نەچووبوومە ناو کڵێسای “سان بێرناردینۆ”، کە پاشان دەستم کرد بە سەردانی. ئا وا بوو کە بیرۆکەی بەکارهێنانی “براگادۆچیۆ”م بۆ هات تا بە ناو مێژووی ئیتاڵیای سەدەی بیستەمدا بگەڕێت لە دوای موسۆلینی، کاتێک لە شەقامێکی نادیارەوە دەچێتە یەکێکی تر و هەموو نهێنییەکانی وڵاتەکەمان دەدۆزێتەوە. دەتوانم بڵێم هەموو کارەکەی خۆی کردی. ئەگەر نووسینگەی ڕۆژنامەیەکم بە کارەکتەرێکی ڕاڕا و گوماناوییەوە دانەهێنایە، چیرۆکێکی وا دروست نەدەبوو.
مارکۆ: هەستێک لای خوێنەری “ژمارە سفر” دروست دەبێت کە کتێبەکە سست دەست پێ دەکات، وەک بڵێیت بزوێنەرێک لە گێڕی یەکدا بێت و، پاشان وردە وردە خێرا دەبێت. سەرەتاکەی کە بە فۆنتێکی جیاواز چاپ کراوە، باسی شێرەیەک دەکات کە ئاوی لێ نایەت و باسی سەرکێشییەکانی سەردەمی زانکۆی پاڵەوانەکە دەکات. پاشان “براگادۆچیۆ” دێتە ناو مەیدان و کتێبەکە خێرا دەبێت. دواتر کارەکتەرەکەی تر، “مایا”، کە پێوەندییەکەی لەگەڵ گێڕەرەوەکە ڕیتمێکی تر بە ڕووداوەکان دەبەخشێت. کاتی دەوێت تا کتێبەکە بکەوێتە سەر پێی خۆی.
ئێکۆ: ڕێک وایە. تەنانەت زیاتریش. ئەو سەرەتایەی کە ئاو لە شێرەکە نایەت، جاران سەرەتای “پەندۆڵی فۆکۆ” بوو. هاوڕێیەکم کە بڕوام بە سەرنجەکانی هەبوو خوێندییەوە و لە ئەنجامدا ئەو دیمەنەم سڕییەوە، بە ڕاستی فڕێم دا. هەمیشە پەشیمان بووم لە فڕێدانی ئەو پارچەیەی چیرۆکەکە، چونکە بیرۆکەی نەهاتنی ئاو لە شێرەیەکم زۆر بەدڵ بوو. بۆیە کاتێک بڕیارم دا ئەم چیرۆکە بنووسم، چوومە ناو ژێرزەمینەکە و دەستم کرد بە کردنەوەی کارتۆنە کۆنەکانم تا دەقە کۆنەکەم دۆزییەوە. تۆزێک دەستکاریم کرد و ئەوە بوو بەو سەرەتا هێواشەی گەرەکم بوو، چونکە نوێنەرایەتیی ئەو ڕێگە هێواشەی دەکرد کە من دەستم بە ڕۆمانەکە کردبوو. پاشان چیرۆکەکە خێرا دەبێت. با بڵێین هەموو ڕۆمانە ٦٠٠ لاپەڕەیییەکانم وەک سەمفۆنیاکانی “ماهلەر” بوون. بەڵام ئەم ڕۆمانە پارچە مۆسیقایەکی “جاز”ە، وەک ئاوازێکی “چارلی پارکەر”. من زۆر بە ڕوونی بە وەرگێڕەکانم دەڵێم کاتێک دەیانەوێت شت زیاد بکەن: “دەبێت ڕیتمی جاز لەم ڕۆمانەدا بپارێزن. تات-تاتات.” پارچە جازێک بە سەرەتایەکی هێواش دەست پێ دەکات و پاشان ئەو ڕیتمە وەردەگرێت کە پێویستە و، خێرا و خێراتر دەبێت.
مارکۆ: ئەی یادەوەرییەکانی زانکۆ و چیرۆکی مامۆستا یاریدەدەرەکان چی؟
ئێکۆ: ئەوانە هەمووی بەشێک بوون لەو بەشەی کە فڕێم دابوو.
مارکۆ: وام هەست کرد پێوەندییەکی زۆریان بە “کۆلۆنا”وە نییە، ئەو گێڕەرەوەیەی کە ڕۆژنامەنووسە و لە ئەڵمانییەوە وەردەگێڕێت.
ئێکۆ: پێم وایە بۆ ئەوە باش بوو کە کارەکتەرە شکستخواردووەکە پڕ بکاتەوە. ئایا هەستت کرد شتێک کەمە؟
مارکۆ: کتێبەکە بە کەشێکی هەستبزوێن (تریلەر) دەست پێ دەکات و یادەوەرییەکانی زانکۆیش هەمیشە لە کتێبەکانتدا هەن.
ئێکۆ: زانکۆ دەگمەن لە کتێبەکانمدا دەردەکەوێت. لە “پەندۆڵی فۆکۆ”دا سەرنووسەران لە دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوەدان.
مارکۆ: ڕاستە، بەڵام مرۆڤ هەست دەکات کارەکتەرەکان خولیا و نەخۆشییەکانیان لە زانکۆوە پەیدا کردووە، یان پێوەندییەکانیان لەوێوە دەستی پێ کردووە. پاشان وا دەزانیت چیرۆکەکە بەرەو ئەو لایە دەچێت.
ئێکۆ: بیرۆکەی یەک-دوو هاوڕێم هەبوو کە ئەڵمانییان خوێندبوو، بەڵام هەرگیز دەرنەچووبوون و لێرە و لەوێ وەک ڕاوێژکار کاریان دەکرد. لەوێوە دەستم پێ کرد، چونکە پێویستم بە کارەکتەرێک بوو کە ڕۆژنامەیەکی پلە دوو دابمەزرێنێت، بۆیە نەدەبوو وەک ڕۆژنامەنووسە ناودارەکانی ئێمە وەک “سکالفاری” یان “مۆنتانێلی” بێت. پێویستم بە “دۆڕاوێک” بوو. دۆڕاوێک وەک سەرنووسەر، وەک نووسەری سێبەر، وەک مێردێک، کە دەچێتە سەر کار لە ڕۆژنامەیەکدا کە لە ئارادا نییە و، پاشان بە عاشقبوون قەرەبووی هەموو شتێک دەکاتەوە. پێم وایە چیرۆکی دۆڕاوێک زۆر گونجاوە. یانی دەڵێیت چونکە من دۆڕاو نیم نەمتوانیوە بەباشی بینووسم؟
مارکۆ: “کۆلۆنا” لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا تواناکانی خۆی دەدۆزێتەوە و لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەنووسە گەنجەی کە لە نووسینگەی هەواڵە چەواشەکاندا ناسیویەتی، ژیان دروست دەکات. ئەو “پاش-دۆڕاو”ە. ئەو توانایانەی لە سەرەتای کتێبەکەدا دەردەکەون، وەک ئەوەی دەزانێت لە ئەڵمانییەوە وەربگێڕێت و شتی تر، هەموویان لەو بەشە سەرەتاییەدا ماونەتەوە کە لە ڕۆمانێکی پێشووەوە بەکارت هێناوەتەوە.
ئێکۆ: بەڵام “کۆلۆنا” لە پشت پەردەوە کار دەکات، بیرۆکە دەداتە خەڵکانی تر. وەک هەر کەسێک کە بە خۆی خوێندبێتی، زانیارییەکی سەرسووڕهێنی هەیە. وەک ڕوونم کردووەتەوە، خۆفێرەکان هەمیشە لە خەڵکانی تر زاناترن.
مارکۆ: بۆچی لە “ژمارە سفر” و “پەندۆڵی فۆکۆ”دا لەسەر شکستخواردووان دەنووسیت؟
ئێکۆ: چونکە لە “پەندۆڵی فۆکۆ”دا ئەو سێ سەرنووسەرە دەکرێت سەرنووسەری “ئایناودی” بن، بەڵام لە ڕاستیدا سەرنووسەری “ڤانیتی فەیر”ن.
مارکۆ: بابەتی شکست زۆر دەردەکەوێت، لەگەڵ ڕاڕایی و پیلانگێڕی…
ئێکۆ: هەندێک نووسەر تەنیا لەسەر سێکس دەنووسن، منیش لەسەر شکست دەنووسم.
مارکۆ: بۆچی؟
ئێکۆ: چونکە ئەو نووسەرانەی لەسەر سێکس دەنووسن، سێکس لە ژیانیاندا زۆر کەمە و، ئەو نووسەرانەیش لەسەر شکست دەنووسن، زۆر کەم تووشی شکست بوون. بە هەر حاڵ، هەموومان ئەرکی خۆمان لە ژیاندا هەڵدەبژێرین. مادام من زۆر جار بێزار دەبم لەو ڕاڕایی و پیلانگێڕییەی دەوروبەرمان، بڕیارم داوە دژی بجەنگم. خەڵکانی تر جەنگی تر هەڵدەبژێرن.
مارکۆ: ناتوانیت نکوڵی لەوە بکەیت کە چێژێکی زۆر دەبینیت لە نووسین لەسەر پیلانگێڕی و تەونەکان.
ئێکۆ: بێ گومان. “پۆ” چێژ لە نووسین لە بارەی نهێنییەکان و تۆڵەی خوێناوییەوە دەبینێت. “وێلبێک” چێژ لە نووسینی سێکس لە هەموو لاپەڕەیەکدا دەبینێت. ڕەنگە ئەو لەوێدا چێژێکی بێپایان بدۆزێتەوە.
مارکۆ: فێڵ و ساختەکاری یەکێکی ترە لە بابەتە پەسەندەکانی تۆ.
ئێکۆ: خەریکی خوێندنەوەی هەندێک وتارم لەسەر کارەکانم بۆ کتێبێک کە بڕیارە لە ئەمریکا بڵاو ببێتەوە. کۆکراوەیەکە کە تێیدا نووسەران دەبێت ژیاننامەیەکی فەلسەفی بنووسن، پاشان ٢٥ کەس وتار لەسەر نووسەرەکە دەنووسن و، نووسەرەکەیش دەبێت وەڵامی یەکە بە یەکەیان بداتەوە. پڕۆژەکە سێ ساڵ لەمەوبەر دەستی پێ کرد و ڕەنگە دوو ساڵی تریش بخایەنێت. تا ئێستا تێبینیم کردووە کە زۆربەی ئەم وتارانە تیشک دەخەنە سەر دێڕێک لە کتێبی “بیردۆزی نیشانەناسی”ـی ساڵی ١٩٧٦مدا کە دەڵێم نیشانەناسی پتر لە هەر شتێکی تر بریتییە لە “بیردۆزی ساختەکاری”. کەواتە ڕوونە بۆچی من بایەخ بەو شتە دەدەم کە “هەڵە”یە. ئەمە یەکێکە لەو بابەتانەی هەموو ژیانم لەگەڵم بووە. چ سوودێکی هەیە لێکۆڵینەوە لە کرداری زمان بکەم کاتێک ڕاستی دەڵێم، وەک بڵێم “گڵۆپی ئەم ژوورە داگیرساوە”. ئەوەی گرنگە، تێگەیشتنە لە کرداری “ناڕاستی”، وەک بڵێیت “تەپەتەپێک لە پشتتەوەیە”. لێرەدایە کە زمان جیهانی نوێ دروست دەکات نەک تەنیا ڕەنگیان بداتەوە. کێشەی ساختەکاری کردارە مێژوویییەکەیەتی. جارێک وتارێکم لەسەر “هێزی فێڵ” نووسی. هەموو بابەتەکە بە لای منەوە زۆر سەرنجڕاکێشە. هەموو نووسەرێک هەندێک خولیای هەیە کە هەموو تەمەنی لەگەڵ خۆی دەیکێشێت: بۆ هەندێکیان یادەوەرییەکانی منداڵییە، وەک “پرووست”؛ بۆ هەندێکی تریش، وەک “تۆماس مان”، نەخۆشییە هزرییەکانە.
مارکۆ: ئێستا وشەی “تەپەتەپ” یان “نادیار و جنۆکە”ت بە کار هێنا. ئەم کتێبە پڕە لە جنۆکە و تارمایی. بۆ نموونە موسۆلینی. تارماییەکان ئەو یادەوەریانەیشن کە لە ناوتدا دەژین. بە بڕوای تۆ تارمایی چییە؟
ئێکۆ: هەرگیز بیرم لەم بابەتە نەکردووەتەوە. ئەمە منی خستەوە بیری کارتۆنێکی ساڵانی سییەکان: “تارماییی دیبێنسۆ”. ناوەکە لاساییکردنەوەی شێوەزاری “بۆڵۆنی” بوو. بەڵام نا، من هەرگیز بایەخم بە تارمایی نەداوە، تەنیا کاتێک نەبێت کە ماڵێکم لە لادێ کڕی و بڕوام هەبوو کە تارمایی “ئۆگوچیۆنێ دێلا فاجیۆلا”ی لێیە. تەنانەت بە پارچە قوماشێک و دارێک تارمایییەکم دروست کرد. تا ئێستا کەس ئەم پرسیارەی لێ نەکردووم.
مارکۆ: کەسانێک هەن کە تارمایی تێیاندا نیشتەجێیە. بۆ نموونە شکستی عەشقەکەی گێڕەرەوە لە “ساڵی سفر”. پاشان تارماییی موسۆلینی کە “براگادۆچیۆ”ی ڕاڕا دەیبینێت.
ئێکۆ: باشە، ئەگەر بەو شێوەیە بیڵێیت، دەتوانم بڵێم هەموو کتێبی “بڵێسەی نهێنیی شاژنە لوانا” چیرۆکێکی تارمایییە، یان “پەندۆڵی فۆکۆ” چیرۆکی ئەو بەچکە خەیاڵە تارمایییانەیە کە مرۆڤی گەمژە دروستیان دەکات.
مارکۆ: دەروونناسان دەڵێن پارانۆیا (بەدگومانی) تەنیا نەخۆشییەکی دەروونییە کە دەگوازرێتەوە، لە کاتێکدا شیزۆفرینیا (شێتەوژیرەیی) وا نییە. با بڵێین تەنیا هێزی فێڵ نییە، بەڵکوو “نەخۆشی” و فاکتەری کۆمەڵایەتیشە.
ئێکۆ: بێ گومان پارانۆیا بەکۆمەڵ هەیە. خەڵک لە سەردەمی “کارڵ پۆپەر”ەوە باسی دەکەن.
مارکۆ: چی تۆ پەلکێش دەکات بۆ ئەم بابەتە تا ئەو ڕادەیەی خۆتی پێوە سەرقاڵ دەکەیت؟
ئێکۆ: ڕاستییەکەی ئەوەیە من بە هیچ شێوەیەک مرۆڤێکی خورافی نیم و زوویش دڵگران نابم. ئەگەر شتێک بێزارم بکات، یان سەیر بێت، یان نەتوانم لێکی بدەمەوە، بە خۆم دەڵێم “ئەوە هەڵەی منە، هەموو شتێک چاکە”… ئا وا ڕزگارم دەبێت بەبێ ئەوەی تووشی پارانۆیا ببم. هەر بۆیەیش شەیدای کارەکتەرە بەدگومانەکەمم. شتێک کە بۆ من تەنیا هەڵکەوتێکی سادەیە، بۆ ئەو دەبێتە بنەمایەک بۆ لێکدانەوەیەکی تەواو نوێ بۆ واقیع.
مارکۆ: ئەگەر بگەڕێینەوە سەر بیردۆزی نیشانەناسی، کەچی وا دیارە ئەمە دژ بێت لەگەڵ ئەو ڕاستییەی کە هەموو کەس خاوەن پێکهاتەیەکە بۆ خوێندنەوەی واقیع. تۆ مێشکت پەرت نییە، تۆ زۆر خاوەن پێکهاتەیت و، ئەم کتێبە نیشانی دەدات کە تۆ پارانۆیات خستووەتە ناو خانەیەکەوە و کردووتە بە بەشێک لە ستراتیجیەتت.
ئێکۆ: پێدانی پێکهاتە بە قسەکانت بەو مانایە نییە کە تۆ بەدگومانیت، تەنیا واتای ئەوەیە کە تۆ ژیریت یان هەر نەبێت لۆگیکیت. کەسێک کە بەدگومانە، پێکهاتەی وڕێنەئامێز لەو شتانە دروست دەکات کە هیچ پێوەندییەکیان بە یەکەوە نییە. جا ئەو جیهانەی تێیدا دەژیین پتر بە بەدگومانییەکەیان پێکهاتەی بۆ کراوە نەک بە هیچ توخمێکی تر. “داعش” چییە ئەگەر جۆرێکی بەکۆمەڵ لە بەدگومانی نەبێت؟ ئێمە کەوتووینەتە ژێر کاریگەریی بەدگومانیی جەماوەرییەوە. “جۆرج بوش” بیری لە چی دەکردەوە کاتێک هێرشی کردە سەر عێراق، بەو بڕوایەی کە “سەدام حوسێن” چەکی کۆکوژی شاردووەتەوە؟ ئەمەیش جۆرێک بوو لە بەدگومانی؛ ئەوەی ڕاستی بێت زانیارییەکان هەڵە بوون. “هیتلەر” چی بوو ئەگەر نموونەیەکی بەدگومانییەکی زەبەلاح نەبێت؟ ئێمە پتر خەیاڵمان لای بەدومانەکانە نەک کەسانی ئاسایی. کاردانەوەی من بۆ ئەمە، گێڕانەوەی ئەم جیهانەیە.
مارکۆ: پێم وانییە یەک کارەکتەری ئاسایی لە کتێبەکەتدا هەبێت.
ئێکۆ: ئایا پێت وایە هیچ کارەکتەرێک لە هیچ کتێبێکدا ئاسایی بێت؟ ڕەنگە “لوچیا مۆندێلا” لە کتێبی “دەستگیرانەکان”ـی مانزۆنیدا ئاسایی بێت.
مارکۆ: ئەی دەستگیرانەکەی، “ڕێنزۆ”؟
ئێکۆ: نا، ئەو تەنیا کارەکتەرێکە بۆ شەڕ دەگەڕێت و خۆی دەخاتە کێشەوە. نا، “ڕێنزۆ تراماگلینۆ” ئاسایی نییە. ڕەنگە “ئانێزێ” تۆزێک ئاسایی بێت.
مارکۆ: ئەی ئافرەتان؟ لە “ژمارە سفر”دا “مایا” کە کارەکتەری سەرەکیی ئافرەتە، وا دیارە لە پیاوەکانی دەوروبەری ئاساییتر بێت.
ئێکۆ: بەڵێ، وایە. ڕەخنەگرێک کە کتێبێکی لەسەر شێوازی گێڕانەوەی من نووسیبوو، زۆر بێزاری کردم کاتێک گوتی لە ڕۆمانەکانی مندا شوێن بۆ ئافرەت نییە. ئافرەتان لە کتێبەکانمدا هەڵگری دانایین، وەک “لیا” لە “پەندۆڵی فۆکۆ”دا.
مارکۆ: لە “ژمارە سفر”دا “مایا” کارەکتەرێکی زۆر بچووک و باریکە.
ئێکۆ: ئەو ژیرە و، خاوەن هەستی گاڵتەوگەپە. دەوروبەری خۆی بە شکستخواردووان گرتووە و ژیانی خۆیشی ڕێکوپێک سەرکەوتوو نەبووە. کارەکتەرەکەی هێندەی مەمکەکانی بچووکە.
مارکۆ: بچووک بەڵام ڕەق و جوان، ئەوە بنووسە.
ئێکۆ: دروستە. دەینووسم.
مارکۆ: ئەو باریکە. ڕاستییەکەی، تەنیا کەسی قەڵەو لە ڕۆمانەکەدا “براگادۆچیۆ”یە.
ئێکۆ: من بایەخم بە کێشی کارەکتەرەکان نەداوە. تەنیا دەتوانم بڵێم ئەو سەرێکی گەورەی هەیە.
مارکۆ: دوای ئەو سەرەتا هێواشە، ڕۆمانەکە هەڵدەفڕێت و زۆر بە خێرایی کۆتاییی دێت. تۆ تەواوت کرد، بەڵام دەتوانیت بەردەوام بیت.
ئێکۆ: تۆ دادەنیشیت و چاوەڕێ دەکەیت. ڕۆمانەکە خۆی بڕیار دەدات کەی کۆتایی بێت. چیرۆکێکی لەم جۆرە تەنیا دەبوو بەو شێوەیە کۆتاییی بێت، بەو کەشە ڕەشبینییەوە. ئیتاڵیا خراپتر دەبێت، ئێمەیش دادەنیشین و سەیری دەکەین کە چۆن خراپتر دەبێت. لە جاراندا پێیان دەگوت “ڕۆمانی ئاشکراکردن”.
مارکۆ: بابەتێکی تر لە پاڵ بەدگومانیدا کە ڕەنگە بەوەوە بەسترا بێت، بابەتی “شتە باوەکان”ـە. کتێبەکە پڕە لە دەستەواژەی باو.
ئێکۆ: بێ گومان…
مارکۆ: بۆچی بێ گومان؟
ئێکۆ: ئەگەر ڕۆژنامەیەکی پلە دوو دەربکەیت، پڕ دەبێت لە دەستەواژەی جێگیر، من تەنیا وێنەی واقیعم گرتووە.
مارکۆ: ئەم دەستەواژە باوانە لە کوێوە دێن؟ ئایا بەشێکن لە زمانەکەمان؟
ئێکۆ: بێ گومان بەشێکن لە زمانمان، بەرهەمی بەکارهێنانی تەمبەڵانەی زمانن. ئەمانە فۆرمۆلان، دەستەواژەی باون هەر بەو جۆرەی ناویان دەبەیت. هەموو کات دەیانبیستیت، لە ڕۆژنامەکان، لە تەلەڤزیۆن. ئەمانە دەربڕینی جێگیرن.
مارکۆ: تۆ هەمیشە لە سەرەوژوورکردنەوەی دەستەواژە جێگیرەکاندا پسپۆڕ بوویت.
ئێکۆ: گەلێک جار کردوومە، بەڵێ. لە کتێبی منداڵانی ساڵی ١٩٧٣دا بە ناوی “باڵندەکە بکوژە”، لەو وتارانەی بۆ ڕۆژنامەی چەپی “ئیل مانیفێستۆ”م دەنووسی لە بارەی گەمژەییی کتێبەکانی قوتابخانەوە. ئاشکرایە من نووسەرێکی واقیعگەرام. نووسەر هەن دەتوانن وەسفی کرێکارانی ناوچەی “ئەبروزی” بکەن و نووسەری تریش هەن دەتوانن وێنەی بەرهەمهێنەرانی دەستەواژە باوەکان بکێشن.
مارکۆ: ئایا دەستەواژە باوەکان سەرنجت ڕادەکێشن؟
ئێکۆ: من هەمیشە بایەخم بە “گەمژەیی” داوە. ئەمە یەکێکە لەو بابەتانەی کات و بایەخی زۆرم بۆ تەرخان کردووە. “پەندۆڵی فۆکۆ” لەسەر گەمژەیییە. هەمیشە شەیدای بووم و، ئیرەیی بە “کارلۆ چیپۆلا” دەبەم کە وتارێکی نایابی لەسەر ئەم بابەتە نووسی. من هەوڵ دەدەم شیکاری بکەم کە بنەمای گەمژەیی چییە، لۆگیکی فەرمی بە کار دەهێنم تا بزانم گەمژەکان تا چ خاڵێک ڕێک وەک خەڵکانی تر بیر دەکەنەوە، پێش ئەوەی تووشی هەڵەیەکی بچووکی لۆگیکی ببن کە وا دەکات قسەکانیان بە ڕواڵەت ژیرانە بێت بەڵام لە ڕاستیدا گەمژانەیە. زیاتر لەوەیش، من لەو بڕوایەدام گەمژەیی شتێکی دەگمەن نییە کە لەناو واقیعێکی ئاساییدا سەر هەڵبدات، بەڵکو هەموو کەس تا ڕادەیەک گەمژەیە و، هەندێک لە هەندێکی تر کەمتر گەمژەن. وەک خۆم بۆ نموونە.
مارکۆ: لە ڕووی شێوازەوە، ئەم ڕۆمانە چۆن پۆلێن دەکەیت؟
ئێکۆ: پێم گوتیت. ئەمە سەمفۆنیایەکی “ماهلەر” نییە وەک کتێبەکانی ترم، بەڵکو پارچە مۆسیقایەکی “جاز”ە. هەر بۆیەیش تەنیا ٢٠٠ لاپەڕەیە. هیچ ئاوازێکی جاز چوار سەعات ناخایەنێت.
مارکۆ: ئەوە قبووڵ دەکەم، بەڵام جیاواز لە کارەکانی ترت نووسراوە، نەک تەنیا لە ڕووی ئەو وێناکردنەی جازەوە.
ئێکۆ: لێکدانەوەیەکی تر هەیە کە یەکێک لە بڵاوکەرەوە فەڕەنسایییەکانم پێی گوتم. هەرچەندە چێژێکی زۆری پێ بەخشیم. گوتی: “تەمەنت ٨٣ ساڵە و کتێبەکە وەک ئەوە وایە کەسێکی زۆر گەنجتر نووسیبێتی.”
مارکۆ: بڵاوکەرەوەکە گەنجێتی لە کوێدا دەبینێت؟ لە خێرایییەکەدا؟
ئێکۆ: بەڵێ، ئەوە و ڕەنگە لە گاڵتەوگەپەکەدا. نازانم. وەک پێیان گوتم ئا وا دەیگێڕمەوە. ڕەنگە تەنیا لاوازیی پیری بێت، وەک کاتێک لە لێواری مردندایت و بانگی دایکت دەکەیت. ڕەنگە کاتێک پیر دەبیت، سووکتر ببیت نەک قورستر.
مارکۆ: ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت کە شێوازێکی ڕۆژنامەوانیت بە کار هێناوە. ئەمە دەکرێت هەستی خێرایی و گەنجێتی بە نووسینەکە ببەخشێت، وا نییە؟
ئێکۆ: من لاساییکەرەوەم. ئەگەر کتێبێک بنووسم کە لە سەدەی حەڤدەیەمدا ڕوو دەدات، بە شێوازی “بارۆک” دەنووسم. ئەگەر کتێبێک لەسەر نووسینگەی ڕۆژنامەیەک بنووسم، بە زمانی ڕۆژنامەوانی دەنووسم.
مارکۆ: ئایا ئەم لاساییکردنەوەیەت بە بەکارهێنانی پارچە ڕۆژنامەوانییەکانی خۆت دروست کرد؟
ئێکۆ: بەڵێ. لە “ناوی گوڵەباخ”ـدا لاساییی شێوازی مێژوونووسانی سەدەکانی ناوەڕاستم دەکردەوە. هەندێک ڕەخنەگر گوتیان پتر وەک ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانییە چونکە هیچ وێناکردن و جوانییەکی زمانەوانیی تێدا نییە. بەڵام مێژوونووسانی سەدەکانی ناوەڕاست ڕێک ئا وا دەنووسین. “ڕۆدۆلفوس گلابەر” لە دەوروبەری ساڵی ١٠٠٠دا ڕێک بەو شێوازە دەینووسی.
مارکۆ: کەواتە “ژمارە سفر” لاساییکردنەوەی ڕۆژنامەوانیی ساڵانی نەوەدەکانە؟
ئێکۆ: ڕیتم و زمانی ڕۆژنامەم بەکار هێنا، چونکە کارەکتەرەکان ئەوەیان پێویست بوو. کاتێک لەسەر پاڵەوانێکی “بارۆک” دەمنووسی، بە شێوەیەکی خۆڕسک ئەو شێوازەم بە کار هێنا کە لە زانکۆی تۆرین لە لایەن ڕەخنەگر “جیۆڤانی گێتۆ”وە لەسەر نووسەری بارۆک “جی.بی. مارینۆ” خوێندبووم و، وەک بڵێیت لە بەرم کردبوو. من هەمیشە گوتوومە، سەرەتا جیهانەکەت دروست بکە، پاشان زمان بە دوایدا دێت. لە چیرۆکدا دەڵێن: “بابەتەکە بگرە، وشەکان بە دوایدا دێن”. شیعر تەنیا ژانرێکە کە تێیدا “وشەکان بگرە، بابەتەکە بە دوایدا دێت”.
مارکۆ: هەندێک چیرۆکنووس هەن زمان دەخەنە پێش هەموو شتێک، وا نییە؟
ئێکۆ: بەڵێ هەن. ڕاستییەکەی، ئەوان ڕۆمانی خراپ دەنووسن. یان “ناڕۆمان”، وەک “فینیگانز وێیک”ـی جۆیس کە ڕۆمان نییە.
مارکۆ: دەکرێت ڕێککەوتنێک هەبێت. بۆ نموونە “گاددا” چۆنە؟ ئەو بە وشە دەستی پێ دەکرد.
ئێکۆ: دڵنیا نیم کە ڕۆمانێکی ڕاستەقینە وەک “پاستیچیاچیۆ” لە ڕاستیدا بە تەڵەکەبازییەک دەستی پێ نەکردبێت و پاشان وشەکان بە دوایدا نەهاتبێتن. بێ گومان “گاددا” نووسەرێکە کە داهێنانی زمانەوانی لای ئەو گرنگتر بووە وەک لای “تۆڵستۆی”.
مارکۆ: بە بڕوای تۆ داهێنانی زمانەوانی کەمبایەخترە؟
ئێکۆ: ئەوەی من بایەخی پێ دەدەم گێڕانەوەی چیرۆکێک و دروستکردنی جیهانێکە، جیهانێکی گونجاو. ئەمە پەیوەندیی بە گەردوونناسییەوە هەیە.
مارکۆ: ئایا ئەمە لەبەر ئەوەیە کە تۆ فەیلەسووفیت، فەیلەسووفی زمانیت، نیشانەناسیت؟ یان هەمیشە هەر وا بووە؟ ئایا ئەمە شێوازی تۆیە؟
ئێکۆ: من هەرگیز بایەخم بە جوانییە زمانەوانییە زیادەکان نەداوە. هەمیشە ویستوومە زمانەکە لەگەڵ بابەتەکە بگونجێت. زمانی کتێبی “پاشکارەسات” جیاوازە لە زمانی “بەرهەمی کراوە” کە باس لە بابەتگەلێکی زۆر ئاڵۆز و مێشکپڕووکێن دەکات.
مارکۆ: ئاڵۆز و مێشکپڕووکێن؟ مەبەستت بەکارهێنانی جۆرە زمانێکی دیاریکراوە؟
ئێکۆ: زمانێکی تەکنیکیتر کە کەوتبووە ژێر کاریگەریی ئەو بەرهەمە هونەرییانەی سەیرم دەکردن. پێم وایە ئەگەر کەسێک بڕیار بدات شیکاریی زمانی ئەم دوو کتێبە بکات کە نزیکەی لە یەک کاتدا نووسراون، دەبینێت زمانی “بەرهەمی کراوە” گونجاوترە بۆ ئەو بابەتە وەک لە زمانی “پاشکارەسات” کە هەوڵی دەدا لەگەڵ زمانی بەرنامە تەلەفزیۆنییەکاندا بگونجێت.
مارکۆ: تۆ دەڵێیت نووسەرێکی لاساییکەرەوەیت. بەوردی لاساییکەرەوەی چی؟
ئێکۆ: من لاساییکەرەوەم چونکە، بە پێچەوانەی ئەوەی تۆ دەیڵێیت، زمان نەخشێکی زۆر گرنگ لە نووسینەکانمدا دەگێڕێت. من وەک “قۆڕی (حەربا)” وام کە خۆم لەگەڵ زمانی ئەو جیهانەدا دەگونجێنم کە لە کتێبێکی دیاریکراودا دروست کراوە و، زمانم لە هەر کتێبێکدا دەگۆڕێت. زمانی “شاژنە لوانا” زۆر جیاوازە لە زمانی “باودۆلینۆ”. سەرەتا جیهانەکە هەیە، پاشان زمان، بەڵام زمان وەک جۆرە داهێنانێکی لاساییکەرەوە گەشە دەکات. ئەمە چێژێکی زۆرم پێ دەبەخشێت، بەڵام ماندووبوونێکی زۆریشی دەوێت. ڕەخنەگر “ماریا کۆرتی” دەستخۆشیی لە گۆڕینی شێوازی من کرد لە “پەندۆڵی فۆکۆ” بە بەراورد لەگەڵ “ناوی گوڵەباخ”. لە “پەندۆڵی فۆکۆ”دا زمانی لاساییکەرەوەی بڵاوکەرەوەیەکی پلە دووم بە کار هێنا و، زمانی لاساییکەرەوەی کەسێکی نادیارپەرست. تەنانەت زمانی نەبووم لە ڕۆمانەکانی تردا داهێناوە، وەک زمانی “سالڤاتۆرێ” لە “ناوی گوڵەباخ” و، لە “پەندۆڵی فۆکۆ”دا زمانی فەڕەنسایییەک کە بە ئیتاڵییەکی تێکەڵ بە فەڕەنسایی قسە دەکات. لە “دوورگەی ڕۆژی پێشوو”دا قەشە “کاسپار” بە جۆرە زمانێکی نیمچەئەڵمانی قسە دەکات کە زۆر ڕەخنەگری هەژاند.
مارکۆ: کەواتە دەتوانیت بڵێیت ناسنامەی تۆ وەک چیرۆکنووس و وتارنووس لە گۆڕینی شێوازەکاندایە؟
ئێکۆ: لە سروشتی “قۆڕیئاسا (حەربائاسا)”ی زمانەکەمدا بەرجەستە دەبێت.
مارکۆ: لەژێر پەردەی ئەو قۆڕییەدا، چی هەیە؟ ئێکۆی چیرۆکنووس کێیە؟
ئێکۆ: کێ دەزانێت؟
مارکۆ: دەبێت جۆرە بیرۆکەیەکت هەبێت؟
ئێکۆ: نا، نیمە. هەر بۆیەیش دەنووسم تا بیدۆزمەوە.
مارکۆ: ئەمە خۆی بیرۆکەیەکە لەسەر ڕۆڵی نووسەر.
ئێکۆ: پێشتر ئەم چیرۆکەم گەلێک جار گێڕاوەتەوە. “لوێجی پارێیسۆن”، مامۆستایەکم بوو لە زانکۆ، خەریک بوو پتر دەبوو بە کۆنەپارێز. جارێکیان پێی گوتم: “ئێمە هەریەکەمان تەنیا یەک بیرۆکەمان لە ژیاندا هەیە و هەرچی دەیکەین تەنیا گەشەپێدانی ئەو بیرۆکەیەیە.” منیش بە خۆمم گوت: “ئای لەم بیرۆکە دواکەوتووانەیە!” کاتێک پیر بووم، تێ گەیشتم منیش لە ژیانمدا تەنیا یەک بیرۆکەی بنەڕەتیم گەشە پێ داوە. کێشەکە ئەوەیە نازانم ئەو بیرۆکەیە چییە. بۆیە دەنووسم تا بزانم چییە. ئەگەر پێش ئەوەی بکەومە سەر جێگەی مردن بزانم چییە، پێت دەڵێم.
مارکۆ: شتێکی تر کە لە کتێبەکانتدا سەرنجڕاکێشە، شێوازی بەکارهێنانی کات و شوێنە. پێڕستی “ژمارە سفر” ئەو هەستەت دەداتێ کە کات زۆر گرنگە.
ئێکۆ: من لەم ڕۆمانەدا “ئەرستۆیی”ـم. یەکپارچەیی تەواوی کات و شوێن هەیە.
مارکۆ: بەڵام سەرەتاکە پێش ئەم یەکپارچەیییە دەکەوێت. ڕۆمانەکە لە ٦ی حوزەیرانی ١٩٩٢دا دەست پێ دەکات. پاشان ئەوەی تر لە ٦ی نیساندا ڕوو دەدات. ئەم گۆڕانکارییەی کات چۆن دروست بوو؟
ئێکۆ: من ڕۆمانێکم لەسەر ڕووداوەکانی ١٩٩٢ دەنووسی. دیسان ئەو جیهانەی دروستم کردبوو ناچاری کردم چوارچێوەی کاتەکە زۆر توند بگرم. پاشان ڕۆمانەکە باسی مردنی موسۆلینی دەکات بە گوللەباران لە ١٩٤٥دا کە ئەوە ٦٠ ساڵ پێشتر بوو، بەڵام ئەم ٦٠ ساڵە وەک چاوترووکاندنێک لە پاشنیوەڕۆیەکدا بۆ پاڵەوانەکە تێ دەپەڕن. لە چیرۆک و سینەمادا شەیدای “گەڕانەوە بۆ ڕابردوو”م (Flashback).
مارکۆ: بەڵام لەنێوان ڕووداوەکانی ١٩٩٢ و کۆتا سەعاتەکانی ژیانی موسۆلینی لە ١٩٤٥دا هیچ نییە، هیچ پێوەندییەکی کاتی یان بابەتی نییە.
ئێکۆ: بنیادنانەوەی پیاوێکی شێت هەیە.
مارکۆ: ئەمە هێشتا دروستکردنی جیهانێکی گونجاوە، وەک دەڵێیت.
ئێکۆ: دەی چی لەوەدا سەیرە؟ “پرووست” لە ژوورێکی داخراودا بڕوانە چی دەخاتە ناو کتێبەکەیەوە. “دۆن ئیسیدرۆ پارۆدی” لە زینداندا جیهانگەلێکی گونجاو خەیاڵ دەکات کە لەگەڵ جیهانی ڕاستەقینەدا یەک دەگرنەوە. “شێرلۆک هۆڵمز” هەموو شتێک لە ژووری دانیشتنەکەیدا دەکات، تەنیا هەندێک جار نەبێت کە دەچێتە دەرەوە. ئەمە تەکنیکێکی نوێی گێڕانەوە نییە. زۆر باوە.
مارکۆ: وا دیارە بۆ ئەوە بەکارت هێناوە تا ئاوازە جازەکە بە چەند هەڵکەوتێکەوە ببەستیت تا ڕیتمەکە ڕابگریت.
ئێکۆ: من جارجارە جاز دەژەنم لەگەڵ “جیانی کۆشیا” کە ئەو ئۆکۆردیۆن دەژەنێت و منیش فلووت. هەڵکەوت و کاتەکان بۆ یارمەتیدانی خوێنەرن. ئەگەر بنووسم “لە سەردەمی گرووپی ٦٣”دا خوێنەر سەری لێ دەشێوێت. لە “ژمارە سفر”دا ئەوە گونجاو نەبوو. وەک لە “گۆڕستانی پراگ”ـدا فۆنتی جیاوازم بە کار هێنا تا خوێنەر لەناو گەشەکردنە ئاڵۆزەکەی کاتدا ڕێگەی خۆی بدۆزێتەوە.
مارکۆ: کەواتە لە کاتی “گرووپی ٦٣”وە تەکنیکت گۆڕیوە؟
ئێکۆ: نا، چونکە ئەو کاتە ڕۆمانی تاقیکاریم نەدەنووسی. بەڵام ئەگەر ئەو مشتومڕە نەبووایە، ڕەنگە نەمنووسیایە. کاتێک “مانگانێلی” و “سانگوینێتی” وایان دەبینی کە “ناوی گوڵەباخ” خیانەتە لە بنەماکانی گرووپە ئەدەبییەکە، بۆ من ئەوە گەشەکردنێکی سروشتیی ڕێگەیەکی جیاواز بوو بۆ تێگەیشتن لە چیرۆک. لە ساتێکدا، شاعیرێکی پلە دوو کە ئەندامی گرووپەکە بوو، کتێبێکی نووسی بە ناوی “ناچاریی دووبارەکردنەوە” کە تێیدا بۆ ٢٠٠ لاپەڕە تەنیا ژمارەی دووبارە دەکردەوە. ئەمە وەک ئەوە وایە تابلۆیەکی سپی نیشان بدەیت. ئیتر ناتوانیت لەوە زیاتر بکەیت و، دەبێت بگەڕێیتەوە بۆ ئەوەی بە ڕاستی شتێک بکێشیت.
مارکۆ: لە گەشەکردنی ئەو کتێبانەی لە ساڵانی هەشتاکانەوە نووسیوتن، پێت وایە لە ڕووی تەکنیکی گێڕانەوەوە پارێزگاریت لە جۆرە گونجانێک کردووە؟
ئێکۆ: دەتوانم بڵێم بەڵێ. ڕەنگە لەبەر کەمیی خەیاڵ بێت. ئەگەر وا نەبووایە، دەمتوانی جۆرە کتێبی جیاواز بنووسم. سەیری “جۆیس” بکە کە سەرەتا “دوبلینییەکان” دەنووسێت، پاشان “یولیسیس”، پاشان “فینیگانز وێیک”. گەشەکردن هەیە. ئەگەر نەزانیت و یەکەم کتێب و کۆتا کتێب بخوێنیتەوە، هەرگیز بڕوا ناکەیت یەک نووسەر نووسیبێتنی.
مارکۆ: پێشتر گوتت تۆ واقیعگەرای (ڕیالیستیت).
ئێکۆ: ئەوە تەنیا دەربڕینێک بوو. من “ڤێرگا” نیم.
مارکۆ: کەواتە واقیعگەریی خۆت چۆن پێناسە دەکەیت؟
ئێکۆ: بەو ڕاستییەی کە من لەسەر جیهانەکەمان دەنووسم، لەسەر ڕووداوی ڕاستەقینە دەنووسم. لە “پەندۆڵی فۆکۆ” و “ناوی گوڵەباخ”ـدا کاتێک ڕەخنەگران وایان دەزانی “دۆلچینیتەکان” هەمان “لیوا سوورەکان”ـن (گرووپێکی چەکداری ئیتاڵی) …
مارکۆ: ئەی وا نەبوون؟
ئێکۆ: کاتێک دەمنووسی، تێ گەیشتم کە هەندێک شێواز لە مێژوودا دووبارە دەبنەوە. ئەمە جۆری واقیعگەریی منە. من وەک “ڤێرگا” ناڵێم “پادرۆن نتۆنی لووتی پاک دەکاتەوە”، یان وەک نووسەری کۆمیدی “پیتیگریلی” دەیگوت: “ئەگەر خەڵک لووتیان پاک بکەنەوە، پێی دەڵێن واقیعگەری. ئەگەر کراسی سپی لە بەر بکەن و عەتر لێ بدەن، واقیعگەری نییە”. بێ گومان من زیادەڕەوی دەکەم. چەندین جۆر واقیعگەری هەیە. هەندێک نووسەر دەیانەوێت پێت بڵێن ماسیگرە سیسیلییەکان چۆن دەژین و، هەندێکی تریش وا نیشان دەدەن چیرۆکێکی تر دەگێڕنەوە، بەڵام لە ڕاستیدا لەسەر واقیعی تۆ دەنووسن. “مانزۆنی” چیرۆکێکی نووسی کە لە سەدەی حەڤدەیەمدا ڕوو دەدات، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت لەسەر سەردەمی خۆی بوو. ئەوە واقیعگەرییە بە لای منەوە. هیی مانزۆنی نەک هیی ڤێرگا. من هەمیشە ئاماژە بە مانزۆنی دەدەم چونکە ئەو مۆدێلێکی بنەڕەتییە بۆ من. دەمەوێت وەک ئەو چیرۆک بگێڕمەوە. هەر بۆیەیش سێکس لە ڕۆمانەکانمدا زۆر کەمە. وەک ئەو دەیگوت، هێندە سێکس لە دەوروبەرمان زۆرە، پێویست ناکات من لەسەری بنووسم.
مارکۆ: لە “ژمارە سفر”دا هیچ دەستنووسێک نییە، هیچ تەڵەکەبازییەکی تری مانزۆنیئاسا نییە.
ئێکۆ: باشە، ئەگەر تەڵەکەبازیی دەستنووسم بە کار بهێنایە، دەبووم بە لاساییکەرەوەی خۆم. ڕاستییەکەی، بیرۆکەی دەستنووس فێڵێکی زیرەکانەی واقیعگەرییە. نووسەر دەیەوێت لەسەر شتێک قسە بکات کە لە بەردەستدایە، بەڵام وا نیشان دەدات دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو تا بیدۆزێتەوە. ئەگەر حەزت لێ بێت، جۆرێکە لە “واقیعگەریی ناڕاستەوخۆ”.
مارکۆ: ١٩٩٢ بێرلۆسکۆنی هێشتا نەچووبووە ناو سیاسەتەوە.
ئێکۆ: ئەوە زۆر باش بوو، چونکە هەندێک شت پێشتر ڕوویان دابوو، وەک لە کۆتا لاپەڕەی کتێبەکەدا نووسیومە و، ڕوون بوو کە کارەکان بەرەو کوێ دەچن.
مارکۆ: ئایا ئەمە درزێکە لە کاتدا؟
ئێکۆ: نا، ساتێک بوو کە وا دیار بوو شتەکان بە جۆرێکی تر دەبن. هەموو کەس وای دەزانی هەڵمەتی “دەستی پاک” هەموو شتێک دەگۆڕێت. هەموو کەس وای دەزانی گەندەڵی کۆتاییی دێت، بەڵام گەندەڵی تەنیا شێوازی نوێی دۆزییەوە. ١٩٩٢ ساتی گواستنەوە بوو.
مارکۆ: ئایا “گۆڕستانی پراگ”ـیش خاڵی گواستنەوە بوو؟
ئێکۆ: نا، پێم وا نییە. ئەوە چیرۆکێکە لەسەر خولیایەکی ڕەگەزپەرستانە.
مارکۆ: هەست دەکەم ڕۆمانەکانت زۆر جار خاڵەکانی گواستنەوە دیاری دەکەن.
ئێکۆ: ئەگەر تۆ وا دەبینیت، با وا بێت. سەدەی چواردەیەمی “ناوی گوڵەباخ” نوێنەرایەتیی قەیرانی فەلسەفەی سکۆلاستیک و سەرەتای پێشڕێنسانس دەکات. “پەندۆڵی فۆکۆ” نوێنەرایەتیی هیچ گۆڕانکارییەک ناکات. “دوورگەی ڕۆژی پێشوو” ڕەنگە ڕەنگدانەوەی ساتی گواستنەوە بێت کاتێک کوڕەکە دەست دەکات بە خەیاڵکردنی ئەو شتانەی فەیلەسووفەکان ڕەنگە بیانڵێن، بەڵام هێشتا نەیانگوتوون. سەیری ئاسمانی باشوور بکە کە وات لێ دەکات بیر لە “بۆرۆمینی” بکەیتەوە نەک گومەزی “سانتا ماریا دێل فیۆرێ”. ئەوەیش گواستنەوەیەکی مێژوویییە. هیچ لە “باودۆلینۆ”دا نییە. نە گۆڕانکارییەک لە “شاژنە لوانا”دا هەیە چونکە دوو چیرۆک لە بارەی پاڵەوانەکە تێکەڵ دەبن؛ منداڵیەکەی، فاشیزم و بزووتنەوەی بەرگری.
مارکۆ: “پەندۆڵی فۆکۆ” ڕۆمانێکی تێکەڵکەرە. گەلێک شت هەن کە دواتر گەشەت پێ نەداون و، لێرەدایە “ژمارە سفر” دێتە پێشەوە.
ئێکۆ: پێم وایە “پەندۆڵی فۆکۆ” گرنگترین ڕۆمانی منە، هەر هیچ نەبێت بۆ خۆم وایە. ئەوەی ڕاستی بێت، بێژمار شتم خستووەتە ناوی. لە لایەکەوە هەموو جیهانی نادیارپەرستی و لە لایەکی ترەوە کاریگەریی چیرۆکە هەستبزوێنەکان و دووبارە داڕشتنەوەی ئەدەبیاتی کۆن. دەکرا بە گەلێک ئاڕاستەی جیاوازدا گەشە بکات. دوای هەموو ئەمانە، تۆوێک لە “پەندۆڵ”ـەوە لەگەڵ چیرۆکە هەستبزوێنەکان و یەسووعییەکان، بوو بە شتێکی جیاواز لە “گۆڕستانی پراگ”. زۆر شتم گەشە پێ نەداوە کە لە “پەندۆڵ”دا هەبوون، وەک بابەتی وەحیی تڕەمپێتلێدان لە گۆڕستاندا.
مارکۆ: کاتێک “ژمارە سفر”ت نووسی، نەدەترسایت لەوەی زۆر لە هاوچەرخێتی نزیک ببیتەوە؟
ئێکۆ: هەموو کەس وا دەزانێت من ڕۆمانی مێژوویی دەنووسم. تەنانەت وایان دەزانی “پەندۆڵی فۆکۆ” مێژوویییە، چونکە باسی سوارچاکانی پەرستگەی دەکرد. ڕاستییەکەی، ئەوە لە میلان لە ساڵانی شەست و هەشتاکاندا ڕوو دەدات. “شاژنە لوانا” لە سەردەمی ئێستادا ڕوو دەدات لەگەڵ یادەوەرییەکانی سەردەمی فاشیست. بە لای کەمەوە سێ ڕۆمانم لەسەر هاوچەرخێتی نووسیوە، بە “ژمارە سفر”یشەوە. سێ بەرانبەر چوار. ئەگەر لە تەمەنی ١٠٠ ساڵیدا ڕۆمانێک بنووسم، دەبێتە چوار کتێب لە ئێستادا بەرانبەر چوار لە ڕابردوودا.
مارکۆ: چیرۆکێکی ترت لە مێشکدا نییە؟
ئێکۆ: زۆربەی جار شەش یان حەوت ساڵم لەنێوان ڕۆمانێک و یەکێکی تردا دەوێت. کاتێک بووم بە ٩٠ ساڵ وەرە بۆ بینینم. کاتێک “ناوی گوڵەباخ”ـم تەواو کرد، هیچ شتێکی ترم لە مێشکدا نەبوو. پاشان بە خۆمم گوت: “چیی تریش لە یادەوەریمدا نیشتەجێیە؟” ئەو کاتە بوو بیرم لە دیمەنی تڕەمپێتلێدانەکە کردەوە لە “پەندۆڵی فۆکۆ”دا. بەڵام چۆن دەمتوانی بە پەندۆڵێک دەست پێ بکەم و بە تڕەمپێتێک کۆتاییی پێ بهێنم؟ هەشت ساڵم پێ چوو تا چارەسەرەکەم دۆزییەوە.
مارکۆ: چەندت پێ چوو بۆ نووسینی “ژمارە سفر”؟
ئێکۆ: زۆری نەخایاند. ڕۆمانەکانی وەک “گۆڕستانی پراگ” و “دوورگەی ڕۆژی پێشوو” پێویستیان بەوە بوو کە ڕەفە بە ڕەفە کتێب بخوێنمەوە. بۆ ئەم ڕۆمانە هەموو شتێک لە یادەوەریی نزیکمدا بوو و بۆ مردنی موسۆلینییش تەنیا پێویست بوو بچم یادەوەرییەکانی “پارتیزان پێدرۆ” یان ڕاپۆرتی پزیشکیی دادوەری بدۆزمەوە. هەمووی ئامادە بوو. بەگشتی ساڵێکی خایاند.
مارکۆ: ئایا زۆربەی کات خەریکی دووبارە نووسینەوە و دەستکاریکردنیت؟
ئێکۆ: زۆربەی جار بەڵێ، بەڵام ئەمەیان کەمتر. بۆ ڕۆمانەکانی تر کارتۆنێک کاغەزم هەیە.
مارکۆ: بۆچی ئەمەیان دەستکاریی کەمتری ویست؟
ئێکۆ: ڕەنگە چونکە کێشەی شێوازی کەمترم هەبوو و کێشەی کەمتریش لەگەڵ بەکارهێنانی بڕێکی زۆری کەرەستەی مێژوویی. کەمتر شتم بڕی و کەمتر دەستکاریی دەقەکەم کرد. یان ڕەنگە چونکە لە قۆناغێکدا بووم کە ئەو شێوازە گۆرانیئامێزەی پێیم دەنووسی زۆر سروشتی دەهات و وەک خۆی قبووڵم دەکرد. کۆمپیوتەر ئێستا ڕێگەت دەدات هەر بەشێک بە لای کەمەوە دە جار بنووسیتەوە. تەنانەت هەستی پێ ناکەیت کە دەیکەیت. ئەگەر بگەڕێمەوە و سەیری دووبارە نووسینەوەی ڕۆمانەکانی پێشووم بکەم، دەبینم گۆڕانکاریی زۆرم کردووە. بۆ “دوورگەی ڕۆژی پێشوو” گژنێ (تەحەدا)ی خۆمم کرد کە تەنیا ئەو وشە و دەربڕینانە بە کار بهێنم کە لە سەردەمی بارۆکدا هەبوون. ئەوە بوو بە هۆی گەڕانێکی زۆر چونکە دەمدۆزییەوە فڵانە وشە ئەو کاتە بە کار نەهاتووە. پاشان دەچووم “دانیێلۆ بارتۆلی”ـم دەخوێندەوە و دەمدۆزییەوە کە ئەو لە ڕاستیدا وشەکەی بەکار هێناوە. لە کۆکراوەی دەستنووسەکانی “ماریا کۆرتی”ـدا سەدان لاپەڕە لە دەستنووسەکانم هەن کە لیست و لیستە وشە و ناوی گوڵ و شتی تریان تێدایە. نووسینی ڕۆمانێک لە ساڵی ١٩٩٢دا باسێکی ترە. “مینی مۆریس” هەر مینی مۆریسە و “ساب”ـیش هەر سابە.
مارکۆ: ئەو لیستی ئۆتۆمبێلانەی “براگادۆچیۆ” کە دەیویست بیانکڕێت بەڵام هەرگیز نەیکڕین.
ئێکۆ: ئەوە یەکێکە لە فایلەکانی خۆم. کاتێک پێویستم بە کڕینی ئۆتۆمبێلێکی نوێ بوو، بە کارم هێنا.
مارکۆ: کەواتە لێرەیشدا تێبینیی تایبەتیی خۆتت بە کار هێناوە؟
ئێکۆ: توانیم خشتەیەک بدۆزمەوە کە خۆم بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە دروستم کردبوو کە بۆ فرۆشتن بوون و شایەنی بینین بوون. ڕۆمانەکە لە ١٩٩٢دا ڕوو دەدات و، تێبینییەکانی من هیی ساڵی ١٩٩٤ بوون. پێم وا بوو دوو ساڵ نەدەبوو بووبێتە هۆی گۆڕانکاریی زۆر گەورە لە جۆری ئۆتۆمبێلەکاندا.
مارکۆ: ئایا وتارەکانی گۆڤاری “ئێسپریسۆ”ت بەکار هێناوە؟
ئێکۆ: بێ گومان. وتاری تریشم لەسەر ڕۆژنامەوانی بەکار هێناوە. ئەوە مافی خۆمە.
مارکۆ: بەڵێ، وایە. تۆ زۆر جار بە دروستکردن و پاشان تێکدانی ئەو وتارانەی پێشتر نووسیوتن کار دەکەیت. ئایا ئەمە تەکنیکێکی تایبەتە بە تۆ؟
ئێکۆ: بەڵێ، شەیدای دروستکردنی “کۆلاژ” (پارچەلێکدان)ـم.
مارکۆ: تەنانەت کاتێک نووسینەکە ئاڵۆزتریش بێت، وەک لە “پەندۆڵ”ـدا؟
ئێکۆ: حەزی من بۆ کۆلاژ، حەزێکە بۆ ئەوەی وا لە هەندێک کارەکتەر بکەم هەندێک شت بڵێن کە لە ڕاستیدا گوتوویانە. ڕەخنەگرێکی زۆر گەمژە دوای “گۆڕستانی پراگ” گوتی من لە “جیۆزێپێ چێزارێ ئاببا”م کۆپی کردووە. “ئاببا” کارەکتەرێکە لە کتێبەکەمدا و من ئەو وشانەم خستە دەمی کە لە ڕاستیدا لە کتێبی “Da Quarta a Volturno”دا نووسیویەتی. ویستم لە ڕووی مێژوویییەوە ورد بم. لە هەموو ڕۆمانەکانمدا ئەمەم کردووە.
مارکۆ: بە بڕوای تۆ کۆلاژ تەکنیکێکی مۆدێرنە یان پۆستمۆدێرن؟
ئێکۆ: ڕەنگە کەوتبێتمە ژێر کاریگەریی هەردووکیان و هەروەها کاریگەریی “ماکس ئێرنست”. ئەمە لە ئەدەبیاتی مۆدێرندا زۆر باوە.
مارکۆ: لە “ژمارە سفر”دا هونەر و لایەنی بینراوی کارەکانت بەستراوەتەوە بە شوێن و شەقامی دیاریکراوەوە.
ئێکۆ: بەڵێ، من زۆر پیاسەم لە میلانی کۆندا کردووە.
مارکۆ: هیچ تێڕوانینێکی گەورە و شتی هونەریی تێدا نییە.
ئێکۆ: پێ دەچێت کارەکتەرەکان نەیانبووبێت.
مارکۆ: ئەوان تۆزێ خۆڵەمێشین (سادە و بێڕەنگن).
ئێکۆ: ڕاستە.
مارکۆ: بۆچی؟ تەنانەت خودی “براگادۆچیۆ”ی بەدگومانیش، ئەویش کارەکتەرێکی خۆڵەمێشییە.
ئێکۆ: لە بیرمە بەرنامەیەکی تەنزئامێزی تەلەڤزیۆنی هەبوو، لەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پیرانیان دەپرسی کە دەچوونە ناو پەرلەمان تا دەنگ بدەن بۆ سەرۆک کۆمار، دەیانپرسی یەکەم سەرۆک کێ بووە. زۆربەیان دەیانگوت “دی گاسپێری”. ئەم خەڵکە خۆڵەمێشین و، هیچ یادەوەرییەکیان نییە.
مارکۆ: ئەمە نەزانییە یان گەمژەیی؟
ئێکۆ: ئەمە بابەتێکی ترە کە کتێبەکانم باسی دەکەن. تەختکردنی هەموو شتێک لەناو ئێستایەکی یەکڕەهەندیدا، بەبێ هیچ ڕەهەندێک بۆ ڕابردوو. ئەگەر لە بارەی کارەکتەرە مێژووییەکانەوە لە خەڵک بپرسیت، زۆر بە ئاشکرا دیارە. هەر کەسێکی خوار ٣٠ ساڵ ڕەنگە بڵێت هیتلەر لە ساڵی ١٩٧٠دا موسۆلینیی بینیوە.
مارکۆ: بابەتی قوتابییە سەرەڕۆکان هەمیشە لە کتێبەکانتدا هەیە. “کۆڵۆنا” لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا وەک قوتابی دەردەکەوێت. ئەوان هەموو تەمەنیان وەک قوتابی دەمێننەوە.
ئێکۆ: بەڵێ، پێ دەچێت وا بێت. من لەسەر ئەو خەڵکانە دەنووسم کە کتێبیان خوێندووەتەوە.
مارکۆ: ئایا ئەوان قوتابییەکانی پێشووی خۆتن؟
ئێکۆ: نا، ئەوانە هەمووی منم. من نەچووم لە “سوپای بیانی”ـدا شەڕ بکەم، بۆیە لەسەر ئەو شتانە دەنووسم کە بەشێکن لە ڕابردووی من، بەشێوەیەکی بنەڕەتی لەسەر کتێبەکان. لەسەر خەڵکانێک کە لە ژینگەیەکی فەرهەنگیی دیاریکراودا دەژین. من نازانم چۆن مێژووی کرێکارێکی کارگە یان ژیاننامەی سۆزانییەک بنووسم، وەک “دانیێل دیفۆ”. نەمدەتوانی. مادام بۆڤاری هەر من نیم.